لە دەروازەی حزبەوە بەرەو ماڵی نیشتمان

مرۆڤ بە سروشتی خۆی کۆمەڵایەتییە؛ ئەمە ئەو ڕاستییەیە کە زۆرینەی کۆمەڵناسان لەسەری کۆکن. یەکێک لە هۆکار و فاکتەرە سەرەکییەکانی مەحکومبوونی مرۆڤ بەو کۆمەڵایەتیبوونەیشی، بریتییە لە سنوورداری و کەمتواناییی مرۆڤ بۆ دابینکردن و دەستەبەرکردنی پێداویستی و خواستەکانی لە بەرامبەر ئەو هەموو زەروورەتییانەی کە بۆ مانەوەی لە ژیاندا پێویستیی پێیەتی، هەر بۆیە بە درێژاییی مێژوو بۆ ئەوەی بەردەوامیی خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییە دەرەکییەکان لەلایەک و، تێرکردنی پێداویستییەکانی لە لایەکی دیکەوە گرەنتی بکات، خۆی داوەتە پاڵ تاکەکانی تری کۆمەڵبوون، یان کۆمەڵگەکەی (خێزان سەرەتاییترینیانە).

لێرەوە کۆمەڵبوون و، دواتر کۆمەڵگەکان پێکهاتن. گەییشتن بە قۆناغی کۆمەڵگە، بەو مانایە دێت کە ژمارەی تاکەکانی نێو کۆمەڵبوونەکان زیاد بوون، ئەم زۆربوونەیش، بوو بە سەرچاوەی سەرهەڵدانی بیروبۆچوونی وێکنەچوو، هەروەها دەرکەوتنی بەرژەوەندی و ڕوئیای جیا لە یەکدی، لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگەدا. ئەمەیش وای کرد کە ئەمەی دوایی (کۆمەڵگە)، لە ئاستێکی باڵاتردا ئایین، دابونەریت، بەها، نۆرم، یاسا، پێکهاتە و گرووپە کۆمەڵایەتییە جۆربەجۆرەکانی، لە فۆرم و شێوەی جۆراوجۆردا ڕەنگ بکاتەوە و،بەپێی ئاستو شوێنەکان لە زەمەنی جیاجیادا لەقاڵبیان بداتەوە.

کۆمەڵگەکان شێوەیەکی ئاڵۆزی پێکهاتەی کۆمەڵایەتین. جەوهەری سەرەکیی کۆمەڵگە لە تاکەکان پێکهاتووە، کە لە ڕایەڵەیەکی هەرە ئاڵۆزدان و هەر تاک و گرووپێک لە دیدگه‌ی ئەجێندای تایبەتی خۆیەوە بە چالاکییە گشتی و تایبەتەکانیان ئەو تۆڕە بەکاردەهێنن و، لە هەمان کاتیشدا زەمینەسازی بۆ پاراستنی دەکەن.

وێکچوون یان نزیکیی بیروبۆچوونی بەشێک لە تاکەکانی کۆمەڵگە لەسەر پرسێک یا کێشە وئاریشە و بەرژەوەندییەک، فاکتەری سەرەکین بۆ لێکنزیکبوونەوە و هەوڵدان بۆ قاڵبوونەوەی خواستەکانیان لەناو یەکتردا، بەجۆرێک کە وەکیەک دەرکەون، جا بە جیاوازیی زەمەن و سەردەمەکان ئەم گرووپبوونانە،فۆڕم و شێوەکانیان گۆڕاون و دەگۆڕێن.

گرووپە کۆمەڵایەتییەکان

کۆمەڵناسان پێناسەی جۆراوجۆریان بۆ گرووپی کۆمەڵایەتی کردووە، بەڵام تا ڕادەیەکی زۆر هەموویان لەو خاڵەدا هاوڕان کە گرووپە کۆمەڵایەتییەکان لە ژمارەیەک لە تاکەکانی کۆمەڵگە پێکدێن کە لەگەڵ یەکتریدا لە پەیوەندیدان.

کۆمەڵناسێکی وەک "هۆمانز"، پێی وایە گرووپی کۆمەڵایەتی لە ژمارەیەکی کەمی تاکەکان پێکدێت کە ماوەیەکی تا ڕادەیەک درێژ لەگەڵ یەکتری لە پەیوەندیی بەردەوامدان. خاڵێکی گرنگی ئەو پەیوەندی و بەردەوامییەیش، بریتییە لە وێکچوونی بەرژەوەندی، یاخود حەز و ئارەزووی ئەندامانی گرووپەکە.

کەواتە هیچ گرووپێک بوونی نییە، تەنیا ئەو کاتە نەبێت کە ژمارەیەک لە تاکەکانی کۆمەڵگە لە دەوری یەکتری و بۆ ماوەیەکی تاڕادەیەک درێژ کۆ دەبنەوە، لەسەر بنەمای چەند تایبەتمەندییەکی هاوبەش و لەژێر کاریگەریی ئەو هێزەی پێکەوەیان دەبەستێتەوە و جۆرێک تەبایییان لە نێواندا دروستدەکات.

لەگەڵ ئەوەی کە گرووپە کۆمەڵایەتییەکان، چ وەکو چەمک و، چ وەکوو ناوەڕۆک و بابەتێکی گرنگی زانستی کۆمەڵناسی قسە و باسی زۆر هەڵدەگرێت و کۆمەڵناسان زۆر لەبارەیەوە دەدوێن و دابەشی دەکەنە سەر چەندین جۆر، بەڵام ئەوەی ئێمە دەمانەوێت قسەی لەبارەوە بکەین چەمکی حزبی سیاسییە، کە جۆرێکە لە پێکهاتە و بونیادێکی دامەزراوەییی کارا، لەناو ڕایەڵەی کۆمەڵایەتیی سەردەمدا و بەتایبەتی لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا. چونکە، دواجار ئەوە حزبە سیاسییەکانن کە وێڕای لەخۆکۆکردنەوەی ژمارەیەک لە تاکەکانی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی، بیروڕا و ستراتیژی و ڕوئیای نیشتمانی، لە هەمان کاتیشدا بەزۆری هەر لە ڕێگەی حزبەکانیشەوەیە کە هاووڵاتیان چاوەڕوانی هاتنەدیی ئامانجە باڵا نیشتمانییەکانیان دەکەن. هەر لەبەر ئەوەیشە کە، چەندێتیی بانگەشەکردنی حزبەکان و کارکردنیان لەسەر ئاستی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و نەخشاندنیان لە پرۆگرامی حزبدا، فاکتەرێکی پۆزه‌تیڤه‌ بۆ وەسەریەکخستن و کۆکردنەوەی ژمارەیەکی زۆرتری تاکەکانی کۆمەڵگە و ڕەنگکردنیان و بەئەندامکردنیان، ئەوە چجای ئەوەی کە گرەنتییەکی زۆریش بۆ بەردەوامبوون درووست دەکات.

حزبی سیاسی- پەیام و ئامانجی نیشتمانی

سەبارەت بە مێژووی سەرهەڵدانی حزبی سیاسی (بە مانا سەردەمییەکەی)، لەگەڵ ئەوەی کە بیروڕای جیاجیا هەن، بەڵام ئەوە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێ کە بە درێژاییی مێژوو، بەشێکی گردبوونەوە و کۆمەڵبوونی تاکەکانی کۆمەڵگە، بە پاڵنەری وەدیهێنانی خواستگەلێکی گشتی بووە و، لە پێناوەیشدا ملیان لە ملی هەموو ئەو نەیارانەیان ناوە کە لەبەردەم خۆیان بە ڕێگریان زانیون، جا چ کاربەدەستانی باڵا بووبن، یان نەیارە هاوشێوەکانیان لە گرووپ و کۆمەڵەکانی دیکەی کۆمەڵگە.

"مۆریس دیفریچە" لە کتێبەکەیدا "حزبە سیاسییەکان"، پێی وایە کە وشەی "حزب" بەو توێژانەیش دەگوترێت کە لە سەردەمی ڕێنیسانس لە ئیتاڵیادا لە دژی دەسەڵات قسەیان هەبوو؛ بەڵام حزب بە مانا سەردەمییەکەی، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٨٥٠ و، بەدیاریکراوی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

ئەم مێژووە هەرچۆنێک بێت، دەبێت ئەو ڕاستییە لەبەرجاو بگرین کە بە گۆڕانی سەردەمەکان و سروشت و ئاستی پێشکەووتووییی کۆمەڵگەکان، ناو، پەیڕەو و پرۆگرام، ئامانج و میكانیزمی کار و چالاکیی حزبەکان گۆڕاون و دەگۆڕێن. بەڵام خاڵی نەگۆڕ ئەوەیە کە، هەر هیچ نەبێت لەناوەڕاستی سەدەی هەژدەیەمەوە تاکوو ئەمڕۆ، هەمیشە دەستە و گرووپێک (جا لە چوارچێوەی هەر جۆرە ڕێکخستنێکدا بن) لەناو کۆمەڵگەدا هەبوون و هەن، کە هەڵگری بیروڕای جیان لە دەسەڵاتدارانی جومگە سەرەکییەکانی ئیدارەی وڵات و، بانگەشە بۆخۆیان دەکەن. جا، ئەو کاتەی کە خوازیاری گرتنەدەستی دەسەڵات دەبن، خۆیان لە قاڵبی حزب دەدەن و لەژێر ناوێک بانگەشە بۆ بەرنامە و پەیڕەوی خۆیان دەکەن.

بەپێی پێناسەی سەردەمییانەی حزبە سیاسییەکان، هەوڵدان بۆ گەییشتن بە دەسەڵات، ماکێکی سەرەکیی حزبی سیاسییە، بەجۆرێک کە هەر حزبێک بە ئامانجی هێنانەدیی بەرژەوەندی و ئامانجە باڵا نیشتمانییەکانی کۆمەڵگە (لەنێویشیاندا بەرژەوەندیی ئەندامەکانی)، هەوڵی بۆ دەدات و لەو پێناوەیشدا میكانیزم (ئالییه‌ت)ی جۆراوجۆر بەکاردێنێت.

کارێکی قورس و تا ڕادەیەکیش مەحاڵە كه‌ بتوانین لە ناواخن و ستراتیژیی حزبێکی سیاسی تێ بگەین، بەبێ ئاشنایی و خوێندنەوەمان بۆ ئەو ژینگە و بارودۆخە سیاسی-کۆمەڵایەتی- ئابوورییەی کە کۆمەڵگەکەی تێدابووە و وای کردووە ئەو حزبە تێیدا چەکەرە و دواتر گەشە بکات. کەواتە ناسین و زانینی دیرۆکی کۆمەڵگە و ئاستی هۆشیاریی تاکەکانی و چەندێتیی بەهێزی، یان لاوازیی دامەزراوەکانی لەگەڵ یەکدیدا، دەستەبارێکی گرنگە بۆ ناسینی حزبێکی سیاسی و، ئەو ئەجێندا و سراتیژییەی کە هەیبووە و هەیەتی. هاوکات، فاکتەرێکی کارایشە بۆ زانینی ڕوئیا و ئامەنجە نیشتمانییەکانی. هەروەها دەروازەیەکیش دەبێت بۆ زانینی پاڵنەرەکانی پشت ئەو دروستبوونە. هەر لێرەیشەوە کاریگەرییەکانی ئەو حزبە لە بەرامبەر ئامانج و خواستە نەتەوەیییەکانی هاووڵاتیان و ئەندامەکانی، بۆ هەموو لایەک وەدەردەکەون.

هیچ حزبێکی سیاسی لە بۆشاییدا دروست نابێت، بەڵکوو دەبێت پێش هەموو شتێک هۆکارێک و پاڵنەرێکی بابەتی وەکوو بەرژەوەندی، ئامانج یان ئاریشەیەک هەبێت کە وا بکات لە پێناویدا بەشێک لە تاکەکانی کۆمەڵگە لە دەوری یەکدی کۆببنەوە. ئەم پاڵنەر و فاکتەرانەیش بە جیاوازیی کۆمەڵگەکان و بارودۆخیان جیاوازن. بۆیه‌، دەبینین کارنامە و ستراتیژیی حزبەکانیش جیاوازن؛ بەدەگمەن دەبینرێت کارنامەی کاری دوو حزب، تەواو وەکوو یەک بن.

دەکرێت بڵێین کە لە ئێستادا چالاکیی سیاسیی حزبەکان لە وڵاتە ڕۆژاوایییەکاندا لە دوای پارێزگاریکردن لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکانیان، لە کارنامەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، زیاتر کارکردنە بۆ دڵنیاکردنەوەی هاووڵاتیانیان لە باشترکردنی ئاستی خۆشگوزەرانییان لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی ئاستی داهاتیان. واتە، ئەو قۆناغەیان تێپەڕاندوە کە باس لە کارکردن بۆ سەروەربوونی یاسا، یان هێنانەکایەوەی دادپەروەری یاخود دامەزراندنی کەرتی پەروەردە، تەندروستی و کەرتەکانی تر بکەن. ئەمەیش لەبەر ئەوەی کە دوای سەربەخۆییی وڵاتەکانیان، لە قۆناغەکانی پێشتردا کاری جددییان لەو بارانەوە کردووە و، ئەوەی لە ئێستادا دەکرێت تەنیا بەرەوپێشبردنە، نەک بونیادنان (تازەترین نموونەیش لەم بارەیەوە، بانگەشەی هەر دوو حزبی ڕکابەرە، کە لە ئێستادا لە  ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا هەیە).

چالاکیی حزبی لە هەرێمی کوردستاندا

هەرچی ئەو وڵاتانەی کە دەکەونە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و، بەتایبەتی لە شوێنێکی وەکوو هەرێمی کوردستاندا، حزبەکان لەو کارنامەی کە لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا بانگەشەی بۆ دەکەن، وێڕای ئەوەی کە پرۆگرامی کارییان بە هەموو ئەو پێداویستییانەی کە هاووڵاتیان هەیانە ڕەنگ دەکەن و پەیمان دەدەن بۆ دروستکردن و باشکردنی هەموو کەرتە گرنگ و خزمەتگوزارییەکانی کۆمەڵگە، لەگەڵ ئەوەیشدا کارنامەکانیان بە پەیمانی جۆراوجۆری تری وەک بەرزکردنەوەی ئاستی خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیان دەئاخننو، هاوکات قسەیش لەسەر ئامانجی نیشتمانیش دەکەن و زۆر بەگرنگییەوە ڕای دەنوێنن. بەڵام، لەبەر ئەوەی کە ئەم هەرێمە تا ئێستایش سەربەخۆییی سیاسیی خۆی نییە، بۆیە زۆربەی کات حزبی براوەی هەڵبژاردنەکان دوای ڕاگەیاندنی وەک براوەی هەڵبژاردنەکان و، ڕاسپێردرانی بە پێکهێنانی کابینەی حکوومەت، لە یەک کاتدا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک چاوەڕوانیلێکردن دەبێتەوە (کە زۆر جار، دەبێت تەنیا خۆی بیانهێنێتە دی)؛ لە لایەک هێنانەدیی پەیمانەکانی، بە پێشخستنی کەرتە خزمەتگوزارییەکان و باشکردنی ئاستی بژێویی ژیانی هاووڵاتییان، لە لایەکی دیکەوه‌ کارکردن بۆ هێنانەدیی ئامانجی نەتەوەیی و چەندین خواستی تریش. لە بارودۆخێکی ئاوادا و لەبەر سەربەخۆنەبوونی دەڤەرەکە، زۆرێک لە حزبەکانی نەیاری حزبی براوەی هەڵبژاردنەکان، بەجۆرێک لە جۆرەکان لەژێر کاریگەریی هێژموونیی هێزە دەرەکییەکان دەبن و، لە جیاتی پاڵپشتیکردنی حزبی براوە لە هێنانەدیی بەشێک لە ئامانجەکانی (ئەو ئامانجانەی نیشتمانین)، بەپێچەوانەیشەوە دژ، یان هەر هیچ نەبێت، دەبن بە بەربەست لەبەرده‌م کاری حزبی براوە. ئالێرەدا، دەبێت هەڵوەستەیەک بکرێت و پرسیار بکرێت مادامێکی حزب ببێتە بەربەست و، دژی هاتنەدیی ئامانجی نەتەوەیی بێت کە دروستکردنی نیشتمانێکی سەربەخۆیە بە شێوەیەکی یاسایی و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، کەواتە ئایا دەیەوێت ئەندامانی حزبەکەی، تەنیا بۆ خزمەتکردنی خواستی ناوچەیی و حزبی بێت، یان دەیەوێت حزبەکەی دەروازەیەک بێت بۆ ئەوەی دواجار لە ڕێگەی ئەندامەکانییەوە خزمەتی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی پێ بکات؟

لێرەدا، دەکرێت بڵێین کە لەسەر ئەو بنەمایانەی باسکران، خواست لە دروستبوونی هەر حزبێک، گەییشتنە بە دەسەڵات و، دواتر هێنانەدیی ئامانجگەلێکی هەنووکەیی و ستراتیژی و نیشتمانییە و، حزبەکان فاکتەری بەیەکەوەهەڵکردن و بەیه‌کەوەژیان و یەکترقبووڵکردنن، نەک پێچەوانەکەی. بۆیە، پێویستە هۆشیاریی سیاسیی تاکەکانی کۆمەڵگە، بگاتە ئەو ئاستەی کە بزانن بە تێپەڕبوونی زەمەن و هەلومەرجەکان حزبەکانیش دەگۆڕێن، بەڵکوو ئەوەی نەگۆڕە، خاک و نیشتمانە. بۆیە، دەکرێت و پێویستە وا سەیری چالاکی و کاری سیاسی بکرێت، کە دەروازەیەکە بۆ گەییشتن بە خۆشەویستیی نیشتمان، نەک شتێکی تر.