حکوومەت و دامەزراوەکانی؛ ئەرک یان ئیمتیاز؟

پەیوەندیی هەر پۆستێکی حکوومی بە ڕاپەڕاندنی کارەکان و کۆمەڵە پڕۆژە و بەرنامەیەکەوە هەیە، کە پێویستە بەپێی یاسا و شارەزاییی بەڕێوەبەرانی، لە کۆمەڵگەدا بەڕێوەبچێت. دوو بۆچوون سەبارەت بە پۆستی حکوومی هەیە، کە ئاخۆ ئەم شوێنە بۆ بەڕێوبردنی، "ئەرک"ە یان "ئیمتیاز؟"

ئەگەر ئەقڵی زاڵ ئەوە بێت، کە پۆستی حکوومی ئەرکە، ئەوە چەندان لق و پۆ لەو ئەرکە جیا دەبنەوە و پانتاییی کار بۆ ڕاپەڕاندن دەستنیشان دەکرێت، هەر بۆیە بەڕێوەبەران و بەرپرسان هەست بەوە دەکەن، ئەو شوێنەی کە لێی دانیشتوون، کاتییە و دەبێ بە باشترین شێوە کۆمەڵە ئەرکێک بەڕێوە بەرن. لە دۆخێکی وادا، ژنان و پیاوانی دەسەڵات، لە بەرامبەر کارەکانیاندا بەرپرس دەبن، چونکە بەرپرسیاریەتییان پێ سپێردراوە و لە بەرامبەر دامەزراوە، پرۆژە و یاسادا خۆیان بە بەرپرس دەزانن و وەکو ئەرک سەیری کارەکانیان دەکەن. هەروەها لە بەرامبەر هاووڵاتیانیشدا وەڵامدەرن و دەرگەی دامەزراوەکانیشیان بەڕووی ڕاگەیاندندا کراوەیە و بۆچوون و کارەکانیشیان بە ڕێگەی کەرەسەکانی ڕاگەیاندنەوە بە هاووڵاتیان دەگەیەنن.

لەم چەشنە تێگەییشتنەدا، بیروڕای هاووڵاتیان لە کار و کردەوەکانی حکوومەتدا ڕەنگ دەداتەوە و ڕای گشتیی هاووڵاتیانیش دەبێتە بەشێک لە سیاسەت. دەکرێت کۆی ئەمانە بە چەمکی "حکوومەتی هاووڵاتی" یان "حکوومەتی دیموکراتی" ناو ببەین.

بەڵام کاتێک ئەقڵی زۆرینەی ژنان و پیاوانی دەسەڵات ئەوە بێت، کە ئەم شوێن و دامەزراوەیە بە "ئیمتیاز" بزانن، ئەوە دۆخێکی تر و هەلومەرجێکی تر دێنێتە کایەوە. بەپێی ئەم تێڕوانینە، هاووڵاتیان، یاسا، بەرپرسیارەتی و وەڵامدەری دەچنە پەراوێزەوە.

ئەو ئەقڵەی کە دامەزراوە حکوومییەکان و پۆستەکان بە "ئیمتیاز" ببینێت، هەر لە سەرەتادا کۆنترین و باوترین گەندەڵی، (نێپۆتیزم Nepotism خزمخزمێنێ) واتە گەندەڵیی ئیداری، تێیدا پەرە دەگرێت و دەرگه‌یش بەڕووی هاووڵاتیان و ڕاگەیاندندا دادەخرێت. ئەم ئەقڵە قەیرانخوڵقێنە لە بەرامبەر هاووڵاتیاندا لە ڕادەبەدەر کەمتەرخەمە، لە بەڕێوەبردنی کار و پلانەکاندا بەشی زۆری سامانی وڵات بەفیڕۆ دەدات و لە دامەزراندنی کەسەکان بۆ دامەزراوە حکوومییەکان، ڕەچاوی لێهاتوویی و لێوەشاوەیی ناکات و ڕوو لە خزم و کەس و خەڵکی نەشیاو دەکات. ئەم ئەقڵە، کێشەی جددیی لەگەڵ سەروەریی یاسا و بەدامەزراوەکردنی دامودەزگە حکوومییەکاندا هەیە.

کەڵکوەرگرتنی خراپ لە دەسەڵات (بە قازانجی خۆی و نزیکەکانی)، کاکڵی ئەم ئەقڵە قەیراناوییەیە. ئەم مۆدیلە حوکمڕانییە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و لە هەرێمی کوردستانیش بەتایبەتی، لایەنگری زۆرە.

یەکێک لە هۆکار و بەربەستە سەرەکییەکانی بەردەم چاکسازی، ئەو تێڕوانینەیە کە وەکو ئیمتیاز سەیری حکوومەت و دامەزراوەکانی دەکات. بەرپرسنەبوون لە بەرامبەر کارەکان و نەبوونی وەڵامدەری لە بەرامبەر هاووڵاتیاندا، پێناسەی سەرەکیی ئەم چەشنە هزرەیە.