ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی کوردستان لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا

پێشەکی:

ديپلۆماسییەتی هەرێمی کوردستان هەموو دەرگه‌کانی بۆ کراوەتەوە؛ كرانەوەکە لە چەند ئاستێكی باڵادایە و بە چەند ئاراستەیەکە. ئەوەی مەبەستمە لێرە باسی بکەم، گۆشەنیگایەکی ترە لەم کرانەوەیەدا: نزيککردنەوەی کوردستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەم ڕێکخراوە چەندین جار بە ئاراستە و بەهانای هەرێمی کوردستانەوە هاتووە. لە ساڵی ١٩٩١، بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ژمارە ٦٨٨ بوو، کە هەرێمێکی پارێزراوی نێودەوڵەتیی بۆمان دروست کرد. بڕیاری ٩٨٦ بوو، کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا باری ئابووریی هەرێمی باش کرد. دەزگه‌کانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەپێی بارودۆخ، بۆ بووژاندنەوەی مرۆیی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، هه‌وڵه‌كانیان خستۆته‌ گه‌ڕ.

بەڵام ئێمەی کوردستانی، کەمتر بەرەو ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆییشتووین. هۆیەکان زۆرن. هەندێکیان تایبەتە بە خودی شێوەی کارکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە وا دەردەکەوێت، ئەم ڕێکخراوە تەنیا بۆ دەوڵەتەکان بێت. هەروەها هەندێ هۆی تریش هەیە: وەزارەتی دەرەوەمان نییە؛ ئەو دامودەزگه‌یانەی لە بواری ديپلۆماسییەتەوە کار دەکەن، سەرەتایین و ناتوانن لە هەموو ئاستەکانی ديپلۆماسییەتدا کار بکەن. هەروەها لە ئاستی حزبەکاندا هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی هەبووە و هەیە، بەڵام ئه‌مانە دەکەونە چوارچێوەیەکی پاراديپلۆماسی، یان پرۆتۆديپلۆماسی، کە ناگەن بە ئاستی ديپلۆماسییەتێکی تەواو.

ئه‌وه‌ ڕاستە كه‌، ڕۆییشتن بەرەوڕووی نەتەوە یەکگرتووەکان مەرجی پێشوەختە و ميکانیزمی ئالۆزی پێویستە. ئەوەی لێرە مەبەستمە، ڕێگەیەکی ئاسانە بۆ چوونە ناو ئەم ڕێکخراوە جیهانییە. ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی كوردستان، دەتوانن بە جۆرێك لە جۆرەکان، ببن بە ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان. چەندین ڕێکخراوی ناحکوومیی نیشتمانپەروەرمان هەن، کە ڕۆڵێکی کاریگەریان لە ناو کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستاندا هەیە. ئەم ڕێکخراوانە دەتوانن نوێنەری هەندێك لایەنی کۆمەڵایەتی و سیاسیی هەرێمی کوردستان بن لە دەرەوەی وڵات. واتە، ئەم ڕێکخراوانە دەتوانن دەنگی کورستان بە هەموو جیهان بگەیەنن.

 

گرنگیی بابەتەکە:

ئێستا، لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بایەخێکی تەواو بە ڕێکخراوە ناحکوومییەکان دەدرێت. هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە ڕێکخراوی ناحکوومیی تێدا دروست بووە؛ لە پێش و لە دوای ڕاپەرین. لە ڕووی یاسایییەوە، پەرلەمانی کوردستان ویستوویەتی ڕێکی بخات. دوایین یاسایش کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە، بریتییە لە یاسای ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لە هەرێمی کوردستان، ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠١١. لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ڕێکخراوە ناحکوومییە نێودەوڵەتی و ناوخۆیییەکان گرنگییەکی بەرچاویان لە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتیدا هەیە. ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هەوڵێکی زۆردایە بۆ برەودان بە ڕۆڵی ئەم جۆرە ڕێکخراوانە.

ڕێکخراوە ناحکوومییەکان کاریگەرییەکی تەواویان لەناو هەموو کۆمەڵگه‌یەكدا هەیە و، دەستیان بە هەموو لایەنەکانی کاروباری ژیان و دەوڵەت گەییشتووە. یارمەتیدەر و پەرەپێدەری کۆمەڵگه‌ و حکوومەتن. هەندێك کار و چالاکی هەن کە حکوومەتەکان ناتوانن ئەنجامی بدەن، بەڵام ڕێکخراوە ناحکوومییەکان دەتوانن ڕێکی بخەن و بەڕێوەی بەرن. حکوومەتی هەرێم ناتوانێت لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا نوێنەرایەتیی هەبێت، بەڵام ڕێکخراوە ناحکوومییەکان دەتوانن ئەم ڕۆڵە ببينن.

چۆنیەتیی تۆمارکردنی ڕێکخراوەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا

ئاسانکارییەکی زۆر بۆ خۆتۆمارکردن لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا کراوە. ئەم ڕێکخراوە جیهانییە چەندین دەزگه‌ی هەیە. یەکێك لە دەزگه‌کانی بریتییە لە ئەنجوومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی. ئەم ئەنجوومەنەیش چەندین چالاکیی هەیە. یەكێك لەو چالاکییانە بریتییە لە کاری ڕێکخراوە ناحکوومییەکان، كه‌ بە هەماهەنگیی مەکتەبی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کار دەکەن.

تۆمارکردنی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لە ڕێگه‌ی ئینتەرنێتەوە دەکرێت و هیچ تێچوویەکی داراییی نییە. چەند فۆرمێك پڕ دەکرێتەوە. لە ماوەیەکی کەمدا وەڵام دەدرێتەوە، بۆ ئەوەی بزانرێت بەڵگەنامەکان تەواون و ئەو مەرجانەی تێدایە بۆ خۆتۆمارکردن. هەموو بەڵگەنامەکان دەبێت بە زمانی فەرمیی کارکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان بن؛ بە زمانی ئینگليزی یان فەرەنسی. ئەو بەڵگەنامانەی کە پێویستن، بریتین لە: ١. پوختەیەکی لەسەر شێواز و جۆری کارەکانی ڕێکخراوەکە، ٢. پەيڕەوی بنەڕەتیی ڕێکخراوەکە، ٣. بڕوانامەی تۆمارکردنی ڕێکخراوەکە (پێویستە دوو ساڵ بە سەر دامەزراندنی ڕێکخراوەکەدا تێپەڕ بووبێت)، ٤. زانیاریی دارایی و ڕاپۆرتی ساڵانەی داراییی ڕێکخراوەکە و، ٥. چۆنیەتیی ڕێكخستنی دەزگه‌کانی ڕێکخراوەکە.

ئەم بەڵگەنامە و زانیارییانە، دەبێت پێش ڕێكه‌وتی (١/٧/٢٠١٧) بنێردرێن، بۆ ئەوەی لە دوای ئەم ڕێكه‌وتەوە نەتەوە یەکگرتووەکان کاری لەسەر بکات و، بۆ دەزگه‌ باڵاکان بەرز دەکرێتەوە. لە ڕۆژی وردبينکردنی دۆسیەکان لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، دەکرێت چەند نوێنەرێکی ڕێکخراوەکە لە نيویۆرك ئامادە بن بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیار و سەرنجانەی لە لایەن دەزگه‌ پەیوەندیدارەکانەوە دروست دەبن.

مەرجەکانی خۆتۆمارکردن:

وەک چۆن لە ئاستی ناوخۆی هەرێمدا بۆ خۆتۆمارکردنی ڕێکخراوەکان مەرج دانراوە، ئاوایش چەند مەرجێك دانراوە بۆ ئەوەی ڕێکخراوێک ببێت بە ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا. لێرەدا بەکورتی باسی مەرجەکان دەکەین، کە بریتیین لەمانە:

 ١. پێویستە کاری ڕێکخراوە ناحکوومییەکە، بەگشتی لەگەڵ پەیام و بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بگونجێت و، بەتایبەتیش لەگەڵ ئامانجەکانی ئەنجوومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا.

 ٢. دوو ساڵ بە سەر دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە تێپەڕ بووبێت.

 ٣. بارەگایەکی هەبێت.

 ٤. نوێنەری هەبێت.

 ٥. بە شێوەیەکی شەفاف و دیموکراتییانە بەڕێوە بچێت.

 ٦. سەرچاوە دارایییەکەی پێک بێت لە یارمەتی، بەشداریی ئەندامەکانی، یان لە هەر لایەنێکی ترەوە بێت. بەڵام نابێت پارە لە حکوومەت وەرگرێت، یان بەشێك بێت لە دامەزراوەکانی حکوومەت.

 ٧. لێژنەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان کە لە ١٩ دەوڵەت پێک هاتووە، تەماشای داواکارییەکە دەکەن، دوای ئەوە بۆ ئەنجوومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی ڕاسپاردەی دەکەن، کە لە ٥٤ دەوڵەت پێک هاتووە و ئەوان بڕیار دەدەن.

 ٨. لە دوای قبووڵکردنی، پێویستە هەر چوار ساڵ جارێك ڕاپۆرتێك لەسەر کار و پرۆژەکانی ڕێکخراوەکە، بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بنێردرێت.

پۆلينکردنی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان:

سروشتی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان جیاوازه‌. هەر بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەو ڕێکخراوانەی مەبەستیانە ببن بە ئەندام، چەندین ئاستی جیاوازی داناوە. بە شێوەیەکی گشتی، ڕێکخراوەکان لە کاتی تۆمارکردن پۆلين دەکرێن و، دوای تۆمارکردنیش، دەکرێت بەپێی پێویست و چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە، ئاستەکانی بگۆڕدرێت. ئاستەکان بەم شێوەی خوارەوەیە:

یەکەم: پێگەی ڕاوێژکاری گشتی (General Consultative Status)، ئەو ڕێکخراوانە دەگرێتەوە کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کاریگەرییان هەیە. کار و چالاکییەکانیان فرەلایەنن و، لە چەندین شوێنی جیاواز لە جیهاندا، کار دەکەن.

دووەم: پێگەی ڕاوێژکاری تایبەتی(Special Consultative Status) ، ئەو جۆرە ڕێکخراوانە دەگرێتەوە کە چالاکییەکی تایبەتیان هەیە. کەمتر لە ئاستی نێودەوڵەتی دەبينرێن و قەبارەیان بچووکە و تازە دروست بوونە.

سێیەم: ئاستێکی تر پێی دەگوترێت (Roster). ئەو جۆرە ڕێکخراوانە کە لەم ئاستەدا تۆمار دەکرێن، بریتین لە ڕێکخراوە زۆر تایبەتمەندەکان، کە کار و پيشەیان ناچێتە بواری کاری ئەنجوومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە. کارەکانیان زۆر ورد و تەکنیکین. دەکرێت ئەم جۆرە ڕێکخراوانە، لەگەڵ دەزگه‌کانی تری نەتەوە یەکگرتووەکان کار بکەن کە کار و چالاکیی جۆراوجۆریان هەیە.

دەنگی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی کوردستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان

هەڵبەتە، مەبەست لە نووسینی ئەم بابەتە، بۆ بەشداریپێکردنی ڕێکخراوەکانی کوردستانە لە ئاستی نێودەوڵەتی و، گەیاندنی ئەو پەیام و چالاکییانەی خۆیان بۆ هەموو جیهان. لە ئەنجامدا ئامانجی هەرە گرنگ، گەیاندنی گەلی کوردستانە بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە هەر لە کاتی دروستبوونییەوە تا ئێستا "نەتەوە" یەکگرتووەکان زۆر بەکەمی دەنگی كوردی بیستووە. ڕاستە زیاتر لە ٤ هه‌زار ڕێکخراوی ناحکوومی لە سەرانسەری جیهان لەم بەشەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەشدارن. دنیای ئەمڕۆ دنیای لەیەكنزيکبوونەوە و هاریکارییە، نەك دوورەپەرێزی و تاكڕەوی. تا ئێستا تەنیا یەك ڕێکخراوی هەرێمی کوردستان (تایبەت بە ئاوەدانی و ئەندازیاری)، توانیویەتی خۆی تۆمار بکات.

ڕێکخراوەکانی کوردستان، دەبێت زۆر چالاک بن بۆ ئەوەی دەنگیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەرز بێتەوە. ساڵانە چەندین کۆڕ و سمینار و کۆنفرانس و خول لە هەموو دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێتەوە. ڕێکخراوی تۆمارکراو زۆر بەئاسانی دەتوانێت بەشدار بێت و وتەی خۆی ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرانسەری جیهاندا بکات. ڕێکخراوی تۆمارکراو، لە لایەن دەزگه‌ جۆربەجۆرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانه‌وه پرس و ڕاوێژی پێ دەکرێت‌. ئێستا باشترین کاتە بۆ ڕێکخراوەکانی کوردستان، کە لە بواری ئاوارە و مافەکانی مرۆڤدا کار دەکەن. نەتەوە یەکگرتووەکان بایەخێکی زۆر و تایبەت بە لایەنی مرۆڤایەتیی جەنگی مووسڵ دەدات. لە بناغەدا، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکخراوی دەوڵەتەکانە. ئێستا هەوڵ دەدات ڕێکخراوە ناحکوومییەکانیش دەنگی خۆیان بە دەوڵەتەکان بگەيەنن. ڕێکخراوە نیشتمانپەروەرەکان دەتوانن خودی خۆیان پەنا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بەرن. جگە لەو پیشە و کارەی خۆیان، دەتوانن هاواری گه‌لێکی دەنگنەبیستراو، بگەیەننە گەورەترین تەختی شانۆی جیهان.