پێداچوونەوەیەکی کورت لەسەر دۆخی ژیان و ئابووری لە هەرێمی کوردستان

پوختە

لە دوای سەرهەڵدانی ئۆپۆزیسیۆن لە ساڵی ٢٠٠٩وە تا ئەمڕۆ، کەرتی ئابووری و چاکسازی و شەفافییەت لەم کەرتەدا یەکێک لە بابەتە هەرە سەرەکییەکانە لە دیبەیتی ئابووری-سیاسیی هەرێمی کوردستان. لەم بارەوە ئۆپۆزیسیۆن، دەسەڵاتی سیاسی و حزبە سیاسییەکان، هەر کامەیان پرۆژەی جودا و هاوبەشیان هەبووە. لێژنەی چاکسازیی سەرۆکایەتیی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٢، پاکێجی چاکسازیی ئۆپۆزیسیۆن لە ساڵی ٢٠١٣، بانگەشەکانی هەڵبژاردنی ٢٠١٣ و ٢٠١٤ی پارێزگه‌کان و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیێندراوی چاکسازیی کابینەی هەشتەم لە دێسەمبەری ٢٠١٥،  کۆبوونەوەکانی سەرۆکایەتیی هەرێم و حکوومەت لە ٢٠١٦، گشتیان ئەگەر لە لایەک نیشانەی ئێرادە و هەستپیکردنی دەسەڵات و سیستەمی سیاسی بێت بۆ چاکسازی لە کەرتی ئابووریدا، بە دیوەکەی تردا دەرخەری خراپئیدارەکردنی ئەم کەرتەیە. لەم باسەدا هەوڵ دەدرێت تیشک بخرێتە سەر کۆمەڵێک ڕەهەندی ئابووری لە هەرێم و، کاریگەرییان لەسەر دۆخی ژیانی هاووڵاتیان.

حکوومەت و ئابووری لە هەرێـمی کوردستان

لە پرۆپاگەندەی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٤، سەرۆکی کابینە حەوتەم بۆ دووبارە دەستبەکاربوونەوە لە کابینەی هەشتەمدا، بەڵێنی دا کە داهاتی نەوت ڕاستەوخۆ بخرێتە ناو گیرفانی هاووڵاتیانەوە. "کوردستان، دوبەی داهاتوویە"، ببووە دروشمی سەرەکیی بەشێک لە نوخبەی سیاسی و حوکمڕان. خودی دروشمەکان، ئاماژەن بۆ ئەوەی کە سیاسەتی ئابووریی حکوومەت، ئابوورییه‌کی ڕانتی (Rentire economy)یه‌. سەرەڕای ئەمەیش، ئابوورییەکە لەسەر بنەمای دامەزراوەییبوون دانەمەزراوە (ئەگەرچی هەندێ کەرتی بەرهەمهێنەری قەبارە بچووک هەن). لەم جۆرە ئابوورییەدا، حکوومەت دەبێتە سەرچاوەی سەرەکیی داهات و، کەمتر پشت بە باج دەبەستێت و، لە دەرەنجامدا حکوومەت بەسەر کۆمەڵگه‌ و دامەزراوەکاندا باڵادەست دەبێت. لەم دۆخەدا، حکوومەت بە هۆی دابینکردنی گشت پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان و سوبسیدخستنەسەر کاڵاکان، قەبارەی گەورەتر دەبێت (Amin, et al, 2012).

باشترین نموونەی سوبسید لە هەرێمی کوردستاندا، بریتییە لە کەرتی کارەبا. بەپێی بەدواداچوونی پەرلەمانتارێکی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، نرخی یەک کیلۆ وات کارەبا بۆ حکوومەت، ١٦ سەنت دەکەوێت، کەچی حکوومەت هەمان کارەبا بە یەک سەنت بە هاووڵاتیان دەفرۆشێتەوە. بەپێی هەمان بەدواداچوون، كۆی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بریتین لە یەك ملیۆن و 387 هەزار و 957 كەس (سۆفی، ٢٠١٢)، (تێبینی: نیوەی ئەم مووچەخۆرانە سەر بە دامەزراوەکانی سەربازی، پۆلیس، ئاسایش و هەواڵگرین کە لەسەر چینی مووچەخۆری حکوومی هەژمار ناکرێن. واتە کاتێک کە وڵاتێک ئاماری چینی موچەخۆر دەگرێت، چینی مووچەخۆری سەر بە کەرتی سەربازی لەم داتایەدا هەژمار ناکات. لە هەرێمی کوردستان ئەم تێکەڵیyە بوونی هەیە کە چینی مووچەخۆری سەر بە کەرتە ئاماژەپێکراوەکان بە چینی مووچەخۆر هەژمار دەکەن). کێشەی سەرەکیی ئابووریی ڕانتی بریتییە لەوەی کە ئابوورییەکی بەرخۆرە، نەک بەرهەمهێنەر و، هەر جۆرە قەیرانێکی ئابووری، نەک تەنیا کاریگەریی نەرێنی دەخاتە سەر پەیوەندییەکانی بازاڕ، بەڵکوو ئەگەری لێکترازان و نائارامیی کۆمەڵایەتییشی لێ دەکەوێتەوە. نموونەی خۆپێشاندانەکانی خەڵک لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤، ٢٠١٥ و ٢٠١٦ نیشاندەری ئەم ڕاستییەن کە زۆربەی داواکارییەکانی خەڵک بریتین لە داواکاریی ئابووری؛ واتە باشترکردنی گوزەرانی خەڵک.

پاکێچە چاکسازییەکەی حکوومەت کە لە ٢٠١٥ ڕاگەیه‌نرا، نیشاندەری ئەم ڕاستییەن کە قەبارەی حکوومەت زۆر گەورەیە. لە لایەکی ترەوە، هەمان بەرنامە ئەوەی خستە ڕوو، کە بەرنامە چاکسازییەکە زۆرتر جەخت لەسەر بواری دارایی (financial sector) دەکاتەوە لە بری ئەوەی کە بەرنامەیەکی درێژخایەنی چاکسازیی کەرتی سیاسی و ئابووری بێت. لە هەمان کاتدا ئەوەیش دەخاتە ڕوو، کە چۆن حکوومەت دەست لە کاروباری ئابووری و داراییی وڵات وەردەدات. بارقورسیی کەرتی کارەبا لەسەر حکوومەت، تەرکیزی لە ڕاددەبەدەر لەسەر کەرتی نەوتە، کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٧ تا ٢٠١٣، حکوومەت ١٥-٢٠ ملیارد دۆلاری لەم کەرتەدا سەرمایەگوزاریی کرد؛ لە هەمان کاتدا کەرتی کشتوکاڵی پشتگوێ خست و، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٣، حکوومەت تەنیا ٦٧٧ ملیۆن دۆلاری لە کەرتی کشتوکاڵدا سەرمایەگوزاریی کرد، کە ٤٨٪ بۆ کشتوکاڵی و ٥٢٪ بۆ ئاژەڵداری و پەلەوەر بوو (Kurdistan review, 2014)؛ ئه‌مانه‌ نموونەی هەرە سەرەکین لە ناهاوسەنگ ئیدارەکردنی کەرتی ئابووری. ئەم نموونانە نیشان دەدەن کە سیاسەتی حکوومەت لە کەرتی ئابووریدا، چ لە ئابووریی کەرتی تایبەت و، چ لە ئابووریی بازاڕ و ئابووریی حکوومەت-ئاراستەکراو، سیاسەتێکی دەستێوەردەر (governmental-intervention policy) و، لە هەمان کاتدا بێبه‌رنامه‌ بووە.

بە ڕەچاوگرتنی کەشوهەوای سیاسی، کە "خزمخزمانێ" و "واستە" دیاردەی هەرە باوە لە کەرتی کارگێڕی-ئابووریدا و بە ڕەچاوکردنی دەرەنجامەکانی لیژنه‌ی چاکسازیی سەرۆکایەتیی هەرێم کە لە ساڵی ٢٠١٢ ڕاگەیه‌نرا (KRP, 2012)، دەبینین کە لە گشت کەرتە سەرەکییەکانی ئابووری لە هەرێمی کوردستاندا، نوخبەی باڵادەستی سیاسی، هەمان نوخبەی باڵادەستی ئابوورییە و پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان ئەم دوو نوخبەیەدا لە ئارادایە. هەر بۆیەیش بەرنامەکانی چاکسازی، سەرکەتوو نابن؛ چونکە بریتین لە وردە چاکسازی، بەبێ ئامانجگرتنی نوخبەی سیاسی کە کایە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی وڵات بەڕێوە دەبەن. واتە بەبێ ئامانجگرتنی نوخبەی سیاسی، باسکردن لە چاکسازیی دارایی، ئابووری و کارگێڕی، کارێکی ئەستەم و بێدەرنجامە. جیاوازیی چییە کاتێک کە سیستەمی ئابووری، سیستەمی برنامەبۆداڕێژراو بێت، یان حکوومی بێت، یان پشتبەستراو بە بازاڕی ئازاد بێت، کاتێک کە لە هەر سێ شێوەدا نوخبەی سیاسی و تۆڕی پەیوەست بەم نوخبەیە و خاوەن بەرژەوەندییە ئابوورییەکان، لە هەر سێ سیستەمەکەدا سوودمەندی سەرەکی بن؟

بەپێی ڕاپۆرتی (The Kurdistan Region of Iraq: Assessing the Economic and Social Impact of the Syrian conflict and ISIS: 2014) کە لە لایەن بانکی جیهانییەوە لە ساڵی ٢٠١٥ بڵاو کرایه‌وە، ئاماژە بەوە دەکات کە بە هۆی بڕینی بەشە بوودجەی هەرێم و ناسەقامگیریی سیاسی و کەمبوونەوەی سەرمایەگوزاریی ڕاستەوخۆ لە هەرێم، بووژانەوەی کەرتی ئابووری و بەرهەمی ناپوختەی نیشتمانی کە لە ساڵی ٢٠١٣دا ٨٪ بووە، بۆ ٣٪ لە ساڵی ٢٠١٤دا دابەزیوە. بەپێی هەمان ڕاپۆرت، ڕێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی ٢٠١٢، (3.1%) بووە، لە ساڵی ٢٠١٤ بەرەو (8.1%) بەرز بووەتەوە.

لە لایەکی ترەوە، بە بووژانەوەی کەرتی وەربەرهێنان و بیناسازی و نەوت و، سیاسەتی حکوومەت لە بواری ئابووریدا، خواستی هاووڵاتیان بۆ کارکردن لە هەندێ کەرتی حکوومی و کەرتی تایبەت، وەک خاوێنکردنی شار و کرێکاریی بیناکان، ڕووی لە کەمی کرد. ئەویش هه‌م بە هۆی ئەوەی کە لە ڕووی ئابوورییەوە تێچوونی دەستی کاری بیانی لەم کەرتانەدا کەمتر بوو و، هەمیش لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە تێڕوانینێکی وەها لە کۆمەڵگه‌دا پەرەی سەند، کە کارکردن لەم کەرتانەدا پێگەی کۆمەڵایەتیی تاک کەم دەکاتەوە. ئەم هۆکارانە دەرگه‌یان بۆ لێشاوی دەستی کاری بیانی و ئەرزان، کردەوە. مارکس لە كتێبی سەرمایە، بەرگی یەکەم، ئاماژە بەم دیاردەیە دەدات. ئەو لەو بڕوایەدا بوو کە بووژانەوەی ئابووری، نابێتە هۆی هێنانەدیی یەکسانیی زۆرتر (Marx, 1946). ئەگەرچی مەبەستی مارکس کەرتی ئابووریی پیشەسازی و بەرهەمهێنەر بووە و، زۆرێک لە بیرۆکەکانی ئەو بەتایبەتیش بە سەرهەڵدانی دەوڵەتی خۆشگوزەران لە ئەوروپا، خرانە بەر ڕەخنەگرتن، بەڵام بە هەمان شێوە هەروەک مارکس سەبارەت بە ئابووریی ئەوروپا ئاماژەی پێ داوە، لە هەرێمی کوردستانیش بووژانەوەی کەرتی ئابووری (نابەرهەمهێنەر)، نەیتوانی یەکسانیی ئابووری و کۆمەڵایەتی دابین بکات؛ نایەکسانی لە دابەشکردنی مووچە، یەکێکە لە نموونە هەرە بەرچاوەکان.

لێرەوە دەبینین کە چینە خوارووەکانی کۆمەڵگه‌ (خوار نوخبەی سیاسی-ئابووری)، چینی کەمدەرامەت و هەژار و بێبەشن لە دابەشکردنی یەکسانیی داهاتەکان. ژان لابن (١٩٧٨:٨) لەو ئەو پەڕتۆکەی کە لە ساڵی ١٩٧٨دا بڵاوی کردەوە) دەڵێت: "ئەگەر تەنانەت وای دابنێین کە کۆمەڵگه‌ خاوەن داهاتی سنووردارە و، ئەم داهاتەیش بە شێوەیەکی یەکسان لە نێوان گشت تاکەکانی کۆمەڵگه‌دا دابەش کرابێت، ئەم داهات و سامانە بەخێرایی لەناو دەچێت؛ چونکە لە کۆمەڵگه‌ی هەژاردا ئەگەر تاکەکان تەنانەت لە ڕووی ئابوورییشەوە یەکسان بن، توانای سەرمایەگوزاریکردنیان نییە و، دوای ماوەیەک دەچنەوە دۆخی هەژارییه‌وه‌. دەکرێت ئەم بۆچوونە بەسەر کۆمەڵگه‌ی کوردستاندا پیادە بکرێت؛ گومان لەوەدا نییە کە توانای داراییی هەرێمی کوردستان سنووردارە و بەبێ هێزی دراڤی، سەرمایەگوزاری لە کەرتی ئابووریدا ئەنجام نادرێت. هەرێمی کوردستان هەم لە قۆناغی نەوت هەمبەر خۆراک و هەمیش لە قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس تا ساڵی ٢٠١٤، داهاتەکەی لە لایەن بەغداوە دابین دەکرا. ئەم وابەستەبوونه‌یش بە بەغدا، زۆر لێکەوتەی نەرێنیی لێ کەوتەوە. یەکێک لە هەرە لێکەوتە نەرێنییەکان بریتییە لە بەهێزبوونی کەرتی حکوومی، بەتایبەتیش لە بواری دامەزراندن و خانەنشینکردندا.

لە لایەکی ترەوە، هەنگاوەکانی حکوومەت بۆ کردنەوەی دەرگه‌کانی بازاڕی ئازاد لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە بە دەرکردنی یاسای وەبەرهێنان دەستی پێ کرد، کە یاسایەکە خۆی لە خۆیدا نایەکسانیی ئابووری-کۆمەڵایەتی بەرهەم دێنێت. بەپێی ئەم یاسایە، سەرمایەگوزار لە گەلێک باج و ڕسوومات دەبەخشرێت و کۆمەڵێک ئیمتیازات بەدەست دێنێت. هەمان سەرمایەگوزار دەتوانێت داهاتەکەی سەرلەنوێ سەرمایەگوزاری بکاتەوە و، کۆمەڵێک ئیمتیازاتی تر دەستەبەر بکات. بە واتایەکی دیكه‌، بەپێی ئەم یاسایە، نایەکسانیی کۆمەڵایەتی و بۆشاییی چینایەتی بەرفراوانتر دەبێت (بڕوانە یاسای وەبەرهێنان، ساڵی ٢٠٠٦).

لەگەڵ ئەمەیشدا، پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە تەنیا بەرزبوونەوەی داهاتی تاک و خێزان بەس نییە بۆ باشتربوونی گوزەرانی ژیان، بەڵکوو هاوکات پێویستە تێچوونەکانی ژیان (خێزان)یش کەم بکرێتەوە (ژان لابن، ١٩٧٨). لێرەدا مەبەست تێچوونە کەمالیاتییەکان نییە، (واتە بۆ نموونە کڕینی سوراوک، یان جێلی سەر، یان وشککەرەوەیەک، یان سوبخی پێڵاو،....) بەڵکوو تێچوونی پێداویستییە سەره‌کییەکانی ژیانە (بۆ نموونە کەرتی تەندروستی، کە حکوومەت دەیخاتە سەر ئەستۆی خۆی و بەنیشتمانی دەکات وەک ئەوەی کە لە بریتانیا لە ساڵی ١٩٦٧ ڕووی دا و تا ئێستایش بەردەوامە). بەڵام ئایا لە هەرێمی کوردستان ئەم هاوکێشەیە یەکتر دەبڕنەوە؟ یا خود بە بەرزبوونەوەی داهات، نرخی بازاڕ و یەکەی نیشتەجێبوون وەک خۆیان ماونەتەوە؟ (هاوکات لەم هاوکێشەیەدا پێویستە ڕەچاوی ئەو هێزە کارە بکەین کە لە کەرتی ئاوەدانکردنەوەدا کار دەکات: خانوو، ڕێگەوبان، بەنداو و ...)، کە دەکرێت لە وەرزەکانی بەفر و باراندا بێکار بمێنن.

چونکە پێویستە ئاگادار بین، هەروەک مارکس لە پەرتۆکیكتێبی سەرمایە، بەرگی یەکەم، ئاماژە پێ دەدات، ژیانی پیشەسازی [لەگەڵ شارنشینی] دەبێتە هۆی کەمکردنەوە یاخود لەناوبردنی ئەو سیستەمە ئابوورییەی کە تێیدا تاک، هەم خاوەن کارە و هەمیش کرێکارە و، لە بری ئەم سیستەمە، سیستەمی حەقدەست و مووچە (salary and wage) سەر هەڵدەدات. لەم جۆرە سیستەمەدا هەر جۆرە خەلەلێک دەبێتە هۆی هاتنەکایەوەی قەیرانی گەورەی فرەڕەهەند. بۆ نموونە لە هەرێمی کوردستاندا، قەیرانەکانی نێوان ساڵانی ٢٠١٤-٢٠١٦، بووە هۆی باسکردن لەوەی کە وەزارەتی کارەبا بە کەرتی تایبەت بفرۆشرێت؛ بەبێ ئەوەی کە پێناسەی ئەوە بکرێت کە کەرتی تایبەت چییە؛ یا خود بڕیار درا ڕێژەی باج و ڕسوومات زیاد بکرێت، لە کاتێكدا کە ڕێژەی مووچە کەم کرایەوە.

زیاد لەمەیش پشتبەستن بە ئابووریی نابەرهەمهێنەر، دەبێتە هۆی پەرواێزخستنی کەرتەکانی تری ئابووری. بۆ نموونە، لە نێوان ساڵانی ١٩٩٢-٢٠٠٣ دەستی کار لە کەرتی کشتوکاڵ ٣٥٪ی کۆی گشتیی هێزی کاری پێک ده‌هێنا. دوای ساڵی ٢٠٠٣، ئەم ڕێژەیە بەره‌وە کەمی چوو؛ تا لە ساڵی ٢٠١٢ بە ٩٪ گەیشت  (Kurdistan Review, 2014: 156-157). لە ساڵی ٢٠١٤ ئەم ڕێژەیە بۆ ٦.٦٣٪ دابەزی (Ministry of Planning, 2014:39). هۆکارە سەرەكییه‌کانی ئەم کەمبوونەیەیش بریتی بوون لە:

١. بەرزبوونەوەی نرخی دراوی دینار بە بەراورد لەگەڵ دراوی وڵاتانی دراوسێ.

٢. ئەم فاکتەرە، هاوکات بوو لەگه‌ڵ کردنەوەی سنوورەکان لە هەمبەر هاوردەکردنی کاڵای خۆراکی لە هەمان وڵات بە نرخی کەمتر لە تێچوونی ناوخۆیی؛ ئەمەیش بووە هۆی پەککەوتنی کەرتی کشتوکاڵی ناوخۆیی.

٣. گواستنەوەی دەستی کار لە کشتوکاڵ بۆ کەرتی بیناسازی و نەوت و، زیادبوونی ژمارەی موچەخۆران بە هۆی زیادبوونی بوودجەی هەرێم کە لە بەغداوە دابین دەکرا.

٤. هەڵکشانی دامەزراندنی حزبی و "مووچەخۆری بندیوار".

لە ڕووی کۆمەڵایەتی و تەندروستییشەوە، لە "ئادام سمیس"ەوە لە كتێبی سامانی نەتەوەکان (Smith, 2007) بگرە، تا دەگاتە داتاکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، سەلمێنراوە کە بە زیادبوونی داهات، چۆنێتییی  خواردنی خێزانیش باشتر دەبێت؛ خێزان چاودێریی باشتری منداڵەکانی دەکات و، دۆخی تەندروستیی تاکەکانی خێزانیش باشتر دەبێت؛ کەواتە پێچەوانەکەیشی ڕاستە.

کێشەی سەرەکی لە ئابووریی هەرێمدا لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە تەنانەت بووژانەوەی کەرتی نەوت، نەبووە هۆی بووژانەوەی هێزی بەرهەمهێنەر؛ بەڵکوو بەپێچەوانەوە، داهاتی نەوت سەرلەنوێ خەرجی دامودەزگه‌ی بەرین و ناکارامەی بۆرۆکراسی دەکرایەوە بەبێ هیچ بەرهەمهێنانێک. هەر بۆیەیش سەرمایەگوزاری لەو کەرتانەی کە به‌كرده‌وه‌ کەرتی ئابوورییان دەبووژاندەوە، کەم بوو. لە لایەکی ترەوە، تا ئێستایش ئامارێکی ورد لەبەردەست نییە کە ئایا ئەم بەرزبوونەوەی سەرمایەی نەتەوەیی (داهاتی نەوت)، بووە هۆی باشکردنی ژیانی چینە هەرە خوارەوەکانی کۆمەڵگه‌، کە من بە "چینی شاراوە" (hidden class) ناویان دەبەم. ئەم چینە هەژارە، بریتین لەو دەستفرۆشانەی کە لە ڕێگەی عەرەبانە، یان کۆڵ، یان پایسکل کاڵاکانیان دەفرۆشن؛ یاخود ئەو کەسانەی کە لەناو زبڵخانەی دەرەوەی شارەکان بژێوی ژیانیان دابین دەکەن و، لە جیهانی کۆمەڵایەتی دابڕاون؛ یا خود دەرۆزەکەرەکان. گشت ئەمانە، نیشان دەدات کە کەرتی ئابووریی هەرێم بە گشت سێکتەرەکانییەوە، زۆر لاوازە و ئەو سێکتەرانەی کە جۆرێک لە بووژانەوەیان بەخۆوە بینیوە وەک کەرتی نەوت، بیناسازی و گەشتوگوزار (بە هۆی بەرزبوونەوەی داهاتی نەوتەوە، کە لەسەر شەفافبوونیان كێشە هەیە)، تا هەنووکەیش نەبوونەتە سێکتەری بەرهەمهێنەران.

لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، هەژاری مانایەکی تر وەردەگرێت؛ چونکە لەم ڕوانگەیەوە، هەژاری پەیوستە بە پێگەی کۆمەڵایەتی و دووریی و نزیکی لە دەسەڵاتی سیاسی. بێ گومان دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لەژێر هێژموونیی حزبدایە. حزب زۆر جار یارمەتیی داراییی هەندێ لە ئەندامەکانی دەدات، یان دایان دەمەزرێنێت. یاخود زۆرێک لەم حزبانە خاوەن دەزگه‌ی پزیشکیی تایبەت بە خۆیانن کە تێچوونی چارەسەریی ئەندامەکانیان لە ناوەوە، یان دەرەوە لە ئەستۆ دەگرن. ئەم مۆدێلە، هەم ئاماژەیە بۆ دواکەتووییی کەرتی تەندروستی و، هەمیش ئاماژەیە بە نایەکسانی لە دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان، هەمیش دەرخەری باڵادەستیی حزبە بەسەر حکوومەتدا. بێ گومان ئەو کەسەی کە دەستی بەم خزمەتگوزارییە دەگات، یان دەبێ نزیک بێت لە دەسەڵات یا خود دەبێ لە ڕێگەی واسته‌یەکی حزبییەوە دەستی بەم خزمەتگوزارییە بگات. ئەمەیش سەرمایەبەهەدەردانە، چونکە بە پێوەرێکی عاقڵانە بۆ بەرفراوانکردنی سیستەمی تەندروستی، سەرمایگوزاری نەکراوە.

کەرتێکی تر لە ئابووریی هەرێمی کوردستان، کەرتی بیناسازییە. سەبارەت بەم کەرتەیش، پێویستە ئاماژە بە دوو خاڵی گرنگ بکەین: یەکەم، دابینکردنی خانوو و سەرپەنا، بە پێداویستییە هەرە سەرەکییەکانی مرۆڤ هەژمار دەکرێن. دووەم، ئایا گشت تاکەکانی کۆمەڵگه‌ توانیویانە لە سوودەکانی ئەم کەرتە سوودمەند بن، بۆ نموونە چینی شاراوەی کۆمەڵگه‌ و چینی فەرمانبەرانی پلە نزم، کە دوو چینی هەر سەرەکین؟ ڕێژەی (٧٩٪)ی خەڵک لە هەرێم، خاوەن خانووی تایبەتی خۆیانن. ئەم ڕێژەیە لە شارەکان (٧٧٪) و لە گوندەکان (٨٩٪)ە. بەڵام بۆ نموونە، لە ساڵی ٢٠١١ ڕێژەی (٢٩٪)ی خێزانەکان، چوار، یان پێنج منداڵیان لەخۆ دەگرت و، ڕێژەی (٦١٪)، شەش منداڵ بەرەو سەرەوەیان لەخۆ دەگرت (Minister of Planning, 2013:26). واتە مەرج نییە یەک خێزان لە یەک خانوودا بژیت. لەگەڵ ئەمەیشدا مەرج نییە ئەم کەرتە درێژخایەن بێت و، دەکرێت پێداویستییەکانی بازاڕ لەم کەرتەدا سنووردا بێت و بەرەو کەمی بڕوات و ئەو کەسانەی کە لەم کەرتەدا کار دەکەن، بەتایبەتیش کرێکاران، بێکار بمێننەوە. ئەم حاڵەتەیش دووبارە مەترسی لەسەر پەیوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان دروست دەکات و، دەبێتە هۆی دووبارە بێبەشبوونەوەی توێژێکی بەرفراوانی کۆمەڵگه‌ لە بەدەستهێنانی داهات.

دەرەنجام

داتا و شیکردنەوەی سەرەوە، دەردەخات کە سیستەمی ئابووری لە هەرێمی کوردستاندا لەسەر بنەمایەکی دروست دانەمەزراوە. ئابووریی هەرێمی کوردستان، پشت بە نرخی نەوت لە بازاڕی جیهاندا دەبەستێت؛ واتە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی هەرێمە. ئەم جۆرە ئابوورییه‌ ئەگەر بەوردی بەدامەزراوەیی نەکرێت، نایەکسانی و کەلێنی کۆمەڵایەتی بەرهەم دێنێت. هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لە کەرتی دارایی و نرخی نەوتدا، ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دروست دەکات؛ چونکە هیچ یەک لە چالاکییە ئابوورییەکان لە هەرێمی کوردستاندا، نەبوونە هۆی زیادبوونی بوودجە و پاشکەوت و سەرمایەگوزاری لە کەرتی ئابووریی وەبەرهێنەر، کە دەبێتە هۆی هێنانەدیی گەشەسەندن.