تیۆریی مافی جیابوونەوەی چارەساز لە یاسای نێودەوڵەتیدا

بەرایی:

یاسای نێودەوڵەتی، گرنگییەکی تایبەتیی بە پاراستنی یەکپارچەییی خاکی دەوڵەتان داوە و، لە بەندی ٢/بڕگەی ٤ی چارتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا جەختی لەسەر کردووەتەوە. لە هەمان کاتدا، یاسای نێودەوڵەتی لە چەندین دیکۆمێنتی خۆی و، لەوانەیش بەندی ١/بڕگەی ٢ لە چارتی ئاماژەپێکراو وەک یەکێک لە ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، باس لە گەشەپێدانی پەیوەندیی دۆستانە لە نێوان نەتەوەکان لەسەر بنەمای مافەکانی خەڵک و، مافی ئەوان بۆ موماره‌سەکردنی "مافی بڕیاردانی چاره‌نووس" (مافی چاره‌ی خۆنووسین) دەکات. واتە لێرەدا، جۆرێک لە ناکۆکی لە نێوان پرەنسیپی مافی بڕیاردانی چاره‌نووس و مافی پاراستنی یەکپارچەییی خاکی دەوڵەتان سەر هەڵدەدات.

پاش هەندێ ڕووداوی وەک جیابوونەوەی ئابخازیا و ئۆستیا لە جۆرجیا، جیابوونەوەی کۆسۆڤۆ لە سربیا، داواکاریی جیابوونەوەی کوردستانی باشوور لە عێراق و که‌ته‌لۆنیا لە ئیسپانیا و... ئەم پرسیارە هاتە ئاراوە، کە ئایا واتای کلاسیکی مافی بڕیاردانی چاره‌نووس کە تەنیا بۆ گەلانی ژێردەستەی کۆلۆنیالیزم و ژێرداگیرکاری بوو، هەر وەکوو خۆی ماوەتەوە یا خود گۆڕانی بەسەردا هاتووە و بواری دیکەیش لەخۆ دەگرێ؟ لێرەدا، یاسازانانی یاسای نێودەوڵەتی بۆ ڕێزگرتن لەم دوو پرەنسیپە چەسپاوە، تیۆرییەکی نوێیان هێنایە بەرباس بە ناوی "تیۆریی مافی جیابوونەوەی چارەساز"؛ بۆ ئەوەی بتوانن جۆرێک لە سازان و هاوسەنگی لە نێوان ئەم دوو پرەنسیپە گرنگەدا دروست بکەن.

واتا و بنەمای یاساییی تیۆریی مافی جیابوونەوەی چارەساز (Remedial Secession)

ئەمڕۆ ژمارەیەکی بەرچاو لە یاسازانانی یاسای نێوەدوڵەتی، پاڵپشتیی تیۆریی جیابوونەوەی چارەساز دەکەن، وەک دوا تیری کەوان بۆ سەربەخۆییی ئەو نەتەوە و کەمینانەی، کە نەیانتوانیوە لە چوارچێوەی مومارەسەکردنی مافی بڕیاردانی چاره‌نووس لە سەردەمی کۆلۆنیالیزمدا بگەنە سەربەخۆیی. لە ڕاستیدا ئەم تیۆرییە شێوازێکی دەگمەن و ڕیزپەڕە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی. بەپێی ئەم تیۆرییە، ئەگەر حکوومەتی وڵاتێک، نکۆڵیی لە مافی بوونی فیزیکی، یان مافە بنچینەیییەکانی گرووپە کەمینە نەتەوەیی، ئیتنی، یان زمانییەکان کرد و، لە بەشداریکردنی کاریگەر لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتدا بێبەشی کردن و، بە شێوەیەکی سیسته‌ماتیک جیاکاریی دژ بەوان پەیڕەو کرد، ئەوا لەو کاتەدا، مافی جیابوونەوە لەو وڵاتە و دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ ئەو گرووپانە دەستەبەر دەبێت کە لەژێر ستەمدان. 

بەشێکی زۆری یاسازانانی یاسای نێودەوڵەتی لەو باوەڕەدان، کە یاسای نێودەوڵەتی دەربارەی جیابوونەوەی یەکلایەنە هیچ ڕێسایەکی نییە و، ئەگەر سەرزەویی جیابووەوە بتوانێ بوونێکی کاریگەری هەبێ، ئەوا دەبێ دروستبوونی ئەم دەوڵەتە نوێیە بەڕەوا بزانین. لە بەرامبەردا، گرووپێکی کەمیش هەن، کە جیابوونەوەی یەکلایەنە لە سیستەمی یاسای نێودەوڵەتیدا بەناڕەوا دەزانن. لەم نێوانەیشدا گرووپێکی لایەنگرانی مافی مرۆڤ، تیۆریی "مافی جیابوونەوەی چارەساز" دەخەنە ڕوو. بەم پێیە گەرچی یاسای نێودەوڵەتی، پاڵپشتیی لە پرەنسیپی یەکپارچەییی خاکی دەوڵەتان دەکات، بەڵام بەپێی هەلومەرجێکی تایبەت، ئیدی ئەو دەوڵەتە ناتوانێ پشت بەم پرەنسیپە ببەستێ، بەڵکوو ئیدی پرەنسیپی مافی بڕیاردانی چاره‌نووسی گەل لەپێشتر دەبێت. لایەنگرانی ئەم تیۆرییە بە پشتبەستن بە ڕاڤەکردنی پەرەگرافی ٧ لە پرەنسیپی ٥ لە بڕیاری ٢٦٢٥ی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووکان، لەو باوەڕەدان كه‌ ئەگەر لەناو دەوڵەتێکدا، نکۆڵی لە مافی بڕیاردانی چاره‌نووسی ناوخۆییی گەلێک بکرێت و، لە پاڵ ئەوەیشدا جیاکاری و پێشێلکاریی بەردەوام و بەرفراوانی مافە بنچینەیییەکانی مرۆڤ دژ بەوان پەیڕەو بکرێ، ئەوا وەک دوا چارەسەر، ئەو گەلە مافی جیابوونەوەی هەیە.

پەرەگرافی ٧ لە پرەنسیپی ٥ لە بڕیاری ٢٦٢٥ی ساڵی ١٩٧٠ دەربارەی "پرەنسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتی لەمەڕ پەیوەندیی دۆستانەی نێوان دەوڵەتان" دەڵێت: "هیچ کام لە پەرەگرافەکانی سەرەوە هاندەری جیابوونەوە، یان خەوشدارکردنی لاوەکی، یان گشتیی یەکپارچەییی خاک، یان یەکگرتووییی سیاسیی دەوڵەتە فەرمانڕەوا و سەربەخۆکان نین، کە نوێنەرایەتیی هەموو خەڵکی ئەو سەرزەوییە دەکەن کە لە ئەستۆیانە بەبێ جیاکاری لە ڕووی ڕەگەز، باوەڕ یان ڕەنگی پێست و، دەلالەتێکی لەم جۆرەیشی نییە".

ئەم پەرەگرافە، بە جۆرێک لە جۆرەکان سازشی لە نێوان بۆچوونی دژبەیەکی دەوڵەتانی ناو کۆمیتەی یاسای نێودەوڵەتیدا دروست کردووە و، بە شێوەیەکی لاوەکی جەختی لەسەر مافی جیابوونەوەی مەرجدار کردووە و، ئەم بابەتەی بە ڕەواییی هەڵسوکەوتی ناوخۆییی دەوڵەتانەوە گرێ داوە. ئەمەیش بەکردەوە بەو واتایە دێت، کە ڕەواییی هەر جۆرە هەوڵێک بۆ جیابوونەوە لە لایەن خەڵکەوە، بە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی دەوڵەتان بەستراوەتەوە. ئەم مەرجە وەک پێوەرێک بۆ ڕاڤەکردنی تیۆریی مافی جیابوونەوەی چارەساز دادەنرێ.

 لایەنگرانی مافی جیابوونەوەی مەرجدار، ئەم مەرجە بە جۆرێک لە هاوسەنگی لە نێوان هەر دوو پرەنسیپی مافی بڕیاردانی چاره‌نووس و یەکپارچەییی خاکی دەوڵەتاندا دەزانن. واتە تا ئەو کاتەی کە دەوڵەتێک، جیاکاریی دژبە گرووپێکی نەتەوەیی، یان ئیتنی پەیڕەو ناکات، یان بە شێوەیەکی بەردەوام و سیسته‌ماتیک مافەکانیان پێشێل نەکات، ئەو گرووپە مافی جیابوونەوە و بەکارهێنانی مافی بڕیاردانی چاره‌نووسی دەرەکی (واتە دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ)ی نییە، بەڵکوو تەنیا مافی بڕیاردانی چاره‌نووسی ناوخۆیی (واتە هەبوونی دەوڵەتێکی دیموکراتی)ی هەیە. واتای پێچەوانەی ئەم چەمکە ئەوەیە، کە ئەگەر دەوڵەتێک نوێنەری ڕاستەقینەی هەموو خەڵکی وڵاتەکەی نەبوو و، سیاسەتێکی جیاکارانەی گرتە بەر و، بە شێوەیەکی گشتی بەشێک لە هاووڵاتیانی خۆی لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتدا بێبەش کرد، ئەوا ئەو خەڵکە مافی بڕیاردانی چاره‌نووسی دەرەکیی دەبێ و، دەتوانێ دەوڵەتی سەربەرخۆ ڕابگەیەنێت.

لە کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ، کە لە ساڵی ١٩٩٣ لە ڤیەننا بەسترا، جەخت لەسەر ناوەڕۆکی گشتیی پەرەگرافی ٧ لە بڕیاری ٢٦٢٥ کراوەتەوە و، لە بری "کرداری جیاکاری لەسەر بنەمای ڕەگەز، باوەڕ، یان پێست"، وشەی "هەر جۆرە کردارێکی جیاکارانە" بەکار هاتووە.

لە بڕیارەکانی ژمارە ١٥١٤ و ٢٦٢٥ کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووکان و دیکۆمینتەکانی دیکە، ڕێزگرتن لە یەکپارچەییی خاکی وڵاتان مەرجدار کراوە. واتای پێچەوانەی ئەمەیش ئەوەیە، کە ڕێزگرتن لە یەکپارچەییی وڵاتێک، دەبێ دوو مەرجی تێدا بێت: ئەو دەوڵەتە نوێنەرایەتیی هەموو خەڵکی دانیشتووی وڵاتەکەی بکات و، جیاکاریی لە نێوان گرووپە جۆراوجۆرەکانی دانیشتووی ئەو وڵاتەدا نەکات. واتە ئەگەر دەوڵەتێک، دەرفەتی بەشداریی سیاسیی بە کەمینەکان نەدا، یان بە شێوەیەکی جیاکارانە هەڵسوکەوتی لەگەڵدا کردن، ئەوا کەمینەی زیاندیتوو ئیدی هیچ بەڵێن و پابه‌ندییەکی نییە، کە ڕێز لە یەکپارچەییی خاکی ئەو وڵاتە بگرێت.

تیۆریی مافی جیابوونەوەی چارەساز لە بۆچوونی یاسازاناندا

دەتوانین ڕەگوڕیشەی ئەم تیۆرییە، لە بیر و بۆچوونی هەندێ لە یاسازانانی سەردەمی سەرهەڵدانی یاسای نێودەوڵەتیدا بدۆزینەوە. "هۆگۆ گروسیۆس" کە بە باوکی یاسای نێودەوڵەتیی دادەنرێ، لەژێر هەلومەرجێکی دژواردا، دانی بە مافی گرووپی کەمینەدا ناوە بۆ جیابوونەوە. ئەو لەو باوەڕەدا بوو کە بەشێک لە خەڵکی سەرزەوی، یان دەوڵەتێک، ناتوانن بە شێوەی یەکلایەنە جیا ببنەوە، مەگەر هۆکارێکی وا هەبێت کە ئەوان نەتوانن بە شێوازی دیکە گیانی خۆیان ڕزگار بکەن. "ڤاتێڵ" لەوەیش زیاتر دەڕوات و، ئاماژە بە مافی بەرەنگاربوونەوەی ستەم دەکات. ئەو لەو باوەڕەدایە، کە مافی بەرەنگاربوونەوەی ستەم تەنیا کاتێک ڕەوایە، کە هەڵەی ئاشکرا هەبێ؛ بۆ وێنە کاتێک کە دەسەڵاتدار، بەبێ هۆ، ڕەفتارێک بۆ لەناوبردن، یان بێبەشکردنی خەڵک لە کاروباری بنەڕەتیدا بگرێتە بەر.

"لی بووچهیت"، بە یەکەمینی ئەو یاسازانانە دادەنرێ کە تیۆریی جیابوونەوەی چارەسازی ڕاڤە کردووە. ناوبراو لە کتێبەکەیدا بە ناوی "جیابوونەوە: ڕەواییی بڕیاردانی چاره‌نووس" ئەم زاراوەیەی بەکار هێناوە. ئەو دەڵێ: "یاسای نێودەوڵەتی، کۆمەڵێک لە قەرەبووی پەسند کردووە کە لە پاراستنی مافەکانی تاک و مافی کەمینەکانەوە دەست پێ دەکات و، وەکوو دوا ئاست بە جیابوونەوە کۆتایی دێت. لە خاڵێکی تایبەتدا، توندوتیژیی هەڵسوکەوتی دەوڵەتێک لەگەڵ کەمینەکان، دەبێتە پرسێکی نێودەوڵەتی. ئەم نیگەرانییە لەوانەیە بە ویستی نێودەوڵەتی بۆ گەرەنتیکردنی مافی کەمینەکان، یان پێشنیارەکانی ئۆتۆنۆمیی ناوچەیی، سەربەخۆییی ئابووری و ئەوانی تر بڕەوێتەوە، یان لەوانەیشە لە کۆتاییدا ڕەواییی نێودەوڵەتیی مافی جوداخوازەکان بۆ بڕیاردانی چاره‌نووس لەخۆ بگرێت." بەم جۆرە بووچهیت مافی جیابوونەوەی یەکلایەنە، وەک دوا چارەسەر دەزانێ.

هاوکات لەگەڵ بووچهیت، زانایەکی دیکە بە ناوی "ئیسووکە سوزۆکی" بۆچوونێکی لەو جۆرە دەخاتە ڕوو و، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەبەرچاونەگرتنی بنەماکانی مافی مرۆڤ وەک پێوەرێک بۆ پەسندکردنی جیابوونەوە لە قەڵەم دەدات.

"ئانتۆنیۆ کاسێسە"، دەربارەی جیابوونەوەی چارەساز، وێڕای ئەوەی کە دەڵێ: بڕیاری ٢٦٢٥ی نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ مافی جیابوونەوە بەڕەوا دەزانێ، بەڵام ئەم بابەتە، دەبێ بە شێوەیەکی بەرتەسک ڕاڤە بکرێت. کەواتە دەکرێ پیشنیاری ئەوە بکەین، کە لە هەلومەرجێکی وەهادا پاساوی بۆ بهێنینەوە: کاتێک کە بەرپرسانی ناوەندیی دەوڵەتێکی دەسەڵاتدار، بە شێوەیەکی بەردەوام مافی بەشداریکردن بە گرووپێکی ڕەگەزی، یان ئایینی نادەن و، بە شێویەکی توندوتیژ و ڕێکخراو مافە بنچینەیییەکانیان پێشێل دەکەن و، نکۆڵی لە دەرفەتی گەیشتن بە ڕێگه‌چارەیەکی ئاشتییانە لە چوارچێوەی پێکهاتەی دەوڵەتدا دەکەن. بەم جۆرە، نکۆڵیکردن لە مافی نوێنەرایەتی، بە تەنیایی ناتوانێ ببێتە هۆی مافی جیابوونەوە، بەڵکوو دەبێ فاکتەرەکانی دیکەیش پاڵپشتیی بکەن.

"شاختر"یش گەڵاڵەیەکی هاوشێوە دەخاتە ڕوو و پێشنیار دەکات: "ئا) تاکەکانی سەر بە کۆمەڵگه‌ی جوداخواز، دەبێ خاوەن ناسنامه‌یه‌کی جیاواز لە دانیشتووانی دیکەی کۆمەڵگه‌ بن و نیشتەجێی ناوچەیەک بن کە زۆرینەیان پشتگیریی جیابوونەوە دەکەن. ب) ئەندامانی ئەو کۆمەڵگه‌یە، دەبێ لە بەردەم جیاکارییەکی سیسته‌ماتیکی سیاسی، یان ئابووریدا بن. ج) حکوومەتی ناوەندی، پێشنیاری گونجاو و بەجێی بۆ ئۆتۆنۆمی و پاراستنی مافی کەمینەکانی ئەو کۆمەڵگه‌یە ڕەت کردبێتەوە."

"کریستیەن تۆمۆشات" ئەم دۆخە بەم جۆرە پێناسە دەکات: "لە سەردەمێکدا کە ئیدی تاک، بابەتی ناكارای یاسای نێودەوڵەتی نییە، دەبێ ڕێگه‌ بدەین تاکەکانی ئەو کۆمەڵگه‌یەی کە جیاکاریی پێکهاتەییی تێدایە و، گیانی مرۆڤەکانی بەجددی لە بەردەم مەترسیدایە، وەک دوا چارەسەر جیا ببنەوە."

بنەمای ئارگێۆمێنتی ئەم یاسازانە نێودەوڵەتییانە بۆ مافی جیابوونەوەی چارەساز، ڕاڤەکردنی واتای پێچەوانەی مەرجی خۆپارێزی (Safeguard Clause)ە، کە لە پەرەگرافی ٧ پرەنسیپی ٥ بڕیاری ٢٦٢٥ی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە و، لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ کە لە ساڵی ١٩٩٣ لە ڤیەننا بەسترا، دووپات بووەتەوە.

بە سەرنجدان بەوەی کە گوترا، دەگەینە ئەو ئەنجامە، کە لایەنگرانی مافی جیابوونەوەی چارەساز لەو باوەڕەدان، ئەو دەوڵەتانەی کە لە چوارچێوەی یەکسانیی مافەکان و مافی بڕیاردانی چاره‌نووسی خەڵکدا ناجووڵێنەوە و، حکوومەتەکانیان ناتوانن نوێنەرایەتیی هەموو خەڵکی وڵاتەکە بکەن و، شێوازی جیاکارانە دەگرنە بەر، ئەوا پارێزگاری لە پاراستنی یەکپارچەییی خاکەکەیان ناکرێت.   

مافی جیابوونەوەی چارەساز لە بڕیاری دادگه‌کاندا

ئا) بڕیاری دادگه‌ی باڵای کەنەدا دەربارەی جیابوونەوەی کێبک:

لە دەیەی ١٩٦٠ تاکوو ئێستا، بزاڤێکی جوداخواز لە هەرێمی "کێبک"ی کەنەدا سەری هەڵداوە. هەتا ئێستا دوو جار لە ساڵی ١٩٨٠ و ساڵی ١٩٩٥ لەم هەرێمەدا، ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆبوون لە کەنەدا ئەنجام دراوە، کە هەر دوو جار تووشی شکست بووە. هەر بۆیە دەوڵەتی فیدراڵی کەنەدا لە ٣٠/٩/١٩٩٦ داوای لە دادگه‌ی باڵای فیدراڵی کەنەدا کرد، کە وەڵامی ئەم سێ پرسیارەی بداتەوە:

١- ئایا بەپێی دەستووری کەنەدا، پەرلەمان یان حکوومەتی هەرێمی کێبک، دەتوانێ بە شێوەی یەکلایەنە بڕیاری جیابوونەوە لە وڵاتی کەنەدا بدات؟

٢- ئایا یاسای نێودەوڵەتی، ڕێگه‌ بە پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کێبک دەدات بە شێوەی یەکلایەنە لە دەوڵەتی کەنەدا جیا ببێتەوە؟ ئایا لەم بارەیەوە بەپێی ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتی، پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کێبک مافی بڕیاردانی چاره‌نووسیان بۆ جیابوونەوەی یەکلایەنە لە کەنەدا هەیە؟

٣- لە حاڵەتی ناکۆکی لە نێوان یاسای ناوخۆیی و یاسای نێودەوڵەتیدا، لەمەڕ بوون، یان نەبوونی مافی جیابوونەوەی یەکلایەنە لە کەنەدا، دەبێ هەڵوێستی کامیان بەپەسند بزانین؟

لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا، دادگه‌ ئاماژەی بەو ڕاستییە کردووە کە لە دەستووری کەنەدا، هیچ دەقێک نییە کە مافی جیابوونەوەی بە هەرێمەکان دابێ و، دەستووری ئێستا، نە ڕێگه‌ی بە جیابوونەوەی یەکلایەنە داوە لە کەنەدا و، نە قەدەغەی کردووە. دادگه‌ لەو باوەڕەدایە، کە دیموکراسی وا دەخوازێ، ڕێز لە ویستی ئاشکرای خەڵکی کێبک بگیرێت و، ئەم ویستەیش ئەو دەسەڵاتە بە حکوومەتی کێبک دەبەخشێ، کە پێشنیاری ئەوە بە دەوڵەتی فیدراڵ و هەرێمەکانی تر بکات، هەتا گفتوگۆ لەسەر هەموارکردنەوەی دەستوور بکەن، بەو مەرجەی کە زۆرینەیەکی ڕوون لە خەڵکی کێبک خوازیاری جیابوونەوە بن لە کەنەدا.

لە وەڵامی پرسیاری دووەمدا، دادگه‌ لەژێر کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی یاسای نێودەوڵەتی، گرووپێکی تری خەڵکی بە خاوەن مافی بڕیاردانی چاره‌نووسی دەرەکی دانا. بەو واتایە کە ئەگەر حکوومەتی وڵاتێک، نکۆڵیی لە مافی بوونی فیزیکی، یان مافە بنچینەیییەکانی گرووپێکی ئیتنی و زمانی بکات و، لە بەڕێوەبردنی کاریگەری کاروباری وڵات بێبەشیان بکات و، بە شێوەیەکی سیسته‌ماتیک جیاکاری دژ بەوان پەیڕەو بکات، ئەوا ئەو گرووپە ژێرستەمە، مافی جیابوونەوە و دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆیان هەیە.

دادگه‌ وەڵامدانەوەی پرسیاری سێیەمی بەپێویست نەزانی، چونکە مافی جیابوونەوەی یەکلایەنە بۆ خەڵکی کێبک لە دەوڵەتی کەنەدا، نە لە یاسای ناوخۆیی و نە لە یاسای نێودەوڵەتیدا بەفەرمی نەناسراوە. هەروا چونکە هیچ ناکۆکییەک لە نێوان ئەحکامی ئەم دوو سیستەمە یاسایییەدا نییە، هەر بۆیە، لە ڕووی بابەتییەوە گریمانەی لەپێشترزانینی یەکیان بەسەر ئەوی دیكه‌یاندا ڕەت دەکرێتەوە.

ب) چەند بڕیارێکی تر: لە چەند حاڵەتێکی دیکەیشدا، وەک کێشەی "کۆنگرەی گەلی کاتانگا" دژ بە زائیر لە ساڵی ١٩٩٢ لە بەردەم کۆمیسیۆنی ئەفریقیی مافی مرۆڤ و گەل، کێشەی "لوازیدۆ" دژ بە تورکیا لە بەردەم دادگه‌ی ئەورووپیی مافی مرۆڤ، کێشەی "کیڤین نەگوانگا گومنە" دژ بە دەوڵەتی کامیرۆن لە بەردەم کۆمیسیۆنی ئەفریقیی مافی مرۆڤ و گەل، ئەو دادگه‌یانە لە بڕیارەکانیاندا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و لە هەلومەرجی تایبەتدا، دانیان بەوەدا ناوە کە دەکرێ مافی بڕیاردانی چاره‌نووسی دەرەکی، لە چوارچێوەی مافی جیابوونەوەی چارەسازدا بەکار بێت.

بەم جۆرە، بۆمان دەردەکەوێ لە ساڵی ١٩٩٠ بەدواوە، بەشێکی زۆر لە هزرڤانان و یاسازانان، مافی بڕیاردانی چاره‌نووسی دەرەکییان بەدەر لە چوارچێوەی کۆلۆنیالیزم پێناسە کردووە و، بە ئاراستەی جیابوونەوە ڕاڤەی یاسایییان بۆ کردووە، چونکە پاش ساڵی ١٩٩٠، جێبەجێکردنی مافی بڕیاردانی چاره‌نووس تا ڕاددەیەک لە نەتەوەگەرایییەوە سەرچاوەی گرتووە و، بووەتە هۆی دروستبوونی چەندین دەوڵەت-نەتەوەی نوێ. بە ڕای بەشێکی زۆری ئەم یاسازان و هزرڤانانە، بەدەستهێنانی مافی بڕیاردانی چاره‌نووس، بە مەرجی بەراییی پێویست بۆ کەڵکوەرگرتن لە هەموو مافەکانی دیکەی مرۆڤ دادەنرێ.

مەرجە پێویستەکان بۆ جێبەجێبوونی مافی جیابوونەوەی چارەساز

١) نکۆڵیی ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ لە مافی بڕیاردانی چاره‌نووسی ناوخۆیی

٢) پێشێلکردنی بەردەوام، بەربڵاو و ڕێکخراوی مافە بنچینەیییەکانی مرۆڤ

٣) پێناسەکردنی گرووپی جوداخواز وەک گەل

٤) تێپەڕاندنی هەموو قۆناغ و ڕێگه‌چارە ناوخۆیییەکان بۆ تاقیکردنەوەی مافی بڕیاردانی چاره‌نووسی ناوخۆیی

٥) جیاکاری و نوێنەرایەتینەکردنی هەموو خەڵکی وڵات

دەرەنجام

لەم وتارەدا، باسمان لە واتا و پێناسە و ڕا و بۆچوونی یاسازانان و مەرجەکانی مافی جیابوونەوەی چارەساز کرد، کە لەم ساڵانەی دواییدا وەک تیۆرییەک لە بواری یاسای نێودەوڵەتیدا هاتۆتە ئاراوە. بە سەرنجدان لەو مەرجانەی کە بۆ موماره‌سەکردنی ئەم مافە باس کرا، بۆمان دەردەکەوێ کە گەلی کوردستان هەموو ئەم مەرجانەی تێدایە بۆ ئەوەی بتوانێ مافی جیابوونەوەی چارەساز وەک دوا چارەسەر بەکار بهێنێ. چونکە بە درێژاییی دەیان ساڵی ڕابردوو و، بەپێی بڕیارەکانی دادگه‌ی باڵای تاوانەکانی عێراق لە کەیسی ئەنفال، بارزانییەکان، کوردە فەیلییەکان و هەڵەبجە ئەو ڕووداوانە بە جینۆساید لە قەڵەم دراون. هەروا سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزی لە لایەن حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق دژ بە گەلی کورد پەیڕەو کراوە.

 لە لایەکی ترەوە، پێناسەی گەل لەسەر خەڵکی کوردستان پراکتیزە دەبێ، بەپێی ئەو پێوەرە زانستییانەی کە لەم بارەیەوە هەن. جگە لەمەیش، هەموو ڕێگه‌چارەکان بە درێژاییی دەیان ساڵی ڕابردوو تاقی کراونەتەوە. هەموو جۆرەکانی حکوومەتی سادە، یەکپارچە، ئۆتۆنۆمی و فیدراڵی لە عێراقدا تاقی کرانەوە، کە هەموویان ئەنجامەکەیان تەنیا شکست و بەردەوامیی ڕەنج و ئازارەکانی گەلی کوردستان بوو.

جگە لەمەیش، حکوومەتی ئەمڕۆی عێراق، بەکردەوە نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکانی وڵات و لەوانەیش گەلی کورد ناکات. تائیفەی عەرەبی شیعە بەتەواوی دەسەڵاتی کۆنترۆڵ کردووە و، هەموو پێکهاتەکانی پەراوێز خستووە و جیاکاریی ڕوون و ئاشکرا هەن، لەوانەیش بڕینی بوودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران، نەدانی پارەی جووتیارانی هەرێم و...، کە ئەمانەیش هەموویان نموونەی ڕوونی جیاکارین لەسەر بنەمای نەتەوە. هەر بۆیە، پێمان وایە  بۆ دەرچوون لەم قەیرانە، تەنیا یەک ڕێگه‌ لە بەردەمدا ماوە، کە ئەویش گرتنەبەری مافی جیابوونەوەی چارەسازە.