چەند سەرە‌قەڵەمێک دەربارەی ڕیفراندۆم

بەرایی:

ڕیفراندۆم بە یەکێک لەو پێوەرانە دادەنرێ، کە بازنەی دەرکردنی بڕیار لە لایەن خەڵکەوە فراوانتر دەکات و، دەرفەتی بەشداریی زیاتر لە بڕیاردان بە خەڵک دەبەخشێ. ڕیفراندۆم واتە گەڕانەوە بۆ گەل بۆ دەرکردنی بڕیار، بۆ ئەوەی گەل لەم ڕێگه‌یەوە بەشداری لە دەرکردنی هەر بڕیارێکی گرنگ و چارەنووسسازدا بکات. لە سیستەمە دیموکراتییەکاندا، ناکرێ ڕا و بۆچوونی گەل لە بابەتە گرنگەکان پشتگوێ بخرێت، چونکە بڕیاری سەرەتا و کۆتایی لە لای گەلە؛ بەو پێیەی بە سەرچاوەی هەموو دەسەڵاتەکان دادەنرێت. ڕاستییه‌كه‌ی، ڕیفراندۆم یەکێکە لە هێماکانی دیموکراسیی نیمچەڕاستەوخۆ و، بە تێکەڵەیەک لە دیموکراسیی نوێنەرایەتی و دیموکراسیی ڕاستەوخۆ دادەنرێ. هەرچەندە ڕیفراندۆم نیشانەی گرنگیدانە بە بۆچوونی گەل، بەڵام لە ڕاستیدا زۆربوونی ژمارەی ڕیفراندۆم، خۆی لە خۆیدا دیاردەیەکی نەرێنییە و، نیشانەی لاوازیی سیاسییە و، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر سەقامگیریی سیاسی هەیە. ئەمە جگە لەوەی لە ڕووی دارایییەوە خەرجییەکی زۆری تێ دەچێ و، کاریگەریی لەسەر دۆخی سیاسی هەیە و، وا دەکات هاووڵاتیان لە ژینگەیەکی سیاسیی نادڵنیا و نامتمانەدا بژین.    

لەم دوایییانەدا، پرسی ڕیفراندۆم بۆ دیاریکردنی چارەنووسی کوردستانی باشوور، بووەتە پرسێکی گەرموگوڕ لە شەقامی کوردستانی و ناوچەکە، بەڵام ئەم پرسە بە هۆی ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکان، مشتومڕی زۆری لێ کەوتۆتەوە. هەندێ لایەن مافی خەڵکی کوردستان بۆ ڕیفراندۆم دەبەنە ژێر پرسیارەوە، لە هەمان کاتدا لە نێوان لایەنە کوردستانییەکان، بە هۆی گرفتەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی لە هەرێم، ئەم پرسیارە هاتۆتە ئاراوە کە چ لایەن و دامودەزگه‌یەک مافی بڕیاردان، یان پێشنیارکردنی ڕیفراندۆمی هەیە؟ لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە.   

پێناسەی ڕیفراندۆم

ڕیفراندۆم، بە واتای خستنەڕووی بابەتێکی گشتی بۆ گەل دێت (بەو سیفەتەی خاوەن سەروەرییە)، هەتا بۆچوونەکەی بە ڕەزامەندی، یان ڕەتکردنەوە لە بابەتێکی یاسایی، دەستووری، یان سیاسی بزانرێت. ئەمەیش بە ئاراستەکردنی پرسیارێکی دیاریکراو دێت، کە خەڵک بە ئەرێنی یان نەرێنیی وەڵامی دەدەنەوە. ڕیفراندۆم ئەو مافە بە هاووڵاتیان دەدات بۆ خۆیان بڕیار لەسەر هەندێ بابەت بدەن و یەکلایی بکەنەوە؛ هەتا نوێنەرانی گەل بڕیاردان لەسەر هەموو بابەتەکان بۆ خۆیان پاوان نەکەن. ئەمەیش بە یەکێک لە شێوازەکانی بەشداریی ڕاستەوخۆی خەڵک لە حوکمڕانیدا دادەنرێ، کە گەل بۆ خۆی بڕیار دەدات.

زاراوەی ڕیفراندۆم لە وشەی لاتینیی (Referendum)، (بە واتای ئەو شتەی کە پێویستە بۆی بگەڕێیتەوە) وەرگیراوە. ڕیفراندۆم لە یۆنانی کۆندا باو بووە و، خەڵکی ئەو وڵاتە ماوه‌ به‌ ماوە لە شوێنێک کۆ دەبوونەوە و، بڕیاریان لەسەر یاسا و ڕێساکانی وڵات دەدا. بەڵام لە مێژووی سیاسیی هاوچەرخدا، بۆ یەکەمجار لە دەستووری ٢٩ی ئایاری ١٨٧٤ی سویسرا باس لە ڕیفراندۆمی یاسادانان کراوە. ڕیفراندۆم لە ڕووی بابەتەوە بەسەر سێ جۆردا دابەش دەبێت: دەستووری، یاسایی و سیاسی. هەروا لە ڕووی پێویستیی جێبەجێکردنی، بۆ سەر دوو جۆری ناچاری و ئارەزوومەندانە دابەش دەبێت. لە ڕووی هێزی پابەندبوونەوە، بۆ سەر دوو جۆری "مولزەم" و ڕاوێژکاری پۆلێن دەکرێت.

ئایا هەرێمی کوردستان مافی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەیە؟

هەندێ جار ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا هەرێمی کوردستان مافی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەیە، یان نا؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، بۆ دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ عێراق دەگەڕێینەوە، کە لە بەندی (١١٥)ی خۆیدا باس لەوە دەکات: "ئەوەی کە لە دەسەڵاتە پاوانکراوەکانی حکوومەتی فیدراڵیدا نییە، ئەوا لە دەسەڵاتەکانی هەرێم و پارێزگه‌ ڕێکنەخراوەکانی ناو هەرێمە؛ هەروا ئەو دەسەڵاتانەی کە لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمەکاندا هاوبەشن، ئەوا یاسای هەرێم و پارێزگه‌ ڕێکنەخراوەکان لەپێشترن." هەروا لە بەندی (١٢١)ی دەستووردا هاتووە: "دەسەڵاتی هەرێمەکان، بەپێی ئەحکامەکانی ئەم دەستوورە، مافی مومارسەکردنی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەرییان هەیە، تەنیا ئەوانە نەبێ کە لە تایبەتمەندییە پاوانکراوەکانی دەسەڵاتی فیدراڵیدایە."

 بە سەرنجدان لە دەقی ئەو دوو بەندە و بەندی (١١٠)، کە دەسەڵاتە پاوانکراوەکانی حکوومەتی فیدراڵیی دیاری کردووە، بۆمان دەردەکەوێ کە بابەتی بڕیاردان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، لە ڕیزی دەسەڵاتە پاوانکراوەکاندا نییە. هەر بۆیە، هەرێم و پارێزگه‌کان ئەو دەسەڵاتەیان هەیە بڕیار لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بدەن. لە لایەکی ترەوە، پەرلەمانی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠١٤، یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی لە هەرێمی کوردستان دەرکردووە. بەپێی بەندی چوارەمی ئەم یاسایە، سەرپەرشتیکردن، جاڕدانی وادە، ڕێکخستن، جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن و ڕاپرسییەکان لە هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی ئەم کۆمیسیۆنەدایە. هەر لە کاتی دەرکردنی ئەم یاسایە هەتا دامەزراندنی ئەم کۆمیسیۆنە لە هەرێمی کوردستان، حکوومەتی فیدراڵیی عێراق هیچ ناڕەزایەتییەکی لەسەر ئەم یاسایە دەرنەبڕیوە. لە حاڵەتی نایاساییبوونی، ئەوا حکوومەتی عێراق دەیتوانی پەنا بباتە بەر دادگه‌ی دەستووری، کە تاکوو ئێستا هیچ ڕێکارێکی لەم جۆرەی نەگرتووەتە بەر؛ واتای پێچەوانەی ئەمەیش ئەوەیە کە دەوڵەتی عێراق بە شێوەی ناڕاستەوخۆ، دان بەم یاسایەدا دەنێت و ناڕەزایەتیی لەسەر نییە.

لە ڕاستیدا دەستووری عێراق، تەنیا ئاماژەی بە ڕیفراندۆمی دەستووری کردووە لە عێراقدا و، هیچ ئاماژەیەکی بە ڕیفراندۆمی سیاسی، وەک ڕیفراندۆمی مافی بڕیاردانی چاره‌نووس، نەکردووە. جگە لەمەیش هەرێمی کوردستان هێشتا دەستووری تایبەت بە خۆی نییە،  بۆیە لەم کاتەدا دەتوانین بۆ ئەو ڕێسایە گشتییە بگەڕێینەوە کە دەڵێ: ئەوەی بەڕوونی لە یاسادا قەدەغە نەکرابێت، ڕێگه‌پێدراوه‌. 

بۆیە دەتوانین بڵێین، وەک بەشێک لە مومارسەکردنی دەسەڵاتەکانی خۆی بەپێی دەستوور، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێ بڕیار لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بدات بە هەموو جۆرەکانییەوە. جگە لەمەیش، ئەگەر سەیری ئەزموونە هاوشێوە نێودەوڵەتییەکان بکەین، دەبینین چەندین هەرێمی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان بە ڕەزامەندیی دەوڵەتی ناوەند وەک کێبک، سکۆتلەندا، باشووری سوودان و تەیمووری ڕۆژهەڵات و ... ڕیفراندۆمیان بۆ مومارسەکردنی مافی بڕیاردانی چاره‌نووس ئەنجام داوە و، تەنانەت هەندێکیان بوونەتە دەوڵەتی سەربەخۆیش. کەواتە هەرێمی کوردستانیش، پاڵپشت بەو نموونانەی کە باس کران و لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییشەوە دانیان پێ دانراوە، دەتوانێ هەمان مافی هەبێت و مومارسەی بکات.

چ لایەنێک مافی پێشنیارکردنی ڕیفراندۆمی هەیە؟

لە ڕاستیدا بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، دەبێ سەیری دەستووری وڵاتان بکەین و لەم بارەیەوە دەستوورەکان ئاراستەی جیاوازیان هەیە. هەندێک، ئەم مافەیان بە دەسەڵاتی یاسادانان داوە، هەندێکی تر بە دەسەڵاتی جێبەجێکردنیان داوە و، هەندێکی دیکەیش ئەم مافەیان بە هەر دوو لا داوە بە شێوەی هاوبەش. هەندێکی تر ئەم مافەیان بە گەل داوە لە ڕێگه‌ی پێشنیاری جەماوەریییه‌وه‌.  ژمارەیەک لە دەستوورەکانیش لەم بارەیەوە بێدەنگییان هەڵبژاردووە و هیچ ئاماژەیەکیان پێ نەداوە. لەم حاڵەتەدا، دەکرێ بە دەرکردنی یاسا لە پەرلەمان، یان مەرسووم لە لایەن دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە بانگهێشتی ڕیفراندۆم بکرێت. هەر بۆیە، دەتوانین ئەو لایەنانەی کە دەسەڵاتی پیشنیارکردنی ڕیفراندۆمیان هەیە، بەم جۆرەی خوارەوە دیاری بکەین:

١) دەسەڵاتی یاسادانان: لە سیستەمە پەرلەمانییەکاندا، بەزۆری ئەم تایبەتمەندییە بە دەسەڵاتی یاسادانان دراوە، کە لە ڕێگه‌ی دەرکردنی یاساوه‌ ئەم ئەرکە جێبەجێ دەکات، وەک نەرویج. بەڵام حاڵەتی ڕێزپەریش لە هەندێ سیستەمی سەرۆکایەتیدا هەیە، بۆ نموونە دەستووری ئەمریکی لەسەر ئاستی فیدراڵی، هیچ ئاماژەیەکی بە ڕیفراندۆم نەکردووە، بەڵام لە ویلایەتەکانی ئەو وڵاتەدا دەسەڵاتی یاسادانان لە کاتی وازهێنان لە هەندێک لە دەسەڵاتەکانی خۆی، پەنا بۆ ڕیفراندۆم دەبات. 

٢) دەسەڵاتی جێبەجێکردن: بەشێک لە دەستوورەکان و بەتایبەت لە سیستەمە سەرۆکایەتییەکان، مافی بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان بە سەرۆککۆمار، یان دەسەڵاتی جێبەجێکردن داوە، وەک دەستووری فەڕەنسیی ساڵی ١٩٤٦، دەستووری جەزایریی ساڵی ١٩٨٩ و دەستووری سووریی ساڵی ١٩٧٣، کە تێیدا دەسەڵاتی بە سەرۆککۆمار داوە لە پرسە گرنگ و چارەنووسسازەکاندا بڕیار لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بدات.

٣) گەل: هەندێ دەستوور ئەو دەسەڵاتەی بە گەل داوە کە مافی پێشنیارکردنی ڕیفراندۆمی هەبێت، بۆ نموونە دەستووری سویسریی ساڵی ٢٠٠٠، کە مافی بە ١٠٠ هه‌زار هاووڵاتیی خاوەن مافی دەنگدان داوە، کە پێشنیاری هەمواری گشتگیری دەستووری فیدراڵی بکەن. هەروا ئیتاڵیا لە دەستووری ساڵی ١٩٤٧دا ئەم مافەی بە ٥٠٠ هه‌زار هاووڵاتی، یان پێنج پەرلەمانی هەرێمی داوە. ئەمەیش لێرەدا بۆ خۆی جێی پرسیارە کە بۆچی ئەم دەسەڵاتە بۆ تاکە لایەنێک پاوان بکرێ؟ چونکە لە ئەنجامدا دەسەڵاتی تاکڕەوانە دروست دەکات. هەر بۆیە وا باشترە ئەم دەسەڵاتە بە دامودەزگه‌کانی دەوڵەت و گەل پێکەوە بدرێت.

ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان، دوو ئاراستەی جیاواز لەم بارەیەو بەدی دەکرێت. لایەنێک پێی وایە، دەکرێ دەسەڵاتی جێبەجێکردن بە دەرکردنی بڕیارێک بانگهێشت بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بکات. لە بەرامبەردا، لایەنێکی تر لەو باوەڕەدایە کە پاش کاراکردنەوەی پەرلەمان، ئەوا پەرلەمان بە دەرکردنی یاسا، بڕیار لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بدات. لە حاڵەتی بەردەوامبوونی ئەم مشتومڕانە، بێ گومان کات چاوەڕێی کەس ناکات و، بۆی هەیە ئەو دەرفەتەی بۆ گەلی کوردستان هاتووەتە پێشەوە لەکیس بچێت. هەر بۆیە، باشترین چارەسەر ئەوەیە ڕیفراندۆم نەکرێتە بابەتی ناکۆکی و ململانێ، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، بکرێتە هەوێنی بەیەکگەیشتن و دەستلەملانێ. وا باشە هەموو لایەنە سیاسییەکان، بەبەرپرسیارێتییەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکەن و، ئەم هەلە بقۆزنەوە بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانج و ئاواتە نیشتمانییەکان و، لە پاڵ ئەوەیشدا دامودەزگه‌ فەرمی و یاسایییەکانی هەرێم کارا بکەنەوە و، بەسەر ناکۆکییەکانی خۆیاندا باز بدەن.

لە بنەڕەتدا، بە سەرنجدان بەوەی کە دەوڵەتانی دەوروبەر هەستیارییەکی زۆریان سەبارەت بە ڕیفراندۆم هەیە، وا باشە کۆدەنگیی نیشتمانی لەسەر ئەم بابەتە دروست ببێت، بۆ ئەوەی گەلی کوردستان بتوانێ بە وزە و توانایەکی زیاترەوە ڕووبەڕووی "چەلنجەکان" ببێتەوە. باشترین گۆڕەپان بۆ یەکلاییکردنەوە و بڕیاردان لەسەر ئەم بابەتە پەرلەمانی کوردستانە؛ هەروا دەکرێ بە هاوبەشی لە نێوان دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن ئەم پرسە ئەنجام بدرێت. لە حاڵەتی بەردەوامبوونی ململانێی سیاسی و کارانەکردنەوەی پەرلەمان و لەدەستچوونی هەل، دەکرێ وەک حاڵەتێکی ڕیزپەڕ دەسەڵاتی جێبەجێکردن ئەرکی بانگهێشتکردن بۆ ڕیفراندۆم لەئەستۆ بگرێ.  

ڕیفراندۆم بۆ مافی بڕیاردانی چاره‌نووس

ئەم ڕیفراندۆمە بە یەکێک لە گرنگترین ڕیفراندۆمە سیاسییەکان دادەنرێ، کە تێیدا گەل بڕیار لەسەر سەربەخۆیی، جیابوونەوە، مانەوەی لە چوارچێوەی دەوڵەتێک، یان دامەزراندنی سیستەمێکی فیدراڵی دەدات. چەندین نموونەی ڕیفراندۆمی لەو جۆرە هەن وەک: ڕیفراندۆم لە نەمسا پاش جەنگی جیهانیی یەکەم بۆ لکاندنی بە ئەڵمانیا، ڕیفراندۆم لە ساڵی ١٩٥٨ لە نێوان گەلانی میسری و سووری بۆ یەکگرتنی هەر دوو وڵات، ڕیفراندۆمی تەیمووری ڕۆژهەڵات لە ساڵی ١٩٩٩ بۆ سەربەخۆیی و ڕیفراندۆمی باشووری سوودان لە ساڵی ٢٠١١ و هتد. ئەو ڕیفراندۆمەی کە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان بانگەشەی بۆ دەکرێ، دەچێتە خانەی ڕیفراندۆمی سیاسییەوە.

فاکتەرەکانی سەرکەوتنی ڕیفراندۆم

بۆ سەرکەوتنی هەر ڕیفراندۆمێک چەند فاکتەرێکی گرنگ پێویستن، کە بریتین لەمانەی خوارەوە:

١) بوونی ئازادیی ڕاستەقینە: یاسازان "بارتلمی" دەڵێ: "هیچ ڕیفراندۆمێکی ڕاستەقینە بەبێ ئازادیی ڕاستەقینە، بوونی نییە. بۆ ئەوەی گەل بتوانێ بە شێوەیەکی ئازاد ڕای خۆی دەرببڕێ، وا پێویستە کە ئازادییە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیان دەستەبەر بکرێن و ڕێزیان لێ بگیرێت و، بەتایبەت ئازادیی تاکەکەسی، ڕادەربڕین، کۆڕ و کۆبوونەوە و ئازادیی ڕاگەیاندن. هەروا پێویستە، هەلی شیاو بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی ڕیفراندۆم لە لایەن تاک، ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و دامودەزگه‌کانی ڕاگەیاندنه‌وه‌ بڕەخسێت و، سەرجەم پرۆسەکە هەر لە دەستپێکەوە هەتا ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان چاودێری بکرێت.

٢) بوونی هۆشیاریی جەماوەریی پێشکەوتوو: بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ڕیفراندۆم، وا پێویستە گەل ئاستێکی بەرزی ڕۆشنبیری و شارستانیی هەبێ. ئەمەیش ڕێسایەکی بنەڕەتیی گرنگە، کە دەتوانێ سەرکەوتنی ڕیفراندۆم مسۆگەر بکات. چونکە تێگەیشتنی گەل لە ناوەڕۆکی ڕیفراندۆم و زانینی هەموو لایەنەکانی، وا دەکات هاووڵاتیان بەقەناعەت و لێزانینەوە وەڵام بدەنەوە و کەمتر لەژێرکاریگەریدا بن.

٣) هەڵبژاردنی بابەتی ڕیفراندۆم بە شێوەیەکی باش: پێویستە بابەتی ڕیفراندۆم بە شێوەیەکی باش هەڵبژێردرێت و، نابێ بە شێوەیەکی وەها بێت خەڵک لێی تێ نەگەن و، پێویستیی بە پسپۆڕێتی بێت. هەروا، دەبێ بابەتەکە سادە و ڕوون بێت، یەک بابەت بێت، بەوردی دیاری بکرێت، بابەتێکی ڕەوا بێت و، بە شێوەیەکی دروست داڕێژرا بێت، کە خەڵک بتوانن بە "به‌ڵێ" یان "نه‌خێر"، "ڕازیم" یان "ڕازی نیم" وەڵامی بدەنەوە و، هیچ واتایەکی نەرێنی بەدەستەوە نەدات.

٤) خاوێنیی پرۆسەی ڕیفراندۆم: بۆ ئەوەی پرۆسەی ڕیفراندۆم سەرکەوتوو بێت، پێویستە هەموو ڕێکارەکانی هەر لە بانگەشە، دەنگدان، ئامار و چاودێری و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان بە شێوەیەکی خاوێن و دروست بێت، بۆ ئەوەی ببێتە جێی متمانە و دڵنیاییی هاووڵاتیان. هەروا، دەبێ لە لایەن دەستەیەکی ئازاد و بێلایەنەوە سەرپەرشتی بکرێت.

٥) چاودێریکردن لە لایەن ڕێکخراوە لۆکاڵی و نێودەوڵەتییەکان: ئەمەیش بە خاڵێکی گرنگ دادەنرێ، بۆ ڕەوایه‌تیدانی زیاتر بە ڕیفراندۆم لە ڕوانگەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە. بەشداریکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە ناسراوەکان وەک چاودێر، گرنگیی تایبەتیی خۆی هەیە لەم بوارەدا و، متمانەکردن بە ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم زیاتر دەکات.

دەرەنجام

ئەوەی گرنگە، ڕیفراندۆم لە چوارچێوەی یاسا، ڕۆشنبیریی گشتیی کۆمەڵگه‌ و بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵاتدا بگونجێ. باشترین حاڵەت بۆ پرسی ڕیفراندۆم ئەوەیە، کە دەستوور بابەتەکە ڕێک بخات یاخود بە یاسایەکی تایبەت ئەم بابەتە ڕێک بخرێت. چونکە ئەمە شەفافییەتی زیاتری تێدایە و دەرفەتی چاودێریی جەماوەرییش پتر دەکات و، لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسیدا تەباترە. هەروا سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، وا باشە کە بابەتی ڕیفراندۆم نەکرێتە خاڵی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان و، وەک بابەتێکی نیشتمانی و یاساییی پەتی و مافی گەلی کوردستان سەیر بکرێت. بۆیە، وا باشە ئەم بابەتە ببێتە دەرفەتێک بۆ دەستلەملانێ، نەک ململانێ و، بەپشوودرێژیی زیاترەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت. لە پاڵ ئەمەیشدا، هەوڵ بدرێ بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێدانی ڕۆڵی کارا بە هەر دوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن بۆ پێشنیارکردن و بانگهێشتکردن بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم. هەروا بەپێی ئەو ئارگیۆمێنتانەی کە خرانە ڕوو، گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە هەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی مافی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەیە، هەروەک چۆن لە چەندین هەرێمی هاوشێوە لە جیهاندا ئەنجام دراوە، وەک کێبک، سکۆتلەندا، باشووری سوودان، تەیمووری ڕۆژهەڵات و...، کە هەندێکیشیان بوونەتە دەوڵەتی سەربەخۆ.