بنیاتنانی نەتەوە و بنیاتنانی دەوڵەت

پوختە

بەکارهێنانی چەمکی بنیاتنانی نەتەوە بۆ وڵاتانی پۆست-کۆلۆنیال، ڕەواجی هەبوو. بە هەرەسهێنانی یەکێتیی سۆڤیەت، چەمکی بنیاتنانی دەوڵەت لە پاڵ بنیاتنانی نەتەوە، لە زانستی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بایەخی تایبەتی پێ درا. هەر یەک لەم چەمکانە، بە چەمکی تری وەک بنیاتنانی کۆمەڵگە و بنیاتنانی ئاشتییەوە گرێ دراون. مەبەستی سەرەکییش لە گشت ئەم بنیاتنانانەدا، بریتییە لە بەرقەرارکردنی سەقامگیری لەو وڵاتانەی کە تووشی داڕمانی دامەزراوەی دەوڵەت و پێکدادانی ناوخۆیی هاتوون. لەم بابەته‌دا هەوڵ دەدرێت بەکورتی تیشک بخرێتە سەر هەر دوو چەمکی بنیاتنانی دەوڵەت و بنیاتنانی نەتەوە.

بنیاتنانی نەتەوە

چەمکی بنیاتنانی نەتەوە، دوای سەرهەڵدانی دەوڵەتە تازە سەرهەڵداوەکانی دوای کۆلۆنیالیزم برەوی سەند، بەڵام تا هەنووکەیش مشتومڕ و ناکۆکی لەسەر ناوه‌ڕۆکی ئەم چەمکە لە ئارادایە. بنیاتنانی نەتەوە، بەتایبەتیش لە ئەدەبیاتی مۆدێرنیتە و گەشەسەندندا، لە پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی ڕابردوو چەمکیکی باو بوو. هەندێ توێژەر، وەک بۆگداندی (Bogdandy)، بەپێویستی دەزانن پێش ئەوەی کە باس لە چەمکی بنیاتنانی نەتەوە بکرێت باشتر وایە باس لە چەمکی شکستی نەتەوە بکرێت. بە بڕوای ئەو، کاتێک نەتەوە شکست دێنێت کە لە وڵاتێکدا نەتەوایەتی، چیتر دەسەڵاتە گشتییە بەرقەرارەکە پەسەند نەکات و هیچ کۆدەنگییەک لەسەر که‌لتوور و مێژوو و داب و نەریت و سیمبۆلی هاوبەش، بوونی نەبێت (Bogdandy, 200). ڕاستییه‌كه‌ی، ئەم بۆچوونەی بۆگداندی بۆچوونێکی بەرتەسکە. ئەو، گشت نەتەوەکانی لەناو سنووری یەک دەوڵەتدا بە یەک نەتەوە هەژمار دەکات. هەر بۆیەیش بە بۆچوونی بۆگداندی، بنیاتنانی نەتەوە بریتییە لە پرۆسەیەکی هێنانەدیی ناسنامه‌یه‌کی هاوبەش و بوونی دیدێکی مەشروعییەتبەخش بە دەسەڵاتی بەرقەرار لە هەرێمێکی دیاریکراودا. توێژینەوەکانی بیرمەندانی ئەمریکی، یارمه‌تیدەر بوون بۆ بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە تێکەڵییە. ئەوان زۆرتر چەمکی "دەوڵەت-نەتەوە"یان بەکار دێنا، لە بری بەکارهێنانی چەمکی "دەوڵەت-نەتەوەکان".

لە لایەکی ترەوە، لە زۆربەی بەڵگەنامە سیاسییەکاندا ئەم چەمکە، لە گریمانەوە نزیکترە تا پێناسەکردنێکی دیار. هاوکات، بە دیوێکی تردا، بنیاتنانی نەتەوە زۆرتر لە پراکتیکەوە نزیکە تا تیۆری. ئەوه‌یش بە هۆی ئەوەی کە ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی ئەم چەمکە بەرفراوانن.  بۆ نموونە، لە بنیاتنانی نەتەوەدا، پێویستە باس لە ناسنامە جیاوازەکان و که‌لتوورە جیاوازەکان بکرێت و ڕێزیان هەبێت و، لە هەمان کاتیشدا پێویستە خاڵی هاوبەش لە نێوان ئەم وردە-که‌لتوورە ناوخۆیییە جیاوازانەدا بدۆزرێتەوە، بۆ ئەوەی کە "ئێمە" لە "ئەوانی تر" جیا بکاتەوە. بە واتایەکی تر، هێنانەدیی ناسنامه‌یه‌کی سیاسی-که‌لتووریی هاوبەش کە گشت تاکەکانی کۆمەڵگه‌ پێکەوە گرێ بدات. هەر بۆیەیش بنیاتنانی نەتەوە وەک هێنانەدیی ناسنامه‌یه‌کی هاوبەش لە  نێوان گرووپ و نەژادە جیاوازەکاندا هەژمار دەکرێت کە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا دەژین. ئەمەیش چەمکی بنیاتنانی نەتەوە، لە چەمکی بنیاتنانی دەوڵەت جیا دەکاتەوە، چونکە بنیاتنانی دەوڵەت واتە بنیاتنانی دەوڵەتێکی کارا، کە بتوانێت ئەرکەکانی دەوڵەتی مۆدیرن ڕاپەڕێنێت. لێرەوە، پرسی چۆنێتیی بنیاتنانی دامەزراوەکانی دەوڵەت و کاراییی ئەم دامەزراوانە دێتە کایەوە. کەواتە، بنیاتنانی دەوڵەت تیشک دەخاتە سەر بەهێزکردن و کاراکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و بنیاتنانی نەتەوە؛ سه‌رنج ده‌خاته‌ سەر پەیوەندیی نێوان هاووڵاتی و دەوڵەت (Sinclair Dinnen, 2006).

لە ڕوانگەی که‌لتوورگەرایییەوە، بنیاتنانی نەتەوە باس لە پرۆسەی بنیاتنانی ناسنامه‌یه‌کی که‌لتووریی هاوبەش بۆ دانیشتووانی وڵاتێک دەکات (Scott, 2007). ئەم ناسنامه‌یه‌ لە نێوه‌ندی ڕەگەزەکانی وەک زمان، مێژوو، ڕوانگەی سیاسی، ئەدەبیات، کەسایەتییە سیاسی و ئەدەبییه‌كان و شاعیرە ناسراوەکانی نەتەوەیەک و، تەنانەت لە ڕێگەی جۆری پۆشاک و خۆراکه‌وه‌ بەرجەستە دەبێت.

بنیاتنانی دەوڵەت

چەمک و پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەت، ڕاستەخۆ بە چەمکی شکستی دەوڵەت، یان دەوڵەتی شکستخواردوو گرێ دراوە. دەوڵەت کاتێک شکست دێنێت کە نەتوانێت مەشروعییەتی مانەوەی خۆی گەرەنتی بکات یاخود نەتوانێت پێداویستییە گشتییەکان و خزمەتگوزارییە سەرەتایییەکان دابین بکات، یان کاتێک کە نەتوانێت یەکپارچەییی خاکی وڵات بپارێزێت. لەم بارودۆخەدا ئەگەری ناسەقامگیریی سیاسی و تێکچوونی نەزمی کۆمەڵایەتی دێتە ئاراوە. کەواتە دەتوانین بەم شێوەیە پێناسەی بنیاتنانی دەوڵەت بکەین کە بریتییە لە: "دامەزراندن، یان دووبارە دامەزراندنەوە و بەهێزکردنی ستراکتۆرە گشتییەکان لە هەرێمێکی دیاریکراودا، کە توانای دابینکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییە گشتییەکانی هەبێت" (Bogdandy, 2005). ئەگەر سەرنجی ئەم پێناسەیە بدەین، دەبینین کە پێناسەیەکی تەواو ئابووری و کارگێڕییانەیە؛ بۆیە پێویستە ڕەهەندی مەشروعییەتی سیستەمی سیاسییش بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی دەوڵەت زیاد بکەین. لە ڕاستیدا کاتێک کە باس لە بنیاتنانی دەوڵەت دەکەین، چونکە خودی دەوڵەت چەمکێکی ئەبستراکتە، کەواتە بە ناڕاستەخۆ مەبەست بنیاتنانی دامەرزاوەکان و شێوازی حكومڕانییە. حکوومەت وەک بریکاری دەوڵەت، ئەم ئەرکانە پراکتیزە دەکات. ئەمەیش لە ڕاپۆرتی گەشەسەندنی جیهانیدا بەڕوونی ڕەنگی داوەتەوە. ڕاپۆرتی گەشەسەندنی جیهان لە ساڵی ٢٠١١،  باس لە زەروورەتی بنیاتنانی دەوڵەتی کارا دەکات، لەو وڵاتانەی کە ڕووبەڕووی لەرزۆکیی دامەزراوەکان، ململانێ و پێکدادانی ناوخۆیی بوونەتەوە. ڕاپۆرتەکە بانگەشه‌ی دامەزراندنی دامەرزاوەی کارا دەکات کە بتوانێت ئاسایش و دادپەروەری و هەلی کار بۆ هاووڵاتیانی ئەم وڵاتانە بێنێتە کایەوە (Grävingholt, 2012).

واڵدنێر (Waldner) بنیاتنانی دەوڵەت و گەشەسەندنی وڵات پێکەوە گرێ دەدات و چوار ڕێکار بۆ گەشەسەندن و بنیاتنانی دەوڵەت دەخاتە ڕوو:

١. جۆری پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگه‌.

٢. سروشتی سیستەمی بیرۆکراسی.

٣. چۆنێتیی ئیدارەدانی کەرتی دارایی و ماڵی لە لایەن دەوڵەتەوە.

٤. جۆرەکانی دەستێوەردانی دەوڵەت لە ئابووریدا.

واڵدنێر بەم دابەشکارییە، خوێندنەوەیەکی "ماکرۆ"یانە بۆ ئەدای دەوڵەت دەکات. ئەو، بەراوردی هەر یەک لە وڵاتانی تورکیا و سووریا لەگەڵ کۆریای باشوور و تایوان لە نێوان ساڵانێ ١٩٦٠ تا کۆتایییەکانی ١٩٨٠ دەکات و، ئەوە دەخاتە ڕوو کە چۆن نوخبەی سیاسیی هەر دوو وڵات هەوڵی بەدامەزراوەییکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەتی دا، بەڵام ئەم هەوڵانە لە هەر یەک لە کۆریای باشوور و تایوان خۆشگوزەرانی و کۆمەڵگه‌یەکی پێشکەتووی هێنایه‌ بوون، کەچی لە سووریا و تورکیا، بووە هۆی باڵادەستبوونی نوخبەی سیاسی بەسەر دامەزراوەکان و، لە دەرنجامدا دواکەتووییی ئابووریی لێ کەتەوە. کەواتە، چەمکی بنیاتنانی دەوڵەت، تەرکیز لەسەر دامەزراندنی دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکات (Scott, 2007). لەگەڵ ئەمەیشدا، ناکرێت بابەتی گرنگی نوخبەی سیاسی، لە دامەزراندنی هەر دوو بابەتی بنیاتنانی دەوڵەت و بنیاتنانی نەتەوەدا پشتگوێ بخرێت. بۆ دامەزراندنی بنیاتنانی دەوڵەت و نەتەوە، وڵات پێویستیی بە نوخبەیەکی سیاسی هەیە، کە هەم نوخبەی نیشتمانی بن و هەمیش بڕوایان بە ڕێساکانی گەمە، بەپێی بنەماکانی دیموکراسی هه‌بێت. دەکرێت نەتەوەی بەهێز بنیات بنرێت (وەک ئەڵمانیای نازی) یا خود دامەزراوەی بەهێز بنیات بنێن، بەڵام لە دواجاردا ئەم دامەزراوانە لە خزمەت بنیاتنانی نەتەوە و دەڵەتدا نەبن (وەک یەکێتیی سۆڤیەت) و، لە دوایین وێستگەدا ببنە هۆی دواکەوتنی وڵات و پارچەبوونی نەتەوە.

دەرەنجام:

چەمکی بنیاتنانی دەوڵەت و نەتەوە، دەکرێت لە ڕووی تیۆرییەوە لێک جیا بکرێنه‌وە، بەڵام لە ڕووی پراکتیکییەوە ئەم دوو چەمکە پێکەوەگرێدراون؛ ئەویش بۆ بارودۆخی هەر وڵاتێک دەگەڕێتەوە کە ئەم دوو چەمکەی تێدا بەکار دێت. نەك تەنیا مێژوو و زمان و کۆمەڵێک سیمبۆلی هابەش دەتوانن ناسنامه‌ بە نەتەوەیەک ببەخشن، بەڵکوو کاراییی دامەرزاوەکانی دەوڵەت لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، دەتوانن ئەم ناسنامه‌یە بەرهەم بهێنن. کۆریای باشوور و کۆریای باکوور کە یەک نەتەوەن، بەڵام زۆر لێک جیاواز، ئەم ڕاستییە دەسەلمێنن. ئەوەی کە ئەم یەک نەتەوەیە لێک جیا دەکاتەوە، کارایی و جۆری دامەزراوەکانی دەوڵەت و سیستەمی سیاسییە کە دوو جۆر بنیاتنانی جیاوازی بەرهەم هێناوە.  لە هەندێ دۆخدا، چەمکی بنیاتنانی دەوڵەت، ئاراستەی بەدیهێنانی کۆمەڵگه‌یەکی یەکدەست دەگرێتە خۆ. لە هەندێ حاڵەتیشدا، چەمکی بنیاتنانی نەتەوە، کە جەخت لەسەر ناسنامه‌ و که‌لتووری هاوبەش دەکاتەوە، دەتوانێت ببێتە هۆی جیابوونەوەی نەتەوەیەک لە دەوڵەتێک، جا ئەگەر دەوڵەتەکە کارا بێت، یان ناکارا (Scott, 2007)؛ بۆ نموونە هەنگاوەکانی سکۆتلەندا بۆ جیابوونەوە لە بریتانیا. هەر بۆیەیش، دەکرێت ئەم چەمکە بەپێی ڕوانگەی ئەو کەسەی کە توێژینەوە لەسەر ئەم چەمکانە دەکات (کۆمەڵناس، ئابووریناس، زانای سیاسی و...)، یا خود ئەو وڵاتەی کە توێژینەوەی لەسەر ئەنجام دەدرێت، مانای جیاواز وەربگرێت.

سەرچاوەکان:

Bogdandy, A, V., Häußler, S., Hanschmann, F, (2005) Conceptual Clarifications and an Appraisal of Different Approaches, Max Planck Yearbook of United Nations Law, 9, p. 579-613.

Dinnen, S. (2006) Nation Building-Concepts Paper,  Australian National University, Canberra, available at:  http://www2.pazifik-infostelle.org/uploads/DossierNationBuilding.pdf

Grävingholt, J., Leininger, J., Haldenwang, C, V. (2012) Effective state-building? A review of evaluations of international state-building support in fragile contexts, German Development Institute.

Scott, Z. (2007) ‘Literature Review on State-Building’, University of Birmingham: International Development Department.

Waldner, D. (1999) state building and late development, USA: Cornell University Press.