دانیێل لێرنێر (Daniel Lerner)

بەپێچەوانەی خوێندنەوە بەرایییەکانی مۆدێرنیتە، لێرنێر لەو بڕوایەدا بوو کە مۆدێرنیتە تەنیا بە ڕەهەندی ئابووری و گەشەی ئابوورییەوە بەند نییە. هەر بۆیەیش ئەو جەختی لەسەر بەدامەزراوەییکردنی کۆمەڵگه‌ لە گشت بوارەکانی شارنشینی، خوێندەواری، بەکارهێنانی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن، بەشداریی ئابووری (داهاتی تاکەکەسی) و بەشداریی سیاسی (دەنگدان) دەکرده‌وه‌. ئەگەرچی لێرنێر بەم شێوەی سەرەوە قۆناغەکانی مۆدێرنیتەی پۆلێنبەندی کرد، کە مەرج نییە بۆ گشت کۆمەڵگه‌کان وەکوو یەک بێت، بەڵام ئەو توانیی ئەوە بخاتە ڕوو کە پرۆسەی مۆدێرنیتە پێویستیی بە هاوکاریی نێوان دامەزراوە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانەوە هەیە (Eisenstadt, 1973a).

لێرنێر لە پەرتووکی گوزار لە کۆمەڵگه‌ی تەقلیدی: نوێکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین (The passing of Traditional Society, Modernization the Middle East, 1958) کە لە ساڵی ١٩٥٨دا بڵاو کرایەوە، خوێندنەوەی بۆ پرۆسەی چۆنێتیی مۆدێرنکردنی شەش وڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا كرد. ئەم وڵاتانە بریتین لە: تورکیا، سووریا، ئۆردن، لوبنان، ئێران و میسر. هەڵبەت کاری مەیدانی لە یۆنانیش ئەنجام درا، بەڵام دەره‌نجامەکان لەم پەرتووکەدا باس نەکراوە. لێرەدا سوود لە چاپی چوارەمی ساڵی ١٩٦٨ وەرگیراوە.

سەبارەت بە مۆدێرنیتە، لێرنێر ئەو تۆمه‌تانە ڕەت دەکاتەوە کە گوایە مۆدیرنیتە و بیرۆکەکانی ئەو، بیرۆکەی نەژادگەرا و ڕۆژاوایی-تەوەرن. ئەو دەڵێت لە ڕووی مێژویییەوە مۆدیرنیتە لە ڕۆژاوا سەری هەڵدا، بەڵام خودی پرۆسەکە پرۆسەیەکی جیهانییە؛ هەروەک مارکس دەڵێت: "ڕۆژاوا چییە، ڕۆژهەڵاتی ناڤین هەوڵ دەدات وەها بێت" (what the west is,, the Middle East seeks to become (p.47)). بە بڕوای ئەو، پێویست نییە گشت تاکەکانی کۆمەڵگه‌ وەک تاکی ڕۆژاوایی هەڵسوکەوت بکەن؛ تەنیا تاقمێکی بچووک هاوشێوەی تاکی ڕۆژاوایی هەڵسوکەوت دەکەن؛ بەڵام گرنگە کۆی گشتیی کۆمەڵگه‌ ببنە تاکی مۆدێرن. لە ڕاستیدا تۆمەتی نەژادگەرایی و ڕۆژاوا-تەوەربوونی بیرۆکەکانی مۆدیرنیتە، ئەو تۆمەتەیە کە نەتەوەگەرا توندڕەوەکان ئاراستەی ئەم بۆچوونانە دەکەن.

لێرنێر بە شێویەکی گشتی، تەرکیزی کردۆتە سەر ڕۆڵی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن لە مۆدێرنیتەدا. ئامرازەکانی ڕاگەیاندن، بەهای نوێ و داواکاریی سیاسیی نوێ و که‌لتووری بەکاربردن هاوردەی کۆمەڵگه‌ دەکەن. لەگەڵ ئەمەیشدا، بۆ بەمۆدیرنبوون، تەنیا هەبوون و بەکارهێنانی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن بەس نییە، بەڵکوو پێویستە ئەم ئامرازانە هانی تاک بدات کە ببێت بە تاکێکی بەشداریکەر لە پرۆسەی سیاسی و ئابووریدا. ئەم بەشدارییە، واتە ئاڵوگۆڕکردنی بیروبۆچوونە جیاوازەکان و هاتنەدیی پانتای تایبەت، پانتای گشتی و پانتای دیموکراسی. لەم چوارچێوەیه‌دا لێرنێر بەم دەرنجامە دەگات کە نەبوونی سەرمایەی مرۆڤی و "کێشەکانی مرۆڤ" (people problems)، یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی بەردەم مۆدیرنیتە لەم وڵاتانەدا. کێشەی مرۆڤ بەو مانایە دیت، کە زۆربەی تاکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین پابەندی که‌لتووری خۆیانن و، ڕەتی که‌لتووری بێگانە دەکەنەوە. لە دەرەنجامدا، دوو که‌لتووری بوێری و داهێنان کە بۆ هەنگاونان بەرەو مۆدێرنیتە زەروورین، لە کۆمەڵگه‌کانی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا زۆر لاوازە. ئەو چینە بچووکەی کە ئەم که‌لتووری هەیە، کە ئەو بە چینی گوزار (transitional) ناوی دەبات، خاوەن ئەو ئیمکاناتانە نین کە بتوانن برەو بەم که‌لتوورە بدەن.

ئەو، پەرتووکەکەی بە گێڕانەوەی چیرۆکی گوندێک (بەلگات) لە هەشت کیلۆمەتریی ئانکارا دەست پێ دەکات کە لە ساڵی ١٩٥٠دا، کۆمەڵگه‌یەکی ٥٠ خێزانی، داخراو، پاشکەتوو و تەقلیدی بووە. لەم گوندەدا موختار هەمەکارە بووە و، تەنیا ئەو ڕادیۆی هه‌بووە؛ بۆیە مرۆڤێکی زۆرزان بووە. لێرەدا مەبەستی لێرنێر لە ڕادیۆ، گرنگیی ئامرازەکانی ڕاگەیاندنە لە بزۆک (mobile) بوونی تاک لە ڕووی هزرییەوە. واتە، ئەگەرچی موختار لە گوندەکەی خۆی دەرنەچووە، بەڵام لە ڕێگەی ڕادیۆکەیەوە ئاگای لە ڕووداوەکانی جیهان هەیە. نموونەی تر کە لێرنێر دەگێڕێتەوە، بەقاڵ (دووکاندار)ی گوندەکەیە. بەقاڵ هاتوچۆی ئانکارا دەکات. لێرەدا مەبەستی لێرنێر تیشکخستنە سەر گرنگیی هاتوچۆ (سەفەر) و بینینی که‌لتووری نوێیە؛ واتە بزۆکبوونی جەستەیی (هەر دوو چەمک لە خوارەوە زۆرتر شرۆڤە دەکرێن). ئەم بزۆکبوونە، بەقاڵی بە جۆری پۆشاک و خواست و داواکاریی نوێی خەڵکی شار ئاشنا کرد. خەونی بەقاڵ ئەوە بوو کە سەردانێکی ئەمریکا بکات؛ وەک وڵاتێک کە تێیدا هەژارێکیش دەرفەتی دەوڵەمەندبوونی هەیە. لێرە، مەبەستی لێرنێر کاریگەریی سەرمایە و ئازادیی سەرمایەیە لە بەمۆدێرنکردنی تاک و کۆمەڵگه‌دا. دواتر لە ساڵی ١٩٥٤دا، ئەم گوندە دەبێتە سەرووی ٥٠٠ خێزان. گوندەکە بووەتە شارێکی کراوە و خاوەن پاس، ڕێگه‌وبان، قوتابخانە و نزیکەی ١٠٠ ڕادیۆ و، خەڵکیش لە بری دەنگدان بە حزبی ئاتاتورک، دەنگی بە حزبی دیموکرات داوە؛ چونکە بەڵێنی فەراهەمکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک ئاو و کارەبا و ڕێگه‌وبانی دابوو. لێرەیش مەبەستی لێرنێر ئەوەیە کە تاکەکان چوونەتە ناو پرۆسەی ململانێی سیاسییه‌وه‌، کە ئەمەیش وەک فاکتەرێکی دیموکراسی و مۆدێرنیتە هەژمار دەکرێت. لە کۆی گشتیی ئەمانە و بە ئاماژەدان بە ساڵی ڕوودانی ڕووداوەکان، مەبەستی لێرنێر بریتییە لەوەی کە نیشان بدات چۆن لە وڵاتانی جیهانی سێیەم پرۆسەی مۆدێرنیتە دەتوانێت بەخێراتر لە ڕۆژاوا بێتە دی.

 لەم پەرتووکەدا، لێرنێر ئاماژە بە چوار قۆناغ (phase) دەدات وەک سەرەتایەک بۆ بەمۆدێرنکردنی ئەم وڵاتانە. ئەم قۆناغانە بریتین لە:

یەکەم: شارنشینی، بەتایبەتیش ئەو شارانەی کە ژمارەیان لە سەرووی ٥٠،٠٠٠ کەسە (بەپیشەسازیبوونیش دەچیتە چوارچێوەی شارنشینی).

دووەم: خوێندەواری یاخود توانای خوێندن، لانی كه‌م بە یەک زمان.

سێیەم: پەیوەندی (Communication) یاخود ڕێژەی بەکارهێنانی ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی، کە پێوەرەکانی بریتین لە ڕێژەی کڕینی ڕۆژنامە، هەبوونی ڕادیۆ و چوونە سینەما.

چوارەم: بەشداریی سیاسی یاخود ڕێژەی دەنگدەران لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا.

گشت ئەم فاکتەرانە، پەیوەندیی پتەویان لەگەڵ یەکتردا هەیە و هەر یەکێکیان ڕێگە بۆ ئەوی تر دەکاتەوە.

بە بڕوای لێرنێر ئەگەر ڕێژەی ٢٥٪ی دانیشتووانی وڵاتێک، لە شارەکانی سەرووی ٥٠،٠٠٠ کەسیدا نیشتەجێ بن، پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆن دەچێتە قۆناغی فێربوون (learning). ئەمەیش بە هۆی هاتنەکایەوەی پیشەی نوێ و کارکردن لە ژینگەی نوێدا، کە دەبێتە هۆی هاتنەدیی گۆڕانی کۆمەڵایەتی (social Change)؛ کە ئەویش لە دەره‌نجامی شارنشینییە، واتە کۆچی گوندنشینان بەرەو شار. هاوکات بە هۆی شارنشینییەوە، ئاستی زانیاری بەرز دەبێتەوە. بەرزبوونەوەی ئاستی زانیارییەکانیش، دەبێتە هۆی بەکارهێنانی ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی و هێنانەدیی هاودڵی (empathy) لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگه‌دا و دواجار هاتنەدیی شێوازی ژیانی ڕۆژاوایی؛ واتە ژیانی مۆدێرن. ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی دەبێتە هۆی گۆڕانی مەعریفەی تاکەکان سەبارەت بە کۆمەڵگه‌ و، هانیان دەدات کە بەشداری لە کاروباری سیاسی و ئابووریدا بکەن.

بە بڕوای لێرنێر، بۆ ئەوەی کە ئەم چوار قۆناغەی سەرەوە بەدی بهێنرێن، کۆمەڵگه‌ پێویستی بە هەندێ ڕەگەزی تر هەیە کە پێویستە پێشوەختە لە کۆمەڵگه‌دا هه‌بن یاخود پێش ئەم قوناغانە بێنە کایەوە. ئەم ڕەگەزانەیش بریتین لە بوونی کەسایەتیی بزۆک (mobile personality)، کە دەبێتە هۆی ئافراندن و چالاكکردنی کۆمەڵگه‌. ئەمەیش لە ڕێگەی دەرفەتڕەخساندن بۆ پێکەوەکارکردنی تاکەکانی کۆمەڵگه‌ دێتە کایەوە. بەم جۆرەیش، تاکەکان کارلێکەرییان دەبێت؛ واتە هاتنەدیی ئەو شتەی کە لێرنێر بە هاودڵی (empathy) ناو دەبات. ئەم هاودڵییە ڕەفتارێکی مۆدێرن لە نێوان تاکەکاندا بەرهەم دێنێت، چونکە لە ڕێگەی هاودڵییەوە تاکەکان بیروبۆچوونی یەکتر قبووڵ دەکەن. ئەمەیش خاڵی سەرەکییە لە گۆڕینی ڕەفتار و کەسایەتیی تاکەکان و، هانیان دەدات کە شێوازی نوێی ژیان تاقی بکەنەوە و، ببن بە تاکی موغامر (سه‌ركێش) (adventure) بەبێ ترس لە ژینگەیان و، هۆکاری ئەو شتانە بدۆزنەوە کە لە ژینگەی دەووربەریان ڕوو دەدات و بتوانن کۆنترۆڵی دەرەنجامە سروشتییەکان بکەن (Lerner, 1968:43-65).

لێرەدا لێرنێر لە بواری کۆمەڵناسی دوور دەکەوێتەوە و دەچێتە ناو بواری دەروونناسییەوە. واتە بە بڕوای لێرنێر، پێش ئەوەی کە کۆمەڵگه‌ی مۆدێرن بنیات بنرێت، پێویستیمان بە بنیاتنانی تاکی مۆدێرنە؛ چونکە ئەم تاکە بە هۆی توانای هاودڵییه‌وه‌، دەتوانێت گۆڕانکاریی ڕێشەیی لە کۆمەڵگه‌دا ئەنجام بدات. بەم جۆرەیش بە بڕوای لێرنێر، تاکی مۆدیرن خاوەن سێ خەسڵەتی سەره‌کییە: هاودڵی، بزۆکی و بەشداری لە بابەتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا (Dube,1990).

بە بڕوای لێرنێر، بزۆکیی جەستەیی دەبێتە هۆی بزۆکیی کۆمەڵایەتی؛ ئەویش دەبێتە هۆی هێنانەدیی دامەزراوەکان و زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان، واتە هاتنەدیی شارنشینی. بە هۆی زۆریی ژمارەی دانیشتووان و یەکترنەناسین، پێویستی بە یاسا و پۆلیس بۆ پاراستنی نەزمی کۆمەڵایەتی، دێتە پێش. بەم جۆرەیش ستاندەری جۆری ڕەفتاری کۆمەڵایەتی دێته‌ بوون؛ واتە ڕەفتارێک کە لە لایەن نۆرمی نوێی کۆمەڵایەتییەوە هەمە-پەسەند بێت. گشت ئەمانەیش دەبنە هۆی سەرهەڵدانی "سیستەمێک" لە بەهاگەلی بۆرژوازی یاخود بەهای چینی مامناوەند، بۆ لەخۆگرتنی گۆڕانی کۆمەڵایەتی. بەم شێوه‌یه‌، سیستەمی باج و ڕەخساندنی "دەرفەت" بۆ گشت تاکەکان بەیەکسانی، دێتە کایەوە. بۆ بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانیش، پێویستیی بە لێهاتوویی و شارەزایی دێتە کایەوە. ئەمەیش لە ڕێگەی پەروەردە و فێرکارییەوە به‌دی دێت؛ بۆیە پێویستە سیستەمی پەروەردە، سێکیولار و گشتگیر بکرێت.

گشت ئەمانە نیشان دەدەن کە بیرۆکەی کەسایەتیی بزۆک، یەکەمین بەهای نەزم (order value)ی کۆمەڵایەتییە. بەم پێیەیش، بزۆکیی کۆمەڵایەتی، بەردی بناغەی گۆڕانی کۆمەڵایەتییە. هەر بۆیەیش مرۆڤ ببێتە هەر شتێک، کۆمەڵگه‌یش دەبێتە ئەوە. واتە کۆمەڵگه‌ ڕەنگدەرەوەی جۆری ڕەفتار و بیرکردنەوەی مرۆڤەکانییەتی. بە واتایەکی تر، دەره‌نجامی هاتوچۆی تاک، کە بە بزۆکیی جەستەیی (physic mobility) ناو دەبردرێت، لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێكی تر، کە بە بزۆکیی جۆگرافی (geographical mobility) ناو دەبردرێت، دەبێتە هۆی گۆڕانی کۆمەڵایەتی. (واتە کاتێک کە مرۆڤ لە ڕووی جەستەیییەوە گەشت دەکات و سنوورەکان دەرباز دەکات، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە مرۆڤ فێری کولتووری کەسانی تر ببێت و بچێتە ژێر کاریگەریی دونیابینیی ئەوان یاخود، کاریگەری لەسەر دونیابینیی ئەوان دروست بکات، بە واتایەکی تر کارتێکەریی کەلتوری دێتەکایەوە و ئەمەش گۆڕانی کۆمەڵایەتی دروست دەکات.)

کۆمەڵگه‌ی بزۆک، لەسەر بنەمای عەقڵانییەت کار دەکات؛ چونکە لێرە پلە و پایە و پیشەکان بۆماوەیی (ascriptive) نییە، بەڵکوو تاکەکان دەبێ هەوڵی بەدەستهێنان و گەرەنتیکردنی داهاتووی خۆیان بدەن. کردەی عەقڵانی، کردەی مەبەستدار و ئامانجدارە و لەسەر بنەمای باوەڕ نییە. مرۆڤ، لە ڕێگەی کردەی عەقڵانییەوە، یان سەر دەکەوێت یان شکست دێنێت؛ ئەمەیش لە نێوه‌ندی تاقیکردنەوەی کردەوەکانی دەردەکەوێت، نەک لە ڕێگەی پاڕانەوە و عیبادەت.

لێرنێر بەم جۆرە باس لە خەسڵەتەکانی کەسایەتیی بزۆک دەکات: یەکەم، توانایەکی بەرزی بۆ ناسین و دۆزینەوەی ژینگەی دەوروبەری خۆی هەیە. دووەم، میکانیزمی پێویستی لەبەردەستە تا وەڵامی داواکارییە نوێیەکانی کۆمەڵگه‌ بداتەوە؛ هەروەها وەڵامی ئەو داواکارییانەیش بداتەوە کە لە دەرەوەی ئەزموونی هاوبەشی ئەو لەگەڵ کەسانی تر سەریان هەڵداوە. ئەم میکانیزمەیش بە دوو جۆر کار دەکات: وێناکردن (Projection)، بە مانای قبووڵکردنی ئەوانەی کە وەک منن. دەمجبوون (introjection)، واتە توانەوە لەناو ئەو کەسانەی کە وەک منن. بۆ هەر دوو ئەم چەمکانە، دەکرێت چەمکی هاودڵی (empathy) بەکار بهێنرێت. هاودڵی بەو مانایە دێت کە کەسێک، خۆی لە بارودۆخی کەسێکی تردا وێنا بکات؛ واتە خۆی لە شوێن کەسێکی تر دابنێت. بەم جۆرەیش کەسەکە دەتوانێت وەها هزر بکاتەوە کە توانای ئەنجامدانی هەر کارێکی هەیە. واتە دەتوانێت ڕیسک بکات و ببێتە کەسایەتییەکی موغامر (سه‌ركێش). هاتنەدیی کەسایەتیی بزۆکیش پێویستیی بە ژینگەی مۆدێرن هەیە؛ واتە ژینگەی بەپیشەسازیبوو، شارنشین، خوێندەوار و بەشداریکەر. لە کۆمەڵگه‌ی تەقلیدیدا، ئەم ژینگەیە بوونی نییە و تاکەکان لە ڕێگەی خزمایەتییەوە پێکەوە گرێدراون، کە لە کۆمەڵەکانی تر و لە ناوەندی دەسەڵات دابڕاون. لەم کۆمەڵگه‌یەدا دابەشبوونی کاریی گوند-شار بوونی نییە و، پێداویستییەکان پێداویستیی سەرەتایین و، مرۆڤەکان تەنیا کەسانی چوارچێوەی خۆیان دەناسن. هەر بۆیەیش لە دەروەی سیمبۆلی ئەم خێڵ و گرووپانە، تاک پێویستی بە بوونی سیمبۆلی دووەم (secondary symbol) نییە. لەم جۆرە کۆمەڵگه‌یەدا، ئایدیۆلۆژیی نەتەوەیی، کە لە ڕێگەیەوە تاکەکان بچنە ناو ململانێی سیاسی و کۆدەنگیی سیاسی بێتە کایەوە، بوونی نییە، بەڵام لە کۆمەڵگه‌ی مۆدێرندا ئەم کۆدەنگییە بوونی هەیە و بە بەشداریی سیاسی ناو دەبردرێت.

سەرەڕای ئه‌م جۆرە بزۆکییه‌ جەستەیی و جوگرافییە، جۆرێکی تری بزۆکی هەیە کە لێرنێر بە بزۆکیی دەروونی (Psyche) ناوی دەبات. ئەم بزۆکییە لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئامرازەکانی ڕاگەیاندنەوە دێتە کایەوە. لە نێوه‌ندی ئەم ئامرازانەدا تاکەکان فێری که‌لتووری گەلانی تر دەبن. گرنگیی ئەم جۆرە بزۆکییە لەوەدایە، کە چونکە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا یاساکانی هاتوچۆ لە نێوان وڵاتاندا توند بووە، بۆیە ئەم جۆرە بزۆکییە کە بەبێ دەربازبوون لە سنووری جوگرافی و بەفیڕۆدانی کات، سنوورەکان تێک دەشکێنێت زۆر گرنگە. کەواتە، گشت ئەم جۆرە بزۆکییانە، پێکەوە ترۆپکی مۆدێرنیتە دروست دەکەن و ئاماژەیەکیشە بۆ گرنگیی پەیوەندی (communication) بە گشت جۆرەکانییەوە لە پرۆسەی نوێگەراییدا.

لە کۆتاییدا، لێرنێر بەم دەرەنجامە دەگات کە پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان شارنشینی، خوێندەواری، ڕێژەی دەنگدان و بوونی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و بەکارهێنانی ئەم ئامرازانەدا هەیە. ئەمەیش بەو مانایە دێت، کە لە پرۆسەی مۆدێرنیتەدا، پێویستە گشت ئەم فاکتەرانە پێکەوە پەرە بستێنن. بەپێچەوانەوە، تەرازووی مۆدێرنیتە لاسەنگ دەبێت و ئەگەری وەستانی ئەم پرۆسەیە دێتە ئاراوە. لەگەڵ ئەمەیشدا لێرنێر ئاماژە بەوە دەدات، کە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین (واتە ئەو شەش وڵاتەی کە توێژینەوەیان لەسەر کراوە) زۆر کەس بەرەو شارەکان کۆچ دەکەن کە هیچ پیشەیەکیان نییە. هەر بۆیەیش ڕۆڵی بەکارهێنەر (consumer) ناگێڕن، چونکە بەکارهێنان وا دەکات کە چالاکیی ئابووری و بازرگانی لە لایەن تاکەکانەوە پەرە بسێنێت؛ بەڵام ئەم کەسانەی کە لە شارەکاندا دەژین و بەکارهێنەر نین تەنیا بارگرانی لەسەر شارەکان دروست دەکەن.

لێرنێر سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان بەکارهێنانی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و خوێندەواریدا، ئاماژە بە ڕۆڵی نەرێنیی دەوڵەت دەدات. ئەو دەڵێت زۆر جار دەوڵەت، بۆ نموونە ڕادیۆ، بەخۆڕایی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەکات. ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی کە تاکەکان هەوڵی فێربوونی خوێندەواری (کە فاکتەرێکە بۆ بەشداریی سیاسی و ئابووری و بزۆکیی کەسایەتی) نەدەن؛ ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە گەلانی وڵاتانی دواکەتوو بە گەورەیی سەیری ڕابردووی خۆیان دەکەن و ترسیان لە داهاتوو هەیە.

سەبارەت بە ڕۆڵی ئایین، لێرنێر ئایین بە یەکێک لە لەمپەرەکانی بەردەم مۆدێرنیتەی کۆمەڵگه‌کانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین هەژمار دەکات. بە بڕوای ئەو، "تەزریقکردنی عەقڵانییەت و ڕۆحی پۆزیتیڤیستی" (ل، ٤٥)، بەتایبەتیش لە هەمبەر ئیسلام، یارمەتیدەری پرۆسەی مۆدێرنیتە دەبێت، چونکە لەم ڕێگەیەوە تاکەکان بەهای نوێ پەسەند دەکەن. هەڵبەت ئەم جۆرە بۆچوونە، دەتوانێت لەمپەری زۆرتر بخاتە بەردەم پرۆسەی مۆدێرنیتەوە، بەتایبەتیش لە لایەن بنیاتگەراکانەوە (fundamentalists) و، دەکرێت وەک چەکێک بەکار بهێنرێت بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەوڵیکی مۆدێرنیتە‌ لەم کۆمەڵگه‌یانەدا و ڕەتکردنه‌وه‌ی گشت بەهاکانی ڕۆژاوایی.

لێرنێر لە پێناو مۆدێرنبووندا تەنانەت جەخت لەسەر چۆنێتیی جلوبەرگپۆشین دەکاتەوە. ئەو لە خوێندنەوەی کۆمەڵگه‌ی تورکیادا، دەڵێت پۆشینی شەڵوار (Sholvars) هێمای کۆمەڵگه‌ی تەقلیدی، کشتوکاڵی، نەخوێندەوار و دابڕاوە لە جیهان، بەڵام نەوەی نوێی تورکیا پانتۆڵ لەبەر دەکەن وەک هێمایەک بۆ مۆدێرنیتە(p:40-46. تەنانەت ئەو، گۆڕینی دەستنووسی عەرەبی، کە بە کۆن ناوی دەبات، بە دەستنووسی نوێی لاتینی بە بەشێک لە هەنگاونان بەرەو پرۆسەی مۆدێرنیتە لە تورکیا، هەژمار دەکات.

لێرنێر لەو بڕوایەدایە کە گشت کۆمەڵگه‌کانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە پرۆسەی مۆدێرنیتەدا هەمان ڕێچکەی ڕۆژاوا دەگرنە بەر. هەر بۆیەیش ئەو، ئەم بۆچوونە بە نەژادگەرایی (ethnocentrism) هەژمار ناکات، کە گوایە مۆدێرنیتە، سەپاندنی بەهاکانی ڕۆژاوایە. ئەو دەڵێت لە پرۆسەی مۆدێرنیتەدا و لە گشت جیهاندا کۆمەڵێک پرەنسیپی نەگۆڕ هەن. واتە، لە گشت شوێنێک زیادبوونی شارنشینی، دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاست و ڕێژەی خوێندەواری. زیادبوونی خوێندەواری، دەبێته‌ هۆی بەرزبوونی ڕێژەی بەکارهێنانی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن. بەکارهێنانی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن، هاوکات دەبێت لەگەڵ بەرفراوانبوونی بەشداریی ئابووری (گەشه‌ی داهاتی تاکەکەسی) و بەشداریی سیاسی (دەنگدان). هەر بۆیەیش لێرنێر ئەزموونی ڕۆژاوا لە مۆدێرنیتەدا بە گرنگ دەزانێت. ئەو، گوتەی مارکس سەبارەت بە وڵاتانی دواکەتوو کە دەڵێت "وڵاتانی پێشکەوتووی پیشەسازی، وەک ئاوێنەیەک ڕەنگدانەوەی داهاتووی وڵاتانی دواکەوتووە"، بەم جۆرە دەخاتە ڕوو: "ڕۆژاوا ئێستا چۆنە.... ڕۆژهەڵاتی ناڤین هەوڵ دەدات کە وەها بێت" (what the West is,, the Middle East seeks to become: p47).

لە بەشەکانی داهاتوودا باس لە توێژینەوە مەیدانییەکەی دانیێل لێرنێر لەسەر شەش وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست دەکەین.