کەتەلۆنیا و مافی بڕیاردانی چارەنووس

دەستپێك

بڕیارە لە ڕۆژی ١/١٠/٢٠١٧ لە هەرێمی کەتەلۆنیا بە مەبەستی دروستکردنی کۆماری کەتەلۆنیا ڕیفراندۆمێك بكرێت. ئەم هەرێمە چەندین ساڵە بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە: "ئیپسانیپەروەرەکان" و بەرەی "کەتەلۆنیاپەروەرەکان". ئەم دوو بەرەیە لە هەموو بوارەکانی ژیانی ئەم هەرێمەدا ڕەنگی داوەتەوە؛ هەر لە بواری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، هەتاوەکوو وەرزشی. ئەم دوو بەرەیە، گەیشتوونه‌تە دووڕیانێک. کەتەلۆنییەکان دەیانەوێت بە خۆیان بڕیاربدەن کە ئایا دەتوانن لەگەڵ ئیسپانییەکان بەردەوام بن و لە هەمان دەوڵەت بژین، یان نا. پرسیاری ڕيفراندۆمی کەتەلۆنیا لە ڕۆژی ١/١٠ بریتییە لەوەی "ئایا دەخوازیت کەتەلۆنیا ببێت بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە شێوەی کۆمار؟"

ئەگەر بگەڕێیینەوە بۆ پرسە مێژوویییەکان، لەسەردەمی فرانکۆ (١٩٣٩ تا ١٩٧٥) چەندین جار هەڵوێست و کاری دژ بە کەتەلۆنییەکان ئەنجام دراوە بەڵام هیچ کاتێک نەگەیشتووە بەوەی تاوانی جينۆساید، یان تاوانی دژەمرۆڤایەتی دژی کەتەلۆنییەکان ئەنجام درابێت. لە دوای کۆتاییی حوکمی فرانکۆ، ئیسپانیا هەنگاوی گەورەی بەرەو ديموکراسی و پاراستنی مافی مرۆڤ ناوە، بەتایبەتیش ئێستا یەكێکە لە ئەندامە گرنگەکانی ناو یەکێتیی ئەوروپا.

تا نووسینی ئەم چەند دێڕە، هەردوو وڵاتی دایك (ئیسپانیا و عێراق) بەتەواوی دژی پرسی جیابوونەوەی ئەم دوو هەرێمەن (كه‌ته‌لۆنیا و كوردستان). كوردستان و کەتەلۆنیا بەرەو ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی تاكلایەنە دەڕۆن. ئەم جۆرە ڕاگەیاندنە لە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتیدا بەقورسی قبووڵ دەکرێت. یەكێتیی ئەوروپا بە ڕیفراندۆمی کەتەلۆنیا ڕازی نین، لە هەمان کاتدا دەوڵەتانی دراوسێی کوردستانیش تا ئێستا دژی بيرۆکەی ڕیفراندۆمن. كوردستان و کەتەلۆنیا پێگەی جيۆپۆلیتیکیان زۆر جیاوازە. هەبوونی دەروازەی دەریایی و سروشتی ئاشتەوایی لە ئەوروپا، ئاسانکاریی زیاتر دەکەن بۆ کەتەلۆنییەکان.

پێشتر پرسی سەربەخۆییی کەتەلۆنیا لە قۆناغێکی کێشمەکێشی سیاسیی نێوان حزبەکانی کەتەلۆنیا بوو، بۆیە هەنگاویکی ڕاستەقینە بەرەو ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی، بەدی نەدەکرا؛ بەڵام ئەم پرسە ئێستا بەدامەزراوەیی کراوە. هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی ٢٠١٥، خۆی لە خۆیدا شێوە ڕیفراندۆمێكی پێوە دیار بوو. لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا، گەورەترین و ئاشکراترین دروشم کە حزبەکان لەو هەڵبژاردنەدا هەڵیان گرتبوو، سەربەخۆبوونی کەتەلۆنیا، یان مانەوە بوو لەگەڵ ئیسپانیا. بۆیە دەنگدەر سوور دەیزانی کاتێك دەنگ به‌ پاڵێوراوێك، یان حزبێکی دیاریکراو دەدات، بەرەو سەربەخۆیی دەیبات یان لە ئیسپانیا دەیهێڵێتەوە. لە کۆتاییی ئەم هەڵبژاردنەدا، "سەربەخۆخوازان" توانییان زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی کەتەلۆنیا بەدەستبهێنن. ئەم خولەی پەرلەمانی کەتەلۆنیا ئەرکێکی سەرەکیی هەبوو، ئەویش سەربەخۆبوونە و، بە ڕێگه‌ی یاسایی کاری بۆ دەکەن. 

یەکەم: هۆکارە سەرەکییەکانی سەربەخۆبوونی کەتەلۆنیا

هۆکاری جیابوونەوەی کەتەلۆنیا دەگەڕێتەوە بۆ چەندین پاساو، لێرەدا بەکورتی باسی دەکەین:

١- جیاوازیی که‌لتووری و زمانیی گەلی کەتەلۆنیا بە بەراورد لەگەڵ گەلی ئیسپانیا. کەتەلۆنیاپەروەرەکان چەندین ساڵە کار لەسەر ئەوە دەکەن کە ئەوان گەلێکی جیاوازن و وەکوو ئیسپانییەکان نین. ئیسپانییەکانیش دەڵێن کە دەوڵەتەکەیان لەسەر بيرۆکەی "دەوڵەت-نەتەوە" بنیاتنراوە؛ هیچ جیاوازییەک لە نێوان مەدریدییەك، باسکییەك و کەتەلۆنییەیەكدا نییە. لە عێراق، ئەم پرسە لەمێژە یەكلابۆتەوە، کە کورد و عەرەب دوو گەلی جیاوازن. ئه‌وان دوو گەلی سەرەکیی پێکهێنەری عێراقن کە ئەمەیش لە دەستووری عێراقدا زۆر بەڕوونی ئاماژەی بۆ کراوە، بەڵام دەستووری ئیسپانیا نەیویستووە بانگەشە بۆ ئەوە بکات کە ئیسپانیا لە چەند نەتەوەیەك پێکهاتووە. لە بڕیارێکیدا لە ساڵی ٢٠٠٦، دادگه‌ی دەستووریی ئیسپانیا بەتوندی دژی بەکارهێنانی چەمکی "گەلی کەتەلۆنیا" وەستایه‌وه‌ و، دەڵێت کە گەلی کەتەلۆنیا کەسایەتیی یاساییی نییە، تەنیا یەک گەل هەیە ئەویش گەلی ئیسپانیایە.

٢- پاساوی ئابووری: پرسی سەربەخۆبوونی کەتەلۆنیا لایەنێکی بەهێزی تێدایە و بە بابەتی ئابوورییەوە بەستراوەتەوە. چەندین ساڵە ئیسپانیا بە دەست ئابوورییەکی ناسەقامگیرەوە دەناڵێنێت و، ئاستی ئابووریی کەتەلۆنیا بەرزترە لە ئیسپانیا. دەوڵەمەندیی کەتەلۆنیا، خۆی لە خۆیدا بۆتە پاساوێک بۆ جیابوونەوە لە ئیسپانیا. ئەم هەرێمە نایەوێت باجی زیاتر بۆ بەخێوکردنی هەرێمەکانی تری ئیسپانیا بدات. ئەم بابەتە وادەکات تەنیا بە چاوی بەرژەوەندیی ئابووری بڕوانرێته‌ پرسی سەربەخۆیی. ئەم پرسە زۆر بەتوندی یاری بە ڕێژەی دەنگدانی "بەڵێ" و "نەخێر" لە کەتەلۆنیا دەکات.

٣- چەقبەستووییی هەڵوێستی ئیسپانیا: سیستەمی حوکمی ئیسپانیا، پاشایه‌تیی دەستوورییە.

ئەم وڵاتە بەپێی دەستووری کارپێکراوی ساڵی ١٩٧٨، لە چەند هەرێمێکی ئۆتۆنۆم پێک هاتووە. چەندین جار داواکراوە کە ئەم دەستوورە و سیستەمی حوکم و بەڕێوبردنی وڵات بگۆڕدرێت، بەڵام نەکرا. دەسەڵاتدارانی مەدرید هیچ هەوڵێکی جددییان بەم ئاراستەیە نەداوە. نەك تەنیا هەوڵیان نەداوە بەڵکوو دژی هەموو هەڵوێست و گۆڕانکارییەکن کە لە لایەن هەرێمەکانەوە بۆ بەدەستهێنانیدەسەڵاتی زیاتر پێشنیار کراون. یەکێك لە دەسەڵاتە هەرە کاریگەرەکان بۆ پاراستنی دەستووری، بریتییە لە دادگه‌ی دەستووریی ئیسپانیا. ئەم دادگه‌یە چەندین یاسا و بڕیاری هەرێمەکانی ڕەت كردۆته‌وه‌ و هەڵی وەشاندوون. پرسی سەربەخۆییی کەتەلۆنیا، بەستراوەتەوە بە بڕیارەکانی ئەم دادگه‌یە کە نەیهێشتووە یەك هەنگاویش بەرەو ئەو ئامانجە بنێن. لە دوا هەنگاویشدا لە ڕۆژی ٧/٩/٢٠١٧ کاتێك پەرلەمانی کەتەلۆنی، بڕیاریدا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بکرێت، دادگه‌ی دەستووری یەکسەر بڕیاریدا كه‌ ئەم ڕیفراندۆمه‌ هه‌ڵپه‌سێردرێت.

دووەم: مافی بڕیاردان

چەقی کێشەکان لە نێوان حکوومەتی ناوەندیی مەدرید و کەتەلۆنیا، پرسی "مافی بڕیاردانە". لەبەر تایبەتمەندیی دۆخی ئیسپانیا، کەتەلۆنییەکان لە جیاتی مافی بڕیاردانی چاره‌نووس، داوای مافی بڕیاردان دەکەن. خەڵکی کەتەلۆنیا نە لەژێر کۆلۆنیالیزم بوونە، نە وەكوو میللەتێكی ژێردەستەی وه‌ك کورد چەوسێنراونەتەوە. بۆیە بە شێوەیەکی تر، پرسی مافی بڕیاردانیان هێناوە و کردوویانە بە ئامراز بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانیان. لە ڕۆژی ٢٣/١/٢٠١٣، پەرلەمانی کەتەلۆنیا جاڕنامەی سەروەری و مافی بڕیاردانی کەتەلۆنیای دەرکرد. هەرچەندە پێشتر پەرلەمانی ئیسپانی، ڕیفراندۆمی لەم هەرێمەدا ڕەت کردبووەوە. لە ماددەی یەکەمی ئەم جاڕنامەیەدا هاتبوو کە گەلی کەتەلۆنیا ڕەوایەتیی دیموکراسیی خۆی و کەسایەتییەکی سیاسی و سەروەریی خۆی هەیە. دادگه‌ی دەستووریی ئیسپانیا ئەم جاڕنامەیەی لە ساڵی ٢٠١٤ هەڵوەشاندەوە. لە دوای هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٥، دیسانەوە بابەتی مافی بڕیاردان بۆ سەربەخۆیی هاتەوە ناو پەرلەمانی کەتەلۆنیا و، بڕیاریان دا بە دانانی نەخشەڕێگه‌یەکی نوێ بۆ سەروەری و سەربەخۆیی، کە ئەمجارە لە ڕۆژی ١/١٠/٢٠١٧ دەیانەوێت بەرجەستە ببێت.

چەمکی مافی بڕیاردان، چەمکێکی نوێیە و لە نێوەندی هزری و یاساییی ئیسپانیا زۆر کاری لەسەر کراوە. کەتەلۆنیا دەیەوێت خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، بەڵام دامەزراوە باڵاکانی ئیسپانیا دەڵێن مافی بڕیاردان لە دەستی کۆی ئیسپانییه‌کانە. بە واتایەکی دیكه‌، کێ بڕیار لە چارەنووسی هەرێمێکی وەك کەتەلۆنیا دەدات، ئایا دادگه‌ی دەستووریی ئیسپانیایە؟ پەرلەمانی ئیسپانیایە؟ گەلی ئیسپانیایە؟ پەرلەمانی کەتەلۆنیایە؟ گەلی کەتەلۆنیایە؟ کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتییه‌؟ یەكێتیی ئەوروپایه‌؟ ئه‌مه‌ پرسێکی هەستیارە. مەدرید هەرگيز نەیویستووە "مافی بڕیاردان" بە کەتەلۆنییەکان بدات، لە ئەنجامدا کاردانەوەی کەتەلۆنییەکان توندتربوو و، ئێستا داوای "مافی بڕیاردانی چاره‌نووس" دەکەن.

سێیەم: یاسای ڕیفراندۆم بۆ دیاریکردنی چارەنووس

لە شەوی ٦/٩/٢٠١٧، پەرلەمانی کەتەلۆنیا یاسای تایبەت بە ڕیفراندۆمی بۆ دیاریکردنی چارەنووس دەرکرد. لە کۆی ١٣٥ ئەندام پەرلەمان، ٧٢ پەرلەمانتار دەنگیان بۆ دا. چەندین فراکسیۆنیش بایکۆتی ئەو دانیشتنەیان کرد. ئەم شێوازی دەنگدانە لە ڕووی شکلییەوە زۆر لە دەنگدانەکەی ١٥/٩/٢٠١٧ی پەرلەمانی کوردستان دەچوو. بە بۆنەی ئەم دەنگدانەوە، سەرۆکی کەتەلۆنیا، Carles Puigdemont، ڕای گەیاند: "هیچ لایەنێك نە دەسەڵاتی هەیە و نە توانای هەیە مافی بڕیاردانمان لێ زەوت بکات."

یاساکەی ڕيفراندۆم بۆ دیاریکردنی چارەنووسی کەتەلۆنیا زۆر بەڕێکوپێکی داڕێژراوە؛ لە ديباجەیەک (پێشەکی) و ٣٤ ماددە پێکهاتووە. پەرلەمانی کەتەلۆنیا پشت بە ماددەی یەکەمی هەر دوو بەڵێننامەی نێودەوڵەتیی ساڵی ١٩٦٦ بەستووە دەربارەی مافە مەدەنی و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و که‌لتوورییەکان کە جەخت لە مافی چارەنووسی گەلان دەکاتەوە. ئیسپانیا لە ساڵی ١٩٧٧ ئەم دوو بەڵێننامەیه‌ی قبووڵ کردووە. شایەنی گوتنە عێراقیش لە ڕۆژی ٢٥/١/١٩٧١ ئەم دوو بەڵێننامەیه‌ی قبووڵ کردووە. هەروەها یاساکەی کەتەلۆنیا ئاماژە بە ماددەی یەکەم، بڕگەی دووەمی  چارتەری نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە باسی مافی گەلان دەکات بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان.

پەرلەمانتارانی کەتەلۆنیا دەیانەوێت پرسی سەربەخۆییی خۆیان بە دەستووری ئیسپانییەوە نەبەستنەوه‌، بەڵکوو پشت بە دوو بنەما دەبەستن: مافی چارەنووسی گەلان و ديموکراسی. هەر لە دەیباجەکەدا، پەرلەمانی کەتەلۆنیا پشت بە بڕیاری ژمارە ١٩٩٩/٥٧ دەبەستێت سەبارەت بە مافی بەرزڕاگرتنی ديموکراسی کە لە لایەن کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ مافەکانی مرۆڤ دەرچووە. ئەم بڕیارە بنەماکانی ديموکراسی بە مافەکانی مرۆڤەوە دەبەستێتەوە. یاساداڕێژەرانی کەتەلۆنیا، دەیانەوێت بڵێن کە ئەوان پەيڕەوی دوو مافی نێودەوڵەتیی خۆیان دەکەن کە بریتین له‌ ديموکراسییەت و مافەکانی مرۆڤ. پەرلەمانی کەتەلۆنیا ئاماژە بە ڕای ڕاوێژکاریی دادگه‌ی دادی نێودەوڵەتی دەدەن دەربارەی کۆسۆڤۆ، کە چۆن ئەم دادگه‌یە هەرە باڵایەی کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی، دروستبوونی دەوڵەتی نوێی قەدەغە نەکردووە.

لە ڕێگه‌ی ئەم یاسایەوە، یاساداڕێژانی کەتەلۆنیا هەموو هێڵەکان لەگەڵ حکوومەتی مەدرید هەڵدەپەسێرن؛ تەنیا ڕێگه‌ بۆ کردنەوە، یان داخستنی ئەم هێڵانە بریتییە لە "دەنگدان". پەرلەمانی کەتەلۆنیا، دەبێته‌ تاكه‌ نوێنەری سەروەریی خەڵکی کەتەلۆنیا لەم قۆناغی ڕاگوزەرەدا. هەموو دامەزراوەکانی کەتەلۆنیا، بە ئەنجامەکانی ئەم ڕیفراندۆمه پابەند دەبن‌. ئەگەر دەنگی "بەڵێ" سەرکەوت، دوای دوو ڕۆژ لە ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، سەربەخۆیی ڕادەگەیەنن.

بەرامبەر بە یاسای ڕيفراندۆم بۆ دیاریکردنی چارەنووس، هەموو دەسەڵاتە باڵاکانی ئیسپانیا بەتوندی بەره‌نگاری ئەم هەنگاوە بوونەوە. دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن، یاسادانان و دادوەری بە هەموو شێوەیەک کەوتوونەتە دژایەتی بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم لە ڕۆژی ١/١٠/٢٠١٧ نەکرێت. داواکاری گشتی، فەرمانی بۆ گشت بەرێوبەری یەکە ئیدارییەکان، کە ژمارەیان ٧١٢ یەکە دەبێت، دەرکردووە کە نەچنە ژێر باڵی ئەم ڕیفراندۆمه‌ لە کەتەلۆنیا و، هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاساییی توند دەکات بەرامبەر ئەو بەڕێوبەرانەی کە لەم ڕیفراندۆمه‌دا بەشدار دەبن. داواکاری گشتیی ئیسپانیا داوا لە گشت دامودەزگه‌کانی پۆلیس و ئاسایش دەکات کە بۆ ڕێگەگرتن لە ڕیفراندۆم ڕێوشوێنی یاسایی بگرنە بەر.

چوارەم: یاسای ڕاگوزەری بەرەو کۆماری کەتەلۆنیا

هەرچەندە حکوومەتی ئیسپانیا کەوتە بەربەرکانێ و دامەزراوەکانی یەكێتیی ئەوروپایش لێدوانی دژی ئەم ڕيفراندۆم دا، بەڵام پەرلەمانی کەتەلۆنیا لەم ئاستە ڕانەوەستا و لە ڕێکەوتی ٨/٩/٢٠١٧ یاسایەکی تری دەربارەی قۆناغی ڕاگوزەری بەرەو کۆماری کەتەلۆنیا دەرکرد. ئەم یاسایە زۆر بەتێروتەسەڵی داڕێژراوە. ئەم یاسایە لە ٨٨ ماددە پێکهاتووە و لەسەرەتادا پێشەکییەکی بۆ نووسراوە، مەبەست لێی بيرهێنانەوە و پوختکردنەوەی ئەم یاسایەیە. ئەم یاسایە وەکوو دەستوورێکی کاتی بۆ قۆناغی دوای ڕيفراندۆم و تاوەکوو دانانی دەستوورێکی تەواو بۆ کۆماری کەتەلۆنیای سەربەخۆ، نووسراوە.

ئەم یاسایە یەکسەر لە دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بەرکار دەبێت، لەبەر ئەوەی ئەو ناوچەیە وه‌ك ناوچه‌یه‌كی ئیسپانی نامێنێت و دەوڵەتێکی نوێ جێی دەگرێتەوە. حیکمەت لە دانانی ئەم یاسایە دوو هۆکاری سەرەکییە: یەکەم، بەڕێکردنی قۆناغی ڕاگوزەرییە تاوەکوو دانانی دەستوورێکی نوێ. دووەم، لە کاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتێکی نوێدا بۆشایییەکی یاسایی دروست دەبێت. هەربۆیە ئەم یاساییە کەلێن بە کەلێن بۆشایییە یاسایییەکان پڕدەکاتەوە. لێرەدا بەکورتی هەندێك خاڵی گرنگی ئەم یاسایە دەخەینە ڕوو کە سروشتی کۆماری کەتەلۆنیامان بۆ پێناسە دەکات:

دەوڵەتی کەتەلۆنیا، کۆمارێکی ديموکراسی و سۆسیال دەبێت و لەسەر دەوڵەتی یاسا بنیات دەنرێت. سەروەریی کەتەلۆنیا، بەستراوەتەوە بە گەلی کەتەلۆنیا و بە گەلی "ئارانەکان"؛ دەوڵەت هەموو دەسەڵاتەکانی هەر لەم سەروەرییەوە وەردەگرێت. یاسا کەتەلۆنییەکان تەنیا یاسای بەرکار دەبن تاوەکوو دانانی دەستووری کۆماری نوێی کەتەلۆنیا. یاساکانی یەكێتیی ئەوروپا هەروەک پێشتر، بەشێك دەبن لە یاساکانی کۆماری کەتەلۆنیا. کۆمار بە هەموو شێوەیەك ڕێز لە یاسای نێودەوڵەتی دەگرێت. پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان کە لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەندکراون، لە یاسا ناوخۆیییەکانی کەتەلۆنیا باڵاترن. ئەم یاسایە باس لە سنووری دەوڵەتە نوێیەکە دەکات: چۆنێتیی ڕێکخستنی وڵاتنامەی کەتەلۆنی، ماف و ئەرکەکانی هاووڵاتی، چۆنێتیی ڕێکخستنی دەسەڵاتە باڵاکان، پرسە دارایییەکان، چۆنێتیی هەڵبژاردن و دانانی دەستووری نوێی کۆماری کەتەلۆنیا.

ناتوانین هەموو ورد و درشتی ئەو یاسایە بخەینە ڕوو، بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ کوردستانیان، ئەوەیە کە دەتوانن بۆ بنیاتنانی یاسای کوردستانی سەربەخۆ، سوود لەم یاسایەی کەتەلۆنیا وەرگرن. لە کوردستاندا، لە تەمەنی (٢٦) ساڵەی هەرێمبوونیدا نەتوانراوە دەستوورێك دابنرێت؛ کە ئەمە خۆی لە خۆیدا گەورەترین بۆشاییی یاسایییە کە ئەم هەرێمە پێوه‌ی دەناڵێنێت. لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە دەستووری عێراقی بەڕاشکاوی ڕێگه‌ی داوە کە هەرێم دەستووری خۆی هەبێت؛ هەر دانەنراوە. ئێستا کە لەسەروبەندی دروستکردنی دەوڵەتداین، یەکێك لەو خاڵانەی کە نە کاری بۆ کراوە نە بيری لێ کراوەتەوە، یاساکان و دەستووری دەوڵەتی داهاتووی کوردستانە لە دوای ڕیفراندۆم و لە دوای سەربەخۆیی. تا ئێستا نازانرێت سیستەمی بەڕێوبردنی وڵاتی داهاتوو چۆن دەبێت؟ تا ئێستا نەزانراوە ماف و ئەرکەکانی هاووڵاتیانی کوردستانی نوێ چی دەبێت؟ تا ئێستا نازانرێت پێناسە و پێگەی پێکهاتەکان چی دەبێت؟ ئایا لە قۆناغی دوای ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی، بە هەمان دامەزراوە و یاسا ئەم کوردستانە بەڕێوە دەبردرێت؟ کوردستانیان ئەگەر لە بواری قوربانیدان بۆ سەربەخۆیی زۆر لە پێشتر بن لە کەتەلۆنییەکان، بەڵام لە پرسی یاسایی و دەستووری و دامەزراوە، کەتەلۆنییەکان هەنگاوی مەزنیان ناوە. چیرۆکی گەیشتن بە سەربەخۆییی هەردوو هەرێمی کەتەلۆنیا و کوردستان زۆر جیاوازن، بەڵام هەندێك خاڵی یاسایی و سیاسی، کۆیان دەکاتەوە.