لێرنێر و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

بەشی سێیەم

لە بەشەکانی ڕابردوودا لە ڕوانگەی "لێرنێر"ه‌وه‌ باسمان له‌ پرۆسەی مۆدێرنیتە لە هەر یەک لە تورکیا و لوبنان کرد. لەم بەشەدا باس لە دوو وڵاتی تر، واتە میسر و سووریا دەکەین.

میسر:

لێرنێر بۆ وڵاتی میسر ئەم نازناوە بەکار دێنێت: "میسر: خولانەوه‌یەکی بێسوود" (Egypt: the vicious circle). ئەو هەوڵ دەدات لە ڕێگەی تیشکخستنە سەر ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و پەیوەندی (communication instruments)، دۆخی مۆدێرنیتە لە میسر هەڵسەنگێنێت. میسر لە توێژینەوەکەدا، وڵاتێکە خاوەن ڕێژەیەکی بەرزی شارنشینی؛ بەڵام لە هەمان کاتدا وڵاتێکە هەژار، نەخوێندەوار و نابزۆک کە بە دەست نایەکسانی لە دابەشکردنی داهاتەکاندا دەناڵێنت. بە واتایەکی تر، حکوومەتێکی نادادپەروەر لە میسر حوکمڕانی دەکات و، یەکسانی لە دەستگەیشتن بۆ سەرچاوەکانی و یەکسانی لە هەلی کاردا لە ئارادا نییە. ئامرازەکانی ڕاگەیاندن لەم وڵاتەدا بەسیاسی کراوه‌ و لە خزمەت دەسەڵاتی سیاسیدایە و، کۆمەڵگه‌ لە دۆخێکی ناسەقامگیری بەردەوامدا دەژیت. میسر وڵاتێکە کە خۆی دەخزێنێتە ناو جه‌نگی دەرەکییەوە تا سەرنجی هاووڵاتیان لەسەر کێشە ناوخۆیییەکان دوور بخاتەوە. نوخبەی سیاسیی میسر هەوڵ دەدەن، بەبێ لێکدانەوەی ورد، زۆر بەخێرایی و لە ڕێگەی دروشمی ناسیۆنالیزمی عەربییەوە گۆڕانکاری بەسەر کۆمەڵگه‌ دواکەتووەکەیاندا بهێنن؛ ئەم کارەیش بەبێ ڕەچاوکردن و هەڵسەنگاندنی ڕاددەی سەرچاوەکانی لەبەردەست بۆ گەشەکردن، ئەنجام دەدرێت. بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەجێندای خۆیان، ئەم نوخبەیە کە نوخبەیەکی سەربازگەرایە، دەستی بەسەر ئامرازەکانی پەیوەندی و گەیاندندا گرتووە. نوخبەی سیاسیی میسر، لە ڕێگەی ئامرازەکانی ڕاگەیاندنەوە، بەتایبەتی ڕادیۆ، هەوڵی دا ئایدیۆلۆژییەک دابتراشێت تا لە ڕێگەیەوە کۆمەڵگه‌یەکی یەکدەستی مۆدێرن دروست بکات.  لێرنێر بەم شێوەی خوارەوە ئاماژە بە لەمپەرەکانی بەردەم پرۆسەی مۆدیرنیتە لە میسر دەکات.

یەکەم: کێشەی هەژاری

میسر وڵاتێکی هەژارە. ڕێژەی بەرزی لەدایکبوون و مردنی منداڵی هەیە. تێکڕای ئۆمێد بە ژیان لەم وڵاتەدا ٣٠،٢ ساڵە [واتە تێکڕای تەمەنی کەسێک لە وڵاتی میسردا ٣٠ ساڵ و دوو مانگە]، کە ئاستێکی زۆر نزمە، لە کاتێکدا کە لە ئەمریکا ئاستی تێکڕای ئومێد بە ژیان دەگاتە سەرووی ٦٠ ساڵ. لە میسر نەخۆشی بەربڵاوە و، ئاستی سیستەمی تەندروستی لەوپەڕی نزمیدایە. زەویی کشتوکاڵ کەمە، کەواتە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیش بەپێی پێویست نین. لە ڕێگەی کێشانی کەناڵی ئاو، ڕووبەری ١٢٪ زەویی بەیار گۆڕدراوە بۆ زەویی کشتوکاڵی، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕێژەی ٩٦.٨٪ لە ژمارەی دانیشتووان بەرز بووەتەوە. کەواتە ناهاوسەنگییەک لە نێوان ئاستی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و ڕێژەی بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان لە ئارادایە؛ ئەمەیش دەبێتە هۆی هێنانەدیی گرفتی ئابووری-کۆمەڵایەتی. هاوکات لەگەڵ ئەم کێشەیە، ئاستی شارنشینی لە میسر زۆر کەمە. تێکڕای دانیشتووانی شارەکان بە ڕێژەی ٠.٤٪ بەرز بووەتەوە. تەنیا شاری قاهیرە ئاستی بەرزی دانیشتووانی بەخۆوە بینیوە، کە ئەمەیش وای کردووە ئەم شارە ڕووبەڕووی کێشەی زۆریی دانیشتووان و نەبوونی خزمەتگوزاری ببێتەوە. ئەمەیش بەو مانایە دێت کە کەرتی پیشەسازی، دواکەوتووە و، کەرتی کشتوکاڵیش کەرتی هەرە سەرەکییە. ئەویش بەبێ بەکارهێنانی تەکنه‌لۆژیی نوێ. ژمارەی بەزری دانیشتووانی شار کە هیچ پیشەیه‌كیان نییە، لە ئابوورییه‌کی بەرهەمهێنەردا بەشدار نین و، لە هەمان کاتدا بە هۆی هەژارییانه‌وه‌، لە پرۆسەی سووڕانەوەی دراو (money cycling) بەشدار نین؛ لە دەرنجامدا چینی بزۆک سەر هەڵنادات. لە لایەکی ترەوە، نوخبەی سیاسیی میسر، نەیتوانیوە لانی کەمی ژیانێکی ستاندارد بۆ گوندنشینەکانی وڵاتەکەیان دابین بکەن کە زۆربەی دانیشتووانی میسری پێک دێنن.

دووەم: کێشەی نەتەوایەتی-چینایەتی

میسر لە لایەک هەوڵ دەدات کە خۆی وەک نەتەوەیەکی بەهێز و خاوەن مێژوو وێنا بکات، لە لایەکی تریشەوە پەیڕەوی لە ئایدیۆلۆژیی سۆسیالیزم دەکات؛ ئەویش بەپێی ڕوانگەی تایبەت بە خۆی بۆ ئەم ئایدیۆلۆژییە. ئەمەیش وای کردووە کە میسر لە دووڕیانێکدا بژیت. لە لایەک، سەیری وڵاتانی مۆدێرنی وەک بریتانیا دەکات و، لە لایەکی ترەوە لە دژی ئەم وڵاتانە دەوەستێتەوە، چونکە وڵاتی سەرمایەدارین و لەگەڵ ئایدیۆلۆژیی سۆسیالیزمی میسر یەک ناگرنەوە. بۆیە میسر لە یەک کاتدا هەم لە دۆخی خۆشویستن و هەمیش لە دۆخی ڕقلێبوونەوەدا (hate and love) دەژیت. ئەمەیش وا دەکات کە کەشی سیاسی  لە میسردا، کەشێکی سەقامگیر نەبێت و ناسنامه‌یه‌کی نیشتمانیی ناڕوون بەرهەم بێت. هەر بۆیەیش لە میسر، نە مۆدێلێکی ڕۆژاوایی دەبینرێت نە مۆدێلی یەکێتیی سۆڤیەت. لە لایەکی ترەوە دەسەڵاتی سیاسی، ئەم هزرەی له‌ لای هاووڵاتیی میسر و بەتایبەتیش لەناو چینی جووتیاردا چەقاندووە کە دژایەتیی خۆیان بۆ بەهای ڕۆژاوایی ڕابگەیه‌نن. بەپێی تۆژینەوەکەی لێرنێر لە نێوان چینی جووتیاری میسردا، کە لە ڕاستیدا چینی نەخوێندەوارن و تەنیا لە ڕێگەی ڕادیۆوە کە لە لایەن دەسەڵاتی ناسرییەوە قۆرغ کراوە ئاگایان لە ڕووداوەکان دەبێت، هەستی خۆیان بۆ دژایەتیکردنی بریتانیا ناشارنەوە و بریتانیا بە دوژمن هەژمار دەکەن.

لەگەڵ ئەمەیشدا، هاتوچۆی زانیارییەکان، چینی خوارووی میسری (جووتیار و کرێکار) لەگەڵ پێدوایستییەکانی ژیانی مۆدێرن و خەوبینین بەم ژیانە، ئاشنا کردووە، بەڵام چونکە داهاتیان کەمە و داهاتووی کارەکانیان نادیارە، بۆیە ئەوانیش لە دۆخێکی وەستاودا دەژین.

لێرنێر ئاماژە بەوە دەدات ئەگەرچی نوخبەی سیاسی، هەوڵی دا سوود لە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن وەربگرێت، بەڵام نەیتوانی که‌لتوورێکی سێکیولاری یەکدەست (کە که‌لتووری مۆدێرنە)، لە نێوان چینە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگه‌ (جووتیار، کرێکار، فەرمانبەر و خاوەن پیشە پرۆفێشناڵەکان) دروست بکات. چینی خوێندەواری کۆمەڵگه‌ (پرۆفێشنال و فەرمانبەران) لە نێوه‌ندی بەکارهێنانی ئامرازەکانی ڕاگەیاندنەوە، زۆرتر بەرەو بەهای سێکیولار ئاراستە بوونە، لە کاتێکدا کە چینی نەخوێندەوار (جووتیار و کرێکاران) زۆرتر بەرەو بەهای ئایینی مەیلدارن. ئەمەیش هەم کەلێنی لە نێوان ئەم چینانەدا و، هەمیش لە نێوان ئەم چینانە و نوخبەی سیاسی  و، هەمیش لە نێوان خودی نوخبەی سیاسیدا دروست کرد. هەر بۆیەیش بە بڕوای لێرنێر کۆمەڵگه‌ی میسر لە بۆشاییی دەروونی (psychic gap)دا دەژیت.

لێرنێر ئاماژە بە ڕێکنەکەوتن لە نێوان نوخبەی سیاسی (ئەفسەرە ئازادەکان)ی ئەوکاتی میسر دەکات کە چۆن شۆڕشیان بەرپا کرد، بەڵام هیچ بەرنامەیەکی هاوبەشیان بۆ پێشکەوتنی ئابووری و دیموکراسیی سیاسی نەبوو. ئەم ڕێکنەکەوتنە، ململانێی لە نێوان نوخبەی سیاسیدا بەهێزتر کرد و کاریگەریی نەرێنیی لەسەر کەرتی ئابووری و که‌لتووری سیاسیی ئەم وڵاتەدا دروست کرد؛ ئەمەو سەرەڕای ململانێ لە نێوان نوخبەی شۆڕشگێری سێکیولار و نوخبەی ئیخوانی ئایینی. هزر بۆ گەڕانەوەی گەورەییی میسری کۆن و هزر لە مۆدێرنکردنی کۆمەڵگه‌ی میسری، بۆ لێرنێر، گەورەترین گرفتی بەردەم نوخبەی سیاسیی میسر بوو. واتە میسر هەم هەوڵی دەدا کە شکۆی ڕابردوو بگەڕێنێتەوە، هەمیش چاوی بڕیبووه‌ داهاتوویەکی مۆدێرنی پێشکەوتوو. ئەمەیش بووە هۆی ئەوەی کە لە کۆتاییدا، میسر بەرەو کۆمەڵگه‌یەکی بەسیاسیکراو هەنگاو بنێت کە بەرژەوەندیی چینەکان لە دژی یەک وەستابوونەوە و خودی چینەکانیش جیهانبینیی جیاوازیان هەبوو. لە کاتێکدا کە زۆربەی جووتیاران لە چوارچێوەی بەها تەقلیدییەکانی خۆیاندا مابوونەوە و بە کێڵگەکانیان گرێ درابوون، چینی کرێکار سێ خەسڵەتی وەگرتبوو: ١. بزۆکی ٢. لەخۆبێگانەییی سیاسی ٣. یۆتۆپیانیزمی کۆمەڵایەتی. زۆڕیک لە کرێکارەکانیش بە هۆی دەستنەکەوتنی کار، لە شارەکانی میسر بەرەو جیهانی دەرەوە کۆچیان کرد.

لە دەرەنجامدا، بە بڕوای لێرنێر، کۆمەڵگه‌ی میسر کۆمەڵگایەکە لەسەر دووڕییانی نادیاردی ململانێ لە نێوان چینەکاندا وەستاوە: ململانێ لە نێوان نوخبەی سێکیولار و ئایینی و، لە نێوان نوخبە و کۆمەڵگه‌دا. گشت ئەم ململانێیەیش لە کۆمەڵگه‌یەکدا ڕوو دەدات، کە لە ڕووی سەرچاوەکانی پێویست بۆ بووژانەوە و گەشەسەندن، کۆمەڵگه‌یەکی هەژارە. ئەمەیش وا دەکات کە میسر بەردەوام لە خولانەوەیەکی بێسووددا بژیت.

سووریا

لە لایەن لێرنێرەوە، سووریا بە "کانگه‌ی توندڕەوی" (Syria: the lures of extremism) ناو نراوە. وڵاتێکی پڕ لە کێشە، کە نەزمی کۆمەڵایەتی و سەقامگیریی سیاسیی تێدا بوونی نییە. هیچ جۆرە کۆڵەکەیەکی مۆدێرنیتە لەم وڵاتەدا نابینرێت و تەنانەت دەسەڵاتی سیاسییش تێکەڵێکە لە سۆسیالیزم و ئایین و ناسیۆنالیزمێکی توندڕوی بەعسی. لە سووریا، دەسەڵاتی سیاسی، کە پێویستی بە هێنانەدیی نەزم بوو، پەنای بردە بەر سەربازگەرایی. نایەکسانی لەوپەڕی خۆیدایە و، چینی جووتیار و کرێکاریش لە پرۆسەی سیاسیدا بەشدار نین. وەرچەرخانی سیاسی لەم وڵاتەدا لە دەرنجامی هەستانەوەی کۆمەڵە بێبەشکراوەکان نییە، بەڵکوو لە دەره‌نجامی ڕێککەوتنی نێوان ئەفسەرانی گەنج و ڕۆشنبیرانی ڕادیکاڵە. حوکمڕانی لەم وڵاتەدا، تووشی گرفتی سەرهەڵدانی چینی نوێ بووەتەوە. دامەزراوە تەقلیدییەکان لە ناو براون، لە کاتێکدا کە دامەزراوە نوێیەکان دواکەوتوون. بەپێچەوانەیشەوە، ئەگەر حکوومەت دامەزراوەی ناکار دابمەزرێنێت، شانسی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و پتەوبوونی سەقامگیری کەم دەبێتەوە. بە واتایەکی تر، بە هۆی نزمیی ئاستی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی، ئەگەری سەرهەڵدانی حوکمڕانییەکی کارا کەم دەبێتەوە. لە سووریا، ئابووری دواکەتووە و، هاووڵاتییش لە ڕووی سیاسییەوە بەشداریکەر نییە. کەواتە هاووڵاتی، بەشداریکەرێکی چالاکی ئابووری-سیاسی نییە.

سووریا بەدەست کۆمەڵێک کێشەوە دەناڵێنێت. ئابووری لە دۆخی مۆدێرنبووندا، پێویستی بە دابەشبوونی کار هەیە. دابەشبوونی کاریش واتە هەنگاونان بەرەو بەپیشەسازیبوون و دامەزراندنی کارگە. بەڵام لە سووریا، نزیکەی ٧٤٪ی دانیشتووان  پشت بە کەرتی کشتوکاڵی دواکەتوو و دوور لە تەکنه‌لۆژیی مۆدێرنی کشتوکاڵی دەبەستن و تەنیا ١٪ لە دەستی کار لە کارگەکاندا کار دەکەن. گرفتی کشتوکاڵ لە سووریادا نەك تەنیا دواکەوتووییی ئەم کەرتەیە بەڵکوو لە زۆر ناوچەدا جووتیاران خاوەن زەوی نین و، جووتیاران ناچارن کە نزیکەی ٧٠٪ تا ٨٠٪ی بەرهەمەکانیان لەگەڵ خاوەن زەوییەکاندا (ئاغا) دابەش بکەن. زۆر جاریش بەرهەمە کشتوکاڵییەکان تەنیا بەشی خۆراکی جووتیاران دەکات و ناگاتە بازاڕ. واتە، ئابووری، ئابوورییه‌کی بژێوییە. ئەمەیش گرفتی ئەوە دروست دەکات کە پێویستە ئابووریی بەمۆدێرنکراو ئاستی داهاتی تاکەکەسی بەرز بکاتەوە، بەڵام چونکە لە سووریا ١.  کشتوکاڵ دواکەوتووە و بەرهەمەکان زۆرتر بەشی خودی جووتیارەکان ناکات، ٢. کەرتی پیشەسازی بوونی نییە و، ٣. سەرچاوەی سروشتییش بەپێی پێویست لەبەردەستدا نییە، کەواتە سووڕانەوەی دراو و بەرزبوونەوەی داهاتی تاکەکەسی لە ئاستی پێویستدا نییە. سەڕەرای ئەم گرفتە، لە ڕووی ئامرازەکانی گواستنەوەیشەوە کە دەبنە هۆی هێنانەدیی بزۆکی، ڕێگه‌وبانەکانی سووریا لەوپەڕی خراپیدان، بەتایبەتیش لە وەرزی زستان. زۆرێک لە ڕێگه‌وبانەکانی ناوچەکانی ئەم وڵاتە، پێکەوە نابەستنەوە. گشت ئەمانە وای کردووە کە سووریا ڕووبەڕووی قەیرانی نەبوونی ئامرازی پەیوەندیی گشتی (public communication) ببێتەوە. ئەمەیش کاریگەریی نەرێنی لەسەر پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆن لەم وڵاتەدا دروست دەکات.

لە سووریا، هەژاری و نەخوێندەواری، گەشەی ئامرازەکانی ڕاگەیاندنی سنووردار کردووە. لە ساڵی ١٩٤٩دا، کاتێک کە تێکڕای داهاتی تاکەکەسی (per capita income) لە وڵاتەدا ١٠٠ دۆلار بوو، کەچی نرخی یەک ڕادیۆ ١٣٥ دۆلار بووە.  بە هەر ٦٠ کەس یەک ڕادیۆیان وەبەر دەکەوت. تەنانەت ئەگەر ڕادیۆیش هەبووایه‌، چونکە کارەبا بەپێی پێویست نەبوو، گۆڕینی باتریی ڕادیۆکان، پارەی دەویست؛ ئەمەو سەرەڕای خراپیی وێستگەکانی پەخشکردن لە ناوچە دوورەدەستەکاندا. بەکارهێنانی ڕۆژنامە لە ئاستێکی نزمتردایە؛ ئەویش هەم بە هۆی کێشەی دارایی و هەمیش بە هۆی نەخوێندەواری. گشت ئەمانە وای کردووە کە هەستێکی لاوازی نەتەوەگەرایی لە سووریا بوونی هەبێت و خەڵک لە سیمبۆلە نەتەوەیییەکان تێ نەگات.

ڕۆڵی نەرێنیی مەندێتی فەڕەنسا [مەندێت واتە وڵاتێک لە ژێر سەرپەرشتیی وڵاتێکی تردا بێت، زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە لە دەوڵەتی عوسمانی جیاکرانەوە چۆن ژێر مەندێتی بەریتانیا و فەرەنسادا] کێشەکانی زۆرتر کردووە. لە سووریا، فەڕەنسا ڕۆڵی دووبەرەکینواندنی گێڕا. فەڕەنسا، لە لایەک نوخبەی بازرگان- زەوەیدار، [واتە بازرگانەکان و ئەو کەسانەی خاوەن کێڵگەی کشوکاڵیی گەورەن] دەوڵەمەند کرد (واتە دروستکردنی کەڵێنی چینایەتی)، لە لایەکی تریشەوە هانی کەمینەکانی -زمانی، نەتەوەیی و ئایینییەکانی- ناو سووریای دەدا کە بەدوای بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیاندا بکەون. ئەمەیش هەم توانای دەسەڵاتی ناوەندیی بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە و پلانەکانی لاواز دەکرد و هەمیش ڕۆحی بەشداریکردنی کەمینەکانی لە پرۆسەی سیاسیدا کەم کردەوە.  

لە ڕووی خوێندەوارییەوە، سووریا چەندین کێشەی هەیە. نوخبەی سیاسی، هەستی ناسیۆنالیزمی وەها جووڵاند کە قوتابخانە فەڕەنسییەکان دابخرێن و هانی خوێندن بە زمانی عەرەبی بدرێت. کێشە لێردا بوو کە هاوکات لەگەڵ داخستنی قوتابخانە فەڕەنسییەکان، قوتابخانە لۆکاڵییەکان هێندە بەهێز نەبوون کە بتوانن شوێنی ئەوان بگرنەوە. لە لایەکی ترەوە، کاتێک کە کەرتی پیشەسازی خەریکی پێگرتنە و پێویستی بە ئەندازیار و دەستی کاری شارەزا هەیە، کەچی سیستەمی پەروەردە بەس خەریکی بەرهەمهێنانی پزیشک و پارێزەر بوو. پزیشکەکانیش بەسەر گشت ناوچەکانی وڵاتدا دابەش نەکراون، بەڵکوو تەنیا لە شارە گەورەکاندا خەریکی ململانێی ناوخۆیاندا بوون. تا ساڵی ١٩٥٠ نزیکەی ٥٠٪ی کۆی گشتیی دەرچووانی زانکۆ، بواری پارێزەری (یاسا)یان تەواو کردبوو. خودی ئەم جۆرە سیستەمی پەروەردەیە، بۆشایییەکی گەورەی لە نێوان چینی خوێندەوار، کە زۆرتر هەڵگری بەهای ڕۆژاوایی بوون، لەگەڵ چینی نەخوێندەوار، بەتایبەتیش گوندنشیان دروست کرد. لە لایەکی ترەوە، چونکە کەرتی پیشەسازی و خوێندن لە بواری پیشەیدا لەم وڵاتەدا لاواز بوو، زۆربەی دەرچووانی زانکۆ دەبوونە بەشێک لە سیستەمی بیرۆکراسیی حکوومەت. ئەم ده‌رچووانە ئەگەر لەم کەرتی بیرۆکراسیی حکوومەتدا کاریان نەدۆزیبایەوە، خۆیان بە قوربانیی نادادپەروەریی سیستەم هەژمار دەکرد. ئەم چینە، کە لێرنێر بە "ئەفەندییە گەنجەکان" (Young Effendis) ناویان دەبات و سەر بە چینی ناوەندیی کۆمەڵگه‌ بوون، ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێن، بە هەڕەشە لەسەر سیستەمی سیاسی هەژمار دەکرێن و زۆرتر ئاراستەی سیاسیی ڕادیکاڵ دەگرنە بەر. بەپێی توێژینەوە مەیدانییەکەی لێرنێر، ئەم چینە زۆرتر گوێ لە هەواڵە سیاسییە ڕادیکاڵییەکان دەگرن و زۆرتر مەیلیان بۆ سیستەمی دیکتاتۆری هەیە تا سیستەمی دیموکراسی؛ جا ئەم سیستەمە لەسەر ستایلی کۆمۆنیستی بێت یان سەربازی، یان فاشیتی بێت یان ناسیۆنال سۆسیالیست.

کۆتاییی بەشی سێیەم.

  • لە بەشی داهاتوودا تیشک دەخەینە سەر تۆێژینەوەکەی لێرنێر لە هەر دوو وڵاتی ئۆردن و ئێراندا.