لێرنێر و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشی چوارەم و کۆتایی

ئوردن:

لێرنێر، ئوردن بە "وڵاتێک و دوو نەتەوە" (Jordan: one state with two peoples) ناو دەبات؛ واتە نەتەوەی ئوردن و نەتەوەی فەڵەستین. فەڵەستینییەکان لە ئوردنییەکان خوێندەوارترن و لە ڕووی ڕێژەی دانیشتووانیشەوە دوو جار لە خودی ئوردنییەکان زۆرترن. ئوردن بە کۆمەڵگه‌یەکی تەقلیدی هەژمار کراوە کە چەندین ناوەندی هێز تێیدا بوونی هەیە و، خەمی سەرەکیی دەسەڵات کۆنترۆڵکردنی ئەم ناوەندانەیە. کێشەی ئوردن بریتی بوو لەوەی مۆدێرنیتە لە لایەن خەڵکەوە بەرهەڵستی دەکرا. لێرنێر دەڵێت گرفتی ئوردن لە لایەن جیهانی مۆدێرنەوە (مەیل بۆ مۆدێرنبوون) بەسەریدا نەسەپاوە، بەڵکوو لە لایەن خودی خۆیانەوە بەسەریاندا سەپێنراوە؛ بەو مانەیەی کە ئوردن وڵاتیکی بیابانە کە دانیشتووانی کۆچەرین، بەڵام ئێستا دەبێ لەگەڵ چەمکی دەوڵەت و نەتەوەی مۆدێرن و وڵاتی درواسێ هەڵبکەن.

ئوردن، وەک وڵاتانی تری ناوچەکە، بەدەست چەندین کێشەوە دەناڵێنێت. کۆمەڵگه‌کە زۆرتر کۆمەڵگه‌یەکی ئاژەڵدارییە تا کشتوکاڵی. کەرتی پیشەسازی لەوپەڕی دواکەوتووییدایە. سەرچاو سروشتییەکان، بەتایبەتیش ئاو، کەمە و، پەنابەرە فەڵەستینییەکانیش بەسەر حکوومەتدا بارگرانین. چینی خوێندەوار زۆرتر بەرەو دەرەوە کۆچ دەکات، کەچی پاشای ئەم وڵاتە لە دەرەوە هاوردە کراوە. بۆیە چاندنی بیرۆکەی ئوردنیبوون کارێکی قورسە. لە ڕووی سیاسییشەوە، بەشداریی سیاسی لە ئاستی زۆر نزمدایە.

لە ڕووی ئامرازەکانی ڕاگەیاندنەوە، تا ساڵی ١٩٤٩ ئوردن خاوەن وێستگەی پەخشی ڕادیۆیی نەبوو، بەڵکوو سوودی لە وێستگەی پەخشی ڕامەڵڵا لە فەڵەستین وەردەگرت. لە ساڵی ١٩٥١، یەکەمین وێستگەی پەخشی ڕادیۆ لە عەممان دامەزرا. لەگەڵ ئەمەیشدا، بەکارهێنانی ڕادیۆ لە ئاستێکی نزمدایە؛ ژمارەی ئەو ڕادیۆیانەی لە ئوردن هەن، بە هەر هەزار کەس یەک ڕادیۆی بەر دەکەوێت. خوێندنی ڕۆژنامەیش لە ئاستێکی زۆر نزمدایە؛ نزیکەی نێوەی ئوردنییە ڕەسەنەکان ڕۆژنامە ناخوێننه‌وه‌.

بەڵام لە کۆتاییی ساڵی ١٩٤٠ و سەرەتای پەنجاکان، شای ئوردن هەڵوێستی توندی لە هەمبەر ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و، بەتایبەتیش ڕۆژنامەکانی گرتە بەر. زۆرێک لە ڕۆژنامەکان قەدەغە کران. سانسۆر بەوپەڕی خۆی گەیشت و، زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان دەستی پێ کرد. زۆرێک لە هەواڵ و چالاکییە سیاسییەکان لە دەرەوەی ئوردن دەنووسران و بەدزییەووە بۆ ناوەوەی ئوردن دەنێردران. ئەمەیش وای کرد کە لە لایەکەوە پاشای ئوردن دەسەڵاتی ڕەهای هەبێت و، لە لایەکی ترەوە ڕێگەی بۆ سەرهەڵدانی ڕەوتە توندڕەوەکان کردەوە.

سەڕەرای ئەم کێشەیە، ئوردن لە ڕووی ناوخۆیییەوە ڕووبەڕووری بەرپەرچدانەوەی جەماوەری سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی ببوو. ئەم سیاسەتە، بەتایبەت لە لایەن فەڵەستین و حزبی کۆمۆنیستیبەوە بەڕێوە دەچوو و تا دەرەنجام که‌لتوورێکی دژە-ڕۆژاوایی بەرهەم هات و، خۆپێشاندان و دەستلەکارکێشانەوەی حکوومەت خەسڵەتی سەرەکیی ساڵانی ١٩٥٠ی ئوردن بوو. واتە ئوردن بەبەردەوامی لە ناسەقامگیریی سیاسی-کۆمەڵایەتیدا دەژیا، کە دواجار کاریگەریی نەرێنیی خستە سەر سەقامگیری و بووژانەوەی ئابووری لەم وڵاتەدا.

لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ڕاددەی پەیوەندیکردن و هەبوونی زانیاری سەبارەت بە جیهانی دەرەوە، لێرنێر کۆمەڵگه‌ی ئوردنی بەسەر چوار چیندا دابەش دەکات:

  • کۆچەری (بەدەوی)
  • جووتیاری نیشتەجێی گوند
  • خاوەنکار (enterpriser)؛ واتە ئەوانه‌ی کە خاوەن پیشەی بازرگانی و سەر بە چینی ناوەندن.
  • دوا چین، چینی نوخبەیە؛ واتە چینی خوێندەواری ناوەند و سەروو-ناوەند (upper-middle class).

ئەم چوار چینە لە ڕووی ڕەفتاری پەیوەندیکردنەوە (communication) زۆر لێک جیاوازن. کۆچەری، نەخوێندەوارە و پەیوەندیی لەگەڵ جیهانی دەرەوەی خۆی زۆر کەمە و ئاگاداری ژینگەی دەوربەری خۆی نییە، لە کاتێکدا نوخبەی شار کە ژمارەیان کەمە، پەیوەندیی باشیان لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا هەیە. کەواتە کەلێنێکی گەورەی زانیاری و پەیوندیکردن لە نێوان ئەم دوو چینەدا هەیە. هەر دوو چینی تر– خاوەنکار و جووتیار- خۆیان لە نێوان ئەم دوو چینەدا دەبیننەوە.   

لە توێژینەوەکەی لێرنێردا، سەبارەت بە سەرچاوەی زانیارییەکان، زانیارییەکانی چینی کۆچەری لۆکالێن و، گوێ لە ڕادیۆ ناگرن و ڕۆژنامە ناخوێننەوە. لە کاتێکدا چینی جووتیار و خاوەن پیشە، زۆرتر گوێ لە ڕادیۆ دەگرن. چینی خاوەن پیشە، زۆرتر لە جووتیاریش گوێ لە ڕادیۆ دەگرێت، بەڵام چینی نوخبە زۆرتر ڕۆژنامە دەخوێنێتەوە و کەمتر گوێ لە ڕادیۆ دەگرێت. ئەمەیش ڕاددەی خوێندەواریی کۆمەڵگه‌ی ئوردنی دەخاتە ڕوو، کە چۆن کاتێک ئاستی خوێندەواری بەرز دەبێتەوە، تاک بەدوای فرەسەرچاوەییی زانیاریدا دەگەڕێت.

ئەم بێئاگایی لە جیهانی دەرەوە، کاریگەریی لەسەر جۆری ئابووریی چینی کۆچەری دروست کردووە کە لێرنێر بە ئابووریی کۆچەری (nomadic economy) ناوی دەبات. لەم ئابوورییەدا، ئاڵوگۆڕی کاڵا (بازاڕ)، یان بوونی نییە یان لە نزمترین ئاستدایە. لە ڕووی ئایینییەوە چینی کۆچەری، خراپیی دۆخی ئابووریی خۆیان دەگەڕێینەوە بۆ خودا. واتە پێیان وایە کە خودا هەر ئەوەندە توانای ماددی و ئابوورییان پێ بەخشیوە و، ڕازیشن بەم دۆخەی خۆیان. لە ڕووی ئینتیماوە (loyalty)، ئینتیما زۆرتر بۆ ئەو گرووپ (خێڵ)ه‌یە کە تێیدا دەژین نەک دەوڵەت و، ئەمەیش شێوازێکی زۆر سەرەتاییی ئینتیمایە. یاسا لە ڕوانگەی خێڵایەتییەوە پێناسە دەکرێت و، توانای حکوومەت لە جێبەجێکردنی یاسای حکوومی بەسەریاندا زۆر کەمە. شێخ ڕوڵێکی گرنگی هەیە. شێخ لە دەرەوەی خێڵ زۆرتر ڕۆڵی تێکدەرانەی هەیە، بەتایبەتیش لە دژی دەسەڵاتی سیاسی، بەڵام لەناوخۆی خێڵ ڕۆڵی یەکخستنەوەی هەیە. لێرنێر ئەم ڕۆڵە بە "برایەتیی فەوزەوی" (fraternal anarchism) ناو دەبات. شێخێکی کۆچەری لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: "ئێمە کۆچەرین؛ سەرۆکوەزیرانمان نییە و ئەوانمان خۆش ناوێت، [چونکە] ئێمە ئازادین و جیا لە خودا هیچ فەرمانڕەوایەکی ترمان نییە" (p:319). لەگەڵ ئەمەیشدا، لەناو خودی چینی کۆچەری، نەوەی نوێ کەم کەم حەز دەکەن کە گوێ لە ڕادیۆ بگرن و، بزانن لە جیهانی دەوروبەردا چی ڕوو دەدات.

لە هەمبەر ئەم چینەدا، چینی جووتیار دێت کە نیوەی دانیشتووانی ئوردن پێک دێنن. ئەم چینە لە ڕووی ئابوورییەوە، دۆخیان لە دۆخی چینی کۆچەری باشترە. گوێیش لە ڕادیۆ وەک ئامرازێکی مۆدێرن و وەک سەرچاوەی زانیاری دەگرن، بەڵام ڕۆژنامە ناخوێننەوە؛ هەم بە هۆی کەمیی خوێندەواری و هەمیش پێیان وایە ڕۆژنامە بریتییە لە کۆمەڵە وشەیەکی درۆ لەسەر لاپەڕەیەک. جووتیارێک لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە لە سەرەتادا وەهای هزر دەکرد ڕادیۆ دژی ئایینە، بەڵام دواتر کە زانیی ڕادیۆ قورئان پەخش دەکات، گوێ لە ڕادیۆ دەگرێت. بە گوتەی جووتیارەکە لە پاڵ میوزیك، گوێ لە بۆچوونی مەلا ئایینییەکان و ئەو قسانەی کە خودا و پێغەمبەر دەیڵێن دەگرێت. لەگەڵ ئەمەیشدا، جووتیاران ئاماژەیان بەوە داوە کە زۆرتر حەزیانە گوێ لە هەواڵی تایبەت بە کۆمەڵە لۆکاڵییەکانی خۆیان بگرن نەک هەواڵی جیهانی دەرەوە. ئەوانەی کە گوێ بە هەواڵی نیشتمانییش دەدەن، زۆرتر ئەو جووتیارانەن کە لە قۆناغی گواستنەوەدان لە جیهانی تەقلیدییەوە بەرەو جیهانی مۆدێرن. سەرەڕای ئەمەیش، ئەوانیش حەزیان لەوە نییە گوێ لەو هەواڵانە بگرن کە تایبەتن بە ڕووداوە جیهانییەکان.

سەبارەت بە چینی خاوەنپیشە- چ ئەوانەی لەناو شار دەژین یان لەناو گوند- کە زۆربەیان دوکاندارن، ئەوان زۆرتر گرنگی بە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و بەهاکانی مۆدێرنیتە دەدەن. چینی نوخبەیش بەهاکانی ڕۆژاوای قبووڵ کردووە، ئەگەرچی مەیلی دژە- ڕۆژاوایشی هەیە.

ئێران:

ئێران بە وڵاتێک لە جیهانی دووجەمسەریدا (Iran: in a bipolar world) ناو هێنراوە. لەم بەشەدا، لێرنێر ئاماژە بە ڕۆڵی جیهانی دووجەمسەری لە پرۆسەی مۆدێرنیتەدا کردووە. بە بڕوای ئەو، چونکە ئێران لە نێوان دوو زلهێزی کۆمۆنیستی و سەرمایەداریدا بووە، هەر بۆیەیش کەوتۆتە ژێر بار و کاریگەریی ڕاستەوخۆی ململانێی ئەم دوو زلهیزە. هەروەها لێرنێر لەسەر پرسی نەوت، ئاماژە بە ململانێی نێوان حکوومەتی ئێران و بریتانیا دەدات کە چۆن بریتانیا لەمپەر بووە لە بەردەم بەنیشتمانیکردنی نەوت. سەرەڕای ئەمەیش خودی نەوت، بووەتە هۆکاری دواکەتووییی ئێران؛ چونکە هەم تاکە سەرچاوەی داهاتی ئێران بووە کە بەم جۆرەیش کەرتەکانی تری ئابووری پشتگوێ خران و، لە هەمان کاتیشدا خودی داهاتی نەوت بەشی ئەوەی نەدەکرد کە پرۆسەی مۆدێرنیتە وەگەڕ بخات. ئەمەیش بە یەکێک لە لەمپەرەکانی مۆدێرنیتە لە ئێران هەژمار کراوە. گرفتێکی تر، کە گرفتی ناوخۆیییە، بریتییە لە ململانێ لە نێوان شای ئێران و بەرنامەکانی مۆدێرنیتە لە لایەک و، بەرپەرچدانەوەی پیاوانی ئایینی و وەستان لە دژی ئەم پرۆسەیە لە لایەکی ترەوە.

بە بڕوای لێرنێر، کۆمەڵگه‌ی ئێران لە نائەمنییەکی بەردەوامدا دەژیت. ئەم نائەمنییەیش لە دەرنجامی ترس لە دەسەڵاتی سیاسییە؛ دەسەڵاتێک کە لە ڕێگەی ترس و تۆقاندن (terror) هەوڵی مانەوەی خۆی دەدات. ئەمەیش بووتە هۆی نەبوونی متمانەی هاووڵاتیان بە دەسەڵات. لێرنێر ئەم خەسڵەتە سیاسییەی کۆمەڵگه‌ی ئێرانی-شیعی، بە خەسڵەتی "تەقیە"ی شیعەکانه‌وه‌ گرێ دەدات. خەسڵەتێک کە بۆ خۆپاراستن، ڕەوا دەبینێت کە تاک پەنا بۆ نا-ڕاستگۆیی (mendacity) یاخود درۆکردن ببات. بە بڕوای لێرنێر، کۆمەڵگه‌ی ئێرانی لە دۆخی نا-ڕاستگۆیدا دەژیت. هەڵبەت پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە لێرنێر کاتێک کە باس لە ئێران دەکات، زۆرتر باس لە نەتەوەی فارس دەکات نەک نەتەوەکانی تر.

بە بڕوای لێرنێر، بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی مۆدێرنیتە، گرنگە وڵات لەبارەی تواناکانی خۆی و سەرچاوەکان و پێداویستییەکانییه‌وه‌ داتای لەبەردەست بێت؛ لە کاتێکدا ئێران وڵاتێکە تەنانەت زانیاریی سەبارەت بە ڕێژەی دانیشتووانی خۆی نییە، کەچی لە خۆلیای ئەوەدایە بەخێرایی ببێتە وڵاتێکی مۆدێرن. ئێرانی ئەوکات، وڵاتێک بووە کە نزیکەی ٦٠٪ی دانیشتووانی لە گوندەکان دەژیان، ١٠٪  چادرنشین (کۆچەری) بوون و، ئەوەی تریش لە شارەکان دەژیان. کۆچ بۆ شارەکان لە ئێران، هەروەک میسر، بە هۆی پێداویستیی شار بۆ دەستی کار نەبووە، بەڵکوو بە هۆی خراپیی دۆخی گوندەکان بووە. ئەم کۆچە، نەك تەنیا بووژانەوەی ئابووریی دەستەبەر نەکرد، بەڵکوو ڕێژەی هەژاریی لە شارەکاندا بەرز کردەوە و، بووە هۆی هێنانەدیی ناسەقامگیریی سیاسی.

سەبارەت بە دۆخی گوندەکان، گوندەکان لێکپەرتن. ڕێگه‌وبان، یان بوونی نییە یان زۆر خراپن. هەر بۆیەیش پێکەوەگرێدان و پەیوەندی (communication) لەگەڵ جیهانی دەرەوەی گوند، کەمە. بۆیە ئەم کۆمەڵگه گوندییە، نە لە ڕووی جوگرافی، نە لە ڕووی جەستەیی و نە لە ڕووی زەینییەوە، کۆمەڵگه‌یەکی بزۆک نەبووە. نوخبەیەکی بچووکی شارنشین و پیاوانی ئایینی، ئەکتەری سەرەکیی گۆڕەپانی سیاسین.

لێرنێر کۆمەڵگه‌ی ئێران بە کۆمەڵگه‌یەک وەسف دەکات کە خوێندنی باڵا، بەدەست "زۆر بەرهەمهێنانی ڕۆشنبیر" (over-production of intellectuals)ه‌وه‌ دەناڵێنێت. واتە ئێران کۆمەڵگه‌یەکە کە ٩٠٪ی نەخوێندەوارن، کەچی ژمارەیەکی زۆری ڕۆژنامە دەردەچێت. کۆمپانیای زۆری بەرهەمهێنانی فیلمیان هەیە، کە تەنانەت هەندێکیان هەر فیلمیش بەرهەم ناهێنن. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژنامەخوێندنه‌وه‌ پێویستیی بە خوێندەواری هەیە. ئامرازەکانی ڕاگەیاندن، وەک خەسڵەتێک لە کۆمەڵگه‌ی مۆدێرنی بەشداریکەر، لە کۆمەڵگه‌یەکدا دەبووژێتەوە کە تاکەکانی توانای خوێندنیان هەبێت و، ئەو مەیلەیان هەبێت فێری ئەزموونوەرگرتن لە گەلانی تر بن. لە ئێران ئامرازەکانی ڕاگەیاندن بەدەست کەمخوێنییەوە (واتە نەبوونی خوێنەر) دەناڵینێت و، بەم هۆیەیش ساڵانە هەزاران هیوا و ئومێد دەمرن. هیوا بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە کۆمەڵایەتییە دواکەتووە و سیستەمە سیاسییە ناسەقامگیرە، گەنجی خوێندەواری بەرەو توندڕەوی هان دا. تەنانەت هەر حزبێکی سیاسی و لایەنگرانی، حزبی سیاسیی دیكه‌ و لایەنگرانی بە دوژمن دەبینێت، نەک بە نەیاری سیاسی. ئەم توندڕەوییەیش زۆرتر لەناو شار و لەناو چینی خوێندەوار و ڕۆشنبیردا دەبینرێت (لە هەر چوار توندڕەو، سێ کەسیان لە شارەکان گەورە بوونە). بە بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندن، ئاستی توندڕەوییش بەرز بووەتەوە. لەناو چینی خوێندەواردا، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم توندڕەوییە بریتییە لەوەی کە ئەوان خۆیان بە "شایانی زۆرتر" دەزانن؛ هەر بۆیەش ئەوان بە بەراورد لەگەڵ چینی ناسیاسی، کەمتر خۆیان بە "دڵخۆش" (happy) هەژمار دەکەن. لەگەڵ ئەمەیشدا، پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە چوارچێوەی توێژینەوەی لێرنێر شاری تاران بووە.

ئەم فاکتەرانە دەبنە هۆی لەخۆنامۆبوون (alienation)ی تاک (بەتایبەتیش خوێندەوارەکان)، هەم لە هەمبەر دامەزراوە سیاسییە بەرقەرارەکان و نوخبەی سیاسی و، هەمیش لە هەمبەر نۆرمە ئایینی-کۆمەڵایه‌تییە باوەکان. ئەمەیش نەبووە هۆی هێنانەدیی پانتای کەسی بۆ تاکی لەخۆنامۆبوو، بەڵکوو بووە هۆی هێنانەدیی توندڕەویی سیاسی. ئەم لەخۆنامۆبوونە، کە تاک بەرەو توندڕەوی هان دەدات، لە هەمان کاتدا ئەم تاکە لە هاوبیرەکانی خۆی نزیک دەکاتەوە و، لە ڕێکخراوە هاوبیرەکانیدا دەبیتە تاکێکی چالاک.

ئەم توندڕەوییە دەره‌نجام، خۆی لە دوو ئاراستەدا بینییەوە: توندڕەویی چەپ و توندڕەوی ڕاست، کە هەردووکیان ئاراستەی نەتەوەگەرایییەکی وشکیان وەرگرت. توندڕەویی ڕاست لە ڕێگەی یەکێتیی نەتەوایەتییەوە هەوڵی گەیشتن بە ئامانجەکانی دەدا و، توندڕەوەی چەپیش لە ڕێگەی ململانێی چینایەتییەوە، هەوڵ دەدات ئامانجەکانی دەستەبەر بکات. ئەم دابەشکارییە، که‌لتوورێکی دژە-ڕۆژاوایی، بەتایبەتیش دژە-بریتانیایی-ی دروست کرد و تەنانەت کاریگەرییشی خستە سەر ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و، ئەم ئامرازانە بە شێوەی سەرەکی لە نێوان ئەم دوو هێڵە گشتییەدا ئاراستە دەکران. بە بڕوای لێرنێر، کێشەی سیاسی لە تاران، بریتی بوو لەوەی کە نوخبەی سیاسی ئەوەیان نەدەزانی کە سنووری جیهان زۆر لە سنوورەکانی تاران [ئێران] گەورەترە. ئەمەو سەرەڕای ئەوەی کە بەشێکی زۆری سیاسەت لە ئێران، لە ناوخۆی ئێراندا داناڕێژرێت، بەڵکوو لە دەرەوەی ئێران دادەڕێژرێت. واتە نوخبەی سیاسیی ئێران، بۆ بەڕێوەبردنی وڵات هەر جارەو پەنا بۆ وڵاتێکی بیانی دەبات.

کۆتایی:

لە کۆتاییی ئەم پەرتووکەدا، بە بڕوای لێرنێر، کۆمەڵگه‌کانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە قۆناغی گوزار بەرەو مۆدێرنیتەدان؛ بەڵام کێشەکە لێرەدایە کە زۆربەی خەڵكی ئەم ناوچەیە هه‌ست به‌ نابه‌خته‌وه‌ری (unhappy) ده‌كه‌ن. چیتر کۆمەڵگه‌ی ئەم وڵاتانە، بەتایبەتیش لە گوندەکاندا، ڕێسای تەقلیدی کە پێی وایە "تەمەن عاقڵی دێنێت" تاکە ڕێسا نییە و، گەنجە خوێندەارەکان بەرەنگاری ئەم ڕێسایە دەبنەوە. خەسڵەتی بزۆکی، تەنانەت ئەو ڕێسایەیش لەبەین دەبات کە ئافرەت بە ڕەگەزێکی کەمتر لە پیاو هەژمار دەکات. هەروەها نەوەی نوێی مێیینە، دەرفەتی زۆرتری لەبەردەسەتە بۆ خوێندن و پەروەردە. بەکارهێنانی ئامرازەکانی ڕاگەیاندنیش هێدی هێدی بەرفراوانتر دەبێت. بەڵام سەرەڕای ئەمەیش بە بڕوای لێرنێر ڕۆژهەڵاتی ناڤین کۆمەڵێ کێشەی بنەڕەتیی هەیە: یەکەم کێشە، کێشەی حوکمڕانییە؛ واتە کێ و چۆن حوکم دەکات؟ نوخبەی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین بۆ فەرمانڕەواییکردن پەنا بۆ چەمکی "خێری گشتی" دەبەن؛ بەڵام خێری گشتی چییە و چۆن پێناسە دەکرێت، دیار نییە. ئەم خێری گشتییەیش بە دامەزراوە سیاسییەکانەوە گرێدراو نییە بەڵکوو بەندە بە کەسایەتیی سەرکردەوە؛ ئەمەو سەرەڕای ململانێی توندوتیژانە لە نێوان گرووپە جۆراوجۆرەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری بۆ گەیشتن بە دەسەڵات. گشت ئەمانەیش وای کردووە کە گرفتی پێناسەکردنی "ناسنامه‌ی هاوبەش" (collective identity) سەر هەڵبدات. واتە گەلانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، خاوەن ناسنامه‌ی هاوبەش نین وەک ناسنامه‌یه‌کی نەتەوەییی یەکگرتوو.

لە ڕووی ئایینییەوە، بە بڕوای لێرنێر، ڕۆژهەڵاتی ناڤین ئەگەرچی زۆرینەوی موسڵماننشینە، بەڵام پان-ئیسلامیزم نەیتوانیوە ببێتە ناسنامه‌ی هاوبەش. لە ڕووی ئایینییەوە ئەم گەلانە بۆچوونی زۆر دژبەیەکیان هەیە. لە ڕوانگەی لێرنێردا کلیلی چارەسەری ئەم کێشەیە، مۆدێرنیزاسیۆنە. پێویستە نوخبەی سیاسی لەم ناوچەیە لە نێوان "مەکكە و میکانیزاسیۆن"دا  (p.407) یەکێکیان هەڵبژێرێت، یاخود هەردووکیان بە شێوەیەک پێکەوە گرێ بدەن کە پێکەوە گونجاو بن.

ئامانجی مۆدێرنیتە، کەمکردنەوەی بۆشاییی نایەکسانی لە نێوان چینی سەروو و چینە خوارووەکانی کۆمەڵگه‌یە؛ واتە هێنانەدیی چینێکی مامناوەند. کەواتە مۆدێرنیتە تەنیا چەندێتی نییە، بەڵکوو چۆنێتییشە. کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین ئەوەیە، کە کام نوخبەی سیاسی و بە چ ئەجێندایەک ئەم بۆشایییە کەم دەکاتەوە. تەنانەت لە نێوان نوخبەی سیاسی و کۆمەڵگه‌دا، کۆدەنگی لەسەر چۆنێتیی کەمکردنەوەی ئەم بۆشایییە نییە. لێرنێر دەڵێت لە چوارچێوەی چوار فاکتەری مۆدێرنیزاسیۆن (شارنشینی، خوێندەواری، بەکارهێنانی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و بەشداریی سیاسی-ئابووری)دا، کۆمەڵگه‌کانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بەدەست کۆمەڵێک کێشەی سەرەکییه‌وه‌ دەناڵینن:

یەکەم، شارنشینی لەم وڵاتانەدا پرۆسەیەکی سروشتی نەبوو، بەڵکوو کۆچی لەناچاریی گوندنشینەکان بوو بۆ شار. لێرنێر ئەم دیاردەیە بە "کۆچبەرە ناوخۆیییەکانی لادێنشین" (internal rural refugees) ناو دەبات.

دووەم، بریتییە لەوەی کە بەکارهێانی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن (بەتایبەت ڕادیۆ)، بە شێوەی سروشتی نەبوو، واتە کارگە ڕادیۆ بەرهەم بهێنێت و کڕیار ڕادیۆ بکڕێت، بەڵکوو حکوومەتی ئەم وڵاتانە ڕادیۆیان بەسەر خەڵکدا، بەتایبەتیش چینی نەخوێندەواری لادێنشین دابەش کرد. مەبەست لەم کارەیش بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداریی تاکەکەسی نەبوو، بەڵکوو مەبەست "کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی" بوو.

سێیەم، تەنانەت بەخشینی مافی دەنگدانیش نەدەچووە خانەی بەرفراوانکردنی بازنەی بەشداریی سیاسی، بەڵکوو دەچووە خانەی گەرەنتیکردنی دەرچوونی نوخبەی سیاسیی فەرمانڕەوا.