خوێندنەوەیەک بۆ چەمکی پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان دەوڵەتان

پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بە یەکێک لە کەناڵە جەوهەرییەکان دادەنرێن، بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکى دۆستانە لە نێوان دەوڵەتاندا لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕکردنى بەرژەوەندییەکانیان لە بواری سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی و هی تردا. کاری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان ئاڵوگۆڕی ڕێککەوتنە لە نێوان دوو دەوڵەتدا؛ دەوڵەتى نێردەر و دەوڵەتى پێشوازیکەر. هەروەک لە ماددەی (2)ی ڕێکكەوتننامەی ڤییەننا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە ساڵی (1961)دا هاتووە: "پەیوەندیی دیپلۆماسی و شاندی هەمیشەییی نێردراوی دیپلۆماسی، لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی ڕێککەوتنی نێوانیان دروست دەبێت."

ئەوەی لێرەدا دەبینرێت ئەوەیە، کە سەرەڕای ئاڵوگۆڕی ڕێککەوتن بۆ دروستکردنی پەیوەندیی دیپلۆماسی لە نێوان دەوڵەتاندا، کەچی دەوڵەتەکە پابەند نییە بە بەردەوامیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتێکی دیاریکراو، یان ناچار ناکرێت پابەند بێت لەسەری، لەبەر ئەوەی یاسای نێودەوڵەتی پابەندی ناکات. ئەگەر پەیوەندییەکانیان ببێتە مایەی دڵەڕاوکێ و ئاڵۆزی، لەو کاتەدا دەوڵەتەکە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ دەوڵەتەکەى تر دەپچڕێنێت. بەپێی بۆچوونى ئەحمەد ئەبووەفا، مامۆستای یاسای نێودەوڵەتی لە کۆلێژی مافی زانکۆی قاهیرە: "پچڕانى پەیوەندیى دیپلۆماسی، کردارێکی سزادەرانەیە کە گوزارشت لە هەڵوێستی ئەو دەوڵەتە دەکات وا بڕیاری پچڕانەکەی دەرکردووە؛ لەبەر ئەوەی هیچ بەرژەوەندییەکی خۆی لەگەڵیدا نابینێتەوە و ئارەزووی بەردەوامیدانی نییە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو دەوڵەتەی کە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵیدا پچڕاندووە."

لێرەدا ئەوەى پێویستە بیخەینە ڕوو، بابەتی پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان دەوڵەتانە لەژێر سێبەری جووڵانەوە سیاسی و بەردەوام و نەگۆڕه‌كان لە جیهاندا؛ بەپێی ئەو گۆڕانکارییە پلە بە پلانەی کە بە ئاراستەی بەردەوامیی ململانێ و پچڕانەکاندا دێت و، ئەو ئەنجامانەى لێی دروست دەبێت و ناساندنی گرنگییەکەی. بۆیە هەوڵ دەدەین باسی ئەم بابەتە بکەین بەم شێوەیەى خوارەوە:

یەکەم: بڕیاری پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان دەوڵەتان

بڕیاری پچڕاندن، چەند جۆر و شێواز لەخۆ دەگرێت، بەوەی کەوا تەنیا یەک شێوازی دیاریکراوی نییە، جگە لەو ڕێسا گشتییە نەبێت کە بەپێی مەرجەکان حوکمی ڕەفتارەکان دەکات. ئەمەیش بە شێوەی زارەکی دەردەچێت، بەڵام ئەگەر زۆر بوو، ئەوا دەکرێتە مەلەف (نووسراو). زۆر جار وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی پێشوازیکەر، سەرۆکی نێردراو- باڵیۆز بێت، یان وەزیری کۆمیسیاری، یان کاربەڕێکەر (قائم بالاعمال/ Chargé d'affaires)- بانگهێشت دەکات و بڕیارەکانی حکوومەتەکەی سەبارەت بە پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەر دوو دەوڵەتی پێ ڕادەگەیەنێت و، داوای لێ دەکات خۆی و ئەندامانی دەزگه‌کەی و تاکەکانی خێزانەکانیان، بەپێی ئەو کاتەی کەوا بۆیان دیاری دەکرێت وڵاتەکەیان جێ بهێڵن و، لەو کاتەدا سەرۆکی دەزگه‌ی دیپلۆماسی، ڕاستەوخۆ یادداشتێک بۆ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی خۆى دەنێرێت بۆ ئەوەی زانیاریی نوێ دەربارەی بارودۆخەکە بخاتە ڕوو. لە لایەکى ترەوە، بڕیارى پچڕانی پەیوەندییەکان، وەک لە چوارچێوەى کارە نێودەوڵەتییەکاندا ناسراوە، بە شێوازێکى فەرمى و ئاشکرایە و هیچ نهێنییەکى تێدا نییە.

دووەم: حاڵەتەکانی پچڕان و کۆتاییهێنانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان دەوڵەتان

لەم چوارچێوەیەدا، پێویستە چەمکی پچڕان و کۆتاییهێنانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و، هه‌روه‌ها ئەو جیاوازییانەى کە لە نێوان هەر دوو چەمکەکەدا هەن، دەستنیشان بکەین. پچڕان لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان دوو دەوڵەتدا، ئاماژەیە بەوەى کە بە ڕێگه‌یەکی نائاشتییانەیە، بەڵام کۆتاییهێنان، بە مانای ئەوەیە کە لە بنەڕەتدا بە ڕێککەوتنێکی هاوبەش و ئاشتییانەیە .لێرەدا دەکرێ سێ حاڵەتی سەرەکیی پچڕان و کۆتاییهێنان بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان وێنا بکەین، بەم شێوەیەى خوارەوە:

حاڵەتی یەکەم: داخستنی دەزگه‌ی دیپلۆماسیی نێوان هەر دوو دەوڵەتی نێردەر و پێشوازیکەر، لە دەرەنجامی گۆڕانی بارودۆخ، بۆ نموونە: نەمانی پێویستی بە دەزگه‌کە، یان لەبەر ئەوەی بەردەوامیدانێکی نائابوورییانەیە، واتا لیرەدا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بە ڕێککەوتنی هاوبەش کۆتایی پی دێت لە ڕێکای بڕیارێکى ئاشتییانە لە نێوان هەردوو دەوڵەتی (نێردەر و پێشوازیکەر). زۆر نموونە هەن، کەوا لە مێژووی دیپلۆماسیدا تۆمار کراون، بە پێویستى دەزانین هەندێکیان بخەینە ڕوو:-‌ داخستنی ژمارەیەک لە دەزگه‌ دیپلۆماسییەکانی عێراق لە ساڵانی سەرەتای گەمارۆکان، لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا.

- پەنابردنی مۆریتانیا بۆ ئەم ڕێكارانە کاتێ بڕیاری دا بە داخستنی دەزگه‌ دیپلۆماسییەکانی لە بوخارست، پایتەختی ڕۆمانیا، بە هۆکاری ماددی لە ساڵی 1995.

- لە ساڵی 1990، جەزائیر لە چوارچێوەی سیاسەتی ئابووریکردن (ده‌ستپێوه‌گرتن)دا، 20      باڵیۆزخانەی لە چەندین وڵات داخست؛ بە هۆی بوونى قەیرانی ئابوورییه‌وه‌ لەو ماوەیەدا.

حاڵەتی دووەم: پەیوەندیی دیپلۆماسی دەکرێت بپچڕێت لە نێوان دوو دەوڵەتدا بەهۆى چەندین فاکتەرى جیاواز وەک (دەستتێوەردان، هەڕەشە، هەڵوێستی سیاسی، هتد) کە دەوڵەتی یەکەم بەرامبەر بە دەوڵەتى دووەم بەکارى دێنێ و بە پێچەوانەیشەوە ڕاستە. لە حاڵەتی دووەمدا، دەبینین ئامانج لێی کاری نائاشتییانەیە. هۆکاری ئەمەیش دەوڵەتە، کە بە تەواوی ئازادییەکانییەوە لە کاتی دانی بڕیاری لەم شێوەیە سەرپشکە و، زۆر جار ئەم بڕیارە نادرێت تا ئەو کاتەی دەوڵەتەکە دەبینێت کە بەرژەوەندییەکانی زەرەریان پێ دەگات و داوای لێ دەکات بۆ پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ دەوڵەتێکى تر و، لە گرنگترین جیاوازییەکانیشی ئەوەیە، کە ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە هەر دوو دەوڵەتەکە لەسەر ئۆپەراسیۆنی جەنگ لە نێوانیاندا، چوونه‌ته‌ قۆناغێكی په‌ره‌سه‌ندووه‌وه،‌ بەڵکوو تەنیا مەبەست لێی هەڕەشەیە بۆ سەر دەوڵەتی تر، تاکوو بە بۆچوونێکی دیاریکراو ڕازی بێت و، ئەمەیش ئێستا بووەتە حاڵەتێکی دووبارەبووەوە و، بەستراوەتەوە بە چەند بەڵگە و نموونەیەک، لە دیارترینیان: بڕیاری دەوڵەتە عەرەبییەکان، جگە لە عەممان و سوودان، بە پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ وڵاتى میسر، لە نۆڤەمبەری ساڵی 1978دا، لە دەرەنجامی واژووکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسڕائیل. هەروەها ئەوەی کە لە 5ی جوونی ساڵی 2017دا ڕووی دا، کەوا 7 دەوڵەتی کەنداو، پێکهاتوو لە: سعوودیا، ئیمارات، بەحرێن، میسر، یەمەن، مالدیڤ و لیبیا، بڕیاریان دا بە پچڕان و داخستنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ وڵاتی قەتەر، لە هەموو بوارەکانى ئاسمانی و دەریایی و وشکانیدا، بە بیانووی دەستوەردان لە بارودۆخی ناوخۆییی وڵاتان و پاڵپشتیی تیرۆر لە ناوچەکەدا. هەر لە چوارچێوەی ئەمەدا، بەراورد بە گەمارۆ ئاسمانییەکانی دەوڵەتە خەلیجییەکان بۆ سەر قەتەر، گەمارۆی ئاسمانیی حکوومەتی بەغدایە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە لە ڕێکەوتى 29ی سێپتەمبەری 2017دا جێبەجێ کرا؛ بە هۆى ئەنجامدانى پڕۆسەى ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە دەوڵەتى عێراق لە 25ی سێپتەمبەری 2017دا. ئەگەرچی ئەمە لە زۆر بوارەوە جیاوازە، چونکە کوردستان هەرێمە، لە کاتێکدا قەتەر دەوڵەتێکی سەربەخۆیە، بەڵام لەو سزایەدا هاوشێوەن. ئەمەیش بنچینەکەى، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گوشارە سیاسییەى لەسەر هەرێمی کوردستان و وڵاتی قەتەر مومارەسە دەکرێت بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانیاندا.

حاڵەتی سێیەم: پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دەرەنجامی پەیدابوونی جەنگە لە نێوان دوو دەوڵەتدا، کە ئاڵوگۆڕی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی دەکەن. ئەمەیش بانگەشەی پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و بەردەوامیی پەیوەندییەکان دەکات لە حاڵەتی دوژمنایەتیى ڕێکخراودا بۆ جەنگ، کە مەبەست لە ئاماژەدانی ئەم بوارە ڕاگەیاندنێکی فەرمییە بۆ جەنگ، بەڵام کردەوەی سەربازی لە نێوان دوو دەوڵەتدا، نابێتە پێویستییەک بۆ پچڕانی پەیوەندیەکانیان. بۆ نموونە، جەنگی هیندستان و پاکستان تایبەت بە کێشەی کیشمیر لە ساڵی 1965دا، نەبووە هۆی پچڕانی پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوانیان. هەمان شت لە هێرشی چیکوسلۆڤاکیا بە نێوەندگیریی هاوپەیمانێتیی وارشۆ لە ساڵی 1968دا، نەبووە هۆی پچڕانی پەیوەندیی دیپلۆماسیی ئەو دەوڵەتانە و دەوڵەتی چیکوسلۆڤاکیا لەگەڵ دەوڵەتێکی دیاریکراو. نموونەیەکی تریش، جەنگی کەنداوی نێوان ئێران و عێراق، نەبووە هۆی پچڕانی پەیوەندیی نێوان هەر دوو دەوڵەت، کە ماوەی 8 ساڵى خایاند. لێرەدا پێویستە ئاماژە بکرێت، زۆر حاڵەتی تریش هەن کە نابنە هۆکاری پچڕانی پەیوەندیی دیپلۆماسی، لەوانەیش: سڕکردنی پەیوەندیی دیپلۆماسی وەک خەمڵاندنێک بۆ ناڕەزایەتییەکان، نزمبوونەوە و داکشانی پەیوەندیی دیپلۆماسی بۆ ئاستی کاربەڕێکەر و بانگهێشتکردنی دەزگه‌ بۆ وتووێژ و کەمکردنەوەی ئەندامەکانی دەزگه‌ لە لایەن دەوڵەتی باوەڕپێکراوەوە و بانگهێشتگردنی دەستەیەک، بۆ نموونە، لە کاتی ڕاگەیاندنەکەی مۆریتانیا بۆ داخستنی باڵیۆزخانه‌ی ئیسڕائیل لە نیواکشۆت و، دەرکردنی دیپلۆماتەکانی ئیسڕائیل و، جێبەجێکردنی بڕیاری سڕکردنی پەیوەندییەکان، کە مۆریتانیا لە 16ی جانیوەری 2009دا، لە کاتی بەستنی گۆنگرەی دەوحە لەسەر داوای قەتەر لە کاتی هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە، دەری کرد. لێرەدا هەندێ پرسیار هەن بۆ جیاوازیکردن لە نێوان پچڕانی پەیوه‌ندیی دیپلۆماسی و سڕکردنی پەیوەندیى دیپلۆماسیدا، کە لە خستنەڕووی وەڵامەکاندا دەبینین: ئەوەى کە لە پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و کۆتاییهێنانیان دەکەوێتەوە، بریتییە لە ڕاگرتنی تەواوى کەناڵە ئاسایییەکان بۆ پەیوندییەکانی نێوان دەوڵەتە ڕاسپێردراوەکە و داخستنی باڵیۆزخانەکان و دەزگه‌ دیپلۆماسییەکانی هەر دوو دەوڵەتە ڕاسپێردراوەکە و بانگهێشتکردنی ئەندامەکانی ناو دەزگه‌کە، بەڵام سڕکردنی پەیوەندیی دیپلۆماسی، بە مانای وەستان، یان سڕکردنی ئەو پەیوەندییە دێت.

 لێرەدا سڕکردن بە مانای دانانی سنووری کۆتایی نییە بۆ پەیوەندییەکان، بەڵکوو پچڕانێکی کاتییە کە ئاراستەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دەکرێت، بەڵام ناگاتە ڕاددەی پچڕان و کۆتایی؛ بەڵکوو دەزگه‌ی دیپلۆماسی لە توانایدا دەبێت، دوای هەوڵدان و زانینى هۆکاری ئەو سڕکردنە، بگەڕێتەوە بۆ چالاکییەکانی، وەک ئەوەی کە لە 14ی مارسی ساڵی 2017دا ڕووی دا، کاتێک تورکیا سەرنجی خستە سەر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ وڵاتى هۆڵەندا لەسەر ئاستى باڵا؛ ئه‌مه‌یش به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ پێشووتر دوو وه‌زیری توركیا له‌ هۆڵه‌ندا،‌ به‌نیاز بوون لەسەر هەموارکردنى دەستوورى تورکیا، پێش ئەنجامدانى ڕیفراندۆم لە تورکیا، له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا قسه‌ بکەن، كه‌چی حكوومه‌تی هۆڵه‌ندا ڕێگه‌ی پێ نه‌دان  .

کەواتە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ جیاوازیی نێوان پچڕانی پەیوەندیی دیپلۆماسی و سڕکردنی پەیوەندیى دیپلۆماسی، دەبینین لە حاڵەتی پچڕانی پەیوەندیی دیپلۆماسیدا ئەگەر بمانەوێت ئەم پەیوەندییە دیپلۆماسییە دووبارە دروست بکەینەوە، پێویستە سەر لەنوى پەنا ببەین بۆ هەموو ئەو ڕێکارانەى کە پەیوەندیی دیپلۆماسی پێ دروست دەبێت، بەڵام لە حاڵەتى سڕکردنى پەیوەندیى دیپلۆماسیدا پێویست بەو ڕێکار و مەرجانە ناکات. لێرەدا پچڕانی پەیوەندیی دیپلۆماسی، دوو شێواز وەردەگرێت:

١.‌ پچڕانی تاکلایەنە: ئەو پچڕانەیە کە دەوڵەتێک بەرامبەر بە دەوڵەتێکی دیاریکراو دەیکات. لێرەدا دەکرێ ئاماژە بە نموونەیەکى زیندووی پچڕانى تاکلایەنە بکەین کە لە نێوان وڵاتانی سعوودیا و ئێراندا دروست بوو؛ ئه‌ویش لە ساڵی 2016دا و به‌ هۆی لەسێدارەدانی بەرهەڵستکاری مەزهەبی شیعە، شێخ نەمر باقر نەمر، دوای تاوانبارکردنی به‌وه‌ی له‌‌ "تیرۆر"دا تێوه‌ گلاوه‌‌.

٢. پچڕانی بەکۆمەڵ: ئەم جۆرە پچڕانە زۆر جار لە لایەن چەند لایەنێکەوە ڕووبەڕووی لایەنێکی دیاریکراو دەکرێتەوە، ئەمەیش لە چوارچێوەی گەلەکۆمەیەکدا دەکرێت. بۆ نموونە، ئەوەی ساڵی 1990 لە ئەنجامی هێرشی عێراق بۆ سەر کوێت ڕووی دا و، دەوڵەتە عەرەبییەکان بڕیاری پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ بەغدا دەرکرد، هەروەها لەگەڵ بەرپابوونی شۆڕش لە سووریا دژی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە ساڵی 2011دا زۆرێک لە دەوڵەتە عەرەبییەکان و تورکیا بڕیاریان دا، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕژێمی سووریا بپچڕێنن؛ وەک سزایەک بۆ ئەو تاوانانەی دەرهەق بە گەلەکەی دەیکات.

سێیەم: دەرەنجامەکانى پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان دەوڵەتان:

زانایان کۆکن لەسەر ئەوەی کە پارێزبەندیى دەزگه‌ی دیپلۆماسی، لەگەڵ کۆتاییهاتنی کارە دیپلۆماسییەکان کۆتایی نایەت، بەڵکوو دوای ئەوەیش بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی کاتی زیاتر بە دەزگاکە بدات تا کاروباری نێردراوەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەکەی خۆیان ڕێک بخات، لەگەڵ پێویستیی ڕێکوپێکی لەسەر پچڕانی پەیوەندیی دیپلۆماسی و هەڵوێستی یاسایی بۆ داخستنی دەزگه‌ی دیپلۆماسی و کشانەوەی ئەندامەکانی. بەڵام دەوڵەتی پێشوازیکەر، پابەند دەبێ بە پاراستنی بارەگای دەزگه‌کە و هەموو کەلوپەل و موڵک و بەڵگەنامەکان، هەروەها ئەندامەکانی دەزگه‌ی دیپلۆماسی دەتوانن سوود لەو پارێزبەندییەى کە هەیانە ببینن، تا ئەو کاتەی کەوا ڕێگه‌پێدراوە بۆیان، لە دوای پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و بەخشینی هەموو ئاسانکارییەکی پێویست پێیان، تا وڵاتی پێشوازیکەر بەجێ بهێڵن. لە بڕیارەکانی ماددەی (39)ی بڕگەی (2)ی ڕێککەوتننامەی ڤییەنا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە ساڵی 1961دا هاتووە: پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان نابێتە مایەی هەڵوەشانەوەی پەیماننامەکان و ڕێککەوتنە دووقۆڵییە بەستراوەکان لە نێوان دوو دەوڵەتدا، یان ڕاگرتنی پەیوەندیی بازرگانی و ڕۆشنبیری. لێرەدا ئەو دوو دەوڵەتەى کە پەیوەندیی نێوانیان پچڕاوە، دەتوانن لە ڕێگەى دەوڵەتی سێیەمەوە چاودێریی بەرژەوەندییەکانیان بکەن .

کۆبەند

چەمکی پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، بە بەرزترین پلەى ئاڵۆزى دادەنرێت کە هەموو هەوڵێکی دانوستان و یەکلاکردنەوەى کێشەکان تێ دەپەڕێنێت؛ بەبێ لەبەرچاوگرتنى ئەو بەرپرسیارێتییەى کە دەکەوێتە ئەستۆى هەر دەوڵەتێک لەو دەوڵەتانەى کە پەیوەندییان له‌گه‌ڵ یه‌كتری هەبووە. بۆیە ئێمە پێمان وايە كە پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، کۆتاییی قۆناغێکە لەو ئاڵۆزییانەى کە دەتوانین لەسەر ئاستی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی ڕەچاوى بکەین. لە قۆناغەکانی سەرەتای ئاڵۆزییەکاندا زۆر جار نامەى ناڕەزایى ئاراستەى باڵیۆزخانەی دەوڵەتى نێردراو دەکرێت و لە لایەن دەوڵەتى پێشوازیکەرەوە باڵیۆز بانگهێشت دەکرێت بۆ گفتوگۆ و، لە قۆناغەکانى دواتردا دەگاتە ڕاددەیەک کە ئاستی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی کەم بکرێتەوە، هەتا دەگاتە حاڵەتى پچڕانی پەیوەندیی دیپلۆماسی  .