كێشه‌ی داراییی هه‌رێم؛ ڕه‌هه‌ند و به‌رپرسیارێتی و چاره‌سه‌ره‌كان (به‌شی دووه‌م)

ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م/ ئاسته‌كانی به‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر كێشه‌ی داراییی هه‌رێم

له‌ هه‌موو سیسته‌مه‌كاندا ده‌وڵه‌ت ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیی گه‌وره‌ی ده‌رباره‌ی پرسه‌ ئابوورییه‌كان له‌ ئه‌ستۆدایه‌. له‌و نێوه‌یشدا پرسه‌ دارایییه‌كان جێگه‌یه‌كی ئه‌وتۆیان هه‌یه‌ چونكه‌ له‌ گرنگترین گۆڕاوه‌ كاریگه‌ره‌كانن له‌ ته‌واوی هاوكێشه‌ ئابوورییه‌كاندا و، ڕاسته‌وخۆیش په‌یوه‌ندییان به‌ باری ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی هاووڵاتیانه‌وه‌ هه‌یه و، له‌ هه‌مان كاتیشدا سه‌رچاوه‌ی پاره‌داركردن و بزوێنه‌ری هه‌موو بزاوت و هه‌نگاوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی كه‌رتی تایبه‌تیشن‌.  هه‌ر بۆیه‌ له‌ واقعدا تاكوو ئێستا هیچ یه‌ك له‌ ئایدۆلۆژی و سیسته‌مه‌ ئابوورییه‌ جیاوازه‌كان، به‌ سیسته‌می لیبراڵییشه‌وه‌، نه‌یتوانیوه‌ ڕێگه‌ له‌ ڕۆڵ و كاریگه‌ریی ده‌وڵه‌ت له‌ پرسه‌ ئابوورییه‌كان به‌گشتی و پرس و كێشه‌ و قه‌یرانه‌ دارایییه‌كان به‌تایبه‌تی بگرێت. به‌ واتا ده‌وڵه‌ت له‌ هه‌موو كاتێكدا به‌شی گه‌وره‌ی ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیی به‌ڕێوه‌بردن و ڕاگرتنی سه‌قامگیریی پرسه‌ ئابووری و دارایییه‌كانی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ. ئاسته‌كانی به‌رپرسیارێتیش له‌ناو ده‌وڵه‌تدا به‌پێی شێواز و پێكهاته‌ی ده‌وڵه‌ت و سیسته‌مه ‌سیاسییه‌كان جیاوازه‌: ئه‌گه‌ر له‌ ده‌وڵه‌تانی ساكاردا (الدول البسیطه‌) به‌ هۆی تاكئاستیی ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسیارێتییه‌وه‌، هه‌موو ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌كان له‌ ئه‌ستۆی حكوومه‌تی ناوه‌ندیدا بن، ئه‌وا  له‌ ده‌وڵه‌تی فیدراڵیدا هه‌ر یه‌ك له‌ حكوومه‌تی فیدراڵی و حكوومه‌تی هه‌رێمه‌كان به‌ ڕادده‌ و سنووری دیاریكراو به‌رپرسن له‌ پاره‌داركردن و به‌ڕێوه‌بردنی بواری داراییی هه‌رێمه‌كان و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی. سه‌باره‌ت به‌ ئاسته‌كانی به‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر به‌ كێشه‌ی داراییی هه‌رێمه‌كان، هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌ خواره‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی خوێندنه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌ ڕێسا گشتییه‌كانی فیدراڵییه‌تی داراییدا ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌كان دیاری بكه‌ین.

ئاسته‌كانی به‌رپرسیارێتیی‌ دارایی له‌ سیسته‌می‌ فیدراڵیدا

له‌ ده‌وڵه‌تانی فیدراڵیدا هه‌میشه‌ دو ئاست، یان سێ ئاستی ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسیارێتی هه‌یه‌، ئه‌وانیش هه‌ر یه‌ك له‌ "حكوومه‌تی فیدراڵی" و "حكوومه‌تی هه‌رێمه‌كان" و "حكوومه‌ته‌ خۆجێیه‌كان"ه‌. ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسیارێتییه‌ دارایییه‌كان وه‌ك زۆرێك له‌ بواره‌كانی تر له ‌نێوان ئه‌و ئاستانه‌دا دابه‌ش كراون و، سه‌ره‌نجام به‌رپرسیارێتیی پرسه‌ دارایییه‌كانی هه‌رێمێك له‌ناو ده‌وڵه‌تی فدراڵیدا به ‌كۆی گشتی، به‌رپرسیارێتییه‌كی هاوبه‌شه‌ له ‌نێوان حكوومه‌تی فیدراڵی و حكوومه‌تی هه‌رێمدا، به‌ڵام به‌ ئاست و سنووری دیاریكراو و جیاواز.

فیدراڵییه‌ت له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌سه‌ر بنه‌مای ئامێزانكردن و هه‌ماهه‌نگكردنی دوو پره‌نسیپی پێكناكۆك داده‌مه‌زرێت: یه‌كه‌میان پره‌نسیپی یه‌كگرتوویییه‌، كه‌ كۆمه‌ڵێك ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی، له‌ناویشیاندا ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیی دارایی ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی  حكوومه‌تی فیدراڵی به‌رامبه‌ر هه‌رێمه‌كان‌؛ دووه‌میش پره‌نسیپی سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمه‌كانه،‌ كه‌ ئه‌ویش ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیی به‌شی سه‌ره‌كیی پرسی دارایی و زۆربه‌ی پرسه‌كانی تری ناو هه‌رێم، ڕاسته‌وخۆ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی حكوومه‌تی هه‌رێم‌. بۆ ئه‌وه‌ی سنووره‌كانی ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیی هه‌ر دوو ئاسته‌كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر پرسی دارایی و كێشه‌كانی له‌ هه‌رێمی كوردستان بزانین، له‌ خواره‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین ‌له‌به‌ر ڕۆشناییی پره‌نسیپه‌كانی سیسته‌می فیدراڵی و بنه‌ما ده‌ستوورییه‌كاندا بابه‌ته‌كه‌ ڕوون بكه‌ینه‌وه‌.

یه‌كه‌م/ به‌رپرسیارێتیی داراییی حكوومه‌تی فیدراڵی به‌رامبه‌ر به ‌هه‌رێمه‌كان

له ‌سیسته‌می فیدراڵیدا ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیی دارایی و ئابووریی حكوومه‌تی فیدراڵی به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمه‌كان له ‌چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندییه ‌دارایییه‌كاندا ڕێك خراوه. بۆ‌‌ ئه‌و مه‌به‌سته‌  له‌ ته‌واوی ده‌وڵه‌تانی فیدراڵیدا هه‌میشه‌  دوو ڕێكاری سه‌ره‌كی ده‌گیرێنه ‌به‌ر: ڕێكاری یه‌كه‌م بریتییه‌‌ له‌ به‌شكاریی ده‌سه‌ڵات له‌ بواری داهاته‌كاندا له‌گه‌ل هه‌رێمه‌كان؛ ڕێكاری دووه‌میش بریتییه‌ له جیبه‌جێكردنی‌ به‌رپرسیارێتیی حكوومه‌تی فیدراڵی له ‌بواری خه‌رجییه‌كان به‌رامبه‌ر هه‌رێمه‌كان، كه‌ ئه‌ویش دوو ڕێگه‌ له‌خۆ ده‌گرێت‌: ڕێگه‌ی یه‌كه‌م بریتییه‌ له‌ گواستنه‌وه‌ دارایییه‌كان (التحویلات المالیة) كه‌ باوترین میكانیزمی جێبه‌جیكردنی ئه‌و به‌رپرسیارێتییانه‌یه‌‌؛ ڕێگه‌ی دووه‌میش بریتییه‌ له‌ بنیاتنان و جێبه‌جێكردنی ڕاسته‌وخۆی هه‌ندێ پرۆگرام و پرۆژه‌ی تایبه‌ت له‌ لایه‌ن‌ حكوومه‌تی فیدراڵییه‌وه‌ له‌ هه‌رێمه‌كاندا.

سه‌باره‌ت به‌ ڕێكاری (به‌شكاریی ده‌سه‌ڵاتی داهاته‌كان)، پێویسته‌ ئه‌وه‌ بڵیین كه‌ به‌بێ بوونی كۆمه‌ڵێك ده‌سه‌ڵاتی دارایی و كۆكردنه‌وه ‌و وه‌رگرتن و به‌كارهێنانی داهات له ‌لای هه‌رێمه‌كان، هیچ مانایه‌ك بۆ فیدراڵییه‌ت نامێنێته‌وه‌. هه‌رێمه‌كان له ‌ته‌واوی ده‌وڵه‌تانی فیدراڵیدا جگه‌ له‌ پشكی بوودجه‌ و ئه‌و گواستنه‌وه‌ و به‌خشینانه‌ی (منح و التحویلات) كه‌ له‌ حكوومه‌تی فیدراڵی‌ وه‌ری ده‌گرن، خۆیشیان كۆمه‌ڵێك ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌ت به‌ كۆكردنه‌وه ‌و به‌ڕێوه‌بردنی باج و داهاته‌كانی دیكه‌ و سامانه‌كانیان هه‌یه‌‌. واته‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌كانی ده‌وڵه‌تی فیدراڵی، فه‌راهه‌مكردنی مافی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی هه‌رێمه‌كانه‌ به‌سه‌ر به‌شێكی دیاریكراوی سامان و داهاته‌كانیدا؛ به‌ جۆرێك كه‌ له‌گه‌ڵ ئاستی شیاوی پێداویستییه‌كانیان و مانه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیییاندا بگونجێت. ئه‌م ڕێكاره‌ ڕێكارێكی هه‌ره‌ بنه‌ڕه‌تییه ‌و یه‌كێكه‌ له‌ ئامرازه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی جێبه‌جێكردنی پره‌نسیپی سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمه‌كان له‌ ده‌وڵه‌تی فیدراڵیدا. سه‌باره‌ت به ‌ڕێكاری گواستنه‌وه ‌دارایییه‌كانیش (التحویلات المالیة)، پێویسته‌ ئه‌وه‌ بڵێین كه‌ له‌ زۆرینه‌ی ده‌وڵه‌تانی فیدراڵیدا ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسیارێتییه‌‌ دارایییه‌كان به ‌جۆرێك به‌ش ده‌كرێن كه ‌حكوومه‌تی فیدراڵی، زیاتر له‌ به‌رپرسیارێتییه‌‌كانی خه‌رجكردن ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر داهاته‌كاندا هه‌بێت،. هه‌ر بۆیه‌ زۆربه‌ی كات له ‌ڕێگه‌ی گواستنه‌وه‌ دارایییه بێمه‌رجه‌كانه‌وه‌ ‌(التحویلات المالیة غیر المشروطة) كێشه‌ و كورتهێنانی داراییی هه‌رێمه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كات و، له ‌ڕێگه‌ی گواستنه‌وه‌ دارایییه‌ مه‌رجداره‌كانیشه‌وه (التحویلات المالیة المشروطة) كار بۆ كۆمه‌ڵێك ئامانجی دیاریكراو ده‌كات. ئه‌مه‌یش له‌ چوارچێوه‌ی پره‌نسیپی ڕاستكردنه‌وه‌ی لاسه‌نگییه‌ دارایییه‌كاندا ده‌بێت، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پره‌نسیپه‌كانی فیدراڵییه‌تی دارایی. ئه‌م ڕێكاره‌یش به‌گشتی ڕێكارێكی بنه‌ڕه‌تییه ‌و، په‌یوه‌سته‌ به‌ خه‌سڵه‌تی یه‌ككگرتوویی و به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌كانی حكوومه‌تی فیدراڵی له‌ ته‌واوی پانتاییی ده‌وڵه‌تدا.‌

له ‌زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تانی فیدراڵیدا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ زۆرینه‌ی به‌رپرسیارێتییه‌‌كانی خه‌رجكردن له ‌هه‌رێمه‌كان ده‌كه‌ونه‌ ناو چوارچێوه‌ی به‌رپرسیارێتیی حكوومه‌تی هه‌رێمه‌كانه‌وه‌‌، به‌ڵام حكوومه‌ته‌كانی فیدراڵی جگه‌ له‌ پشكی بوودجه‌ و گواستنه‌وه‌ دارایییه‌كان، له‌ زۆر بواری دیكه‌دا به‌شداری و پاڵپشتیی هه‌رێمه‌كان ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تیش له‌ بواره‌كانی فێركردن و ته‌ندروستی و ژینگه‌ و ژێرخانی ئابووری و پاڵپشتیی ده‌رامه‌تی هاووڵاتیان و هتد. بۆ نموونه ‌له‌ كه‌نه‌دا كه‌ هه‌موو به‌رپرسیارێتییه‌كانی بواری فێركردن، له‌ چوارچێوه‌ی تایبه‌تمه‌ندیی حكوومه‌تی هه‌رێمه‌كانن، كه‌چی حكوومه‌تی فیدراڵی له ‌ڕێگه‌ی پرۆژه‌ و پرۆگرامی تایبه‌ت و به‌خشین و قه‌رزه‌وه‌ ڕۆڵێكی گه‌وره‌ له‌و بواره‌دا ده‌گێڕێت. له ‌زۆربه‌ی وڵاتانی تری فیدراڵی و له ‌زۆربه‌ی بواره‌ جۆراوجۆره‌كانیشدا نموونه‌ی له‌و جۆره‌ زۆرن و، ئه‌وه‌یش شتێكی ئاسایییه‌ و، بگره‌ له‌ بنچینه‌دا باره‌ ئاسایی و سروشتییه‌كه‌ هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌یه‌.

به‌و جۆره‌ له‌ ته‌واوی سیسته‌مه‌ فیدراڵییه‌كانی دنیادا هه‌رێمه‌كان ده‌سه‌ڵاتی دیاریكراویان له‌ هه‌ر یه‌ك له‌ بواره‌كانی داهات و خه‌رجییه‌كان و به‌ڕێوه‌بردنی سامان له‌ناو هه‌رێمه‌كان و ته‌نانه‌ت قه‌رزكردنیشدا هه‌یه؛ له ‌هه‌مان كاتیشدا مافی سوودمه‌ندبوون له‌ بوودجه‌ و گواستنه‌وه‌ دارایییه‌كان و پرۆگرام و پرۆژه‌ تایبه‌ته‌كانی  حكوومه‌تی فیدراڵیشیان هه‌یه‌. له‌ زۆرینه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كانیشدا ئه‌و بڕه‌ داهاتانه‌ی كه‌ ڕاسته‌وخۆ له ‌لایه‌ن هه‌رێمه‌كانه‌وه‌ وه‌رده‌گیرێن و به‌ داهاته‌ خودسه‌رچاوه‌كان ناوزه‌د ده‌كرێن (الایرادات ذاتیة المصدر)، له‌ بوودجه‌ی گشتیی ده‌وڵه‌تی فیدراڵیدا هه‌ژمار ناكرێن. بۆ سوودمه‌ندبوون له‌ گواستنه‌وه ‌دارایییه‌كان و بوودجه‌ی گشتیش، پێوه‌ری بابه‌تی و هاوكێشه‌ی تایبه‌ت هه‌یه‌. ئه‌و پرسانه تێكڕایان به ‌یاسای تایبه‌ت ڕێك خراون و، بۆ جیبه‌جێكردنیان پشت به‌ میكانیزمی هاوبه‌ش و پێوه‌ری بابه‌تی و زانستیی تایبه‌ت ده‌به‌سترێت و، بابه‌ته‌كه‌ ناكرێته‌‌ گه‌مه‌یه‌كی ده‌ستی سیاسییه‌كان و گۆڕاوێكی به‌رده‌وام له‌ هاوكێشه‌ و ڕێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌كاندا‌.

به‌رپرسیارێتیی حكوومه‌تی فیدراڵی عێراق به‌رامبه‌ر به ‌كێشه‌ی داراییی‌‌ هه‌رێمی كوردستان

تاكوو هه‌رێم به‌شێك بێت له ‌عێراقی فیدراڵی، ‌ئه‌ركی حكوومه‌تی فیدراڵییه‌ كه‌ له‌ پاراستنی هه‌رێم له‌ ڕوودانی كێشه‌ی دارایی و، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه ‌و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ئه‌و بواره به‌شدار بێت. ئه‌وه‌یش ئه‌ركێكه‌ له‌ چوارچێوه‌ی جیبه‌جێكردنی پره‌نسیپی یه‌كگرتوویی و، به‌رپرسیارێتییه‌‌كی نه‌گۆڕه له چوارچێوه‌ی ‌په‌یوه‌ندییه ‌دارایییه‌كان له‌ناو ته‌واوی ده‌وڵه‌تانی فیدراڵیدا. ئه‌و ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌‌ پابه‌ندبوونێكه‌، كه‌ هه‌موو حكوومه‌تێكی فیدراڵی وه‌ك ئه‌ركێكی سه‌ره‌كی و ئاسایی به‌جێی ده‌گه‌یه‌نێت. بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌‌یش، له‌ناو سیسته‌می فیدراڵیدا جگه‌ له‌ میكانیزمی "به‌شكاریی  ده‌سه‌ڵاتی داهاته‌كان، بوودجه‌ و گواستنه‌وه‌ دارایییه‌كان، جیبه‌جێكردنی پرۆگرام و پرۆژه‌ی تایبه‌ت" ڕێكارێكی تر له‌ ئارادا نییه‌.

حكوومه‌تی فیدراڵی عێراق تاكوو ئێستا هیچ یه‌ك له‌ ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌‌كانی خۆی له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕێكارانه‌ی سه‌ره‌وه‌ جێبه‌جێ نه‌كردووه‌؛ ئه‌و نه‌ ماف و ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمی له‌ بواری داهات و به‌ڕێوه‌بردنی سامانه‌كانیدا سه‌لماندووه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌ستوور ڕێگه‌ی پێ ده‌دات و له‌ سیسته‌مه‌ فیدراڵییه‌كاندا په‌یڕه‌و ده‌كرێت، نه‌ ئه‌ركی خۆی له‌ گواستنه‌وه‌ دارایییه‌كان و ناردنی پشكی بوودجه‌ی هه‌رێم جێبه‌جێ كردووه‌، نه‌ له‌ ڕێگه‌ی پرۆگرام و پرۆژه‌ی تایبه‌تییه‌وه‌ كاری بۆ پاڵپشتیی سێكته‌ره‌ ئابوورییه‌كان و چاره‌سه‌ری  كێشه‌ و ڕه‌وشه‌ ناله‌باره‌كانی هه‌رێم كردووه‌.

دیاره‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك كێشه‌ و لێكتێنه‌گه‌یشتن و نه‌سازان له‌ بواری په‌یوه‌ندییه‌ دارایییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا هه‌یه‌ و، هه‌میشه‌ وه‌ك ڕووپۆش و پاساوی هه‌ڵوێسته‌كان له ‌لایه‌ن هه‌ر دوو لاوه‌ به‌كار ده‌هێنرێن (ئێمه‌ له‌ به‌شێكی تری ئه‌م وتاره‌دا له‌ چوارچێوه‌ی چاره‌سه‌ره‌كان باسیان لێوه‌ ده‌كه‌ین)، به‌ڵام هیچ كات ئه‌و پاساوانه‌ ڕه‌وایه‌تی به‌ ده‌ستبه‌رداربوونی حكوومه‌تی فیدراڵی له‌ ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌‌كانی و، به‌‌ هه‌نگاو و هه‌ڵوێسته‌ نه‌رێنییه‌كانی ناده‌ن. ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌ دارایییه‌كانی حكوومه‌تی فیدراڵی له ‌هه‌ر ده‌وڵه‌تێكدا بێت، به ‌عێراقیشه‌وه‌، به ‌جۆرێكن كه‌ هیچ پاساو و ڕه‌وایه‌تییه‌ك نییه‌ بۆ ده‌ستبه‌رداربوون لێیان. حكوومه‌تی فیدراڵی عێراق تاكوو ئێستا كه‌ زۆرینه‌ی داهات و ده‌سه‌ڵاته‌كانی كۆكردنه‌وه‌ی داهاته‌كانی له‌ده‌ستدایه‌، له ‌ساڵانی ڕابردوودا هه‌م خۆی هۆكاری سه‌ره‌كیی كێشه‌كان بووه‌، هه‌م به‌ هیچ جۆرێكیش ‌ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیی خۆی‌ به‌رامبه‌ر به‌ كێشه‌ دارایییه‌كانی هه‌رێم به‌جێ نه‌گه‌یاندووه‌. ئه‌گه‌ر عێراق ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵی بێت و كار به ‌سیسته‌می فیدراڵییه‌تی دارایی بكرێت و هه‌وڵی مانه‌وه‌ی به‌‌یه‌كگرتوویی بدرێت، پێویسته‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ جێبه‌جێكردنی ڕێكاری به‌شكاریی ده‌سه‌ڵاتی داهاته‌كان و به‌كارهێنانی به‌شێكی گونجاو له‌ داهاته‌ خودسه‌رچاوه‌كانی سوودمه‌ند بێت. له‌ هه‌مان كاتیشدا حكوومه‌تی فیدراڵی ‌ئه‌ركی خۆی له‌ به‌شداریكردن له‌ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنان و چاره‌سه‌ری كێشه‌ دارایییه‌كانی هه‌رێمدا له‌ ڕێگه‌ی گواستنه‌وه‌ دارایییه‌كان و ناردنی پشكی بوودجه‌‌ و پرۆژه‌ و پرۆگرامه‌ تایبه‌تییه‌كانه‌وه‌ بۆ پاڵپشتیكردنی سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كان، به‌جێ بگه‌یه‌نێت. ئه‌مه‌ نه‌ك ته‌نیا بۆ عێراق به‌ڵكوو بۆ هه‌موو ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵی به‌و شێوه‌یه‌یه‌.

دووه‌م/ به‌رپرسیارێتیی داراییی حكوومه‌تی هه‌رێمه‌كان له‌ سیسته‌می فیدراڵیدا

 له‌ ده‌وڵه‌تانی نامه‌ركه‌زی و به‌تایبه‌تتر له‌ ده‌وڵه‌تانی فیدراڵیدا، حكوومه‌تی هه‌رێمه‌كان به‌رپرسی یه‌كه‌من به‌رامبه‌ر به ‌هاووڵاتیانی هه‌رێمه‌كانیان له‌ گشت ئه‌و بوارانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆ و تایبه‌تیان به‌ هه‌رێمه‌كانه‌وه‌ هه‌یه،‌ به‌تایبه‌تیش له‌ ته‌واوی ئه‌و پرسانه‌ی كه‌ ناكه‌ونه‌ ناو چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی حكوومه‌تی فیدراڵییه‌وه‌. سنووری ده‌سه‌ڵات و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هه‌ر یه‌ك له‌ هه‌رێمه‌كان و حكوومه‌ته‌ فیدراڵییه‌كان له‌ ده‌وڵه‌تێكه‌وه‌ بۆ ده‌وڵه‌تێكی تر جیاوازه؛ ئه‌و سنووره‌یش ڕادده‌ی به‌رپرسیارێتیی هه‌ر یه‌ك له‌ ئاسته‌كانی حكوومه‌ت دیاری ده‌كات. به‌ڵام به‌گشتی بواری دارایی و خزمه‌تگوزارییه‌ جۆراوجۆره‌كان و به‌ڕێوه‌بردنی سامانه‌ سروشتی و مرۆیییه‌كان، له‌و بوارانه‌ن كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمه‌كان له‌ ته‌واوی ده‌وڵه‌تانی فیدراڵیدا ڕۆڵی كارایان تێدا ده‌گێڕن و، له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییان به‌رامبه‌ر به‌ هاووڵاتیانیان له‌ هه‌رێمه‌كانیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن. هه‌ر بۆیه‌ دۆخی داراییی هه‌رێمه‌كان زیاد له‌ هه‌ر شتێك، كاریگه‌ره‌ به ‌شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی حكوومه‌تی هه‌رێمه‌كانه‌وه‌. ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمه‌كان نه‌توانن كاروباری گشتی، به‌تایبه‌تی له‌ ڕووی دارایی و ئابوورییه‌وه‌ به‌باشی به‌ڕێوه‌ ببه‌ن و، پلان و پرۆگرامی دروستیان نه‌بێت بۆ په‌ره‌پێدانی، ئه‌وا پاڵپشتی و گواستنه‌وه ‌دارایییه‌كانی حكوومه‌تی فیدراڵی له‌ هه‌ر ئاستێكدا بن ناتوانن دۆخێكی داراییی گونجاو بۆ هه‌رێمه‌كان به‌به‌رده‌وامی ده‌ستبه‌ر بكه‌ن. وه‌ك ده‌بینین له‌  چه‌ندین ده‌وڵه‌تی فیدراڵیدا جیاوازییه‌كی زۆر له‌ دۆخی دارایی و ئابووری و ته‌نانه‌ت ئاستی داهات و باری گوزه‌رانی هاووڵاتانیش له‌ نێوان هه‌رێمه جیاوازه‌كانی یه‌ك ده‌وڵه‌ت هه‌یه‌ و، له ‌هه‌مان كاتیشدا كێبركێیه‌كی ئابووریی ئاشكرایش له‌ نێوان هه‌رێمه‌ جیاوازه‌كانی یه‌ك ده‌وڵه‌تدا شتێكی ئاسایی و به‌رچاوه‌‌. ئه‌وه‌یش هۆكاری هه‌ره‌ سه‌ره‌كیی، په‌یوه‌سته‌ به‌ شێواز و توانستی به‌ڕێوه‌بردنی حكوومه‌تی هه‌رێمه‌كانه‌وه‌.

 له ‌واقعدا دیاریكردنی سنووری به‌رپرسیارێتیی هه‌رێمه‌كان  له‌ هه‌موو ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵیدا، ته‌نیا په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ سنووری ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه‌ ده‌ستوور و یاسا و ڕێسا به‌ركاره‌كان دیاریی ده‌كه‌ن، به‌ڵكوو هه‌ندێك جار سروشتی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ و، ئاستی خه‌مڵینی سیسته‌می فیدراڵی و، دۆخی په‌یوه‌ندییه‌ كه‌لتووری و سیاسییه‌كان، جۆرێك له‌ ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیی تر ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی لایه‌نه‌ جیاوازه‌كان، به‌تایبه‌تیش حكوومه‌تی هه‌رێمه‌كان و، سه‌ره‌نجام سنووری به‌رپرسیارێتییه‌‌كان به ‌جۆرێكی تر ده‌نه‌خشێنن. ئه‌وه‌یش له‌ نموونه‌ی ده‌و‌ڵه‌تی فیدراڵی عێراق له‌ دۆخی هه‌رێمی كوردستاندا  به‌ڕوونی ده‌بنیێرت، وه‌ك له‌ خواره‌وه‌ ئاماژه‌ی پێ ده‌ده‌ین. 

به‌رپرسیارێتیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رامبه‌ر كێشه‌ی دارایی 

به‌رپرسیارێتیی حكوومه‌تی هه‌رێم به‌رامبه‌ر به‌ ته‌واوی پرسه‌كانی هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ ڕوویه‌كی هه‌یه‌: ڕوویه‌كی بریتییه‌ له‌ ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیی یاسایی و ده‌ستووری؛ ڕوویه‌كی  تریش بریتییه‌ له‌ ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیی ئه‌خلاقی و سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی. ئه‌گه‌ر به‌گوێره‌ی ده‌ستوور و یاسا و ڕێساكانی سیسته‌می فیدراڵی بێت، ئه‌وه‌ ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم دیاریكراو و سنووردارن و، له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیی حكوومه‌تی هه‌رێمه‌ هاوشێوه‌كانیدان له‌ ده‌وڵه‌تانی فیدراڵیدا، به‌ڵام به‌ هۆی سروشتی ده‌وڵه‌تی عێراق و، هه‌نگاو و هه‌ڵوێسته‌ نه‌رێنییه‌كانییه‌وه‌ به‌رامبه‌ر هه‌رێم، ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیی حكوومه‌تی هه‌رێم بووه‌ته‌ ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌‌كی بێسنوور و، ته‌واوی بواره‌كان ده‌گرێته‌وه. ئه‌وه‌یش زیاد له‌وه‌ی به‌رپرسیارێتییه‌‌كی یاسایی و ده‌ستووری بێت، به‌رپرسیارێتییه‌‌كی ئه‌خلاقی و سیاسی و نه‌ته‌وه‌یییه‌.

حكوومه‌تی فیدراڵی له ‌عێراق، جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌‌ دارایییه‌كانی خۆی جێبه‌جێ نه‌كردووه‌ و، له ‌به‌رامبه‌ر هه‌رێمدا زۆر جار وه‌ك ڕكابه‌ر و ناحه‌ز مامه‌ڵه‌ی كردووه‌ و، كێشه‌ و كۆسپی بۆ حكوومه‌تی هه‌رێم دروست كردووه‌ و، ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌‌كانی سه‌رشانی گرانتر كردووه‌، له ‌هه‌مان كاتیشدا به‌و پێیه‌ی كه‌ تاكه‌ ده‌سه‌ڵاته، به‌پێی ده‌ستوور ‌ئه‌ركی به‌رگری و پاراستن و په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كییه‌كان و چه‌ند بوارێكی گرنگی له‌ ئه‌ستۆدایه‌ وه‌ك هه‌ر حكوومه‌تێكی فیدراڵی، كه‌چی به ‌درێژاییی چه‌ندین ساڵی ڕابردوو نه‌ك هه‌ر‌ ئه‌ركی خۆی‌ بۆ به‌رگریكردن و پاراستنی هه‌رێم له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌كی به‌جێ نه‌گه‌یاندووه، به‌ڵكوو خۆی به‌ هاوكاریی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه گه‌وره‌ترین هێرش و هه‌ڕه‌شه‌ی كردووه‌ته‌ سه‌ر هه‌رێم‌. ئه‌و حكوومه‌ته‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كییه‌كانیشدا نه‌ك هه‌ر نوێنه‌رایه‌تیی ته‌واوی گه‌لانی عێراقی نه‌كردووه‌ و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ڕێك نه‌خستووه‌، به‌ڵكوو بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و گه‌مارۆدانی، ڕێككه‌وتن و هاوپه‌یمانیی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌ كردووه‌. ئه‌مانه‌یش ته‌واو پێچه‌وانه‌ی سه‌ره‌تاكانی ده‌وڵه‌تداری و فیدراڵیزمن. ئه‌م هۆكارانه‌ وا ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیی حكوومه‌تی هه‌رێم به‌رامبه‌ر به‌ پرسه‌ جۆراوجۆره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ر له‌وه‌ی به‌رپرسیارێتیی یاسایی و ده‌ستووری و سنووردار بن، به‌رپرسیارێتیی "ئه‌خلاقی–سیاسی- نه‌ته‌وه‌یی" و بێسنوورن. بۆیه‌ حكوومه‌تی هه‌رێم له ‌به‌رده‌م گه‌وره‌ترین به‌رپرسیارێتیدایه‌ به‌رامبه‌ر گشت بواره‌كانی به‌ڕێوه‌بردن له‌ هه‌رێمی كوردستان؛ له‌ناو ئه‌وانه‌یشدا به‌ڕێوه‌بردن و ڕێكخستنی كاروباری دارایی و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی.

سه‌باره‌ت به‌ به‌رپرسیارێتیی داراییی هه‌رێم، ده‌بێ له‌و ڕاستییه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بكه‌ین كه‌ سه‌ره‌ڕای هه‌ڵوێسته‌ نه‌یار و نه‌رێنییه‌كانی حكوومه‌تی عێراق، به‌ڵام تاكوو ئێستایش حكوومه‌تی هه‌رێم به‌ هه‌ر هۆیه‌ك بێت ده‌سه‌ڵاتێكی زۆری له‌و بواره‌ و ته‌واوی بواره‌كانی به‌ڕێوه‌بردندا هه‌یه. بێ گومان له‌ ده‌وڵه‌تی فیدراڵیشدا، پێویسته‌ هه‌میشه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ دارایییه‌كان‌ به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ و به‌ شێوه‌ی سیسته‌ماتیك بۆ هه‌رێمه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكرێن. به‌ هۆی بوونی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ و، هه‌روه‌ها به‌ هۆی ئه‌و ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌‌ جۆراوجۆرانه‌ی كه‌ له ‌ئه‌ستۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندان،‌ به‌شی هه‌ره ‌زۆری ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی داراییی هه‌رێم و، كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی له‌سه‌ر گوزه‌رانی هاووڵاتیان و ته‌واوی بواره‌كان و، چاكسازی و سه‌رله‌نوێ ڕێكخستنه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانی دارایی و ئابووری، ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. حكوومه‌تی هه‌رێم به‌رپرسیاری یه‌كه‌مه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ژیانی هاووڵاتیان و چاره‌سه‌ری گرفته‌ جۆراوجۆره‌كانیان، به‌تایبه‌تیش له‌ ڕووی دارایییه‌وه‌. ئه‌وه‌یش ئه‌رك و پابه‌ندبوونێكی یاسایی و ئه‌خلاقی و سیاسی و نه‌ته‌وه‌یییه‌ و، هیچ پاساوێك نییه‌ ڕه‌وایه‌تی بداته‌ خۆبواردن له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییانه‌. بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و ئه‌رك و به‌پرسیاریه‌تییانه‌یش، پێویسته‌ حكوومه‌تی هه‌رێم كۆمه‌ڵێك هه‌نگاوی گرنگ و پلانی ورد و ڕێكاری بوێرانه‌ له‌ مه‌ودای كورتخایه‌ن و مامناوه‌ندی و درێژخایه‌ندا بگرێته ‌به‌ر له‌ بواره‌كانی: "چاكسازیی دارایی و تۆكمه‌كردن و پێشخستنی بواری به‌ڕێوه‌بردنی دارایی، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا و ده‌سته‌به‌ركردنی شایسته‌ دارایییه‌كان، چاكسازی ئابووری و په‌ره‌پێدانی" (له‌ به‌شی داهاتووی ئه‌م وتاره‌دا، له‌ چوارچێوه‌ی چاره‌سه‌ره‌كاندا، به‌وردی له‌و بوارانه‌‌ ده‌دوێین و پێشنیاره‌كان ده‌خه‌ینه‌ ڕوو).