لۆبیكاری (دیاسپۆراى کوردستان) – بەشى سێیەم و کۆتایى

تۆفیق ڕەحمان مەنتک، ماستەر لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
پێشەکى:

دواى ئەوەى لە هەر دوو بەشى یەکەم و دووەمى بابەتەکەمان زیاتر دەربارەى کارى لۆبى و شێوازى سەرهەڵدان و ڕێژەى کارتێکردنى لەسەر سیاسەتى دەرەوە  و پرۆسەى بڕیاردان کرد، بەپێویستى دەزانین لەم بەشەى کۆتاییى بابەتەکەماندا جەخت بکەینەوە له‌سه‌ر ڕۆڵى "دیاسپۆرا"؛ واتە ڕەوەندى وڵاتان بەگشتى و ڕەوەندى کوردستانى لە دەرەوە بەتایبەتى؛ هەروەها ئەو خاڵانە چین کە پێویستن بۆ دروستبوونى دیاسپۆرایەکى چالاک و بەهێز لە دەرەوە کە ببێتە کارتێکى گوشارى زیرەک بۆ دۆزى ڕەواى گەلى کوردستان.

دیاسپۆرا کە لە زمانى ئینگلیزیدا بۆ ڕەوەندى وڵاتان بەکار دێت، کە خۆى وشەیەکى یۆنانییە بە ماناى پەرش و بڵاوبوونه‌وه‌ بەکار دێت کە کاتى خۆى زیاتر لە لایەن یۆنانییەکان بەکار هاتووە لە کاتى پەرش و بڵاوبوونەوەیان بۆ دەستبەسەرداگرتنى شوێنێک. لە ماوەى ٤٥ ساڵى ڕابردوودا ڕێژەى ئەو خەڵکانەى کە لە دەرەوەى وڵاتى خۆیان دەژین بە ڕێژەى سێ جار زیادى کردووە تا گەیشتۆتە ئەو ڕاددەیەى کە ئێستا ٢٣٢ ملیۆن کەس وەک دیاسپۆرا هەژمار دەکرێن؛ کە ئەمەیش دەکاتە سەدا سێى ڕێژەى دانیشتووانى جیهان و، ئەگەر هات و هەموویان لە وڵاتێکدا کۆ بکرێنەوە ئەوا دەبنە پێنجەمین وڵات لە ڕووى ژمارەى دانیشتووانەوە.

میشێل دێکەر  لە توێژینەوەکەیدا دەربارەى لۆبیى نەتەوەیى و سیاسەتى دیاسپۆرا لە ئەمریکا دەڵێت: "چەند فاکتەرێکى گرنگ هەیە کە بڕیار دەدات کە ئایا گرووپێکى نەتەوەییى دیاریکراو لە کارتێکردن لە سیاسەتى دەرەوەى ئەمریکادا سەر کەوتووە یاخود نا؛ ئەو فاکتەرانەیش بریتین لە: هێزى دەنگدان، سەرچاوەى دارایى، بەهێزیى ڕێکخراوەیى و دامەزراوەییى گرووپەکە."

  1.  هێزى دەنگدان:

بۆ هەر گرووپێکى دیاسپۆرا بیەوێت لە هەوڵە لۆبییەکانیدا سەرکەوتوو بێت، پێویستە کۆمەڵەیەک پشتگیریى بکات و کاراکتەرێکى سیاسیى چالاک بێت و  ئاڕاستەى دەنگدانیان بە شێوەى کۆمەڵ بێت. کارتى دەنگدان بەهێزترین کارتە بۆ ئەوەى هەر گرووپێک بیەوێت لە واشنتۆن گوێ لە داواکارییەکانى بگیرێت و کاریگەریى لەسەر سیاسەت و ستراتیژى هەبێت. ئەو گرووپانەى کە ژمارەیان زۆرە، کاریگەرییان زیاترە، بەتایبەتى ئەگەر هات و لە بازنەیەکى هەڵبژاردندا بن. ئێرلەندییە ئەمریکییەکان کە ڕێژەى ١٢% دانیشتووانى ئەمریکا پێک دەهێنن و کاریگەرییەکى زۆریان لەسەر دەرەنجامى هەڵبژاردنەکان هه‌یه‌، لە ساڵى ١٩٩٢ بیل کلینتۆن، کاندیدى ئەوکاتى سەرۆکایەتیى ئەمریکا، بۆ ئەوەى دەنگى ئێرلەندییە ئەمریکییەکان لە نیویۆرک، بۆستن، شیکاگۆ بەدەست بهێنێت، لە هەڵمەتەکانى بانگەشەى هەڵبژاردندا بەڵێنی دا ئەگەر هات و ببێتە سەرۆکى ئەمریکا ئەوا بە شێوەیەکى شەخسى لە پرۆسەى ئاشتیى تایبەت بە ئێرلەنداى باکوور بەشدار دەبێت. ئەمەیش بووە هۆى ئەوەى کە بتوانێت دەنگى زۆربەى ئێرلەندییەکان بەدەست بهێنێت کە پێشووتر پشتگیرییان لە کاندیدى کۆمارییەکان دەکرد. هاوکات گرووپەکانى تریش کە ژمارەیان کەمە بەڵام لە ناوچەیەکى دیاریکراودا کۆ بوونەوەتەوە، کاریگەرییان لەسەر دەرچوونى کاندیدەکان بۆ کۆنگرێس یاخود سینات هەیە و، تەنانەت کاندیدەکانیش هەڵوێستەکانیان پشتگیرى دەبێت لە هەست و سۆز و داوکاریى ئەو گرووپە؛ بۆ نموونە ئەڵبانییە ئەمریکییەکان ڕێژەى ١٧%ی ویلایەتى نیویۆرک پێک دەهێنن. بۆیە زۆربەى کاندیدەکان بە هەموو شێوەیەک خۆیان لە کۆمەڵگه‌ى ئەڵبانییە ئەمریکییەکان نزیک دەکەنەوە؛ هەمان بۆچوون دروستە بۆ ڕەوەندى کوبییەکان و جوولەکەکان کە لە چەند بازنەیەکى دیاریکراودا کۆ بوونەتەوە.

  1.  سەرچاوەى دارایى:  

سەرچاوەى دارایى، خاڵێکى ترى بەهێزە کە دواى هێزى دەنگدان دێت؛ ئەمەیش خۆى لە پشتگیریى داراییى گرووپەکانى دیاسپۆرا لە هەڵمەتەکانى بانگەشەى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى و کۆنگرێس و سیناتدا دەبینێتەوە. هەرچەندە زۆربەى پشتگیریى دارایى بۆ هەڵمەتەکانى هەڵبژاردن لە لایەن کۆمپانیا و دامەزراوە بازرگانییەکانە، بەڵام گرووپەکانى دیاسپۆرا یاخود ڕەوەندى وڵاتان، بە هۆکار و شێوازى جیاواز لە پشتگیریى داراییدا بەشدار دەبن. بۆ نموونە لە ساڵى ١٩٩٦ لە ویلایەتى داكۆتای باشوور (South Dakota)، هیندییە ئەمریکى و پاکستانییە ئەمریکییەکان پشتگیرییان لە دوو کاندیدى جیاواز دەکرد: هیندییەکان پشتگیرییان لە کاندیدى کۆمارییەکان،  لارى پرێسلەر دەکرد کە دژى پشتگیریى سەربازیى ئەمریکا بوو بۆ پاکستان و، لە بەرامبەردا پاکستانییە ئەمریکییەکان پشتگیرییان لە کاندیدى دیموکراتەکان، تیم جۆنسن دەکرد و، لە ئەنجامدا کاندیدى کۆمارییەکان دۆڕا. بەپێى ڕاپۆڕتەکان لە ساڵى ١٩٩٦، جێگرى سەرۆکى ئەمریکا، ئالگۆر، بڕى ٨٠ هەزار دۆلارى ئەمریکیى وەک پشتگیریى دارایى بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن لە ئەمریکییە چینییەکان وەرگرتبوو، بەڵام دواى ئەوەى کە ئاشکرا بوو، ناچار بوو ئەو پشتگیرییە دارایییە بگەڕێنێتەوە. هەروەها لە ساڵى ١٩٩٢ لە کاتى بانگەشەى هەڵمەتى سەرۆکایەتیى ئەمریکا، بیل کلینتۆن لە سەردانێکیدا بۆ هاڤاناى بچووک لە مایامى ئەوەى گوت کە پێویستە ئەمریکا بەرامبەر بە ڕژێمەکەى ڤیدل کاسترۆ لە کوبا توند بێت، کە ئەمە هاوتەریب بوو لەگه‌ڵ ستراتیژیى کوبییە ئەمریکییەکان و، لە دەرەنجامدا بە بڕى ٣٠٠ هەزار دۆلار پشتگیرییان لە هەڵمەتى بانگەشەى سەرۆکایەتیى بیل کلینتۆن کرد.

  1.  بەهێزیى دامەزراوەیى و ڕێکخراوەیى:

بوونى دامەزراوەیەک یاخود ڕێکخراوێکى هەمیشەیى، زۆر گرنگە بۆ بەکارخستن و سوودوەرگرتن لە هەر دوو سەرچاوەى ئاماژەپێکراو لە خاڵى یەکەم و دووەم (هێزى دەنگدان و سەرچاوەى دارایى). هاوکات دیاسپۆراى وڵاتان تەنیا ئەو کاتانە دەبنە کارتێکى سیاسیى کاریگەر، ئەگەر هات و لە چوارچێوەی دامەزراوەیەک یاخود ڕێکخراوێک کۆ ببنەوە. بەمەیش دەتوانن کار بکەنە سەر ئەندامانى کۆنگرێس و سینات کە لە هەڵوێست و بڕیارەکانیان بەرژەوەندییەکانى ئەو گرووپە لەبەرچاو بگرن. بۆیە بەهێزیى هەر گرووپێکى دیاسپۆرا، لە بەهێزیى ڕێکخراوەیى و دامەزراوەیییاندایە، چونکە ڕۆڵى ئەو دامەزراوەیە بریتى دەبێت لە کۆکردنەوەى زۆربەى ئەندامانى دیاسپۆراى ئەو وڵاتە لەژێر یەک چەتردا و، هەروەها دروستکردنى یەکڕیزى و یەکدەنگى لە نێوانیاندا. ئەگەر هات و دیاسپۆراى وڵاتێک، ڕێکخراوێک یاخود دامەزراوەیەکى بەهێزى هەبوو، ئەوا دەتوانێت لەگەڵ دیاسپۆراى وڵاتانى تر لەسەر پرسێک یاخود بابەتێک هاوپەیمانى ببەستێت و پێگە و هەڵوێستێکى بەهێزتر نیشان بدات و لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشهات و هەڵوێستەکانى ئەندامانى کۆنگرێس و ئیدارە و سینات بکات. هەروەها هەر دامەزراوەیەکى بەهێز، پێویستى بە کەسایەتییەکى بەهێز هەیە سەرکردایەتیى بکات؛ بۆ نموونە جۆرج ماس کانۆسا، دامەزرێنەرى کۆمەڵەى نیشتمانیى کوبا ئەمریکا کە ڕێکخراوێکی تایبەت بە دیاسپۆراى کوبا لە ئەمریکا بوو بە هۆى باکگراوندى سیاسى و بازرگانى، ڕۆڵێکى گرنگى هەبوو لە کۆکردنەوەى کوبییە ئەمریکییەکان لە ڕێکخراوێکدا و پێگەیەکى بەهێزى بۆ دروست کردن، بەڵام دواى ئەوەى لە ساڵى ١٩٩٧ کۆچى دوایى کرد، بۆشایییەکى لە دواى خۆى بەحێ هێشت و قەیرانى سەرۆکایەتیى لە ڕێکخراوەکە دروست کرد.

بۆ ئەوەى ڕێکخراوەکانى دیاسپۆرا دوور بن لە پشتبەستن بە تەنیا کەسێک و ڕێگەگرتن لە هەر قەیرانێک، ئەوا پێویستە ڕێکخراوەکەیان بەدامەزراوەیى بکەن؛ واتە بە شێوەیەکى بەردەوام لە ڕێگەى پرۆسەیەکەوە دەستەى سەرۆکایەتیى ڕێکخراوەکە هەڵبژێرن کە ئەو دەستە کاریگەر و بەتوانا و شارەزا بن و لەنێو خۆیاندا شێوازێکى یەکگرتوو و گشتگیریان لە بڕیاردان و هەنگاونان بەرەو پێشەوە هەبێت. گرووپە لۆبییەکانى جوولەکەکان لە ڕووى ڕێکخستن و بەرنامەوه باشترین نموونەى دامەزراوەیین‌، کە بە ڕێژەیەکى زۆر نزم، گۆڕینى سەرۆکى دامەزراوەکە کاریگەریى لەسەر داهاتووى ڕۆڵى ڕێکخراو و گرووپە دیاسپۆراکانى جوولەکەکان دەبێت.

گرووپەکانى دیاسپۆرا جگە لەم خاڵانەى سەرەوە، پێویستە لەگەڵ گرووپەکانى ترى دیاسپۆرادا هاوپەیمانێتیی هەبێت و، دروستکردنى هاوپەیمانێتیش لەسەر چەند بنەما و تەوەر و لایەن دەکرێت کە ئەوانیش: یەکەم ئەو بابەتانەى پەیوەندییان بە بەهاکانه‌وه‌ هەیە (وەک مافى مرۆڤ و دیموکراسى)؛ دووەم، ئەو بابەتانەى سروشتى پەرەپێدانى ئابووری و هاوکاریى دارایییان هەیە (وەک هاوکاریى داراییى زیاتر لە لایەن ئەمریکا پێشکەش بە وڵاتانى گرووپە دیاسپۆراکان بکرێت)؛ سێیەم، ئەو بابەتانەى ڕەهەندى ئاسایشییان هەیە کە زۆر هەستیارن، چونکە زۆر جار لەوانەیە ببێتە هۆى ئەوەى کە، وا لە ئیدارەى ئەمریکى بکات کردەوەى سەربازى ئەنجام بدات یاخود پشتگیریى سەربازیى وڵاتێک کەم بکاتەوە. نموونەى سەرکەوتوویش دیاسپۆراى ئەرمەنییەکان لە ئەمریکا سەرکەوتوو بوون لە ڕاگرتنى پشتگیریى ئەمریکا بۆ ئازەربایجان؛ ئەمەیش بە هۆى ئەو ناکۆکییانەى لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان هەبوو.

دیاسپۆراى کوردستانى گەورە لە دەرەوە:

گەلى کورد بە هۆى ئەوەى بە درێژاییى مێژووى سەدەکانى ڕابردوو، لە لایەن ئیمپراتۆرییەت و ڕژێمەکانه‌وه‌ ڕووبەڕووى چەوساندنەوە و ستەم بۆتەوە، بۆیە ڕۆڵەکانى گەلى کوردستان بە درێژاییى مێژوو ناچار بوونە نیشتمانى خۆیان بەجێ بهێڵن و لەو وڵاتانە بژین کە بتوانن ماف و ئازادیى تاک بەدەست بهێنن. بەداخەوە هەروەک چۆن تاوەکوو ئێستا بە هۆى سیاسەتى ستەمکارانەى ئەو وڵاتانەى کوردى لێ دەژیت هیچ داتایەک سەبارەت بە ژمارەى نەتەوەى کورد لەبەردەست نییە، بە هەمان شێوە لە وڵاتانى ئەوروپا و ئەمریکاى باکوور و ئاسیا و ئوسترالیا هەرچەند پەیوەندیى بە سیاسەتى ئەو وڵاتانە نییە بەڵام ڕێژەى دیاسپۆراى کورد لە دەرەوە دیار نییە و، داتایەکى دروست نییە کە بتوانرێت ئەو ڕێژەیەمان پێشکەش بکات. پرۆفسیۆر ڤێرا ئێکاروس کێلى لە ساڵى ٢٠١٠ بابەتێکى دەربارەى دیاسپۆراى کوردى نووسیوە و دەڵێت، تەنیا لە ئەوروپادا لەمڕۆدا نزیکەى یەک ملیۆن و نیو کورد هەن؛ وەک هاووڵاتیى وڵاتانى ئەوروپى کە بەشێکى زۆریان هەڵگرى ڕەگەزنامەى ئەو وڵاتانەن و بەشەکەى تریان نشینگەى هەمیشەییی (مۆڵەتى مانەوەى هەمیشەیى)یان هەیە و لەو ڕێژەیەدا ٨٠٠ هەزار لە وڵاتى ئەڵمانیان. لە دواى ئەڵمانیا، گەورەترین دایاسپۆراى کوردستانى لە وڵاتى  فەڕەنسا دەژین کە ژمارەیان نزیکەى ١٥٠ هەزار کەس دەبێت و، سوید سێیەمین وڵاتە لە ڕووى ڕیزبەندییەوە بۆ دایاسپۆراى کورد، کە ژمارەیان زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس دەبێت و لە پەرلەمانى سوید شەش ئەندام پەرلەمانى کورد هەن. بریتانیایش یەکێکە لەو وڵاتانەى کە ژمارەیەکى زۆر دیاسپۆراى کوردستانیی لێیە، کە نزیکەى ٥٠ هەزار دەبێت و، ژمارەى کوردستانیان لە ئەمریکا نزیکەى ٤٠ هەزار دەبێت و تەنیا لە ناشڤیل لە ویلایەتى تێنیسى کوردستانێکى بچووک هەیە کە نزیکەى ١٥ هەزار کوردستانى لەوێ دەژین. ئەوەى ئێمە لەم ژمارە و داتایانەى سەرەوە بۆمان دەردەکەوێت، هەرچەندە لەوانەیە ڕێژەکى کوردستانیانى دەرەوە زۆر زیاتر بێت، بەڵام ئەوەمان بۆ دەردەخات کە لە ڕووى ژمارەوە کوردستانیانى دەرەوە دەتوانن ببنە کارتێکى کاریگەر؛ بەڵام ئەمەیش تەنیا ئەو کاتە دەبێت ئەگەر هات و توانرا خاڵى ١ و ٢ و ٣ پەیڕەو بکرێت کە لە سەرەوە ئاماژەى پێ کرا لە ڕووى هێزى دەنگدان و سەرچاوەى دارایى و بوونى دامەزراوەیەکى بەهێز. دیاسپۆراى کوردستانى گەورە لە دەرەوە، سەرەڕاى ئەوەى کە توانیویانە پێگەى خۆیان بکەنەوە و ڕۆڵیان هەبێت، بەڵام بە بەراوردکردنى دەسکەوتەکان لەگەڵ ژمارەى دیاسپۆراى کوردستان، ئەوا ڕێژەکە زۆر نزمە؛ کە ئێمە دەتوانین لەم چەند خاڵەى خوارەوەدا بیخەینە ڕوو:

  • ئایین: گەلى کوردستان بە هۆى ئەوەى کە ڕێژەیەکى زۆرینەى پەیڕەوى ئایینى ئیسلام دەکەن کە ئەمەیش زۆر جار بۆتە هۆى ئەوەى هەڵوێست و پشتگیرییەکانى لە چوارچێوەى ئایین بێت و لە لایەن گرووپەکانى تر بە شێوەیەک سوود لە پشتگیرى و هەڵوێستەکانى کوردستانیان وەربگرن بە بیانووى ئەوەى کە پەیڕەوى یەک ئایینن، یاخود کوردستانیانى دەرەوە هاوپەیمانێتییان لەگەڵ ڕێکخراو و دامەزراوەى دیاسپۆراى وڵاتانى تر دروست نەکردووە بە هۆى جیاوازیى ئایین؛ کە ئەمەیش بە شێوەیەکى ڕوون خۆى لە پەیوەندیى نێوان ڕێکخراو و کۆمەڵە کوردستانییەکان لە دەرەوە لەگەڵ دیاسپۆراى وەک ئەرمەن و جوولەکە و کریستیانەکاندا دەبینێتەوە.
  • حزبایەتى: دواى دروستبوونى قەوارەى هەرێمى کوردستان لە عێراق و دامەزراندنى پەرلەمان و حکوومەت و ئەنجامدانى هەڵبژاردن و جه‌نگى ناوخۆ و ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان، بەداخەوە ئەمانە بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ لەسەر دیاسپۆراى کوردستانى لە دەرەوە ڕەنگى دایەوە؛ لە جیاتى ئەوەى حزبە سیاسییەکان زیاتر لە کۆکردنەوەى دیاسپۆراى کوردستانیدا ڕۆڵ بگێڕن، بوونە بەشێک لە پەرتەوازەکردنى کوردستانیانى دەرەوە. زۆر جار بەداخەوە بە هۆى ئەم ناکۆکییانەوە پێگەى کوردستانیان لاواز بووە، بەتایبەتى لە ڕووى هێزى دەنگ، کە نەیانتوانیوە پشتگیرى لە کاندیدێک یان زیاتر بکەن کە دواتر ببێتە سەرمایەیەک بۆ پشتگیرى لە دۆزى ڕەواى گەلى کوردستان. بۆ نموونە چالاکە کوردەکانی ئەوروپا بە گومان و بوونى پەیوەندى لەگەڵ پارتى کرێکارانى کوردستان (په‌كه‌كه‌)، لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەکانى وڵاتانى ئەوروپییەوە چاودێرى دەکرێن.
  • ناسنامه‌ى نەتەوەیى: تاکە خاڵ بۆ  سەرکەوتنى دیاسپۆراى کوردستان لە دەرەوە، دروستبوونى ناسنامه‌ى نەتەوەیییە کە دوور بێت لە ئایین و حزبایەتى و ناوچەگەرى، وەک ئەوەى لە کاتى خۆناساندن بە لایەنى بەرامبەر بڵێت: "من کوردستانیم"، یان "من خەڵکى کوردستانم"، بەبێ ئاماژەکردن بۆ هیچ کام لەو وڵاتانەى کە خاکى کوردستانیان بەزۆر پێ لکێنراوە. پێویستە دووبارە ئەوە بۆ جیهان و نەوەى نوێ لە وڵاتانى دەرەوە ڕوون بکرێتەوە کە کوردستان تەنیا هەرێمى کوردستانى عێراق نییە، بەڵکوو کوردستان نیشتمانێکى گەورەیە، بەزۆر لە گەلەکەى سەندراوە.

کۆبەند:

ئێمە لە کۆتاییدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە دیاسپۆراى کوردستانى لە دەرەوە، هیچى کەمتر نییە لە دیاسپۆراى وڵاتانى تر و، تەنانەت تاکى کوردستانیانى دەرەوە زۆر ئەزموونى سەرکەوتوویان هەیە وەک: پزیشک و بازرگان و سەرمایەدار و پرۆفسیۆر و مامۆستاى زانکۆ و ئەندازیار و وەرزشوان و نووسەر و ئەدیب و هونەرمەند، بەڵام بەداخەوە نەتوانراوە هەموو ئەو سەرمایەى کە هەیە لە چوارچێوەى ڕێکخراو، یان کۆمەڵە، یان دامەزراوەیەکى بەهێز کۆ بکرێنەوە و بە بەرنامەیەکى ستراتیژ کار بکەن کە لە خزمەتى بەرژەوەندى و ئاواتەکانى گەلى کوردستان بێت لە هەر پارچەیەک بێت. بۆ نموونە کوردستانیانى ئەڵمانیا کە ڕێژەیەکى زۆریان لە کوردستانى تورکیاوە چوونەتە ئەڵمانیا، دەتوانن ببنە پشتگیرییەک بۆ هەرێمى کوردستانى عێراق و هاندانى حکوومەتى ئەڵمانیا. بۆیە تا ئەو کاتەى کە ئێمە نەتوانین دیاسپۆراى کوردستان لە چوارچێوەى دامەزراوەیەکى بەهێز و بەرنامەیەکى سترتیژ کۆ بکەینەوە، ئەوا ناتوانین سوود لەو سەرمایە و پشتگیرییە وەربگرین. ئەم ئەرکەیش پێویستى بە هەوڵەکانى حکوومەت و ڕێکخراو و کۆمەڵە و کەسایەتییەکان هەیە کە بەیەکگرتوویى و بە بیرکردنەوەیەکى کوردستانیانە ئەنجامى بدەن.