ئاشتبوونەوەى نێوان گەل و دەسەڵات؛ هەنگاوێک بەرەو دروستبوونى دەوڵەتى کوردستان

ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە دواى ساڵى 2003 گۆڕانکاریى خێراى بەخۆوە بینیوە، بەتایبەت دواى داگیرکردنى عێراق لە لایەن ئەمریکاوە. ئەمە بووە سەرەتایەک بۆ گۆڕانکارى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و، چەمکى ڕۆژهەڵات گۆڕا بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى نوێ؛ ئەمەیش ئاماژەیە بۆ لەدایکبوونى نەخشەیەکى نوێ لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و، دروستبوونى کیان و دەوڵەتى نوێ لەم ناوچەیەدا. عێراق لەو گۆڕانکارییانە بەدوور نەبووە، بەڵکوو پشكى سەرەکیى بەرکەوتووە و، هەرێمى کوردستانیش لەم نێوەدا دەتوانێت ئەم هەلە بقۆزێتەوە و ببێتە دەوڵەتێکى نوێ لەم  ناوچەیەدا، بەڵام ئەوەی جێگه‌ى سەرنجە بریتییە لە پێداچوونەوە بە کۆمەڵێک بنەما و بەها بۆ ئەوەى ببێتە هەنگاوێک بۆ سەربەخۆییى هەرێمى کوردستان.

هەرچەندە پرسى ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیى، ئیستا بووه‌تە جێگه‌ى سەرنجى لایەنەکان و، بووه‌تە خاڵى گفتوگۆى نێوان حزبە سیاسییەکان، بەڵام ئەگەر متمانە هەبێت، ڕیفراندۆم ئەوەندە نابێتە مشتومڕى نێوان لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئاستى ناوخۆیى، بەڵام لەسەر ئاستى دەرەوە دەبێتە بەهانەیەکى یاسایى بۆ سەربەخۆیى؛ لێرةدا ئەوەى ئێمە دەمانەوێت هەڵوه‌ستەى لەسەر بکەین بریتییە لە ئاستى ناوخۆیى، چونکە ئەگەر ناوخۆت ڕێک و هەماهەنگ و هاوتەریب نەبێت لە پێناو بەرژەوەندیى ناوخۆ، ئەوا هیچ  ئومێدێک بۆ سەربەخۆیى نامێنێت. گرنگترین ئەو بنچینانەى کە بۆ سەربەخۆیى لە هەرێمى کوردستان، یان دەوڵەتى کوردستانى  لەسەر ئاستى نێوان دەسەڵات و تاک پێویستە، ئەمانەن:

یەکەم: دروستبوونى  متمانە لە نێوان خەڵک و دەسەڵات

بێ گومان دواى بەهارى 1991، متمانەیەکى بەهێز لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا هەبوو، بە شێوەیەک خەڵک متمانەى تەواوى بە دەسەڵات هەبوو و چاوەڕوانى خۆشگوزەرانیى لەو دەسەڵاتە دەکرد، بەڵام چاوەڕوانییەکە پێچەوانە بووه‌وه‌ و، بە هۆى جه‌نگى ناوخۆ ئەم متمانەیە لە نێوان گەل و دەسەڵات نەما بەڵکوو تەنیا لە نێوان حزب و لایەنەکاندا پەیوەندى دروست بوو. ئەم ڕێچکەیە بەردەوام بوو تا دواى 2003، واتا دواى ڕووخانى ڕژێمى به‌عسی عێراق و، خەڵک ئومێدێکى نوێى بۆ دروست بوو بۆ ئەوەى  کیانێکى کوردیى بەهێز و دوور لە دەستوەردانى حزبه‌کان دروست ببێت، بەڵام بەداخەوە ئەم متمانەیه‌ دروست نەبوو بەڵکوو زیاتر دابڕان دروست بوو. ئەو پەیوەندییەیش کە هەبوو و هەیە، لەسەر بنەماى بەرژەوەندیى ماددییە؛ دەسەڵات خەڵکى بە ماددە ڕادەکێشا و ئیشى لەسەر بنەماى ئینتماى نەتەوایەتى نەدەکرد. ئەم ڕێچکەیەى کە هەرێم لە بەرامبەر خەڵک گرتبوویە بەر، تا ساڵى 2014 بەردەوام بوو. دواى ئەوەى کە هەرێم تووشى قەیران بوو، دابڕان و نەمانى متمانە زیاتر دروست بوو، چونکە پەیوەندییەکە لەسەر بنەماى  بەرژەوەندیى دارایى دروست ببوو. هەرچەندە دەسەڵات ئاماژەى بەوە دەکرد کە لە ڕووى دارایییەوە تووشى قەیران بووە، بەڵام خەڵک متمانەى بە دەسەڵات نەبوو، بەڵکوو بەپێچەوانەوە پێی وایە کە ئامانجى دەسەڵات چەوساندنەوەى خەڵکە. ئەمەیش ئەوە دەگەیه‌نێ ئەگەر دەسەڵات کار لەسەر گێڕانەوەى متمانە نەکات ئەوە سەربەخۆیى بە ئاقارێکى تر دەبردرێت. تەنانەت هەندێک پێیان وایە سەربەخۆییش به‌حزبی کراوە، بۆیە لەسەر دەسەڵات و حکوومەت پێویستە کار لەسەر گێڕانەوەى متمانە بکات. ئەم گێڕانەوەى متمانەیەیش، دەبێت لەسەر بنەمایەکى تر، یان فاکتەرێکى تر بێت ئەیش بریتییە لە تێکەڵاوبوونى دەسەڵاتداران لەگەڵ خەڵک. واتا هەبوونى په‌یوەندى لە نێوانیان كه‌ هەر دوو لا ئاگادارى یەکتر بن و لە بارودۆخى یەکتر بزان، لە بەڵام هەرێمى کوردستان دەسەڵاتداران لە ژیانێک و دونیایەکى جیاوازتر دەژین؛ بۆیه‌ دەبێ ئەم دوو دونیا جیاوازە لێک بدرێت و، دونیایەک دروست بکرێت ڕەنگدانەوەى هەر دوو چینه‌كه‌ بێت. هەموو لایەنەکان بە شێوەیەک هەنگاو بنێن کە ئامانجیان سەربەخۆیى و خۆشگوزەرانیى خەڵک بێت؛ دروستبوونى دەوڵەتى کوردستانى، بکەنە ئامرازێک بۆ باشترکردن و سەربەرزکردنى خەڵکى کوردستان.

دووەم : جێبەجیکردنى سیاسەتى پەروەردە، نەک پەروەردەى سیاسى

لێرەدا دەبێت جیاوازى لە نێوان دوو چەمکدا بکەین کە لە فەلسەفەى سیاسیدا جیاوازییان هەیە، کە بریتین لە: سیاسەتى پەروەردە و پەروەردەى سیاسى؛ بە شێوەیەک جیاوازیکردن لە نێوانیان دەبێتە خاڵێک بۆ دیاریکردنى سیستەمى فەرمانڕەواییی وڵات، كه‌ ئایا سیستەمێکى دیموکراسییە یان دیکتاتۆرییە. پەیوەندیى نێوان پەروەردە و سیاسەت لە کۆمەڵگه‌ى لیبراڵى و دیموکراسیدا پێی دەگوترێت "سیاسەتى پەروەردە"، بەڵام لە کۆمەڵگه‌ شمولییەکان، یان دیکتاتۆرییەکان پێ دەگوترێت "پەروەردەى سیاسى". لەم ڕوانگەیەوە، دەبێت سیاسەت لە بەرژەوەندیى پەروەردەدا بێت چونکە پەروەردە کۆلەگەى کۆمەڵگه‌ و دەوڵەتە و، لە ڕێگەى پەروەردەوه‌ وڵات تەندروست دەبێت. هەر پەروەردەیە وڵات بەرەو ناتەندروستى دەبات، ئەگەر بێت و سیاسەتێکى گونجاو لە پێناو پەروەردەدا پەیڕەو نەکرێت، چونکە پەروەردەکردنى هاووڵاتیان زۆر گرنگە؛ بە شێوەیەک تاک خۆشەویستیى بۆ وڵات و نیشتمانەکەى دروست دەبێت، ڕێز لە گشت ئەو یاسا و پره‌نسیپانە دەگرێت کە لە چوارچێوەى ئەم وڵاتەدا دەردەچن؛ پێچەانەکەیشی ڕاستە. گەر نموونەیەکى سادە بهێنینەوە،  سەرکەوتن و گەشەسەندنى ژاپۆن، بۆ سیستەمى پەروەردە دەگەڕێتەوە؛ بە شێوەیەک له‌و وڵاته‌دا ئەوەندە ڕێز لە مامۆستا ده‌گرن و ئەوەندە گرنگى بە پەروەردە ده‌دەن کە ئێستا لە وڵاتە پێشکەوتووەکانە. کاتێک پرسیاریان لە سەرۆکوەزیرانى ژاپۆن "شینزۆ ئابێ" كرد "هۆکارى  ئەم پێشکەتنە چییە؟"، لە وەڵامدا گوتى: "مووچەى وەزیر و شکۆمەندیى ئیمپراتۆر و پاریزبەندیى دیپلۆماسى دەدەین بە مامۆستا." بەڵام لە هەرێمى کوردستان، ئەگەر سەیر بکەیت چەمکى دووەم (پەروەردەى سیاسى)  دەبینرێت چونکە خەڵک ئەوەندەى سەرقاڵى سیاسەتن ئەوەندە سەرقاڵى پەروەردە و خوێندن نین. ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى حزبە سیاسییەکان لە پێناو بەرژەوەندى و تەسکبینیینى خۆیاندا پەروەردەى سیاسییان پێشکەش بەم کۆمەڵگه‌یە کرد. بە شێوەیەک کۆڕێک و دانیشتنێکى دوور لە سیاسەت نابینیتەوە؛ هەموو کەسێک بووه‌تە سیاسەتمەدار، شیکەرەوەى سیاسى، چاودێرى سیاسى، چونکە داهاتووى ئەم خەڵکە به‌م سیاسەتانەوه‌ بەندە، بۆیە بەردەوام قسەوباسى لەسەر دەکرێت.

لەم ڕوانگەیەوە حکوومەتى هەرێم، دەبێت کار بۆ لابردنى چەمکى پەروەردەى سیاسى بکات و، لە بری ئه‌وه‌ سیاسەتى پەروەردە پەیڕەو بکات و هەیبەت و شکۆمەندى بۆ خوێندن و پەروەردە بگەڕێنێتەوە. با چیتر مامۆستا نەبێتە پاشکۆى قوتابى و، قوتابیش نەبێتە قوربانیى دەستى مامۆستا و سیستەمى پەروەردە کە ئیستا دەیبینین. بۆیە دەبێت سیاسەتێکى پەروەردەییى گونجاو دابنرێت کە تێیدا قوتابى و مامۆستا هاوکار و تەواوکەرى یەکتر بن و ببنە سێبەری یەکتری و، پەروەردەیش لەسەر بنەماى عاتیفە نەبێت کە هەر قەیرانێک لە هەرێم دروست بێت، قوربانیى یەکەم پەروەردە بێت. بۆیە پێویستە حکوومەتى هەرێم ڕەچاوى ئەم خاڵەیش بکات، كه‌ ئیتر پەروەردە پەروەردە بێت و، ئەوەندە سیاسەت باس نەکرێت، بەڵکوو تەنیا سیاسەتمەداران باس لە سیاسەت بکەن و شارەزایان و پسپۆرانى بوارى پەروەردە سەرقاڵى پەروەردە بن. بێ گومان ئەمەیش لەم ڕێگه‌یانەوە دەبێت:

  1. دانانى سیستەمێکى پەروەردەییى گونجاو لەگەڵ کۆمەڵگه‌.
  2. پەیڕەوکردنى سیاسەتی پەروەردە بە شێویەکى تەندروست.
  3. کردنەوەى خول و ڕاهێنان بە شیوازى پێشکەوتوو و بەردەوام.
  4. سوودوەرگرتن لە تواناى ئەو کەسانەى کە لە دەرەوە خوێندنیان تەواو کردووە؛ بە شێوەیەک ئەو لایەنە باشانەى لێ وەربگیرێت کە گونجاو بێت لەگەڵ ئەم سیستەمەى کە هەیە.
  5. پەیڕەوکردنى بنەماى پاداشت. مەبەستمان لێرەدا ئەوەیە کە هەر فەرمانبەرێک لە حکوومەت، چەندى پێشنیار و داهێنانى زیاتر بێت ئەوەندە کاریگەریى لەسەر زیادبوونى مووچەکەى هەبێت.
  6. هەڵوەشاندنەوەى سیستەمى خانەنشینى، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەى کە پلەیان دەگاتە "پرۆفیسۆر"، "شارەزا" و هتد. چونکە لە عێراق ئەم کەسانە کە دەگەنە ئەو پلەیەى تواناى داهێنانیان هەبێت، خانەنشین دەکرێن و  ڕەوانەى ماڵەوە دەکرێن. ئەمەیش ئەوە دەگەیه‌نێت کە حکوومەت پێویستیى بەم کەسە نەما، بەڵام بەپێچەوانەوە، ئەم کەسانە بە هۆى بڕینى پلەی خوێندنیانه‌وه‌ شارەزایییان زیاتر هەیە و تواناى داهێنانیان زیاترە. بۆیە پێویستە زۆر ڕەچاوى ئەم خاڵە بکرێت و، بە شێوەیەکى گونجاو هەموار بکرێت.

سێیەم: هاوسەنگى لە نێوان "ئەرک" و "ماف"دا

ئەم خالە زۆر گرنگە، چونکە  شارەزابوونى تاک  بەم پرسە هۆکارێکە بۆ ئاشتبوونەوەى نێوان تاک و دەسەڵات. بە شێوەیەک، تاک بڕیار لەسەر چارەنووسى خۆى دەدات، چونکە بە مافى خۆى دەزانێت و، لە بەرامبەردا جیانەکردنەوەى ئەرک و ماف دەبێتە هۆکارى دروستکردنى قەیران و لێکدوورکەوتنەوەى نێوان تاک و دەسەڵات؛ بە شێوەیەک هەر تاکێک، دەبێت ئەم جیاوازییە بکات. بێ گومان ئه‌م دوو چه‌مكه‌ زۆر له‌گه‌ڵ یه‌ك تێكه‌ڵ ده‌كرێن؛ تەنانەت تاک نازانێت چ مافێکى هەیە و چ ئەرکێکى هەیە. بێ گومان ئەمەیش ڕیژەیییە و، ئێمە بە شێوەى ڕەها  باس ناکەین. بۆیە دەبێت تاک هۆشیار بکرێتەوە بۆ ئەوەى بزانێت کە چ مافێکى هەیە تاوەکو وەرى بگرێتەوە، چونکە ماف دەسەندرێت نەک دەدرێت. لە بەرامبەریشدا، دەبێت بزانێت کە چ ئەرکێکى لەسەر شانە، بۆ ئەوەى پابەندى بێت و، ئەگەر سەرپێچیى کرد بەپێی یاسا سزا بدرێت؛ ئەمەیش لە کاتێک دەبێت کە لە نێوان ئەرک و مافدا هاوسەنگى هەبێت. ئەمەیش بەگویرەى ئەم گوتەیەى جۆرج کەنەدى، سەرۆکى پێشووى ئەمریکا، لە کاتى هەڵبژاردنى  بۆ سەرۆکایەتیى وڵاتەکەى كه‌ گوتى: "نابێت خەڵک بپرسێت کە حکوومەت چیى بۆ دەکات، بەڵکوو دەبێت بپرسێت ئیمە چى بۆ حکوومەت دەکەین.". ئەمەیش ئاماژەیە بۆ ئەوەى کە ئەرکى سەرشانى هەموو تاکێکە کار بۆ وڵاتەکەى بکات و، لە هەر بارودۆخێکدا و بە هەر شێوازێک بێت بیپارێزێت.

لێرەدا حکوومەتى هەرێم پێویستە هاوسەنگییەک لە نێوان ئەرک و مافەکانى هاووڵاتیاندا دروست بکات و، هەروەها خەڵک هۆشیار بکاتەوە بۆ ئەوەى بتوانێت بڕیار لەسەر چارەنووسى خۆى بدات و بڕیارەکانى لەسەر بنەماى بەرژەوەندیى گشتى بێت نەک لەسەر بنەماى بەرژەوەندیى تایبەتى. ئیستا لە هەرێمى کوردستان ئەوەندە دابڕان لە نێوان تاک و دەسەڵاتدا هەیە تەنانەت بیر لە مافەکانى خۆیشى ناکاتەوە، بەڵکوو تەنیا بێدەنگبوون هەڵدەبژێرێت، چونکە هیچ هاوسەنگییەک نابینرێت. بە شێوەیەک تاکیان ئەوەندە فێرى پشوودان و ئیسراحەت کرد، ئەوەندە کاریان لەسەر شارەزاکردنى تاک نەکردووە بەپێچەوانه‌ى وڵاتانى تر. هەر بۆیە تاک ئەگەر ئەرکێکى بخریتە سەر شانى، هەر بە لایەنى نەرێنى لێکدانەوەى بۆ دەکات و، ئەم وڵات و دەسەڵاتە بە هى خۆى نازانێت بەڵکوو هیچ ئینتمایەکى بۆى نەماوە. دەبێت ئەمە پێچەوانە بکرێتەوە: تاک هەست بە بەرپرسیارێتى بکات و، لە بەرامبەردا حکوومەت لە بەرامبەر هاووڵاتیاندا هەست به‌ بەرپرسیارێتى بکات و کار بۆ چالاککردنیان بکات؛ هەروەها هاووڵاتیان شان بە شانى دەسەڵاتداران بڕیار لە چارەنووسى خۆیان بدەن و بەشدار بن لە بڕیارە چارەنووسسازەکان، بەتایبەت بڕیاردان لەسەر سەربەخۆییى کوردستان کە ئەرکێکە لەسەر شانى هاووڵاتیان و، دەبێت لەم پرسە چارەنووسسازەدا بەشدار بن.

لە کۆتاییدا هەموو ئەم گۆڕانکارییانەى کە دەبێت بکرێن، نابێت دوور بن لەو ڕێبازە کۆمەڵایەتییانە‌ و بەها باوەکانى ناو کۆمەڵگه‌ى کوردى کە هەیەتى، بەڵکوو دەبێت کار بکرێت بۆ ئەوەى دەوڵەتێکى بەهێز و خاوەن بەرپرسیارێتى و دوور لە حزبایه‌تی دابمەزرێت و، هەستێکى نیشتمانیى بەهێز بەرامبەر ئەم دەوڵەتە دروست بکرێت؛ چونکە ئیستا دەسەڵات  بیر لەوە دەکاتەوە کە پێویستیى بە جەماوەر نەماوە و، لە بەرامبەریشدا جەماوەر ئەوەندە تاقەتەى نەماوە گوێ لە دەسەڵات بگرێت. بۆیە دەبێت ئەم ڕێچکەیە بشکینرێت و پێچەوانە بکرێتەوە، بۆ ئەوەى  دەوڵەتێکى نموونەیى و خاوەن مۆدێلى تایبەت بە خۆمان بین و، جیاواز بین لە گشت مۆدیلەکانى تر و، هاوکارى و هەماهەنگى لە نێوان تاک و دەسەڵات هەبێت بۆ ئەوەى ببینە دەوڵەتێکى نموونەیى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست؛ دوور بین لە پاشکۆیەتى و هەنگاو بەرەو پێشکەوتن و دیموکراسی بنێین.