دراما تورکییەکان؛ وەک بەشێک لە سۆفت پاوەر/هێزی نەرم

پێشەکی:
درامای تورکی، ئەمڕۆ بە شێوازێکی چڕ و قووڵ لە زۆرینەی کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێکی کیشوەری ئەفریقا و ئەمەریکای لاتین و کۆمەڵگەی عەرەبی و کوردی پەخش دەکرێت و دەبینرێت و، بینەرێکی زۆری بۆ خۆی ڕاکێشاوە و کاریگەریی لەسەر سیسته‌می کۆمەڵایەتی و خێزان وەک یەکەیەکی سەربەخۆ و پەیوەندییەکانی نێوان نێر و مێ و ... دروست کردووە. ئه‌مه‌ جگە لەوەی داهاتێکی گەورەیشی بۆ دەوڵەتی تورکیا دروست کردووە و ڕەهەندێکی سیاسیی قووڵی ئاڕاستەکراویش لە دراماکاندا دەبینرێن و دەسەڵاتی سیاسیی تورکی، یان ڕوونتر بڵێین حزبی دەسەڵاتدار/حزبی داد و گەشەپێدان لە ڕێگەی بەرنامە و ستراتیژێکی تایبەتەوە ڕەهەندە سیاسییەکەی ئەم درامایانە دادەڕێژێت و، وێنە و ئیمەیجە سیاسی و ستراتیژییەکانی خۆی لە ڕێگەیەوە هەناردەی دونیای دەرەوە دەکات و پیشانی وڵاتانی دراوسێی دەدات. دراما تورکییەکان ڕەگەزێکی کاریگەرن لە هێزی نەرم و، ئامرازێکی سەرەکین لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا و بیرکردنەوەی سیاسیی تورکیا لە بەرامبەر وڵاتاندا.

سۆفت پاوەر/هێزی نەرم چییە؟

هێزی نەرم واتە بەدیهێنانی ئامانجەکان و توانای بەدەستهێنانی ئەوەی دەتەوێت، لە ڕێی سەرنجڕاکێشان و ئامرازە شارستانی و کەلتوورییەکان لە بری سەپاندنی زۆرەملێ و زۆرلێکردن و پێدانی پارە. هێزی نەرم ئاماژەیە بۆ سەرمایە مەعنەوی و ڕۆحییەکانی میللەتێک لە چوارچێوەی بەها و بیروباوەڕ و شێوەی ژیان و مێژووی شارستانێتی و ڕێزگرتن لە بەهاکانی مرۆڤ و مافەکانی مرۆڤ و کەلتوور و ئەدەب و هونەر و یارمەتییە ئابووری و کۆمەڵایەتی و مرۆیییەکان؛ بە جۆرێک میللەتان و نەتەوەکانی تر بەو بەهایانە سەرسام بکەیت و، تا دواجار ڕێزی لێ بگرن و تەنانەت ببێتە هۆی چاولێکردن و بەدواکەوتنی. دیپلۆماسیی گشتی، مەعریفەناسی و زانست، سینەما و دراما و هونەر بەگشتی و وەرزش و ڕاگەیاندن و ستایلی جلوبەرگ و جۆری خواردن، ڕەگەزە سەرەکییەکانی هێزی نەرمن.

جۆزێف نای كێیە؟

جۆزێف نای لە ساڵی ١٩٣٧ لەدایک بووە و، ئەفسەری سەربازی بووە بە پلەی "ئەدمیڕاڵ". یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمەریکا بووە لە سەردەمی کلینتۆن و سەرۆکی ئەنجومەنی هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمەریکایش بووە. ڕاگری زانکۆی هارڤاردی ئەمریکیش بووە.
لە ساڵی ١٩٩٠، چەمکی هێزی نەرمی بۆ یەکەم جار لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا بەکار هێنا و دواتر کۆی سەرنج و بیروڕاکانی لە دووتوێی کتێبێکدا لە ساڵی ٢٠٠٤دا ڕێک خستەوە لەژێرناوی "هێزی نەرم: ئامرازەکانی سەرکەوتن لە سیاسەتی جیهانیدا".

جۆزێف نای و هاوڕێکەی، ڕۆبێرت کۆهین، قوتابخانەی ڕیاڵیستیی نوێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دادەمەزرێنن و بە پشتبەستن بە باكگراوندە ئەکادیمی و تێزەکەی، پێی وا بووە کە هیچ کاتێک بە تەنیا هێزی ڕەق (هێزی سەربازی و گوشاری ئابووری)، لە یەکلاکردنەوەی ململانێ سیاسییەکان و تێکشکاندنی نەیارەکاندا بەتەواوەتی سەرکەوتوو نابێت. جۆزێف نای پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزی ڕەقەوە، زلهێزەکان و وڵاتە گەورەکان دەتوانن ئامانجەکانیان بپێکن، بەڵام لەوانەیە ببێتە هۆی مەترسی و ڕیسک بۆ سەر ئامانج و خواستە سیاسی، ئابووری و کەلتوورییەکانیان.

هێزی نەرم، هەوڵ دەدات بگات بە هەمان ئەو ئامانجەی كە هێزی ڕەق هەوڵی بۆ دەدات و دەیەوێت بەدەستی بێنێت. هێزی نەرم، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە بنەماکانی هێزی ڕەقەوە نییە؛ واتە هێزی نەرم هیچ پەیوەندییەکی بە قەبارە و شێوەی جیۆپۆلیتیکی دەوڵەت و هێز و قەبارە و پەیکەری سەربازی و ئابوورییەكەی و ئایدیۆلۆژییه‌كەیەوە نییە. دەكرێت وڵاتێك پلەیەك بێت لە تەمەنی هاووڵاتیانی، ڕاددە و ڕێژەی داهاتی تاك و كرێ و خانەنشینی، ئاستی بەرزی خوێندن و زانکۆکانی و ئاستی خزمەتگوزاریی تەندروستی، كە دەبێتە هۆی ناو و ناوبانگێكی باش و، بە چاوی ڕێز لە لایەن وڵاتانی ترەوە تەماشا بكرێت.

سیاسەتی کەلتووری

سیاسەتی کەلتووری بەشێکە لە سیاسەتی گشتی لە سیسته‌می حوکمڕانیدا و، دەستەبژێری سیاسی و کەلتووری ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ داڕشتن و دانانی ستراتیژ و سیاسەتی کەلتووری بۆ پاراستنی بەها کەلتووری، سیاسی، ئابووری و ڕەمزییەکان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا. هەندێک جار سیاسەتی کەلتووری دەبێتە بنەمایەک لە هێزی نەرم و هەناردەی دەرەوەی یەکە سیاسییەکە دەکرێت، بۆ سەرنجڕاکێشانی کۆمەڵگەکانی تر و پەیوەستکردنیان بە کەلتوور و بیرکردنەوەی سیاسی و جوگرافیایەکی سیاسیی دیاریکراوەوە.

 زۆرینەی وڵاتان سیاسەتی کەلتوورییان هەیە و، کار دەکەن بۆ ئەوەی کەلتوور، لەگەڵیشیدا هونەر بخەنە خزمەتی وڵات و، گەشەپێدانی سیاسیی پێ بەرەو پێش بەرن. لە ڕابردوودا فەڕەنسا یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کە زۆر بەڕژدی کاری لەسەر مەسەلەی سیاسەتی کەلتووری کردووە و لە ساڵی ١٩٥٩دا کاتێک ئەندرێ ماڵڕۆ دەبێتە وەزیری کەلتوور، کاروباری کەلتووریی بە ڕاددەیەکی بەرز بردە پێشەوە و بایەخیکی زۆری بە کەلتوور و هونەر دا.

زیندووکردنەوەی عوسمانیزمی نوێ لە ڕێگەی دراماوە

سینەمای تورکی لە سەدەی ڕابردوو و بەتایبەت لە ساڵانی هەشتاکاندا، سینەمایەکی زۆر لاواز و هەژار و بێ کاریگەری بوو؛ زیاتر لە فیلمە ڕۆمانسییەکانی ئیبراهیم تاتڵیساس و بەشێک لە کارە کۆمیدییەکانی کەمال سۆناڵ کورت کرابۆوە. بەڵام لە دوای ٢٠٠٣ و لەگەڵ هاتنی حزبی داد و گەشەپێدان سیاسەتی دەرەوەی تورکیایش گۆڕانی بەسەردا هات و، جارێکی تر بنەما و دید و جیهانبینی و ئامرازەکانی داڕێژرانەوە. بەشێک لەو ئامرازانە مەسەلەی هێزی نەرم و بەکارهێنانی هونەر و لەناویشیدا دراماکان بوو، بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سیاسییەکان و تێپەڕاندنی سنوور و جوگرافیا سیاسییە کلاسیکییەکان و دروستکردنی ئیمەیجێکی تازەی سینەمایی کە گوزارشت لە بنەماکانی عوسمانیزمی نوێ بکات.

 لە ڕابردوودا مەسەلەی کەلتوور لە ڕێگەی هێزی ڕه‌قه‌وه‌ بەسەر کۆمەڵگەکاندا سەپێنراوە، بەڵام لە دونیای ئەمڕۆدا لە ڕێگەی سۆفت پاوەر و دراما و سینەماوە ئەم کەلتوورە دەسەپێنرێت. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە، بەشێک لە وڵاتانی دراوسێ لە ڕێگەی دراماوە سۆفت پاوەری خۆیان لە باشووری کوردستاندا بەکار دێنن. ئەم دیاردەیە دوو خوێندنەوەی بۆ دەکرێت و لە دوو ڕەهەندەوە ڕەخنەی لێ دەگیرێت:

یەکەم: ڕەخنە لە سیناریۆ و ناوەڕۆکی دراماکە دەگیرێت، بە هۆی ئەو پەیام و وێنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە دەیخاتە ڕوو. ئەم دراما تورکییانە ستراتیژییەتێکی گەورەی لە پشتەوەیە و، ویست و چێژ و دونیابینیی تاکی کوردی لە دونیای تورکی نزیک کردۆتەوە و، پڕۆسەیەکە بۆ "بەتورککردن"ی تاکی کوردی بەبێ بەکارهێنانی هێزی ڕەق و زۆرلێکردن و ناچارکردن.

دووەم: دراما تورکییەکان توانستێکی بەرزی گێڕانەوە و حیکایەتێکی گەورەی دوور لە ژیانی ڕاستەقینەی تورکی بۆ بینەران دروست دەکەن و وێنا دەکەن. دراما تورکییەکان ژیانی ڕاستەقینەی کۆمەڵایەتیی تورکی ناگوازنەوە و پاڵەوانەکان ڕاستەقینە نین و خەیاڵین و، زیاتر پڕۆسەیەکی بەپیشەسازیکراوە بۆ هەڵخەڵەتاندنی بینەر و بەلاڕێدابردنی بینەر و شاردنەوەی کردە ڕاستەقینەکانی نێو کۆمەڵگەی تورکی.

تایبەتمەندیی دراما تورکییەکان

 - زیندووکردنەوەی ئیمپڕاتۆرییه‌تی عوسمانی و عوسمانییە نوێیەکان.

- مەسەلەی کۆچی لادێ بۆ شار و، پیشاندانی کۆمەڵگەی تورکی وەک کۆمەڵگەیەک کە گوایە هەموو قۆناغەکانی مۆدێرنیتەی تێ پەڕاندووە و شارستانییەتێکی نوێی بنیات ناوە.

 - پیشاندانی ژێرخان و سەرخانی تورکیا، بەتایبەت شوێنە مێژوویی و گەشتیارییەکان بۆ ڕاکێشانی زیاتری گەشتیار.

- تەرجەمەنەکردنی ژیانی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەی تورکی و، دروستکردنی پاڵەوانی ساختە و شێوە ژیانی ساختە.

- شۆردنەوەی مێشک و داگیرکردنی بیرکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی ناخی بینه‌ر.

- کارکردن لەسەر بەئاساییکردنی کێشە خێزانییەکانی وەک خیانەتی هاوسەرگیری، تاوانی کوشتن و تێکشکاندنی هەندەسەی کۆمەڵایەتی بەگشتی.

 - پیشاندانی تورکیا وەک کارخانەیەکی گەورە بۆ داڕشتنەوەی ئۆرگانە جیاوازەکانی جەستە و نەشتەرگەریی جوانکاری و موزیک و جلوبەرگی تورکی.

وێنەی کورد لە دراما تورکییەکاندا

 ئیمەیجی کورد لە دراماکانی دونیای تورکیدا خراپ و پاسیڤە! کورد زیاتر لە دۆخی پەراوێزبووندایە و بە "گوندنشین" تەرجەمە دەکرێت. کورد لەو درامایانەدا هێشتا نەگەیشتۆتە شار و هێشتا بە جوگرافیای شار و ناوەند نەگەیشتووە. ئەم وێناکردنە، دوورخستنەوەی کوردە لە دونیا و مۆدێرنیتە. تورک باسی لیبڕاڵبوونی خۆی و مەسەلەی مۆدێرنیتەی تورکی دەکات و، کوردیش بە "چیانشین" و "گوندنشین" پیشانی دونیا دەدات، یان کورد وەک گرووپێک کە هێشتا لە فەلسەفەی شارگەرایی تێ نەگەیشتووە. ئەم پڕۆسەیە ئەدۆرنۆ ناوی دەنێت "داگیرکردنی بیرکردنەوەی بینەر".

وێنەکە زیاتر بۆ ناشرینکردنی کوردە و، پاڵەوانە ڕاستەقینەکان دەشارێتەوە و پیشانیان نادات. ڕۆژنامەنووسێک پیشان نادات كه‌ لە لایەن ئەردۆغان و دەسەڵاتەوە دەستگیر دەکرێت و زیندانی دەکرێت. هەر ئەمساڵ فیلمسازێکی تورکی لە یادی ئەو کودەتایەی کە ساڵی پار ئەنجام درا، فیلمێکی بەرهەم هێنا و وێنەیەکی ڕیاڵیستانەی لەسەر کودەتاکە پیشان دابوو لە لایەن ئەردۆغانەوە ڕێگریی لێ کرا و، ڕێگەیان نەدا پەخش بکرێت و فیلمسازەکە دەستگیر کرا.

ڕۆڵی حزبی داد و گەشەپێدان لە بەرهەمهێنانی درامادا

مەسەلەی دراما و هونەر، جارێکی تر دەمانباتەوە بۆ چەمکی هێزی نه‌رم /Soft Power. ئەم چەمکە، زیاتر پەیوەستە بە کۆتاییهاتنی جەنگی سارد؛ کۆتاییی جەنگی سارد، کۆتاییی هێزی  ڕه‌ق /Hard Power بوو تا ڕاددەیەک. بۆ قسەکردن لەسەر سەردەمێکی نوێ (سەردەمی تاکجەمسەری)، پێویستیمان بە بەکارهێنانی چەمکی لیبڕاڵیزم و لیبڕاڵ دیموکراسی دەبێت. لە دونیای لیبڕاڵیزمدا حکوومەت بچووکە و بازاڕ گەورەیە و، تاک و تاکگەرایی سەنتەری بابەت و پڕۆسەکەیە.

تورکیا لە دوای دەسەڵاتی "حزبی داد و گەشەپێدان"ەوە، هەوڵی بەلیبڕاڵیزمکردنی بەشێک لە کایەکان دەدات؛ لەناویشیدا کایەی هونەر و دراما. دیدێک هەیە دەڵێت ئەردۆغان هەوڵی تێکەڵکردنی کۆنزێرڤاتیزم و لیبراڵیزمی نوێ دەدات. داد و گەشەپێدان دونیابینییەکی لیبڕاڵانەی بۆ مەسەلەی دراما هەیە؛ دراما وەک سوبجێکتێک بۆ داڕشتنەوەی دیوی ناوەوە و دیوی دەرەوەی دونیای تورکی. با لە ڕێگەی دراماوە، لەم ستراتیژییەتە قووڵتر بینەوە!

لە دوای ٢٠٠٣وە، "ئاکپارتی" مەسەلەی دراما دەبەستێتەوە بە کەرتی تایبەت. سینەما دەکات بە کایەیه‌ک بۆ بەرهەمهێنانی وێنە و ئیمەیجی ناڕیاڵیستانە. ناڕیاڵیستانە بەو مانایەی کە ئەردۆغان دەیەوێت ژیانی ڕاستەقینەی تورک، بەتایبەت ژیانی سیاسی، تەرجەمە نەکات و دووری بخاتەوە لە سینەمای تورکی و ژیانێکی دەستکردانە لە ڕێگەی سینەماوە بۆ دونیای دەرەوە بنێرێت و کێشە سیاسییە گەورەکانی نێو تورکیا بمرێنێت و ونیان بکات. سینەما و درامای تورکی، کار لەسەر ئیمەیجی زیندووکردنەوەی پیاوه‌ نەخۆشەکە (The Sick Man) و بنەماکانی عوسمانیزمی نوێ دەکات و، دەیەوێت ئەو وێنەیە پیشانی بینەر بدات کە پڕە لە ئاکتی مێژوویی و سەرمایەکانی دەوڵەتی عوسمانی و، پڕە لە یادەوەرییەکانی دوێنێی عوسمانی.

دراما وەک سەرچاوەی داهات و، سینەما بۆ شۆردنەوەی مێشکی بینەر. ئەم ئاڕگیومێنتە لە دراما تورکییەکاندا ئامادەیییەکی گەورەی هەیە! ئەم دیدە ئەدۆرنۆ و "فڕانکفۆرتییەکان" لەسەری دەوەستن و، بە ساختەکردنی هونەر و بەپیشەسازیکردن و کوشتنی هونەر ناوی دەبەن. تورکیا لە ڕێگەی دراماوە هەوڵی ئەوە دەدات ئیستەنبوڵ بکات بە پایتەختێکی هەرێمی و، هەموومان بە ئەستەنبوڵ و ئانکارا ببەستێتەوە. لە ئێستادا تورک وەک سوبجێکت و وەک یەکەیەکی سەربەخۆ، جوگرافیایەکی گەورەی هونەریی دروست کردووە و توانیویەتی بگاتە ئەمەریکای لاتین و دراماکانی ئەمەریکای لاتین تێ پەڕێنێت؛ کە زیاتر بە حیکایەتی میللی و باو و سادە ناسرابوون و، لەوێیشەوە بۆ باکووری ئەفریقا و بەڵكان. ئەم سنووربڕینە لە ڕێگەی زمانی سینەماوە، بۆ تورکیا کۆمەڵێک ڕێگەی کورت کردۆتەوە. ئەم پرۆسەیە زیاتر لە پڕۆسەی بەتورککردن و زیندووکردنەوەی سنوورەکانی ئیمپڕاتۆرییه‌تی عوسمانی دەچێت (سنووری نەرم و هونەری).

بازاڕی درامای تورکی و داهاتی دراماکان

تورکیا توانیویەتی بازاڕێکی گەورە لە کۆمەڵێک وڵاتی جیاواز بۆ خۆی دروست بکات. لە کیشوەری ئەمەریکای لاتین بەتایبەت لە هەریەک لە وڵاتانی ئەرجەنتین، پیرۆ و شیلی. درامای "ئایشە گوڵ" پڕبینەرترین دراما  بووە لە وڵاتێکی وەک ئەرجەنتیندا؛ دواتر، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبی بەتایبەتی و، بە کۆمەڵگەی کوردییشەوە تا دەگاتە وڵاتانی بەڵكان و باکووری ئەفریقا.

تورکیا خاوەن پڕۆدەکشن هاوس (خانەی بەرهەمهێنان)ە بۆ دروستکردنی شاری مێژوویی و پیشاندانی یادەوەرییەکانی ڕابردوو بە بینەر. تورکیا لە دوای ئەمەریکاوە، دووەم بەرهەمهێنەری درامایە و کێبڕکێی بریتانیا دەکات و لە دوای ٢٠٠٣وە زۆرینەی هونەرمەندە ئەستێرەکانی لە ئەوروپا و ئەڵمانیا هێناوەتەوە بۆ ئەم مەسەلەیە. لە ڕووی دارایییەوە وەزارەتی گەشت و گوزار پاڵپشتی و سەپۆڕتیان دەکات بۆ ئەوەی وڵاتانی دەوروبەر بهێنێتە نێو تورکیا و سەرچاوەی داهات زیاد بکات.

تورکیا ئێستا خاوەن بازاڕی هونەریی خۆیەتی و، لە ٢٠١٦دا ٣٥٠ ملیۆن دۆلاری قازانج کردووە. لە ١٤٠ وڵاتی دونیادا دراماکانی پەخش دەکرێن و، ٢٥٠ ملیۆن عەرەب سەیری دەکه‌ن. بەگشتی ٤٠٠ ملیۆن كه‌س لە هەموو دونیادا لە ڕێگەی درامای تورکییەوە سەیری دونیای تورکی دەکه‌ن. تورک لە سەردەمی ئەمڕۆدا ٤٠٠ ملیۆن مرۆڤی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیدا بە کەلتووری تورکی و بیرکردنەوەی تورکی بەستۆتەوە.

دەرەنجام:
هونەر و دراما ڕەگەزێکی سەرەکین لە هێزی نەرم و لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتاندا؛ ئەکتەرەکان ئەم هێزە بەرامبەر یەکتری بەکار دێنن بۆ دروستکردنی هێژموونیی سیاسی و گەیشتن بە ئامانجەکان. تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە دوای هاتنی حزبی داد و گەشەپێدانەوە ستراتیژییەتێکی تایبەت و نوێی بۆ ئەم پرسە داڕشتووە و، توانیویەتی تا ڕاددەیەکی زۆر ئامانج و بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆی پێ بەدەست بێنێت. دراما تورکییەکان ئەمڕۆ ئامادەیییەکی قووڵ و چڕیان لە بەشێک لە وڵاتانی دونیا و کۆمەڵگە جیاوازەکانی دونیادا هەیە و، بوونەتە سەرچاوەیەکی گەورەی داهات و سەرچاوەیەکی بەهێزی بڵاوکردنەوەی ئەو وێنە نوێ و بنەما نوێیەی کە حزبی دەسەڵاتدار لە تورکیا بۆ خۆی وێنا کردووە؛ کە خۆی لە پڕەنسیپەکانی عوسمانیزمی نوێدا دەبینێتەوە.