هێژموونیی شیعە لە دوای ٢٠٠٣

پێشەکی:
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە لە ٢٠٠٣ و دووبارە داڕشتنەوەی سیسته‌می حوکمڕانی لە عێراقدا، ئێران لە ڕێگەی نوخبەیەکی سیاسیی عەرەبی شیعییه‌وه‌ بەقووڵی دێتە ناو عێراقەوە بەتایبەت دوای جێهێشتنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە لە ٢٠١١ دەبێتە خاوەن هێژموونی و بڕیار و، زۆرینەی پایەکانی حوکمڕانی داگیر دەکات. هەر لە سێکتەری سیاسییەوە تا دەگاتە سێکتەری ئابووری، هەر لە سێکتەری سەربازییەوە تا دەگاتە سیاسەتی دەرەوە و پەیوەندییە دیپلۆماسی و هەرێمییەکان. بەشێك لە توێژەران پێیان وایە لە دوای داگیرکردنی کوێت لە لایەن "سەددام حوسێن"ه‌وه‌ و پووکانەوە و لاوازبوونی عێراق و ڕژێمەکەی، ئێران بیری لەم هێژموونییە کردۆتەوە و پلانی بۆ داڕشتووە تا کۆتاییهاتنی لە ٢٠٠٣دا. بۆچوونێکی تر هەیە ئەم هێژموونییە گەورەیەی ئێران، دەبەستێتەوە بە نەبوونی ستراتیژییەتێکی ڕوون و ئاشکرا لە لایەن هەر یەک لە ئەمریکا بۆ عێراق و ناوچەکە و، بلۆکی سوننی بەتایبەت سعوودیا و تورکیا، وەک دوو جەمسەری کاریگەری ناو بلۆکەکە.

شیعیزم، لە بەرگرییەوە بۆ هەستانەوە

ڕاستە شیعەکانی عێراق لە ئێستادا پەرتەوازەن و دابەش بوون بۆ چەند یەکەیەکی بچووک و گەورە، بەڵام هەوڵێکی گەورە دەدەن بۆ بوون بە بەشێک لە ناوەند. ناوەند لە ئێستادا کێیە و چییە؟ ئەمە پرسیارێکە دەبێت لەسەری بوەستین و، تێ بگەین کە شیعەکان چ جۆرە ناوەندێکیان دەوێت! شیعەکان لە دوای ٢٠٠٣وە، دیدێکی تایبەتییان بۆ بەشداری و گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکە (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەناویشیدا عێراق و سووریا) هەبوو. ئەم دیدە، زیاتر خۆدەرخستن و پیشاندانی ماسوولکەیە لە بەرامبەر هێزەکانی تری وەک ڕۆژاوا و سوننەکان، تا بزانرێت ئەوان چۆن شیعە دەبینن و، دەیانەوێت چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.

شیعەکانی ئەمڕۆ دیدێکی تریان هەیە: وا هەست دەکەن دەبێت بەشدارییان هەبێت و، گۆڕانکاری بهێننە کایەوە و بڕیار و هێژموونی بۆ خۆیان ببەنەوە. ڕووسیا ململانێ لەسەر جیۆپۆلیتیک و جیۆئابووری دەکات و، دەیەوێت ببێت بە ناوەند. بێ گومان ئەم بەناوەندبوونەوەی ڕووسیا، شوێن بۆ ئێران و جوگرافیای شیعیزم دەکاتەوە. لێرەوە شیعیزم ترسی مانەوە و بوون و مەسەلەی بەرگریکردن تێ دەپەڕێنێت و کۆتاییی پێ دێنێت. ڕووسیا زیاتر چاوی لە عێراق و سووریایە؛ ئەم دوو یەکەیە ڕۆڵی ڕووسیا لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا دادەڕێژنەوە. لە ڕووی ململانێ و دابەشکردنەوەی ڕەگەزەکانی هێزه‌وه‌، سووریا بۆ ڕووسیا ئاسانە، بەڵام عێراق سەخت و ئاڵۆزە و، ناتوانێت بەئاسانی دەستوەردان بکات. نزیکبوونەوەی شیعە لە ڕووسیا بۆ ئەوەیە ئەم ئاڵۆزییەی بۆ ئاسان بکات.

عێراق و سووریا خاڵێک بۆ بەستنەوەی ئێران بە لوبنان

پڕۆژەی شیعەگەرایی، یان هیلالی شیعیزم، چەمکێکی سیاسی، جیۆسیاسی و جیۆستراتیژییە؛ زیاتر ئەو سێگۆشە جیۆپۆلیتیکییە دەگرێتەوە کە کۆمەڵێک وڵاتی عەرەبی لەخۆ دەگرێت. ئامانجی پرۆژەکە بریتییە لە سەپاندنی هێژموونیی سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی و مەزهەبیی شیعە بە ڕابەرایەتیی ئێران بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، بەتایبەتی وڵاتانی سوننی. دەکرێت جوگرافیای پڕۆژەی هیلالی شیعی بەم شێوەیە دابەش بکەین کە عێراق و سووریا ئامادەیییەکی تەواویان لەناویدا هەیە و، خاڵێکی بنەڕەتییە لە گرێدانی ئێران بە لوبنانەوە:

 ١- عێراق: هەر یەک لە پارێزگه‌کانی نەجەف، کەربەلا، بابل، قادسیە، واست، موسەننا، زی قار، میسان و بەسڕە لەخۆدەگرێت.

٢- سووریا: کۆمەڵێک پارێزگه‌ لەخۆ دەگرێت، بەتایبەت: حەلەب، دیمەشق، حوران، حەمس، ئەدلیب و حەما.

٣- لوبنان: زیاتر ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی حزبوڵڵای لوبنانیدان.

٤- سعوودیا: پارێزگه‌کانی قەتیف و حەسا و ڕۆژهەڵاتی سعوودیا.

٥- باشووری یەمەن: ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی حوسییەکانی ئەو وڵاتەن.

٦- بەحرێن: بە هۆی بوونی ژمارەیەک شیعە لەو وڵاتەدا، کە لە لایەن ئێرانەوە ئاڕاستە و هاوکاری دەکرێن.

حکوومەتی ئێرانی بە سەرپەرشتیی دەزگه‌ هەواڵگرییەکەی (ئیتلاعات) و دامەزراوە سەربازییەکانی وەک "سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران"، دەمێکە خەریکی پڕچەککردن و ئاڕاستەکردنی هێز و گرووپە شیعییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، بەتایبەت حزب و هێزە شعییەکان و حەشدی شەعبی لە عێراق، حزبوڵڵا لە لوبنان، هێزی سەربازیی بەشار ئەسەد لە سووریا و بەرگریلێکردن و هەوڵدان بۆ مانەوەی. تەنانەت لە کاتی جەنگی ناوخۆی سووریاوە تا ئێستا، ئێران ملیۆنان دیناری لە هاوکاری و پاڵپشتیی سووریا و سوپاکەی خەرج  کردووە و، بە ڕاگری سەرەکیی پەیکەری سیاسی و حوکمڕانیی بەشار ئەسەد لەو وڵاتەدا دادەنرێت.

بەربەستەکانی ئێران لە سووریا

- مانەوەی داعش لە نێوان سنوورەکانی عێراق و سووریادا

یەکێک لەو سیناریۆیانەی کە وەک بەربەست بۆ وەستاندنی پڕۆژەی هیلالی شیعی لە دوای داعشەوە لە ئارادایە، گواستنەوەی پێگە و تواناکانی داعشە بۆ ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و سووریا، بۆ ئەوەی وەک هێزێکی وێرانکەر درێژە بە تێکشکاندن و لەناوبردنی شیعیزم بدات و، ڕێگە نەدات حەشدی شەعبی بگات بە سووریا و، بەمەیش بەئاسانی ئێران لە عێراقەوە بپەڕێتەوە بۆ سووریا و، بیکات بە یەک جوگرافیای سیاسی و، سیاسەت و ستراتیژەکانی جێبەجێ بکات؛ چونکە به‌ کردنەوەی ئەم ڕێگه‌یە لە بەردەم ئێران و هێزە شیعییەکاندا، خەونی هیلالی شیعی دەبێتە ڕاستی و، ئێران سەرکەوتنێکی جیۆسیاسی بەدەست دێنێت و، دەبێت بە ئەکتەری پلە یەک لە سووریادا.

- ئەمریکا وەک هێزێکی نێودەوڵەتی

لە دوای بەهاری عەرەبی و کەوتنی بەشێک لە وڵاتە عەرەبییەکان، شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان گەیشتە سووریا و، سووریا بوو بە کاندیدێکی سەرەکی بۆ کەوتن و ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد. سووریا بۆ هەموو ئەکتەر و هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، بووە گۆڕەپانێکی گەورەی ململانێ. ئێران هەر زوو هەستی بە مەترسیی کەوتنی ئەسەد و لەدەستدانی سووریا و گۆڕانی جیۆپۆلیتیکی کرد و، هێزی ڕەوانەی سووریا کرد بۆ پاراستنی ڕژێمەکە و نەکەوتنی. جەمسەری سوننە، لەناویشیدا تورکیا و سعوودیا، بەناڕاستەوخۆ پشتگیریی چەند گرووپێکیان کرد بۆ بەڕێوەبردنی ململانێکان؛ لە سەرووی ئەمانیشەوە ئەمریکا و ڕووسیا وەک دوو هێزی نێودەوڵەتی هاتنە نێو سووریا و ململانێکانەوە. ئەمریکا لە مەترسیی فراوانخوازی و هێژموونیی شیعیزم و ئێرانیزم گەیشتووە، بەتایبەت لە سووریا، کە ئەڵقەیەکی گەورەیە لە بەستنەوەی تاران بە بەیروت و گەیشتنی بە دەریای سپیی ناوەڕاست و سەرخستنی پڕۆژەی هیلالی شیعی. ئەمریکا لە ڕێگەی پڕچەککردن و یارمەتیدانی چەند گرووپ و هێزێکەوە، توانیی بەربەست بۆ ئێران دروست بکات و لە خەونەکانی دووری بخاتەوە و پێداگری لەسەر لابردنی ئەسەد بکات.

- سعوودیا و هاوبەشەکانی

بەهێزبوون و هەڵکشان و فراوانبوونی شیعیزم، لە ڕووی سیاسی و جوگرافییەوە ترسی بۆ سعوودیای عەرەبی دروست کرد و، وای کرد سعوودیا وەک هێزێکی سەرەکی لەنێو پەیکەربەندی و چوارچێوەی جەمسەری سوننیدا، پشتیوانیی ئەو هێز و گرووپانە بکات کە لە ڕووی ئایدیۆلۆژی و بیرکردنەوەی سیاسی و ئایینییه‌وه‌ لەو نزیکن و، دەتوانێت لە بەرامبەر ئێران بەکاریان بێنێت، بەتایبەت هێزێکی وەک سەلەفییەکان. وێڕای ئەوەی چەند ناوەندێکی تری ئایینی کە لە بەرنامەی وەهابییەکانەوە نزیکن و خاوەن سەرچاوەی ماددیی بێسنوورن، پاڵپشتیی ماددیی سەلەفییەکان و هێزە ڕادیکاڵەکان دەکەن بۆ بەگژداچوونەوەی شیعەگەرایی و فراوانخوازییەکانی ئێران و پڕۆژە سیاسییەکەی. سووریا، لە لایەن بلۆکی سوننییەوە وەک ئەلتەرناتیڤی عێراق دەبینرا و لێی دەڕوانرا. دەکرێت وای لێک بدەینەوە وڵاتانی سوننه‌مەزهەب لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی سووریاوە کۆتایی بە هەڕەشەی هیلالی شیعی دێنن و سووریا دەگەڕێننەوە ژێر ڕکێف و دەسەڵاتی سوننەکانەوە، چونکە سوننەکان عێراقییان لەدەست چووە و ناتوانن جارێکی تر ببنەوە خاوەن هێژموونی و هێزێکی خاوەن بڕیار لە عێراقدا و، عێراق زۆرینەی شیعەیە و گەڕایەوە ژێر دەسەڵات و بڕیاری شیعەکان.

کورد لەنێو ململانێکەدا

 بۆ ئێمە/کورد گرنگە لەم کردەی بەشیعەکردنەی عێراق، بێینە دەرەوە و خۆمانی لێ بپارێزین. شیعیزم ببێت بە ناوەند، دونیایەکی ترسناک بۆ خۆی دروست دەکات و دەچێتەوە دۆخی بەشیعەکردنی جوگرافیای سیاسیی هەموو هێزەکانی تر، لە سەرووی هەمووانەوە کورد و سوننەکان. بۆ تێپەڕاندنی ئەم ترسە، کورد ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی بەدەستەوەیە! واتە دیدی سەربەخۆیی بۆ ڕزگاربوون لە هێژموونیی شیعیزم. بۆ ئێمە گرنگە لە ڕۆژاوای کوردستان نزیک ببینەوە، بۆ ئەوەی بگەین بە ئاو و بگەین بە دەریا؛ ئەوسا باشتر شوێنمان لە ململانێی جیۆپۆلیتیکیی نێوان ئەمریکا و ڕووسیا دەبێتەوە و، نابین بە بەشێک لە پڕۆژە و ململانێی مەزهەبی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دەرەنجام:
لاوازبوون و ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق، هەلێکی زێڕینی بە ئێران بەخشی بۆ دروستکردنی فراوانخوازی و هاتنەناو عێراقەوە. نەبوونی ستراتیژییەتێکی ڕوون لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی سوننەوە لە دوای ٢٠٠٣وە، دەرفەتی هەستانەوە و هێژموونی و بەرنامەی سیاسیی شیعەی بە ڕابەرایەتیی ئێران زیاتر کرد و، ئێرانی کرد بە ناوەندێک و، کردی بە خاوەن بڕیار و جوگرافیای سیاسی؛ بەمەیش لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ بەستنەوەی لوبنان بە ئێرانەوە لە ڕێگەی سووریا و عێراقەوە. لە ئێستادا هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکانی وەک ئەمریکا و سعوودیا و چەند وڵاتێکی تر لە خەمی ئەوەدان، ڕێگر بن لە بەردەم فراوانخوازی و هێژموونیی شیعە، بەتایبەت لە سووریادا، بۆ ئەوەی ئێران ماندوو بکەن و لە جووڵەی بخەن. سەرکەوتنی ئێران لە سووریا، دەرگه‌یەکی گەورە دەکاتەوە بۆ تواندنەوەی هێزە سوننییەکانی جیهانی عەرەبی و سنووردارکردنی ڕۆڵی ئەمریکا و مەترسیخستنە سەر بەرژەوەندییەکانی. ئەمریکا و هاوبەشەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خەریکی داڕشتنی میکانیزم و ڕێوشوێنی سیاسی و سەربازین بۆ ڕاگرتنی شەپۆلی شیعەگەرایی، بەتایبەت لە سووریادا، چونکە بەهەر نرخێک بێت دەیانەوێت سووریا لە ژێر دەستی هیچ نوخبەیەکی سیاسیی شیعی نەبێت و، بیگەڕێننەوە بۆ سوننەکان.