دەوڵەتی باشووری کوردستان و چەند سەرنجێك

دەوڵەتی نەتەوەیی چییە؟

دەوڵەتی نەتەوەیی، وەک یەکەیەکی سیاسی و سەربەخۆ، دەرهاوێشتە و لەدایکبووی دونیای مۆدێرنیتەیە. دەوڵەت بەو فۆڕمەی ئێستا، کەرەستەیەکی مۆدێرنی ڕێکخستنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و بەرهەمی دروستبوونی سیسته‌می نێودەوڵەتی و ڕێکخستنی نێودەوڵەتییە. مەسەلەی دەوڵەت، دەمانباتەوە بۆ قسەکردن لەسەر سەروەری، سنوور، ناسنامه‌ی سیاسی، ناسنامه‌ی تاک و تێپەڕنامە/پاسپۆڕت. لە ڕووی مێژوویییەوە "دەوڵەتی نەتەوەیی" وەک چەمک، دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ڕێککەوتننامەی "وێستفاڵیا" بۆ ئاشتی، كه‌ دەوڵەتی وەک نوێترین کارخانەی ڕێکخستنەوە و دیسپلینکردنی سیاسی، خستە ناو کایەی سیاسەتەوە.

دەوڵەت لە واتا بەرفراوانەکەیدا، بریتییە لە کۆمەڵگەیەک کە دەسەڵاتی سیاسی بەپێی "دەستوور" دیاری کراوە و ڕێک خراوە. لە واتا بەرتەسکەکەیدا، دەوڵەت بریتییە لە دەسەڵاتێک کە نوێنه‌رایه‌تیی کۆمەڵگەیەک دەکات. دەوڵەت به‌ واتای کۆمەڵێک ڕێکخراوی بەڕێوەبەرییە، کە دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی کۆمەڵگەیان پێ سپێردراوە و بە کۆمەڵێک ئۆرگانی جیاوازەوە کار دەکات، وەک: دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان)، دەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکوومەت)، دەسەڵاتی دادوەری، ده‌زگه‌ی بیرۆكراتیی پۆلیس و دەزگه‌ی ئاسایش. دەوڵەت بەگشتی چوار کۆڵەگەی سەرەکیی هەیە: خاک، گەل، دەسەڵاتی سیاسیی-حکوومەت و دانپێدانانی نێودەوڵەتی و، لە ڕێگەی ئەم کۆڵەگانەوە وەک یەکەیەکی سیاسی دەناسرێت و دەبێتە ئەندامێک لە تۆڕی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

دەوڵەت وەک پێداویستی:

دەوڵەتی كوردی بۆ ئێمە گرێبەستێكی گەورەی كۆمەڵایەتییە و زۆرینەمان ئامادەین شەرعییەت بەو گرێبەستە بدەین و نوێی بكەینەوە، ئەگەر بڕێك بەختیاری و ئارامیمان بۆ بەرهەم بێنێتەوە. دەكرێت دەوڵەتی كوردی بۆ ئێمە وەك گرێبەستێكی كۆمەڵایەتیی نوێ بێت، یان نوێكردنەوەی ئەو گرێبەستە بێت بەو شێوەیەی كە ئێمە/ هاووڵاتی دەمانەوێت، نەك ئەوان/ دەستەی حوكمڕان. دەكرێت دووبارە نۆژەنكردنەوەی پەیوەندیی نێوان حاكم و مەحكووم بێت.

دەوڵەت تەنیا پێداویستییەکی ئابووری، یان سیاسی نییە، بەڵکوو کاریگەریی لەسەر سەرجەم ڕەهەندەکانی ژیان هەیە. دەکرێت لە نەرمترین ڕەهەندەوە دەست پێ بکەین، کە ئەخلاقە، هەتا بەهێزترینیان، کە ئاسایشە. تاکی کورد لە بێدەوڵەتیدا بەردەوام هێز و توانا مرۆیییەکانی بۆ مانەوە و بەرگریکردن لە بوونی خۆی بەکار هێناوە لە بری گەشەکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و خۆڕێکخستنەوە. دەوڵەت لە ئاستی جیهاندا ئاسایشت بۆ دابین دەکات و، لە یاسای نێودەوڵەتیدا دەستوەردانی دەوڵەتێک لە دەوڵەتێکی تردا ئاسان نییە و سزای بۆ دانراوە. کورد لە ڕابردوودا لە لایەن عێراقەوە ئەنفال دەکرێت و کیمیاباران دەکرێت، بەڵام وڵاتە بەهێز و گەورەکانی دونیا لێی بێدەنگ دەبن بە بیانووی ئەوەی دەست لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی تر وەرنادەن.

سەربەخۆییی کوردستان و گه‌رەنتیی ئاسایش بۆ ئێران:

ئێران وا دەڕوانێت کە سەربەخۆیی و دەوڵەتی باشووری کوردستان دەبێتە کێشە بۆ پڕۆژە سیاسییەکەی، یان ئاسایشی شیعە لە دەرەوەی جوگرافیای ئێران دەخاتە مەترسییەوە، بەو پێیەی هەوڵەکانی ئێران زیاتر بۆ هێژموونیی هەرێمی و بوون بە هێزێکی هەرێمی و ناوچەیییە و، زیاتر دەیەوێت خۆی لەگەڵ نۆڕمەکانی سیسته‌می سیاسیی نێودەوڵەتیدا بگونجێنێت، بەتایبەت لە مەسەلەی کەمکردنەوەی سزاکان بۆ سەر ئێران و بەشداریکردنی ئێران لە ئابووریی نێودەوڵەتی؛ ئەمە لەکاتێکدایە تا ئێستا ئێران سەقامگیرە و دۆخی ناوخۆییی ئارامە و، بەسەر ناوخۆی خۆیدا زاڵە و، وەک هێزێکی ئیسلامی-شیعی نەبۆتە هەڕەشە بۆ سەر سیسته‌می سیاسیی جیهانی.

لە کاتێکدا ئەم هاوكێشەیە بۆ سوننە پێچەوانەیە و، داعش و ئەلقاعیدە وەک دوو هێزی سوننی، ئەمڕۆ هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر سیسته‌می جیهانی و، هێزە نێودەوڵەتییەکانیش باش لەم بابەتە گەیشتوون. ئێران دەتوانێت لەسەر مەسەلەی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان ڕەزامەند بێت، کاتێک جۆرێک لە گه‌رەنتیی وەرگرت بۆ ئەوەی ئاسایش و تەناهییه‌كه‌ی پارێزراو بێت یان دەوڵەتی باشووری کوردستان، نەبێت بە پڕۆژەیەکی سوننی و، نەبێت بە بەشێک لە ململانێ هەرێمییەکە و مەترسی بۆ سەر ئاسایش و ستراتیژیی ئێران دروست نەکات، بەتایبەت لەگەڵ نوخبەی عەرەبی شیعیی عێراقی لە داهاتوودا.

دەوڵەتی باشووری کوردستان لە ڕوانگەی تیۆریی سیسته‌می جیهانییەوە:

ئەم تیۆرییە زیاتر دیدێکی ئابوورییانەی هەیە و لە لایەن تیۆریستی ئەمریکی، ئیمانوێل والێرستین، داڕێژراوە و جیهان دەکات بە سێ بەشەوە: ناوەند، پەراوێز و نیمچەپەراوێز. وڵاتانی ناوەند کە خاوەن سەرمایە و سوپا و هێزی سەربازیی گەورەن، سوود لە وڵاتانی پەراوێز وەردەگرن و، لە هەمان کاتیشدا وەک سەرچاوەی داهات و وزە بەکاریان دێنن. دەکرێت وای لێک بدەینەوە کە وڵاتانی ناوەند، مەبەستیانە لە سامانی سروشتیی وڵاتانی پەراوێز سوود وەربگرن و، لە بەرامبەریشدا کاڵا و خواردەمەنییان پێ بفرۆشنەوە و بیانکەن بە وڵاتێکی مشەخۆر و بەکاربەر.

ئەم دیدە، زیاتر لەوەوە نزیکە کە تورکیا وەک وڵاتێکی ناوەند و خاوەن هێژموونی و سەرباز، ئەگەر ڕێگە بە سەربەخۆیی و دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان بدات، وەک وڵاتێکی پەراوێز لێی دەڕوانێت و دەیکات بە پاشكۆی خۆی؛ بەو پێیەی تورکیا وڵاتێکی پیشەسازییە و خاوەن سەرمایە و هێزی سەربازی و بەرهەمهێنانە و، هەرێمی کوردستانیش خاوەن سامانێکی زۆری سروشتی و نەوتە و، دەتوانێت پێدوایستییەکانی تورکیا پڕ بکاتەوە لە بەرامبەر ئەوەی تورکیا ئاسایشی بپارێزێت و کاڵا و خواردەمەنییشی بۆ دابین بکات.

دەوڵەتی باشووری کوردستان لە ڕوانگەی قوتابخانەی جیۆپۆلیتیکییەوە:

جیۆپۆلیتیک وەک زانست لە پەیوەندییەکانی نێوان گۆڕان لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و بنەما جوگرافییەکان دەکۆڵێتەوە. یان ڕۆڵی جوگرافیا تا چەند کاریگەرە لە یەکلاکردنەوەی کێشە سیاسییەکان. لە دوای جەنگی ساردەوە جوگرافیای سیاسیی جیهان ڕووبەڕووی گۆڕانێکی خێرا و گەورە بووەوە. بەشێکیان گۆڕانی جیۆپۆلیتیکی بوون و کۆمەڵێک یەکە و دەوڵەتی نوێی لێ کەوتەوە. بەپێی تیۆرییە جیۆپۆلیتیکییەکان، ئەڵمانیا دڵی یەکەمی جیهانە و ئێرانیش دڵی دووەمی جیهانە. کوردستان لە دوای ئەم دوو وڵاتەوە پێگەیەکی باڵای هەیە و، بەو ناوچە گەرم و پڕبایەخانە دادەنرێت لە دونیادا کە دەتوانن نەخشەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕن.

کوردستان لە هەڵکەوتەیەکی جوگرافیی یەکجار ستراتیژیدایە و لە ئەوروپاوە نزیکە و زۆر لە ڕووسیاوە نزیکە؛ لە سەرووی هەموویانەوە لە دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە. پێشتر تەنیا باکووری کوردستان لە پانتاییی جیۆپۆلیتیکی یەکێتیی ئەوروپادا بوو و، باشووری کوردستان زیاتر لە جیۆپۆلیتیکی ئەمەریکادا بوو، بەڵام ئەمڕۆ جیۆپۆلیتیکی ئەوروپا باشوور و ڕۆژاڤای کوردستانیشی گرتۆتەوە؛ هەروه‌ها گۆڕانکاری بەسەر دید و نزیکبوونەوەی ئەمەریکایشدا هاتووە. ئەوروپا هەتا ڕووبەری دۆستایەتی بۆ خۆی زیاتر بکات و ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ تیرۆر فراوانتر بکات، مەترسی بۆ سەر خۆی کەمتر دەکاتەوە. بەم پێیە دەوڵەتی باشووری کوردستان دەتوانێت لە ڕووی جیۆپۆلیتیکییەوە دوو ڕۆڵ بۆ ڕۆژاوا بگێڕێت: یەکەم: ببێت بە پشتێنەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و هێزە توندڕەوەکانی هاوشێوەی داعش؛ دووەم: لە ڕووی نەوت و سامانە سروشتییەکانەوە دەتوانێت بە ڕێگەی ڕۆژاڤای کوردستانەوە، ببێت بە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ ئەوروپا و بەئاسانی بگات بە بازاڕی ئەوروپا. ئەم دید و گۆڕانە جیۆپۆلیتیکییە، تا ڕاددەیەک ئەوروپا لە ڕووسیا دوور دەخاتەوە و، لە باشووری کوردستانی نزیکتر دەکاتەوە.

دەرەنجام:
دەوڵەت بۆ کورد جگە لەوەی خەونێکی لەمێژینەیە، پێداویستییەکی گەورە و گرنگیشە. لە زۆربەی گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکاندا جوگرافیای سیاسی دەستکاری کراوە و کۆمەڵێک دەوڵەتی نوێ بۆ کۆمەڵێک نەتەوە و گەل دروست کراون. ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دونیا، لە ڕووی سیاسییەوە بەرەو گۆڕان و داڕشتنەوە دەچن. کورد وەک نەتەوە، مافی خۆیەتی لە ڕێگەی پڕۆسەیەکی دیموکراسییانەوە ڕیفراندۆم بکات و سەربەخۆییی خۆی ڕابگەیەنێت. دەکرێت کۆمەڵێک دەوڵەت دژی بوەستنەوە و چەند دەوڵەتێکیش پشتگیریی بکەن. لە ئێستادا هەر یەک لە ئێران و تورکیا بەپێی بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووریی خۆیان هەڵوێست لەسەر سەربەخۆییی کوردستان دەردەبڕن و، هەر یەکەیان لە ئەگەری دابەشبوونی عێراق و داهاتووی عێراق لە ناوچەکە، بەدوای گه‌رەنتیی پاراستنی بەرژەوەندییە ئابووری، ئاسایشی و جیۆستراتیژییەکانیدا دەگەڕێت.