ئایا سەعدئاباد و جەزایرێکی نوێ بەڕێوەیە؟

پێشەکی

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، بەکر بۆزداغ، جێگری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا ڕای گەیاند، کە پاش کۆتاییی ئۆپەراسیۆنی عەفرین، تورکیا و عێراق بۆ هێرشکردنە سەر چەکدارانی پەکەکە لە کوردستانی عێراق ڕێک کەوتوون. بە گرێدانی ڕووداوەکانی چەند مانگی ڕابردوو، بەتایبەت لە بەرەبەری ڕیفراندۆمی کوردستانی باشوور، دەگەینە ئەو ئەنجامە کە هاوپەیمانێتی، یان لانی کەم هاوئاهەنگییەکی نهێنیی ڕانەگەیەندراو، لە نێوان هەر سێ دەوڵەتی ئێران، تورکیا و عێراق هاتۆتە ئاراوە، کە ئامانجی لەقاڵبدان و پاشەکشەپێکردنی کوردە لە هەموو پارچەکاندا. سەبارەت بە سووریایش، بەو پێیەی کە لەژێر هێژموونیی ئێراندایە، ئەوا لە کاتی پێویست جێبەجێکردنی بەشێک لە سیناریۆکان لە ئەستۆ دەگرێ و، ناتوانێ لە دەرەوەی ئەو هاوپەیمانێتییە بێت.

وا چاوەڕوان دەکرا لە پاش سیستەمی نوێی جیهانی لە دەیەی (٩٠)ی سەدەی ڕابردوو، کەمینەکان و گەلانی ژێر ستەم و یاریکەرە نادەوڵەتەکان دۆخیان لە جاران باشتر بێت و، زیاتر لە جاران گوێ لە خواستەکانیان و ڕێز لە مافەکانیان بگیرێت. بەڵام وا دەردەکەوێ، کە هێژموونیی بەرژەوەندیخوازانەی زلهێزەکان و سیاسەتی سەرکوتکارانەی دەوڵەتانی ناوچەکە، هێشتا کۆتایییان نەهاتبێت و سێبەریان بەسەر سیاسەتی ناوچەکەوە مابێت.

ڕووداوەکانی پاش ڕیفراندۆمی (٢٥)ی سێپتەمبەر، وەک سەپاندنی سزا و گەمارۆی ئابووری و گەشتی ئاسمانی لەسەر هەرێمی کوردستان، هێرشکردن بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و لە سەروویانەوە کەرکووک بە هاوکاریی هێزە هەرێمییەکان و بێدەنگیی دەوڵەتانی ڕۆژاوا، هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین و بێدەنگیی زلهێزەکان و دەوڵەتانی هەرێمی، هەڕەشەکانی ئەم دوایییەی تورکیا بۆ سەر منبج و کۆی ئەزموونی ڕۆژاوا و باسکردن لە هاوئاهەنگییان بۆ هێرشکردنە سەر پەکەکە لە باشووری کوردستان، هەموو ئەمانە ئەو گومانە بەهێزتر دەکەن، کە پیلانێکی نەخشەبۆداڕێژراوی هەرێمی، دژ بە هەموو پارچەکانی کوردستان بەبێدەنگی و ڕەزامەندیی ژێربەژێری دەوڵەتانی ڕۆژاوایی لە ئارادایە. پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: ئایا جارێکی تر پەیمانگەلێکی لە جۆری "سەعدئاباد" و "جەزایر" دژ بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد زیندوو دەکرێتەوە، یان نا؟ ئایا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێ هەست و خوست، تەنیا سەیرکەری ڕووداوەکان دەبێت و، هەڵوێستی بەرژەوەندیخوازانە هەڵدەبژێرێت یاخود لە ئاست پەیام و بەهاکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسی، کە ساڵانێکە ڕۆژاوا بانگەشەی بۆ دەکات بێدەنگ نابێت و بەرپرسیارانە دەجووڵێتەوە؟

پەیمانی سەعدئاباد

ئەم پەیمانە لە ٨/تەمووزی/١٩٣٧ لە نێوان ئێران، عێراق، تورکیا و ئەفغانستان هاتە ئاراوە. دەوڵەتانی ئەندام لەم پەیمانە بەڵێنیان دا، کە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆییی یەکتردا نەکەن، ڕێز لە سنوورەکانی یەکتر بگرن، لە هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر یەکتر خۆ ببوێرن و، ڕێگە لە دروستبوونی هەر کۆمەڵە و گرووپبەندییەک بگرن کە ئامانجی تێکدانی ئاشتی لە نێوان دەوڵەتانی دراوسێ و هاوپەیمان بێت. ڕەزا شا ڕۆڵی سەرەکیی لە گرێدانی ئەم پەیمانەدا هەبوو؛ هەر بۆیە پەیمانەکە بە میوانداریی ئەو و لە کۆشکی پاشایەتیی سەعدئاباد لە تاران بەسترا.

بەپێی بەندی (٧)ی پەیمانەکە، دەوڵەتانی ئەندام بەڵینیان دا، کە لەسەر سنوورەکانی خۆیان ڕێگە بگرن لە دروستبوون، یان ئەنجامدانی هەر چالاکییەکی گرووپە چەکدارەکان، یان دروستبوونی هەر جۆرە دەستە، یان ڕیکخستنێک بۆ تێکدانی دامەزراوەکان، یان تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەر بەشێک لە خاکی ئەندامانی تر، یان ڕووخاندنی شێوازی حکوومەتی لایەنەکەی تر. یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم پەیمانە، دژایەتیی بزووتنەوە سیاسی و سەربازییەکانی کورد بوو، کە ئەو کاتە ناوە ناوە لە هەر سێ وڵاتی ئێران، عێراق و تورکیا چالاکییان دەکرد.

پەیمانی جەزایر

ئەم پەیمانە لە ٦/ئازاری/١٩٧٥ بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوی جەزایر لە نێوان ئێران و عێراق بە ناوبژیوانی جەزایر هاتە ئاراوە. لە ڕاستیدا ئەم ڕاگەیەندراوە زەمینەسازی بەستنی پەیمانی سنووری نێودەوڵەتی و دراوسێتی باش بوو، کە لە ١٣/حوزەیرانی/١٩٧٥ لە بەغدا واژوو کرا و لە پەیماننامەیەک و حەوت ڕێککەوتنی لاوەکی و پرۆتۆکۆڵ پێک هاتووە. لە بەندی (٣)ی پەیماننامەکەدا هاتووە: "هەر دوو لا بەڵێن دەدەن کە بە شێوەیەکی هەمیشەیی، چاودێرییەکی توندوتۆڵ و کارایان لەسەر سنوورەکان هەبێت بە مەبەستی ڕاگرتنی هەر جۆرە دزەکردنێکی خاوەن سروشتی تێکدەرانە، کە سەرچاوەکەی لە هەر شوێنێکەوە بێت." ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ، ئامانجێکی سەرەکیی ئەم ڕێککەوتنە لەباربردنی شۆڕشی ئەوسای کوردستانی باشوور بوو، کە تەنگی بە دەسەڵاتدارانی بەغدا هەڵچنیبوو. پەیمانی جەزایر دەمانگەیه‌نێتە سەر ئەو بۆچوونە کە بڵێین: ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، سەرەڕای ناکۆکیی ستراتیژییان، بەڵام هەموو کات ئامادەییی ئەوەیان تێدایە، کە لەسەر دژایەتیکردنی کورد یەک بگرن.

نزیکبوونەوەی ستراتیژیی ئێران و تورکیا و عێراق

هەرچەندە هەر سێ دەوڵەت، لە دێرزەمانەوە کێشە و گرفتی ستراتیژی و جیاوازیی تێڕوانین و بەرژەوەندییان هەیە، بەڵام هەر لە کاتی بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە کوردستانی باشوور هەستیان بە مەترسییەکی گەورە کرد. ئەمەیش بووە هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەوەی ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێ، چاوپۆشی لە ناکۆکییەکانیان بکەن و فۆکۆس بخەنە سەر کوردستان.

د.عەلی بیگدلی، پسپۆڕی ئێرانی لە کاروباری تورکیا دەڵێت: "ڕیفراندۆمی هەرێم دەتوانێ، ناسەقامگیریی ئاسایشی لەسەر سنوورەکانی ئێران و تورکیا دروست بکات؛ ئێران و تورکیا دەتوانن سیاسەتێکی یەکگرتوویان لە هەمبەر پرسەکانی هەرێم هەبێت." هەروا ناوبراو دەربارەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی دەڵێت: "ئەگەر بڕیار بێت کرداری سەربازی ڕوو بدات، دەبێ عێراق سەرەتا دەست پێ بکات، چونکە ململانێیەکە لەسەر خاکی ئەوە. لە قۆناغی دووەم، دەبێ بزانین تورکیا چی دەکات و، ئێران سێێەمین وڵاتە کە لەمبارەیەوە بڕیار دەدات."

ماڵپەڕی ئەلمانیتۆر لە بابەتێکی خۆیدا دەنووسێت، کە تورکەکان هەمیشە لەوە نیگەرانن کە ڕۆژاوا دەیەوێت وڵاتەکەیان پارچەپارچە بکات؛ هەر بۆیە سیاسەتی دەرەکیی خۆیان لەسەر بنەمای دووری یان نزیکی لەگەڵ دراوسێکانیان بنیات دەنێن. لە ڕوانگەی گەلێک لە خەڵکی تورکیا، ناتۆ کە تورکیا ئەندامێکی گرنگیەتی، نە تەنیا هاوپەیمانی تورکیا نییە، بەڵکوو بە دوژمن لە قەڵەمی دەدەن. هەر لەم ڕوانگەیەوە، ئێستا هاوکاریی ئێران لەگەڵ تورکیا بۆ ڕێگەگرتن لە دروستبوونی کوردستانێکی سەربەخۆ، ئانکارای هێناوەتە سەر ئەو باوەڕە کە لەم قۆناغەدا ئێران هاوپەیمانێکی ستراتیژییە بۆ ئەو.

لە بەرەبەری ڕیفراندۆمی کوردستان، بۆ یەکەم جار پاش شۆڕشی ئیسلامی لە ١٥/ئابی/ ٢٠١٧ سەرۆکئەرکانی سوپای ئێران، محەممەد باقری، سەردانی ئانکارای کرد و لەو سەردانەدا گوتی: "ماوەیەکی زۆر بوو کە هاتوچۆیەکی لەم جۆرە لە ئارادا نەبوو، بەڵام بە سەرنجدان لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پرسەکانی پەیوەست بە ئاسایشی دوو وڵات، ئاسایشی سنوورەکان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریزم، پێویست بوو ئەم گەشتە ئەنجام بدرێت." هەروا پرسەکانی ڕیفراندۆمی کوردستان و دۆخی سووریا، دوو تەوەری سەرەکیی ئەم سەردانە بوون.

لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەی "ئیعتماد" (اعتماد)ی ئێرانی دەربارەی وردەکاریی ئەنجامی گەشتەکەی باقری بۆ تورکیا، بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وێڕای ئەوەی کە ئەم گەشتەی بە بێوێنە لە قەڵەم دا گوتی: "پێم وایە دەبێ کەمتر دەربارەی ئەم گەشتە قسە بکەین و پتر دەبێ ڕاوەستین، چونکە لە داهاتوودا دەتوانین بینەری ئەنجامی ئەرێنیی ئەم گەشتە بین لەسەر پەیوەندییەکانی هەر دوو لا و لە بواری پرسەکانی ناوچەکە." هەر دوا بە دوای ئەم سەردانە، ئەردۆغان لە وتەیەکدا باسی لە ئەگەری هاوکاریی هاوبەشی ئێران و تورکیا کرد دژ بە گرووپە چەکدارەکان و گوتی: "دەربارەی ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنوورەکان، لەگەڵ ئێران باوەڕێکی هاوبەشمان دژ بە گرووپە تیرۆریستییەکان هەیە و، لەم بوارەدا بیر لە کرداری هاوبەش دەکەینەوە."

هەر پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی کوردستان، بۆ وەڵامدانەوەی سەردانەکەی باقری بۆ ئانکارا، خلووسی ئاکار، سەرۆکئەرکانی سوپای تورکیا، لە ماوەیەکی کورتدا سەردانی تارانی کرد و گوتی: "جگە لە هاوکاریی سیاسی و ئابووری، هەوڵ دەدەین پەیوەندی و هاوکاریی هەر دوو وڵاتیش پەرە پێ بدەین، بەتایبەت لە داهاتوودا و، بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دابینکردنی ئاسایشی سنووریش گەیشتینە ڕێککەوتن." هەروا پاش سەردانی خلووسی ئاکار، ئەردۆغان بۆ خۆی سەردانی ئێرانی کرد و لە وتەیەکیدا ئەردۆغان گوتی: "پاش ئەم گەشتە، نەخشەڕێگەی ئێران و تورکیا بۆ وه‌ڵامدانەوەی ڕیفراندۆمی کوردستان ڕوون دەبێتەوە." لە ستراتیژیی سەربازیی ئێران و تورکیا، بەرنامە و نەخشەڕێگەیەکی هاوبەش و ئامانجدار لە نێوان هەر دوو وڵات بەڕوونی هەستی پێ دەکرێت و، بەرپرسانی هەر دوو لا نایشارنەوە، کە بیانووەکەیشی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستانە، کە لە ئەگەری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ئەو نەخشەڕێگەیە جێبەجێ دەکرێت.

یەکێکی دیکە لە تەوەرە ستراتیژییەکانی ڕێککەوتنی ئێران و تورکیا بە هاوبەشیی سووریا، ڕێگەگرتنە لە ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا. هەرچەندە وەلید موعەلم، وەزیری دەرەوەی سووریا، لەژێر گوشاری ڕووسیا باسی لە ئەگەری گفتوگۆ لەگەڵ کوردەکان و دامەزراندنی سیستەمێکی فیدراڵی لەو وڵاتە کردووە، بەڵام دوور دەنوێنێ کە ئێران و تورکیا لە درێژخایەندا، لەسەر پرۆژەیەکی لەو جۆرە ڕەزامەند بن. ئەمەیش تەنیا لە حاڵەتێکدا سەر دەگرێ کە ئەمریکا و ڕووسیا، ئانکارا و تاران بخەنە بەردەم کارێکی ئەنجامدراو و، دۆخێکی سەپێندراو لە سووریادا دروست بکەن.  

سەید علی، قایمقامی پسپۆڕی ئێرانی لە کاروباری تورکیا، لە گفتوگۆیەکی لەگەڵ ماڵپەڕی "تەسنیم" (تسنیم) لە سێپتەمبەری ٢٠١٧ لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ئەنجامەکانی سەردانی ئەردۆغان بۆ تاران دەڵێت: "لە چوارەمین دانیشتنی ئەنجومەنی باڵای ستراتیژیی هەر دوو وڵات بە ئامادەبوونی هەر دوو سەرۆککۆمار، ڕێککەوتنی گەشەپیدانی هاوکاریی دوولایەنە، هەوڵدان بۆ چارەسەری قەیرانی عێراق و سووریا، دەره‌نجامە خراپەکانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستانی عێراق بە سەرۆکایەتیی "مەسعوود بارزانی"، ناوچەکانی کەمکردنەوەی جەنگ، بەتایبەت لە ئێدلب و، ئەگەری هێرشی سەربازیی تورکیا بۆ سەر عەفرین بە هاوئاهەنگیی ئێران و ڕووسیا بۆ سەرکوتکردنی پەیەدە، خرانە خشتەی کارەوە."

ئەگەر سەرنج بدەین بەرنامەڕێژی بۆ هێرشکردنە سەر عەفرین، چەندین مانگ بەر لە ئێستا باسی لێوە کراوە و بڕیاری لەسەر دراوە. بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەبارەت بە هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین، بەبێ ئەوەی ئەم ڕەفتارە مەحکووم بکات ڕای گەیاند، کە ئێران لە نزیک و بەنیگەرانییەوە بەدواداچوون بۆ گۆڕانکارییەکانی عەفرین دەکات و، هیوادارە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە دەستبەجێ کۆتاییی پێ بێت. ئەمەیش دەکرێ بە ڕەزامەندیی ئەو وڵاتە لەمبارەیەوە لێک بدرێتەوە. هەروا ئانکارا بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە، باڵوێزانی ئەمریکا، ڕووسیا و ئێرانی بۆ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی بانگهێشت کرد و لە دوا گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە عەفرین ئاگاداری کردنەوە.

ڕۆژنامەی "دەیلی سەباح"ی تورکی لە تەمووزی ٢٠١٧ لەسەر زاری دیپلۆماتە تورکەکان ڕای گەیاند، کە ڕووسیا و ئێران ئامادەییی خۆیان دەربڕیوە کە ناوچەی کوردنشینی عەفرین بدرێتە تورکیا. ئۆپەراسیۆنی عەفرین هەلێک بوو بۆ ڕووسیا و ئێران تا بە قوربانیکردنی کوردەکان، ڕێگە لە جێبەجێکردنی ستراتیژیی ئەمریکا لە سووریا بگرن، کە ئەوان بەگومانەوە لێی دەڕوانن. هۆکارێکی دیکەی بێدەنگیی ئێران لەسەر هێرشی عەفرین دەتوانێ ئەوە بێت، کە ڕێگە لە پێکەوەلکاندنی کانتۆنە کوردییەکان لە ڕۆژاوای کوردستان دەگرێ، کە خەونی کورد لەو وڵاتە بۆ گەیشتن بە دەریا و، ئەگەری ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، یان پێداکشانی زیاتر لە داهاتوودا لەبار دەبات؛ بێ گومان ئەمەیش لە کۆتاییدا بە قازانجی بەهێزبوونەوەی حکوومەتی سووریا دەشکێتەوە.

وردەکاریی ڕێککەوتنە سەربازی و ستراتیژییەکانی ئێران و تورکیا هێشتا بەشاراوەیی ماونەتەوە، بەڵام بە سەرنجدان لە وتەی بەرپرسانی هەر دوو لا و ڕەفتار و هەڵسوکەوتە سەربازی و سیاسییەکانیان لە مانگی ئابی ٢٠١٧ەوە تاکوو ئێستا، ئەو گومانە بەهێزتر دەبێ کە هەر دوو لا لەسەر هاوکاری و هاوئاهەنگی لەسەر پرسە ستراتیژییەکان ڕێک کەتوون، لەوانەیش: لەقاڵبدانی کورد لە کوردستانی باشوور و ڕێگریکردن لە دروستبوونی دەوڵەتی کوردی بە هاوکاریی دەوڵەتی عێراق، گەڕانەوەی هەموو خاکی سووریا بۆ ژێر دەستی حکوومەتی ئەو وڵاتە و مانەوەی ئەسەد و، بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشەیەکی سەربازی لەسەر ئاسایشی سنوورەکانیان و لێدانی پەکەکە لە قەندیل و شنگاڵ. دوور نییە ئەم هاوپەیمانێتییه‌ لە داهاتوودا زیاتر پەرە بسێنێت و بێێتە یەکێک لە گرنگترین گۆڕانە ستراتیژییەکانی ناوچەکە.

هەروا عێراقیش، بە باڵێکی دیکەی هاوکار و جێبەجێکاری ئەو سیناریۆیە دادەنرێت؛ بەو پێیەی بەرژەوەندیی باڵای لە لاوازکردن و لەقاڵبدانی کورد لە کوردستانی باشووردا هەیە. بردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق، بۆ هەر دیوی سنووری هەرێمی کوردستان لەناو خاکی ئێران و تورکیا لە بەرەبەری ڕیفراندۆم، نیشانەی ئەوەیە کە عێراقیش باڵێکی بەهێزی جێبەجێکاری ئەو ڕێککەوتنەیە. لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سێپتەمبەری ٢٠١٧، وەزیری دەرەوەی ئێران، تورکیا و عێراق ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە، کە تێیدا نیگەرانیی خۆیان لەوە دەربڕی کە ڕیفراندۆمی کوردستان دەستکەوتەکانی عێراق دژ بە داعش دەخاتە مەترسییەوە و دەبێتە هۆی ناکۆکیی نوێ لە ناوچەکە. هەروا حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیران، نەیشاردەوە کە هێز بەکار دەهێنن ئەگەر بە هۆی ڕیفراندۆمەوە گرفت دروست ببێت. لە لایەکی ترەوە، لەم ڕۆژانەدا هەواڵی ئەوە بڵاو بووەوە کە ئەمریکا و تورکیا ڕێک کەوتوون لەسەر ئەوەی کە هێزەکانی پەیەدە لە شاری منبج دەربچن و ناوەندێکی هاوبەشی تورکی-ئەمریکی بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ناوچەیە دروست ببێت.

ئەنجام  

لە کۆی ئەو باسانە دەگەینە ئەو ئەنجامە، کە نەخشەڕێگەیەکی تۆکمە و بەرنامەبۆداڕێژراو لە نێوان تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا هەیە بە ئاگاداری و ڕەزامەندیی ڕووسیا و ڕۆژاوا بۆ لەقاڵبدان و پاشەکشەپێکردنی دۆزی کورد بەگشتی، کە سەرەتای ئەم هەنگاوە بە هێرش بۆ سەر کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان و سەپاندنی دەسەڵاتی حکوومەتی عێراق لەسەر هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد و، پاشان بە هێرشی عەفرین درێژەی کێشا و، لە داهاتوویەکی نزیکدا بە هێرش بۆ سەر قەندیل و شنگاڵ، بەشی سێیەمی لایەنی سەربازیی ئەم نەخشەیە جێبەجێ دەکرێت. یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی کورد ئەوەیە کە  خاوەنی هێزی سەربازییە لە ناوچەکەدا. هەر بۆیە ئەم نەخشەیەیش، سەرەتا هێزی سەربازیی کورد دەکاتە ئامانج، هەتا بە تێکشکاندنی سەربازیی کورد، توانا و جووڵە و هەڕەشەی کورد لەسەر خاک سنووردار بکەن. هەنگاوەکانی دواتر، بە سنووردارکردنی سیاسی و یاساییی کورد لە عێراق و سووریا جێبەجی دەکرێت. گوشارە ناوخۆیییەکانی تورکیاش لەسەر هێز و کەسایەتییە سیاسییەکانی کورد لە تورکیا، دەتوانێ بەشێکی دیکەی ئەو نەخشەڕێگەیە بێت. هەروا پێدەچێ دەوڵەتانی ڕۆژاوایی و ڕووسیا، هاوئاهەنگ و ئاگاداری ئەم نەخشەڕێگەیە بن و لەسەری ڕەزامەند بن. ئەو دەوڵەتانە بەردەوام جەخت لەسەر پاراستنی یەکپارچەییی خاکی عێراق و سووریا دەکەنەوە، کە ئەمەیش دەتوانێ پێچەوانەی خواست و ستراتیژیی کوردی بێت لە ناوچەکەدا.

 لە کاتی ڕیفراندۆمی کوردستانی باشوور بینیمان، بە ڕەزامەندیی هەر (١٥) ئەندام، ئەنجومەنی ئاسایش لە ٢٢/٩/٢٠١٧ ڕاگەیەندراوێکی لەمبارەیەوە دەرکرد و نیگەرانیی خۆی لە ڕیفراندۆمی کوردستان دەربڕی و پاڵپشتیی خۆی بۆ یەکپارچەییی خاکی عێراق دووپات کردەوە. هەروا لە کاتی هێرشی سوپای عیراق بۆ سەر کەرکووک، کۆشکی سپی بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک بێلایەنیی خۆی لەو شه‌ڕه‌ ڕاگەیاند. جگە لەمەیش، لە کاتی هێرشی تورکیایش بۆ سەر عەفرین، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لەوانەیش نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئاست ئەم ڕووداوە هەتا ئێستا بێدەنگن، لە کاتێکدا کە ئەم ڕووداوە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتیی خستۆتە مەترسییەوە  و، دەستدرێژییە بۆ سەر ڕێسا فەرمانکەرەکانی یاسای نێودەوڵەتی. بەپێی بەندی (١) لە چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان، پاراستنی ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتی، یەکێکە لە مەبەستەکانی ئەو ڕیکخراوە و، پێویستە ڕێوشوێنی هاوبەشی کاریگەر بگیرێتە بەر بۆ قەدەغەکردن و نەهێشتنی ئەو هۆکارانەی کە هەڕەشە لە ئاشتی دەکەن.

کۆی ئەم ڕووداو و پێشهات و لێدوان و هەڵسوکەوتە سیاسی و سەربازییەکان، ئەو گومانە بەهێز دەکەن، کە ئەگەری ڕێککەوتنێکی نوێی دیکەی هاوشێوەی سەعدئاباد و جەزایر، لە نێوان وڵاتانی هەرێمی دژ بە گەلی کورد (لە بەردەم ویژدانی نووستووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی) لە ئارادایە. هەر بۆیە پێویستە لایەنە کوردییەکان و لە سەروویانەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان وردتر، وریاتر و دوورتر بۆ بابەتەکان بڕوانن و بەرژەوەندییە تەسکە حزبی و کەسییەکان وەلاوە بنێن و، بە دیدێکی ستراتیژی و نیشتمانی بۆ بابەت و پێشهاتەکان بڕوانن. نابێ گرەو لەسەر ئەوە بکرێت کە ناکۆکیی نێوان ئەو دەوڵەتانە، هەرگیز لێ ناگەڕێت ڕێککەوتنێکی هاوبەش دژ بە کورد لە نێوانیاندا دروست ببێت. ئەزموونە مێژوویییەکان ئەوەمان بۆ دووپات دەکەنەوە، ئەو دەوڵەتانە ئەگەر لەسەر هەموو شتێکیش ناکۆک بن، لەسەر لەقاڵبدان و پاشەکشەپێکردنی کورد کۆک و تەبان.