پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی هەڵبژاردنی ئازاد و بێگەرد

پێشەکی:

هەڵبژاردن بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی دیموکراسی دادەنرێ، هەر بۆیە جێبەجێکردنی، پێویستی بە گەرەنتیکردنی کۆمەڵێک لە ئازادییە سەرەکییەکان هەیە. لە جیهانی ئەمڕۆدا، ئازاد و بێگەردبوون وەک یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی هەر هەڵبژاردنێک دادەنرێ. تەندروستبوونی هەڵبژاردن، بە یەکێک لە بنەما خودییەکانی دیموکراسی داده‌نرێ و، بەشێکی جیانەکراوەی هەر هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەردە. بوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد، بێ گومان بە دەروازەیەکی گرنگی هەر سیستەمێکی دیموکراسی دادەنرێ، کە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە ساڵی ١٩٩١ جەختی لەسەر کردۆتەوە و دەڵێ: "هەڵبژاردنی خولەکی (ده‌وری) و بێگەرد، فاکتەرێکی پێویستە کە ناکرێ دەستبەرداری بین لەو هەوڵە بەردەوامانەی کە بۆ پاراستنی ماف و بەرژەوەندیی ژێرفه‌رمانان دەدرێن."

پرۆسەی هەڵبژاردن، بریتییە لە کۆمەڵێک قۆناغ و میکانیزمی لێکگرێدراو، کە ئامانجەکەی ئەوەیە دەنگدەر بتوانێ ڕۆڵی خۆی لە مومارەسەکردنی هەڵبژاردن و، دەستنیشانکردنی ئەو پاڵێوراوەی کە مەبەستیەتی، بگێڕێت. سەرچاوەی سەرەکیی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئازادی و بێگەردیی هەڵبژاردن، بۆ جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی ١٩٤٨دەگەڕێتەوە. بەبێ تەندروستبوونی هەڵبژاردن، هیچ گەرەنتییەک نییە  بۆ ئەوەی خواستی دەنگدەران لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردندا ڕەنگ بداتەوە. لەم بابەتەدا، باس لەو پێوەرانە دەکەین کە دەبێ هەر هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد هەیبێت.

پێناسەی هەڵبژاردنی ئازاد و بێگەرد

جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ و ڕێککەوتننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان جەخت لەسەر هەڵبژاردنی بێگەرد دەکەنەوە و، ئەم بابەتە لە زۆرێک لە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی دیکەیشدا ڕەنگی داوەتەوە. هەڵبژاردنی ئازاد و بێگەرد، بریتییە لەو هەڵبژاردنەی کە ویست و ئیرادەی گەل بەئازادانە تێیدا دەردەکەوێ و جێبەجێ دەبێت. هەروا دەبێ هەڵبژاردن ڕێگە بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات خۆش بکات، بەپێی ئەو شێوازەی کە پێشتر لەسەر ڕێک کەوتوون و، دەبێ هەر دوو لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بەم بنەمایەوه‌ پابەند بن.

هەروا عیبرەت لەوەدا نییە، کە تەنیا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێ، بەڵکوو دەبێ هەڵبژاردن ڕەنگدانەوەی ئیرادەی گەل بێت بە شێوازێکی ئازاد و خولەکی و، تێیدا بەپێی پێوەر و بنەما نێودەوڵەتییەکان ڕێز لە ویستی دەنگدەر بگیرێت، کە لە سیستەمە دیموکراتییەکاندا پەیڕەو دەکرێ و بریتین لە ڕێزگرتن لە بنەمای نهێنیبوون، کەسیبوون، گشتیبوون و ئارەزوومەندانەبوونی هەڵبژاردن و دابینکردنی کەشوهەوایەکی ئارام و ئازاد بۆ پاڵێوراوان. جگە لەمەیش، حکوومەت دەبێ هەڵوێستێکی بێلایەنانەی هەبێت و ڕێز لە بنەمای یەکسانی لە نێوان پاڵێوراوان بگرێت و، ڕێکاری ئاسایشیی پێویست بگرێته‌ به‌ر و بێگەردیی هەڵبژاردن دەستەبەر بكات.

ئامانج لە ڕکابەریی هەڵبژاردن، بریتییە لە گەیشتن بە دەسەڵات، وەرگرتنی پۆستە گشتییەکان و بەکارهێنانی دەستڕۆیی لەسەر سیاسەتە گشتییەکان و سەرچاوەکانی حکوومەت. بۆیە، کەس نایەوێت لەم ململانێیە دۆڕاو بێت و، لایەنەکان بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا پەنا دەبەنە بەر شێوازی نائەخلاقی و پێچەوانەی یاسا. بەگشتی گەندەڵیی هەڵبژاردن بریتییە لە دانانی کاریگەری لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ دەرچوونی پاڵێوراو، حزب یان بۆچوونێکی دیاریکراوی سیاسی.

پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی هەڵبژاردنی ئازاد و بێگەرد

بۆ ئەوەی هەر هەڵبژاردنێک ئازاد و بێگەرد بێت، پێویستە کۆمەڵێک پێوەری تێدا بێت، کە بریتین لەمانەی خوارەوە:

١) گشتیبوونی دەنگدان (العمومیة في التصویت): بەو واتایە دێت کە دەبێ هەموو کەسێک مافی دەنگدانی هەبێت و، دەنگەکانیان بە شێوەیەکی یەکسان کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردندا هەبێت و سەنگی دەنگی هەموو هاووڵاتیان یەکسان بێت و، هەموو هاووڵاتیان بەبێ هیچ مەرجێک، بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن؛ واتە بەبێ ڕەچاوکردنی مەرجی توانای ئابووری، زانستی، پلە و پایە، پێگەی کۆمەڵایەتی، ڕەگەز و هتد. ئەمەیش وا دەخوازێت، بازنەکانی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێن، کە ویستی دەنگدەران تێیدا ڕەنگ بداتەوە. ئەمەیش لە بەندی ٢١/بڕگە ٣ لە جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ و بەندی ٢ و ٢٥/بڕگەی ٢ لە ڕێککەوتننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی ساڵی ١٩٦٦ و، بەندی ٧ لە ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەر جۆرە جیاکارییەک دژ بە ئافرەتان لە ساڵی ١٩٧٩ و، بەندی ٧ لە ڕاگەیەندراوی پێوەرەکانی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانەی یەکێتیی پەرلەمانتارانی جیهان لە ساڵی ١٩٩٤ ڕەنگی داوەتەوە. ئەم بنەمایە، لە بەندەکانی ٢٠ و ٤٩/یەکەم لە دەستووری عێراقیی ساڵی ٢٠٠٥ و، بەندی ٤/برگەی یەکەم لە یاسای هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٣ بەڕوونی ڕەنگی داوەتەوە. ئەمەیش هەندێ مەرجی وەک تەمەن، ڕەگەزنامە و شیاویی عەقڵی ناگرێتەوە، کە بۆ ڕێکخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن دادەنرێت.

٢) نهێنیبوونی دەنگدان (السریة في التصویت): واتە دەنگدەر، بەئازادیی تەواو و بە دوور لە هەر چاودێری، یان دەستێوەردانێک لە لایەن کۆمیتەی سەرپەرشتیی هەڵبژاردن دەنگی خۆی بدات، بەبێ ئەوەی کەس بزانێت دەنگی بە چ لایەنێک داوە. ئەم بنەمایە لە بەندی ٢١/ ب٣ لە جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ و، بەندی ٤٩/بڕگەی یەکەم لە دەستووری عێراق و، بەندی ٤/بڕگەی ٢ لە یاسای هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٣ ڕەنگی داوەتەوە. ئەم میکانیزمە لە جیهاندا لە ساڵی ١٨٥٦ەوە پەیڕەو دەکرێ.

٣) کەسیبوونی هەڵبژاردن (الشخصیة في التصویت): بەپێی ئەم پرەنسیپە، ئەو کەسەی مافی دەنگدانی هەیە، دەبێ بۆ خۆی دەنگەکەی بدات؛ واتە نوێنەرایەتی، یان بریکاردارێتی لە دەنگداندا پەسند ناکرێت. وەک ڕیزپەڕێک بۆ ئەم ڕێسایە، ئەو دەنگدەرەی کە خوێندەواریی نییە، بە ڕەزامەندیی کۆمیتەی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردن، دەتوانێ کەڵک لە کەسێکی تر وەربگرێت بۆ ئەوەی یارمەتیی بدات. هەرچەندە ئەم بنەمایە، لە هیچ ڕێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی، یان دەستووری عێراقیدا باسی لێوە نەکراوە، بەڵام لە ڕاستیدا پرەنسیپێکی عورفیی زۆر گرنگە و، بەزۆری لەو ڕێنمایییانەی کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەری دەکات بەوردی باسی لێوە دەکرێت.

٤) یەکسانی لە دەنگدان (المساواة في التصویت): واتە هاووڵاتیان لە دەنگداندا یەکسانن بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ جیاکارییەک لە ڕووی نەتەوە، ئایین، ئایینزا، ڕەنگی پێست و هتد. هەروا نابێ هیچ جیاکارییەک لە نێوان ئافرەتان و کەمینەکاندا بکرێت. لەم بارەیەوە ڕێسای "هەر کەسێک دەنگێک" (One Man One Vote) پەیڕەو دەکرێت، بەبێ ڕەچاوکردنی توانای دارایی، زانستی، پێگەی کۆمەڵایەتی، ڕەگەز و هتد.  بەندی ٢١/ ب ٣ لە جاڕنامەی گەردوونی و، بەندی ٢٥/ بڕگە ب لە ڕێککەوتننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و، هەروا بەندی ٤/یەکەم لە یاسای هەڵبژاردنی عێراقیی ساڵی ٢٠١٣ باسیان لەم بنەمایە کردووە.  

٥) ئارەزوومەندانەبوونی دەنگدان (الاختیاریة في التصویت): واتە دەنگدەر ئەو ئازادییەی هەیە کە بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بکات یان بەشداری نەکات؛ ئەمەیش یەکێکە لە دەرەنجامەکانی ئەو بنەمایە، کە هەڵبژاردن مافە نەک ئەرک، یان ئەرکێکی کۆمەڵایەتی. ئەم بنەمایە بە یەکێک لە بنەما گرنگەکانی دەنگدان دادەنرێت. لە هەندێ لە وڵاتان هەڵبژاردن بە ئەرک دادەنرێت و لەوانەیە بەشدارینەکردن سزای داراییی بەدواوە بێت، بەڵام ئەمە پێچەوانەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانە. لە بەندی ٢١/ ب ١ جاڕنامەی گەردوونی و بەندی ٢٥/ ب أ لە ڕێککەوتننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و، لە بەندی ٢/ ب ١ لە ڕاگەیەندراوی یەکێتیی پەرلەمانتارانی جیهان، دەنگدان بە ماف دانراوە نەک ئەرک. هەروا لە بەندی ٢٠ی دەستووری عێراقی و بەندی ٤/ بڕگەی یەکەم لە یاسای هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٣، هەڵبژاردن و دەنگدان بۆ هاووڵاتیی عێراقی بە ماف دانراوە، نەک ئەرک؛ واتە ڕەچاوی ئەم پێوەرە کراوە.

٦) خولەکیبوونی دەنگدان (الانتخابات الدوریة): پێویستە هەڵبژاردن بە شێوەیەکی خولەکی ئەنجام بدرێت، بە جۆرێک کە ماوەکانی دوورودرێژ نەبێت؛ بۆ ئەوەی دەسەڵاتداران بزانن کە بەردەوام لەژێر لێپێچینەوەی خەڵکدان. ئاشکرایە ئەم ماوەیە بەپێی دەستوور، یان یاسای هەڵبژاردن ڕێک دەخرێت و لە نێوان ٣-٥ ساڵدایە.

٧) مافی خۆپاڵاوتن (حق الترشیح): مافی خۆپاڵاوتن بۆ هەر پرۆسەیەکی هەڵبژاردن، نابێ بە مەرجی ناڕەوا و ناعەقڵانییه‌وه‌ کۆتبەند بکرێت. هەروا نابێ ڕێگە لە خۆپاڵاوتن بگیرێت لەبەر ئاستی خوێندن، شوێنی دانیشتن، بنەچە، ئەندامێتی لە لایەنێکی سیاسیی دیاریکراو، یان کەمینەیەکی دیاریکراو و کەمئەندامێتی و هتد. لە یاسای هەڵبژاردنی عێراق ساڵی ٢٠١٣ لە بەندەکانی ٨-١٠ باس لە مەرجەکانی خۆپاڵاوتن کراوە.

٨) ئازادیی دەنگدەران بۆ دەربڕینی ئیرادەی خۆیان (حریة الناخبین في التعبیر عن إرادتهم): دەنگدەر دەبێ ئازادیی تەواوی هەبێ لە دەربڕینی ئیرادەی خۆی و دەنگدانی بەو پاڵێوراوەی کە دەیەوێت. هەروا ئازادە لە پاڵپشتیکردنی حکوومەت، یان ئۆپۆزیسیۆن، بەبێ ئەوەی هیچ گوشار و هەڕەشە و توندوتیژییەکی لەسەر بێت. هەروا هەر جۆرە کۆتێک لەم بارەیەوە، دەبێ تەنیا بە مەبەستی کەمکردنەوەی لایەنی نەرێنیی بانگەشە، یان گەرەنتیکردنی پرۆسەی دیموکراسی بێت، بۆ ئەوەی زیان بە بەرژەوەندیی پاڵێوراوان، یان حزبەکان نەگەیەنێت. ئەم بابەتە لە بەندی ٤ لە یاسای هەڵبژاردنی بەرکاری عێراق ئاماژەی پێ کراوە.

٩) ئازادیی ڕادەربڕین و کۆبوونەوە و دروستکردنی کۆمەڵەکان: (حریة التعبیر والتجمع و تکوین الجمعیات): ئازادیی ڕادەربڕین و کۆبوونەوە و دروستکردنی کۆمەڵەکان، بە مەرجی سەرەکی دادەنرێن بۆ مومارەسەکردنی مافی دەنگدان؛ هەر بۆیە دەبێ پارێزراو بن. مافی دروستکردنی کۆمەڵەکان، دروستکردنی هەر ڕێکخراوێک دەگرێتەوە کە گرنگی بە کاروباری سیاسی و گشتی دەدات. هەروا نابێ هیچ کۆتێک لەسەر ئازادیی ڕادەربڕێن و کۆڕ و کۆبوونەوە دابنرێت، تەنیا لەو حاڵەتانەدا نەبێت کە یاسا ڕێگەی پێ داوە وەک: ڕێوشوێنی پێویست بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی، پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، سەلامەتیی گشتی، سیستەمی گشتی، نەریت و تەندروستیی گشتی و پاراستنی ماف و ئازادیی ئەوانی تر. ئەم کۆتانە نابێت بە جۆرێک بن کە خودی ئەو مافانە بخاتە مەترسییەوە. لە بەندەکانی ١٩ و ٢٠ لە جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ و، هەروا لە بەندی ٢٢/ ب ٢ لە ڕێککەوتننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان ئاماژە بەم خاڵە کراوە. هەروا دەستووری عێراق لە بەندی ٣٨ باسی لە گەرەنتیکردنی ئازادیی ڕادەربڕێن و کۆڕ و کۆبوونەوە کردووە و، لە بەندی ٣٩ باسی لە ئازادیی دروستکردنی کۆمەڵە و حزبەکان کردووە.

١٠) مافی پەنابردنی کاریگەر بۆ یاسا (حق باللجوء الفعال الی القانون): واتە ئەو کەس و لایەنانەی کە ماف و ئازادییەکانیان پێشێل دەکرێ، بتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر پەنا ببەنە بەر یاسا، تەنانەت ئەگەر ئەو کەسانەی کە پێشێڵکاری ئەنجام دەدەن خاوەن سیفەتی فەرمی بن. دەبێ دەسەڵاتێکی دادوەری، یان کارگێڕی، یان یاسادانانی تایبەت هەبێ کە ئەم حاڵەتانە یەکلایی بکاتەوە.  لە بەندەکانی ٢ و ٣/ج لە ڕێککەوتننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان ئاماژە بەم خاڵە کراوە. سەبارەت بە گرفتەکانی تایبەت بە تۆمارنەکردنی ناوی دەنگدەران، ئەوا بەپێی بەندی ١٩ لە یاسای هەڵبژاردنی بەرکار، دەتوانێ ناڕەزایەتی لە بەردەم نووسینگەی کۆمیسیۆن و پاشان کۆمیسیۆنی باڵا دەرببڕێت. هەروا دەستووری عێراقی لە بەندی ١٩/سێیەم دەڵێت: "پەنابردنە بەر دادگە، مافێکی پارێزراوە و بۆ هەموو کەسێک گەرەنتی کراوە."

١١) چاودێریکردنی چاودێران و ڕووماڵکردنی ڕاگەیاندنەکان لە هەڵبژاردن (المراقبة والتغطیة الاعلامیة للانتخابات): هەرچەندە پرۆسەی چاودێریکردن لە هیچ دەقێکی نێودەوڵەتیدا ئاماژەی پێ نەکراوە، بەڵام لە هەمان کاتدا لە وڵاتانی خاوەن سیستەمی دیموکراسی، وەک عورفێکی باو پەیڕەو کراوە. پرۆسەی چاودێری، یەکێکە لە گرنگترینی ئەو ئەرکانەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ گەرەنتیکردنی هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد دای ناوە. پرۆسەی چاودێریی هەڵبژاردن، کۆمەڵێک ئامانجی هەیە، لەوانەیش: بنەمای ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و بەهێزکردنی سەروەریی یاسا و ڕێزگرتن لە ئیرادەی سیاسی. پرۆسەی چاودێری، دەکرێ لە لایەن ڕێکخراوە لۆکاڵی و نێودەوڵەتییەکانەوە بەڕێوە بچێت، کە دەبێتە هۆی بەخشینی متمانەی زیاتر بە هەڵبژاردن و ڕێگریکردن لە پێشێلکارییەکان.

سەبارەت بە ڕووماڵکردنی دەزگەکانی ڕاگەیاندن لە کاتی هەڵبژاردن، ئەوا بە یەکێک لە پێوەرەکانی ئازادی و بێگەردیی هەڵبژاردن دادەنرێ، چونکە ئەو دەزگه‌یانە دەتوانن وەک گوێزەرەوەیەکی جێی باوەڕ پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ هەموو جیهان بگوازنەوە. بەندی ٣٨ لە دەستووری عێراقی باسی لە گەرەنتیکردنی ئازادیی ڕاگەیاندن کردووە.

لە هەڵبژاردنەکانی عێراقیش تاکوو ئێستا هەر دوو لایەن- چاودێری و ڕووماڵی ڕاگەیاندن- لە کاتی هەڵبژاردنەکان پەیڕەو کراوە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن ئەم بابەتەی بە دەرکردنی نیزام ڕێک خستووە.   

١٢) بێلایەنی (الحیادیة): بریتییە لە بێلایەنیی حکوومەت و حزبی دەسەڵاتدار لە پرۆسەی هەڵبژاردن و، هەروا ئەو لایەنەی کە ئه‌ركی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردن ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ، لە شێوازی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ لایەنەکانی ناو پرۆسەی هەڵبژاردن وەک پاڵێوراوان، دەنگدەران، بەڕێوەبەران و چاودێرانی هەڵبژاردن و حزبە سیاسییەکان، لە هەموو قۆناغەکانی هەڵبژاردندا، کە لە تۆمارکردنی ناوی دەنگدەرانەوە دەست پێ دەکات هەتا هەژمارکردنی دەنگەکان و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان. جگە لەمەیش، بوونی دەستە، یان دادگەیەکی تایبەتمەند بۆ ئەوەی سەیری هەر سکاڵا، داوا، یان تانەلێدانێک بکات کە لە لایەن دەنگدەران، پاڵێوراوان، یان حزبە سیاسییەکانەوە دەخرێنە ڕوو. هەروا دەبێ دەستە، یان دەزگەیەکی بێلایەن سەرپەرشتیی پرۆسەی هەڵبژاردن بکات. بەشی ٤/ بەندی ١ لە ڕاگەیەندراوی یەکێتیی پەرلەمانتارانی جیهان جەخت لەسەر ئەم خاڵە دەکاتەوە.

١٣) ئه‌لته‌رناتیڤەکانی هەڵبژاردن (البدائل الانتخابیة): بەو پێیەی هەڵبژاردن لە ناخی خۆیدا واتای بژاردن و دەستبژێرکردن دەدات، هەر بۆیە پێویستە دەنگدەر چەندین ئه‌لته‌رناتیڤ (جێگره‌وه‌) و بژاردەی جیاوازی لە بەردەمدا بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو کەس و لایەنە هەڵبژێرێت کە زیاتر لە بیروباوەڕ و بۆچوون و بەرژەوەندییەکانی ئەوەوە نزیکن. ئەم پێوەرەیش، بە یەکێک لە گرنگترینی پێوەرەکانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد دادەنرێت. 

١٤) ڕێکارەکانی تایبەت بە تۆمارکردنی دەنگدەران (الإجراءات الخاصة بتسجیل الناخبین): ئەم ڕێکارانە لایەنی یەکەم لە پرۆسەی هەڵبژاردن دەگرێتەوە کە بریتین لە: دەنگدەران، یان دەستەی گشتیی گەل، کە ئه‌ركی هەڵبژاردنی نوێنەرانیان لە پەرلەمان، یان ئەنجومەنە خۆجێیەکان له ‌ئه‌ستۆ ده‌گرن. هەرچەندە ئەمە مەرجی پێویست نییە بۆ هەڵبژاردنێکی دیموکراتییانە، بەڵام لە هەندێ بارودۆخ لە هەندێ وڵاتدا، بە مەرجێکی سەرەکی بۆ هەڵبژاردنێکی بێگەرد دادەنرێ.

وەک ئەوەی لە عێراق دەبینرێت، ئەم ڕێکارانە دوو ئامانج دەپێکێت: یەکەم، میکانیزمێکی گونجاو دادەنێ بۆ ئەو کێشانەی کە پەیوەستن بەو کەسانەی کە مافی دەنگدانیان هەیە. دووەم، تۆمارکردنی ناوی دەنگدەران ڕێگە بە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دەدات، کە کارەکانی خۆی ڕێک بخات و بازنەکانی هەڵبژاردن دیاری بکات. لە بەندی ٢١ لە جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ و بەندەکانی ١٦-٢٠ لە یاسای هەڵبژاردنی عێراق ساڵی ٢٠١٣ باس لەم ڕێکارانە کراوە.

١٥) ئەو دەزگه‌یانەی هەڵبژاردن ڕێک دەخەن (المٶسسات القائمة علی التنظیم الانتخابي): بۆ گەرەنتیکردنی بێگەردیی پرۆسەی هەڵبژاردن بە هەموو قۆناغەکانییەوە، وا پێویستە کە دەستە، یان دەزگەیەکی سەربەخۆ هەبێت، کە سەرپەرشتیی ئەم پرۆسەیە بکات؛ کە لە عێراق ئەمەیش خۆی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکاندا دەبێنێتەوە، کە سەرەتا بەپێی فەرمانی دەسەڵاتی هاوپەیمانان ژمارە ٩٢ ساڵی ٢٠٠٤ دامەزرا و پاشان بە یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ژمارە ١١ ساڵی ٢٠٠٧  ڕێک خرا. بۆیە، پێویستە کۆمەڵێک بنەما و تایبەتمەندی بۆ دروستکردنی ئەم دەزگەیانە دابنرێت، کە گەرنتیی سەربەخۆبوونی ئەم دەزگەیانە بکات.

١٦) دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆ (السلطة القضائیة المستقلة): یەکێک لە پێوەرە تەواوکارەکانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد، بوونی دەسەڵاتێکی دادوەریی سەربەخۆیە بۆ پراکتیزەکردن و پاراستنی سەروەریی یاسا. لە پرۆسەی هەڵبژاردن، بوونی دەسەڵاتی دادوەری، ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەبینێ لە چاودێریکردنی دادوەری و یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵا و ناڕەزایی و تانانەی کە لە پرۆسەی هەڵبژاردن دەدرێن. بەندی ٨ی جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ باس لەوە دەکات، هەموو مرۆڤێک مافی هەیە پەنا بباتە بەر دادگەی ناوخۆییی پسپۆڕ. هەروا بەندی ١٤ لە ڕێککەوتننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان باس لە سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری کراوە. جگە لەمەیش، لە جاڕنامەی گەردوونیی سەربەخۆییی دادپەروەری کە لە ساڵی ١٩٨٣ لە مۆنتریاڵی کەنەدا بڵاو بووەتەوە، ئاماژە بەم بابەتە کراوە. لە بەندی ١٩ لە دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ باس لە سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری کراوە و، هەروا لە بەندەکانی ٨٧- ١٠١  ئەم دەسەڵاتەی ڕێک خستووە.  

ئەنجام

گومان لەوەدا نییە کە لە جیهانی ئەمڕۆ، هەڵبژاردنی ئازاد و بێگەرد بە بەردی بناغەی هەر سیستەمێکی دیموکراتی دادەنرێت و، ئامرازێکی ئاشتییانەیە بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات. هەر بۆیە هەر هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد، دەبێ ڕەچاوی ئەو پێوەرە نێودەوڵەتییانە بکات کە لە جاڕنامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکاندا باسیان لێوە کراوە و، دەبێ ئەم پێوەرانە بە شێوازی ڕواڵەتی لە دەستوور و یاسای وڵاتاندا ڕەنگ بداتەوە و، بە شێوازی پراکتیکی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا جێبەجێ بکرێت. سەبارەت بە عێراقیش، دەتوانین بڵێین بەشێکی زۆری ئەو پێوەرە نێودەوڵەتییانە بە شێوازێکی ڕواڵەتی لە دەستوور و یاساکانی عێراقدا ڕەنگیان داوەتەوە، بەڵام گرفتەکان لە قۆناغی جێبەجێکردن دروست دەبن؛ کە بە شێوەیەکی ڕێژەیی (لە چاو ڕژێمەکانی پێشووی عێراق و هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە) لەم بوارەدا سەرکەوتوو بووە.