خوێندنەوەیەک بۆ ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق لە ساڵی ٢٠١٨

بەرایی:

هەڵبژاردن، ئامرازێکی ئاشتییانە و دیموکراتییە بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات، کە تاکوو ئێستا هیچ جێگرەوەیەکی نییە. بەڵام هەڵبژاردن وەک میکانیزمێکی دیموکراتی، بەتەواوی بەس نییە و، لە پاڵ ئەوەیشدا سەروەربوونی یاسا و هێزی دەوڵەت، بۆ چەسپاندن و کاراکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پێویستە. لە عێراقی نوێ تاکوو ئێستا، چوار خولی هەڵبژاردن بەڕێوە چووە و هەرچەندە بێ کەموکورتی و بێ کێشە نەبووە، بەڵام لە هەمان کاتدا بە جۆرە مومارەسەکردنێکی دیموکراسی دادەنرێ، کە بەرە بەرە دەتوانێ گەشە بکات و بەرەو پێشەوە بچێت.

ئەم هەڵبژاردنە، یەکەمین هەڵبژاردن بوو کە پاش سەرکەوتن بەسەر داعش، شکستپێهێنانی هەوڵی سەربەخۆییی کوردستان و دەستبەسەرداگرتنی کەرکووک ئەنجام درا. هەر بۆیە، ئەتموسفێرێکی سیاسیی جیاواز و تایبەتی هەبوو و، بووە جێی سەرنجی وڵاتانی هەرێمی و ڕۆژاوایی. لەم هەڵبژاردنەدا، ٧٠٠٠ پاڵێوراو لە ٨٧ لیست و قەوارە و حزبی سیاسیدا، ڕکابەرییان لەسەر ٣٢٩ کورسیی پەرلەمانی دەکرد. لە چوارەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەندێ دیاردە و ئەنجامی نوێ بەرچاو کەوتن، کە دەکرێ بە چاوەڕواننەکراو، یان نوێیان بزانین. لەم وتارەدا، شیکردنەوە و خوێندنەوەمان دەبێت بۆ ئەنجامەکانی ئەم خولەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٨.

یەکەم/ دابەشبوونی کورد و شیعە

لە هەڵبژاردنی ئەم خولەدا دیاردەی دابەشبوون لەناو پێکهاتەکانی عێراق، لە خولەکانی دیکە زەقتر و زیاتر بوو. ئەم دابەشبوونە تەنیا کورد و سوننەی نەگرتەوە، بەڵکوو شیعەیشی گرتەوە. شیعە کە هەر لە ساڵی ٢٠٠٣وە جۆرێک لە یەکگرتوویییان لە هەڵبژاردنەکاندا هەبووە، ئەم جارە پاش سەرهەڵدانی هێزێکی نوێی چەکبەدەستی وەک حەشدی شەعبی، بەسەر پێنج لیست و هاوپەیمانیی سەرەکیدا دابەش بوون، کە بریتین لە: سائیرون، فەتح، نەسر، دەوڵەتی یاسا و، ڕەوتی حیکمە. ئەم دابەشبوونە بە جۆرێک بوو، بۆ نموونە حزبی دەعوە کە حزبی دەسەڵاتدارە، بۆ سەر دوو لیستی نەسر و دەوڵەتی یاسا دابەش بوو. هەر وا ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامییش، بە هۆی ناکۆکیی نێوانیان، بەسەر دوو حزبدا دابەش بوون و ڕەوتی حیکمە لێیان جیا بووەوە. جگە لەمەیش چەندین لیست و قەوارەی بچووکی شیعەیش هەبوون کە بەشداری ڕکابەریی هەڵبژاردن بوون. دابەشبوونی ئەم جارەی ناوماڵی شیعە بە جۆرێکە، کە ئەگەری دروستکردنی هاوپەیمانێتییه‌کی یەکپارچە وەک خولەکانی ڕابردوو، لە نێوان هەموو لیستە شیعەکاندا ئەستەمە؛ چونکە جیاوازیی گەورە هەیە لە تێڕوانینی هەر یەک لەو هێزانە و پەیوەندەییە دەرەکییەکانیاندا، کە دەتوانین بڵێین شیعەکان بەسەر دوو جەمسەری ئێرانی و ئەمەریکیدا دابەش بوون. هەر بۆیە ئاستەمە بتوانن بەسانایی لەژێر چەتری یەک هاوپەیمانێتیدا یەک بگرن.

سەبارەت بە کوردیش، لە هەڵبژاردنی پێشوو بەسەر پێنج لیستدا دابەش بوون، بەڵام ئەم جارە بەسەر حەوت لیستدا دابەش بوون. واتە پڕژوبڵاویی ناوماڵی کورد، تا دێت زیاتر دەبێت و ناکۆکییەکانی نێوانیان لە هەرێم، وا بەرە بەرە سەر دەکێشێ بۆ ناکۆکیی نێوانیان لە بەغدا. ئەم پڕژوبڵاوییە، دەرەنجامە نەرێنییەکانی پتر لە ناوچە کوردستانییە دابڕاوەکاندا هەستی پێ دەکرێت، کە لەو شوێنانەدا کورد لەگەڵ عەرەب و تورکمان و مەسیحیدا ڕکابەری دەکات. ئەم دابەشبوونەی کورد وا دەکات، چیدیکە کورد نەتوانن وەک جاران ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لە هاوکێشە سیاسییەکانی عێراقدا ببینن و، ڕۆڵیان لە ئیدارەدانی ئەو کێشانەدا لاوازتر دەبێت.

سوننەکانیش هەر لە ساڵی ٢٠٠٣وە تا ئێستا، بەسەر چەندین لیست و گرووپی جیاوازدا دابەش بوون و لەم هەڵبژاردنەیشدا دابەشبوونیان زیاتر و فراوانتر بوو. سوننەکان ئەم جارە بەسەر دوو لیستی سەرەکی و چەند لیستێکی بچووکدا دابەش بوون، وەک: هاوپەیمانیی "الوطنیة"ی ئەیاد عەلاوی کە سەلیم جبووری و ساڵح موتلەگیش لەخۆ دەگرێ؛ هاوپەیمانیی "القرار" کە سەر بە ئوسامە نوجەیفییە و چەند لیستێکی بچووک وەک "تحالف بغداد" و "الانبار هویتنا" و هتد.

ئەم دابەشبوونە لە نێوان هێزە کورد و شیعە و سوننەکان، ئاستەمە دابەشبوونێکی تاکتیکی بێت و، پتر پەیوەندیی بە دید و بۆچوون و بەرژەوەندیی جیاوازی نێوان ئەم لیست و گرووپانەوە هەیە. ئەم دابەشبوون و فرەلیستییە لە چەند ڕووەوە گرنگە: یەکەم/ وا دەکات کە پەرلەمانی داهاتووی عێراق فرەڕەنگیی زیاتری پێوە دیار بێت و، ڕۆڵی لیستە بچووکەکان لە هاوپەیمانییەکاندا زیاتر و تۆختر دەبێت. دووەم/ ئەم دابەشبوونە سیاسییە وا دەکات، فراکسیۆنی زۆر گەورە دروست نەبێت، کە ئەمەیش پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو قورستر و دژوارتر دەکات و، حکوومەتێک کە لە ئەنجامی ئەم جۆرە هاوپەیمانییە پێک بێت لاواز و لەرزۆک دەبێت. سێیەم/ نیشانەی ئەوەیە هەندێک لە لایەنە سیاسییەکان بازیان بەسەر گوتاری تائیفیدا داوە و، دەیانەوێ بە گوتارێکی نیشتمانی کار بکەن، بۆیە ڕێی خۆیان جیا دەکەنەوە.

 لە لایەکی ترەوە، بوونی هێزی چەکداری سەر بە هەندێ لەم گرووپانە، دەتوانێت ڕۆڵێکی نەرێنیی هەبێ، ئەگەر بێت و لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ناکۆکی هەبێت و، هێزە ناکۆکەکان بیانەوێت بە چەک ئەم کێشانە یەکلایی بکەنەوە. هەروەک بینیمان، بە هۆی ناکۆکی لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە سلێمانی، هێزەکانی سەر بە یەکێتیی نیشتمانی، هێرشیان کردە سەر مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕان لەو شارەدا. هەروا نووری مالکی، سەرۆکی لیستی دەوڵەتی یاسا، چەند ڕۆژێک بەر لە هەڵبژاردن گوتی، ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆیی پاش هەڵبژاردن هەیە، ئەگەر بێت و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن جێی تانەلێدان بن.   

دووەم/ دابەزینی بەرچاوی ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک

بەپێی ئاماری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨، گەیشتە ٤٤.٥٢% لە کۆی گشتیی (٢٤،٣٥٢،٢٥٣) دەنگدەر. ئەگەر سەرنجی ڕێژەی بەشداریی خولەکانی پێشوو بدەین، دەردەکەوێت ئەم ڕێژەیە بەردەوام لە دابەزیندا بووە؛ بۆ نموونە لە ٢٠٠٥ ڕێژەی بەشداری ٧٩.٦% و، لە ٢٠١٠ ڕێژەکە گەیشتە ٦٢.٤% و، لە ٢٠١٤ ئەم ڕێژەیە بوو بە ٦٠%. دابەزینی ڕێژەی بەشداریی خەڵک، لە سادەترین لێکدانەوەدا دەتوانێ نیشانەی نائومێدیی قووڵی خەڵک بێت لە حزبە سیاسییەکان و نوخبەی سیاسیی عێراق. هەروا نیشانەی شکستهێنانی حزبە سیاسییەکانە، لەو وادە و بەڵێنانەی کە لە خولەکانی پێشوو بە خەڵکیان دابوو. لە پاڵ کەمبوونی ڕێژەی دەنگدەران، بەڵام ڕێژەی لیست و هاوپەیمانێتییەکان لە هەڵبژاردندا زیاتر بوون و، نزیکەی حەوت هەزار پاڵێوراو لە ٨٧ حزب و لیست و قەوارەدا ڕکابەرییان دەکرد.

ئەگەر ڕێژەی پاڵێوراوەکان و ڕێژەی بەشداریی خەڵك لە تەنیشت یەکتر دابنێین، ئەوا ئاستی ڕاستگۆییی پاڵێوراوەکان و توانای ئەوان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک و نەهێشتنی گەندەڵیمان بۆ دەردەکەوێت. هەندێ کەس وای بۆ دەچن، تەنانەت ئەگەر ڕێژەیەکی زیاتری خەڵکی تووڕە بەشدارییان لە هەڵبژاردندا بکردایە، ئەمە هیچی لە دۆخی حزبە دەسەڵاتدارەکان نەدەگۆڕی، چونکە  خەڵکی تووڕە لەو حاڵەتەدا، پتر دەنگیان بە لیست و قەوارە نوێیەکان دەدا، نەک ئەو حزبانەی کە بە درێژاییی ١٥ ساڵی ڕابردوو باڵادەست و دەسەڵاتدار بوون و تاقی کراونەتەوە. دەکرێ بڵێین، خەڵکی عێراق بەم بایکۆتکردنەی پرۆسەی هەڵبژاردن، پەیامی ئەوەیان بە دەسەڵاتداران دا، کە بەتەواوی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق نائومێدن و، چیدیکە هیوایان بە دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی عێراق نییە، کە بتوانن کێشە و گرفتەکانی ئەوان چارەسەر بکەن. ئەم بایکۆتکردنە، کارتێکی سووری جەماوەر بوو بە ڕووی دەسەڵاتداراندا، کە ئەگەر گوێی لێ نەگیرێت، دوور نییە لە داهاتوودا شۆڕشی جەماوەریی لێ بکەوێتەوە. ئەم بابەتە، پێویستە لە ڕووی کۆمەڵناسیی سیاسییەوە توێژینەوەی زیاتری لەسەر بکرێت.

سێیەم/ بازدان بەسەر تائیفەگەریدا

یەکێک لە دەرەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە ئەوە بوو، کە بە شێوەیەکی ڕێژەیی تائیفەگەریی باوی ناو گۆڕەپانی سیاسیی عێراقی تێ پەڕاند؛ بۆ نموونە لیستی سائیرون بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ شیوعییەکان و دەرچوونی چەند کاندیدێکی شیوعی لەو لیستەدا، ویستی ئەو پەیامە بگەیه‌ێت، کە بازی بەسەر پرۆژەی تائیفەگەریدا داوە و، نایەوێ چیدیکە بە هەناسەی تائیفەگەری سیاسەت بکات.

لیستی نەسری حەیدەر عەبادی، لە پارێزگەی نەینەوای زۆرینە سوننە، بووە لیستی یەکەم و، هەموو لیسته‌ سوننە و کوردییەکانی ئەم پارێزگەیەی تێ پەڕاند. هەروا لیستەکەی عەبادی لە پارێزگەکانی سەڵاحەددین و ئەنباریش دەنگێكی بەرچاوی بەدەست هێنا. جگە لەمەیش، بۆ یەکەم جار لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا، لیستی نەسر و ڕەوتی حیکمە لە هەر سێ پارێزگەی هەرێمی کوردستان لیستی تایبەت بە خۆیان هەبوو؛ هەرچەندە ئەم لیستانە دەنگی پێویستیان بەدەست نەهێنا، بەڵام ئەزموونێكی نوێیان تاقی کردەوە. هەروا حەیدەر عەبادی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن سەردانی شارەکانی هەولێر، سلێمانی، مووسڵ و تکریتی كرد کە دانیشتووانیان بە زۆری کورد، یان عەرەبی سوننەن.

لیستی "جووڵانەوەی نەوەی نوێ"یش، کە لیستێکی کوردییە، لە زۆربەی پارێزگە عەرەبییەکانی عێراقدا پاڵێوراوی هەبوو و، ڕێژەی دەنگەکانیشی جێی سەرنج بوون. جگە لەمەیش، چەندین کورد خۆیان لەسەر لیستە شیعە و سووننەکان کاندید کرد، کە سێ کەسیان لەسەر لیستەکانی نەسر و سائیرون و هاوپەیمانیی بەغدا دەنگیان هێنا و بوونە په‌رلەمانتار. کۆی گشتیی ئەم هەوڵ و هەنگاوانە دەیانەوێت ئەو پەیامە بگەیەنن، کە هەوڵێکی جددی لە لایەن هەندێ لە قەوارە سیاسییەکانەوە هەبووە، بۆ ئەوەی بتوانن بەسەر گوتاری تائیفیدا باز بدەن و گوتارێکی نوێی نیشتمانی بخەنە ڕوو.

چوارەم/ پاشەکشەکردنی لیستەکانی سەر بە ئێران

هەر دوو لیستی فەتحی سەر بە هادی عامری و، دەوڵەتی یاسای سەر بە نووری مالکی، نەیانتوانی ببنە لیستی پێشڕەوی هەڵبژاردنی ئەم خولە. لیستی فەتح، پاش سائیرون بە ٤٧ کورسی، بووە لیستی دووەم و نەیتوانی ڕۆڵی پێشڕەوایەتی لە ئەستۆ بگرێت. هەرچەندە هادی عامری، لە هەڵبژاردنی پێشوودا خاوەنی ٢٢ کورسی بوو، بەڵام ئەم جارە بە پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ چەندین گرووپی حەشدی شەعبی، توانیی ژمارەی کورسییەکانی زیاتر بکات، بەڵام بەو حاڵەیش نەیتوانی ببێتە لیستی یەکەم. هەروا لیستی دەوڵەتی یاساش، بە ٢٦ کورسی، بوو بە پێنجەم و لە چاو هەڵبژاردنی پیشوو، دوو لەسەر سێی کورسییەکانی خۆی لەدەست دا. ئەگەر ژمارەی کورسییەکانی لیستەکانی نەیاری ئێران (سائیرون، نەسر، عەبادی، پارتی، وەتەنییە و قەرار) و، لیستەکانی سەر بە ئێران (فەتح، دەوڵەتی یاسا و یەکێتیی نیشتمانی) لە پاڵ یەکتر دابنێین، ئەوا دەردەکەوێت کە لیستەکانی سەر بە ئێران پاشەکشەیەکی بەرچاویان کردووە. ئەمەیش دەتوانێت ئاماژە بێت بۆ کەمبوونەوەی ڕۆڵ و کاریگەریی ئێران لەسەر داڕشتنی نەخشەی سیاسیی عێراق. بۆ نموونە ئێران پێشتر هەوڵێکی زۆری دا بۆ ڕێگەگرتن لە دروستبوونی دابەشکاری لە نێوماڵی شیعە، ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی، حزبی دعوە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەڵام ئەم هەوڵانە هەموویان بێئەنجام بوون. هەر بۆیە، دەتوانین بڵێین لیستەکانی سەر بە ئێران لە بەرامبەر لیستە نەیارەکانیاندا لە پاشەکشەیەکی بەردەوامدان.

پێنجەم/ سەرکەوتنی لیستی سائیرونی سەر بە موقتەدا سەدر

لیستی سەدر، بە هاوپەیمانییەکی سەرنجڕاکێش لەگەڵ حزبی شیوعیی عێراق و گرووپە مەدەنییەکانی تر، توانیی بە شێوەیەکی دوور لە چاوەڕوانی، ببێتە لیستی یەکەمی ئەم خولەی هەڵبژاردن. ئەم سەرکەوتنەی سەدر، بە بوومەلەرزەیەکی سیاسی لەناو پرۆسەی هەڵبژاردندا لە قەڵەم دەدرێت. موقتەدا سەدر، بەردەوام هەوڵ دەدات بۆ بیناکردنەوەی پاشماوەی بەهاکانی سەدری باوک، واتە محەممەد سادق ئەلسەدر، کە پیاوێکی ئایینی و نەتەوەییی بەهێز و خاوەن پێگە بووە لە عێراقدا و، هەمیشە شانازیی بە ناسنامەی عەرەبیی شیعەکانی عێراقەوە کردووە. سەدری کوڕیش، بە گرتنەبەری ڕێچکەی، باوکی هەوڵ دەدات ڕۆڵێکی هاوسەنگی ئایینی-نەتەوەیی لەناو هاوکێشە سیاسییەکانی عێراقدا بگێڕێت و، بەمەیش دەستڕۆییی خۆی لەناو جەماوەر و حزبە سیاسییەکاندا زیاتر بکات. هەروا بەم جۆرە، ڕێگری لە دەستڕۆیبی لایەنەکانی نزیک لە ئێران دەکات و، جۆرێک لە هاوسەنگی لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا دروست دەکات.

بەپێی ئەو ڕاپرسییانەی کە بەر لە هەڵبژاردن ئەنجام دران، وا چاوەڕوان دەکرا لیستی حەیدەر عەبادی ببێتە یەکەم، بەڵام ئەوەی دواجار لەناو سندووق بوو بە یەکەم، لیستی سەدر بوو. هەرچەندە هیچ لیستێکی شیعە نییە کە زۆرینەی دەنگەکانی هێنابێت، بەڵام جیاوازیی نێوان لیستە براوەکان هیندە زۆر نییە. ئەمەیش وا دەکات ڕۆڵی لیستە بچووکەکان لەو هاوپەیمانییانەی کە بۆ پێکهێنانی حکوومەت دروست دەبن، یەکلاکەرەوە بێت. لیستی موقتەدا سەدر، لە هەموو خولەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراقدا بەردەوام دەنگەکانیان لە هەڵکشاندا بووە، بەپێچەوانەی لیستەکانی دیکە کە دابەزینی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینیوە. لیستی نەسری عەبادی بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، بوو بە سێیەمی هەڵبژاردنی ئەم خولە.

شەشەم/ شکستی قورسی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستان

لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستان، کە پێکهاتبوون لە گۆڕان، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی، هیوایەکی زۆریان بە ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە بەستبوو و چاوەڕێی دەنگی زۆر و شۆکیکی گەورەی هەڵبژاردنیان دەکرد، کە پاش دەرچوونی ئەنجامە بەرایییەکان، بۆ خۆیان تووشی شۆک بوون. هەر بۆیە، ئەم لایەنانە لە ساناترین لێکدانەوەدا، پەنجەیان بۆ ساختەکاری لە هەڵبژاردن درێژ کرد و ڕایان گەیاند، کە ئەنجامەکانی ئەم گەڕەی هەڵبژاردن قبووڵ ناکەن. بەدەر لەوەی کە ئایا ساختەکاری لە هەڵبژاردن کراوە یان نا، ئەوا لایەنی پەیوەندیدار کە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنە دەبێ وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە، بەڵام دەکرێ وردتر لە هەڵبژاردنەکە بڕوانرێت و، بێ گومان شکستی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن تەنیا لە ساختەکاریدا چڕ ناکرێتەوە و، دەکرێ ڕێژەی کەمی بەشداریی خەڵک و نائومێدیی خەڵک لە لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش هۆکارگەلێکی گرنگی دابەزینی ڕێژەی دەنگەکانیان بێت. 

حەوتەم/ سندووقی زیرەک و جیاکردنەوە و هەژماردنی ئەلیکترۆنی

بۆ یەکەم جار لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا، شێوازی جیاکردنەوە و هەژماردنی ئەلیکترۆنیی دەنگەکان و سندووقی زیرەک پەیڕەو کرا. لە بنەڕەتدا، ئەم هەنگاوەی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ئەوە بوو، کە هەڵبژاردن بەخاوێنی و بێگەردیی زیاتر بەڕێوە بچێت، چونکە پێشتر هەندێ لایەن تانەیان لە بێگەردیی هەڵبژاردنەکان دەدا لە عێراقدا. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆمیسیۆن، ئەم ڕێکارە نوێیە ڕێگە لە ساختەکاری و بەلاڕێدابردنی پرۆسەی هەڵبژاردن دەگرێ و، دەتوانن بە چەند کاتژمێرێک پاش داخستنی سندووقەکان، ئەنجامی دەنگدانەکە ڕابگەیەنن.

ڕاستییه‌كه‌ی، پاش دەرچوونی ئەنجامە سەرەتایییەکان، کۆمەڵێک لە لایەنە سیاسییەکان تانەیان لە جیاکردنەوە و هەژماردنی ئەلیکترۆنی دا و، باسیان لەوە کرد کە ئەنجامەکان لە قازانجی هەندێ لایەنی دیاریکراو دەستکاری کراون. هەر بۆیە، ژمارەیەک لەو لایەنانە، خوازیاری جیاکردنەوە و هەژماردنی دەستیی دەنگەکان بوون و، هەندێک لایەنی دیکەیش لەمە زیاتر ڕۆیشتن و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردن و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن بوون.

هەر بۆیە، بەکارهێنانی ئەم شێوازە نەک هەر شک و گومانی هەندێ لە لایەنە ناڕازییەکانی نەڕەواندەوە، بەڵکوو ئەو گومانەیشی لە لای خەڵک دروست کرد، کە ئەم جارە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا بە ئامێری ئەلیکترۆنی و بە جۆرێکی وا ئەنجام دراون، کە بە چاویش نابینرێن و، قەوارە سیاسییەکان و چاودێرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییش، ناتوانن بەئاسانی پەی پێ ببەن. هەر بۆیە دەبینین، تەنانەت لە هەندێ لە وڵاتە پێشکەوتووەکانیش، پرۆسەی جیاکردنەوە و هەژماردنی دەنگەکان بە دەستی ئەنجام دەدرێن. لەم بارەیەوە بڕیارێکی دادگەی دەستووریی ئەڵمانیا هەیە، کە دەڵێت دەنگدانی ئەلیکترۆنی نادەستوورییە، چونکە دەکرێ دەستێوەردانی تێدا بکرێت و ئەگەری هەڵە و یاریکردن بە دەنگەکان تێیدا زۆرە و هەموو قۆناغەکانی دەنگدان دەبێ ملکەچ بن بۆ وردبینیی گشتی.

کۆبەند

ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە براوەیەکی ڕاستەقینەی گەورە بوونی نییە، کە بتوانێت بەتەنیایی و بەبێ هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنەکانی تر، حکوومەتی داهاتوو پێک بهێنێت و سەرۆکوەزیران دەستنیشان بکات. هەروا جیاوازیی کورسی لە نێوان حزب و لیستە براوەکان لە ٧-٢٠ کورسی تێپەڕ ناکات، لە کاتێکدا پێکهێنانی حکوومەت پێویستی بە ١٦٥ کورسیی پەرلەمانی هەیە. ئەمەیش ئەوە بە سەر لایەنە براوەکاندا دەسەپێنێت، کە ڕەنگە پێویستیان بە گفتوگۆیەکی ئاڵۆز و درێژخایەن بێت بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی هاوپەیمانیی نوێ و دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیران و کابینەی نوێ.

ناکۆکیی نێوان حزبە سیاسییەکان و تەنانەت کەسایەتییە سیاسییەکانیش، وای کردووە کە ئەم هێزانە زیاتر پڕژوبڵاو ببن و نەتوانن سەرکەوتنێکی بەرچاو و یەکلاکەرەوەیان لە هاوکێشە سیاسییەکاندا هەبێت، بەڵکوو ڕۆڵی هەموویان سنووردارە. هەر بۆیە حکوومەتی داهاتوو، حکوومەتێکی هاوپەیمانی دەبێت لە نێوان چەندین لایەنی جۆراجۆری شیعە، سوننە و کورد، کە ئەمەیش دەبێتە حکوومەتێکی فرەلایەن و لاواز، کە ناتوانێ وەک پێویست دەره‌قەتی کێشە و گرفتە کۆتایینەهاتووەکانی عێراق بێت.