دوازدە مەرجەكەی ئەمریكا بە مەرجێك!

پێشەكی

لە ڕۆژی 21-5-2018دا له‌ گوتارێکدا بە ناونیشانی "دوای ڕێککەوتنەکە: ستراتیژیی نوێ لەبارەی ئێران" (After the Deal: A New Iran Strategy)، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە "دامەزراوەی هێریتاج" لە ئەمریكا ستراتیژیی وڵاتەکەی لە سەردەمی ئیدارەی ترامپ لەبارەی ئێران خستە ڕوو.

"مایك پۆمپیۆ بەئاشكرا ئەوەی ڕاگەیاند كە "ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە هۆی کەموکوڕییەکانییه‌وه‌ جیهانی خستە مەترسییەوە. هەروەک بەم دوایییانە لە ڕێگەی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئیسڕائیلەوە بینیومانە، ئێران ساڵانێکە هەوڵ دەدات توانای ئەتۆمی بەدەست بێنێت. ئێران بۆ نییەتێكی خراپ لە ڕێککەوتنەکەدا مابووەوە؛ تاوەکوو ئەمڕۆكەیش ئێران لەو بارەوە هەر درۆ دەکات. هەروەها ڕێککەوتنەکە نەیتوانی وا بكات، کە ئێران لە گەیشتن بە بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی بوەستێنیت، کە دەکرێت کڵاوەی ئەتۆمی هەڵبگرێت. ڕێکخراوەی وزەی ئەتۆمی، ڕێگەی بە ئێران دا ئەو پارەیەی بە هۆی ڕێککەوتنەکە بەدەستی دەگات، بۆ پەرەپێدان و بووژاندنەوەی ئابووریی وڵات بەکاری بێنێت، بەڵام ڕژێمی ئێران دواتر ڕەتی کردەوە تەنانەت ئەم كارەیش بكات. بۆیە پۆمپیۆ، دوازدە مەرجی بۆ گۆڕانكاری لە سیاسەت و ڕەفتاری ئێران داناوە بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكە و، مەرجی هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئێران كە بە دەرچوونی ئەمریكا لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی دووبارە دەگەڕێتەوە، خستە ڕوو.

لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین دوازدە خاڵی سەرەكیی ئەم ستراتیژییەی ئەمریكا لە هەمبەر كۆماری ئیسلامی شرۆڤە بكەن. بەم واتایە كە ئامانج، لێكەوتە و دەرهاوێشتەكانی ئەم خاڵانە لەسەر كۆی هاوكێشە سیاسی، سەربازی و ئابوورییەكانی ناوچەكە بخەینە ڕوو.

شرۆڤەی دوازدە مەرجەكەی ئەمریكا

یەکەم: دەبێت ئێران تەواوی ڕەهەندە سەربازییەكانی پێشووی سیستەمی ناوکیی خۆی ئاشکرا بکات و بەردەوام ڕێگە بە پشكێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بدات پـشکنین بکات.

ئەم مەرجە بۆ ئەو مەبەستەیە كە ئێران نەتوانێت هیچ چالاكییەكی پەیوەندیدار بە پەرەپێدانی توانای ئەتۆمیی سەربازی ئەنجام بدات. بەم پێیە پشكنەرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی، دەتوانن لە هەر شوێن و كاتێكدا پشكنین بۆ دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییە گوماناوی و تەنانەت نهێنییه‌كانی ئێران بكەن. لێرەوە چیتر كۆماری ئیسلامیی ئێران ناتوانێت دەرفەتی ئەوەی هەبێت كە چالاكییە ئەتۆمییە سنووردار و سەربازییەكانی ئاوێتەی یەكتری بكات و، ببێتە ئەو هێزە تۆقێنەر و مەترسیدارەی كە هەڕەشە لە وڵاتانی ناوچەكە و تەنانەت ئەمریكا بكات. چونكە چالاكییە نهێنییەكانی ڕابردووی ئێران ئەوەی دەرخستووە، كە ئەو وڵاتە هەوڵ دەدات وەكوو مۆدێلی كۆریای باكوور لە كۆتاییدا تاقیكردنەوەی ئەتۆمی-سەربازی ئەنجام بدات. ئەمەیش بە مەبەستی تێكدانی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەكە لە قازانجی كۆماری ئیسلامی و گرێنتیكردنی مانەوە و هێرشنەكردنە سەر ئێران و مانەوەی سیستەمە سیاسییەكەی؛ چونكە لە دوایین ڕووداودا ئیسڕائیل ئاشكرای كرد كە ئێران لەم بارەیەوە لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ڕاست نه‌بووە. هەروەها پێشووتر لە مانگی 8ی ساڵی 2002دا بوو، كە گوتەبێژی ئەنجومەنی نەتەوەییی بەرگریی ئێران (موجاهیدینی خەڵق)، كە ئۆپۆزیسیۆنی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە دەرەوەی وڵات، دوو بنكەی ئەتۆمیی نهێنیی پیتاندنی یۆرانیۆمی كۆماری ئیسلامیی لە شارەكانی "نەتەنز و ئەراك" ئاشكرا كرد، كە ئێران كار و چالاكیی ئەتۆمیی تێدا ئەنجام دەدا. پاشان ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، ئەو هەواڵەی پشتڕاست كردەوە و، ئەمریكا ئەوەی بە پێشێلكردنی پەیماننامەی ساڵی 1968  دەربارەی قەدەغەبوونی بڵاوكردنەوەی چەكی ئەتۆمی (NPT)  ناساند و، ڕای گەیاند كە ئێران بە دوای دروستكردنی چەكی ئەتۆمییە.

دووەم: ئێران دەبێت پـیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت و هیچ كاتێك هەوڵ نەدات کار لەسەر پیتاندنەوەی پـلۆتۆنیۆم بکات و، هەروەها ڕیئه‌کتۆری ناوکی، ئەوەی بە ئاوی قورس کار دەکات، دابخات.

ئەم مەرجە وا لە ئێران دەكات كە هیچ كات نەتوانێت هەڕەشە لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكات كە لە ئەگەری سەپاندنی سزا و گەمارۆ لە بواری جیاجیادا، چالاكییە ئەتۆمییەكانی دەست پێ بكاتەوە؛ چونكە لە ڕێككەوتنی ئەتۆمیدا ئەو مافە بە شێوەی سنووردار بە ئێران دراوە و، لە پاش 2025ەوە ئێران دووبارە چالاكییەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم دەست پێ دەكاتەوە. بۆیە ئەمریكا مەبەستییەتی ئەو خاڵە لاوازەی كە لە ڕێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 ئاماژە بە كۆتاییهاتن یاخود "ئاوابوونی" سنووردارێتیی ئێران دەكات، بۆ هەتایه‌ نەمێنێت. لێرەوەیە كە ئەمریكا دەخوازێت ئەم سیستەمە سیاسییە بۆ هەمیشە توانای پەرەپێدانی چالاكیی ئەتۆمیی نەمینێت. تەنانەت ئەمریكا هەڕەشەی ئەوەی لە ئێران كردووە كە ئه‌گه‌ر ئێران هەوڵی دووبارە پیتاندنی یۆرانیۆم و چالاككردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی بدات، ئەوە شتێكی ئەوەندە مەترسیدار ڕوو دەدات كە له‌ چاوه‌ڕوانیی ئێراندا نه‌بێت. ڕێككەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران و دەوڵەتانی 5+1، پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە ئێران مافی چالاكیی ئاشتییانەی ئەتۆمی و پیتاندنی یۆرانیۆمی هەیە، بەڵام بە مەرجێك كە تاوەكوو (15) ساڵ چالاكییەكانی خۆی تا ڕێژەی (3.67%) تەنیا لە بنكەی "نەتەنز" ئەنجام بدات و، زیاتر لە (300) كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی ڕێژەی (3.67%)ی خۆی بفرۆشێت و هەناردەی دەرەوەی بكات. هەروەها ئێران تا ماوەی (10) ساڵ ژمارەی سانتریفیۆژەكانی لە بنكەی نەتەنز لە (5060) هەزار زیاتر نەكات و، تاوەكوو (10) ساڵ پیتاندنی یۆرانیۆم تەنیا بە سانتریفیۆژەكانی جیلی IR4, IR5, IR6, IR7  ئەنجام بدات. هەروەها بنكەی ئەتۆمیی ئاوی قورسی ئەراك دووبارە دابڕێژرێتەوە و توانای بەرهەمهێنانی  لە (40) میگاوات بۆ (20) میگاوات كەم بكرێتەوە. لە لایەكی تریشەوە ئێران پاش تێپەڕبوونی (15) ساڵ، مافی دروستكردنی "ڕیئه‌كتۆر"ی ئەتۆمیی نوێی هەبێت.

سێـیەم: ئێران پێویستە مۆڵەتی بێسنوور بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بدات لەوەی كە دەستی بە هەموو دەزگه‌ ناوکیـیەکان ڕابگات، بە سەربازی و ناسەربازییشەوە.

ئەم خاڵە بۆ ئەمریكا زۆر گرنگە و بۆ كۆماری ئیسلامی زۆر مەترسیدارە؛ بەو واتایە كە لە ئێستادا كۆماری ئیسلامی بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییی خۆی و نهێنیی سەربازی، چالاكییە ئەتۆمییە گوماناوییەكانی دەشارێتەوە و ڕێگە بە ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نادات كە پشكنین لە هەموو شوێنەكان بكەن و، تەنیا لەو پێگە ئەتۆمییانەیە كە پێشووتر ئاشكرا كراوە. بەڵام بەم مەرجە ئێران ناتوانێت چیتر درێژە بەم سیاسەتە بدات و چالاكییە قەدەغەكراوە مووشەكی و ئەتۆمییەكانی بشارێتەوە. هەرچەندە كۆماری ئیسلامی و بەتایبەتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، ئەمە بە هێڵی سوور دادەنێت، بەڵام لە ڕوانگەی ئەمریكاوە ئەمە گرێنتیی كۆنترۆڵی مەترسییەكانی ئێران دەكات.

شاردنەوەی چالاكییە ئەتۆمییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژاوا و بەگشتی كۆمەڵگەی نێونەتەوەییی نیگەران كردووە. لە ڕوانگەی ڕۆژاواوە، پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لەسەر بەرهەمهێنان و پیتاندنی یۆرانیۆم و پلۆتۆنیۆم، كە دوو ماددەی خاوی بەرهەمهێنەری چەكی ئەتۆمین، دامەزراوە، بەتایبەت كە كۆماری ئیسلامیی ئێران تا ساڵی (2003) ئەم چالاكییانەی شاردبووه‌وه‌ و بەنهێنی ئەنجامی دەدا و، دواتـریش نوێنەرانی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزەی ئەتۆمی، چەند نموونەیه‌كیان لە بنكەی نەتەنز تاقی كردەوە كە ئەم پیتاندنانەی نیشان دەدا؛ هەروەها ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەوەی خستۆتە ڕوو كە ئێران ساڵانە هەشت تا (10) كیلۆگرام پلۆتۆنیۆم بەرهەم دێنێت كە بۆ دروستكردنی یەك، یان دوو بۆمبی ئەتۆمی گونجاوە.

چوارم: ئێران دەبێت سنوورێک بۆ بڵاوکردنەوەی مووشەکی بالیستی و هەڵدانی ئەو مووشەکانەی كە دەکرێت کڵاوەی ناوکی هەڵبگرن، دابنێت.

یەكێك لە مەترسییەكانی وڵاتانی ناوچەكە و تەنانەت ئەورووپییەكانیش پەرەپێدانی توانای مووشەكیی ئێرانە؛ بەو پێیەی كە ئێران بە تاقیكردنەوەی مووشەكی دوورهاوێژ هەڕەشە لە وڵاتانی ناوچەكە و تەنانەت ئەوروپا دەكات. بۆیە لە ڕابردوودا ئێران لەم ڕێگەیەوە توانیویەتی لەژێر ناونیشانی سیاسەتی بەرگریی خۆیدا توانای هێرشبەرانەی پەرە پێ بدات. كۆماری ئیسلامی، چەندین جار هەڕەشەی لەناوبردنی ئیسڕائیلی كردووە و ئەگەر ئەم توانایە لەگەڵ توانای ئەتۆمیی ئێران ئاوێتە بكرێت، ئەوە ئێران دەبێتە هەڕەشەیەكی جددی و ڕاستەقینە بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە هۆی جۆری سیستەمە سیاسییەكه‌ی و ئامانج و ستراتیژییەكان. لەم بارودۆخەدایە كە كۆنترۆڵكردنی ئێران زۆر ئەستەم دەبێت، چونكە مووشەكی دوورهاوێژ كە توانای هەڵگرتنی كلاوەی ئەتۆمیی هەبێت، وا دەكات ئێران دەست بەسەر هەموو وڵاتانی ناوچەكەدا بگرێت و سیاسەتە فراوانخوازییەكانی پەرە پێ بدات و، هەروەها ئاسایشی وڵاتانی ناوچەكە بخاتە مەترسییەوە و تەنانەت كیبڕكێی چەكداری و ئەتۆمی لە نێوان وڵاتانی ناوچەكەدا توند بكات. ئەمەیش بە هۆی سروشتی پێكهاتەی سیاسی-نەتەوەیی و مەزهەبیی ئەو وڵاتانە و، ڕۆڵی ئەكتەرە نادەوڵەتییە تیرۆریستی و توندڕەوەكان مەترسیی زۆر جددی بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی دروست دەكات.

پـێنجەم: دەبێت ئێران هاووڵاتیانی ئەمریكی و هەموو هاووڵاتیانی وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریكا كە بەندی كردوون، ئازاد بكات.

ئەم مەرجە ئاماژە بە ڕەفتارێكی ئێران دەكات كە لەم چەند ساڵەی دواییدا ئێران گرتوویەتە بەر؛ بەو واتایەی كە كۆماری ئیسلامی بەشێكی زۆر لەم ئێرانییانەی كە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەمریكی و ئەوروپین، لە ئێران قۆڵبەست و بەند كردووە بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی لەگەڵ دراو و، هەروەها وەرگرتنی گرێنتیی مانەوە و تەنانەت ساتوسەودای سیاسی و ئاسایشی لەگەڵ ڕۆژاوادا. بۆیە ئەم ڕەفتارە بۆتە هۆی دڵەڕاكێی وڵاتانی ئەوروپی و، تەنانەت وای كردووە كە ئێران بتوانێت پارە بلۆككراوەكانی لە ئەمریكا و ئەوروپا وەربگرێتەوە كە دوایین نموونەیان لە ساڵی 2015دا ئێران توانیی حەوت بەندكراوی خۆی لە ئەمریكا ئازاد بكات و، هەروەها پارەیەكی بەرچاو (زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلار) بە شێوەی كاش لە ئەمریكا وەربگرێت لە هەمبەر ئازادكردنی چوار بەندكراوێكی ئەمریكا، بۆ نموونە "جەیسۆن ڕەزایییان"، هەواڵنێری ڕۆژنامەی "واشینتۆن پۆست". لە ئێستایشدا چەندین ئێرانی-ئەمریكی و ئێرانی -بریتانی كە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتانەن، لە لایەن ئێرانەوە بە تۆمەتی جۆراوجۆری سیخوڕی و... لە لایەن ئێرانەوە بە مەبەستی ئەو ساتوسەودایانە ڕاگیراون. بۆیە ئەمە بۆتە ڕەفتارێكی ئاسایشی، بەڵام مەترسدار لە لایەن ئێرانەوە.

شەشەم: پێویستە ئێران سنوورێک بۆ پـشتیوانیکردن لە گرووپە تێرۆرستیـیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وەکوو حزبوڵڵا و بزووتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی، دابنێت.

هاوپەیمانێتیی سووریا و كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕوانگەی ئاسایشی و بەرژەوەندییەكانی ئێرانه‌وه‌، لە چوارچێوەی سڕینەوەی هەڕەشە و مەتـرسییە هاوبەشه‌كانی ئیسڕائیل و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت. هه‌روه‌ها پاڵپشتی لە حزبوڵڵا لە لوبنان و بزووتنەوەی حەماس لە فەڵەستین، له‌م چوارچێوه‌دا پێناسه‌ ده‌كرێت. لێرەدا دەتوانین بڵێین كە كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەرژەوەندی و ئامانجەكانی، كە فۆرمێكی ڕیاڵیستی وەردەگرێت، كەڵك لە ئایدیۆلۆژی وەردەگرێت، بەڵام ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ، ناسنامەیی و ئایدیۆلۆژیكییە. گۆڕانكارییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت لەم ساڵانەی دووایی، بووە هۆی ئەوەی كە مەزهەبی شیعە وەك هێزێكی كاریگەر دەربكەوێت و ڕۆڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمەی بەرجەستە كردووە؛ هەر لە ڕووخانی سەددام حوسێن لە ساڵی (2003)وه‌، تا جەنگی سی و سێ ڕۆژەی حزبوڵڵا لە لوبنان لەگەڵ ئیسڕائیل لە ساڵی (2006)دا و پرسی سووریا و جه‌نگی دژی داعش، گۆڕانكاریی جیۆپۆلیتیكی لە بەرژەوەندیی كۆماری ئیسلامیی ئێران دروست كردووە. لە ڕوانگەی وڵاتانی سوننە و نوخبە سیاسییەكانیانەوە، ئامرازی سەرەكیی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ نفووز و كۆنتـڕۆڵی ناوچەكە، گرووپە شیعەكانی لایەنگری ئێرانن وه‌كوو: حزبوڵڵای لوبنان، حه‌شدی شه‌عبی و ...؛ لە ناوچەی كەنداویشدا عێراق، سووریا، لوبنان، بەحرێن، سعوودیا و هتد.

لە ڕاستیدا هێز و توانای سەبازیی ئێران لە ناوچەكەدا لە ڕێگەی ئەكتەر و هێزە نادەوڵەتییەكانی لایەنگری ئێرانەوە بەرجەستە دەبێت؛ ئەم هێزانەیش بەهێزی توندڕۆ و تەنانەت تیرۆریستی دەناسرێن. بۆیە ئەمریكا ئەگەر بتوانێت ئەم ڕەگەز و ڕەهەندەی هێزی ئێران لە ناوچەكەدا سنووردار بكات، ئەوە بەدڵنیایییەوە ئێران گۆشەگیر و سنووردار دەكرێت و تەنانەت باڵانسی هێز لە قازانجی نەیارانی ئێران لە ناوچەكەدا دەگۆڕدرێت. چونكە ئێران ئەو ویست و داواكارییانەی لە هەناردەكردنی شۆڕش و پرسی هیلالی شیعی لە ڕێگەی جەنگی بەنوێنەرایەتییەوە دێنیتە دی. بۆیە ئەم هێزە چەكدار و توندڕەوانە بە كۆلەكەی سەرەكیی ستراتیژیی ناوچەیی و ئاسایشیی ئێران دادەنرێن كە سەرچاوەی بڕوایی و ئایدیۆلۆژیی هەیە، بەڵام هاوكێشە جیۆسیاسییەكانی پێ یەكلایی دەكاتەوە.

حەوتەم: ئێران دەبێت ڕێز لە حکوومەتی عێراق بگرێت و، ڕێگە بدات كە ملیشیا شیعەکان چه‌ك بکرێن.

ئەم مەرجە بێجگە لەوەی كە سنووری دەستڕۆییی ئێران لە ناوچەكە سنووردار دەكات، بەڵكوو ئەجێندای ئەو هێزانەیش كە بەشێكن لە ستراتیژیی ناوچەیی لە چوارچێوەی ململانێی جیۆسیاسی و جەنگی مەزهەبی و بڕواییی ئێران لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی-سووننە، لە ناوەرۆك بەتاڵ دەكرێتەوە. بۆیە عێراق وەكوو ئاڵقەی پێكەوەلكاندن و پێكگەیشتنی هیلالی شیعی، ڕۆڵێكی یەكلاكەره‌وەی هەیە. هەروەها هێزە ملیشیا شیعەكانی وەكوو حەشدی شەعبی، ناتوانن لە داهاتوودا ڕۆڵی حزبوڵڵای لوبنان بۆ ئێران بگێڕن. بۆیە ئەم مەرجە بە جۆرێك له‌ جۆره‌كان هاوكێشە جیۆسیاسییەكان لە پاش 2003، كە لە قازانجی ئێران گۆڕدرا، دووبارە پێچەوانە دەكاتەوە و ئێران زیاتر سنووردار دەبێت؛ هەروەها ڕێگە لەوە دەگرێت كە عێراق ببێتە دەوڵەتێكی پاشكۆی ئێران و تەنانەت هاوشێوەی مۆدێلی وەلی فەقیھ لە ناوچەكەدا.

هەشتەم: دەبێت ئێران سنوورێک بۆ پشتیوانیکردنی حوسیـیەکانی یەمەن دابنێت و، هەروەها بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی لە یەمەن، کار بکات.

كۆماری ئیسلامی لە ماوەی ڕابردوودا بۆ كردنەوەی بەرەیەكی نوێی جەنگی بەنوێنەرایەتی لە ناوچەكەدا و، هەروەها كەمكردنەوەی گوشارەكانی سەر خۆی لە عێراق و سووریادا و، سەرقاڵكردنی سعوودیا و وڵاتانی عەرەبی، هەوڵێكی چڕی داوە كە حوسییەكانی یەمەن به‌كار بهێنێت. ئەمە بێجگە لەوەی كە هەستیاریی جیۆستراتیژیی ئەو ناوچەیە وا دەكات، كە لە ئەگەری سەركەوتنی حوسییەكان لە یەمەن ئەوە كۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایشی وزە بكەوێتە ژیر كۆنترۆڵی ئێرانەوە. بۆیە چارەسەركردنی پرسی یەمەن و سنوورداركردنی پشتیوانیی ئێران لە حوسییەكان، دەتوانێت هاوسەنگیی هێز بگۆڕێت و بەم پێیەیش ئێران لە سووریا و عێراق و لوبنان لاواز بكات و هێزی لایەنە بەرامبەرەكانی بەرزتر بكاتەوە. بۆیە سعوودیا و وڵاتانی عەرەبی بە دوورخستنەوەی ئەم مەترسییە، باشتر دەتوانن ئێران لە ناوچەكانی دیكەدا سنووردار بكەن. بۆ ئەمریكاش ئەو هاوسەنگییە نوێیە گرنگیی تایبەتی هەیە، چونكە ناخوازێت هیچ نه‌بێ لەم قۆناغەدا هێزی سەربازیی ئەمریكا بە ڕاستەوخۆ بكەوێتە جەنگێكی دیكەوە، بەڵكوو بەپێی ستراتیژیی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریكا، پێویستە هێزە ناوچەیییەكانی هاوپەیمانی ئەمریكا ئەم كارە ئەنجام بدەن.

نۆیەم: ئێران دەبێت پاشەكشە بە هەموو هێزەكانی خۆی و، هەروەها هێزەكانی ژێر فەرمانی لە سووریا بكات.

قەیرانی سووریا و ڕۆڵی ئێران لە پاڵپشتیی هەمەلایەنە لە ڕژێمی ئەو دەوڵەتە، وای كرد كە ئێران بتوانێت پرۆژەی هیلالی شیعە تەواو بكات و، هەروەها هەڕەشەی جددی لە ئیسڕائیل بكات و هاوسەنگیی هێزەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قازانجی خۆی بگۆڕێت. ئەمەیش وای كرد كە ستراتیژیی ئیدارەی پێشووتری ئەمریكا (ئۆباما) كە مەبەستی لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی، تێوەگلاندنی ئێران بوو وەك بەشێك لە چارەسەری پرسە ناوچەیییەكان، بەتەواوی شكست بخوات و بەڵكوو بەپێچەوانە ببێتەوە و، ئێران دەستی ئاوەڵاتر بێت. بۆیە سووریا یەكێك لەو پرس و ناوچانەیە كە ئەگەر ئێران ناچار بە پاشەكشەكردن بێت، ئەوە كۆی هاوكێشە ئاسایشی، سەربازی و جیۆ-سیاسییە ناوچەیییەكان لە زیانی ئێران دەگۆڕدرێت.

پاش ئەم گۆڕانكارییانە  و هاتنی داعش و بەهاری عەرەبی و دەرچوونی ئەمریكا لە عێراق، ئەوە كۆماری ئیسلامیی ئێران توانیی لە ناوچەكەدا باڵادەست بێت. بۆیە ئەم جارە ئەگەر تاوەكوو دوێنێ ئێران لە ڕێگەی ناڕاستەوخۆ و لە ڕێگەی بریكار یاخود نوێنەرەكانییه‌وه‌ كە ئەكتەری نا-دەوڵەتی بوون، وەكوو حزبوڵڵا و بزووتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی، هەڕەشە و جەنگی بەنوێنەرایەتیی لەگەڵ ئیسڕائیل دەكرد، لەم قۆناغە بەدواوە ئەوە خۆی ڕاستەوخۆ بە تەواوكردنی پرۆژەی هیلالی شیعی، بۆتە دراوسێی ئیسڕائیل و، هەوڵی دروستكردنی بنكەی سەربازی لە نزیك سنوورەكانی ئیسڕائیل دەدات. بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ڕژێمی ئێران ٣٩ بنکەی سەربازی و هەواڵگریی لە سووریا دامەزراندووە، کە زۆربەیان لە نزیک سنووری سووریا لەگەڵ ئیسڕائیلدان و چالاکیی سەربازی دەکەن. تەنانەت چەندین جار بەرپرسانی باڵای ئێرانی چوونەتە سەر سنوورەكانی ئیسڕائیل و لوبنان و ئیسڕائیل و سووریا و، وێنەكانیان بڵاو كردۆتەوە. بۆیە ئەم نزیكایەتییە جوگرافییە، بۆتە هۆكارێكی گرنگ بۆ هەستیاریی ئیسڕائیل و، ئەگەری پێكدادانی بەرز كردۆتەوە. لە كاتێكدا ئیسڕائیل ئەم نزیكایەتییە جوگرافییەی نییە بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە ئێران و، تەنانەت لە ڕووی ئاسمانییشەوە چەندین بەربەست و سنووری هەیە؛ بۆیە هەوڵ دەدات ئێران لە سنوورەكانی، چ ڕاستەوخۆ، بەتایبەت لە سووریا و، چ ناڕاستەوخۆ لە لوبنان دوور بخاتەوە.

بۆیە چارەسەركردنی پرسی سووریا بۆ ئاسایشی وڵاتانی عەرەبی و، هەروەها چارەسەركردنی پرسی ئیسڕائیل و فەڵەستینییەكان و دەستەبەركردنی ئاسایشی ئیسڕائیل و سنوورداركردنی ڕۆڵی بكەرایەتیی ئەكتەرە نا-دەوڵەتییەكانی لایەنگری ئێران وەكوو حزیوڵلای لوبنان و، بەم پێیەش نفووزی ئێران لە لوبنان و فەڵەستین گرنگیی تایبەتی هەیە. بۆیە ئەم مەرجە دەتوانێت سەرەتای كۆتاییی نفووزی ئێران لە ناوچەكەدا بێت. بێجگە لەوەی كە چارەسەركردنی پرسی سووریا، هاوسەنگیی هێزی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەگۆڕێت و ڕۆڵ و نفووزی ڕووسیا لە سووریادا سنووردار دەكات، چونكە ڕووسیا لە ڕێگەی هێزی سەربازیی زەمینیی ئێران و لایەنگرەكانییەوە، توانیی سووریا بپارێزێت و هاوكێشە جیۆسیاسییەكان لە قازانجی خۆی تاوەكوو ئێستا یەكلایی بكاتەوە.

دەیەم: ئێران دەبێت كۆتایی بە پـشتیوانیکردنی لە تاڵیبان و قاعیدە و ڕێکخراوی دیکەی تێرۆریستی لە ئەفغانستان بهێنێت.

ئەم مەرجە لە یەكەم نیگادا لەوانەیە زۆر دژبەیەك بێتە بەرچاو؛ بەو واتایە كە تاڵیبان و قاعیدە و...، ڕێكخراوی تیرۆریستیی سوننەن و دژی ئێرانی شیعین. بەڵام لە ڕاستیدا بەپێی بەڵگەنامە ئاشكراكراوەكانی ساڵی ڕابردوو (2017) لە لایەن C.IA، كۆماری ئیسلامی لە ڕووی لۆجستی و ڕاهێنان و دەستەبەركردنی سەرچاوەی دارایی و... پشتیوانیی لەم گرووپانە كردووە و تەنانەت سەركردە گەورەكانیشیان لە ئێران داڵدە دراون. كۆی ئەم یارمەتییانەیش بە مەبه‌ستی دژایەتی لەگەڵ ئەمریكا و تەنانەت وڵاتانی سوننەی ناوچەكە بووە. بۆیە ئێران هەم پشتیوانی و پاڵپشتیی لە گرووپە توندڕەو و تیرۆریستییەكانی شیعەی ناوچەكە كردووە و، هەمیش پشتیوانیی لە قاعیدە و تاڵیبان. بۆیە ئەمریكا دەیه‌وێ ئەم كارتە لە دەستی ئێران ده‌ربێنێت، بۆ ئەوەی ئاسایشی ناوچەكە بپارێزێت و، لە لایەكی دیكەیشەوە ئەو گرووپانە لاواز بكات. هەروەها لەم ڕێگەیەوە باشتر ئێران سنووردار و گەمارۆ دەدرێت و توانای جووڵەی نامێنێت.

یازدەیەم: ئێران دەبێت كۆتایی بە پشتیوانیکردنی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، لە تیرۆریستان و هاوپەپەیمانە میلیشیایییەكانی لە جیهاندا، بێنێت.

ئەم مەرجە لە ڕاستیدا پووچەڵكردنەوەی هەموو توانا سنووربەزێنەكانی كۆماری ئیسلامییە لە ڕێگەی هێزی سەربازییەوە بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ. قەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران تەنانەت لە ڕووی سیاسییشەوە كۆنترۆڵی دەزگه‌ی دیپلۆماسیی كۆماری ئیسلامیی كردووە. ئەم هێزە بە سەركردایەتیی "قاسم سولەیمانی" بەپێی بەڵگەنامەكانی ئەمریكا ڕۆڵی هەبووە لە هەموو ئاژاوە و پشێوییەكانی ناوچەكە لە سووریا و عێراق و لوبنان و یەمەن و عێراق و ئەفغانستان و پاكستان و تەنانەت لە تیرۆركردنی نەیارانی كۆماری ئیسلامی و تەقاندنەوە و هتد. بۆیە ئەم باڵە سەربازییە سنووربەزێنەی ئێران، تۆمەتبارە كە هەموو چالاكییەكانی دەرەوەی سنووری ئێران لە ناوچەكە بەڕێوە بردووە و دەستێوەردانی سەربازی و سیاسیی لەو وڵاتانە كردووە و، هەروەها پاڵپشتیی گرووپە تیرۆریستییەكان دەكات لە ئەفریقا و ئەمریكای لاتین.  تەنانەت تۆڕێكی سیخوڕی و تێكدەرانەی لە ئەوروپا و ئەمریكاش هەیە و، هەوڵی تیرۆركردنی چەندین كەسایەتیی نائێرانیی لە ئەمریكا و ئەوروپا داوە. بۆیە ئەگەر ئەم باڵە توندڕەوە سەربازییەی ئێران كۆنترۆڵ بكرێت، ئەوە ئێران ناتوانێت وەكوو پێشووتر لە ناوچەكەدا بۆ ئاسایشی تاك/دەوڵەتانی ناوچەكە و، هەروەها ئاسایشی وڵاتانی ئەوروپی مه‌ترسی دروست بكات.

دوازدەیەم: پێویستە/دەبێت ئێران كۆتایی بەو ڕەفتارانەی كە جێی هەڕەشەن بۆ سەر دراوسێـکانی، کە زۆربەیان هاوپەیمانی ئەمریکان، بێنێت. ئەمە مەسەلەی هەڕەشەی وێرانکردنی ئیسڕائیل و لەناوبردنیشی دەگرێتەوە؛ هەروەها هاوێشتنی مووشەک بۆ سەر سعوودیـا و ئیمارات و هەڕەشەکردن لە هاتوچۆی دەریایی و هێرشی ئەلیکترۆنییش دەگرێتەوە.

پێداگریی ترامپ لەسەر هاوكاری لەگەڵ هاوپەیمانەكان دەربارەی ئێران، گرنگیی زۆری لەسەر داهاتووی ستراتیژیی ئەمریكا لە هەمبەر ئێران هەیە. ئەم پێداگرییە دەتوانێت دڵنیاییی زیاتر بداتە ئیسڕائیل و دەوڵەتانی سوننەی ناوچەكە، وەكوو سعوودیا و، هەروەها ده‌توانێ ئەوروپییەكانیش لەگەڵ ئەمریكادا بۆ سنوورداركردنی ڕۆڵی تێكدەرانەی ئێران هەماهەنگ بكات. بۆیە ئەمریكا ده‌یەوێت لەگەڵ وڵاتانی دژی ئێران لە ناوچەكە و، هەروەها هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی، ئێران گەمارۆ و سزا بدات. تەنانەت پێشبینی دەكرێت كە ئێران وەكوو كارتی دانوستان لە لایەن ڕووسیا و چین كەڵكی لێ وەربگیرێت. لە لایەكی دیكەیشەوە، ئەم پێداگرییە دەتوانێت ئاماژەیەك بێت بۆ پاڵپشتیی زیاتری ئەمریكا لە دەوڵەتانی ناوچەكە لە دژی ئێران و دروستبوونی هاوسەنگیی نوێ لە پاش جەنگی داعش و گرنگیپێدانی ئیدارەی ترامپ بە ڕۆڵی ئەو دەوڵەتانە لە دروستكردنی ئاسایش و هاوسەنگیی هێز لە هەمبەر كۆماری ئیسلامیی ئێراندا.

ئەم مەرجەی ئەمریكا كۆكەرەوەی هەموو مەترسییەكانی ئێرانە لە ناوچەكەدا؛ بەو واتایەی كە ئێران بە هۆی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و تەنانەت سیاسەتی دوورەپەرێزی ئەمریكا لە سەردەمی ئۆبامادا، توانیی كۆنترۆڵی ڕێژەییی ناوچەكە بكات و هاوپەیمانانی ئەمریكا بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بخاتە مەترسییەوە. هەروەها ئێران لە ڕووی هاتوچۆی دەریایی و ئاسایشی وزە بە هەڕەشە لە داخستنی گەرووی هۆرمۆز و تەنانەت بە پاڵپشتیی حوسییەكان هەوڵی كۆنترۆڵی گەرووی "باب المندب" دەدات؛ هەروەها لە ڕێگەی هێرشە سایبێرییەكانەوە ئاسایشی سایبێریی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا و ناوچەكە دەخاتە مەترسییەوە. لە لایەكی تریشەوە ئێران بە دەستێوەردان لەو وڵاتانە لە ڕووی سەربازی و ناسەربازی و سیاسییەوە ئاسایشی ئەو وڵاتانەی خستۆتە مەترسییەوە. كۆی ئەم چالاكییانەیش بوونه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كە، ئاسایشی هاوپەیمانەكانی ئەمریكا بەتایبەت و، ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر هەڕەشەی ئێران و لایەنگرە توندڕەوەكانیدا بێت. بۆیە ئەم مەرجە بە مەرجی سەرەكی و ئامانجی ئەمریكا و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا دادەندرێت.

كۆبەند

كرۆكی ستراتیژیی نوێی ئەمریكا ئەوەیە كە، ئەم ڕێككەوتنە چیتر بەرژەوەندییە دارایی و ئابووری و سیاسی و ئاسایشییەكانی ئێران دەستەبەر نەكات. بەو واتایە، دەبێت ئێران لە نێوان دوو بژاردەی 1- ڕووخانی سیستەمە سیاسییەكەی و، 2- ڕازیبوون بە هەموو مەرجەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانانی، یەكێكیان هەڵبژێرێت. بەڵام خاڵی گرنگ ئەوەیە كە بەپێی سیستەمی بڕوایی و ناسنامەیی و، هەروەها ئابووری و سیاسیی ئێران، وازهێنان لە سیاسەتی ئێستای بریتییە لە دەسپێكردنی سەرەتای ڕووخانی كۆماری ئیسلامی لە ئاستی ناوخۆ. هەرچەند سیناریۆیەكی دیكە ئەوەیە كە ئەمریكا لە بەرامبەر نەرمینواندنی ئێران، گرێنتیی مانەوەی ئەم سیستەمە سیاسییە بدات، بەڵام بە لاوازی. ئەمەیش بە هۆی گۆڕانكارییەكانی ئەم دوایییە لە ناوخۆ و پێكهاتەی نەتەوەیی-مەزهەبی و تەنانەت جیلی ئێران ئەگەرێكی لاوازە. بۆیە كۆی ئەم دوازدە مەرجە، بە مەرجێك جێبەجێ دەبێت كە سیستەمی سیاسیی كۆماری ئیسلامی ڕووخابێت!

 

بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە:

https://www.state.gov