کێشەی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ: عێراق – ئێران/ بەشی دووەم

ئازاد وەڵەدبەگی، ماستەر لە یاسای گشتی

کیشە ئاوییەکانی عێراق-ئێران

پاش کۆتاییی جەنگی جیهانیی یەکەم، عێراق کە تا ئەو کاتە لەژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا بوو، لە لایەن کۆمەڵەی گەلانەوە کەوتە ژێر ماندێتی بریتانیا. ئەم ڕەوشە بەردەوام بوو هەتا لە ساڵی ١٩٢٦ بریتانیا پێشنیاری کرد، کە سیستەمی ماندێت لە عێراق کۆتایی بێت. ئەنجومەنی ڕاوێژکاریی کۆمەڵەی گەلان، بەو مەرجەی کە عێراق بەڵێن بدات مافی کەمینە ڕەگەزی، زمانی و ئایینییەکان بپارێزێت و، ڕێز لە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و... بگرێت، ئه‌وجا دەتوانێ سەربەخۆ بێت. کۆمەڵەی گەلان لە بڕیاری ٢٨/١/١٩٣٢ کۆتاییهاتنی ماندێتی مەرجدار کرد و، عێراقیش پاش قبووڵکردنی ئەو مەرجانە لە ٣١/١٠/١٩٣٢ بووە ئەندامی کۆمەڵەی گەلان.

بەم جۆرە عێراق بووە میراتگری بەشێک لە سنوورەکانی ئێران و عوسمانی. لە نێوان وڵاتانی دراوسێی ئێران، عێراق لە ڕووی ئاوە سەرزەوییەکانەوە زیاترین پەیوەندیی تۆپۆگرافی و تێکچڕژانی حەوزە ئاوییەکانی لەگەڵ ئێراندا هەیە. ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئێران لە ڕووی جوگرافییەوە کەوتۆتە سەرووی عێراقەوە و، ساڵانە چەندین ملیار مەتر سێجا لە ئاوەکانی ئێران دەڕژێنە ناو خاکی عێراقەوە.

ناکۆکییەکانی ئێران و عێراق پتر ڕەهەندێکی جیۆپۆلیتیکییان هەیە. هەر بۆیە، ئەم ناکۆکییانە سەقامگیرن و بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ دەمێننەوە. ئێران، بەردەوام هەوڵ دەدات لە بابەتی ڕێڕەوە ئاوییەکان لەگەڵ عێراقدا، باڵادەست بێت و ئاو وەکوو کارتێکی گوشار بەکار بهێنێ. ئەمەیش بۆ خۆی ڕۆڵی هەیە لە کۆنترۆڵکردنی عێراق و ڕێکخستنی ڕەفتاری سیاسیی ئەم وڵاتە، بەتایبەت کە ئاو بۆ عێراق گرنگییەکی ژیانیی هەیە.

کێشەی ئاویی نێوان هەر دوو وڵات مێژوویەکی کۆنی هەیە و، ئەم ململانێیە هەر لە سەردەمی عوسمانییەوە دەستی پێ کردووە و، هەتا ئێستایش بەردەوامە. هەروا جەنگی ساڵی ١٩٨٠-١٩٨٨ لە نێوان هەر دوو وڵات، ڕیشەکەی بۆ ناکۆکییەکانی ئێران-عێراق لەسەر شەتولعەرەب دەگەڕێتەوە.

سیاسەتی ئاویی ئێران

سیاسەتی ئاویی ئێران، وەک دەوڵەتێکی سەرووڕووبار هاوشێوەی سیاسەتی ئاویی تورکیایە، کە دەتوانین لەم خاڵانەی خوارەوەدا چڕیان بکەینەوە:

١) زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاوی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان: ئێران بە شێوازێکی پێچەوانەی ڕێسا نێودەوڵەتییەکان، لە بەکارهێنانی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکاندا زێده‌ڕۆییی كردووه‌. ئێران، لەسەر هەموو ئەو ڕووبارانەی کە دەڕژێنە ناو خاکی عێراقەوە، چەندین بەنداوی گەورە و پرۆژەی کشتوکاڵی و تۆنێلی گواستنەوەی ئاوی دروست کردووە؛ کە ئەمەیش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئەو ئاوەی کە دەگاتە عێراق.

٢) جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنە دووقۆڵییەکان: ئێران بەپێچەوانەی ئەو ڕێککەوتنانە دەجووڵێتەوە کە لە نێوان هەر دوو وڵاتدا هەن، وەک: کۆنووسەکانی دیاریکردنی سنووری ساڵی ١٩١٤ و ڕێککەوتنی ئاوە سنوورییەکانی ساڵی ١٩٧٥. بۆ نموونە ئێران لە ساڵی  ١٩٥٣-١٩٥٨ بەنداوی سووماری دروست کرد، کە ئاوی ڕووباری گەنگیری گواستەوە بۆ ناو ئێران و، ناوچەی مەندەلیی لێ بێبەش کرد، لە کاتێکدا بەپێی کۆنووسی دیاریکردنی سنووری ساڵی ١٩١٤، دەبێ بەیەکسانی لە نێوان هەر دوو وڵاتدا دابەش بکرێت.

٣) جێبەجێنەکردنی ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتی: ئێران لە بەکارهێنانی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان، ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتی جیبەجێ ناکات و، تەنیا بەرژەوەندییەکانی خۆی لەبەرچاو دەگرێت، وەک: زیاننەگەیاندن بە دەوڵەتانی خوارووی ڕووبار، هاوکاری، بەکارهێنان و بەشداریی دادگەرانە و گونجاو و هتد.

کۆی گشتیی ئەو ڕووبارانەی کە لە ئێرانەوە دەڕژێنە ناو خاکی عێراق، (٤٠) ڕووبارە، کە ئێران لەسەر هەموو ئەو ڕووبارانە پرۆژەی جۆراجۆری ئەنجام داوە، بەبێ ڕەچاوکردنی ماف و بەرژەوەندییەکانی عێراق. ئێران، بەبێ گرنگیدان بە ڕێککەوتننامەکانی نێوان هەر دوو وڵات، لە ڕوانگەی هێز و باڵادەستییەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ عێراقدا دەکات. هۆکاری ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە هەموو ئەو ڕێڕەوانە لە ئێرانەوە سەرچاوە دەگرن و، ئەمەیش لە ڕووی جوگرافییەوە بووەتە هۆی باڵادەستیی ئێران.

گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییە نیودەوڵەتییەکانی نێوان عێراق-ئێران

١) شەتولعەرەب (ئەرڤەندڕوود): لە یەکگرتنی هەر دوو ڕووباری دیجلە و فورات پێک دێت و درێژییەکەی دەگاتە (١١٠) کم و، (٨٠) کم لە سنووری هاوبەشی هەر دوو وڵات پێک دێنێت. پێشتر ئەم ڕووبارە، لە بن سەروەریی تەواوی عێراقدا بوو، تەنیا (١٤) کم نەبێت لە بەردەم ئابادان (عەبادان) و خوڕەمشەهر (موعەمەرە)؛ بەڵام پاشان بەپێی ڕێککەوتنی جەزایر لە ١٩٧٥، هێڵی تالووگ بووە سنووری فەرمیی نێوان دوو وڵات.

٢) کارون (قارون): یەکێکە لە گەورەترینی ئەو ڕووبارانەی کە شەتولعەرەب پڕئاو دەکەن و، لە چیاکانی زەردکۆی ناوچەی بەختیاری سەرچاوە دەگرێت. ئێران (١٢) بەنداوی لەسەر کارون و لقەکانی دروست کردووە؛ گەورەترین و درێژترین ڕووباری ئێرانە کە درێژییەکەی دەگاتە (٩٥٠) کم.

٣) زێی بچووک: لە چیاکانی ناوچەی لاجانی کوردستانی ڕۆژهەڵات سەرچاوە دەگرێت و، درێژییەکەی دەگاتە (٤٠٢) کم و دەڕژێتە ڕووباری دیجلە. ئێران چەندین بەنداوی لەسەر دروست کردووە وەک: بریسۆ، کرژاڵ، سەردەشت و کوڵەسە.  

٤) سیروان: سەرچاوەکەی دوو تۆڕی ئاوییە بە ناوەکانی گاوەڕۆ و قشڵاق. گاوەرۆ لە ناوچەی سونقوری کولیایی و قشڵاق لە ناوچەی بیجاری کوردستانی ڕۆژهەڵات سەرچاوە دەگرن، کە پاش یەکگرتنیان دەبنە سیروان. درێژییەکەی دەگاتە (٣٨٦) کم و لە نزیک قەزای مەداینی باشووری بەغدا دەڕژێتە ناو دیجلە. ئێران، چەندین بەنداوی لەسەر دروست کردووە، وەک: گاوشان، ‌قشڵاق، گاڕان، زرێبار و داریان و هتد. هەروا بۆ گواستنەوەی ئاوەکەی بۆ باشووری ئێران، پرۆژەی تۆنیلی نەوسووی لەسەر دروست کردووە.

٥) ئەڵوەند: لە شاخی قەڵاجە لە قەزای ئیسلامئاوای کوردستانی ڕۆژهەڵات سەرچاوە دەگرێت؛ درێژییەکەی دەگاتە (١٥٢) کم و، بە ناو شارەکانی سەرپێڵی زەهاو، قەسری شیرین و خانەقیندا تێپەڕ دەبێ. ئێران، هەر لە ساڵی ١٩٥٣وە ده‌ستی بە جێبەجێکردنی پرۆژەی گواستنەوەی ئاوی ئەم ڕووبارە كردووه‌ و، عێراقیش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم کارە کەناڵی باڵەجۆی دروست کرد بۆ گواستنەوەی ئاوی سیروان بۆ ئەڵوەند. ئەم ڕووبارە دەڕژێتە ناو سیروان.

٦) کەرخە: لە چیاکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی زاگرۆس لە نزیک نەهاوەند سەرچاوە دەگرێ و، درێژییەکەی (٩٠٠) کم دەبێت و دەڕژێتە ناو زۆنگاوی "هورالعظیم". ئێران چەندین بەنداوی لەسەر دروست کردووە، وەک: چەقلوەندی، ئەسەدخانی، حەمیدیە و کەرخە، کە گەورەترین بەنداوی خاکیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

٧) گەنگیر: لە شاخەکانی ڕۆژاوای ئیلامەوە سەرچاوە دەگرێت و، درێژییەکەی دەگاتە (١٣٣) کم و، پاش تێپەڕاندنی سنوور بە ناو شاری مەندەلی تێپەڕ دەبێ و، دەڕژێتە "هورالشویکة" لە پارێزگەی واسیت. ئێران بەنداوی لەسەر دروست کردووە و دەبێتە هۆی وشکبوونی ئاوەکەی لە هاوینان.

جگە لەمانەی سەرەوە کە باس کران، چەندین ڕووباری دیکەی هاوبەش لە نێوان هەر دوو وڵاتدا هەن وەک: کونجان چەم، دیریچ، چەنگولە، زمکان، هەواسان، تەییب، شەتولئەعما، قۆرەتوو، ئاوی سوور و شیرین، زەلی ئاو، بالەک، شەهابی، کافیڕوود، ئاخین، ترساق، بیارە، سارخڕ، ئاب نەفت، زفرانی و هتد.

ڕێککەوتننامەکانی نێوان ئێران-عێراق

بۆ ئاگاداربوون لە بنج و بناوانی کێشە ئاوییەکانی نێوان ئێران-عێراق، دەبێ بگەڕێننەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنانەی، کە هەر لە سەردەمی عوسمانی دەربارەی کێشەکانی سنوور بەستراون. لێرەدا تەنیا ئاماژە بەوانە دەکەین کە باسی کێشەی ئاویان کردووە و، دەتوانین بە سیستەمی یاساییی ڕێکخستنی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکانی نێوان هەر دوو وڵات ناویان ببەین:

یەکەم/ ڕێککەوتنەکانی نێوان ئێران و عوسمانی

چەندین ڕێککەوتننامە لە نێوان هەر دوو وڵاتدا گرێ دراون، وەک: پەیمانی زەهاو لە ساڵی ١٦٣٩، پەیماننامەی یەکەمی ئەرزڕۆم لە ساڵی ١٨٢٣، پەیماننامەی دووەمی ئەرزڕۆم لە ساڵی ١٨٤٧، پرۆتۆکۆلی تاران لە ساڵی ١٩١١، پرۆتۆکۆلی ئەستانە لە ١٩١٣ و، کۆنووسەکانی کۆمیتەی دیاریکردنی سنوور لە ساڵی ١٩١٤، کە لە خوارەوە ئاماژە بە گرنگترینیان دەکەین:

١) پرۆتۆکۆلی ساڵی ١٩١٣ی ئەستانە: لە نێوان عوسمانی، ئێران، ڕووسیا و بریتانیا بەسترا و لە پێشەکییەک و هەشت بەند پێک هاتووە، کە تێیدا سنووری وشکانی و ئاویی ئێران و عوسمانی بەوردی دیاری کراوە. هەرچەند ئەم پرۆتۆکۆلە لە لایەن پەرلەمانی ئێران و تورکیاوە پەسند نەکرا، بەڵام بووە بنەمایەك بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ئێران-عێراق، چونکە لە بەندی (٥) جەخت لەسەر نەگۆڕبوونی سنوورەکان دەکاتەوە.

٢) کۆنووسەکانی کۆمیتەی دیاریکردنی سنوور، ساڵی ١٩١٤: لە ٨/١/١٩١٤ بۆ جێبەجێکردنی بەندی (٢)ی پرۆتۆکۆلی ئەستانە و دیاریکردنی سنوورەکانی نێوان هەر دوو وڵات، نوێنەرانی ئێران، عوسمانی، ڕووسیا و بریتانیا کۆ بوونەوە و، (٢٢٧) داربەندی سنوورییان دانا، هەر موعەمەرەوە هەتا ئارارات. بەپێی ئەم کۆنووسە، سنووری عێراق لە ڕووباری شەتولعەرەب بە درێژاییی هێڵی نزمەئاوی ڕۆخی چەپی ئەم ڕووبارە دیاری کرا؛ جگە لە (٧٢٥٠) مەتر نەبێت لە بەرامبەر شاری موعەمەرە کە هێڵی سنوور لە ناوەڕاستی ڕێڕەوی ڕووبارەکە دەستنیشان کرا. ئەم کۆنووسانە، بە سەرچاوەیەکی گرنگی دیاریکردنی سنووری هەر دوو وڵات دادەنرێن، کە بوونە بەردی بناغەی ڕێککەوتنەکانی دواتر.

دووەم/ ڕێککەوتننامەکانی نێوان ئێران و عێراق

پاش سەربەخۆییی عێراق لە ساڵی ١٩٢١، دوو ڕێککەوتننامەی سنووری بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان هەر دوو وڵات گرێ دران، کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەین:

١) پەیماننامەی سنووریی نێوان ئێران و عێراق لە ساڵی ١٩٣٧: ئەم پەیمانە، لە پێشەکی و شەش بەند و پرۆتۆکۆلێكی پێنج خاڵیی پەیوەست پێک هاتووە. بەپێی بەندی یەکەم، هەر دوو لا، دانیان نا بە ڕاستی و دروستیی پرۆتۆکۆلی ئەستانە لە ساڵی ١٩١٣ و، ڕاپۆرتی کۆمیتەی دیاریکردنی سنوور لە ١٩١٤، وەک بنەمایەک بۆ دیاریکردنی سنووری نێوان هەر دوو وڵات. بەپێی بەندی دووەم، سنووری هەر دوو وڵات بە درێژاییی لای چەپی ڕووباری شەتولعەرەب دەبێت، جگە لە چوار میل (٦٤٣٦) مەتر نەبێ لە بەردەم عەبادان، کە سنوورەکە بەپێی هێڵی تالووگ دەبێت. بەپێی بەندی سێیەم، هەر دوو لا ڕەزامەندییان دەربڕی بۆ دانانی کۆمیتەی هێڵکاریی سنوور. لە بەندی چوارەم، ئاماژە بەوە کراوە کە شەتولعەرەب بۆ کەشتییە بازرگانییەکانی هەموو وڵاتان و کەشتییە جەنگییەکانی هەر دوو وڵات کراوە دەبێت. لە بەندی پێنجەم، باس لە گرێدانی ڕێککەوتنێک بۆ ڕێکخستنی کەشتیوانی لە شەتولعەرەب کراوە.

٢) پەیماننامەی جەزایر لە ساڵی ١٩٧٥: پاش هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی ١٩٣٧ لە لایەن ئێرانەوە، پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات گرژییان تێ کەوت؛ تا سەرەنجام هەر دوو وڵات لە ٦/٣/١٩٧٥ ڕاگەیەندراوی جەزایریان دەرکرد، کە بووە بنەما بۆ پەیمانی سنووری نێودەوڵەتی و دراوسێتیی باش لە ١٣/٦/١٩٧٥ و هاوپێچەکانی. لە بەندی (٧) ئەم پەیمانە، ئاماژە بەوە کراوە کە لە کاتی دروستبوونی ناکۆکی، ئەوا سەرەتا دانوستانی ڕاستەوخۆ لە نێوان دوو وڵات دێتە ئاراوە و، ئەگەر ئەنجامی نەبوو، ئەوا هەوڵی چاکەخوازی لە لایەن وڵاتی سێیەم پەیڕەو دەکرێت و، ئەگەر ئەمەیش شکستی هێنا، ئەوا ڕێکارەکانی ناوبژیکاری (تحکیم) دەگیرێتە بەر.

٣) ڕێککەوتنی کەڵکوەرگرتن لە ڕێڕەوە ئاوییە سنوورییەکان ساڵی ١٩٧٥: یەکێکە لە پەیوەستەکانی پەیمانی بەغدا، کە لە ٢٦/١٢/١٩٧٥ گرێ درا. لە پێشەکی و حەوت بەند پێک هاتووە. ڕووبارەکانی بۆ سێ دەستە دابەش کردووە. دەستەی (أ) بریتین لە: بناوەسووتە، قۆرەتوو و گەنگیر کە بە شێوەی یەکسان و بە نیوەیی کەڵکیان لێ وەردەگیرێت. دەستەی (ب) بریتین لە: ئەڵوەند، کونجانچەم، تەیب و دویریج کە بەگوێرەی کۆنووسەکانی کۆمیتەی دیاریکردنی سنوور و نەریت دابەش دەکرێت. دەستەی (ج) ئەو ڕووبارە هاوسنوور و یەک لە دوای یەکانەن، کە لە دەستەی (أ و ب) ناویان نەهاتووە، ئەوا بەپێی ئەحکامەکانی ئەم ڕێککەوتنە، واتە بە شێوەی یەکسان دابەش دەکرێن. لە بەندی (٣)، باس لە پێکهێنانی کۆمێتەی تەکنیکیی تێکەڵاو و هەمیشەیی کراوە بۆ توێژینەوە و چاودێریکردنی کاروباری تەکنیکیی ڕووبارە سنوورییەکان.

٤) ڕێککەوتنی عێراق و ئێران دەربارەی ڕیساکانی کەشتیوانی لە شەتولعەرەب ساڵی ١٩٧٥: ئەم ڕێککەوتنە لە ٢٦/١٢/١٩٧٥ لە نێوان هەر دوو وڵاتدا بەسترا و لە (٢٢) بەند پێک هاتووە و کەشتیوانی لە شەتولعەرەب ڕێک دەخات.

٥) یاداشتی لێکگەیشتنی ساڵی ٢٠١٢: ئەم یاداشتە لە ١٥/٢/٢٠١٢ لە تاران لە نێوان وەزیری وزەی ئێران و وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بەسترا، کە لە پێشەکی و حەوت بەند پێک هاتووە. لە بەندی یەکەم، باس لە پێکهێنانی کۆمیتەی تەکنیکیی هاوبەش لە نێوان هەر دوو لا بۆ چارەسەری کێشەی ڕووبارە سنوورییەکان دەکات. یاداشتەکە تەنیا ئاماژە بە هەندێ چوارچێوەی گشتی بۆ چۆنێتیی بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان دەکات.

مافی دەوڵەتان لە ڕێرەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان

بەپێی ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتی، تایبەت بە ڕێڕەوە ئاوییە نێوەدەوڵەتییەکان، دەوڵەتانی هاوکەناری ڕێڕەوەکان کۆمەڵێک مافیان هەیە، کە پێویستە ئەم دەوڵەتانە پێوەی پابەند بن و بریتین لەمانەی خوارەوە:

١) بنەمای کەڵکوەرگرتن و بەشداریی دادگەرانە و گونجاو: بەپێی بەندی (٥) لە ڕێککەوتننامەی بەکارهێنانی ڕێڕەوە ئاوییەکانی ساڵی ١٩٩٧ و، هەروا بەندی (٥) لە ڕێساکانی هلسینکی، دەبێ دەوڵەتانی ڕێڕەوی ئاوی بە شێوەیەکی دادگەرانە و گونجاو کەڵک لە ئاوی ئەم ڕووبارانە وەربگرن؛ کە ئەمەیش پشت بە هۆکارە جوگرافی، هیدرۆگرافی و هیدرۆلۆژی و ژینگەیی، پێویستیی ئابووری و کۆمەڵایەتیی دەوڵەتانی هاوکەنار، ڕێژەی دانیشتووان و کاریگەریی کەڵکوەرگرتنە ئاوییەکان دەبەستێ. ئاماژەکردن بە مافی دادگەرانە بەو واتایە دێت، کە هەر دەوڵەتێك دەبێ ئەم مافە بە جۆرێک بەکار بهێنێت کە زیاترین قازانج و کەمترین زیانی هەبێت.

٢) بنەمای پابەندبوون بە نەگەیاندنی زیانی جێی بایەخ بە دەوڵەتانی دیکە: ئەم بنەمایە، لە بەندی (٧)ی ڕێککەوتننامەی ١٩٩٧ و بڕیاری دادگەی نێودەوڵەتیی داد لە ساڵی ١٩٤١ لە کێشەی گەرووی کۆرفۆ دانی پێدا نراوە و، بریتییە لەوەی کە دەوڵەتانی ڕێڕەوی ئاوی، دەبێ لە کاتی بەکارهێنانی ئەم ڕێڕەوانە، خۆیان لە زیانگەیاندن بە دەوڵەتانی دیکەی ڕێرەوی ئاوی بەدوور بگرن.

٣) بنەمای پابەندبوون بە هاوکاری و ئاڵوگۆڕی دەرخستە و زانیارییەکان: ئەمەیش لە بەندی (٨) و (٩) و (١١)ی ڕێککەوتننامەی ١٩٩٧ باسی لێوە کراوە، کە بەم پێیە دەبێ دەوڵەتانی ڕێڕەوی ئاوی، هاوکاری و ئاڵوگۆڕی زانیاری بکەن لەسەر ئەو پرۆژانەی کە لەسەر ڕێڕەوی ئاوی جێبەجێی دەکەن. پابەندبوون بەم بنەمایە، دەرگە بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان دەکاتەوە.

٤) بنەمای قەرەبووکردنەوەی زیانەکان کە بە ئه‌وی تر دەگات: ئەم بنەمایە، لە بەندی (٧/ب٢) لە ڕێککەوتننامەی ١٩٩٧ و، بڕیارەکانی کۆمەڵەی یاسای نێودەوڵەتی لە ساڵانی ١٩٦٦ و ١٩٧٢ و، بڕیاری ژمارەیەک لە دادگە نێودەوڵەتییەکان وەک دادگەی ناوبژیکاریی ئەمریکا و ڕووسیا لە ساڵی ١٩٠٢ ئاماژەی پێ کراوە. بەم پێیە، هەر دەوڵەتێک دەبێ پابەند بێت بە قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی کە بە دەوڵەتێکی دیکەی دەگەیەنێت؛ چ بە گێڕاونەوی دۆخەکە بۆ پێش حاڵەتی زیانلێکەوتن بێت و، چ بە پێدانی قەرەبوو، ئەگەر بێت و گێڕانەوەکە مومکین نەبێت.

٥) بنەمای زێدەڕۆیینەکردن لە بەکارهێنانی ماف: ئەمەیش پشت بە پێوەرێکی ئاکاری دەبەستێ، کە نابێ مافە یاسایییەکان بە جۆرێکی وا بەکار بێن کە زیان بەوانی تر بگەیەنێت یاخود ئەو مافە بە جۆرێکی وا بەکار بهێنێ، کە هەوڵی بەدیهێنانی مەبەستێکی تر بدات. ئەم بنەمایە، لە بڕیاری دادگە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی پێ کراوە، وەک بڕیاری دادگەی ناوبژیکاری لە ساڵی ١٨٩٢ لە نێوان ئەمریکا و بریتانیا لە کێشەی ڕاوکردن لە دەریای بهرینگ.

٦) بنەمای ڕێزگرتن لە مافی وەدەستهاتوو: مەبەست لە مافی وەدەستهاتوو، مافێکی سروشتی، یان مێژوویی، یان دێرینەیه‌ و بریتییە لەو پشکە ئاوە نەگۆڕە، کە ساڵانە لە لایەن یەکێک لە وڵاتانی هاوکەنار بەکار دێت؛ جا چ بەپێی ڕێککەوتننامە بێت یان داننان بێت بەو ڕاستییەی کە بە درێژاییی مێژوو پەیڕەو کراوە. ئەم مافەیش، لە کۆنگرەکانی مەدرید لە ساڵی ١٩١١ و سالزبورگ لە ١٩٦١ و کۆنگرەکانی کۆمەڵەی یاسای نێودەوڵەتی لە ساڵانی ١٩٥٨ و ١٩٦٦ دانی پێدا نراوە.

٧) بنەمای نیازپاکی: ئەم بنەمایە لە بەندی (٢/ب٢) چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەندەکانی (٢٦ و ٢٧) ڕێککەوتننامەی ڤیەننا بۆ پەیماننامەکان لە ساڵی ١٩٦٩ و بڕیاری دادگە نێودەوڵەتییەکان و ڕێککەوتنە دووقۆڵییەکان ئاماژەی پێ کراوە.

٨) بنەمای دراوسێتیی باش: لە دیباچە و بەندی (٧٤)ی چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان و، بڕیاری دادگە نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامە نێودەوڵەتی و دووقۆڵییەکان باسی لێوە کراوە.

 

ئەنجام

پاش توێژینەوە لە پێشێلکارییەکانی تورکیا و ئێران سەبارەت بە ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان و هەڵسەنگاندنیان لەگەڵ ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتی، گەیشتینە ئەو ئەنجامە، کە هەوڵەکانی ئەو دوو وڵاتە، جگە لەوەی پێشێلکردنی بنەما چەسپاوەکانی ڕێساکانی یاسای نێودوەڵەتییە وەک مافی وەدەستهاتوو، کەڵکوەرگرتنی و بەشداریی دادگەرانە و گونجاو، هاوکاری و پێدانی زانیاری، نەگەیاندنی زیان بە ئەوی تر، نیازپاکی، دراوسێتیی باش، لە هەمان کاتیشدا پێچەوانەی ڕێککەوتننامە دووقۆڵییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە لەگەڵ عێراقدا؛ کە ئەمەیش بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتی دەخاتە ئەستۆی تورکیا و ئێران. هەروا مافەکانی عێراق لەو ڕێڕەوانەدا، لە ڕێگەی ڕێککەوتنە دووقۆڵییەکان و بنەماکانی یاسای نیودەوڵەتی ڕوون و چەسپاون. هەر بۆیە پێویستە عێراق بە دیپلۆماسییەتێکی ئاویی کارا، هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتی ڕێڕەوە ئاوییەکانی بدات لەگەڵ تورکیا و ئێراندا. سەبارەت بە سووریایش، هەڵویستی باشترە و لەگەڵ ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتیدا دەگونجێ؛ بەو پێیەی کە سووریایش بۆ خۆی وڵاتێکی خوارووی ڕووبارە.  هەروا هەر دوو وڵات، ئەندامن لە ڕێککەوتننامەی بەکارهێنانی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان بۆ مەبەستی ناکەشتیوانیی ساڵی ١٩٩٧ و. ڕێک کەوتوون کە ئەو ڕێککەوتننامەیە لە کێشە ئاوییەکاندا مەرجەعیان بێت. هەروا دەکرێ هەر چوار وڵات، کۆمیسیۆنێکی چوار لایەنەی هاوبەش دروست بکەن بۆ سەرپەرشتیکردنی ڕێڕەوە ئاوییەکانی نێوانیان و، چارەسەرکردنی ئاشتییانەی ئەو کێشانەی کە لەم بارەیەوە ڕوو دەدەن.