ئێران لە ستراتیژییەتی ئاسایشی نەتەوەییی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا

ئێران لە ستراتیژییەتی ئاسایشی نەتەوەییی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا

 

سەروەر حەمە، مامۆستا لە كۆلێژی یاسا ‌و زانستە سیاسییەكان/ زانكۆی سەڵاحەددین

پێشەكی:

لە كانوونی یەكەمی ساڵی 2017 دا، دامەزراوەی سەرۆكایەتی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕاپۆرتێكی لەسەر ستراتیژییەتی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریكا بڵاو كردەوە،‌ كە تیایدا تیشكی خستۆتە سەر سیاسەت و ستراتیژییەتی ئەو وڵاتە لە بەرامبەر پرسە ناوخۆیی ‌و دەرەكییەكانی لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوو. لەم ڕاپۆرتەدا وڵاتانی جیهان بەسەر چەندین ناوچە دابەش كراون و، بۆ هەر یەكێك لەو ناوچانە ستراتیژ و بەرژەوەندی و ئامانجەكانی ئەمریكای تێدا ڕوون كراوەتەوە. ئێمە لە چوارچێوەی ئەم وتارەماندا، دەمانەوێت تیشك بخەینە سەر ستراتیژییەتی ئاسایشی نەتەوەییی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ساڵی 2017 و، تێڕوانینی ئەمریكا بۆ وڵاتانی جیهان بەگشتی ‌و، ئێران بەتایبەتی.

 

ئامانج ‌و بنەما سەرەكییەكانی ستراتیژییەتی ئاسایشی نەتەوەییی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا:

ستراتیژییەتی ئەمریكا لە كۆمەڵێك ئامانجی جۆربەجۆر پێك دێت كە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە ئاسایشی نەتەوەییی ئەو وڵاتەوە هەیە. بە جۆرێك كە دیاریكردنی ئامانج و بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی ئەمریكا، ڕەنگدانەوەی پەیوەندیی نێوان ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە زیندووەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە لە هەموو جیهان، كە خۆی لە پاراستنی ئاسایش و سەروەری و یەكپارچەییی خاكی ئەمریكا و، دابینكردنی سەلامەتی و ئازادیی هاووڵاتیانی و پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی سیستەمی سیاسیی ئەمریكادا دەبینێتەوە؛ هەروەها پاراستنی هێژموونی و سەردارێتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە جیهاندا، ئەویش لە ڕێگەی دامەزراندنی سیستەمێكی جیهانی كە ئەمریكا خۆی فەرمانڕەوا و باڵادەست بێت. كەواتە بە شێوەیەكی گشتی، دەكرێت ئامانج و بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە ئامانج و بەرژەوەندییە سیاسی، سەربازی، ئابووری، كەلتوورییەكاندا كورت بكرێتەوە.

ئەو ئامانج ‌و پایە ‌و بنەما سەرەكییانەی كە تایبەتە بە ستراتیژییەتی ئاسایشی نەتەوەییی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ساڵی 2017، خۆیان لەم خاڵانەی خوارەوە دەبیننەوە، وەكوو:

  1. بەرپرسیارێتیی سەرەكیی ئەمریكا بریتییە لە پاراستنی هاووڵاتییەكانی لەسەر خاكەكەی ‌و، كۆنتڕۆڵكردنی سنوورەكانی ‌و، ڕیفۆرم و پێداچوونەوە بە سیسته‌می كۆچ و پەنابەران و، هه‌روه‌ها بەهێزكردنی سیستەمی بەرگریی مووشەكی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێك كە بكرێته‌ سەر خاكی ئەمریكا.
  2. بۆ كەرتی ئابووری لە ستراتیژییەتی ئاسایشی نەتەوەییی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ساڵی 2017 هاتووە: "برەو بە بووژانەوەی ئابووریی ئەمریكا دەدەین. ڕیفۆرم دەكەین لە ئابووریی ئەمریكا لە بەرژەوەندیی كرێكاران و كۆمپانیا ئەمریكییەكان ‌و، سوور دەبین لەسەر پەیوەندییەكی ئابووریی دادەوەر و مامەڵەی هاوشێوە بۆ چارەسەری ناوهاوسەنگیی بازرگانی. ویلایەتە یەكگرتووەكانیش، پێویستە سەركردایەتیكردنی لە ئابووری ‌و بازرگانی ‌و توێژینەوە و تەكنەلۆژی بپارێزێت."
  3. پاراستنی سەقامگیری لە ڕێگەی بەكارهێنانی هێز، بە بنیاتنانەوەی هێزە سەربازییەكانی؛ بە جۆرێك كە باڵادەستیی ئەمریكا بهێڵێتە و، هەوڵدان بۆ بەهێزكردنی دەسەڵاتی هاوپەیمان و هاوبەشەكانی ئەمریكا لە تەواوی جیهاندا؛ چونكە پێیان وایە ئەوان شان دەدەنە بەر به‌رپرسیارێتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسی ‌و هەڕەشەی هاوبەش.
  4. بەهێزكردنی كاریگەریی ئەمریكا لە جیهاندا لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی زیاتری بەهاكانی ئەمریكا _ئازادی، دیموكراتی، دامەزراوەیی ‌و سەروەریی یاسا_، كە ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی بەرژەوەندی و پرەنسیپەكانی ئەمریكا پارێزراو بێت ‌و، لە ڕێگه‌ی ئەم بەهایانەیشەوە بەشداری و سەركردایەتیی ڕێكخراوە فرەلایەنەكان دەكات لە وڵاتان.

 

وڵاتانی جیهان لە ستراتیژییەتی ئاسایشی نەتەوەییی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا بۆ ساڵی 2017:

لە دیدی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە هێشتنەوەی هاوسەنگیی هێز لە نێوان هاوپەیمان و هاوبەشەكانیان هێزی ئەو وڵاتە پتەو دەكەن و كاریگەریی ئەمریكا فراوانتر دەكەن. بەپێچەوانەیشه‌وە ناسەقامگیری و لاوازیی حوكمڕانی، هەڕەشە لە بەرژەوەندییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان دەكات. لە ڕاپۆرتی ستراتیژییەتی ئاسایشی نەتەوەییی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ساڵی 2017، وڵاتانی جیهانی بەم جۆرە دابەش كردووە:

یەكەم: ئەمریكا پێی وایە لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی باكووری ئاسیا، ڕژێمی كۆریای باكوور بەخێرایی پەرەی بە پرۆگرامی مووشەكی بالیستی و چەكی ناوكیی وڵاتەكەی داوە. خواستی كۆریای باكووریش بۆ ئەم جۆرە چەكانە مەترسی بۆ سەر جیهان دروست دەكات و، پێویستی بە وەڵامدانەوەی جیهان هەیە. هه‌روه‌ها بەردەوامیی كارە نابەجێكانی كۆریای باكوور دەبێتە هۆی ئەوەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكان پەیوەندییە سەربازییەكانی بەهێز بكات و ڕێوشوێنی بەهێز بۆ پاراستنی خۆی بگرێتە بەر. لەم پێناوەیشدا ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشەكانی كۆریای باكوور تا ڕاددەی بەكارهێنانی هێز.

دووەم: سەبارەت بە كیشوەری ئەوروپا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێی وایە ئەوروپایەكی ئازاد و بەهێز، زۆر گرنگە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان؛ چونكە پێیان وایە لەگەڵ ئەوروپا پێكەوە گرێدراون ‌و، ئەوروپا یەكێكە لە ناوچە دەوڵەمەندەكانی جیهان و گرنگترین هاوبەشی بازرگانیی ئەمریكایە. پێیشیان وایە كاتێك ویلایەتە یەكگرتووەكان پارێزراوە، كە ئەوروپا سەقامگیر و گەشەكردوو بێت و، چونكە ئەمە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بەرگریكردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی نێوانیان. ویلایەتە یەكگرتووەكان پاپەند دەبێت بە هاوپەیمانی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی لە ئەوروپا لە ڕێگەی بەهێزكردنی زیاتری هاوپەیمانیی ناتۆ؛ كاتێك هەموو ئەندامەكان بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و بەها هاوبەشەكانی نێوانیان، بەرپرسیارێتیی زیاتر هەڵدەگرن و بەشداریی داراییی هاوپەیمانێتییەكە _ناتۆ_ دەكەن. ویلایەتە یەكگرتووەكان هاوكاری بەهێزی هاوپەیمانەكانی دەبێت لە ئەوروپا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێزانەی كە هەڕەشەن لەسەر بەرژەوەندی و بەها هاوبەشەكانی نێوانیان و، لە هەمان كاتیشدا بەیەكەوە كار دەكەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانەی كە لە لایەن كۆریای باكوور و ئێرانەوە سەرچاوە دەگرن.

سێیەم: ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە باشوور و ناوەڕاستی ئاسیا، بەردەوام دەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشە تیرۆریستییانەی لەناو ئەفغانستان ‌و پاكستانەوە سەرچاوەیان گرتووە، چونكە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەو ناوچەیە ڕووبەڕووی هەڕەشەی تیرۆریستی دەبێتەوە؛ كە ئەمەیش كاریگەریی لەسەر ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی هەیە. ئەمریكا هه‌روه‌ها هەوڵ دەدات بۆ مانەوەی هێزەكانی لە ناوچەكە، بۆ ڕێگەگرتن لە هەڕەشەكانی سەر خاكی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی ‌و، ڕێگەگرتن لە تیرۆریزمی نێودەوڵەتی و چەكی ناوكی و دەستڕاگەیشتنی گرووپە تیرۆریستییه‌كان بەو چەكانە؛ دەیشیەوێت پاكستان ‌و ئەفغانستان بەشداریی زیاتر لە ناسەقامگیركردنی ناوچەكە نەكەن. لەم پێناوەیشدا ئەمریكا پەیوەندیی ستراتیژیی زیاتر لەگەڵ هیندستان پەرە پێ دەدات و پشتگیریی ڕۆڵی سەركردایەتیكردنی هیندستانیش لە ئاسایشی زەریای هندی دەكات. لە لایەكی دیكەیشەوە گوشار دەخاتە سەر پاكستان بۆ چڕكردنەوەی هەوڵەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم ‌و، هانیشی دەدات كە بەرپرسیارێتیی پاراستنی چەكە ئەتۆمییەكانی لە ئەستۆ بگرێت.

چوارەم: سەبارەت بە كیشوەری ئەفریقا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێی وایە لەم كیشوەرە بەبەردەوامی ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەردەوام دەبێتەوە، چونكە لە لایەكەوە ئەفریقا زۆرێك لە وڵاتانی گەشەكردووی ئابووریی خێرا لەخۆ دەگرێت، كە دەبنە بازاڕی نوێ بۆ ساخكردنەوەی كەلوپەل و حزمەتگوزاریی ئەمریكی؛ لە لایەكی دیكەیشەوە زۆرێك لە دەوڵەتەكانی ئەم كیشوەرە ڕووبەڕووی گێژاوی سیاسی و ناسەقامگیری بوونەتەوە؛ بە جۆرێك كە هەندێكیان بوونەتە مەیدانی جەنگ بۆ تیرۆریستە جیهادی و توندڕەوەكان. ویلایەتە یەكگرتووەكان وا دەخوازێت كە دەوڵەتانی كیشوەری ئەفریقا، بەتوانا بن لە بەدیهێنانی سەقامگیریی سیاسی ‌و سنوورداركردنی هەڕەشە ‌و مەترسیی گرووپە تیرۆریستییه‌كان بۆ سەر ئەمن و ئاسایشی جیهانی ‌و، ڕێگر بن لە ڕۆیشتنی بەلێشاوی كۆچبەرانی نایاسایی بۆ وڵاتانی ئەوروپا ‌و ئەمریكا.

 

ئێران لە ستراتیژییەتی ئاسایشی نەتەوەییی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ساڵی 2017:

بەپێی ڕاپۆرتی ستراتیژییەتی ئاسایشی نەتەوەییی بۆ ساڵی 2017، ویلایەتە یەكگرتووەكان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێكی دەوێت كە نەبێتە لانكەی پێگەیاندنی تیرۆریستە جیهادییەكان ‌و، لە لایەن هێزێكەوە كۆنتڕۆڵ نەكرێت كە دوژمنی ئاسایش ‌و بەرژەوەندیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ‌و هاوپەیمانەكانی بێت.

ناوچەكە _ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست_ بە شوێنی مەترسیدارترین ڕێكخراوی تیرۆریستیی جیهانی دادەنێت _داعش و قاعیدە_ كە بەردەوامن لەسەر دروستكردنی ناسەقامگیری و بڵاوكردنەوەی توندوتیژی لەم پارچەیەی گۆی زەوی. ئێرانیش، سەركردەی وڵاتانی جیهانە بۆ پشتگیری لە تیرۆریزم ‌و، ئەم ناسەقامگیرییەی قۆستۆتەوە بۆ فراوانكردنی نفووز ‌و دەسەڵاتی خۆی لە ڕێگەی هاوبەش و هاوپەیمانەكانییەوە لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی چەك و یارمەتییە دارایییەكانی بۆ ئەو هێزانە. لە لایەكی دیكەوە ئێران بەردەوامە لەسەر پەرەپێدانی توانا مووشەكی و هەواڵگرییەكانی و، بەردەوامیشە لە ئەنجامدانی بازنەی توندوتیژی لە ناوچەكە؛ بە نموونە لە وڵاتانی عێراق، سووریا، لوبنان، یەمەن و هتد.

بۆیە دەبینینن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، زۆر لەمێژە ئێران بەوە تۆمەتبار دەكات كە پشتیوانی لە تیرۆری جیهانی دەكات و، ئێران بۆتە مەترسی ‌و بەربەستێكی ڕاستەقینە بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بە جۆرێك ئەو وڵاتە _ئێران_، تا ڕاددەیەك توانیویەتی هیلالێكی هێژموونی (Arc of Influence) دروست بكات، كە لە لوبنان و سووریاوە درێژ دەبێتەوە و بە عێراق و بەحرێن تێپەڕ دەبێت، تا دەگاتە یەمەن لەسەر دەریای سوور. سەرباری ئەم دەستێوەردانە سیاسی و سەربازییانەی ئێران لەم وڵاتانە، ئەمریكا بە هەڕەشەی جددی بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی لە ناوچەكەدا لێی دەڕوانێت. بۆیە ئەمریكا بوونی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە بوونێكی قەیراناوی و مەترسی دەزانێت.

هەر بۆیە دەبینین ئیدارەی نوێ _ئیدارەی كۆمارییه‌كان بە سەركردایەتیی ترامپ_، پێداچوونەوەی بە سیاسەت ‌و هەڵوێستەكانیدا بەرامبەر بە ئێران كردووە. لە لایەكەوە كشانەوەی خۆیان لە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمیی نێوان ئێران ‌و وڵاتانی (5+1) ڕاگەیاند، لە لایەكی دیكەیشەوە سزاكانی سەر ئەو وڵاتەی زیاتر كردووە. نوێترین سزاش لە مانگی ئابی ساڵی 2017 دا بوو؛  كاتێك دۆناڵد ترامپ واژووی لەسەر یاسای "كاتسا" كردبوو _یاسای "كاتسا" كورتكراوەی Countering America's Adversaries Through Sanctions Actه‌؛ واتە یاسای بەرەنگاربوونەوەی دوژمنەكانی ئەمریكا لە ڕێگەی سزاكانەوە_؛ كه‌ سزاگەلێكە دژ بە ژمارەیەك كەس و دامەزراوە، كە پەیوەندیدارن بە هێزەكانی سوپای پاسداران. بەپێی یاسای كاتسا، كە لە لایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكاوە سەپێنراوە، بلۆككردنی پارە و قەدەغەكردنی هاتوچۆ، بەسەر چل كەس و دامەزراوەی ئێرانی سەپێنراوە، كە پەیوەندییان بە پشتیوانیكردن لە پڕۆژەی پەرەپێدان بە مووشەكی دوورهاوێژ و تیرۆری جیهانی و پێشێلكردنی مافی مرۆڤه‌وه‌ هەیە. سزاگەلێكی دیكەیش بەسەریدا سەپاوە، كە ڕێگری دەكات لەوەی كە هیچ جۆرە گرێبەستێكی دارایی لەگەڵ ئەم دامەزراوە و كەسانەدا نەبەسترێت كە لە دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكان.

بەم جۆرە دەبینین ئامانجی‌ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئە‌مریكا، لە‌باربردنی‌ كاریگە‌ریی‌ ئێرانە‌ لە‌سە‌ر ناوچەی‌ ڕۆژهەڵاتی‌ ناوەڕاست لە ‌ڕێگەی‌ كە‌مكردنە‌وەی‌ دە‌ستكە‌وتە‌كانی ‌‌و ژمارەی‌ ئە‌و گرووپ‌ و ڕێكخراوانەی‌ پشتگیری ‌‌و هاوپەیمانیی‌ ئێران دە‌كە‌ن. لە لایەكی‌ تریشە‌وە‌ بۆ بەهێزكردنی‌ ڕۆڵی‌ دەوڵەتانی‌ كە‌نداو لە‌ ڕووبەڕووبوونەوەی‌ دەسەڵاتی‌ ئێران لە ‌ناوچەكە، ئە‌مریكا بە‌بەردەوامی چە‌ك‌ و تە‌قە‌مە‌نی بە وڵاتانی كە‌نداو دەفرۆشێت. ئەمەیش بۆ زیادكردنی‌ توانا بە‌رگرییە‌كانی‌ ئە‌و دەوڵەتانەیە بۆ بە‌رپە‌رچدانە‌وەی‌ هە‌ر هە‌وڵێكی‌ فراوانخوازیی‌ ئێران‌ لە‌ ناوچە‌كەدا.

پێمان وایە ئەمریكا ڕێگه‌ بە دەركەوتنی دەوڵەتێكی ئەتۆمی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نادات كە هاوسەنگیی هێز لە ناوچەكە لاسەنگ بكات. بۆ ئەم مەبەستەیش هەموو ڕێگه‌یەك دەگرێتە بەر، بە ڕێگه‌چارەی سەربازییشەوە. هەر ئەمەیش وای كردووە كە ئێران ‌و ئەمریكا بە گومانەوە بڕواننە یەكتری ‌و، بڕوا بە مەرام ‌و مەبەستەكانی یەكتری نەكەن ‌و پەیوەندییەكانیان ئارامی بەخۆوە نەبینێت.

كۆتایی:

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە زۆربەی ناوچە گرنگ ‌و ستراتیژییەكانی جیهاندا، بەتایبەتیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەرژەوەندیی زیندووی هەیە و، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی میكانیزم ‌و ئامرازی سیاسی ‌و سەربازی ‌و ئابووری ‌و كه‌لتوورییەوە بەرجەستەیان بكات ‌و پارێزگاری لە دەستكەوتەكانی بكات. لەم پێناوەیشدا ئەمریكا ڕووبەڕووی هەر هەوڵێك دەبێتەوە كە هەڕەشە لە بەرژەوەندییەكانی بكات یاخود بیانخاتە مەترسییەوە؛ چ ئەو لایەنە دەوڵەتی زلهێز ‌و هەرێمی بێت، چ ڕێكخراو ‌و گرووپ بێت.

لە ڕاپۆرتی ستراتیژییەتی ئاسایشی نەتەوەییی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ساڵی 2017، هەڕەشە ‌و مەترسییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر تێكدانی سەقامگیریی ناوچەكە ‌و، لەمپەردروستكردن بۆ بەدیهێنانی ئامانج ‌و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا خراوەتە ڕوو. بۆیە ئیدارەی ترامپ دەیەوێت، جیاواز لە ئیدارەكانی پێش خۆی، سنوورێك بۆ ئەو هەڕەشە ‌و مەترسییانەی ئێران دابنێت. لەم نێوەندەیشدا پێمان وایە ویلایەتە یەكگرتووەكان هەلی لەبەردەستدایە بۆ هاریكاریی ئابووری و سیاسی ‌و سەربازیی هاوبەش ‌و هاوپەیمانەكانی، بۆ شكستپێهێنانی هەموو دەروازەكانی گەیشتن بە چەكی ناوكی لە لایەن ئێرانەوە و كەمكردنەوەی كاریگەرییە خراپەكانی ئێران لە ناوچەكە.