ڕێژەی (%١٧) لە چییەوە هاتووە؟

ڕێژەی (%١٧) لە چییەوە هاتووە؟

 

د. بڕیار شێرکۆ بابان، پرۆفيسۆری یاریدەدەر/ زانکۆی سەڵاحەددین-هەولێر

دەستپێك:

ڕێژەی (%١٧) لە چییەوە هاتووە؟ بۆچی هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە  ئەم پشکەی لە بوودجەی عێراق بۆ دیاری کراوە؟ سەرچاوە مێژوویی و یاسایییەکەی چییە؟ ئێستا بەپێی یاسای بوودجەی گشتیی عێراقی ساڵی ٢٠١٨، ڕێژەکە کەم کراوەتەوە بۆ کەمتر لە (%١٣). دانوستانکاری کوردستانی کاتێك دەڕوات بۆ بەغدا و داوای پشکی (%١٧) دەکات، ئایا دەزانێت لە چییەوە هاتووە؟ چۆن بەرگری لەم پشکە بکات؟ ئایا بەڵگەنامە و یاسا و دەقەکانی لەبەردەستدا هەیە کە چۆن بتوانێت قەناعەت بە لایەنی بەرامبەر بهێنێت؟ چۆن بە هەموو دنیا بڵێت کە ئەو ڕێژەیە مافی خۆیه‌تی و قەناعەت بە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی بکات کە پشکی ڕاستەقینەی کوردستانیانه‌ لە عێراق؟

ئەم عێراقە لە ساڵی ١٩٨٧ەوە سەرژمێریی سەرانسەریی تێدا نەکراوە. کەس نازانێت ئاماری دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی چەندە. ئایا چۆن دەتوانرێت ئەم پشکانە و ڕێژەکانی دیاری بکرێت؟ ئێستایش یەك کەس لە عێراقدا نازانێت ساڵانە چەند کەس لەدايك دەبێت و چەند کەس کۆچی دوایی دەکات.هەروەها کەس نازانێت نرخی نەوت چەند دەبێت، کەچی زیاتر لە (%٩٠)ی داهاتی بوودجەی عێراقی لەسەر بناغەی فرۆشتنی نەوت دانراوە. سەیرە! بە چ پێوەرێك ئەو هەموو ڕێژەیەلە یاساکانی بوودجەی گشتیی عێراقی دیاری کراوە؟

هونەری دانوستاندن ئاوایە؛ پێش ئەوەی بەرگری لە هەر بابەتێك بکەیت، پێویستە خۆتی بۆ ئامادە بکەیت. ئەم نووسینەمان تەنیا بۆ پێدانی بەرچاوڕوونییەکە بۆ دانوستانکاری کورد، کە ئێستا پێویستە خۆی ئامادە بکات و خۆی پڕزانیاری بکات بۆ دەستکەوتن، یان بۆ دەستکەوتنەوەی ئەو مافانەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا هەوڵی بۆ دەدات، بەتایبەتی لە کاتی دروستکردنی حکوومەتی عێراقی نوێ و ڕۆڵی حزبە کوردستانییەکان کە لەم حکوومەتەدا بەشدار دەبن. نیشانەکان ئەوەمان پێ ده‌ڵێن کە پێکهێنانی ئەم حکوومەتە زۆر پڕکێشە دەبێت و، سروشتی کێشەکانی عێراقیش لە بابەتی جەنگی دژە-داعش و ئاسایشەوە، دەگۆڕدرێن بۆ بابەتی ئابووری و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بێکاری.

لێرەدا هەوڵدەدەین بەکورتی چەند بەڵگەنامەیەك سەبارەت بە پشکی (%١٧) بخەینە ڕوو. ئەم بەڵگه‌نامە و سەرچاوانە جیاوازن: مێژوویی، نێودەوڵەتی، یاسایی و عێراقین.

یەکەم: یاداشتی بریتانیا بۆ کۆمەڵەی گەلان لە ساڵی ١٩٢٦

لە ڕۆژی ٢٦/١٢/١٩٢٥، ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلان، بڕیاری دا بە لکاندنی ویلایەتی مووسڵ بە عێراق؛ هەرێمی کوردستان بەشێك بوو لەم ویلایەتە. ئەم لکاندنە بە دوو مەرجەوە گرێ درابوو: یەکەم، درێژکردنەوەی "ئینتیداب"ی بریتانی لەسەر عێراق تا ٢٥ ساڵی تر. دووەم مەرج ئەوە بوو، کە شانشینی بریتانی چەند گرێنتییەکی کارگێڕی و خۆبەڕێوبەر بۆ کورد فەراهه‌م بکات. یەکەم مەرج بە ڕێکكەوتنێك لە نێوان حکوومەتی بریتانی و حکوومەتی عێراقی ئەو کاتە لە ڕۆژی ١٣/١/١٩٢٦ ڕێک خرا.

ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە، مەرجی دووەمە. لە ڕێکەوتی ٢٤/٢/١٩٢٦ وەزیری دەرەوەی بریتانی،Austen Chamberlain، یاداشتێكی تێروتەسەڵ کە لە هەڤدە بڕگە پێکهاتووە، ناردوویەتی بۆ کۆمەڵەی گەلان. هۆکاری سەرەکیی ئامادەکردن و ناردنی ئەم یاداشتە ئەوەیە، کە بریتانیا دەیەویست نیشانی هەموو جیهانی بدات کە بە نیازپاکییەوە ده‌ستی كردووه‌ بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلان، کە تیایدا بەشێك لە کوردستان بە عێراقی تازەدروستبوو لکێنرا.

ڕاستییه‌كه‌ی ئەگەر بەوردی ئەم یاداشتە بخوێنینەوە، بۆمان دەردەکەوێت چۆن بریتانیا ویستوویەتی پرسی کورد لە عێراق ڕێک بخات. ئەم یاداشتە هێڵەسەره‌کییەکانی بەڕێوەبردنی پرسی کورد لە عێراق دادەنێت و، عێراقیش لە ماوەی تەمەنی خۆیدا تا ڕاددەیەکی زۆر لەم خاڵە سەره‌کییانە لای نەداوە. ئەم یاداشتە لە ڕێكه‌وتی ٨/٣/١٩٢٦ بۆ ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلان لە ژنێڤ نێردراوە و، هاوپێچکراوە بە دەقی ڕێکكەوتنەکەی ١٣/١/١٩٢٦ کە لە نێوان نوێنەری خاوەن شكۆی بریتانی لە عێراق (Bourdillon) و سەرۆکی وەزیرانی عێراقی ئەو کاتە، عه‌بدولموحسین سه‌عدوون. ئەم یاداشتە بەڵگەنامەیەکی فەرمیو گرنگە بە هەر دوو زمانی فەڕەنسی و ئینگليزی لە کۆمەڵەی گەلان و، ئێستایش لە نەتەوە یەکگرتووەکان پارێزراوە و، عێراقیش تەواو ئاگاداری ئەم یاداشتە بووە.

ئەم یاداشتە چەندین خاڵی گرنگی لەخۆگرتووە. لە هیچ شوێنێك نەهاتۆتە پێش چاومان؛ بە هەوڵێکی زانستیی خۆمان دەستمان کەوتووە. ئەوەی گرنگە بۆ بابەتەکەمان، بڕگەی هەشتەمە، كه‌ زۆر بەڕاشکاوی و بەڕوونی وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی بریتانیا دەڵێت: "کورد نزیکەی لە سەدا هەڤدەی کۆی دانیشتووانی ئەم وڵاتە پێك دەهێنێت." دەقە ڕەسەنەكه‌ بە زمانی ئیگليزی زۆر ڕوونە و بەم شێوەیە دەخوێنرێتەوە:

Kurds form about seventeen per cent of the total population of the country.

ئەم ڕێژەیە گرنگییەکی مێژووییی خۆی هەیە. پێش ساڵی ١٩٢٦ ڕێژەی کورد لە ویلایەتی مووسڵ زۆر باس دەکرا، کە زۆرینە و هەندێك بەڵگه‌نامە ئاماژەیان بەوە دەکرد کە لە ٦ لەسەر ٨ی ئەم وڵایەتە پێکدەهێنن. بەڵام لە دوای ئەم یاداشتەوە ڕێژەی کورد، بە کۆی دانیشتووانی عێراق بەراورد کرا. بەپێی زانیارییەکانی ئێمه‌، ئەمە یەکەم جارە ڕێژەی لە سەدا هەڤدە بۆ کورد لە کۆی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی ١٩٢٦ دانراوە.

ئەوەی شایەنی تێبینیکردنە، ئەم ڕێژەیە تەنیا باس لە ڕێژەی کورد دەکات نەك کوردستانیان. ئەو کاتە هیچ جیاکارییەك لە نێوان كوردی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و ناوەوەی هەرێمی کوردستانی ئێستادا نەبووە؛ لەبەر ئەوەی لەو کاتەدا هەرێمی بەو چوارچێوە یاسایییه‌ی ئێستا، بوونی نەبووە.

لە کاتی ئێستادا، عێراق لەژێر هێژموونی چەند وڵاتێکی ناسراودا سیاسەتەکانی دادەڕێژێت. دوێنێ وەك ئەمڕۆ، بریتانیا لە ڕێگه‌ی خاوەن ناسنامە بریتانییەکان و کۆمپانیاکانییه‌وه‌، کاریگەرییەکی قووڵی لە عێراق و كوردستاندا هەیە. ئایا ئەوە بەس نییە بڵێین، بریتانیا پێش ٩٢ ساڵ لەمەوپێش بەفەرمی بە کۆمەڵەی گەلان ڕای گەیاندووە کورد لە سەدا هەڤدەی عێراق پێک دەهێنێت؟

دووەم: بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان: نەوت بەرامبەر خۆراك

لە دوای داگیرکردنی کوێت لە لایەن عێراقەوە، گەمارۆیەکی ئابووریی توند و نادادپەروەرانە بەسەر هەموو عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە سەپێنرا و، لە ساڵی ١٩٩٠ەوە دەستی پێ کرد. ئێمە ناچینەوە سەر هۆکارەکانی سەپاندنی ئەم سزایانە، بەڵام زیاتر مەبەستمانە تیشك بخەینە سەر بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە "نەوت بەرامبەر خۆراك" ناسراوە. لە ڕێكه‌وتی ١٤/٤/١٩٩٥، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەپێی بەندی حەوتەمی چارتەری نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیاری ژمارە ٩٨٦ی بە مەبەستی دانانی ئەم پرۆگرامە دەرکرد؛ چونکە لەو ماوەیەی گەمارۆی ئابووریی تێدا سەپێنراو بوو- لە نێوان ١٩٩٠ تا دەرچوونی ئەم بڕیارە- کارەساتی مرۆیی لە عێراق ڕووی دا بوو؛ خەڵك نان و دەرمانی نەبوو. ئەم بەرنامەیە بریتی بوو لە فرۆشتنی بڕێکی دیاریکراوی نەوت لە لایەن عێراقەوە و؛ بەرامبەر ئەمە، لەژێر چاودێریی توندی نەتەوە یەکگرتووەکان خۆراك و دەرمان دەکڕدرا.

هەرێمی کوردستان لە ساڵانی نەوەدەکاندا نیمچەسەربەخۆیییەکی دیفاکتۆی هەبوو؛ لە هەمان کاتدا گەمارۆ ئابوورییەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم هەرێمەیشی گرتبووەوە. ئەنجومەنی ئاسایش ئاگاداری حاڵەتەکە بوو؛ هەربۆیە لە بڕیارەکەی ٩٨٦ بڕگەی (٨-ب) پشکی لە سەدا ١٣ بۆ لە سەدا ١٥ فرۆشتی نەوتی عێراقی تەرخان کردبوو بۆ هەرسێ شارەکەی هەرێم: هەولێر، سلێمانی و دهۆك. سەرنجی خوێنەر بۆ خاڵێکی گرنگ ڕادەکێشم: نەتەوە یەکگرتووەکان کەمترین پشکی بۆ هەرێمی کوردستان دانابوو، واته‌ (%١٣)؛ ئەمیش دوای دەرکردنی لە سەدا سی (%٣٠)ی کۆی فرۆشی نەوتی عێراق بۆ مەبەستی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگی کوێت. واتا هەرێمی کوردستان (%١٣)ی هەبوو لە ڕێژەی (%٧٠). لە ٢٠/٥/١٩٩٦ عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان یاداشتێكی لێکتێگەیشتن واژوو دەکەن و هەر دوو لایەن بەیاسایی خۆیان بە ڕێژەی سێزدە لە حەفتا پابەند دەکەن.

دوای ڕووخانی سەددام، گەمارۆی ئابووری هەڵگیرا و بەرنامەی نەوت بەرامبەر خۆراك کرا بە بەرنامەیەکی عێراقی و لە دەستی نەتەوە یەکگرتووەکاندا نەما. لە هەمان کاتدا ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێژەی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگی کوێتی لەسەر عێراق کەم کردەوە، کە کردی بە ڕێژەی (%٥)ی بوودجەی گشتیی عێراق. کەواتە پشکی هەرێمی کوردستان لە (%١٣)ه‌وه‌، بەرز بووەوه‌ بۆ (%١٧). نەتەوە یەکگرتووەکان کاتێك ئەم ڕێژانەی داناوە لە بڕیاری ٩٨٦، لە ئەنجامی هەڵسەنگاندن و وردبينی توانیویەتی بگات بەم ڕێژانە.

لە ئەنجامدا بۆمان دەردەکەوێت، دەستکاریکردنی ڕێژەی (%١٧)، دەستکاریکردنە لەو بەرنامانەی کە پێشتر نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراقی داناوە. لە ئێستادا بەپێی یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠١٨، پشکی هەرێمی کوردستان کەم کراوتەوە بۆ (%١٢-١٣). ئەمە لەو ڕێژەیە کەمترە کە نەتەوە یەکگرتووەکان دوای بڕینی (%٣٠)ی فرۆشتی نەوتی عێراق، دای نابوو. 

سێیەم: یاساکانی بوودجەی گشتیی عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣

وەك پێشتر باسمان کرد، بەرنامەی نەوت بەرامبەر خۆراك کاریگەریی تەواوی هەبوو لەسەردانانی ڕێژەکانی بوودجەی عێراق دوای ساڵی ٢٠٠٣. لە دوای ئەم ڕێكه‌وتەوە، عێراق چووە قۆناغێکی نوێوە: فيدراڵی چەسپێنرا، دەستووری نوێ و یاسای نوێ دەرکرا؛ هەڵبژاردنیش هەر چوار ساڵ جارێك بەڕێوە چووە.

لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە تا ٢٠١٧، هیچ گومانێك نییە کە یاسای بوودجەی عێراقی کە ساڵانە دەردەچێت، جەختی لەوە کردۆتەوە کە هەرێمی کوردستان ڕێژەی (%١٧)ی عێراق لە بوودجەدا پێک دەهێنێت. دووبارە و چەندبارەبوونەوەی ئەم ڕاستییە وا دەکات، کە ئەم ڕێژەیە ببێت بە نەريت (عورف)؛ کە ئەمەیش خۆی لە خۆیدا بە دووەم سەرچاوەی یاساکانی عێراقی دادەنرێت. هەرچەندە ئاگادارین ئەم ڕێژەیە تەنیا بە شێوەیەکی تيۆری دادەنرا بەڵام لە ڕاستیدا ڕێژەی ئەو پارەیەی دەنێردرا، زۆر لەوە کەمتر بوو؛ چونکە خەرجییە سیادییەکانی لێ دەردەکرا و، دەگوترا کە هەرێمی کوردستان خۆی نەوت دەفرۆشێت. کەواتە ئەو بڕە پارەیه‌ی کە دەنێردرا، زۆر لە (%١٧) کەمتر کرابووەوە. تا کار گەیشتە ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤ بەدواوە لە یاسای بوودجەی عێراقی دەنووسرا، کە هەرێمی کوردستان (%١٧)ی بەشە بوودجەی عێراقی بەردەکەوێت، کەچی یەك دینار نەدەنێرا و بەشە بوودجەی هەرێم بەتەواوی بڕا.

لە یاسای بوودجەی گشتیی عێراقیی ساڵی ٢٠١٨، هەنگاوێكی سزاکارانە ئاراستەی هەرێم و خەڵکەکەی کرا. هەموو باسانەی سەرەوە، دەری دەخات کە بەشە بوودجه‌ی (%١٧)، شایستەی هەرێمی کوردستان و پێگە و ژمارەی خەڵکی هەرێمە؛ بەڵام لەم ساڵەدا ڕێژەکە کەم کرایەوە بۆ کەمتر لە (%١٣).

نەهێشتنی ڕێژەی (%١٧) جگە لەوەی سزایە، عێراق لەم ڕێگه‌یەوە دەیەوێت هەموو فەرهەنگ و مێژووی ئەو بەڵگه‌نامانەی کە باسمان کرد (یان باسمان نەکردووە) بسڕێتەوە و ئاوەژوویان بکاتەوە. لە دوای ساڵی ٢٠٠٥، ڕێژەی بەرکەوتەی هەرێم ساڵ لە دوای ساڵ کەمتر دەکرایەوە؛ ئەویش بە زیادکردنی خەرجیی سیادی، کە خۆی لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەران و قەرزە نێودەوڵەتییەکان و چەندین بابەتی تردا دەبينێتەوە.

زیادکردنی خەرجیی سیادی، کاریگەریی تەنیا لە هەرێمی کوردستان نەبووە بەڵکوو کاریگەریی لەسەر خودی پارێزگه‌کانی تری عێراق دروست کردووە؛ بە جۆرێك ئێستا باس لە ڕاپەڕینێك دەکرێت لە باشووری عێراق، کە داواکارییەکان نان و ئاو و خزمەتگوزارییەکانه‌، کە پارێزگه‌کانی عێراق ناتوانن دابينی بکەن. حکوومەتی بەغدا بەشە بوودجەی گەیاندۆتەوە ئاستێك، کە بڕە بەرکەوتەیەکی شایستەی بۆ پارێزگه‌کان و هەرێمی کوردستانیش نەهێشتۆتەوە لە ساڵی ٢٠١٨؛ لە ئەنجامدا ناڕەزاییی خەڵکی لێدەکەوێتەوە و، پێچەوانەیەکی زەقی بنەماکانی فيدراڵییەتە. ئەو چەکەی دژی کوردستان بەکارهات، بەسەرخۆیاندا شکایەوە.

*      *      *

لە ماوەی نێوان ٢٠٠٤ەوە تا ٢٠١٧، زیاتر لە پەنجا جار لە یاساکانی عێراقدا باس لە ڕێژەی (%١٧) بۆ هەرێمی کوردستان کراوە. ئەم دووبارەبوونەوەیە خۆی لە خۆیدا بەڵگەیەکە لە ڕاستەقینەبوونی ئەم ڕێژەیە، کە ئێمە لێرەدا سەلماندمان کە ئەم ڕێژەیە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ کاتی دروستبوونی دەوڵەتی عێراق لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو. ئەم ڕێژەیە لە ئاستی ناوخۆدا ڕەگبەستوو بووە؛ هەروەها ڕێکخراوی کۆمەڵەی گەلان و نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگادارن و، خۆیان ئەم ڕێژەیەیان بۆ دانیشتووانی کورد و هەرێمی کوردستان لە عێراق داناوە. پرسیارەکە لە کۆتاییدا ئەوەیە: ئایا دانوستانکاری کوردستانی، تاچەند سوود لەم زانیاری و ئامرازانەی سەرەوە وەردەگرێت و دەتوانێت ڕێژەی (%١٧) بگەڕێنێتەوە بۆ یاسای بوودجەی عێراقی لە ساڵانی داهاتوودا؟ زیرەکییەکەیش لەو کاتەدا دەردەکەوێت کە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقی، گرێ بدرێت بە بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان. واتا گەڕاندەوەی ڕێژەی (%١٧)، بکرێت بە مەرجێک بۆ بەشداربوونی حزبە کوردستانییەکان لە حکوومەتی داهاتووی عێراق.