پێنووس: بۆچی پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا (٣٠-٩-٢٠١٨) بەڕێوە بچێت؟

"پێنووس": بۆچی پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا (٣٠-٩-٢٠١٨) بەڕێوە بچێت؟

پەرویز ڕەحیم قادرمامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەددین:

لەبەر چەند هۆكارێك:

  1. هیچ پاساو  و بیانووێكی نالەباربوونی دۆخی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە ئارادا نییە كە بەو هۆكارە ئەم هەڵبژاردنە دوا بخرێت.
  2. لە ڕووی یاساییشەوە بە هۆی ئەوەی كە ویلایەتی پەرلەمانی كوردستان درێژ كراوەتەوە، ئەم جارەیش درێژ بكرێتەوە ئەوە هیچ واتایەك بۆ پرەنسیپی ویلایەتی 4 ساڵەی پەرلەمانی كوردستان نامێنێت. بۆیە ڕەوایەتیی پەرلەمان و بەم پێیەیش حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە.
  3. بە دواخستنی هەڵبژاردن، ئەوە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هۆی نەبوونی ڕەوایەتیی نوێی هەڵبژاردن، ناتوانن كارەكانی خۆیان وەكوو پێویست بەڕێوە بەرن و زیاتر كابینەی ئێستا وەكوو حكوومەتێكی كاربەرێكەر دەنوێنێت و تەنانەت لە ئەگەری هاتنەئارای دۆخێكی لەناكاو كە پێویستی بە بڕیارێكی ستراتیژی و چارەنووسساز هەبێت، بڕیارەكانیان بە هۆی تەواوبوونی 4 ساڵەی كاری كابینە و درێژكردنەوەی، متمانە و بەم پێیەیش ڕەوایەتییان، دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە و لەوانەیە لایەنەكانی دیكە قبووڵی  بڕیارەكانی نەكەن.
  4. بە دواخستنی هەڵبژاردنی كوردستان ئەگەری ئەوە هەیە كە لە داهاتوودا هەر كاتێك هێز و حزبێكی دیاریكراو لەناو خۆیدا كێشەی هەبوو یاخود هەستی كرد پێگەی جەماوەریی لە دابەزیندایە، ئەوە داوای دواخستنی هەڵبژاردن بكات. ئەمەیش كۆی پرۆسەی سیاسی و دیموكراسیی هەرێمی كوردستان بە دەستاودەستكردنی دەسەڵاتەوە دەخاتە ژێر پرسیار. بەم واتایە كە عورفێكی سیاسیی نادیموكراسی لە كوردستاندا دروست دەبێت.
  5. لە لایەكی تریشەوە خەڵك متمانەیان بەو دەسەڵاتە نامێنێت كە بەبێ پاساوی ڕەوا و ئاسایشی و، تەنیا لەسەر داوای هێزە سیاسییەكان و بە هۆی كێشە ناوخۆیییەكانیان هەڵبژاردن دوا بخرێت. ئەمەیش وا دەكات كە كۆی سیستەمی سیاسیی كوردستان پرسیاری ئەوەی لەسەر دروست بێت كە بەرژەوەندیی حزبی و كەسی، لە سەرووی بەرژەوەندیی هاووڵاتیانەوەیە.
  6. لە پاش ڕیفراندۆم و ڕووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر و كشانەوەی حزبەكانی بەشدار لە حكوومەت (بێجگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان) ڕەوایەتیی ئەم حكوومەته‌ی ئێستا لەرزۆكە و، ئەو ڕێككەوتنەی كە ئەم حكوومەتەی ئیستای لەسەر دروست ببوو نەماوە و بەشێك لە وەزارەتەكان بەوەكالەت بەڕێوە دەچن؛ ئەمەیش كاریگەریی لەسەر ئیدارە و ئەدای ئەو وەزارەتانە دروست كردووە. بێجگە لەوەیش بە هۆی نەمانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پۆستەكە و هەڵپەساردنی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی، ئەوە هەڵبژاردنی پەرلەمان و یەكلاییكردەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە ڕێككەوتن یاخود زۆرینەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بەشێك لە كێشە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان چارەسەر دەكات.
  7. بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا و  پاشان پێكهاتنی كابینەی نوێی حكوومەت، وا دەكات كە لە بەغدایش پێگەی كورد بەپێی واقعی كوردستان و پێگەی هێزە سیاسییەكان دیاری بكرێت و تەنانەت بەرز بێتەوە.
  8. لە ڕووی هەرێمییشەوە لە ڕێگەی هەڵبژاردن و درستكردنی كابینەی نوێ، دەكرێت حكوومەتیكی بەهێز بێتە ئاراوە كە خۆی بۆ گۆڕانكارییە هەرێمییەكان كە پێشبینیی گۆڕانكاری لە هاوسەنگیی هێزەكان دەكرێت، ئامادە بكات.
  9. لە كۆتاییدا ئەگەر زووتر هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوە بچێت، ئەوە دەكرێت پرسی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم و دەستووری هەرێمی كوردستان بەپێی هاوسەنگیی نوێ سیاسی لە كوردستان یەكلایی بكرێتەوە و ئەمەیش یارمەتیی زیاتری سەقامگیریی سیاسیی كوردستان دەدات.