چەند سەرنجێك دەربارەی بڕیاری ژمارە (٢٤٢١)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی عێراق

چەند سەرنجێك دەربارەی بڕیاری ژمارە (٢٤٢١)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی عێراق

 

د. بڕیار شێرکۆ بابان، پرۆفيسۆری یاریدەدەر، زانکۆی سەڵاحەددین-هەولێر

لە ڕێكه‌وتی ١٤/٦/٢٠١٨، بڕیاری ژمارە (٢٤٢١) لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانه‌وه‌ دەرچوو. ئەم بڕیارە دوایین هەڵوێستی ئەنجومەنی ئاسایشە سەبارەت بە بارودۆخی عێراق. لێرەدا هەوڵدەدەین شرۆڤەی ئەم بڕیارە بکەین و ئەو خاڵانەی کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە تیشکیان بخەینە سەر و، بەرواردی بکەین لەگەڵ هەر دوو بڕیاری (٢٢٩٩)ی ساڵی ٢٠١٦ و (٢٣٦٧)ی ساڵی ٢٠١٧ کە لە هاوينی ساڵانی پێشوو دەرچوون.

ئەم بڕیاری (٢٤٢١)ه‌، هەروەکوو هەر دوو بڕیارەکەی تر، مەبەستی سەرەکییان درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ یارمەتیدانی عێراق، کە بە يونامی (UNAMI)ناسراوە. ئەم بڕیارە لەسەر داوای عێراق دەرچووە و، وەزیری دەرەوەی عێراق، "ئیبراهیم جەعفەری"،لە ڕێکەوتی ٣/٥/٢٠١٨ نامەیەکی بۆ ئەم مەبەستە ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە.

ئەم بڕیارە هەڵوێستێکی گرنگی ئەنجومەنی ئاسایشە و، پێویستە بەهەند وەربگرین و بەوردی بيخوێنیەوە. پرۆژەکە لە لایەن ئەمریکاوە بە ئاگاداری نوێنەری عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەشنووسی بۆ نووسراوە و هیچ دەوڵەتێك دژی نەبووە؛ واتا بە کۆی دەنگ پەسەندکراوە.بڕیارەکە لەسەر داوای عێراق دەرچووە؛هەر بۆیە بەگشتی لە بەرژه‌وەندیی حکوومەتی عێراقیدا نووسراوە. ئەمەیش شتێکی ئاسایییە؛ نەتەوە یەکگرتووەکان پارێزەر و بەرگریکاری سەروەری و یەکپارچەییی دەوڵەتانن، چونکە ئەم ڕێکخراوە لە لایەن دەوڵەتان وبۆ دەوڵەتان دانراوە.

لێرەدا چەند ڕا و سەرنجی خۆمان سەبارەت بەم بڕیارە دەردەبڕین و بەرواردی دەکەین بەو دوو بڕیارەی کە پێشتر ئاماژەمان بۆ کردووە:

١. بە بەراورد بە بڕیارەکانی ژمارە (٢٢٩٩) و(٢٣٦٧)ی ئەنجومەنی ئاسایش، دوایین بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش کورتە. ئەو دوو بڕیارەی پێشوو چەندین پەیام و ڕاسپاردەی بۆ چۆنێتیی بەڕێوبردنی عێراق تێدا بوو، کەچی لە بڕیاری (٢٤٢١) بەدرێژی ئەم بابەتانەی تێدا نییە. ئەوەی لە بڕیارە نوێیەکەیدا جێی سەرنجە، ئەنجومەنی ئاسایش وەکوو پیشەی هەمیشەییی خۆی جەخت لەسەر ئەو بنەما و بەهایانە دەکاتەوە کە لە بڕیارەکانی پێشووتردا سەبارەت بە عێراق وکوردستانیش ڕای گەیاندووە.

٢. لە هەردوو بڕیارەکەی (٢٢٩٩)ی ساڵی ٢٠١٦ و (٢٣٦٧)ی ساڵی ٢٠١٧دا بەئاشکرا و بەڕوونی ئاماژە بە هەرێمی کوردستان کراوە، بەڵام لەم بڕیارە نوێیەیدا هیچ ئاماژەیەكی ڕاستەوخۆ به‌ هەرێمی کوردستان نەکراوە؛ بەڵام ئەگەر بەوردی بيخوێنینەوە، دەبینین کە چەند خاڵێکی تێدایە کە مەبەستیان چۆنێتیی ڕێکخستنی پەیوەندییەکانە لە نێوان هەولێر و بەغدا.

٣. لە بڕیاری پێشووی ژمارە (٢٣٦٧)ی ساڵی ٢٠١٧، ئەنجومەنی ئاسایش گرنگییەکی تەواو دەدات بەوەی کە "هاوبەشییەکی ڕاستگۆیانە" (Genuine partnership) لە نێوان حکوومەتی عێراقی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست بێت و، چەند ڕاسپاردەیەکی هەبوو بۆ هەردوو لایەن كه‌ خۆی لە چەند تەوەرێك دەبينێتەوە وەك: دەستپێکردنەوەی دیالۆگێکی سیاسیی نێوان هەردوو لایەن، نەکردنی هەر کارێك و ڕاگەیاندنێك کە ئاڵۆزییەکان قووڵتر بکاته‌وه‌، چارەسەرێكی دادپەروەرانە بۆ دابەشکردنی سەرچاوەکان، چارەسەرێکی دادپەروەرانە و هاوتا بۆ پرسی سنووری ناوخۆییی ناوچە جێناکۆکەکان و ڕێزگرتنی دەستوور؛ کەچی کاتێك دێینە سەر بڕیاری (٢٤٢١)ی ساڵی ٢٠١٨، تەنیا لە دوو تەوەرەوه‌ گرنگی بە پرسی نێوان هەرێمی کوردستان وعێراق دەدات کە لە خاڵی دواتر ئاماژەی بۆ دەکەین.

٤. ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دوو خاڵ بە گرنگ دەزانێت کە پێویستە لە نێوان هەرێم و عێراق چارەسەربکرێت. لێرەدا ناوی هەرێمی کوردستان نەهێنراوە بەڵام ئاماژەکان ئەوە پيشاندەدەن کە بەناڕاستەوخۆ مەبەستیان هەرێم بێت. بەپێی یەکەم خاڵ، هەوڵبدرێت بە مەبەستی ئاشتبوونەوەی نیشتمانی ولۆکالی دیالۆگی سیاسی ئەنجام بدرێت. دووەم خاڵ بریتییە لە چارەسەرکردنی سنوورە ناوخۆیییەکان بە ڕەزامەندیی حکوومەتی عێراقی لە ڕێگه‌ی پێداچوونەوە بە دەستووری عێراقی.

٥. لە بڕیارەکانی پێشووتردا ئەنجومەنی ئاسایش باسی لە زەرورەتی هاوبەشیی نێوان هەرێم و بەغدا کردووە و، پێگەی هەرێمی کوردستانی بە هاوبەش لەگەڵ عێراق داناوە؛ بەڵام لە بڕیارەکەی (٢٠١٨)دا هیچ ئاماژەیەك بەم پرسە نەکراوە، تەنیا جەخت لەو دوو خاڵەی سەرەوە دەکاتەوە کە پێی باشە کاری لەسەر بکرێت، هەروەها بنەماکانی بڕیارەکانی پێشووتر پێویستە ڕەچاو بکرێن.

٦. ئەم بڕیارەی ساڵی ٢٠١٨ چەندین بابەتی تری تێدایە کە پەیوەندییان بە کۆی عێراقەوە هەیە. ئێمە لێرەدا باسیان ناکەین، بۆ نموونە: چارەسەرکردنی وزە وئاو وژینگە و ئاوارەکان و ئاوەدانکردنەوە و نوێکردنەوەی ئابووری، پاراستنی ئافرەتان ومنداڵان. لە ڕوانگەی ئەنجومەنی ئاسایشەوە، ئەم بابەتانە زۆر گرنگن و، لە پێناوی بەرژوەندیی هەموو عێراقییەکان، دەبێت چارەسەر بکرێن.

٧. لە بڕیارەکانی ساڵی (٢٠١٦) و ساڵی (٢٠١٧)، بەشێکی پەیامەکان ڕاستەوخۆ ئاراستەی هەرێمی کوردستان وعێراق كراوه‌، بەڵام لە بڕیارەکەی (٢٠١٨) پەیامەکان ئاراستەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ یارمەتیدانی عێراق و نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە. ئەنجومەنی ئاسایش داوا لەم دوولایەنەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە هەوڵ بدەن ئەو خاڵانەی سەرەوە جێبەجێ بکرێت.

٨. لە دوای هەر هەڵبژاردنێکی عێراق، ئەنجومەنی ئاسایش لە بڕیارەکانیدا پيرۆزبایی و دەستخۆشی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکات، بەڵام ئەمجارەیان هیچ ئاماژەیەکی بۆ هەڵبژاردنی ١٢/٥/٢٠١٨ نەکردووە. ئەمە یەکەم جارە کە ئەنجومەنی ئاسایش لە بڕیارەکەیدا کە (٣٢) ڕۆژ دوای هەڵبژاردنەکان دەرچووە، ئەم جۆرە پيرۆزبایییە ناکات. لە ڕۆژی دەنگدان لەسەر بڕیارەکە تەنیا نوێنەری سويد چەند تێبینییەکی دەربارەی ئەم هەڵبژاردنە دابوو کە بە هەنگاوێکی ديموکراسی وەسفی کردووە، بەڵام پێی وابووە کە پرۆسەکە تەواو نەبووە و، هێشتا هەژمارکردنەوەی دەنگەکان و دروستکردنی حکوومەت ماوە، کە ئەمەیش تاقیکردنەوەیەکی قورسە.

٩. ئەنجومەنی ئاسایش داوا لە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق (UNAMI) و نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە پشتگيریی ڕيفۆرمی دادوەری ویاسایی بکرێن بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی سەروەریی یاسا؛ هەروەها داوایان لێدەکات پشتگیریی تيمی نێودەوڵەتیی لێکۆڵینەوەکان بکەن کە بەپێی بڕیاری ژمارە (٢٣٧٩) دروست بوونە. ئەم تیمە بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش دروست بووە و، لە ساڵی (٢٠١٨)وە دەستبەکار بووە. ئەم تیمە بە سەرۆکایەتیی "کەریم ئەحمەد خان"ی بریتانی دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. بەڕاستی ساردییەکی تەواو لە هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم بابەتەدا بەدی دەکرێت؛ هەرچەندە بە هەزاران قوربانی، بەتایبەتی کوردانی ئێزدی، چاوەڕێی دادپەروەری وقەرەبوون. لە کۆتاییدا دەڵێین، دەقی ئەم بڕیارەی ژمارە (٢٤٢١)، بەڕاستی پاڵنەرێك و میکانيزمێکی ڕاستەقینەی بۆ دادگه‌ییکردنی تۆمەتبارانی داعش تێدا نییە.

١٠. دوای دەرچوونی بڕیاری ژمارە (٢٤٢١) لە ڕێکەوتی ١٤/٦/٢٠١٨ تا نووسینی ئەم وتارە، هیچ کاردانەوەیه‌کمان لە ئاستی حکوومەتی عێراقی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەدی نەکردووە. ئەگەر بێینە سەر حکوومەتی عێراقی، لەوانەیە ئاسایی بێت کاردانەوەی نەبێت، چونکە ئەم بڕیارە بە ئارەزووی ئەم وڵاتە دەرچووە. بەڵام سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، پێویستە سەبارەت بە بڕیارە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەڵوێستێکی هەبێت.

١١. بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، چارەنووسسازە. لەگەڵ دەرچوونی هەربڕیارێک کە لەگەڵ بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان گونجا، یان نەگونجا، پێشنیار دەکەین کە هەڵوێستێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی دەرخستنی نیازپاکی، ڕابگەیەنرێت. شێوازی دەربڕینەکە گرنگ نییە، كه‌ ئایا بە بڕیارەکە پابەند دەبێت یان پێشوازیی لێدەکات، یان خاڵێك هەیە جەختی لەسەر دەکاتەوە، یان تێبینی لەسەر خاڵێكی بڕیارەکە هەبێت؛ بەڵام پێویستە کاردانەوەیەکی فەرمیی هەبێت. لەوانەیە ئەم کاردانەوەیە کاریگەریی لەسەر بڕیارەکانی داهاتووی ئەم ئەنجومەنە،بەتایبەتی لەسەر داڕێژەرانی ئەم بڕیارانە هەبێت، کە چەندین ساڵە نوێنەرانی ئەمریکی و بریتانی پرۆژەی بڕیارەکانی تایبەت بە عێراق دەنووسنەوە. ئێستا فەرمانگەیەكی هەرێم هەیە بۆ وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان کە زیاتر وەڵامی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە ناحکوومییەکان دەداتەوە، بەڵام پێویستە حکوومەتی هەرێم، لەوە زیاتر ئاگاداری کاروبارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت و، بەرامبەر هەر هەنگاوێکی ئەنجومەنی ئاسایش، هەڵوێستی فەرمیی هەبێت.