بڕیاری ترامپ و كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا

په‌رویز ڕه‌حیم قادر/ مامۆستای زانسته‌ سیاسییه‌كان له‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین

پێشەكی

{ۆژی چوارشەممە، "دۆناڵد ترامپ" لە پۆستێكی تویتەریدا ڕای گەیاند كە هۆكاری مانەوی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا لە سووریا، سەركەوتن لە جەنگی دژی داعش بووە و ئەم سەركەوتنە دەستەبەر كراوە. ئەم هەواڵە بەخێرایی كاردانەوەی جۆراوجۆری بە دوای خۆیدا هێنا و ناوەندەكانی ڕاگەیاندن و، هەروەها سیاسەتمەدارانی خودی ئەمریكایشی تووشی شۆك كرد. تەنانەت ڕۆژنامەی نیۆیۆرك تایمز ڕای گەیاند، بەرپرسانی پێنتاگۆن تا دوایین چركە هەوڵی پاشەگەزبوونەوەی ترامپیان لەم بڕیارە داوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوونە. تەنانەت سیناتۆرە كۆمارییەكان و دیموكراتەكانی وەك "لیندزی گراهام"، "جین شاهین"، "جۆنی ئێرنست"، "ئەنگەس کینگ"، "تۆم کۆتۆن" و "مارکۆ ڕۆبیۆ" بە واژووی خۆیان نامەیەکی هاوبەشیان ئاراستەی دۆناڵد ترامپ کرد و ڕایان گەیاند، بڕیاری کشانەوەی ئەمریكا لە سووریا جێگەی نیگەرانییە. ئەو هەنگاوە لەم کاتەدا هەڵەیەکە کە باجەکەی گەورە دەبێت و نەک تەنیا ئاسایش و سەقامگیریی ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە، بەڵکوو هەر یەک لە داعش، بەشار ئەسەد، ئێران و ڕووسیایش بەهێز دەکات. هاوكات "نانسی پلۆسی" لە حزبی دیموكرات لە ئەنجومەنی نوێنەران و...، ئەم بڕیارەیان بە نادروست و لە دژی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا زانیوە. بێجگە لەمەیش هەر یەكە لە فەڕەنسا و بریتانیا سەرسووڕمانی خۆیان لەم بڕیارە و نادروستبوونی كۆتاییهاتنی داعش لە سووریا ڕاگەیاندووە و دەوڵەتی ئیسڕایلیش تاوتوێی كشانەوە هێزەكانی ئەمریكا و پاراستنی ئاسایشی خۆی دەكات. بۆیە بەو پێیەی كە لە  ئەگەری دروستبوونی بۆشاییی هێز  لە ڕۆژاوا و دروستبوونی جەنگ لە نێوان كورد و توركیا، ئەوە مەترسی بۆ هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لە ناوچەی شنگال و سنووری عێراق و توركیا و كۆنترۆڵكردنی هەیە، لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین سیناریۆ و لێكەوتە و ئەگەرەكانی ئەم بڕیارەی ترامپ بخەینە ڕوو.

سیناریۆكان

سیناریۆی یەكەم: هەڵسەنگاندانی هەڵوێستی سعوودیا و وڵاتانی عەرەبی

لایەنگرانی ڕوانگەی ئابووری-تەوەری سیاسەتی ترامپ ئەم سیناریۆە دەخەنە ڕوو. بەپێی ئەم سیناریۆ و خوێندنەوەیە بێت، ئەوە ترامپ لەم ڕێگەیەوە جارێكی تر دەخوازێت سعوودیا و وڵاتانی عەرەبی ناچار بكات كە بۆ ڕێگەگرتن لە ئەمریكا لە جێبەجێكردنی بڕیار و پلانی كشانەوەی سوپاكەی لە سووریا، تێچووی خەرجییە سەربازییەكانی ئەمریكا بگرنە ئەستۆ؛ هەروەها ئەم وڵاتانە هاوڕا بكات لەگەڵ سیاسەتەكانی وزە و ئابوورییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە و بەتایبەتی لە دژی ئێران. بۆیە بەپێی ئەم سیناریۆیە بێت، ئەوە تەنیا بانگەشە یاخود هەڕەشەیەكی ترامپە بۆ تێكدانی هاوسەنگی و سەقامگیریی ناوچەكە و ناكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

سیناریۆی دووەم: ڕێگەگرتن لە نزیكبوونەوەی توركیا لە ڕووسیا

لایەنگرانی ئەم ڕوانگەیە وای دەبینن، كە ئەمریكا لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت بە ڕەچاوكردنی بەرژەوەندی و داواكارییەكانی توركیا لە سووریا، ئەم وڵاتە لە ڕووسیا دوور بكاتەوە. لە ماوەی ڕابردوویشدا ترامپ و ئەردۆغان پەیوەندیی تەلەفۆنییان ئەنجام داوە و تەنانەت باس لە ئامادەكاری بۆ گەڕاندنەوە یاخود ڕادەستكردنەوەی "فەتحوڵڵا گویلەن" بۆ توركیا و، هەروەها بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و، ڕێگەدان بە توركیا بۆ ئۆپه‌راسیۆنی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی فورات و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ هێزەكانی یەپەگە بكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە. لە لایەكی تریشەوە لەم ڕێگەیەوە ئەمریكا سیاسەتەكانی ناوچەییی خۆی لە ڕێگەی توركیاوە جێبەجێ بكات، بەتایبەتی جەنگی دژی تیرۆر و، هەروەها لەسەر داهاتووی سیاسیی ئەسەد و سووریا. هەر بۆیە هاوكات ڕاگەیاندنەكان باس لە ڕێككەوتن و پاشان ڕادەستكردنی سیستەمی مووشەكیی "پاتریۆت"ی ئەمریكی بە توركیا لە بەرامبەر پاشەگەزبوونەوەی توركیا لە كڕینی مووشەكی S-400ی ڕووسی دەكەن. هەروەها نابێت لە ئەگەری دروستبوونی ئەم سیناریۆیەدا، هاوڕاكردنی توركیا لە ئابڵووقە و سزاكانی ئەمریكا لە دژی ئێران فەرامۆش بكەین؛ چونكە توركیا بە هۆی بارگرژییەكانی لەگەڵ ئەمریكا  لەلایەك و پەیوەندیی توندوتۆڵی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ ئێران و پاشان پێویستیی توركیا بە دابینكردنی وزە لە ئێران دەستەبەركردنی ئاسایشی وزە لەلایەكی ترەوە، بەردەوام لە دژی ئەم ئابڵووقە و سزایانەی سەر ئێران بووە. بۆیە دەكرێت ئەم بڕیارەی ترامپ، توركیا لە ئێران دوور بخاتەوە. ئەمە جگە لە تەواوكردنی ئاڵقەی گەمارۆی ئێران و، هەروەها پەیوەندی بە پرسی كوشتنی ڕۆژنامەنووسەكەی سعوودیا (قاشقچی) لە كونسوڵخانەی سعوودیا لە ئەستەنبۆلی توركیا، كە ئەردۆغان سوودی زۆری بۆ لێدان لە پێگەی شازادەی جێنشینی سعوودیا، "موحه‌مه‌د بن سه‌لمان" و ستراتیژی و ئەجێندای سعوودیا لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی وەرگرت، هەیە؛ چونكە سعوودیا توركیای لە جیهانی عەرەبی- ئیسلامی و بەتایبەتی داهاتووی سووریا دەخستە پەراوێزەوە. بەم واتایە كە لە بەرامبەر كۆتاییپێهێنان بەم كەیسە لە لایەن توركیاوە، ناڕاستەوخۆ ئەمریكا ڕێگە بە ئۆپه‌راسیۆنی سنوورداری توركیا لە ڕۆژاوا دەدات، چونكە ترامپ نایەوێت لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا سعوودیا لاواز بكات. هەر ئەم خاڵەیش وای كرد، كە ئێران نیگەران بێت و لە ڕۆژی 20-12-2018دا سەرۆككۆماری ئێران "حەسەن ڕۆحانی" بەپەلە سەردانی ئانكارای كرد و لەگەڵ ئەردۆغان كۆ بووەوە.

سیناریۆی سێیەم: بەرپرسیارێتی و پێسپاردنی ئەرك بە ئەوروپییەكان

بەشێك لە شرۆڤەكاران ئەم سیناریۆ بە ڕێككەوتن یاخود هۆشیاركردنەوەی دەوڵەتانی ئەوروپی بۆ گرتنەئەستۆی تێچوو و هێزی مرۆیی و بەشداریی سیاسی و بەرپرسیارێتیی وڵاتانی ئەوروپی لە لایەن ئەمریكاوە لێك دەدەنەوە. بەم واتایە كە پێوستە لە لایەك دەوڵەتانی ئەوروپی لەگەڵ ئەمریكا لە ناوچەكەدا، بەتایبەت لەسەر پرسی كۆماری ئیسلامی هاوڕا بن و، لە لایەكی دیكەیشەوە  ئەو بەرپرسیارێتییه‌ بگرنە ئەستۆ و جێگەی هێزەكانی ئەمریكا بگرنەوە. هەروەها بێجگە لەمەیش ئەو وڵاتانە تێچووە سەربازییەكانی "ناتۆ" لە بری ئەمریكا بگرنە ئەستۆ، چونكە لە ڕاستیدا مەترسیی داعش و گرووپە تیرۆریستییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، هەروەها بارودۆخی ناسەقامگیری ئەم ناوچەیە ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر ئاسایشی وڵاتانی ئەوروپی دادەنێت.

سیناریۆی چوارەم: ڕێككەوتن لەگەڵ ڕووسیا

لایەنگرانی ئەم ڕوانگەیە وای دەبینن، كە ترامپ لەگەڵ ڕووسەكان بۆ داهاتووی سووریا و ناوچەكە و دابەشكردنی میتراتی پۆست-داعش ڕێك كەوتووە. هەروەها لەم ڕێگەیەوە بارگرژییەكانیان، بەتایبەت لە ناوچە و پرسەكانی جێگەی ناكۆكی چارەسەر بكەن. وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە ڕاگەیه‌ندراوێکدا دەڵێت: "ئەمریکا درکی بەوە کردووە کە دژایەتی بۆ هەوڵەکانی وڵاتانی گەرەنتیکار لە ئاستانە (ڕووسیا، تورکیا، ئێران) زیان بە بەرژەوەندییەکانی دەگەیەنێت. ئەو بڕیارەی ئەمریکا کاریگەریی ئەرێنیی دەبێت لەسەر پێکهێنانی لیژنەی دەستووری سووریا و ڕەوشی ناوچەکە، بەتایبەت ناوچەی سنووری نێوان سووریا و ئوردن لە تەنەف".  لە لایەكی تریشەوە، لەم ڕێگەیەوە ڕووسیا لە جەنگی ئابووری دژی چین و، هەروەها سزا و ئابڵووقەكانی دژی ئێران لەگەڵ ئه‌مریكا هاوڕا بێت. بێجگە لەمانەیش، ئەمریكا لەم ڕێگەیەوە، ڕووسیا كە هێزە سەربازییەكانی (بێجگە لە هێزی ئاسمانی و ڕاوێژكاری و بنكە سەربازییەكانی لە سووریا) كشاندۆتەوە، بخاتە ژێر گوشارەوە و ناچار بێت لەگەڵ ئەمریكا هاوكاری بكات كە لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسانی ڕووسیا، دژی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا لێدوانیان دەدا. باشترین بەڵگەیش ئەوەیە كە دۆناڵد ترامپ دەڵێت: "ڕووسیا، ئێران، سووریا و ئەوانی دیکەیش خۆشحاڵ نین لەبارەی کشانەوەی ئەمریکا؛ هەرچەندە میدیای ناڕاست وا دەڵێن، چونکە ئێستا دەبێ خۆیان شەڕی داعش و ئەوانی دیکەیش بکەن". هەروەها ترامپ دەڵێت: "ئایا ئەمریکا دەیەوێ ببێتە پۆلیسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟ هیچی دەست نەکەوێت، بەڵام ژیانی بەنرخ ببەخشێ و بە تریلیۆن دۆلار لە پاراستنی ئەوانی دیکەدا خەرج بکات، لە کاتێکدا لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا ئەو کارانە بەرز نانرخێنن کە ئێمە دەیانکەین. ئایا دەمانەوێ بۆ هەتاهەتایه‌ لەوێ بین؟ ئێستا کاتی ئەوەیە ئەوانی دیکە شەڕ بکەن." بۆیە ئەمە وا لێك دەدرێتەوە كە جەنگی دژی داعش وەكوو كارتێك لە هاوكێشە سیاسی و جیۆسیاسییەكاندا دەبیندرێت. بەم پێیە، لەم ڕێگەیشەوە هێزەكانی كورد بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ توركیا، لە ڕووسیا و بەشار ئەسەد نزیك دەبنەوە و تەنانەت مەترسیی داعش ڕووبەرووی ڕووسیا و سووریا و ئێران دەبێتەوە.

سیناریۆی پێنجەم: پرس و كێشە ناوخۆیییەكانی ترامپ لە ئەمریكا

بەشێك لە شرۆڤەكاران پێیان وایە كە ئەم بڕیارەی ترامپ دەكەوێتە چوارچێوەی ململانێ و قەیرانەكانی ئیدارەی ترامپ، بەتایبەتی كێشە یاسایییەكانی لە بەردەم دەزگه‌ی دادوەریی ئەمریكا و لە سەرووی هەموویانەوە دەربارەی دانپێدانانی بەرپرسانی لەسەركارلابراوی ئیدارەی ترامپ، لە دژی وتەكانی ترامپ یاخود وتەكانی پێشووتری خۆیان لە بەرگری لە ترامپ و ڕەتكردنەوەی تۆمەتەكان لەم بارەیەوە و دەستێوەردانی ڕووسیا و بەم پێیە كاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی ترامپ و ئەگەری لەسەركارلاچوون یاخود ئەگەری هەڵنەبژاردنەوەی ترامپ لە خولی داهاتووی سەرۆكایەتیی كۆماری ئەمریكا. بەم واتایە كە ترامپ لەم ڕێگەیەوە ئەم پرسانە دەخاتە پەراوێزەوە و دژبەرانی دەخاتە دۆخێكی سەخت و، پرسی بەرژەوەندی و ئاسایشی ئەمریكا دەبێتە ئەولەوییەتی ڕای گشتی و سیاسەتی ئەمریكا. بێجگە لەمەیش لەم ڕێگەیەوە ترامپ دەتوانێت ئەمە بە سەركەوتنێك بۆ خۆی تۆمار بكات كە توانیویەتی لە جەنگی دژی داعشدا ئەمریكا بە كەمترین تێچووی مرۆیی و پاشان دارایی سه‌ر بخات و ئێستا سەربازەكان دەگەڕێنێتەوە ئەمریكا. بۆ نموونە لە 20-12-2019 دا ترامپ دەڵێت: "کشانەوە لە سووریا سوپرایز نەبوو، چونکە من ماوەی چەندین ساڵە بانگەشەی بۆ دەکەم؛ شەش مانگ پێش ئێستایش بەئاشکرا ڕام گەیاندووە کە دەمەوێ بکشێینەوە، بەڵام دواتر ڕازی بووم ماوەیەکی دیکەیش بمێنینەوە." 

سیناریۆی شەشەم: كشانەوەی سنووردار یاخود زەمینی و بەردەوامبوونی ئاسمانی

لەم سیناریۆیەدا ئەمریكا بۆ بەدەستهیانی دەسكەوت لە ئاستی ناوخۆییی ئەمریكا و پاشان ناوچەیی و بەتایبەت لەگەڵ ڕووسیا و توركیا، لە ڕووی هێزی زەمینیی سەربازییەوە دەكشێتەوە، بەڵام وەكوو ڕووسیا لە ڕێگەی ئاسمانی و بە ڕێگەی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی لە جەنگی دژی داعش بەردەوام دەبێت. لایەنگرانی ئەم سیناریۆیە پێیان وایە كە ئیدارەی ترامپ لە ئەمریكا لەم ڕێگەیەوە چەندین دەسكەوت و قازانجی ناوخۆیی و هەرێمی كە لە سیناریۆكانی پێشووتردا خرایە ڕوو، دەستەبەر دەكات. تەنانەت لەم ڕێگەیەوە ترامپ بەڵینی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا، كە پێشووتر باسی لێوە كردبوو، دەباتە سەر.

كۆبەند

پێدەچیت هۆكار و پاڵنەری بڕیاری ترامپ هەر چییەك بێت و هەر كام لە سیناریۆكان بێت، لە كورتمەودا كورد لە ڕۆژاوا زیانمەند بێت و پاشان توركیا لەم ڕێگەیەوە لە كورتمەودادا سوودمەند و لە ڕووسیا دوور بكەوێتەوە. هەروەها بە تێكچوونی هاوسەنگیی هێز لە سووریادا، بەرژەوەندییەكانی ئێران و توركیا و، لە لایەكی ترەوە ڕووسیا و توركیا بكەوێتە بەرامبەر یەكتری و پێكناكۆك بێت. لە لایەكی دیكه‌یشەوە كێشەكانی ترامپ لە ناوخۆی ئەمریكا و، هەروەها ڕوانگەی تایبەتی ئابووریی ترامپ لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و جیهانی و پاشان پرسی ئێران و چارەسەركردنی بە سەركەوتنی ئەمریكا، یەكێك لەو فاكتەرە گرنگانەیە كە ترامپ بیری لێ دەكاتەوە و، دەبێت پرسی سوووریا لەو سۆنگەیەوە ببیندرێت.

 بێجگە  لەمانەیش ململانێكانی ڕووسیا و ئەمریكا و، هەروەها دابەشكردنی میراتی پۆست-داعش و گرێدانی ئاسایشی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئەمریكا و بەرژەوەندییەكانی، بەشێكە لەو وێنە گشتییە. بەڵام نابێت ئەوە فرامۆش بكرێت كە ئەردۆغان لە ئەگەری هێرشی سەربازی و داگیركردنی ڕۆژاوای كوردستان، لە ئاستی ناوخۆیی و، هەروەها لە ڕووی ئابووری و ڕای گشتیی جیهانی و تەنانەت لە ڕووی هاوكێشە جیۆسیاسییەكاندا ئالینگاری و دژایەتیی زۆری ڕووبەڕوو دەبێتەوە؛ بۆیە ئەمە جیاوازیی لەگەڵ پرسی عەفرین و ڕۆژاوای فورات و ئۆپه‌راسیۆنی "چڵە زەیتۆن" دەبێت. هەرچەندە سیناریۆیەك لە ئارادایە كە لە ئەگەری بەشداریی هێزەكانی دیكەی پەراوێزخراوی كوردی (پێشمەرگەی ڕۆژاوا) لە ڕۆژاوا و دووركەوتنەوە لە پەكەكە و پڕكردنەوەی بۆشاییی ئەمریكا لە لایەن وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی (بۆ نموونە فەڕەنسا)، هاوكێشەكان گۆڕانی بەسەردا بێت؛ بەڵام جارێ ئەمە لاوازە و تەنیا لەسەر وەرقەیه‌.