لە پەراوێزی سەردانەکەی پۆمپیۆدا؛ ئێمە (کوردەکان) شەڕکەر نین، هاوکێشەین!

قەرەنی قادری

لەو چەند ڕۆژەدا، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی چەند لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی کەنداوی کرد. هەرێمی کوردستانیش بەشێک بوو لەو سەردانە کە لە پلانی کۆشکی سپیدا جێگەی بۆ کراوەتەوە و، تا ڕاددەیەکیش حیسابی هاوشان لەگەڵ ئەو وڵاتانە بۆ هەرێمی کوردستان کراوە، هەروەها هەر بەو سەردانەی "پۆمپیۆ"یش بۆ هەرێمی کوردستان، جارێکی تر پیشان درایەوە کە عێراق هەروا خاوەنی دوو پایتەخەتە بە ناوەندێتیی "هەولێر" و "بەغدا".

مەبەستی پۆمپیۆ لەو گەڕانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ ئەوەیە کە "گوشاری جددیتر بە ڕێگەی پرسی ئابووری و دیپلۆماسییەوە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی زیاتر بکات." جا بۆ ئەوی کۆشکی سپی ئەو مەبەستە بپێکێت، پێویستی بەوەیە کە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو لەگەڵ ئەمریکا هاوڕا بن تا گوشارەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بڕشتیان زیاتر بێت. دەکرێت هەر لەو ڕوانگەیەیشەوە سەیری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا بکرێت، ئەویش بە دابەشکردنی دەور بە هاوکێشەکانی تر لە سووریا تا ئەمریکا بۆ گوشار و لێدانی زەبری زیتری ئابووری و دیپلۆماسی لە کۆماری ئیسلامی، دەستی کراوەتر بێت.

لە ٩-١-٢٠١٩دا پۆمپیۆ لە هەولێر لەگەڵ مەسعوود بارزانی ڕێبەری سەربەخۆییخوازان کۆ بوویەوە. بە گوێرەی ڕاگەیاندنە ڕەسمییەکان و هەواڵە ڕەسمییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە، پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، شەڕی دژی تیرۆر و چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، باسی لێوە کراوە و، هەردوولا لەسەر ئەوەیش هاوڕابوون كە لە عێراقدا دەرفەتێكی تازە لە ئارادایە و وەزیری دەرەوەی ئەمریكایش جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی هاوبەشی هەرێم و بەغدا دەمێنێتەوە."

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە جیا کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، هەروەها مەسروور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان هەبووە و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانیش هەمان پرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تیرۆر، عێراق و پرس و کیشەکانی نێوان دوو پایتەخت (هەولێر و بەغدا) بوو. بێشک دەبێ باس لە پرسی کێشەکانی ئەمریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامییش کرابێت، چونکە سەردانەکەی پۆمپیۆ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، عێراق و هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو گوشارە دیپلۆماسی و گەمارۆ ئابوورییەیە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی و هەر لەو کۆڵانەیشەوە ئەمریکا بە دوای هاوپەیمان و یارمەتیدەر لەو بوارەدا دەگەڕێت.

لە دوای ڕیفراندۆم و ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە، ئەمەیان گرینگتر ڕووداوە کە کۆشکی سپی دەخوازێت، پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان نەک تەنیا نەپچڕێت، بەڵکوو قووڵتر لە جارانیشی بکاتەوە. بەڵام پێویستە پۆمپیۆ و بەرپرسە باڵاکانی تری ئەمریکا و ئەوروپا ئەوە بە باشی تێ بگەن و ئیتر خۆ لەوە بپاریزن کە کورد تەنیا وەکوو "شەڕکەر" لە ناوچەکەدا ببینن، چونکە کورد (هەرێمی کوردستان) لە جوگرافیای سیاسیی عێراقدا خاوەن ئاڵا، حکوومەت، پەرلەمان و دامەزراوەکانی تری حوکمڕانییە و پێویستە هەر لەو چوارچێوەیەدا سەیری کورد بکەن. لەسەر بەرپرسە باڵاکانی هەرێمی کوردستانیش ئەرکە کە لەو بوارەدا قسە و هەڵوێستی خۆیان هەبێت و بە ئاشکرا ئەمە بە ئەمریکی و ئەوروپییەکان بڵێن کە پەیوەندیی ئێوە بە ئێمەوە (کوردەکان) لەسەر بنەمای "جەنگاوەر" نییە، بەڵکوو بە بوونی هەرێمی کوردستان و دامودەزگە حوکمڕانییە ڕەسمییەکانییەوە، هاوکێشەیە و ئێوەیش پەیوەندی بە یەکەیەکی فیدراڵی و هاوکێشەیەکی ناوچەیییەوە دەکەن نەک گرووپێکی "شەڕکەر"ەوە. "بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێز" ئەرکێکی لەو چەشنە دەخاتە سەر شانی بەرپرسانی حکوومی و حزبییەوە لە هەرێمی کوردستان.

ئەزموونی پەیوەندیی ئەمریکا بە هێز و هاوکێشە نادەوڵەتییەکانەوە زۆر سەرکەوتوو نەبووە، چونکە لەژێر ناوی "جەنگاوەر" و "شەڕکەر"ەوە، ئەو هێزانەیان وەکوو "مقاش" بینیوە و هەر کاتێک کە ویستوویانە بە مقاشەکە پۆلووی ئاگریان پێ هەڵگرتووە یان ئەوەیا باری هەندێک هاوکێشەیان پێ لار کردووە!

کۆشکی سپی بڕیاری داوە کە لەو گەڕەی دانوستان و چاوپێکەوتنی وەزیری دەرەوی ئەمریکا لەگەڵ هاوکێشە ناوچەیییەکان کە هەرێمی کوردستانیش لەو بازنەیەدا جێگەی دەبێتەوە، گوشاری زیاتر بۆ کۆماری ئیسلامی لە دەڤەرەکەدا بێنێت، بۆیە ئەگەری ئەوە زۆرە کە کۆشکی سپی لەو پەیوەندییەدا گرینگییەکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان بدات. هەرێمی کوردستان هاوسنوورە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، کە ئەمەیان جێی سەرنجی بڕیاردەرانی واشنگتۆنە. هەرێمی کوردستان تایبەتمەندیی سیاسی، نەوتی، وزەیی و جیۆپۆلەتیکێکی باشی لە ناوچەکەدا هەیە و دەتوانێت بۆ دابینکردنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی (گشتی)ی خۆی یاریکەر بێت.

ئەو سەردانەی پۆمپیۆ بۆ هەرێمی کوردستان دەرفەتە، هەم بۆ باری ناوخۆ، پەیوەند لەگەڵ پرسی حکوومەتی عێراق و کێشە هەڵواسراو و کەڵەکەبووەکان، هەروەها لە ڕووداوە ئاڵۆز و تیژڕەوەکانی ناوچەکە کەڵکی لێ وەر بگرێت.

لە پاڵ ئەمەیشدا ئەگەری زۆرە کە کۆماری ئیسلامییش دەزگە دیپلۆماسی، ئەمنی و سوپایییەکەی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا لە جاران چالاکتر بەگەڕ بخاتەوە، چونکە یەکێک لەو مەیدانانەی کە کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا تێیدا ماسوولکە پیشانی یەکتر دەدەن، عێراقە کە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. چڕبوونەوەی ململانێی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی لە عێراق، یەکێک لەو پرسانەیە کە دەبێ ڕوو بدات. ئەو ئەگەرەیش  زۆر بەهیزە کە جارێکی تر و بەو زووانە هاتوچۆی دیپلۆماسی لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان وەگەڕ بکەوێتەوە و چاوەڕوانی ئەوەیش دەکریت کە وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی یان بەرپرسە باڵا حکوومی و سوپایییەکانی ئەو وڵاتە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.

بەلام بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت بە باشترین شێوە کەڵک لە دەرفەتەکان وەرگرێت و ڕووبەڕووی هەڕەشەکان ببێتەوە، پێویستە بە زووترین کات، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، حکوومەتی نوێ و پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی یەکلا بکاتەوە.

لە لایەک دۆخی هەستیاری ناوچەکە کە هەروا دەکوڵێت و بارگاوییە بە کێشەی زل و ئاڵۆز کە یەکێك لە تایبەتمەندییەکانی ئەوەیە هاوکێشە دەوڵەتییەکان لە هەوڵی ئەوەدان تا هاوکێشە نادەوڵەتییەکان بسڕنەوە یان ئەوەتا سنووردار یان بیانخەنە پەراوێزەوە، لە لایەکی ترەوە عێراقی قەیراناوی و کەڵەکەبوو بە قەیران و پرسی چارەسەرنەکراوە و هەڵواسراو، پرسی ڕێکخستنەوەی وڵات (هەرێمی کوردستان)ی کردۆتە بابەتێکی هەنووکەیی و پێویستە هەنگاوەکان بۆ بەگەڕخستنەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، حکوومەتی نوێ و سەرۆکی هەرێمی خێرا بکرێن و دوور بکەونەوە لە دانوستانی ماڕاتۆنی، چونکە کۆبوونەوەی درێژدادڕانە بێبەشمان دەکات لە کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتەکان، هەروەها دەکەوینە پەراویزی ڕووداوەکان و بە ئەگەری زۆریشەوە نەیاران و هاوکێشە دەرەکییەکان، کێشە و ناکۆکییەکان لە هەرێمی کوردستان قووڵتر بکەنەوە و، لە سەرووی هەموویانەوە چەت بخەنە سەر ڕێی پێکهێنانەوەی سێ دامەزراوەکەی هەرێمی کوردستان  بۆ ئەوەی بۆشایی سیاسی و یاسایی (پرۆسەی دانوستان) لە هەرێمی کوردستان تەمەندرێژتر بکەنەوە!

بەرژەوەندیی وڵات  لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە!