پەیامە ئاشکرا و شاراوەکانی پشت مافوورە سوورکەی بەغدا  

 

قەرەنی قادری

ڕۆژی پێنجشەممە (٢٢-١١-٢٠١٨) "مەسعوود بارزانی" بە یاوەریی شاندێك بۆ دیدار لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی عێراق و، تاوتوێكردنی پڕۆسەی سیاسیی ئەو وڵاتە و پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و پایتەختی عێراق، سەردانی بەغدای كرد و "فه‌رشی سوور"ی بۆ ڕاخرا. لە ماوەی دوو ڕۆژدا، بارزانی لەگەڵ زیاتر لە دە سەرکردە و پلە باڵای حکوومی، حزبی و کەسایەتی دیداری هەبووە و، بەشێک لە داواکارییەکانیان دەرخەری ئەمە بوو، کە ئەوان پێویستیان بە بارزانی هەیە تا باری لاری خۆیان ڕاست بکەنەوە.

پرسی بوودجەی هەرێمی کوردستان، بەشداریی ڕاستەقینەی کورد لە حکوومەتی داهاتووی عێراق، پرسی کەرکووک و سەرجەم ئەو ڕایەڵە سەرەکییانەی کە هەرێمی کوردستان بە عێراقەوە گرێ دەدەن، تەوەری باس و گفتوگۆی دیدارەکان بووە. ئەوەی ڕووی لە لایەنی عێراقییەکانە، پێویستە بیر لە شەراکەت و نەهێشتنی گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بکەنەوە، هەروەها بۆ دەستپێکێکی نوێ هەم لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هەمیش بۆ پرۆسەی سیاسیی عێراق، حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی دەبێ لە بەرانبەر هەرێمی کوردستاندا "نیازپاک" و سیاسەتێکی "ڕوون"ی هەبێت.

سەردانە دوو ڕۆژییەکەی مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕێبەری بزووتنەوەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی، بۆ بەغدای قەیراناوی، دەتوانێت دیمەنێکی تر بە عێراق ببەخشێت. پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق، بەتەنیا بوو بە خاوەنی بیست و پێنج کورسی، کە لەسەر ئاستی عێراق بوو بە یەکەم؛ هەروەها لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بە مسۆگەرکردنی ٤٥ کورسی لە کۆی ١٠٠ کورسیی گشتیی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بۆتە هاوکێشەیەکی زل و نکۆڵیی لێ ناکرێت. بەغدانشینان ئەمانە بەباشی دەخوێننەوە، هەروەها ئەوەیشیان لەبەر چاوە کە مه‌ودای نێوان حزبی یەکەم (پارتی دیموکراتی کوردستان) لەگەڵ حزبی دووەم لە هەرێمی کوردستان (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) ٢٤ کورسییە؛ بێ شک ئەمەیش دەبینن و خوێندنەوەی سیاسیی بۆ دەکەن.

سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغدا ئەو دەرگەیەیش دەکاتەوە کە جارێکی دیکەیش دەرفەت بە بەغدا بدرێتەوە کە لە ئاست پرس و کێشەکانی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بیرێکی جددی بکەنەوە، هەروەها لە پرسی حوکمڕانی لە بەغدایش بە شێوەی جاران بیر نەکەنەوە. پیلانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و زنجیرە ڕووداوەکانی پەیوەست بەو، دەمامکی لە ڕووی بەشێکی هەرە زۆر لە سیاسەتوانانی عێراق داماڵی کە چۆن بیر لە کورد و هەرێمی کوردستان دەکەنەوە. هەر بۆ وەبیرهێنانەوە، خاوەنانی ئەم هزرە هەمیشە لە بۆسەدان و دەتوانن لە هەڵگەڕانەوەیەکدا و بە شێوازی جۆراوجۆر یارییەکە دەست پێ بکەنەوە؛ بۆیە وریایی لەو بوارەدا مەرجێکی سەرەکییە.

سەردانەکەی بارزانی لە ڕوانگەی سیاسەتوانانی عێراقی ئەوەیە، کە لە هەرێمی کوردستان ئەو قورسایییە بدۆزنەوە بۆ ئەوەی هەم دەوری نێوبژیوانی لەناو عێراقییەکاندا هەبێت (دەبێ مەبەستێکی شاراوەیش ئەوە بێت کە بە پرس و کێشەی عێراقەوە سەرقاڵی بکەن) و هەمیش بە ڕێگەی ئەو قورسایییەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕۆ بنێنەوە کە دوای ڕیفراندۆم، ١٦ی ئۆکتۆبەر و ڕووداوەکانی پەیوەست بە ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق گرژی دروست بوو، تەنانەت هێزی ڕەقی دوو لایەن ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە. لووتکەی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیەیش شەڕی پردێ و سحێلا بوو، کە بە زەبری هێزی پێشمەرگەی کوردستان مەکینەی جه‌نگیی حکوومەتی عێراق و سوپای قودس لەناو قوڕدا عاسێ بوو و پەکی کەوت!

ئەو سەردانەی بارزانی، دەتوانێت هەم دەرفەتێک بێت بۆ عێراق کە بیر لە پەیوەندییەکی سیستەماتیک و ڕەسمی لەگەل هەرێمی کوردستان بکاتەوە و هەمیش پەیوەندییەکانی لەگەڵ باشووری کوردستان بەدامەزراوەیی بکات؛ واتە تەنیا لە کۆڵانی دامەزراوە ڕەسمییەکانی هەرێمی کوردستانەوە (حکوومەتی هەرێمی کوردستان) پرس و کێشەکان بێنێتە گۆڕێ و دەست نەخاتە ناو کاروباری هەرێمی کوردستانەوە. ١٦ی ئۆکتۆبەر و ڕووداوەکانی دوای ئەو، ئەوەمان بەبیر دێننەوە کە حکوومەتەکەی عەبادی و سوپای قودس بەئاشکرا کێشەیان بۆ هەرێمی کوردستان دەنایەوە و دەستیان خستە ناو کاروباری هەرێمی کوردستانەوە.

پێویستە بەغدانشینان باش له‌وه‌ تێ بگەن کە نانەوەی ئاژاوە، یان قۆستنه‌وه‌ی کێشە و ناکۆکییە ناوخۆیییەکانی هەرێمی کوردستان نەك تەنیا بۆ ئەوان سوودی نابێت، بەڵکوو لەوانەیە بەپێچەوانە بشکێتەوە و ببێتە هەڕەشە بۆ سەر عێراق. وا باشە تەنیا کۆڵانێک کە گشت پرس و کێشەکانی نێوان دوو پایتەختی پێدا دەرباز بێت، هەر هەولێر و بەغدا بێت. مەبەستی بەشێک لە سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغدا، دەبێ هەر ئەوە بێت.

هەر بۆیە بۆ حکوومەتی ئێستای عێراق، ئەمە دەرفەتێکی نوێیە کە لانی کەم ئەو کێشە و گرفتانەی کە حکوومەتەکەی عەبادی بۆ هەرێمی کوردستانی نایەوە، ڕایان ماڵێت و لە کردەوەدا متمانە لە نێوان بەغدا و هەولێر ڕۆ بنێت؛ کە ئەمەیشیان لەوەدا خۆ دەبێنێتەوە کە تەنیا نوێنەری هەرێمی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. ئەمەیش یەکێک لەو ڕێگەیانەیە کە بەر بە دەستخستنە ناو کاروباری هەرێمی کوردستان دەگرێت کە بەشێک لە شۆڤێنییەکانی عێراق و دەستوپێوەندەکانی کۆماری ئیسلامی، حەزیان لەو چەشنە یارییەیە. دەکرێت لەو ڕوانگەیەیشەوە باس لە سەردانەکەی بارزانی بکرێت، کە سەرەتایەک بێت بۆ کۆتاییی پیلانە دوورودرێژەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر و  بنکۆڵکردنی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغدانشینانەوە.

ئەو سەردانە گەرچی لە بەرژەوەندیی عێراقیشدایە و ئەمەیش بۆ سروشتی سیاسەت و دانوستان دەگەڕێتەوە، بەڵام کاکڵە سەرەکییەکە، پرس و کێشە هەڵواسراوەکانی هەرێمی کوردستانن کە حکوومەتی داهاتووی عێراق ناچار دەکات بەجددی و لە ماوەیەکی دیاریکراوەدا وه‌ڵامیان بداتەوە، هەروەها سیاسەتێکی ڕوونیشی بۆ ئێستای نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هەبێت.

سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغدا یارمەتییەکی باش و دەرفەتێکی گونجاویش بۆ حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنێت کە بە هێز و توانایەکی زیاترەوە لەگەل بەغدا دانوستان بکات و لە ئاستێکی بەرزترەوە بڕوانێتە کێشەکان، هەروەها لە بەرانبەر بەغدا بنەمای سیاسەتێک و چەشنێک لە پەیوەندی ڕۆ بنێت، کە لەگەڵ جاران زۆر جیاواز بێت!