هەڵبژاردنی نێوان-خولی لە ئەمریكا ‌و، كاریگەریی لەسەر ئیدارەی دۆناڵد ترامپ  

 

سەروەر حەمە، مامۆستا لە كۆلێژی یاسا ‌و زانستە سیاسییەكان/ زانكۆی سەڵاحەددین

دەستپێك

ڕۆژی سێشەممە، ڕێكەوتی 6ی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبەری 2018، هەڵبژاردن بۆ تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و، 35 ئەندامی _سیناتۆر_ ئەنجومەنی پیران ‌و، دادوەری _حاكم_ 36 ویلایەت لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەنجام دەدرێت. ئەم هەڵبژاردنە بە تاقیكردنەوەیەكی چارەنووسساز دادەنرێت، چونكە ڕوخساری نوێی كۆنگرێسی ئەمریكا و، نیوەی دووەمی ویلایەتی دۆناڵد ترامپ ڕەنگڕێژ دەكات. لە هەمان كاتدا كاریگەریی لەسەر  هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیی ئەو وڵاتە دەبێت. بۆ ئەم هەڵبژاردنە دیموكراتەكان گەشبینن كە پێگەكەیان بەهێز بكەن ‌و كورسییەكانیشیان زیاتر بكەن و، كۆمارییەكانیش لە هەوڵی مانەوە ‌و پاراستنی كورسییه‌كانیانن لە هەر دوو بەشەكەی كۆنگرێس. ئێمە لە چوارچێوەی ئەم وتارەماندا، دەمانەوێت تیشك بخەینە سەر ناساندنی چەمكی هەڵبژاردنی نێوان-خولی ‌و، كاریگەریی هەڵبژاردنی نێوان-خولی لەسەر ئیدارەی دۆناڵد ترامپ.

چەمكی "هەڵبژاردنی نێوان-خولی" (US midterm elections)

دەسەڵاتی یاسادانان لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ناسراو بە "كۆنگرێس" (Congress) لە دوو بەش پێك دێت، كە بریتین لە "ئەنجومەنی نوێنەران" كە ژمارەیان 435 ئەندامە، لەگەڵ "ئەنجومەنی پیران" كە ژمارەی ئەندامەكانی 100 كەسە. كۆنگرێسی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، دەسەڵاتەكانی یاسادانانی لە نێوان هەر دوو ئەنجومەنەكەدا دابەش كردووە؛ بە جۆرێك ئەنجومەنی پیران نەخشەی سیاسەتی گشتیی وڵات دەكێشێت ‌و، ئەنجومەنی نوێنەرانیش ئەركی چاودێری ‌و نوێنەرایەتیی گەل ‌و، دانان ‌و دەركردنی یاساكان جێبەجێ دەكات. لە بواری داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەیشدا، كۆنگرێسی ئەمریكا ڕۆڵێكی زۆر گرنگی هەیە، بەتایبەت لە بواری ڕەزامەندیدەربڕین لەسەر واژووكردنی پەیماننامە ‌و ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان ‌و، ڕاگەیاندنی شەڕ ‌و جەنگ ‌و، ڕەزامەندیدەربڕین لەسەر پەسەندكردنی كاندیدەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە دامەزراندنی باڵوێز ‌و سەفیرەكاندا، هەروەها جووڵاندن ‌و ڕەوانەكردنی هێزی سەربازی بۆ دەرەوەی سنوورەكانی وڵات، پێویستیی بە وەرگرتنی ڕەزامەندیی كۆنگرێسە.

وا بڕیارە لە 6ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، دەنگدەرانی ئەمریكی لە هەڵبژاردنی "نێوان-خولی"دا، دەنگ بۆ 35 كورسیی ڕیپێدراو لە ئەنجومەنی پیران و، 435 كورسیی ئەنجومەنی نوێنەران و، 36 حاكمی نوێ‌ بۆ ویلایەتەكان بدەن. ئەم هەڵبژاردنە بۆیە پێی دەگوترێت هەڵبژاردنی نێوان-خولی، چونكە دوای تێپەڕبوونی نیوەی ماوەی سەرۆكایەتیی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان ئەنجام دەدرێت. كەواتە دەكرێت بڵێین هەڵبژاردنی نێوان-خولی، هەڵبژاردنە بۆ دیاریكردنی ئەندامانی هەر دوو ئەنجومەنی كۆنگرێس _ئەنجومەنی پیران و نوێنەران_؛ لە هەندێك لە ویلایەتەكانیش كە ژمارەیان 36 ویلایەتە دەنگ بۆ هەڵبژاردنی حاكمی نوێ‌ دەدرێت. لەم خولەی كۆنگرێسدا، كۆمارییەكان لە ئەنجومەنی پیران خاوەنی 51 كورسین، لە بەرانبەر 47 كورسیی دیموكراتەكان و دوو كورسیی سەربەخۆكان. لە ئێستادا هەڵبژاردنی نێوان-خولی بۆ 9 كورسیی كۆمارییەكان لە ئەنجومەنی پیران و 2 كورسیی سەربەخۆ و 24 كورسیی دیموكراتەكان بەڕێوە دەچێت.

لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەم خولەیشدا، كۆمارییەكان خاوەنی زۆرینەیەكی 236 پەلەمانتارین، لە بەرانبەر 193 پەرلەمانتاری دیموكراتەكان، لەگەڵ بوونی 6 كورسیی بەتاڵ. هەڵبژاردنی ئەم جارەی نێوان-خولی، بۆ سەرجەم كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت. لە هەمان كاتدا هەڵبژاردن بۆ 36 حاكمی نوێ‌ لە 36 ویلایەت دەكرێت لە كۆی گشتیی 50 ویلایەتی فیدراڵی.

كاریگەریی هەڵبژاردنی نێوان-خولی لەسەر ئیدارەی دۆناڵد ترامپ

دەسەڵاتی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە لایەن كۆنگرێسەوە بە هەر دوو بەشەكەیەوە چاودێری و كۆنترۆڵ دەكرێت. بەڵام، كاتێك ئەو حزبەی هەر دوو جومگەی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانانی بەدەستەوە دەبێت، دەستكراوەتر دەبێت و بڕیارەكانی ئاسانتر بۆ جێبەجێ دەكرێت.

لە ئێستادا حزبی كۆمارییەكان ئیدارەی كۆشكی سپی و، هەر دوو ئەنجومەنی كۆنگرێسی لەژێر دەستدایە و، ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە ئاراستەی ئاییندەی سیاسەتەكانی ئیدارەی ترامپ دەستنیشان دەكات. ئەگەریش هات و كۆمارییەكان بەردەوام بن لە كۆنترۆڵكردنی كۆنگرێس، ئەوا ئەمە مانای ئەوەیە خەڵكی ئەمریكا ئەو بڕیار و پلانانەی ئەم ئیدارەیان لە لا پەسەندە. ئەمەیش ئیرادەی ترامپ بەهێزتر دەكات بۆ بەردەوامبوون لەسەر هەمان ڕێڕەوی ئێستای. ئەم هەڵبژاردنانە یەكەم تاقیكردنەوەی حوكمڕانیی ئیدارەكەی دۆناڵد ترامپە و، دەروازەیەكیشە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كە لە نۆڤەمبەری 2020 بەڕێوە دەچێت. هاوكات ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنانە وەك ڕیفراندۆمێك وایە بۆ خەڵكی ئەمریكا لەسەر پرسە ناوخۆیی و دەرەكییەكان.

مانەوەی كۆمارییەكان وەك هێزی باڵادەست لە كۆنگرێسدا و زیادكردنی دەنگەكانیان، ئاماژەی داگیرسانی گڵۆپی سەوزە بۆ سیاسەت ‌و بەڵێن و دنیابینیی ئیداری ترامپ بەرامبەر بە جیهان و زیادكردنی ئەگەری درێژكردنەوەی حوكمڕانییەكەی بۆ چوار ساڵی دیكەیش لە دوای تشرینی دووەمی 2020. سەركەوتنی كۆمارییەكان لەم هەڵبژاردنەدا، نیوەی دووەمی حوكمی ویلایەتەكەی ترامپ زۆر ئاسانتر دەكات، چونكە دەرچەیەكی باش دەبێت بۆ جێبەجێكردنی بەشێكی دیكە لەو یاسایانەی كە ئیدارەی ترامپ مەبەستێتی بیانخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، لە نموونەی توندكردنی یاساكانی كۆچ.

بۆیە ئەگەر كۆمارییەكان توانییان زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەست بهێنن، ئەوە دەیسەلمێنێنن كە ئەمریكییەكان لە سیاسەتی كاركردنی ترامپ ڕازین و، بەپێچەوانەیشەوە دەردەكەوێت كە ڕەخنەیان لە سیاسەتەكانی سەرۆك هەیە. بەڵام، مۆتەكە ‌و ئەگەری نەخوازراو بۆ سەرۆكی ئێستای ئەمریكا، خۆی لە سەركەوتنی دیموكراتەكاندا دەبینێتەوە لە هەڵبژاردنی نێوان-خولیدا. واتە سەركەوتنی دیموكراتەكان و كۆنترۆڵكردنی هەر دوو خانەی كۆنگرێس و زیادكردنی دەنگیان، مانای ڕەتكردنەوەی سیاسەت و بەڵێن و دنیابینیی ئیدارەی ترامپە. لە هەمان كاتدا ئەگەری ورووژاندنی تۆمەتباركردنی سەرۆك بە مەبەستی لابردنی لە پۆستەكەی زیاد دەكات لە پەیوەست بە لێكۆڵینەوەی دەستێوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ساڵی 2016دا. ئەمە جگە لەوەی كارتی بردنەوەی سەرۆكایەتی لە ساڵی 2020 لە لایەن دیموكراتەكانەوە بەهێزتر دەكات و، ئەگەری گەڕانەوەی ئەمریكا بۆ سەر ڕێڕەوی سیاسەتی پێشووی حزبی دیموكراتیش زیاتر دەكات.

جگە لەوەی لە حاڵەتی بردنەوەی زۆرینەی كورسییەكانی هەر یەك لە دوو ئەنجومەنەكە لە لایەن دیموكراتەكانەوە، تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژەیاسا و بڕیارانەی پێویستیان بە پەسەندكردنی كۆنگرێس هەبێت، هێندە ئاسان نابێت و ترامپ ناچار دەبێت دانوستاندن بكات و قەناعەت بە ئەندامانی دیموكرات بۆ بەدەستهێنانی دەنگ بهێنێت. بە ڕای "ڕودی گیلیانی" (Rudy Giuliani)، پارێزەری تایبەتی دۆناڵد ترامپ، هەڵبژاردنی نێوان-خولی، خۆی لە دوورخستنەوە و مانەوەی ترامپدا دەبینێتەوە و، پێی وایە ڕێوشێنەكانی دوورخستنەوە دەست پێ دەكات ئەگەر دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران ببنە زۆرینە.

ئەگەر دیموكراتەكان كۆنگرێس كۆنترۆڵ بكەن، چاوەڕوان دەكرێت ڕووبەڕووی كۆمەڵێك یاسا ببنەوە كە ترامپ هەوڵی جێبەجێكردنیان دەدات و دیارترینیان بەدەستهێنانی پارەیە بۆ دروستكردنی دیواری جیاكەرەوە لەگەڵ مێكزیكۆ و ڕەتكردنەوەی ئەو سیسته‌مە تەندروستییەی كە باراك ئۆباما دای نابوو بە ناونیشانی ئۆباما كەیر (Obamacare).

بە شێوەیەكی گشتی ئەو حزبەی _كۆماری یان دیموكرات_ زۆرینەی كۆنگرێس بەدەست بهێنێت، ململانێ لەسەر هەندێ لە یاسا گرنگەكان یەكلا دەكاتەوە، لەگەڵ هەندێك لە سیاسەتەكانی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كە دیموكراتەكان دژین و كۆمارییەكانیش پشتیوانیی جێبەجێكردنی دەكەن.

لێرەدا دەكرێت بڵێین له‌ هەڵبژاردنی نێوان-خولیدا ‌و، لە ئەگەری دەرچوونی كۆمارییەكان یاخود دیموكراتەكان، كاریگەریی لەسەر ئیداره‌ی ئێستای كۆشكی سپی بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترامپ دەبێت؛ بە جۆرێك كاریگەرییەكە لەسەر ئیدارە ترامپ لە حاڵەتی بردنەوەی كۆمارییەكان ئەرێنی دەبێت و، بەپێچەوانەیشەوە كاریگەرییه‌كە لەسەر ترامپ ‌و ئیدارەكەی لە دۆخی بەدەستهێنانی زۆرترین كورسیی كۆنگرێس لە لایەن دیموكراتەكانەوە، نەرێنی دەبێت.

كۆتایی

لە ناوەڕاستی خولی سەرۆكایەتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا سەرجەم كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و یەك لەسەر سێی كورسییەكانی ئەنجومەنی پیران ڕكابەرییان لەسەر دەكرێت. ئەم دوو ئەنجومەنە كۆنگرێسی ئەمریكا پێك دێنن.

هەموو دوو ساڵ جارێك 435 كورسیی ئەنجومەنی نوێنەران دەخرێنە دەنگدانەوە. بەپێی ژمارەی دانیشتووانی هەر ویلایەتێك ژمارەی نوێنەرەكانیان دیاری كراون. ئەندامانی ئەنجومەنی پیران شەش ساڵ جارێك هەڵدەبژێردرێن، بەڵام هەموو دوو ساڵ جارێك 33 بۆ 35 لە كۆی 100 ئەندامەكەی هەڵبژاردنیان بۆ دەكرێت. بەبێ گوێدانە قەبارە و ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەكان، هەر ویلایەتە دوو نوێنەر دەنێرێتە ئەنجومەنی پیران. هەڵبژاردنەكانی نیوەی خولی سەرۆكایەتی، وەك ڕیفراندۆمێك وایە لەسەر كارەكانی ئیدارەی سەرۆكی فەرمانڕەوا. ئەنجامی هەڵبژاردنەكان كاریگەریی لەسەر كارنامەی چوار ساڵی داهاتووی كۆماری و دیموكراتەكان دەبێت. هەڵبژاردنەكە بە تاقیكردنەوەیەكی چارەنووسساز دادەنرێت بۆ دیاریكردنی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ساڵی 2020. لە مێژووی ئەمریكادا 39 جار هەڵبژاردنی نێوان-خولی بەڕێوە چووە و 36 جار حزبی سەرۆك شكستی هێناوە.