ئەفغانستان و سووریا لە دیپلۆماسیی تەلەفۆنی و تویتەریی ترامپدا

قەرەنی قادری

ناسینی ترامپ و کۆدەکانی ئەو لە سیاسەتدا ئاسان نییە، چونکە لە چرکەساتدا بۆی هەیە هەڵوێستەکانی بگۆڕێت؛ هەر بەو پێیەیش ئەوەی یان ئەوانەی بیانه‌وێ سیاسه‌تی له‌گه‌ڵدا بکەن، دەبێ بەردەوام چاوەڕوانی هەڵوێستی "جاڵە"ییی ئەو بن لە سیاسەتدا. تەنانەت ئەو هەڵوێستە خێرایانەی ترامپ، کابینەکەی خۆیشی دەگرێتەوە. هەر لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا، ٢٨ کەس لە کابینەکەی ترامپ، یان بەرپرسی باڵا، دەستیان لە کار کێشاوەتەوە یان وەلاوە نراون.

ئەم چەشنە سیاسەتکردنەی ترامپ تەنانەت تەکووزی سیاسی و سیاسەتی ئابووریی ئەوروپایشی تووشی قەیران کردووە، چونکە تا ئێستا ڕووبەڕووی کەسێکی وا نەبوونەتەوە کە زۆربەی هەرە زۆری کاتەکان لە ڕوانگەیەکی ڕووتوقووتی ئابوورییەوە کە بڕبڕەی پشتی سیاسەتە، خوێندنەوە بۆ ڕووداوەکان دەکات و هەڵوێستی بەدوادا دێت؛ کە ئەمەیشیان لە جیهانی سیاسەتدا و بەو شێوەیە شتێکی نوێیە.

فەرمانە تویتەرییەکەی ترامپ سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، ڕێک باس لە جووڵە خێراکەی ترامپ لە سیاسەتدا دەکات و، هەر بە دوای ئەویشدا دەوری هاوکێشەکان گۆڕانیان بەسەردا هات. ترامپ دەپرسێت: "ئاخۆ ئەمریکا دەخوازێت ببێتە ژاندارمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کاتێکدا لە بەرانبەر ئەم کارانە هیچ شتێکی دەست ناکەوێت و، تەنیا گیانی سەربازەکانی دەکەوێتە مەترسییەوە و تێچووەکەیشی بە ملیار دۆلارە؟"

سەبارەت بە پرسی ئەفغانستانیش هەروا بیر دەکاتەوە و بنەمای بڕیارەکەیشی بۆ ئەفغانستان ڕێک وەکوو سووریا وایە. هەر بەپێی بڕیاری ترامپ، لە ١٤ هەزار سەربازی ئەمریکی، بڕیارە ٧ هەزار سەبازی ئەو وڵاتە ئەفغانستان بەجێ بێڵن؛ ئەوەیش لە کاتێکدایە هێزەکانی تالیبان دەسەڵاتیان بە سەر نزیکەی (٥٠٪)ی خاکی ئەو وڵاتەدا هەیە، هەروەها لە ساڵی ٢٠٠١ەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢ هەزار و ٤٠٠ سەربازی ئەمریکی کوژراون و تێچووی جەنگی ئەفغانستانیش بۆ ئەمریکا زیاتر لە ٩٠٠ ملیار دۆلار بووە.

بەشێک لە کارناسان پێیان وایە کە کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا لە بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامیدایە و ئەگەری ئەوەیش زۆرە کە تاران چەک و هێزی زیاتر بۆ سووریا بنێرێت. بەڵام بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل، هەر ڕێک دوای بڕیارەکەی ترامپ ڕای گەیاند: "خەباتی ئیسڕائیل دژ بە بوونی کۆماری ئیسلامی لە سووریا، خەستتر دەبێتەوە." ئایا کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا هەروەکوو کشانەوەی ئەمریکای سەردەمی ئۆباما وایە کە دەستی کۆماری ئیسلامیی لە عێراقدا زیاتر کردەوە؟

بەپێچەوانەوەی ئەم تێڕوانینانە، ئەمریکا بە کشانەوەی لە سووریا هاوکێشەکان لە ناوچەکەدا (لەوانە تورکیا) تووشی سەرقاڵیی زیاتر بە پرسی سووریاوە دەکات بۆ ئه‌وه‌ی دەوری هاوکێشە ناوچەیییەکان (هاوکێشە دەوڵەتییەکان) زەقتر ببێتەوە؛ لە لایەکی تریشەوە، دەرفەتێک بێت بۆ کۆشکی سپی تا دەستی کراوەتر بێت بۆ ئەوەی سیاسەتەکانی لە ئاسمانی ئێراندا دژ بە کۆماری ئیسلامی چڕتر بکاتەوە. هەر بەم ڕێگەیەوە هێزەکانیشی لە ناوچەکەدا تەنیا لە چەند شوێنێك کۆ بکاتەوە. جێی وەبیرهێنانەوەیە کە ماوەیەکە بەرپرسە سوپایی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی، هەڕەشەی ئەوە لە ئەمریکا دەکەن کە ئەو توانایەیان هەیە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکەنە ئامانج. وا وێدەچێت سیاسەتی سوپاییی ئێستای ئەمریکا لە ناوچەکەدا، لەسەر بنەمای چڕیی هێز و بنکە سوپایییەکانی ڕۆ بنێت.

بەڵام ئەوەی جارێ زۆر ڕوونە، ئەو هەڵوێستەی ترامپ سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، سەرنج و ڕای گشتیی ناوچە و جیهانی لەسەر ڕادەستکردنەوەی فەتحوڵڵا گولەن بە تورکیا و پرسی کوشتنی خاشقچی، ڕۆژنامەوانی سعوودی و ئەو گوشارانەی سەبارەت بەو دۆسیەیە کە زۆرتر لە لایەن تورکیاوە خرابوونە سەر سعوودیا، چوونەتە پەراوێزەوە؛ هەروەها لە ئێستادا پرسی هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئیسڕائیل لەگەڵ سعوودیا بۆ دژایەتیی کۆماری ئیسلامی، لە پرسە گرینکەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیلە. ئەمەیشیان ڕێک لە کاکڵی قسەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل دەچێت کە سەبارەت بە دۆسیەی خاشقچی و دەوری به‌رپرسە باڵاکانی سعوودیا لەو دۆسیەدا کە بەردەوام لەژێر گوشاردا بوون گوتبووی: لەو پەیوەندییەدا، پێویستە سەبارەت بە گرینگیی سعوودیا لە ناوچەکەدا ڕەچاوی هاوسەنگیی دیپلۆماسی بکەین و خۆمان لە گوشاری زیاتر بۆ سەر عەرەبستان بپارێزین.

ئایا بە کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا، ئەوە کوردەکانن دەبنه‌ قوربانیی ئەو دانوستانەی کە جارێ بەشێکی ناڕوونە و له‌سه‌ر کات ده‌وه‌ستێت؟ هەروەها ئەو هەڵوێستەی ترامپ ئەو دەرفەتەیش بۆ ئەردۆغان دەڕەخسێنێت کە لە ڕۆژاوا و باکووری کوردستاندا سیاسەتی هێرشبەرانەتر پەیڕەو بکات، یان وەکوو ئەوەی کە ڕۆژنامەی "فیگارۆ"ی فه‌ڕەنسی نووسیویه‌تی: "هەر ئێستا تورکیا وەکوو کۆگه‌ی باڕووتە و خەریکە مەکینەی دەبابەکانی بۆ لێدانی کوردەکان گەرم دەکات."

بە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا، کێ جێگەی ئەمریکا پڕ دەکاتەوە؛ ئایا ئەو ئەرکە بە فەڕەنسا دەدرێت یان ئەوەتا تورکیا لە سووریا و لە ڕۆژاوای کوردستاندا تەڕاتێن دەکات؟ جێی وەبیرهێنانەوەیە کە بڕیارەکەی ترامپ سەبارەت بە سووریا، دوای وتووێژە تەلەفۆنییەکەی ترامپ لەگەڵ ئەردۆغان بوو. دەرچوونی هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا، دەکرێت ئاوایش لێک بدرێتەوە کە بۆ باشترکردن و ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان ئانکارا و واشنگتۆنە کە ماوەیەکە ساردیی تێ کەوتووە. دەبێ هەوڵی ترامپ ئەوە بێت کە هەم سیاسەتی دابەشکردنی دەور لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگرێته‌ به‌ر- کە بەشێکی بەر تورکیا دەکەوێت- هەمیش بەو ڕێگەوە بەر بەوە بگرێت کە تورکیا نەکەوێتە ناو جغزی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا لە سووریادا؛ هەروەها تورکیا بکاتە هاوکێشەیەک کە بتوانێت لە سووریا شان لە شانی ڕووسیا و کۆماری ئیسلامی بدات. لە لایەکی ترەوە هێنانەوە بەرباسی پرسی فرۆشتنی سیستەمی بەرگریی پاتریۆت و فڕۆکەی جه‌نگیی ئێف ٣٥ی ئەمریکییش بە تورکیا، یەکێک لەو دەستندە سیاسی و سوپایییەیە کە بە جێبەجێکردنی دەتوانێت کەلێنی زیاتر لە نێوان تورکیا و ڕووسیادا دروست بکات.

کۆبەند

ئەوەی کە لەناو ئەو ئاڵۆزییەی سیاسەت و تێکچڕژانی بەرژەوەندییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەت لە سووریا بەرچاو دەکەوێت، سیاسەتەکانی کۆشکی سپییە کە سێرە لە کۆماری ئیسلامی دەگرێت؛ چونکە ئاماژەکان باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا خەریکە سووریا بۆ چەندان هاوکێشە- لەوانە کۆماری ئیسلامی- بەجێ دێڵێت و، تا مەکینەی جەنگیی کۆماری ئیسلامی لەناو زەلکاوی سووریادا باشتر حاسێ بێت کە ئەمەیان تێچووی ماددی و مرۆڤیی بۆ کۆماری ئیسلامی گەلێک زۆره‌ و، ئەمەیش لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی بە هۆی گوشارەکانی ئەمریکاوە خەریکە لە ناوەوە لە ڕێسمە دەربچێت. پێویستە ئاماژەیش بەوە بدرێت کە دەور و کارتێکەریی هاوکێشە دەوڵەتییەکان، تا دێت زەقتر و بەرچاوتر دەبێتەوە، کە بنەمای کاریشیان پرسی ئاسایشی نەتەوەیی و یەکپارچەییی خاکیانە؛ هەر بەو پێیەیش دەوری هاوکێشە نادەوڵەتییەکان کەمتر و کەمڕەنگتر دەبێتەوە.