بانگەشەى هەڵبژاردن لەژێر گوتارى ناتوندوتیژیدا  

 

بێستون  عومەر نورى / مامۆستاى زانستە سیاسییەکان / زانکۆى سەڵاحەددین

دەستپێک

مێژووى مرۆڤایەتى بە سەر دوو  هزردا دابەش دەبێت: هزرى  توندوتیژى، کە تێیدا "هێز" سه‌نتەرە و،  هزرى ناتوندوتیژى، کە تێیدا "عەقڵ" سەنتەرە. بەڵام لەبەر ئەوەى مرۆڤایەتى ئەوەندە بەدەست هزرى توندوتیژییه‌وه‌ چەوساوه‌تەوە، بۆیە توێژەران و ڕۆشنبران و تیۆریستان زیاتر تێڕوانینەکانیان بۆ لێکۆڵینەوە بووە لە هزرى توندوتیژى و هێز. ئەمەیش هیچ لە بایەخى ناتوندوتیژى کەم ناکاتەوە بەڵکوو پێویستە زیاتر هەڵوه‌ستەى لەسەر بکەین، بۆ ئەوەى ببێتە مۆدێلێکى باو لە کۆمەڵگه‌دا. هەروەها  هەڵبژاردنیش  بە یەکێک لە پایەکانى دیموکراسى دادەنرێت،  بەڵام مەرج نییە هەر دەوڵەتێک هەڵبژاردنى تێدا ئەنجام بدرێت،  بە دەوڵەتێکى  دیموکراس دابنرێت، بەڵکوو ئەوەى لێرەدا بڕیار دەدات ئەوەیە، کە تاچەند لایەنەکان  پابەند دەبن  بە ئەنجامەکان و گیانى یەکترقبووڵکردنیان هەیە و، دەستاودەستى دەسەڵات بەبێ توندوتیژى ئەنجام دەدرێت. چونکە هەندێ دەوڵەت هەڵبژاردنى تێدا ئەنجام دەدرێت بەڵام دیموکراسیى تێدا نابینرێت و، تەنیا وەک ئامرازێک لە  پێناو بەرژەوەندییە تایبەتییەکانى خۆیان بەکارى دەهێنن بۆ ئەوەى ڕەوایەتى بە خۆیان بدەن.

گوتارى ناتوندوتیژى

کاتێک باس لە گوتارى ناتوندوتیژى دەکەین، ماناى ئەوەیە گوتارى توندوتیژى بوونى هەیە و، بۆتە مۆدێلێکى باو  لە مۆدێلەکانى ژیانى ئێستاى کۆمەڵگه و، کاتێک  قسە لەسەر گوتارى  ناتوندوتیژى دەکەین، ڕاستەوخۆ وابەستەى دەکەین بە "عەقڵ و ژیرى"ی مرۆڤەوە؛  چونکە  لەو کاتەدا عەقڵ پێش بڕیاردان دەکەوێت؛ واتا بیر دەکاتەوە ئینجا گوتارەکانى خۆى دەردەبڕێت. هەروەک فەیلەسووف "ئەرستۆ" عەقڵ دابەش دەکات بۆ دوو جۆر: یەکەمیان "عەقڵى هەڵچوو"،  ئەو عەقڵەیە  وێنەکان تەنیا بە ڕووکەش دەبینێت و زۆر بیر ناکاتەوە و  زۆر بەخێرایى بڕیار دەدات؛ بەڵام دووەمیان "عەقڵى هەڵنەچوو"، واتا چالاک،  ئەو عەقڵەیە کە وێنەکان دەبینێت و شیکردنەوەى تەواوى بۆ دەکات، ئینجا بڕیار دەدات و بڕیارەکانى ئه‌رێنی ده‌بن.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووى هزرى ناتوندوتیژى، دەبینین کۆمەڵە کەسانێک دەبینرێن هەڵگرى ئەم هزرەن؛ دیارترینیان "گاندى" کە شۆڕشى سپیى دژى داگیرکاریى بریتانیا بەرپا کرد، بەبێ ئەوەى پەنا بۆ گوتارى توندوتیژى ببات و، هەروەها لە جه‌نگى نێوان موسڵمانان و هندۆسەکاندا بە هەمان شێوە لە پێناو  کۆتاییهێنان بەم جه‌نگە، مانگرتنى خۆى لە خواردن ڕاگەیاند و تێیدا سەرکەتوو بوو، بەبێ پەنابردن بۆ گوتارى توندوتیژی. هەروەها نموونەیەکى تر، "نیلسۆن ماندێڵڵا"، دواى ئەوەى 26 ساڵ و 6 شەش مانگ بەند کرا، دواى ئازادکردنى لە بەندینخانە لە یەکەم وتاردا ئاماژەى بەوە کرد و گوتى: "ئەوەى ڕۆیى، ڕۆیى؛ کار لەسەر خۆشگوزەرانیى داهاتوو دەکەین"؛ مەبەستى ئەوە بوو ئێمە ناگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو،  بەڵکوو کار دەکەین بۆ گەیشتن بە خۆشگوزەرانى لە داهاتوودا.

گوتارى کاندیده‌كان لە هەڵمەتى هەڵبژاردنی پەرلەمانى کوردستاندا  

شێوازى گوتارى بەشێک لە کاندیده‌كان لە هەڵمەتى هەڵبژاردندا بە شێوەیەکە، وابەستەیە بە هزرى توندوتیژى، چونکە بووه‌تە مۆدێلێکى ژیان و بووه‌تە نەریتێک لە ژیانیان بۆ پرسیارە ڕەخنەئامێزەکان. بۆیە کاندیده‌كان لە چوارچێوەى عەقڵى هەڵچوودا وەڵامەکانیان بۆ پرسیارەکان دەبێت و، تەنانەت لە کاتى بانگەشەیشدا ئەوەنده‌ى خۆیان قسە دەکەن و ئارەزووى ئەوە دەکەن خەڵک گوێیان بۆ ڕاگرێت، ئەوەندە ئارەزووى گوێگرتن ناکەن،  چونکە وەڵامى گونجاویان لا نییە بۆ پرسیارەکان. لە لایەکى ترەوە خاوەن پرۆژەى ستراتیژیى تایبەت بە خۆیان نین و، ئەگەر  پرۆژەیشیان هەبێت، ئەوەندە بە قەبەیى باسى پرۆژەکانیان دەکەن و، دەنگدەر زۆر زوو تێ دەگات کە ئەم گوتارانە دوورن لە ڕاستییەوە؛ چونکە دەنگدەر زۆر زوو هەست بەوە دەکات ئەم پرۆژەیە لە تواناى کەسێک نییە جێبەجێیان بکات. ئەمە لە لایەک، لە لایەکى دیكه‌وه‌ لە گوتارەکانیاندا هەوڵى شکاندنى بەرامبەرەکانیان دەدەن و، یان گوتارەکانیان زۆر توندوتیژیى پێوە دیارە. ئەمەیش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەم کاندیده‌كانە تواناى قبووڵکردنى ڕەخنەیان نییە، ژیرانە بیر ناکەنەوە و، تەنانەت هەندێکیان ئەوەندەى گوتارەکانیان گەڕانەوە دەبێت بۆ مێژوو، ئەوەندە کارکردن نانێت لەسەر داهاتوو  بۆ ئەوەى متمانەى خەڵک بەدەست بێنێت، بەڵكوو تەنیا هەوڵى ئەوە دەدات بە هەر شێوازێک بێت دەنگى پێویست بێنێت و؛ گرنگ نییە تواناى جێبەجێکردنى ئەم بەڵێنانەى هەیە  یان نا. ئەمەیش وا دەکات دەنگى پێویست نەهێنێت.

پێویستە کاندیده‌كان بانگەشەکانیان لەژێر گوتارى ناتوندوتیژیدا بێت

ئەوه‌ى لێرادا دەمەوێت ئاماژەى پێ بکەم ئەوەیە، کە پێویستە کاندیده‌كان لەم هەڵبژاردنەدا  بە شێوەیەکى زۆر عەقڵمەندانە و ناتوندوتیژانە هەڵمەتەکانیان ئەنجام بدەن، چونکە  بارودۆخى ئێستاى هەرێمى کوردستان، زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستى بە گوتارى ناتوندوتیژ و یەکڕێزى هەیە و،  حکوومەتیش پێویستى بە گەڕانەوەى متمانەى خۆى هەیە؛ چونکە تێڕوانینى خەڵک بەو ئاراستەیە دەچێت متمانەى تەواوى بەرامبەر بە حکوومەت نەمێنێت.  ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى گوتارەکانیان بۆ شکاندنى یەکتر بووە و، ڕەخنەیان لە حکوومەت گرتووە؛ بە جۆرێک خۆیشیان بەشدار بوونە لە حکوومەت، بەڵام خۆیان لێ بێبەرى دەکەن و خۆیان  بە بەشێک نازانن لەم کەموکوڕییانەى کە هەبووە، چونکە تواناى قبووڵکردنى ڕەخنەیان نییە و، هەروەها ئەو بەڵێنانەى کە لە هەڵمەتى هەڵبژاردن بە خەڵکیان دا، نەیانتوانیوە جێبەجێ بکەن. ئەمانە هۆکارى لاوازبوونى متمانەى خەڵکە بەرامبەر بە حکوومەت. بۆیە ئەوەى لەسەر کاندیده‌كان و قەوارەکان پێویستە لە هەڵمەتى ئەم هەڵبژاردنەدا،  لەم خاڵانەى خوارەوەدا کورتى دەکەمەوە:

١- قەوارەکان دەبێت خاوەن ستراتیژییەتى دوورمەودا و پرۆژەى تایبەت بە خۆیان بن و،  ماوەى جێبەجێکردنى ئەم پرۆژانە دیاریکراو بێت. واتا ماوەى جێبەجێکردن ئاشکرا بکەن؛ بە شێوەیەک دەتوانن لەم ماوەیەدا ئەم پرۆژانە جێبەجێ بکەن و، مەرج نییە تەنیا بۆ چوار ساڵى داهاتوو بێت، بەڵكوو دەکرێت زۆر زیاتر بێت. هەروەک "مەهاتیر محه‌مه‌د"  لە نێوان  ساڵانى (1981-2003)دا سەرۆکوەزیرى مالیزیا بوو، پێش ئەوەى ببێت بە سەرۆکوەزیران  پرۆژەیەکى بیست ساڵیى ڕاگەیاند و، لە چوارچێوەى ئەم پرۆژەیەدا مالیزیایەک کە  لە بارودۆخێکى زۆر خراپدا بوو، گەیاندە ئەو قۆناغەى ئیستا کە زۆر پێشکەوتووە.

٢- قەوارەکان دەبێت لە بانگەشەکانیاندا بەڵێن بدەن، سەرەتاى چاکسازیکردنیان لەناو حزبەکەى خۆیان دەست پێ بکەن، چونکە ئەوکات لە دوو لایەنه‌وه‌ دەستکراوەتر دەبن: یەکەمیان جێبەجێکردنى بەڵێنەکانیان، دووەمیان سزادانى گەندەڵکاران و تاوانباران و، هەروەها  دەبێت حزبەکەیشى بەتەواوەتى پشتگیرى  لە کاندیده‌كانى خۆى بکات.

٣- لە چوارچێوەى قەوارەکاندا، کاندیده‌كان دەبێت خاون پرۆژەى تایبەت بە خۆیان بن؛ بە شێوه‌یەک ئەم پرۆژانە لە تواناى ئەو کاندیدەدا بێت کە جێبەجێ بکات، نەک پرۆژەیەک و بەڵێنێك بێت کە هەموو سێکتەرەکان بگرێتەوە و لە توانایدا نەبێت جێبەجێ بکات.

٤- کاندیده‌كان دەبێت زۆر گوێ لە خەڵک ڕابگرن، زۆر بەژیرانە وەڵامى پرسیارەکان و ڕەخنەکان بدەنەوە و هەوڵى ئەوە نەدەن بەرامبەرکانیان پشتگوێ بخەن، چونکە بەڵێنەکانیان لە چوارچێوەى داخوازیى دەنگدەر دەبێت.

٥- بانگەشەکان دەبێت لە چوارچێوەى  یەکخستنەوەى نێوماڵى کورد بێت و،  ئەو بەڵێنە بە خەڵک بدەن کە بڵین "بە هەموومان دەتوانین کوردستان بەرە پێشەوە ببەین و هەوڵى یەکخستنەوەى نێوماڵى کورد دەدەین"؛ ئەگەر بەم شێوەیه‌ نەبێت، دڵنیا بن ئەوە هەڵبژاردن هیچ مانایەکى نابێت.

٦- کارکردن لەسەر داهاتوو: لە بانگەشەکانیاندا بەڵێنى ئەوە بدەن دووبارە نەگەڕێنەوە بۆ ڕابردوو، بەڵکوو کار لەسەر داهاتوو بکەن؛ بە شێوەیەک هەمووان پێکەوە دوور لە کارى حزبایەتى، کار بۆ بنیاتنانى کوردستانێکى بەهێز بکەن. ئەمەیش وا دەکات گشت بەربەستەکان بشکێنن، کۆمەڵگه‌یەکى  مۆدێرن و مەدەنى بنیات بنێن کە لەگەڵ زۆربەى داخوازییەکانى خەڵک بگونجێت. ئەگەر ئەم کارە نەکەن، بێ گومان هەر لە ڕابردوو دەمێنینەوە، چونکە ئێستا ئێمە وابەستەین بە ڕابردوو و کار لەسەر داهاتوو ناکەین. بۆیە دەبێت ئەم ڕێچکەیە بشکێنن.

٧- کاندیده‌كان دەبێت گوتارەکانیان هەڵقووڵاوى ناخى کۆمەڵگه بێت و، نابێت باس لە کارێک بکەن لە لایەن کۆمەڵگه‌وه‌ قبووڵکراو نەبێت و، بە شێوەیەک دەبێت گوتارەکانیان بە ئاراستەى زیادکردنى "چینى ناوەند" بێت، چونکە کۆمەڵگه‌ى ئێستا بەرەو نەمانى "چینى ناوەند" دەچێت و، هەر کۆمەڵگه‌یەک ئەم چینەى تێدا نەبێت، بەرەو دواکەوتوویى و دکتاتۆرییەت هه‌نگاو ده‌نێت، لەبەر ئەوەى "چینى ناوەند" داینەمۆى کۆمەڵگه‌یە.