خوێندنەوەیەک بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان  

 

ئازاد وەڵەدبەگی، ماستەر لە یاسای گشتی

پێشەکی

لە ٣٠/ئەیلوولی/٢٠١٨ پێنجەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو. ئەم هەڵبژاردنە، ساڵێک پاش ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان و چەند مانگێک پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە مانگی ئایار بەڕێوە چوو. یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ١٩/٥/١٩٩٢ بەڕێوە چوو، کە بەو پێیە دەبوو هەتا ئێستا شەش خولی هەڵبژاردن ئەنجام درابا، بەڵام بە هۆی جه‌نگی ناوخۆی کوردستان و گرفت و قەیرانە جۆراوجۆرەکانی هەرێم و کەمتەرخەمیی لایەنە سیاسییەکان، هەموو خولەکانی پێشووی پەرلەمان چەندین جار تەمەنی خۆیان درێژ کردۆتەوە؛ کە ئەمەیش بووەتە هۆی دواکەوتنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان. ئەم خولەی هەڵبژاردن لە کاتێکدا بەڕێوە چوو، کە ململانێی لایەنە عێراقی و کوردستانییەکان بۆ بەدەستهێنانی زیاترین پشک و پۆست لە حکوومەتی داهاتووی عێراق لە گەرمەی خۆیدایە. لەم وتارەدا، دەمانەوێ تیشک بخەینە سەر چەند لایەنێکی ئەم هەڵبژاردنە و ئەنجامەکانی، کە بێ گومان کاریگەریی زۆری لەسەر داڕشتنی نەخشەی سیاسیی چوار ساڵی داهاتووی هەرێمی کوردستان دەبێت.

کەمبوونەوەی ڕێژەی بەشداریی هاووڵاتیان

یەکێک لە گرنگترین و دیارترین خاڵەکانی ئەم هەڵبژاردنە، دابەزینی ڕێژەی بەشداریی هاووڵاتیانی کوردستانە، کە لەچاو هەڵبژاردنەکانی چوار ساڵی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان، هەتا کاتژمێر (١٢)ی نیوەڕۆی ٣٠/٩/٢٠١٨ ڕێژەی بەشداری، ١٥.٢٦% بووە و کاتژمێر (٣)ی ئێوارە ڕێژەکە گەیشتە ٢٢.٩٦% و لە کاتژمێر (٦)ی ئێوارە و داخستنی سندووقەکان ڕێژەی بەشداری گەیشتە ٥٧.٩٦%، کە ئەمەیش کەمترین ڕێژەی بەشدارییە لەچاو چوار خولی پێشووی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە، کە لە کاتژمێر (٣-٦)ی ئێوارە ڕێژەی بەشداری، ٣٥% بەرز بووەتەوە، کە ئەمەیش گومان و پرسیار هەڵدەگرێت.

لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٣، ڕێژەی بەشداریی هاووڵاتیان ٧٣.٩% بوو، کە بەم پێیە ڕێژەی بەشداری لە خولی پێنجەم ١٥.٩٤% دابەزیوە، کە ئەمەیش ڕێژەیەکی کەم نییە. هەرچەند لە وڵاتانی گەشەسەندوو ڕێژەی بەشداریی هاووڵاتیان زۆر بەرز نییە، بەڵام سەبارەت بە وڵاتانی گەشەنەکردوو، کە لە قۆناغی مومارەسەی دیموکراتی و بنیاتنانی دامەزراوەکانن، پێشوازینەکردنی هاووڵاتیان و دوورەپەرێزییان لە بەشداریی سیاسی، دەتوانێ ئاماژەیەکی نەرێنی و خراپ بێت. هەروا نزمبوونەوەی ڕێژەی بەشداریی هاووڵاتیان لەم خولەی هەڵبژاردن، دەتوانێ کاریگەریی لەسەر ڕەواییی دەسەڵاتی سیاسی هەبێت. هەرچەندە لە ڕووی یاسایییەوە هیچ دەقێک نییە کە ڕێژەیەکی دیاریکراو لە بەشداریی هاووڵاتیان بکاتە مەرج بۆ ڕەواییی یاسایی، بەڵام بێ گومان حکوومەتێک کە لەسەر بنەمایەکی لاوازی ڕەواییپێدانی گەل بنیات نرابێت، پاڵپشتیی جەماوەریی لاوازی هەیە؛ کە ئەمەیش دەتوانێ کاریگەریی نەرێنیی لەسەر کارامەیی و لێهاتووییی ئەو دەسەڵاتە دابنێت.

دەتوانین نزمبوونەوەی ڕێژەی بەشداریی هاووڵاتیان لە چەند خاڵێکدا بخەینە ڕوو:

١) ئەزموونی نەرێنیی هەڵبژاردنی مانگی ئایاری پەرلەمانی عێراقی، کە ڕووبەڕووی پرۆسەیەکی بەربڵاوی ساختەکاری بووەوە، کە ڕەنگە لە مێژووی عێراقدا بێوینە بێت. ئەمەیش بێ گومان کاریگەریی لەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان هەبووە و بووەتە هۆی لاوازبوونی متمانەی هاووڵاتیان بە پرۆسەی هەڵبژاردن، وەک ئامرازێکی ئاشتییانە بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات و گۆڕانکاری لە نەخشەی سیاسیی وڵات.

٢) هەرێمی کوردستان هەر لە ساڵی ٢٠١٤ و پاش جەنگی داعش، ڕووبەڕووی قەیرانێکی بەربڵاوی ئابووری و سیاسی بووەوە، کە بووە هۆی وەڕەزبوونی هاووڵاتیان و بێمتمانەیییان بەرامبەر بە حزبە سیاسییەکانی هەرێم، کە بە شێوەیەکی خراپ ئیدارەی مەلەفە جۆراوجۆرەکانیان داوە؛ کە ئەمەیش بووەتە هۆی تێکدانی یەکڕیزیی کۆمەڵگەی کوردستان و لاوازبوونی لە بەرامبەر قەیرانەکان و هێزە هەرێمییەکان، کە دواجار بووەتە هۆی گوشار لەسەر ژیانی ئاسایی و ڕۆژانەی هاووڵاتیان. هەروا بڕینی بوودجەی کوردستان لە لایەن بەغدا و سەرنەکەوتنی سیاسەتی ئابووریی سەربەخۆی هەرێم، کاریگەریی زۆر نەرێنیی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان بەگشتی و مووچەخۆران بەتایبەتی هەبووە؛ کە ئەمەیش ئاستی بێمتمانەیی و ناڕەزاییی هاووڵاتیانی بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان گەیاندە لووتکەی خۆی و چەندین شەپۆلی خۆپیشاندان و مانگرتنی هاووڵاتیانی لێ کەوتەوە. بێ گومان، ئەم دۆخەیش کاریگەریی زۆر نەرێنیی لەسەر هاووڵاتیان هەبووە بۆ بەشداریکردنی لە پرۆسەی هەڵبژاردن، بەتایبەت ئەگەر بزانن ئەم پرۆسەیە بە هۆی ساختەکاری، ناتوانێ ببێتە هەوێنی گۆڕانکاری لە دەسەڵاتی سیاسیدا.

٣) بێتواناییی دەسەڵاتی سیاسی و حزبە سیاسییەکانی هەرێم، لەوەی کە بتوانن متمانەی هاووڵاتیان بگەڕێننەوە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن، وەک تاکە ئامراز و ڕێکاری ئاشتییانە بۆ گۆڕانکاری لە وڵات و دەستاودەستکردنی دەسەڵات.

سەرکەوتنی دروشمە نەتەوەیییەکان

سەرەڕای ئەو قەیران و گرفتانەی کە لە چەند ساڵی ڕابردوو ڕووبەڕووی هەرێم بووەتەوە، بەڵام پارتی دیموکرات وەک حزبێک کە هەڵگری وتاری نەتەوەیی و سەربەخۆخوازییە، توانی ببێتە خاوەنی ٤٤ کورسیی پەرلەمان؛ ئەمەیش نیشانەی ئەوەیە کە هەتا ئێستا دروشمە نەتەوەیییەکان زیاترین کاریگەرییان لەسەر دەنگدەری کورد هەیە. پارتی، سەرەڕای ئەوەی کە نەیتوانی کاروانی ڕیفرامدۆم لە کاتی ئێستادا بگەیەنێتە ئامانجی کۆتاییی خۆی، بەڵام توانی کارتی ڕیفراندۆم بۆ ڕاکێشانی زیاترین دەنگدەری کورد بەکار بهێنێت و، خۆی بە شۆڕەسواری ئامانجە نەتەوەیییەکانی کورد ناساند. ئەمەیش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت، سەرەڕای ناڕەزاییی خەڵک لە ئەدای حکوومەتی هەرێم، بەڵام خەڵکی کوردستان زیاتر لەژێر کاریگەریی دروشمە نەتەوەیییەکاندان. هەرچەندە هەندێ کەس چاوەڕوانیی ئەوەیان دەکرد کە دەنگەکانی پارتی بە هۆی دەرەنجامەکانی ڕیفراندۆم و لاوازیی ئەدای حکوومەتی هەرێم لە چوار ساڵی ڕابردوو پاشەکشە بکات، بەڵام بەپێچەوانەوە توانی سەرکەوتنێکی بەرچاو بەدەست بهێنێت؛ کە ئەمەیش وا دەکات پارتی زیاترین ڕۆڵی هەبێت لە داڕشتنی سیاسەتی هەرێم لە چوار ساڵی داهاتوو و، لەناو پەرلەمانیش بتوانێ بە هاوپەیمانی لەگەڵ فراکسیۆنە بچووکەکان ئەو یاسایانە تێ پەڕێنێت کە مەبەستییەتی.

هەستانەوەی ڕێژەییی یەکێتی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە خولی چوارەمی پەرلەمان بە (١٨) کورسی لە پلەی سێیەمدا بوو، لەم خولەدا توانی (٢١) کورسی بەدەست بهێنێت و بە شێوەیەکی ڕێژه‌یی هەڵسێتەوە و بگاتە پلەی دووەم. ئەم هەڵسانەوەیە، پتر لەوەی کە ڕۆڵی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە بێت،  بۆ ڕۆڵ و ئەدای کارەکتەرە سیاسییە لاوەکانی ناو بنەماڵەی تاڵەبانی و هێزە هەرێمییەکان دەگەڕێتەوە. کارەکتەرە نوێیەکانی بنەماڵەی تاڵەبانی، ئێستا زیاتر لە هەموو کاتێک دەسەڵاتیان بەسەر یەکێتیدا هەیە و ئەو حزبە بەڕێوە دەبەن و هەوڵی هەستانەوەی یەکێتی دەدەن. سیاسەتوانە لاوەکانی ناو بنەماڵەی تاڵەبانی، کە زۆربەیان گەنجن و چاویان لە داهاتووە، زیاتر لە سەرکردایەتیی پیری یەکێتی، جووڵەی سیاسییان هەیە و توانیویانە متمانەی جەماوەری یەکێتی بەدەست بهێنن؛ بە جۆرێک کە کەسی یەکەم و دووەمی ناو لیستی یەکێتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمان هەر لەو بنەماڵەیە بوون؛ ئەمەیش وا دەکات ئەم حزبە زیاتر بەرەو سیستەمێکی ئۆلیگارشیی بنەماڵەیی هەنگاو بنێت.        

دابەزینی دەنگی حزبە ئیسلامییەکان

سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، توانی لەم هەڵبژاردنەدا یەک کورسی زیاد بکات، بەڵام ئەگەر سەیری کورسیی حزبە ئیسلامییەکان بکەین لە خولی چوارەمدا دەبینین، کە یەکگرتووی ئیسلامی بە (١٠) کورسی، کۆمەڵ بە (٦) کورسی و بزووتنەوەی ئیسلامی بە (١) کورسی، سەرجەم (١٧) کورسییان هەیە، بەڵام لەم خولەی پەرلەماندا هەر هەموویان (١٢) کورسییان هەیە، کە (٥) کورسی کەمیان کردووە. زیانمەندترین لایەنی ئیسلامی، یەکگرتووی ئیسلامی بوو، کە لەم خولە بە هاوپەیمانی لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی لە چوارچێوەی لیستی "بەرەو ئیسڵاح" تەنیا (٥) کورسییان پێ بڕا. سەرەڕای ئەوەی کە ٩٧%ی دانیشتووانی کوردستان موسڵمانن، بەڵام خەڵک پتر لە دروشمە ئایینییەکان پێشوازییان لە دروشمە نەتەوەیییەکان کرد. ئەنجامی کۆی کورسیی لایەنە ئیسلامییەکان لەم خولەی پەرلەمان، دەبێتە هۆی لاوازبوونی ڕۆڵ و پێگەیان لە نەخشەی سیاسیی چوار ساڵی داهاتووی هەرێمی کوردستان. 

سەرهەڵدانی لیستی نەوەی نوێ

نەوەی نوێ، یەکەم جار وەک لیستێکی نوێی سیاسی لە هەڵبژاردنی ئایاری ٢٠١٨ی پەرلەمانی عێراق هاتنە ناو گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان. هەڵبەت پێشتریش کاراکتەرەکانی ناو نەوەی نوێ، لە بەرەبەری ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە ئەیلوولی ٢٠١٧، وەک بەرەی نەخێر لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا خۆیان تاقی کردەوە، کە ئەوەیش بووە سەکۆیەک بۆیان هەتا باشتر خۆیان ڕێک بخەن و بێنە ناو ململانێکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی. بەپێی دوا ئەنجامەکان، ئەم لیستە (٨) کورسیی پەرلەمانی بردۆتەوە، بەڵام ئەم لیستە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ڕەت دەکاتەوە و پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە ڕێژەی دەنگەکانی زۆر لەو ڕێژەیە زیاترن. سەرهەڵدانی لیستی نەوەی نوێ و پێشوازیی بەربڵاوی خەڵک لە دروشم و ئامانجەکانی ئەم لیستە، نیشانەی ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی خشکەیی خەریکە لە حزبە سیاسییە تەقلیدییەکانی ناو گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان دوور دەکەونەوە و، بەرەوپیری لیستە نوێیەکان دەچن. لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم ئاراستەیە، لەوانەیە بەرە بەرە ڕەوتی سیاسیی نوێ لە کوردستان سەر هەڵبدەن و، خەڵک لە بری پاڵپشتیکردنی حزبه‌ تەقلیدییەکان ڕوو لەو ڕەوتانە بکەن.

لاوازبوونی پێگە و گوتاری لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن

ئەگەر ڕێژەی کورسییەکانی پارتی و یەکێتی وەک لایەنە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم سەیر بکەین، دەبینین کە هەر دوو لایان تاکوو ئێستا توانیویانە (٦٥) کورسیی پەرلەمان بەدەست بهێنن؛ لە هەمان کاتدا لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن کە بریتین لە گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامی، یەکگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی و نەوەی نوێ، سەرجەمیان تەنیا (٣٢) کورسییان بەدەست هێناوە. بزووتنەوەی گۆڕان، کە لە خولی چوارەم خاوەنی (٢٤) کورسی بوو، لەم خولەدا تەنیا (١٢) کورسیی بەدەست هێناوە. بەم جۆرە دەردەکەوێ، کە ژمارەی کورسییەکانی حزبەکانی ناو دەسەڵات دووهێندەی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنە، کە ئەمەیش نیشانەی لاوازبوونی پێگە و گوتاری ئەو حزب و لایەنانەیە لەناو گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا. ئەگەر ژمارەی کورسییەکانی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە خولی چوارەم و پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانیش بەراورد بکەین، دەبینین کە ئەو لایەنانە (گۆڕان+ یەکگرتوو+ کۆمەڵ+ بزووتنەوەی ئیسلامی) ئێستا خاوەنی (٤١) کورسین لە پەرلەمان، کە بە سەرنجدان لە ژمارەی کورسییەکانیان لە خولی پێنچەم، (٩) کورسی کەمیان کردووە. کۆی ئەم ئاماژانەیش دەمانگەیه‌نێتە ئەوەی کە بڵێین، لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن نەیانتوانیوە ببنە خاوەن وتار و پرۆژەیەکی وەها کە بتوانێ متمانەی زۆرینەی هاووڵاتیانی کوردستان بەدەست بهێنێ و، هێشتا پارتی و یەکێتی سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، زیاترین دەنگ و متمانەی هاووڵاتیانیان بەدەست هێناوە.

قووڵبوونەوەی ناکۆکیی نێوان کورد-کورد

ڕاگەیاندنی ئەنجامە سەرەتایییەکانی هەڵبژاردن لە لایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، بووە هۆی قووڵبوونەوەی ناکۆکیی نێوان لایەنە کوردییەکان. هەر لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن لە ڕۆژی ٣٠/٩/٢٠١٨، ئەو لایەنانە یەکتریان بە ساختەکاری لە هەڵبژاردن تۆمەتبار دەکرد. لە نێوەڕۆی ٣٠/٩/٢٠١٨ چوار لایەنی سیاسی لە کۆیە ڕایان گەیاند، کە ساختەکاریی بەربڵاو لە شاری کۆیە کراوە و دان بە ئەنجامەکانی ئەم شارەدا نانێن. لە ئێوارەی هەمان ڕۆژ وتەبێژی یەکێتی ڕای گەیاند، کە ئەوانیش دان بە ئەنجامەکاندا نانێن، کە پاشان هەڵوێستەکەی خۆیان ڕاست کردەوە و وتیان چاوەڕوانی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان دەکەن لە لایەن کۆمیسیۆنەوە. دواتر لیستی نەوەی نوێ و پاشان لیستی بەرەو ئیسڵاحیش ڕایان گەیاند دان بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردندا نانێن. هەروا گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و یەکێتییش چاوەڕیی ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی دەکەن و دوور نییە ئەنجامەکان ڕەت بکەنەوە.

تەنیا لایەنێک کە تاکوو ئێستا دانی بە ئەنجامەکاندا ناوە، پارتییە. پێدەچێت ڕەتکردنەوەی ئەنجامەکان لە لایەن زۆرینەی حزبە سیاسییەکانی کوردستان، قۆناغێکی نوێی ململانێ لەناو لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا دروست بکات، کە ئەمەیش دەبێتە هۆی قووڵتربوونەوەی ناکۆکیی نێوان ئەم لایەنانە؛ کە لە ئەنجامدا کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئاییندە و ناوبانگی هەرێمی کوردستان دەبێت، بەتایبەت ئەگەر یەکێتییش ببێتە بەشێک لەو لایەنانەی کە ئەنجامەکان ڕەت دەکەنەوە. هەروا ململانێی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار لە بەغدا، ئەم ناکۆکییەی زیاتر قووڵ کردۆتەوە؛ بە جۆرێک کە ئێستا ساردییەک لە پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو لا بەدی دەکرێت.

هەروا لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، پارتییش بە شێوازی جۆراجۆر ناڕەزاییی خۆی بەرامبەر بە یەکێتی خستۆتە ڕوو و، باس لەوە دەکات کە ئەو حزبە پرۆسەی سازانی تێک داوە وپارتییش لە حکوومەتی داهاتووی هەرێم، بەگوێرەی کورسییەکانی یەکێتی و بەپێی سیستەمی زۆرینە و کەمینە هەڵسوکەوت  لەگەڵ ئەو حزبەدا دەکات. ئەگەر سەیری ژمارەی کورسییەکانی پارتی بکەین لەم خولەی پەرلەماندا، دەبینین کە توانیویەتی زیاترین کورسی بەدەست بهێنێ؛ کە ئەمەیش ئەو دەرفەتەی بۆ دەڕەخسێنێت کە بتوانێ حکوومەتی زۆرینە تەنانەت بەبێ یەکێتی پێک بهێنیت. بەرزبوونەوەی ژمارەی کورسییەکانی پارتی ئەو ڕاستییە دەخاتە ڕوو، کە پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی هەرێم بەپێچەوانەی بەغدا زۆر ئاڵۆز نابێت و زۆر درێژە ناکێشێت.

چاوەڕوانکراوترین سیناریۆ ئەوەیە، کە پارتی و یەکێتی پێکەوە حکوومەتی داهاتوو پێک بهێنن، کە بە هەردووکیان خاوەنی (٦٥) کورسین. بە سەرنجدان لە ئەزموونی شکستخواردووی حکوومەتی بنکەفراوان لەم کابینەیەی ئێستا، دوور دەنوێنێ کە پارتی بەرەو ئاراستەی حکوومەتی بنکەفراوان هەنگاو بنێت. هەروا سیناریۆیەکی دیکە دەتوانێ ئەوە بێت، کە پارتی لەگەڵ گۆڕان حکوومەت پێک بهێنێت و یەکێتی پەراوێز بخات. ئەم دوو لایەنە پێکەوە (٥٦) کورسییان هەیە و دەتوانن حکوومەتێکی ئیئتلافی پێک بهێنن. لە هەموو حاڵەتێکدا، پێناچێت پارتی بەبێ یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکانی ناوچەی سلێمانی (یەکێتی یان گۆران) حکوومەت پێک بهێنێت. هەروا پارتی دەتوانێ لەگەڵ کورسییە کۆتاکان و لیستی ئازادی یان سەردەم حکوومەتی داهاتوو پێک بهێنێت، کە لەم حاڵەتەدا یەکێتی و لایەنەکانی دیکە دەبنە ئۆپۆزیسیۆن. لە حاڵەتێکی وەهادا، چوار ساڵی داهاتوو بۆ پارتی چوار ساڵی قورس و دژوار دەبێت. هەر بۆیە، هەرچەندە لە ڕووی یاسایییەوە ئەم سیناریۆیە مومکینە، بەڵام بە سەرنجدان بە واقعی سیاسیی کوردستان ئەم سیناریۆیە دوور دەنوێنێت.   

کۆبەند

پاش خوێندنەوەیەکی خێرا بۆ دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، بۆمان دەرکەوت سەرەڕای ناڕەزاییی خەڵک و کەمبوونەوەی ڕێژەی بەشداربوون لە هەڵبژاردن، بەڵام هێشتا هەر دوو حزبی دەسەڵاتدار، واتە پارتی و یەکێتی، توانیویانە زیاترین کورسییەکانی پەرلەمان بەدەست بهێنن. هەروا لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەم هەڵبژاردنەدا، پاشەکشەیەکی بەرچاویان کردووە، کە ئەمەیش نیشانەی ئەوەیە خەڵک لە ئەدا و گوتاری ئۆپۆزیسیۆنیش ڕازی نییە و کۆی کورسییەکانیان نیوەی کورسییەکانی حزبە دەسەڵاتدارەکانە. هەروا پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامە سەرەتایییەکانی ئەم خولەی پەرلەمان، هەتا ئێستا ئەنجامەکان زیاترین مشتومڕی بەدواوە بووە و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن، لایەنە دەسەڵاتدارەکان بە ساختەکاری تۆمەتبار دەکەن. جگە لەمەیش، ئەنجامی هەڵبژاردن ئەوە دەخاتە ڕوو، کە هەتا ئێستا گوتاری نەتەوەیی لەناو خەڵکی کوردستاندا زیاترین کاریگەریی لەسەر دەنگدەری کورد هەیە. بەگشتی، دوور دەنوێنێ کە ئەنجامەکانی ئێستای هەڵبژاردن، گۆڕانێکی ڕیشەیی لە نەخشەی سیاسیی هەرێم دروست بکات. واقعی دووئیدارەیی ڕێگرە لەوەی کە حکوومەتێکی زۆرینە، بە هاوپەیمانی لە نێوان حزبی یەکەم و حزبە بچووکەکان پێک بێت، چونکە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنان و دابەشکردنی دەسەڵات لە دەرەوەی پەرلەمانە و، پتر بۆ مەکتەبی سیاسیی حزبەکان دەگەڕێتەوە و، ئەوان دەتوانن ڕۆڵ و کاریگەرییان لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو هەبێت.