دروستکردنی گەورەترین فراکسیۆن؛ گرێکوێرەی پێکهێنانی حکوومەت لە عێراق  

 

ئازاد وەڵەدبەگی، ماستەر لە یاسای گشتی

پێشەکی

پاس ئەوەی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لە ١٢/ئایاری/٢٠١٨ ئەنجام درا، دواجار لە ١٩/ئابی/٢٠١٨ لە لایەن دادگەی باڵای فیدراڵییەوە ئەنجامەکان پەسند کران. بەپێی کاتە دیاریکراوە دەستوورییەکان، سەرەتا سەرۆکایەتیی پەرلەمان و ئینجا سەرۆککۆمار و لە کۆتاییدا سەرۆکوەزیرانی حکوومەت لە عێراقی فیدراڵی دەستنیشان دەکرێن. هەروەک لە سیستەمە پەرلەمانییەکانی جیهاندا باوە، ئەو حزب یان لیستەی، کە لە هەڵبژاردندا زیاترین ژمارەی کورسییەکان بەدەست بهێنێ، بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ ڕادەسپێردرێت، بەڵام لە عێراق ڕێڕەوەکە ئاراستەیەکی جیاوازی گرتۆتە بەر. لە ساڵی ٢٠١٠ لیستی دەوڵەتی یاسا، کە (٨٩) کورسیی هێنابوو و دووەمی هەڵبژاردن بوو، بۆ ڕێگەگرتن لە لیستی یەکەم کە لیستی ئەیاد عەلاوی بوو و (٩١) کورسیی هێنابوو، داوای ڕاڤەکارییەکی لە دادگەی باڵای فیدراڵی کرد، لەسەر ڕاڤەکردنی "زاراوەی گەورەترین فراکسیۆن لە ڕووی ژمارەوە" کە لە بەندی (٧٦)ی دەستووری عێراقیدا هاتووە. هەر لەو کاتەدا، دادگەی باڵای فیدراڵی ئاوێکی ڕشت، کە تاکوو ئێستا پرۆسەی سیاسی لە عێراق بەدەستییەوە دەناڵێنێت. ئیدی قوڕێکە و گیراوەتەوە و، دەبێ حزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراق هەر چوار ساڵ جارێک بیشێلن. لەم وتارەدا، دەمانەوێ تیشک بخەینە سەر ڕەهەندە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆن لە عێراق، پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ئایاری ٢٠١٨.

 ڕەهەندە ناوخۆیییەکانی پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆن

لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق، ناکۆکیی گەورە ڕووی لە ماڵی شیعە کرد. ئەوە بوو لایەنە شیعییەکان لەژێر چەتری پێنج هاوپەیمانیی سەرەکیدا بەشدارییان لە هەڵبژاردندا کرد و، لە ئەنجامدا لیستی "سائیرون"ی سەر بە موقتەدا سەدر بە (٥٤) کورسی توانی ببێتە لیستی یەکەم؛ بەڵام هەر ئەوەندە بەس نییە هەتا ئەو لیستە بتوانێ حکوومەت پێک بهێنێ. هەروەک وتمان، بەپێی بڕیاری ژمارە (٢٥/اتحادیة/٢٠١٠)ی دادگەی باڵای فیدراڵی، گەورەترین فراکسیۆن مەرج نییە لیستی یەکەمی براوەی هەڵبژاردن بێت، بەڵکوو لیست و لایەنە سیاسییەکان بۆیان هەیە پاش ئەنجامدانی هەڵبژاردن و هەتا یەکەم دانیشتنی پەرلەمان گەورەترین فراکسیۆن پێک بهێنن. ئەمەیش وا دەکات حزب و لیستە براوەکان هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانی بدەن بۆ ئەوەی ببنە گەورەترین فراکسیۆن و، گرفتەکە لێرەوە دەست پێ دەکات.

لیستە شیعییەکان لەم هەڵبژاردنەدا بوونە دوو بەرە: بەرەی یەکەم، نزیک لە ئێرانن کە بریتین لە لیستەکانی فەتح و دەوڵەتی یاسا و، بەرەی دووەم کە پتر بە نزیک لە ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی دەناسرێن بریتین لە لیستەکانی سائیرون، نەسر و حیکمە. هەر یەک لەم دوو بەرەیە، جگە لەوەی کاریان لەسەر ئەندام پەرلەمانە براوەکانی یەکتر دەکرد بۆ ڕاکێشانیان بۆ ناو بەرەکەی خۆیان، لە هەمان کاتدا کاریشیان لەسەر لیستە سوننە و کوردەکانیش دەکرد بۆ ئەوەی بیانبەنە ناو ڕیزی بەرەکەی خۆیانەوە. لیستە سوننەکان، بەسەر هەر دوو بەرەی ناکۆکدا دابەش بوون، بەڵام لیستە کوردییەکان و بەتایبەت پارتی دیموکرات و یەکێتیی نیشتمانی، تاکوو ئێستا خۆیان لەسەر هیچ بەرەیەک ساغ نەکردۆتەوە. ئەمەیش وای کرد، بە حوکمی دابەشبوونی ناوماڵی شیعە و بێلایەنیی کورد، پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆن کە بتوانێ (١٦٥) کورسیی پەرلەمانی لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە، ببێتە کارێکی ئەستەم و دژوار.

بەو پێیەی پەرلەمانی عێراق لە (٣٢٩) کورسی پێک دێت، هەر بۆیە زۆرینەی ڕەها کە دەکاتە (٥٠+١) دەبێتە (١٦٥) کورسی، کە بەپێی دەستوور پاڵێوراوەکەی لە لایەن سەرۆککۆمارەوە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق ڕادەسپێردرێت. ئەمەیش بووە هۆی ئەوەی کە جموجۆڵەکان بۆ پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆن دەست پێ بکات. بۆ بەدیهاتنی ئەم ئامانجە، لە بەرەبەری یەکەم دانیشتنی پەرلەمان لە ٣/٩/٢٠١٨، دوو هاوپەیمانی بەم جۆرەی خوارەوە دروست بوون:

١) هاوپەیمانیی چاکسازی و ئاوەدانکردنەوە (تحالف الإصلاح و الإعمار): پێک دێت لە لیستەکانی سائیرون، نەسر، حیکمە، وەتەنی، هاوپەیمانیی هێزە نیشتمانییە سوننەکان، نەوەی نوێ و ژمارەیەک نوێنەری کەمینەکانی مەسیحی، ئێزیدی و سابیئە. ئەم هاوپەیمانییە، بانگەشەی ئەوە دەکات کە گەورەترین فراکسیۆنە و ژمارەی نوێنەرەکانی لە نێوان ١٠٠ بۆ ١٧٧ کەس مەزەندە دەکرێت. لایەنە سیاسییەکانی ناو ئەم هاوپەیمانییە، جەخت لەسەر گرتنەبەری سیاسەتێکی عێراقیی سەربەخۆ و بە دوور لە کاریگەریی بەرژەوەندییەکانی ئێران دەکەن لە ناوچەکەدا؛ هەروا باس لە هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پشکپشکێنەی سیاسی و تائیفی و نەتەوەیی دەکەنەوە و، دەڵێن حکوومەتی داهاتوو دەبێت حکوومەتێکی تەکنۆکرات بێت، نەک لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی حزبی. هەروا جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە دەبێ سەرۆکی حکوومەتی داهاتوو کەسێکی شیعەی سەربەخۆ بێت و لەسەر هیچ لیستێک حیساب نەکرێت، کە ئەمەیش لە لایەن هاوپەیمانیی بیناوە ڕەت دەکرێتەوە.

٢) هاوپەیمانیی بینا (ائتلاف البناء): پێک دێت لە لیستەکانی فەتح، دەوڵەتی یاسا و میحوەری نیشتمانیی سوننە کە بەپێی ئامارە سەرەتایییەکان، مەزەندە دەکرێت (١٤٥) کورسییان هەبێت. ئەم هاوپەیمانییە، بەوە ناسراوە کە لە ئێرانەوە نزیکە. هەندێ جار باس لەوەیش دەکرێت لیستەکانی پارتی و یەکێتییش لەم هاوپەیمانییەوە نزیکن. هەرچەندە ئەم دوو لیستە هەتا ئێستا هەڵوێستێکی ڕاشکاویان لەم بارەیەوە نییە، بەڵام لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەستنیشانکردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، دەنگیان بە محەممەد حەلبووسی، پاڵێوراوی هاوپەیمانیی بینا دا. ئەمەیش ناکرێت بە لایەنگریی ڕەها بۆ هاوپەیمانیی بینا لە قەڵەم بدرێت، چونکە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بە ڕێککەوتنێکی نێوان بینا و چاکسازی هاتە ئاراوە و جێگری یەکەم لە لیستی سائیرون بوو، کە کوردیش دەنگیان پێ دا. پارتی دیموکراتیش، بەو پێیەی پۆستی جێگری دووەمی پەرلەمانی بەردەکەوت و خاوەن بەرژەوەندی بوو، ئاسایییە کە بچێتە ناو ڕێککەوتنێکی کاتیی لەو جۆرەوه‌.

بەپێی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی بە ژمارە (٢٥/اتحادیة/٢٠١٠) کە لە ٢٥/٣/٢٠١٠ دەرچووە، سەرۆککۆمار پاڵێوراوی ئەو فراکسیۆنە نوێنەرایەتییە بۆ پێکهێنانی حکوومەت ڕادەسپێرێت کە لە یەکەم دانیشتنی پەرلەماندا زیاترین ژمارەیان هەیە. بەم پێیە، دەبوا لە یەکەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەمانی لە ٣/٩/٢٠١٨ گەورەترین فراکسیۆن خۆی تۆمار بکردبایە، کە هەروەک بینیمان ئەمە سەری نەگرت و، هیچ کام لەو هاوپەیمانییانە نەیانتوانی هەتا ئێستایش گەورەترین فراکسیۆن پێک بهێنن. ئەوەی کە هەبوو تەنیا بانگەشەی گەورەترین فراکسیۆن بوو، نەک دروستکردنی ڕاستەقینەی ئەم فراکسیۆنە.

وەک ڕێگەچارەیەک بۆ دەربازبوون لەو بنبەستەی کە هەر دوو هاوپەیمانێتی پێی گەیشتوون و، بۆ ڕزگارکردنی پرۆسەی سیاسیی عێراق لەو تەنگەژەیە، هەر دوو لیستی سائیرون و فەتح لێکتر نزیک بوونەوە و، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە بۆ شکاندنی ئەو بنبەستە جۆرێک لە ڕێککەوتنی کاتی و جنتلمەنی بۆ دیاریکردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئەنجام بدەن. هەروەک بینیمان لە ئەنجامدا پۆستەکانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، هەروەک خولەکانی پێشوو و بەپێی سیستەمی پشکپشکێنەی تائیفی-نەتەوەیی لە نێوان سوننە و شیعە و کورد دابەش کران. پێدەچێ بۆ دەستنیشانکردنی پۆستەکانی تر وەک سەرۆککۆمار و جێگرەکانی و سەرۆکوەزیران و وەزیرەکان، بەپێی هەمان سیستەمی پشکپشکێنە ڕێککەوتن لە نێوان لایەنەکان بێتە ئاراوە، بەو جۆرەی کە لە (١٥) ساڵی ڕابردوو لەسەری ڕۆیشتوون. ئەمەیش لەوانەیە بۆ هاوپەیمانیی چاکسازی و بەتایبەت لیستی سائیرون باجێکی زۆری بەدواوە بێت، کە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن و دواتریش جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە حکوومەتی تائیفی و پشکپشکێنە دروست ناکەن و بەشداریی دەسەڵاتێکی لەو جۆرە ناکەن.

ڕەهەندی دەرەکیی پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆن

هەروەک لای هەمووان ئاشکرایە، بە درێژاییی پازدە ساڵی ڕابردوو هەر دوو وڵاتی ئەمریکا و ئێران کە خاوەن پێگە و دەستڕۆیین لە لای حزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراق (بە هەرێمی کوردستانیشەوە)، ڕۆڵێکی کاریگەریان لەسەر پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا هەبووە، بە جۆرێک کە دەتوانین بڵێین، حکوومەتەکانی ڕابردووی عێراق بە ڕێککەوتن و ڕەزامەندیی ئەم دوو وڵاتە پێک هاتوون. حکوومەتەکەی حەیدەر عەبادی نموونەیەکی زەق و بەرچاوی جۆرێک لە ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکایە. حەیدەر عەبادی، کە لە سەرەتای هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی، وا وێنا دەکرا کە پاڵێوراوی بەهێزی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو بێت، بەرە بەرە ئەو چانسەی خۆی لەدەست دا کە دەتوانین هۆکارەکانی لەم خاڵانەی خوارەوەدا بەرجەستە بکەین:

١) پەیامی مەرجەعییەتی باڵای شیعە لە عێراق، ئایەتوڵڵا سیستانی، کە تێیدا دەڵێت ئەوەی کە ئەزموون کراوە، نابێ جارێکی دیکە تاقی بکرێتەوە؛ کە وا لێک دەدرێتەوە حەیدەر عەبادی لەو کەسانەیە کە تاقی کراوەتەوە و لە ئەزموونەکەیش سەرکەوتوو نەبووە.

٢) هەڵویستی حەیدەر عەبادی دەربارەی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، کە تێیدا عەبادی وتی هەرچەند لەگەڵ ئەو سزایانەدا نییە، بەڵام بەرژەوەندیی عێراق لەبەرچاو دەگرێت؛ کە ئەمەیش بە جۆرێک لە جۆرەکان بە پاڵپشتیکردنی ئەمریکا لێک درایەوە و، وای کرد کە عەبادی لە لایەن ئێرانەوە وەک نەیار سەیر بکرێت و هەر بۆیە لە لایەن ئەوانەوە ڕەت دەکرێتەوە.     

٣) خۆپیشاندانەکانی بەسرە و پارێزگەکانی باشووری عێراق لە مانگی تەمووزی ئەمساڵ لەبەر خراپیی دۆخی خزمەتگوزارییەکان، کە بووە هۆی کوشتن و بریندارکردنی خەڵکێکی زۆر؛ کە ئەمەیش پاڵەپەستۆیەکی زۆری لەسەر عەبادی دروست کرد، بە جۆرێک موقتەدا سەدر کە بە هاوپەیمانی عەبادی دادەنرا، داوای دەستلەکارکێشانەوەی ناوبراوی کرد.

٤) لاوازیی پێگەی عەبادی لەناو حزبی دەعوە و لیستی نەسر، بە جۆرێک کە ناکۆکییەکانی نێوان عەبادی و فالح فەیاز کە ئەندامی لیستی نەسر بوو، بووە هۆی لادانی فەیاز لە سەرۆکایەتیی دەستەی حەشدی شەعبی و پاشان ناوبراویش چووە ناو لیستی فەتح. هەروا عەبادی پێگەیەکی لاوازی لەناو حزبی دەعوە هەیە، بە جۆرێک تاکوو ئێستا ئەم حزبە ئامادە نییە وەک پاڵێوراوی حزب پاڵپشتیی عەبادی بکات.

بە شێوەیەکی گشتی لە چەندین ساڵی ڕابردوو، بە هۆی لاوازیی دەوڵەتی عێراق و نەبوونی سەروەریی تەواو، پرۆسەی سیاسی لەم وڵاتە لەژێر کاریگەریی هەوراز و نشێوی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکادا بووە. هەر کاتێک ڕێککەوتن لە نێوان ئەم دوو دەوڵەته‌ دروست ببێت، ئەوا پرۆسەی سیاسی لە عێراق ساناتر دەکەوێتە سەر سکە، وەک دیاریکردنی عەبادی (باڵی میانڕەوی حزبی دەعوە) بۆ سەرۆکوەزیران لە ساڵی ٢٠١٤ و لادانی نووری مالکی. بەڵام هەر کاتێک ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا قووڵ ببێتەوە وەک ئەم دۆخەی ئێستا، ئەوا گەیشتن بە ڕێککەوتن قورستر دەبێ.

دەکرێ ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠١٤ لە نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر عەبادی، بگەڕێنینەوە بۆ دۆخی ڕێککەوتنی ئەوکاتی نێوان هەر دوو وڵات لەسەر دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران. ناکۆکییەکانی ئەمڕۆی هەر دوو وڵاتیش هەر بۆ دۆسییەی ئەتۆمی دەگەڕێتەوە، کە دوناڵد ترامپ لە ئایاری ٢٠١٨ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە و، دوا بە دوای ئەمەیش کۆمەڵێک سزای ئابووریی بەسەر ئێراندا سەپاند. لە ئەنجامدا پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا ئاڵۆز بوو، کە بێ گومان ئەم دۆخە لەو وڵاتانەیش ڕەنگ دەداتەوە، کە گۆڕەپانی ململانێی سیاسیی هەر دوو وڵاتن.

ئەم ئاڵۆزییە هەرێمی و نێودەوڵەتییە لە نێوان ئێران و ئەمریکا، کاریگەریی لەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندیی هەر دوو لایەن لەگەڵ هێز و لایەنە شیعە، سوننە و کوردەکانیش هەبووە. ئاڵۆزییەکە ئەو کاتە زیاتر قووڵ بووەوە، کە ناکۆکیی ناوماڵی شیعەیشی هاتە سەر. ناکۆکیی شیعی-شیعی، پتر بۆ دوو پرۆژەی سیاسی بۆ حوکمڕانیی وڵات دەگەڕێتەوە. لایەنێک باوەڕی وایە، کە دەبێ زۆرینەی سیاسی حوکمڕانیی وڵات بکات، کە ئەم ڕەوتە لە لایەن حزبی دەعوە بە سەرۆکایەتیی مالکی و لیستی فەتحی هادی عامری پاڵپشتی دەکرێت. ئەم ڕەوتە بە حوکمی هاوبەشیی ئایینزایی، مێژوویی و جوگرافییان لەگەڵ ئێران، باوەڕیان بە نزیکایەتی و هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئێران هەیە. ڕەوتەکەی تر، باوەڕی بە پرۆژەی نیشتمانی و ناسنامه‌ی نیشتمانیی گشتگیر بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق هەیە و، حکوومەتی پشکپشکێنەی حزبی-تائیفی ڕەت دەکاتەوە. ئەم ڕەوتەیش لە لایەن لیستی سائیرونی موقتەدا سەدر، لیستی حیکمەی عەمار حەکیم و لیستی نیشتمانیی ئەیاد عەلاوی سەرۆکایەتی دەکرێت. ئەم ڕەوتە، پتر باوەڕی بە کرانەوە بەسەر ئەمریکا و دەوڵەتانی عەرەبی دراوسێدا هەیە. ئەم دابەشبوونەی ناوماڵی شیعە، کاریگەریی لەسەر چۆنێتیی پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی هەیە و، هەر دوو وڵاتی ئەمریکا و ئێرانیش کاریگەری و دەستڕۆییی خۆیان بەکار دەهێنن، بۆ ئەوەی لایەنی نزیک لە خۆیان سەر بخەن.

هەرچەندە لە چەندین مانگی ڕابردوو، ئەمریکا کۆمەڵێک سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە و هەموو شێوازێکی گوشاری ئابووری دژ بە ئێران بەکار دەهێنێ و، نوێنەری ئەمریکا برێت مەکگورگ لە جووڵەیەکی بەردەوام بووە لە نێوان لایەنە عێراقییەکاندا، بەڵام دەبینین لە پرۆسەی دیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمان، ئێران توانی باڵادەست بێت و پاڵێوراوی لیستەکانی نزیک لە ئێران سەرکەوتنی بەدەست هێنا و، خالد عوبێدی کە پاڵیوراوی هاوپەیمانیی چاکسازی و ئاودانکردنەوەی نزیک لە ئەمریکا بوو، نەیتوانی دەنگ بهێنێت. هەر بۆیە سەرەڕای هەموو هەوڵ و گوشارەکانی ئەمریکا، تاکوو ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ لاوازبوونی ڕۆڵی ئێران لە عێراقدا بەدی ناکرێت. ئەمەیش دەرخەری ئەو ڕاستییەیه‌، کە کاریگەریی ئێران ڕەهەندی سیاسی، ئاسایشی، کۆمەڵایەتی و ئایینیی هەیە، کە بەئاسانی پاشەکشەی پێ ناکرێت. جگە لەمەیش، لایەنە سەرەکییە کوردییەکان کە پارتی و یەکێتین و (٤٣) کورسییان لە پەرلەماندا هەیە و، دەیانتوانی پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆن یەکلایی بکەنەوە، بەڵام بە هۆی هەڵوێستەکانی ئەمریکا لەسەر کوردستانی باشوور، بەتایبەت پاش پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، جۆرێک لە گلەیی و دڕدۆنگییان لە ئەمریکا هەیە و، ئەمەیش وای کرد بڕیاری بێلایەنی بدەن و پاڵپشتیی هاوپەیمانیی نزیک لە ئەمریکا نەکەن. بێلایەنمانەوەی لایەنی کورد، کە لە پازدە ساڵی ڕابردوو بەوە ناسرابوون، کە تاکە لایەنی دۆست و هاوپەیمانی ئەمریکان لە عێراقدا، کاریگەریی بەرچاوی لە کەمبوونەوەی کاریگەری و دەستڕۆییی ئەمریکا هەیە لەسەر پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا.

کۆبەند

بەم جۆرە دەردەکەوێت، کە خاووخلیچکیی پرۆسەی سیاسی لە عێراق پەیوەندیی بە ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانییەوە هەیە. ئەمەیش دەبێتە هۆی ململانێی لسیت و لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن چ لەناو پێکهاتەیەک یان لەناو پێکهاتە جۆراوجۆرەکاندا. لە هەمان کاتدا، ئەم شێوازە لە دیاریکردنی گەورەترین فراکسیۆن، ئەگەری دەستێوەردان بۆ لایەنە دەرەکییەکان دەرەخسێنێت. هەروەک چۆن لە ململانێی ئەمریکی-ئێرانیدا دەبینین، هەر لایەنێک هەوڵ دەدات لەناو دۆست و هاوپەیمانەکانی خۆیدا، گەورەترین فراکسیۆن پێک بهێنێت. پاش ئەو گرژییانەی کە بەم دوایییانە، بە هۆی سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران لە پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتدا هاتنە ئاراوە، وا هەست دەکرێت ڕێککەوتن لە نێوان ئەو دوو وڵاتە نەک هەر ئاسان نەبێت، بەڵکوو ململانێیەکە قورستر و دژوارتر دەکات؛ کە ئەمەیش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسیی عێراق و پێکهێنانی حکوومەت و بەڕێوەبردنی وڵاتدا هەیە.