لە "هاوپەیمانیی لاواز و لەرزۆک"ەوە بۆ حوکمڕانیی سەردەمییانە  

 

قەرەنی قادری

دوای ئەوەی دوێنێ (٢-١٠-٢٠١٨) پەرلەمانی عێراق ڕاستەوخۆ بڕیاری دا سەرۆککۆمار بۆ عێڕاق هەڵبژێرێت، بەیەکجار دیمەنی سیاسیی عێراق گۆڕانی بەسەردا هات و ئەگەری ئەوەیش زۆرە کە کارتێکەرییەکانی "هەڵبژاردن"ی سەرۆککۆماری، هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، بەڵام بە کام ئاڕاستەدا، پرسە هەستیارەکە ڕێک لێرە خۆی دەردەخات.

پۆستی سەرۆککۆماری پشکی کوردە و وا بڕیار بوو کە باشووری کوردستان بەپێی ڕێککەوتن پاڵێوراوێکی هەبێت و سەرجەمی فراکسیۆنی کوردستانییەکان لە بەغدا لە نێوان خۆیاندا لە سەری ڕێک بکەون و دوایی لە پەرلەمانی عێراقدا بخرێتە دەنگدانەوە.

یەکێک له‌ تایبەتمەندییە ئەرێنییەکانی ئەو کارە ئەوەیە کە، لەناو کورددا یەکڕیزی چێ دەبێت و کورد خۆی بڕیار بدات و پاڵێوراوی سەرۆککۆماری دەستنیشان بکات، ئەمەیش کەسایەتیی یاسایی و سیاسی لە عێراق و ناوچەدا بە کورد دەبەخشێت؛ بەڵام پاش کۆچی دواییی "جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق ١٩٣٣-٢٠١٧" هەر لە لایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە ئەو ڕێککەوتنە هەڵوەشێندرایەوە و بە هاوکاریی کۆماری ئیسلامی و زۆرینەی دەنگەکانی پەرله‌مانی عێراق، دەنگ بە "پاڵێوراو"ێک درا کە لە دەرەوەی ڕێککەوتنی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق بوو.

لە ٢ی ئۆکتۆبه‌ردا

بەپێی پیلانی کۆماری ئیسلامی و هاوکاریی هێزە شیعەکان، پرسی دیاریکردنی سەرۆککۆمار، ئەویش بە پێشێلکردنی بڕیاری فراکسیۆنە کوردستانییەکان، ڕاستەوخۆ لە پەرلەمانی عێراق خرایە دەنگدانەوە.  لە خولی یەکەمدا "بەرهەم ساڵح" ١٦٥ دەنگ بەدەست دێنیت و، "فوئاد حوسێن"یش ٨٩ دەنگ مسۆگەر دەکات، بەڵام لە خولی دووەمدا دەنگی "بەرهەم ساڵح" دەبێتە ٢١٩ و "فوئاد حوسێن"یش تەنیا ٢٢ دەنگ بەدەست دێنیت. ئەمەیان ئاڵوگۆڕێکی خێرایە و پێویستە لێی ورد ببینەوە، چونکە ٨٩ دەنگ، خێرا دەبێتە ٢٢ دەنگ. لە هەڵسەنگاندێکی ئاماریدا، ئەو ڕوون دەبێتە کە "برایان"ی شیعە و سوننە بەتەواوەتی لەگەڵ نوێنەرەکەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا نەبوون؛ هەروەها ئەو پەیامەیشیان گەیاند کە "پدک" لە عێراقدا تەنیایە. پێویستە ئەمەیش بەپێی هەڕەشە و دەرفەت لێک بدرێتەوە؛ هەروەها دۆخەکەیش وا دەخوازێت کە جارێکی تر چاو بە هێز و تێگەیشتنی خۆمان بە هێزە عێراقییەکاندا بخشێنینەوە.  

ئەم کارەی کە لە پەرلەمانی عێراقدا کرا، وەشاندنی گورزێکی دیکە بوو لە ڕیفراندۆم و هزرکەی و، درێژەی پیلانی ١٦ی ئۆکتۆبه‌رە؛ بەبێ هیچ شک و گومانێکیش شوێنپێی کۆماری ئیسلامی لە پیلانەکەدا زۆر ڕوون و بەرچاوە.

ئامانجێکی تری ئەو پیلانە ئەوەیە کە، بە دانانی سەرۆککۆمار بۆ عێراق بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ بڕیاری فراکسیۆنە کوردستانییەکان، قەیرانی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان بگوێزنەوە و کێشە و ئاژاوەیش بخەنە ناو هەرێمی کوردستانەوە، بەتایبەت کەشوهەوایەک بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان چێ بکەن و تووشی کاردانەوەیەکی توند و ڕقی بەرامبەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکەن.

هەر لەبەر ئەوە پێویستە پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر وردبینانە و وشیارانە مەبەستەکانی ڕووداوی ٢ی ئۆکتۆبه‌ر (هەڵوێستی شیعەکان، کۆماری ئیسلامی و یەکێتیی نیشتمانی) بخاتە ژێر گەردبینەوە و بۆ هەر هەنگاوێک هەڵوێستێکی گونجاوی هەبێت. کێشەکە تەنیا پێشێلکردنی ڕێککەوتنی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بۆ دیاریکردنی یەک پاڵێوراوی سەرۆککۆماری لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە نییە، بەڵکوو ئامانجێکی مەترسیداریشی لە پشتەوەیە، ئەویش لێكەوتە و ناکۆکییەکان لەسەر پرسی سەرۆککۆمار لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان بگوێزنەوە و خۆیان لەو پیلان و پێشێلکارییانەی ٢ی ئۆکتۆبه‌ر بێبەری بکەن؛ بەڵام بە وەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە هەر خۆیان "بەرهەم ساڵح"یان بە ٢١٩ دەنگ کرد سەرۆککۆمار، لە کاتێکدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تەنیا خاوەنی ١٨ کورسییە لە پەرلەمانی عێراقدا. لایەنێکی تری ئەو پیلانە ئەوەیە کە بە هۆی ڕووداوی ٢ی ئۆکتۆبه‌ر و پیلانەکانی تریانەوە بۆ داهاتوو، ڕێگە نەدەن کوردستانێکی بەهێز چێ ببێت، چونکە ئەوان عێراقێکی بەهێز و کوردستانێکی پڕ لە ئاژاوە و ناکۆکی و لاوازیان دەوێت.

کوردستانێکی بەهێز

بەپێی هەندێک لە ئامار و پێشبینییەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کە لە "٣٠-٩-٢٠١٨"دا بەڕێوە چوو، زیاتر لە ٤٠ کورسیی مسۆگەر کردووە و، گشت حزب و لایەنەکانی دیکەیش لەژێر ڕێژەی ٢١%دان؛ بۆیە ئەوەی لە بەغدا ڕووی دا و چوو، دەتوانێت لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی عەقڵانی قەرەبووی بکاتەوە.

کوردستانێکی بەهێز بەر لە هەموو شتێک لە گرەوی ئەوەدایە کە کۆتایی بە "فیفتی فیفتی" و "هاوپەیمانیی لاواز و لەرزۆک" بهێندرێت و ڕەچاوکردنی ڕێژەی دەنگەکان بۆ حوکمڕانی ببێتە پێوەر. واتە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو (حکوومەتێکی هاوپەیمان، جا ژمارەی پێکهێنەرانی حزبە سیاسییەکان لەو کابینەیەدا زۆر بن یان کەم) گرینگ نییە؛ گرینگ ئەوەیە هەر هێزەی بەگوێری قورساییی خۆی پۆست و وەزارەت وەربگرێت، چونکە متمانەی هاووڵاتیان بڕیاری لە قورساییی ئەوانەوە داوە؛ هەروەها با ئەمە سەرەتایەکیش بێت بۆ بەدامەزاروەییکردن و چەسپاندنی ئەوەی کە هەر هێزێک بەگوێری قورساییی خۆیەوە دەست و قسەی بڕوات.

ئەوەی لە ئاکام و لێکەوتەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چاوەڕوان دەکرێت ئەوەیە، کە حوکمڕانییەکی سەردەمییانە بەپێی قورساییی هێزە سیاسییەکان لە دامەزراوە حکوومییەکان و شوێنی بڕیاردان لە هەرێمی کوردستان بنیات بنرێت. ئەمە دەتوانێت سەرەتای کرانەوەی دەرگەیەک بێت بۆ ئەوەی کۆتایی بە ڕەوایەتیی شۆڕشگێڕی (شەرعییەتی شۆڕشگێڕی) بهێندرێت، چونکە هەوڵدان بۆ سەروەریی یاسا، کوردستانێکی بەهێز و پاراستنی چەمکە سەرەتایییەکانی دیموکراسی کە هەڵبژاردن و ئاکامەکانی کۆڵەکەیەکی گرینگی ئەو چەمکەیە، پێویستە ببێتە بنەما بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو.

حوکمڕانی ئەگەر لەسەر بنەمای ئاکامی هەڵبژاردن نەبێت، ڕەچاوی ڕازیکردنی ئەم حزب و ئەو حزب بکرێت، هەروەها ڕەوایەتیی شۆڕشگێڕی و مێژووی خەبات بکرێتە پێوەر بۆ پۆست و پلەی باڵا لە حوکمڕانیدا، بەدڵنیایییەوە سەروەریی یاسا و کوردستانێکی بەهێز نایەتە دی؛ چونکە دوو شتی بەتەواوەتی جیاوازن و، هەرێمی کوردستانیش ئەوە زیاتر لە بیست و پێنج ساڵە ئەمە تاقی دەکاتەوە و، ئەزموونیش پێمان دەڵێت کە ئەمە ئیتر بڕشتی نەماوە و خەریکە خۆی دەخواتەوە.

بوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی عەقڵانی نەک پۆپۆلیست، بۆ هەرێمی کوردستان و حوکمڕانییەکەی پێویستە، بەڵام ئەو مەترسییەیش هەیە ئەگەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ بەشداری لە حکوومەتی داهاتوو پێوەرەکەی ئه‌نجامی دەنگەکانی نەبێت، یان لە هەڵگەڕانەوەیەکی تردا ئه‌نجامی دەنگەکان قبووڵ نەکات، ئەگەری ئەوە هەیە ببێتە ئۆپۆزیسیۆن. بەڵام ئەوەیشمان لەبیر نەچێت کە لەوانەیە ئۆپۆزیسیۆنبوونەکەی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە مۆدێلەکەی حزبووڵڵای لوبنان بێت، کە ئۆپۆزسیۆنێکی چەکدارە!

کوردستانێکی بەهێز لە گرەوی چاکسازییەکی خێرا و گشتیدایە کە بوارە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایه‌تی، بەتایبەت ئیدارییەکانی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە؛ لە سەرووی هەموویشیانەوە پرسی خزمەتگوزارییەکان؛ هەروەها ئەو دامەزراوە حکوومییانەیش دەگرێتەوە کە پەیوەندیی ڕۆژانە و ڕاستەوخۆیان بە ژیانی هاووڵاتیانەوە هەیە.

لە دۆخێکی هەستیاردا دەژین، ڕووداوەکان زۆر تیژڕەو و ئاڵۆزن، پاراستن و بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان و لە سەرووی هەموویانەوە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان، لە پرسە ژیانییەکانی وڵاتە و ئەمەیش ڕێک پەیوەندیی بە حوکمڕانییەکی نوێ و چاکسازییەکی گشتیەوە هەیە. بۆ ئەوەی کوردستان بەهێز بێت، پێویستمان بە سەروەریی یاسایه،‌ کە ئەویش دابەشینی پۆست، هەماهەنگی، بەرپرسیارێتی و وه‌ڵامدەریی دەسەڵاتەکان و بەرپرسەکانه‌ لە بەرامبەر کار و هاووڵاتیان و تەکوزێکی عەقڵانی لە حوکمڕانیدا!