ململانێکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا

پەیڕەو ئەنوەر/ توێژەر

تورکیا و جەنگی سارد:

تورکیا لە ساڵی ١٩٥٢دا دەبێتە ئەندامی ناتۆ/ ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی و، ئەمریکایش لە ڕێگەی پلانی ماڕشاڵەوە ژێرخانی ئابووریی تورکیا دەبووژێنێتەوە و، دواتریش تورکیا بە هۆی پێگە جیۆپۆلیتیکی و جیۆسیاسییەکەیەوە ڕۆڵێکی گەورە لە بەردەم وەستاندنی شەپۆلی کۆمۆنیزم و ڕێگرتن لە پەڕینەوەی بۆ باشووری ئەوروپا دەگێڕێت. ئەم ڕۆڵەی تورکیا تا ڕاددەیەک بووە هۆی پاراستنی بەها سیاسی و ئایدیۆلۆژییەکانی بلۆکی سەرمایەداری بە ڕابەرایەتیی ئەمریکا و، پێگەی سیاسی و دیپلۆماسیی ئەمریکا لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا. پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تورکیا لە سەروبەندی داگیرکردنی قوبڕسی باکوور لە لایەن تورکیاوە ئاڵۆزیی تێ کەوت؛ دواتر لە دوای کودەتا سەربازییەکەی ساڵی ١٩٨٠ لە تورکیادا، پەیوەندییەکان ئاسایی بوونەوە.

لە دوای ٢٠٠٣وە تورکیا ڕێگەی نەدا ئەمریکا و هێزی هاوپەیمانان خاک و ئاسمانی وڵاتەکەی بەکار بهێنێت بۆ هاتنەنێو عێراق؛ دواتریش بە هۆی هەڵوێستەکانی تورکیا لە بەرامبەر داعش و ڕووداو و ململانێکانی سووریا و، یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ پەیەدە و، کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمووزی ٢٠١٦ و دەستگیرکردنی قەشە "ئەندریۆ بڕۆنسن"، ناکۆکی و ململانێکانیان گەیشتە لووتکە! تەنانەت ئەمریکا دەستپێشخەریی کرد لە سزادانی دوو وەزیری حکوومەتی ئێستای تورکیا و کۆمەڵێک سزای ئابووری؛ بە جۆرێک کە بەهای دراوی تورکی (لیرە) بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە مێژووی ئەو وڵاتەدا دابەزی! تورکیا بەگشتی لە قۆناغی "جەنگی سارد"دا پەیوەندییەکی ئاسایی و باشی لەگەڵ ئەمریکادا هەبوو و ڕۆڵی پۆلیسی ئەمریکای لە ناوچەکەدا دەبینی، بەڵام لە ئێستادا خەریکە بونیاد و مێژووی ئەو پەیوەندییە تێک دەشکێت و بەتەواوی لە یەکتر دوور دەکەونەوە.

بنەڕەتی کێشە و ململانێکان:

بۆ تێگەیشتن لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سیسته‌می سیاسیی نێودەوڵەتی! سیسته‌مەکە تاکوو ئێستا "تاکجەمسەرییە (Unipolar System) و ئەمریکا ڕابەرایەتیی دەکات و بەهاکانی نێو سیسته‌مەکە دادەڕێژێت و بەرهەمی دێنێتەوە. ڕاستە هێزی تری وەک یەکێتیی ئەوروپا، چین، ڕووسیا و هیند جووڵە دەکەن، بەڵام هێشتا ئامادە نین تا سیسته‌مەکە بگۆڕن و بیگوازنەوە بۆ دووجەمسەری، یان فرەجەمسەری و ڕەگەزەکانی هێز دووبارە دابەش بکەنەوە.

تورکیا لەناو سیسته‌مە سیاسییە هەرێمییەکە (Regional System) بە دوای ڕۆڵ و بەها و ناسنامه‌دا دەگەڕێت! ناسنامه‌ی تورکیا لە دوای داعشەوە، گەڕانەوەیە بۆ میرات و سەرمایە سیمبوڵی، مێژوویی و جیۆپۆلیتیکییەکەی دەوڵەتی عوسمانی و عوسمانیزم! پێدەچێت ئەم خەونەی تورکیا تەنیا خەونێکی "دۆنکیشۆتیانە" بێت! بەڵام هەوڵی سەرەکیی تورکیا بۆ دابڕان بووە لە ئەمریکا؛ دابڕان بە مانای ئەوەی لە بەها سیاسییە ئەمریکییەکان دوور بکەویتەوە و، لەگەڵ هێزێکی وەک ڕووسیا و چین بتەوێت بەهای سیاسیی نوێ و ئۆردەر/ڕێکخستنی نوێ و خەیاڵی نوێی سیاسی دروست بکەیت.

ئەمریکا وەک هێزێکی باڵا، گەردوون بە قووڵاییی ستراتیژیی خۆی دەزانێت؛ ئەمە مانای وایە ڕێگە نادات هیچ جەمسەر و بلۆکێک دروست بێت تا خەیاڵی سیاسی و ستراتیژیی ئەمریکی تێ پەڕێنێت. پرسی قەشەکە تەنیا بیانوو و پاساوە! ململانێ بنەڕەتییەکە لەسەر ئەوەیە تورکیا دەیەوێت خەیاڵی ڕووسی و بیرکردنەوەی سیاسیی ڕووسیانەی هەبێت و وەک هێزێکی نیمچەنێودەوڵەتی دەربکەوێت نەک هەرێمی. بەگشتی دەکرێت ئێمە لە ڕێگەی چەند خاڵێکەوە بنەما سەرەکییەکانی ململانێکان دیاری بکەین:

یەکەم: بلۆکی ڕووسی-چینی-ئێرانی

ئەردۆغان ئەوەی درکاندووە و ڕای گەیاندووە کە وڵاتەکەی ئامادەیە ماڵاوایی لە ئەمریکا بکات و بەرەو هاوپەیمانێکی نوێ بچێت، کە مەبەست لێی ڕووسیایە! چونکە ئەمریکا دەیەوێت هاوپەیمانێکی ستراتیژیی ٥٠ ساڵەی وەک تورکیا بکاتە قوربانیی گرووپێکی تیرۆریستی. ئەردۆغان ئاماژەیشی بەوە کرد کە ئێمە لە ئەڤغانستان، سۆماڵ و بۆسنە لەگەڵ ئەمریکادا بووین و کەچی ئێستا ئەمریکا تورکیا پەراوێز دەخات. ئەمەیش گوزارشتە لە بێهیوابوونی ئەردۆغان لە ئەمریکا بە هۆی جیاوازیی دونیابینی لە سیاسەت و، ستراتیژیی نێوانیان بەرامبەر سووریا و کۆمەڵێک پرسی تر. ئەم لێدوانانەی ئەردۆغان هێما و گوزارشتن لە نزیکبوونەوەی وڵاتەکەی لە ڕووسیا و چونەنێو ئەو بونیاد و چوارچێوە سیاسی و دیپلۆماسیی و ئابوورییەی کە ڕووسیا و هاوبەشەکانی پەیڕەوی دەکەن. لە لایەکی ترەوەیش، تورکیا هەوڵ دەدات وەک هێزێکی نێودەوڵەتی دەربکەوێت و پێگەی سیاسیی ئیمپڕاتۆرییه‌تی عوسمانی بەدەست بهێنێتەوە! ئەمریکایش ئەم خەونەی تورکیا ڕەت دەکاتەوە و، دەیەوێت تورکیا تەنیا وەک هێزێکی هەرێمی ڕۆڵ ببینێت و لەوە زیاتر پەلوپۆ نەهاوێت. ساڵی پار، چین لە ڕێگەی زیندووکردنەوە و کاراکردنەوەی پڕۆژەی "ڕێگه‌ی ئاوریشم"ەوە، هەوڵی دا تورکیا لە خۆی نزیک بکاتەوە و، بۆ سەرکەوتنی ئەو پڕۆژەیە، سوود لە پێگە جیۆئابوورییەکەی تورکیا وەربگرێت.

دووەم: کڕینی سیسته‌می بەرگریی ڕووسی S400

تورکیا ساڵی پار گرێبەستێکی بۆ کڕینی مووشەکی S400ی بەرگری لەگەڵ ڕووسیادا بە بڕی دوو ملیار و نیو دۆلاری ئەمریکی واژوو کردووە. تورکیا لە چوارچێوەی ناتۆدا دووەم بەهێزترین سوپایە و ناتۆ ڕەخنەی لە گرێبەستەکەی تورکیا گرتووە بە هۆی ئەوەی لەگەڵ سیسته‌مە بەرگرییەکەی ناتۆدا ناگونجێت. ئەم مووشەکە دەتوانێت تا ٤٠٠ کیلۆمەتر بڕوات و لە یەک کاتیشدا ٨٠ ئامانج بخاتە خوارەوە؛ ئەمەیش نیگەرانیی ئەمریکا و ناتۆی لێ کەوتۆتەوە. ئەم هەوڵانەی تورکیا بۆ ئەوەیە کە وەک هێزێکی سەرووهەرێمی دەرکەوێت. ئەردۆغان دەیەوێت ئەو میتۆد و ڕێگه‌یانەی کە لە ڕابردوودا لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا بەکاری هێناوە و لە ڕێگەیەوە سەرکەوتنی بەدەست هێناوە، بە هەمان شێوە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی بەکاری بهێنێت. بەمەیش لەگەڵ ئەمریکادا تووشی ململانێ و ناکۆکی بۆتەوە؛ بە جۆرێک کە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دوودڵ بووە لە پێدانی فڕۆکەی جۆریF35  بە تورکیا.

سێیەم: یارمەتیدانی په‌یه‌ده‌ لە لایەن ئەمریکاوە

لە دوای بەهاری عەرەبی و تێکچوونی دۆخی سووریا و گەڕانەوەی ڕووسیا بۆ نێو گۆڕەپان و سیاسەتی نێودەوڵەتی و سەرهەڵدانی داعش، ئەمریکا "پەیەدە"ی وەک هێزێکی کوردی، کرد بە هاوبەشێکی سەرەکیی خۆی لە سووریادا و، چەندین یارمەتیی سەربازی و لۆجیستی و ناردنی چەک و تفاقی پێشکەش بەو هێزە کرد. ئەمەیش تورکیای نیگەران کرد، چونکە تورکیا پەیەدە بە درێژکراوەی پەکەکە دادەنێت و، بەهێزبوونی ئەو ‌هێزەیش لە باکووری سووریا بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی وڵاتەکەی دادەنێت. تورکیا چەندین جار داوای لە ئەمریکا کردووە کە یارمەتییەکانی بۆ پەیەدە ڕابگرێت، بەڵام ئەمریکا داواکارییەکەیانی پشتگوێ خستووە و؛ ئەمەیش بووە بە خاڵێکی ناکۆک لە نێوان تورکیا و ئەمریکادا.

لە دوو هەفتەی ڕابردوودا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا "جەیمس جێفری"ی وەک نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا دەستنیشان دەکات! جێفری تا ساڵی ٢٠١٢ لە تورکیا و عێراق باڵیۆز بووە و، پاڵپشتیی پەیوەندیی دۆستایەتی و هاوکاریی نێوان کوردانی ڕۆژاوا و ئەمریکا دەکات. جێفری دژی هێژموونی ئێران و ڕووسیایە لە سووریا و، زیاتر پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە تورکیا بۆ نەهێشتنی هێژموونی ڕووسیا و ئێران، دەبێت دەسەڵاتداری و دیفاکتۆی سیاسیی کورد لە باکووری سووریادا قبووڵ کات. ئەم دید و ڕوانینەی ئەمریکا بۆ پەیەدە لە سووریا، بەشێکی بنەڕەتیی ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکایە.

چوارەم: گولەنییەکان

ئەردۆغان لە دوای هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمووزی ٢٠١٦ چەندین جار داوای لە ئەمریکا کردووە بۆ ڕادەستکردنەوەی فەتحولا گولەن، چونکە هەم گولەن و هەمیش ڕێکخراو و ئەندامەکانی، بە کودەتاچی و ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بۆ سەر تورکیا دادەنێت. لە ئێستایشدا تورکیا داوای گۆڕینەوەی گولەن دەکات بە قەشە ئەمریکییەکە و؛ بەمەیش دەیەوێت چەند پەیامێک بگەیەنێت.
یەکەم: سەرنجڕاکێشانی شەقامی ئیسلامی، تورکی و عەرەبی و بەکارهێنانی سەرمایە و سیمبوڵی ئیسلامی، بەوەی کە ئەردۆغان و تورکیا دژی بانگەشەی مەسیحییەت و قەشە و سەرمایە ئایینییەکانی دەرەوەی ئیسلامن و تورکیا شوێنی مەسیحییەت نییە و ڕووبەرێکی زیاتر ئیسلامییە!

دووەم: گۆڕینەوەی گولەن بە قەشەیەکی ئەمریکی، دەبێتە هۆی وەبەرهێنانی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ ئەردۆغان، تا وا پیشانی بدات کە پیلانگێڕەکانی کودەتاکە دەستگیر کراون و ئەمریکایش ڕۆڵی لەو پیلانگێڕییە هەبووە و؛ ئەمەیش پێگەی جەماوەریی ئەردۆغان لە شەقامی تورکیادا بەتەواوی بەهێز دەکات و هێڵی خزمەتیش/گولەنییەکان وەک تاکە هێزی ڕکابەری ئیسلامی لە بەرامبەر ئەردۆغاندا بەتەواوی لاواز دەکات.