بۆچى ئێران هەوڵى داخستنى گەرووی هورمز دەدات؟

بێستوون  عومەر نوورى/ مامۆستاى زانستە سیاسیەکان/ زانکۆى سەڵاحەددین

دەروازە

گەرووی هورمز یەکێکە لەو گەرووانەی بایەخێکى زۆر گرنگى هەیە لەسەر ئاستى ناوچەکە و جیهان، چونکە یەکێکە لەو ڕێڕەوە ئاوییانەى دەکەوێتە ناوچەى کەنداو؛ لە ڕووێکەوە سەڵتەنەى عەمانە لە پارێزگه‌ى "مسندم" و لە ڕووى باکوورییەوە ئێرانە و، بە دەروازەى کەنداوى فارس دادەنرێت. پانییەکەى (50)  مەترە و قووڵییەکەى (60) مەترە. تاکە دەرچەى ئاوى کوێت، قەتەر و عێراقە و، ملکەچى پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان نەبووە، بەڵکوو سیستەمى ترانزیت تێیدا پەیڕەو دەکرێت و هیچ مەرجێک لەسەر ئەو کەشتییە بارهەڵگرانە دانانرێت کە پێیدا تێپەڕ دەبن؛ چونکە تیپەڕبوونى ئەم کەشتیانە ئاسایشى وڵاتانى دراوسێی ئەم گەرووە ناخاتە مەترسییەوە. لە دەروازەى ئەم گەرووە سێ تەپۆڵکە هەیە کە بە ناوچەى جێناکۆک لە نێوان ئێران و ئیمارات دادەنرێت کە بریتین لە "طنب الكبرى، طنب الصغرى، جزيرة أبو موسى". 

گرنگیى گەرووی هورمز لە ڕووى  جیۆسیاسییەوە:

ئەم گەرووە لە ڕووى جێۆسیاسییەوە بایەخێکى زۆر گرنگى هەیە، چونکە:

1- گەرووی هورمز گەورەترین بازاڕەکانى جیهان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەتایبەت دواى ئەوەى کە نەوت لە ناوچە عەرەبنشینەکان دۆزرایەوە و، بە هۆى پێشکەوتنى تەکنەلۆژییه‌وه‌ گرنگیى ئەم تەنگەیە، بۆ هەناردەکردنى نەوت بۆ ئەم وڵاتانەى کە پێویستیان بە نەوتە، زیاتر بەدیار کەوت.

2- ڕۆژانە ئەم تەنگەیە نزیکەى 30 بارهەڵگرى نەوتى  پێدا تێپەڕ دەبێت؛ بە شێوەیەک 40%ى نەوتى جیهان لەم ڕێڕەوە تێپەڕ دەبێت.

3- دەوڵەتى ژاپۆن زۆرترین نەوت  لەم گەرووە هاوردە دەکات؛ ئەگەر ئەم تەنگەیە دابخرێت ئەوا جیهان لە پێشکەوتنى تەکنەلۆژیى ژاپۆن بێبەش دەبێت.

4- 22%ی کاڵاکان وەک: دەرمان، کەرستەى خاو، ئاسن و چیمەنتۆ، لە ڕێگەى ئەم تەنگەیەوە هەناردە دەکرێت.

 5- سعوودیا 88%، عێراق 98% و، ئیمارات 99%ی نەوتەکه‌یان لە ڕێگەى ئەم تەنگەیەوە هەناردە دەکەن.

6- ئێران لە ڕێگەى ئەم تەنگەیەوە نەوتى خاو هەناردەى بازاڕەکانى ئاسیا دەکات، بەتایبەت دەوڵەتى چین.

7- ئیتاڵیا و ئیسپانیا و یۆنان، دواى ئەوەى ڕووسیا بە هۆى سڕکردنى ڕێکكەوتننامەى هاوکاریى سەربازیى نێوان یۆنان و ڕووسیا هەناردەکردنى نەوتى بۆ ئەم وڵاتانە ڕاگرت، بۆیە پشت بە ئێران دەبەستن بۆ هاوردەکردنى نەوت لە ڕێگەى ئەم تەنگەیەوە؛ بە شێوەیەک ڕۆژانە نزیکەى 450 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەى ئەم وڵاتانە دەکات.

8- سعوودیا لە ڕێگەى ئەم تەنگەیەوە غاز هەناردەى بازاڕەکانى جیهان دەکات، دواى ئەوەى هێڵى "رأس التنورة"ى ڕاکێشا.

ستراتیژییەتى ئێران بەرامبەر بە گەرووی هورمز

دواى ئەوەى سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، "دۆناڵد ترامپ"، لە ڕێکكەوتننامەى تایبەت بە ئەتۆمى ئێران کشایەوە، کە لە ساڵى 2015 ئەم ڕێکكەوتننامەیە لە لایەن گرووپى (5+1) واژوو کرابوو، لەگەڵ ئەمەیشدا، ئیدارەى نوێی ئەمریکا سزاى نوێی خستە سەر ئێران و، بە شێوەیەک هەوڵى ڕیگریکردن لە هەناردەکردنى نەوتى ئێران بۆ بازاڕەکانى جیهان دەدات. ئەمەیش بووە هۆى ئەوه‌ى کە ئێران بەرامبەر ئەم سزایانە بێدەنگ نەبێت و، هەڕەشەى داخستنى "گەرووی هورمز" دەکات. چونکە ستراتیژییەتەکەى بریتییە لەوەى "یان بۆ هەمووان، یان بۆ کەس نا"؛ واتا مەبەستى ئەوەیە یان دەبێت ئێران وەک هەموو وڵاتانى تر نەوت هەناردە بکات، یان نابێت هیچ وڵاتێک لەم تەنگەیەوە نەوت هەناردە بکات. ئەمەیش دەبێتە هۆى دروستبوونی قەیرانێکى ئابووریى نوێ لە جیهان، چونکە  40%ی نەوتى جیهان بەم ڕێرەوه‌ تێپەر دەبێت.

ڕێگریکردن لەم ڕێژەیە دەبێتە هۆى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت؛ بە شێوەیەک نرخى هەر بەرمیلێک له‌ (100) دۆلارى ئەمریکى تێپەڕ دەکات، نرخى سووتەمەنى لە ئەمریکا و وڵاتانى ئەوروپى بەرز دەبێتەوە. واتا ئێران بەتەنیا تووشى قەیرانى ئابوورى نابێت بەڵكوو بەشێکى زۆر لە وڵاتان تووشى ئەم قەیرانە دەبن. ئەوکات کۆمەڵگه‌ى نێودەوڵەتى ئەمە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا قبووڵ ناکات، بەتایبەت دەوڵەتانى ئەوروپى، چونکە زەرمەندى یەکەم دەبن و پشت لە واشنتۆن دەکەن. بە بڕواى ئێرانیش لەو کاتەدا  ئیدارەى "ترامپ" ئەم سزایانەى سەر ئێران هەڵدەگرێت و، ڕێگە بە هەناردەکردنى نەوتى ئێران دەدات.

ئایا ئێران دەتوانێت ئەم گەرووە دابخات؟

ئەگەر سەرنج بدەین، یەکەم جار نییە کە ئێران بۆ داخستنى ئەم تەنگەیە ئەم هەڕەشانە دەکات، بەڵکوو چەند جارێکى تر ئەم هەڕەشانەى کردووە؛ بەتایبەت "هاشم ڕه‌فسه‌نجانى"،  سەرۆکى پێشووى ئێران، ئەو کاتەى کە لە کاتى جه‌نگى نێوان عێراق و ئێران (1980-1988) سەرۆکی پەرلەمان بوو، هەڕەشەى داخستنى ئەم تەنگەیەى کردووە و،  جارى دووەم سەرۆکى پێشووى ئێران، "ئەحمەدینەژاد"، هەڕەشەى داخستنى ئەم تەنگەیەى کرد. چونکە ئیدارەى ئەوکاتى ئەمریکا سزاى ڕێگریکردن لە  ناردنەدەرەوەى نەوتى ئێرانى دەرکرد، لەو کاتەدا جێگرى "ئەحمەدینەژاد"، سەرۆکى پێشووى ئێران، "محه‌مه‌د ڕه‌زا ڕه‌حیمی" ئاماژەى بەوە کرد: "ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا سزا بخاتە سەر نەوتى ئێران، ئەوا ئێمەیش گەرووی هورمز دادەخەین و ڕێگە نادەین یەک دڵۆپە نەوتی پێدا تێپەڕ بێت."

ویلیه‌م د. ئۆنیل بابەتێکى بڵاو کردەوە بە ناونیشانى "تێچوو و ئاستەنگەکانى بەردەم  داخستنى گەرووی هورمز"؛ ئاماژە بەوە دەکات و دەڵێت: "ئێران بۆ ئەوەى ئەم تەنگەیە  دابخات پێویستى بە دوو غەواسە هەیە بۆ ماوەى یەک هەفتە بە شێوەیەکى  چڕ ئەم تەنگەیە مینڕێژ بکات؛ بەڵام ئەگەر ئەم کارەیشى کرد، بە هۆى ئەوەى کە ئەم ئاوە زۆر قووڵ نییە، بۆیە غەواسەکان بەئاسانى ناتوانن کارەکان جێبەجێ بکەن و، هەروەها مینەکان بەئاسانى دەدۆزرێنەوە." کەواتە ئێران لەبەر سێ هۆکار ناتوانێت ئەم تەنگەیە دابخات: یەکەمیان، ئێران تاكه‌ دەوڵەت نییە خۆى بە خاوەنى ئەم تەنگەیە بزانێت، بەڵکوو دەوڵەتانى تریش سنووریان لەسەر ئەم تەنگەیەیه‌ و ڕێگە نادەن ئەم تەنگەیە دابخەن و؛ دووەمیان، دەبێتە هۆى دروستبوونی قەیرانێکى ئابووریى جیهانى و، ئێران زیاتر زەرەرمەند دەبێت. سێیەمیان، سووربوونى ئێران دەبێتە هۆى هەڵگیرساندنى جەنگى جیهانى، چونکە دوو بەرەى دژبەیەک دروست دەبێت: بەرەیەکیان ئەمریکا و وڵاتانى هاوپەیمانى و، بەرەى دووەم چین و وڵاتانى نزیک لە چین کە زیاتر ڕووسیا و ئێران لەخۆ دەگرێت. بۆیە هەموو ئەم ئاماژانە ئەوەمان پێ دەڵێن کە ئێران ناتوانێت ئەم گەرووە دابخات.