پێگەی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشەکانی ناوچەدا

هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

لەم وتارەدا هەوڵ دەدرێت بەکورتی تیشک بخرێتە سەر ڕەوشی هەنووکەییی هەرێم و لە ڕێگەی خوێندنەوەیەکی شیکارییانەوه‌ بەرچاوڕوونییەک بۆ ئەگەرەکانی داهاتوو بخرێتە ڕوو. بۆ تێگەیشتن لە پێگەی هەرێمی کوردستان لە داهاتووی نەخشەی سیاسیی ناوچەکەدا، پێویستە ئاوڕێک لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد و پەیوەندیی ئەم بزاڤە بە جیهانی ڕۆژاواوە بدەین. هەر بۆیەیش، لە ڕووی زەمەنییەوە، بە نزیکبوونەوەی بە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان، بابەتەکە بۆ بەدەستهێنانی وێنایەکی تۆکمە لەسەر هەرێمی کوردستان فرەڕەهەندتر دەبێت.

کورتەیەکی مێژوویی

دوای ئاراستەبوون/ئاراستەکردنی داعش بەرەو هەرێمی کوردستان، بۆ بەرپەرچدانەوەی داعش، هێزە هاوپەیمانەکان بەبێ دوودڵییەوە هاتنە سەرخەت. پرسیاری سەرەکی کە ئەوکات لەناو هزری تاکێکی ئاسایی تا ناوەندە لێکۆڵینەوەکان و تەنانەت هزری سەرکردەکانیش گەڵاڵە کرا، بریتی بوو لەوەی کە بۆچی یەکسەرە زۆڕێک لە وڵاتانی جیهانی ڕۆژاوا و بەتایبەتیش ئەمریکا  (هاوپەیمانان) بە هانای هەرێمی کوردستانەوە هاتن، لە کاتێکدا کە نە لە عێراق و نە لە سووریا ئەمە ڕووی نەدا؟ هەر بۆیەیش لە زۆر لایەنەوە هاوپەیمانان لۆمە کران کە سیاسەتێکی دووفاقی یاخود ناڕوونیان گرتووه‌تە بەر. ئەگەرچی لە ڕاستیدا، هەر بە گوتەی خودی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، واتە ئۆباما، ئیدارەی ئەوکاتی ئەمریکا هیچ ستراتیژێکیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەوخۆی داعش نەبووە، تا ئەو کاتەی کە لە بیرەوەریی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠١٤ ستراتیژەکەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش خستە ڕوو و بانگەوازی کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتیی کرد بۆ پێکهێنانی بەرەیەک دژ بە داعش. ئەم جارە بە پێچەوانەی جه‌نگی ئەفغانستان، ناوچەی جوگرافیی دژ بە داعش گشت کونجێکی ئەم جیهانەی گرتەوە، ئەگەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ڕووبەڕووی مەترسی ببێتەوە.

دەکرێ سادەترین وەڵام بۆ پرسیاری سەرەوە بریتی بێت لەوەی کە "ئەمریکا ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات." ئەمەیش وەڵامێکی ڕاسته‌، بەڵام لە ڕاستیدا خۆدوورخستنەوەیه‌ لە وەڵامی سەرەکیی پرسیارەکە، چونکە ژیانی ڕۆژانە، هەر لە نانخواردنەوە بگرە تا دەگاتە عیبادەتی ئایینی و خەوتن، گشتیان لەسەر بەرژەوەندی وەستاون. لە سیاسەتیشدا بەرژەوەندی، کۆڵەکەی سەرەکیی ئەم بوارەیە، هەم وەک زانست، و هەمیش وەک کردە. بەڵام لایەنی تری ئەم وەڵامە بریتییە لە پێگەی خودی هەرێمی کوردستان. واتە هەرێمی کوردستان چووەتە ناو چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژاوا. بوارەکانی ئەم بەرژەوەندییەیش فرەڕەهەندن، وەک: وزە، ئاسایش و سەقامگیری، سیستەمی نۆێی جیهانی کە کۆمەڵێک کێشەی جیهانیی بەخۆوە بینیوە، نەخۆشیی ئیبۆلا، پیسبوونی ژینگە و و هزری پێکەوەژیانی مرۆڤ و ژینگە و هتد. گشت ئەم بوارە نوێیانە ئەو هەلە ناڕەخسێنن کە دەوڵەتان لەسەر بیرۆکەی ئایدیۆلۆژی دژی یەکتر بوەستنەوە و پشتگیریکردنیش لە وڵاتانی دیکتاتۆر بکەوێتە ناو چوارچێوەی ئەم ململانێیەوە.

لە چوارچێوەی ئەم بارودۆخە نوێیەدایە کە کورد بووە بە بەشێک لە هاوکێشەی جیهانی. ئەمەیش بەو هۆیەوە کە گوتار و شێوازی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان (بە کۆی کاراکتەرە سیاسییەکان لە چوارچێوەی سیستەمی سیاسیدا) بە گشت کەموکوڕییەکانییەوە، بۆ کۆمەڵگه‌ی ڕۆژاوای سەلماند کە هەرێمی کوردستان کەم تا زۆر پشتگیری لە بەهاکانی ڕۆژاوایی دەکات. ئەمەیش پرۆسەیەکی مێژوویییە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بزووتنەوەی نەتەوەیی/ڕزگاریخوازی لە کوردستانی عێراق و بەتایبەتیش بە دەستپێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بزووتنەوەی نەتەوەیی/ڕزگاریخوازی کورد لەگەڵ ئیسڕائیل. لووتکەی ئەم پەیوەندییەیش کاتێکە کە بەرپرسانی ئیسڕائیل لە ساڵی ١٩٦٨دا ئامۆژگاریی "مەلا مستەفای بارزانی" دەکەن کە لە بری هەوڵدان بۆ حوکمی زاتی، لە پێناو بەدیهێنانی سەربەخۆییدا کار بکات. بۆیەیش جێگەی سەرسووڕمان نییە کە دوای هاتنی داعش بەرەو هەرێم و بانگەشەی سەرۆکی هەرێم بۆ پرسی سەربەخۆیی، سەرۆکی ئیسڕائیل، بە هەر هۆکارێک بێت، یەکەم سەرۆک دەبێت کە بەئاشکرا پشتگیری لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان دەکات.

پەیوەندیی ئیسڕائیل و هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا بووە، کە ئەمریکا ئامادە نەبووە پەیوەندی لەگەڵ بزاڤی ڕزگاریخوازی کورددا دروست بکات. بە گەڕانەوە بۆ مێژوویش، دەبینرێت کە گوشاری ئیسڕائیل بۆ سەر ئەمریکا یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هاتنەناوەوەی ئەمریکا بووە بۆ ناو پرسی کورد لە عێراقدا. سەرەڕای بەرزی و نزمی لە نێوان پشتگیریی ئەمریکا بۆ کورد، بەڵام سەرەتای پشتگیریی ڕاستەقینەی ئەمریکا لە کورد بۆ ساڵی ١٩٩١ دەگەڕێتەوە؛ واتە کاتێک کە ئەمریکا و جیهانی ڕۆژاوا پشتگیرییان لە کورد کرد و ناوچەی ئارامیان دامەزراند و پشتگیرییان لە سیستەمی فیدراڵی بۆ عێراق کرد.

بە گەڕانەوە بۆ ساڵی یەکەمی خولی یەکەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کاتێک کە کۆمەڵێک ئەندام پەرلەمان گەڵاڵەی سیستەمی فیدراڵی دەکەن بۆ عێراق و هەرێم وەک بەشێک لە عێراقی فیدراڵ، ئەم گەڵاڵەیە له‌ نێوان زۆریک لە نوخبەی سیاسیی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان پشتگیری بەدەست ناهێنێت؛ واتە هزری سیاسیی کورد لە چوارچێوەی خودموختاریدا قەتیس کرابوو. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە هاوکات بە گەڵاڵەکردنی ئەم بیرۆکەیە، "مەسعوود بارزانی" و "جەلال تاڵەبانی" لە گەشتێک بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپادا بوون. بە گەڕانەوەیان، پێشنیاری سیستەمی فیدراڵییان خستە بەردەم پەرلەمان و، بڕیار درا هەرێم ببێتە بەشێکی فیدراڵ لە چوارچێوەی عێراقدا. لە چاوپێکەوتنەکانم  لەگەڵ کۆمەڵێک ئەندام پەرلەمانی ئەوکات، ئاماژەیان بەوە دا کە خستنەڕووی فیدراڵیزم بۆ هەرێم بە پشتگیریی ڕاستەخۆی ڕۆژاوا بووە؛ واتە یەکەمین هەنگاوی کرداری بۆ پشتگیریکردن لە هەرێمی کوردستان.

دووەمین پشتگیریی ڕاستەوخۆ لە کورد لە ساڵی ٢٠٠٣ بوو. ئەم پشتگیرییە هەم لە پێش جه‌نگی دژی سەددام ڕەنگی دایەوە و هەمیش لە داڕشتنی دەستووری عێراقدا. سەبارەت بە داڕشتنی دەستوور، سیستەمی فیدراڵی، بوو بە سیستەمێکی چەسپاو لە عێراقدا و سەرەڕای هەبوونی ڕەستەیەک لە دیباجەکەدا کە ئاماژە بەوە دەکات کە یەکگرتوویی لە عێراقدا، بەندە بە جێبەجێکردنی ئەم دەستوورەوه‌. سەبارەت بە پشتگیریی ئەمریکا لە پێش جه‌نگدا، پێویستە تیشک بخرێتە سەر تورکیا وەک لایەنێکی هاوپەیمانییەکە لە دژی سەددام. تورکیا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە بەتوندی لە دژی جه‌نگی عێراق وەستایەوە. بۆ ڕازیکردنی تورکیا بۆ بەشداریکردن لە جه‌نگی دژی سەددام، ئیدارەی ئەوکاتی ئەمریکا ئامادەییی خۆی دەربڕی کە بڕی ٣٠ ملیار دۆلار بە تورکیا ببەخشێت. شەش ملیار وەک بەخشیش و ٢٤ ملیاریش وەک پێشینەی درێژخایەن. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ئابووریی تورکیا تووشی وەستان ببوو و یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی "ئاک پارتی" (ئاكه‌په‌)یش بەڵێنی چارەسەرکردنی ڕەوشی ئابووری بوو. سەرەڕای ئەمەیش تورکیا بەم پێشنیارە ڕازی نەبوو و مەرجی سەرەکیی بەشداربوونی تورکیا، کونترۆڵکردنی ویلایەتی کۆنی مووسڵ بوو. ئەم مەرجەیش بەتوندی لە لایەن سەرکردایەتیی کوردەوە ڕەت کرایەوە. ئەگەرچی ڕایەکی تر هەیە وای بۆ دەچێت، کە هۆکاری سەرەکیی بەشدارینەکردنی تورکیا، بریتی بوو لە دەربازنەبوونی پرۆژەی بەشداریکردن لە جه‌نگی دژی عێراق لە پەرلەمانی  ئەوکاتی تورکیا، هەم بە هۆی ئەوەی کە سیاسەتی دەرەوەی ئاک پارتی کە تازە دەسەڵاتی گرتبووه‌ دەست دیار نەبوو، هەمیش زۆرێک لە کوردە پەرلەمانتارەکانی سەر بە ئاک پارتی دەنگیان بۆ ئەم پرۆژەیە نەدا. بەڵام لە هەر دوو حاڵەتدا، تای تەرازوو بۆ لای کورد شکایەوە.

سەرەڕای ئەم دوو قۆناغە، بەڵام هەندێ بۆچوونی تر هەن کە لەو بڕوایەدان تا ساڵی ٢٠٠٥ ئیدارەی ئەمریکا هیچ بەرچاوڕوونییەکی لەبارەی چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسێی کورد لە عێراقدا نەبووە. بەڵکوو لە دوای ئەم ماوەیە و بەدیاریكراویش دوای دەرچوونی دەستووری عێراق هێدی هێدی ڕوخسارەکانی سیاسەتی ئەمریکا لە هەمبەر کورد دەرکەوت؛ نەک تەنیا وەک پارەسەنگی ڕاگرتنی هێز لە ناوخۆی عێراق و ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان هەر دوو بەرەی شیعە و سوننە، بەڵکوو وەک بەشێک لە پارێزەری ڕاستەوخۆی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاستدا و مەیلگیریی ئەم هەرێمە بەرەو پێوەرەکانی بەهای ڕۆژاوایی. بۆیە ئەم سیفەتە ئەو هەلە بە کورد دەبەخشێت کە کاتێک هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی مەترسیی داعش دەبێتەوە، ڕۆژاوا یەکسەر دێتە سەرخەت و بۆ جاری سێیەم بەبێ هیچ دوودڵییەک پشتگیرییەکی بێوێنە لە کورد دەکات. لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە، هۆکارەکانی ئەم پشتگیرییە چین؟

هۆکارەکان
یەکەم: دەکرێت سادەترین وەڵام وەک ئەوەی کە زۆرێک ئاماژەی پێ دەکەن، بریتی بێت لە بوونی سەرچاوەکانی وزە لە هەرێمی کورستان. بە ڕای من، دەکرێت ئەم فاکتەرە هۆکارێک بێت، بەڵام نەک تەنیا فاکتەر و تەنانەت فاکتەری سەرەکییش بێت. پرسیار ئەوەیە کە ئایا تەنیا هەرێم خاوەن وزەیە؟ ئایا حکوومەتی سووریا و عێراقیش خاوەن وزە نین؟ بۆیە پێویستە بە دوای وەڵامی تریشدا بگەڕێین. دەکرێت بۆ دۆزینەوەی وەڵامەکان دووبارە بۆ سەرەتاکانی هێرشکردنە سەر ڕژێمی سەددام بگەڕێینەوە کە هاوکات بوو بە هاتنەسەر دەسەڵاتی حزبێکی ئیسلامی لە تورکیا کە ڕۆژاوای تووشی نیگەرانی کرد. دیارە کە هاتنەسەر دەسەڵاتی حزبە ئایینیەکان لە جیهانی ڕۆژاوادا زۆر مەقبووڵ نییە. ئەگەرچی ئەمە جاری یەکەم نەبوو کە حزبێکی ئیسلامی لە تورکیا دێتە سەرکار، بەڵام یەکەم هەنگاوی ئەم حزبە بریتی بوو لە وەستان دژی سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق. ئەم سیاسەتە، درێژ کرایەوە بۆ بە نزمترین ئاست گەیشتنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسڕائیل، تا دواجار تۆمەتبارکردنی تورکیا بە یارمەتیدانی داعش لە لایەن زۆڕێک لە وڵاتانی ڕۆژاوایبیەوە و بەتایبەتیش لەسەر زمانی "جۆن کێری"، وەزیری ئەوکاتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، کە ڕاستەوخۆ تورکیای بە یارمەتیدانی داعش تۆمەتبار کرد. دواجاریش بۆ بەدەستهێنانی کورسیی ناهەمیشەیی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، تورکیا دەنگی پێویستی نەهێنا؛ کە وەک تەمبێکردنێک بۆ تورکیا لە لایەن کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتییەوە هەژمار کرا بە هۆی ناڕوونیی ڕەفتارەکانی لە هەمبەر داعش. گشت ئەم ڕووداوانە لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتیی ئاک پارتی ڕوویان دا، کە حزبێکی ئیسلامگەرایە و هەوڵی کردنەوەی بەرەیەکی سوننی دەدات کە خۆی ڕێبەرایەتیی بکات.

دووەم: هاوکات لەگەڵ ئەم ڕووداوانە ئەوەی کە لە ناوخۆی عێراق ڕووی دا، بریتی بوو لەوەی کە لە بری هاتنەسەرکاری دەسەڵاتێکی دیموکراسی/تەوافقی لە عێراق، کەچی دەسەڵاتێکی توندڕەوی شیعی/ئیسلامی هاتە سەرکار کە فاکتەری سەرەکی بوو لە قووڵکردنەوەی ململانێی سوننی-شیعی، نەک تەنیا لە عێراق، بەڵکوو لە گشت جیهانی ئیسلامیدا. لە لایەکی ترەوە، عێراق بوو بە باشترین شوێنگە بۆ پیادەکردنی سیاسەتی ئێران لە هەمبەر جیهانی ڕۆژاوادا. واتە ڕزگارکردنی عێراق لە چنگی ڕژێمی سەددام، زیانی زۆرتر بوو بۆ ڕۆژاوا لە بری قازانجەکانی. هەروه‌ها، جیهانی ڕۆژاوا ئەمە لەبیر ناکات کە گشت سەربازەکانیان لە عێراق، لە دەرەوەی سنوورەکانی هەرێم کوژراون؛ واتە لەسەر دەستی عەرەبی سوننە و شیعە.

سێیەم: بە پەڕگیریی ململانێی نێوان شیعە و سوننە، "بەهاری عەرەبی" کە موژدەی هێنانەکایەوەی سیستەمی دیموکراسیی پێ بوو، نەک ئەم ئاواتەی بەدی نەهات، کەچی سەرەڕای لەناوبردنی سەقامگیری لەناو ئەم وڵاتانەدا، پشێوی و جه‌نگی ناوخۆیی و بەدەسەڵاتگەیشتنی حزبە ئیسلامییەکانی لێ کەوتەوە کە زۆربەیان بڕوایان بە دژایەتیکردنی بەهاکانی ڕۆژاوا و ململانێی نێوان شیعە و سوننە هەیە. لە هەر دوو حاڵەتدا سەقامگیریی جیهانی دەخرێتە مەترسییەوە. ئەمانە هەڕەشەیش دەبن بۆ سەر بەرژەوەندی و بەهای وڵاتانی ڕۆژاوا. لە لایەکی ترەوە، سەرهەڵدانی داعش و چەندین گرووپی تری توندڕەو کە گشتیان بەڵێنیان داوە هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ڕۆژاوا لە لایەک و، چوونی سەدان گەنج لە ڕۆژاوا بۆ ناو ئەم گرووپانە، ترسی جددیی لەناو وڵاتانی ڕۆژاوا دروست کرد. بە بڕوای ڕۆژاوا، گرووپە چەکدارە تازە سەرهەڵدراوەکان، زۆر مەترسیدارترن لە هەر جۆرە ئایدیۆلۆژییەکی تر بۆ سەر ڕۆژاوا.

چوارەم: سەرەڕای گشت ئەم فاکتەرانە، لەسەر ئاستی جیهانی کۆمەڵە کێشەیەکی نوێ هاتوونەتە کایەوە کە جیهانی ڕۆژاوای بەخۆوە سەرقاڵ کرد و سروشتی ململانێی لە جه‌نگی چەکداری دوور خستووەتەوە بۆ ململانێی بازرگانی لە لایەک و، ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییه‌ جیهانییەکان لە لایەکی ترەوە. ململانێکانی وەک سەرهەڵدانی جەمسەرە نوێیە ئابوورییەکانی وەک چین و هیند بۆ گەیشتن بە سەرچاوەکانی وزە و بازاڕەکان، یاخود پێویستی بە هاوکاریی جیهانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە جددییەکانی وەک پیسبوونی ژینگە، نەخوشییە جیهانییەکانی وەک ئیبۆلا، بنبڕکردنی برسێتی و کۆچی بەکۆمەڵ بۆ وڵاتانی ڕۆژاوا؛ یاخود سەرهەڵدانی چەمکی نوێ وەک سیستەمی دیموکراسیی ژینگەیی (Ecological democracy)؛ واتە لە جیهانی نوێدا سروشتی ململانێکان گۆڕدراون و زۆر جار دوژمنی ناوخۆیی، وەک تێکچوونی لەناکاوی کەشوهەوا یان بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە کوشندەکان، هەڕەشەئامێزترن لە دوژمنی دەرەکی.

پێنجەم: گشت ئەم بارودۆخە وەها دەخوازێت کە جیهان، بەتایبەتیش ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست، خاوەن ڕەوشێکی سەقامگیر بێت کە باوەڕی بە بەهاکانی ڕۆژاوا لە گشت بوارەکاندا هەبێت. بەڵام بەپێی نەخشەی جوگرافیای ئێستای ئەم وڵاتانە و جۆری سیستەمی سیاسییان، سەختە سەقامگیری بێتە کایەوە. لەم کەشوهەوایەدا تەنیا هەرێمێک کە توانیویەتی تا ڕاددەیەک لەگەڵ بەهاکانی ڕۆژاوادا تەریب بێت  و خاون جۆرە سەقامگیرییەکی فرەڕەهەند بێت، هەرێمی کوردستان بووە. ئەمەیش فاکتەرێکی سەرەکی بووە کە بتوانێت پشتگیریی وڵاتانی ڕۆژاوا بەدەست بهێنێت. لە ڕاگەیاندنی جەنگی دژەداعش، ئۆباما لە وتارەکەیدا چەندین جار ناوی کوردی لە پاڵ ناوی حکوومەتی عێراق هێنا و جەختیشی لەوە کردەوە کە ئێمە ناتوانین ئەو شتە بۆ عێراقییەکان بکەین کە خۆیان پێویستە بیکەن. واتە خۆیان دەبێ بڕیار بدەن. ناوی ستراتیژییەکەی ئۆباما بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش بریتی بوو لە sustained counterterrorism strategy، یاخود "ستراتیژیی بەرەنگاربوونەوی بەردەوامی تیرۆر"؛ کەواتە ستراتیژێکی درێژخایەنە. تەنانەت ترامپیش لە گوتارەکانیدا دەڵێت کە پشتگیری لە کورد دەکەین و کورد بەتەنیا بەجێ ناهێڵین. تەنانەت ئاماژەدان بەوەی کە "کورد شەڕکەرێکی لێهاتووە"، بەو مانایە دێت کە لە ستراتیژیی سەربازیی ئەمریکادا، کورد کارەکتەرێکی سەرەکییە لەم ناوچەیەدا. 

درێژخایەنبوونی ئەم جه‌نگی داعش و بارودۆخی ئیستای عێراق و سووریا، لە وتەکانی دیڤید کامێرۆن، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بریتانیادا دووبارە دەبێتەوە، کاتێک کە ئەندامێکی پەرلەمان لێی دەپرسێ ئەم جه‌نگە چەند مانگ دەخایەنێت؟ لە وەڵامدا کامێرۆن دەڵێت‌: "نەک چەند مانگ، بەڵکوو چەندین ساڵ (years)." بە تێڕامان بە جه‌نگی دژەتاڵیبان لە ئەفغانستان، زۆر بەئاسانی بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم جه‌نگە، درێژمەودایە. بەڵام لێرەدا پرسیار ئەمەیە کە دەرەنجامەکان بۆ کورد چی دەبێت؟ بە بڕوای من، بەپێچەوانەی ساڵانی پێش ١٩٩١، ئەمجار سەختە کە کورد دۆڕاوی ململانێکانی دەرەوەی ئیرادەی خۆی بێت ئەگەر بێت و هێزە کوردییەکان لە ناوخۆدا بۆ پەیڕەویکردنی سیاسەتێکی دەرەکی ڕێک بکەون؛ چونکە هەم نەزمی جیهانی گۆڕانی بەسەردا هاتووە، هەمیش وڵاتانی ناوچەکە بێتواناییی خۆیان لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکانیان سەلماندووە، بەوەی کە دەوڵەت-حکوومەت، بووە بە دەوڵەتی حکوومەتی-گرووپی و پەراوێزخستنی ئەوانی تر. ئەمەو سەرەڕای کردارەکانی ئەم دەوڵەتانه‌ی لە دروستکردنی ئاژاوە لە سنوورەکانی دەرەوەی وڵاتەکەیان، تا لەم ڕێگەیەوە كێشە و قەیرانە ناوخۆیییەکان پەردەپۆش بکەن. ئەم حاڵەتەیش جه‌نگی بەردەوامی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاستدا لێ کەوتووه‌تەوە. وەها دیارە کە حکوومەتی هەرێم لە ئیدارەدانی لایەنی دەرەکیی ئەم کێشەیە بە لانی کەمەوە تا هەنووکە، سەرکەوتوو بووە؛ جا چ لە قۆناغی پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بێت و چ لە دوای ئەم قۆناغە. بەڵام لایەنی ناوخۆییی ئیدارەدانی ئەم جه‌نگە، پێویستی بە هەڵوستەکردنە کە لەم چەند دێڕەی خوارەوە باس دەکرێت.

حکوومەتی هەرێم و بارودۆخی جەنگی دژەداعش

لایەنی سیاسیی ئیدارەدانی ئەم بارودۆخە، لە دەرنجامی ئەم وتارەدا باسی لێ دەکەین. بەڵام ئەوەی کە لە ئەرزی واقع و لە گوتاری بەرەی دژ بە داعشدا دەبینرێت، جه‌نگی داعش، جه‌نگیکی درێژخایەن دەبێت. چونکە تا هەنووکەیش بە گوتەی نوخبەی سیاسیی هەرێم جه‌نگەکە کۆتایی نەهاتووە و داعش لەسەر سنوورەکانی هەرێم خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە. لە لایەکی ترەوە نوخبەی سیاسیی هەرێم ئاماژە بەوە دەکات کە بە کۆتاییهاتنی جەنگی فیزیکی لە دژی داعش، بەڵام جەنگی ئایدیۆلۆژی و فیکری هەر بەردەوام دەبێت. ئەمەو سەرەڕای مەترسییەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان کە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هێرشەکانیان له‌ ئارادایه‌. لە جه‌نگی درێژخایەندا کەرتی ئابووری، زەرەرمەندترین کەرتە، چونکە بووژانەوە و وه‌به‌رهێنانی ئابووری دەوەستێت و سەرمایەی وەڵات بەرەو بەره‌کانی جەنگ ڕەوانە دەکرێت. پرسیار لێرەدا بریتییە لەوەی کە ئایا هەرێمی کوردستان خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم جۆرە بارودۆخە ئامادە کردووە؟ یاخود لە ڕابردوودا خۆئامادەکردنەکەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە وەک پێویست بووە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، دووبارە دەبێت ڕوو بکەینەوە کەرتی ئابووریی هەرێم.

یەکەم: گومان لەوەدا نییە کە کەرتی ئابووریی هەرێم، کەرتێکی بەرهەمهێنەر نییە، بەڵکوو بەرخۆرە. ئەمەیش یەکەم گەورەترین کێشەی ئابووریی هەرێمە. داهاتی سەرەکیی حکوومەتی هەرێم، داهاتی نەوتە. ئەویش سەرچاوەکەی بە شێوەیەکی سەرەکی، حکوومەتی هەرێم نییە، بەڵکوو بەغدایە. لە قەیرانی چەند ساڵی ڕابردوودا بینیمان، کە نەناردنی بوودجە لە لایەن بەغداوە کەرتی ئابووریی هەرێم بەتەواوەتی ئیفلیج دەکات. لەرزۆکیی ئەم کەرتە بۆ هەرێم، لە بڕینی مووچەی هەرێم لە ٢٠١٤دا بە ترۆپک گەیشت. ئەگەرچی سەرەتاکانی ئەم کێشەیە بۆ ساڵی ٢٠٠٦ دەگەڕێتەوە، کاتێک کە بڕی ١٧٪ی بوودجەی هەرێم لە لایەن حکوومەتی بەغداوە کەوتە ژێر پرسیارەوە. بەڵام کاربەدەستانی هەرێم، ئەم دەنگانەیان پشتگۆی خست و لە بری کارکردن بۆ پتەوکردنی بناغەکانی ناوخۆییی ئابووریی هەرێم، پشتی بە سنوورەکانی دەرەوەی هەرێم بەست کە لە خاڵی دووەمدا بەڕوونی باسی دەکەین.

دووەم: کاتێک کە وڵاتێک بەردەوام لەژێر هەڕەشەی دەرەکییە و دەستی بە دەریا ئازادەکان ناگات بۆ گەیشتن بە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی جیهانی، بەتایبەتیش بۆ دابینکردنی کاڵا سەرەتایییەکانی ژیان، وڵاتەکە هەوڵ دەدات زۆرترین تەرکیز لەسەر بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بێت. ئەمەی لێرە مەبەستە، کەرتی کشتوکاڵ و کەرتە خزمەتگوزارییەکانی تری هەرێمی کوردستانە؛ واتە ئەو کەرتەی کە لە دۆخی جه‌نگدا لە پاڵ توانای سەربازی، یاریکەری یەکەمە لە پاراستنی ڕەوشی ناوخۆ و بەرەکانی جەنگ. تا سەره‌تای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، نزیکەی ٧٠٪ دەستی کار و کۆڵەکەی ئابووریی هەرێم پشتی بە کەرتی کشتوکاڵ بەستبوو. سیاسەتی خاپوورکردنی گوندەکانی کوردستان، ئەم کەرته‌ی ڕووبەڕووی گرفت کرد؛ ئەگەرچی بەتەواوەتی لەناو نەچوو.

بەپێی سەرچاوەکان تا ساڵی ٢٠٠٣، نزیکەی ٪٣٥ی دانیشتووانی هەرێم خەریکی پیشەی کشتوکاڵ بوونە. بەڵام لەم ساڵە بەدواوە تا ٢٠١٣ بەپێی ڕاپۆرتی Kurdistan Review 2014، دەستی کار لەم کەرتەدا تەنیا ٪٩ی کۆی گشتیی دانیشتووانی هەرێم پێک دێنێت. واتە ئەو ماوەیەی کە پارەی نەوت لە بەغداوە بۆ هەرێم دێت و هەرێم زۆرتر لەسەر کەرتی نەوت، بیناسازی و گەشت و گوزار سەرمایەگوزاری دەکات. بەپێی هەمان ڕاپۆرت، سەرمایەگوزاری لە کەرتی نەوت تەنیا لە ساڵی ٢٠١٣دا، ١٥-٢٠ ملیار دۆلار، کەرتی بیناسازی (Construction)  لە ساڵی ٢٠٠٦ - ٢٠١٢، بڕی ١٣ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار، کەرتی گەشت و گوزار لە ٢٠٠٧ - ٢٠١٣، بڕی ٣ ملیار دولار. لە کاتێکدا کە لە کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاودا لە ٢٠٠٦-٢٠١٣، تەنیا بڕی ٦٧٧ ملیۆن دۆلار سەرمایەگوزاری کراوە. ئەگەر کەرتی کشتوکاڵ یەکەمین کەرتی گرینگی ئابووری نەبێت، لە داوی نەوت دەتوانێت گرنگترین کەرتی ئابووری بێت بۆ هەرێم کەچی کەمترین سەرمایەی بۆ تەرخان کراوە.

بەپێی ئەم ئامارانە، حکوومەت لە ڕابردودا خۆی ئامادە نەکردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان. سەرەڕای ئەمەیش، حکوومەت لە کاتی جه‌نگی داعش و بڕینی بوودجە لە لایەن بەغداوە و بێتواناییی حکوومەتی هەرێم لە دابینکردنی خزمەتگوزاری و مووچە، کەچی حکوومەتی هەرێم باری نائاساییی لە هەرێمدا ڕانەگەیاند. چونکە ئەگەر جه‌نگەکە درێژخایەن بێت، پێویستە ڕێوشۆێنی گرنگ بگرێتە بەر؛ بۆ نموونە، کەمکردنی خەرجییە سیادییەکان، ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتیان لە خۆدوورخستنەوە لە خەرجییە زیادی و ناپێویستەکان، ڕێکخستنەوەی چۆنێتیی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان و وه‌به‌رهێنان لەسەر بەرهەمهێنانی پێداویستییە سەرەتایییەکانی ژیان لە ناوخۆی وڵاتدا کە هەم دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی دەستی کاری سەربەخۆ و هەمیش کەمکردنەوەی گوشارە دەرەکی و ناوخۆیییه‌كان لەسەر حکوومەت. بەڵام حکوومەتی هەرێم وەک پێویست بەرنامەی بۆ گرتنەبەری ئەم ڕێکارانەی نەگرتە بەر، تەنیا بڕینی مووچەی هاووڵاتیان نەبێت! ئەمەیش دەکرێت دوو هۆکاری سەرەکیی هەبێت.

یەکەم، ڕاددەیەکی زۆری ناشەفافییەت لە بواری داراییی هەرێم، کە دەکرێت جۆرێک لە نامتمانەیی لە نێوان هاووڵاتی و حکوومەت دروست بکات. دووەم: هەندێ حزبە حکوومەتدارەکان، لە ماوەی ڕابردوودا، بەتایبەتیش لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنی زۆر گەورەیان بە هاووڵاتی دا، کە دەکرێت لە دەسەڵاتی ئەم حزبانەدا نەبووبێت. ئەم فاکتەرەیش دووبارە کار دەکاتە سەر متمانەی نێوان حکوومەت و خەڵک. سێیەم: جۆرە کێشمەکێشێکی ناوخۆیی لە نێوان حزبە سیاسییەکانی هەرێمدا بەدی دەکرێت کە دەبێتە هۆی پەککەوتنی دامەزراوەکانی حکوومەت یاخود ناتوانایی لە دەرکردنی بڕیاری پێویست لە کاتی پێویستدا. ئەم هۆکارەیش وای کردووە کە هەر شکستێک بخرێتە ئەستۆی لایەنی بەرامبەر. لە دواجاردا هەم حکوومەت و هەمیش کۆمەڵگه‌، لەم جۆرە مامەڵە ناتەندروستە زەرەرمەند دەبن.

دەرەنجام
فاکتەرە نێودەوڵەتییەکان کە لە سەرەوە کە باس کران، بەو مانایە نایێت کە بەخۆشبینییەوە سەیری داهاتووی هەرێمی کوردستان بکەین، بەڵکوو دەکرێت ڕەوتی ڕووداوەکان بە پێچەوانە بکەوێتەوە ئەگەر بەوردی مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکاندا نەکەین. چی بکرێت باشە؟ ئەگەر سەیری نەخشەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست و بەتایبەتیش جیهانی عەرەبی بکەین، دەبینین کە بە حوکمی ئەوەی کە ئەوان دەوڵەتن، کەواتە دەکرێت ئه‌کتەری بەهێزتر بن لە هەرێم. ئەمەیش بەو مانایە نایه‌ت کە هەرێم هیچ ڕۆڵێکی نەبێت، بەڵکوو بەپێچەوانەوە هەرێم دەتوانێت سوود لە ململانێی نێوان وڵاتانی عەرەبی لە لایەک و سوننی-شیعی لە لایەکی ترەوە وەربگرێت کە هەردووکیان کاریگەریی نەرێنییان خستووتە سەر ڕه‌وشی سەقامگیریی ناوچەکە.  وڵاتانی ڕۆژاوایش بە دوای سەقامگیریدا دەگەڕێن، کە دەکرێت هەرێمی کوردستان و تەنانەت ڕۆژاوای کوردستانیش ئەکتەری ئەم سەقامگیرییە بن.

سەرەڕای هەبوونی ململانێ نێوان ئێران و تورکیا و نێوان هەر یەک لەم دەوڵەتانە لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوادا، لەم بەینەدا، یەکگوتاریی کورد لەناو خودی هەرێمی کوردستان لە لایەک و، یەکگوتاری ڕۆژاوا بە گشت هێزەکانییەوە لە لایەکی ترەوە و هەماهەنگی لە نێوان هەرێم و ڕۆژاوا، دەتوانێت دەستکەوتی گەورە بۆ کورد بەدی بهێنیت. لە ڕاستیدا، ڕۆژاوا لە کورد یەکگوتارترە. بەڵام ئەگەر ئەم یەکگرتنە و هاوئاهەنگییەی ناو خودی ‌هێزە کوردییەکان بوونی نەبێت، تەنانەت ئەگەر ژینگەی نێودەوڵەتییش بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان ڕەخساو بێت، دەکرێت ئەم هەلە لەدەست بدەین، هەروەک چۆن نەمانتوانی لە پەیماننامەی سیڤەر سوود وەرگرین و دواجار، ئۆباڵی نەزانینی خۆمان بخەینە ئەستۆی ئەوانی تر. مێژوویه‌ک کە ئەم جارە بە هۆی فاکتەری ناوخۆیییەوە لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دووبارە بووەوە و کوردی بۆ ماوه‌یه‌كی نادیار لە ئاواتەکانی دوور خستەوە.