ئەم بابه‌ته‌ چاپ بکە

له‌باره‌ى داعشه‌وه‌

03, 03, 2019

ئاسۆ كه‌ريم، نووسەر، وەرگێڕ و پەرلەمانتارى خولى سێى پەرلەمانى کوردستان (٢٠٠٩-٢٠١٣)

وه‌ك ده‌زانرێ، به‌ هه‌زاران چه‌كدارى داعشى ئه‌وروپى، وڵاتانى عه‌ره‌بى و ئيسلامى له‌بنده‌ستى كورددان و له‌ كامپ و زيندانه‌كاندا ڕاگيراون و، به‌ قسه‌ى "المرصد السوري لحقوق الانسان" له‌ ماوه‌ى سێ مانگدا تا 1ى ئادار، 52980 كه‌س خۆيان ڕاده‌ستى هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات كردووه‌ و له‌و ژماره‌يه‌ (5412)يان داعش بوون. ئه‌مه‌ له ‌كاتێكدا ڕێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى (داعش)، چ كار و كرده‌ى وه‌حشيگه‌رانه‌ و جينايه‌ت هه‌يه‌،‌ ده‌رهه‌ق به‌ كورد و پێكهاته‌ ئايينى و مه‌زهه‌بى و ئيتنييه‌كانى كوردستان؛ ئێزدى و شه‌به‌ك و كريستيانان كردووه‌. دوا نموونه‌یش سه‌ربڕينى په‌نجا ئافره‌تى كوردى ئێزدى بووه له‌ ناوچه‌ى باغۆزى سووريا‌. له ‌كاتێكدا، داعش له‌ سه‌روبه‌ندى تێكشانى كۆتايیدايه‌، توركيا به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ى په‌لاماردان له‌ ناوچه‌ى كوردنشينه‌كان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى فورات و باكوورى سووريا ده‌كا. له‌م سۆنگه‌يه‌یشه‌وه‌، ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ بێته‌ گۆڕێ كه‌ ئه‌و داعشانه‌ ده‌رفه‌تێكيان بۆ هه‌ڵكه‌وێ ڕا بكه‌ن، خۆيان بشارنه‌وه‌ و پێوه‌ندى به‌ شانه‌ نوستووه‌كان بكه‌نه‌وه‌ و ده‌ست به‌ كار و كرده‌ى تيرۆريستى، چ له‌ناو شاره‌كانى بنده‌ستى كورداندا بكه‌نه‌وه‌ و، چ خۆيان به‌ ناوێكى ديكه‌ ڕێك بخه‌نه‌وه‌، يان بگه‌نه‌وه‌ ئه‌وروپا و بكه‌ونه‌وه‌ خۆ و له ‌لايه‌ن ئه‌م ده‌زگه‌ و ئه‌و ده‌زگه‌ى هه‌واڵگيرى به‌كار بهێندرێنه‌وه‌.

 له‌وما، به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تيى زاتى له‌ ڕۆژاڤا و باكوورى سووريا  چ ده‌كا؟

يه‌كه‌م/ هه‌قه‌ ئه‌و داعشانه‌ به‌پێى ڕه‌گه‌زنامه‌ى وڵاتان، پۆلين بكات. دۆسيه‌ بۆ هه‌ر يه‌كه‌يان بكاته‌وه‌ و ئه‌م زانيارى و داتايانه‌ى تێدا تۆمار بكرێ: ناوى سێيینه‌، نازناو له‌ناو داعشدا، ته‌مه‌نى ئێسته‌ى، له ‌كه‌يه‌وه‌ به‌يعه‌تى به‌ داعش داوه‌، پله‌ و پايه‌ى له‌ناو داعشدا چ بووه‌، له‌ كوێ و كوێدا كارى كردووه‌، هاوسه‌ر و منداڵى له‌ناو داعشدا هه‌بووه‌ يان نا، له‌ چ ڕێگه‌ و به‌ كوێدا چووه‌ته‌ ناو داعش و هاتووه‌ته‌ سووريا يان عێراق، چ كار و كرده‌ى تاوانكارانه‌ى به‌تايبه‌تى دژى خه‌ڵكى ئێزدى و شاره‌كانى وه‌ك كۆبانێ و شه‌نگاڵ و... كردووه‌، زانيارى له‌باره‌ى داعش وه‌ك ڕێكخراو و زنجيره‌ى به‌رپرسيارێتی و فۆرم و شێوه‌كانى ڕێكخستن و، شێوازه‌كانى "تجنيد" (سه‌ربازگیری/ سه‌ربازیی زۆره‌ملێ)ى خه‌ڵكان بۆ ناو داعش و هه‌ر زانيارييه‌كى ديكه‌... زۆريش سروشتييه‌، چه‌كداره‌كانى پێشووترى داعش بكرێن به‌ شايه‌د به‌سه‌ر يه‌كه‌وه‌. بۆ ئه‌مه‌یش ده‌كرێ سوود له‌ تاقيكردنه‌وه‌ى ئه‌فريقاى باشوور و وڵاتانى ئه‌مريكاى لاتين وه‌ربگيرێ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى "ليژنه‌ى گه‌ڕان به‌ دواى ڕاستييه‌كان"دا، پێشێلكارييه‌كان تۆمار كراون، يان قوربانى و جه‌للاد و تاوانبار ڕووبه‌ڕووى يه‌ك كراون. ئه‌م فايلانه‌، بخرێنه‌ سه‌ر ئينته‌رنێت، به‌ڵكه‌ ئه‌و قوربانييانه‌ى ماون، بيانناسنه‌وه‌ و ڕاستييه‌كان ڕوونتر ببنه‌وه‌. بێ له‌وه، هه‌قه‌‌ سوود له‌ هه‌ر ڕێكخراوێكى مافى مرۆڤ يان پێوه‌ندى به‌و بواره ‌و ئه‌زموونيان له‌ كۆكردنه‌وه‌ى زانياريدا هه‌يه‌، وه‌ربگيرێ. پاشان چيرۆك و به‌سه‌رهاته‌كانى ئه‌و داعشانه ‌و تاوانه‌كانيان له‌ چه‌ند به‌رگه‌ كتێبێكدا به‌ كوردى و عه‌ره‌بى و ئينگليزى و زمانى ديكه‌ى جيهانى چاپ بكرێن و بڵاو بكرێنه‌وه‌ و، سوود له‌و تۆمارانه‌ بۆ به‌جينۆسايدناساندنى كوردانی ئێزدى وه‌ربگيرێ. ده‌كرێ‌ ئه‌و داتا و زانيارييانه‌‌ بدرێنه‌ ئينته‌رپۆل و وڵاتانى ئه‌سكه‌نده‌ناڤى؛ ئه‌وده‌م وڵاتان ناچار ببن داعشه‌كان وه‌ربگرنه‌وه و له‌ وڵاتى ڕه‌گه‌زنامه‌دا بدرێنه‌ دادگه‌‌.

دووه‌م: پاش كۆكردنه‌وه‌ى ئه‌و زانيارييانه‌ و پۆلينكردنيان، هه‌قه‌ ئه‌و داعشانه‌ى پله ‌و پايه‌ى گرنگيان هه‌بووه‌، له‌وانى ديكه‌ جيا بكرێنه‌وه‌، چونكه‌ به‌دوور نازانرێ هه‌ندێ له‌ داعشه‌كان له‌خشته‌ و تێوه‌ گلابن.
سێيه‌م: وه‌كوو له‌ ڕاپۆرتێكى 25ى شوباتى "دێر شپيگل"ى ئه‌ڵمانيدا هاتووه‌، كورد له‌ سووريا به ‌شێوازێكى جياواز مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ داعشه‌ گيراوه‌كاندا كردووه‌ نه‌ وه‌كوو هه‌ندێ ميليشياى عێراقى كه‌ پاش لێكۆڵينه‌وه‌ى سه‌رپێیى، داعشه‌كانيان كوشتووه و له‌نێو بردووه‌‌. ئه‌م شايه‌دييه‌، به‌ قازانجى كورده؛‌ به‌و مانايه‌ى كه‌ كورد، وێڕاى هه‌موو شتێ، ده‌ستى به‌ یاسا و نه‌ريته‌كانى جه‌نگ و بنه‌ماكانى یاساى نێوده‌وڵه‌تيى مرۆيى گرتووه‌. به‌ڵام هێشتنه‌وه‌ى ئه‌و حه‌مكه‌ داعشه‌ پياو و ئافره‌ت و منداڵه‌، تا كه‌ى و چ بكرێ باشه‌؟ پاش ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ گه‌وره‌يه‌ى كورد به‌سه‌ر داعشدا، چ بكا باشه‌ كه‌ له‌ بارى یاسایى و سياسييه‌وه‌ زيانى تێدا نه‌كات و، وێنه‌ى  پۆزه‌تيڤى كورد له‌نێو ڕاى گشتيى جيهانيدا نه‌گۆڕێ؟
چواره‌م: له‌و كه‌مپانه‌ى نزيك سنوورى توركيان بگوازرێنه‌وه‌ بۆ ناو قووڵايى و شوێنێكى دووره‌ده‌ست و ئاسايش پارێزراو. پاش لێكۆڵينه‌وه‌ى ته‌واو، ده‌رگه‌ى كامپ و زيندانه‌كان به‌ ڕووى ڕۆژنامه‌نووس و خاچى سوور و مانگى سوور و ڕێكخراوه‌كانى مافى مرۆڤدا بكرێنه‌وه‌ تا فيلمسازى و توێژينه‌وه ‌و ڕاپۆرت له‌سه‌ر ئه‌و ڕێكخراوه‌ و مۆره‌ و كار و كرده‌ وه‌حشيگه‌رييه‌كانيان، بكرێ و به‌ دنيا بناساندرێن.

ئه‌م ڕێوشوێن و كارڕاييیانه‌ى كه‌ لێره‌دا ده‌يانخه‌مه‌ ڕوو، ڕاوبۆچوونى كۆمه‌ڵێ دۆستى قه‌درگرانى سياسه‌تكار، یاسازان، نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس، مامۆستاى زانكۆ، پارله‌مه‌نتار و وه‌زيرى پێشووه‌:

١- داوا له‌ وڵاتانى په‌يوه‌نددار به‌ پرسى داعش بكرێ، كه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕايه‌ڵه‌ى ڕه‌گه‌زنامه‌، بێن داعشه‌كانى خۆيان ببه‌نه‌وه‌ و، له‌ وڵاتى خۆياندا به‌گوێره‌ى یاساى كارپێكراوى خۆيان، بيانده‌نه‌ دادگه‌. ئه‌م داوايه‌، هه‌نده‌ى من ئاگام لێ بێ، هه‌م "دۆناڵد ترامپ"ى سه‌رۆكى ئه‌مريكا له‌ بريتانيا و فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانيا و هاوپه‌يمانه ئه‌وروپييه‌‌كانى خۆى كردووه‌ و هه‌م "هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات"يش. به‌ڵام وڵاتان به‌ده‌م ئه‌م داخوازييه‌وه‌ نه‌هاتوون و تێ ماون چ بكه‌ن؛ چۆن و له‌ چ ڕێگه‌يه‌كه‌وه‌ بيانبه‌نه‌وه‌؛ له‌گه‌ڵ كێدا بكه‌ونه‌ گفتوگۆ... يان سوو‌ك و ئاسان نايانه‌وێ وه‌ريان بگرنه‌وه‌. به‌ لاى وڵاتانه‌وه‌، ئه‌م پرسه‌ چه‌ند ڕووێكى هه‌يه‌: سياسى، یاسایی، ئه‌منى و ئينسانى؛ به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و منداڵانه‌ى كه‌ ته‌مه‌نيان له‌ 18 ساڵ كه‌متره‌. به ‌ڕاى ئه‌وانه‌ى ناوم بردوون، هه‌قه‌ كورد سوود له‌م پرسه‌ وه‌ربگرێ و باشتر كارى له‌سه‌ر بكا.

٢- داوا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى، به‌تايبه‌تى UN بكرێ كه‌ پرسى داعش‌ به‌هه‌ند وه‌ربگرێ و چاره‌يه‌كيان لێ بكا؛ ئه‌وانه‌یشيان كه‌ تۆمه‌تى تيرۆر و جينايه‌تى ديكه‌يان له‌سه‌ره،‌ ده‌كرێ به‌ بڕيارێكى نێوده‌وڵه‌تى، حه‌واڵه‌ى‌ دادگه‌ى نێوده‌وڵه‌تيى جينايى (ICC) بكا، يان دادگه‌يه‌كى تايبه‌تی (ad hoc International court) بۆ دادگه‌ييكردنى داعش دابمه‌زرێنێ.

٣- داوا له‌ ئه‌مريكا بكرێ به‌و پێيه‌ى سه‌رده‌سته‌ى هاوپه‌يمانێتیى نێوده‌وڵه‌تى بووه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش، ئه‌و داعشانه‌ بگوازێته‌وه‌ و له‌ جێيه‌كى وه‌كوو "گوانتانامۆ"يان دابنێ.

٤- له‌ ڕۆژاڤا و باكوورى سووريادا، دادگه‌يه‌ك له‌ دادوه‌رى عه‌ره‌ب و كورد و كريستيان پێك بهێنرێ و به‌گوێره‌ى یاساى جينايیى نێوده‌وڵه‌تى و یاساى سوورى بێنه‌ دادگه‌ييكردن و داوایش له‌ ڕێكخراوه‌كانى مافى مرۆڤ بكرێ ببن به‌ چاودێر به‌سه‌ر پرۆسه‌ى دادگه‌ييكردنه‌كان، به‌تايبه‌تى ئه‌و داعشانه‌ى كه‌ خه‌ڵكى سووريا و شار و ناوچه‌كانى بنده‌ستى كورد خۆيانن.

٥- يان به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا، تاوانباره‌ خه‌ته‌ره‌كان بگوازرێنه‌وه‌ باشوور، به‌تايبه‌تى ئه‌وانه‌يان كه‌ له‌ شه‌نگاڵ و ناوچه‌كانى ديكه‌دا، جينايه‌تيان ده‌رهه‌ق به‌ كوردانی ئێزدى و كريستيان و شه‌به‌ك و خه‌ڵكى ديكه‌ كردووه‌، يان پێشمه‌رگه‌يان سه‌ر بڕيوه‌ و خه‌ڵكى مه‌ده‌نييان به‌بارمته‌ گرتووه‌ و كوشتووه؛ به‌و داعشانه‌یشه‌وه‌ كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكى باشوورى كوردستانن‌. ئه‌وه‌یش له‌سه‌ر سێ بنه‌ما، يه‌كه‌ميان، ئه‌گه‌ر تاوانيان له‌ كوردستانى باشوور ئه‌نجام دابێ و، دووه‌ميان، ڕه‌گه‌زنامه‌ى قوربانى و، سێيه‌ميان خه‌ڵكى باشوور بێ و له‌ باشووريش بێنه‌ دادگه‌يیكردن. ڕه‌نگه‌ ئه‌م ڕێكاره‌، پێويستى به‌ ڕه‌زامه‌نديى عێراقيش‌ هه‌بێ. هه‌ڵبه‌ت هه‌رێمى كوردستان به‌و پێيه‌ى هه‌رێمێكى دانپێدانراوى نێوده‌وڵه‌تييه‌ و مامه‌ڵه‌ى له‌ته‌كدا ده‌كرێ، ئه‌وده‌م وڵاتانى پێوه‌ندداريش ده‌كارن له‌ دادگه‌ييكردنه‌كاندا ئاماده ‌ببن، ئه‌گه‌ر یاساى وڵاته‌كانيان ڕێگه‌ به‌وه‌ بدات كه‌ هاووڵاتييه‌كانيان له‌سه‌ر خاكى وڵاتێكى ديكه‌دا بێنه‌ دادگه‌ييكردن.

٦- بدرێنه‌وه‌ نيزامى ئه‌سه‌د؛ به‌و پێيه‌ى ڕۆژاڤا و باكوورى سووريا، به‌شێكه‌ له‌ خاكى سووريا و، به‌رپرسيارێتیی نێوده‌وڵه‌تى به‌ ئه‌ستۆى حكوومه‌ت و ده‌وڵه‌تى سوورياوه‌يه، به‌تايبه‌تى ئه‌و داعشانه‌ى كه‌ خه‌ڵكى شار و ديهاته‌كانى بنده‌ستى ئه‌سه‌دن‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م ڕێوشوێنه‌ ديوێكى نێگه‌تيڤيشى هه‌يه‌، به‌تايبه‌تى ئه‌گه‌ر ئه‌مريكا و وڵاتانى ئه‌وروپا ڕازى نه‌بن له ‌لايه‌ك و، ئه‌گه‌رى به‌كارهێنانه‌وه‌يان دژى كورد له‌ لايه‌ن ئه‌سه‌د و خه‌ڵكى ديكه‌ له‌ لايه‌كه‌ى تره‌وه‌.

٧- يان بدرێنه‌ هه‌ر وڵاتێك كه‌ ئاماده‌يیى ئه‌وه‌ى تێدا بێ به‌گوێره‌ى "الاختصاص القضائي الشامل" Universal jurisdiction)) دادگه‌ییی داعشه‌كان بكات.

٨- به‌ره‌ڵڵا بكرێن و كێوه‌ ده‌چن، بچن! هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ ديسان كاردانه‌وه‌ و ئه‌نجامى چه‌وتى لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.

٩- يه‌كجێ بكوژرێن و له‌ كۆڵ كورد و دنيا بكرێنه‌وه‌، له‌سه‌ر بنه‌ماى "تۆڵه‌ به‌ تۆڵه‌ قازانجى زۆره‌". ڕاسته‌ كورد، چ له‌ عێراق و چ له‌ سووريا تێكشكێنه‌رى ئه‌ساسيى داعش و تێبردنى "خه‌لافه‌ت" بوون، به‌ڵام كورد مافى ڕه‌واى ديفاعكردن له‌ خۆى هه‌بووه‌، به‌ڵام كورد خۆى به‌ته‌نێ داعشه‌كان له‌ كۆڵ دنيا بكاته‌وه‌ و بكوژێ، دژمنايه‌تيى هه‌ر چ ڕێكخراوى تيرۆريستى له‌ دنيادا هه‌يه‌، بۆ خۆى ده‌خوڵقێنێ!

پێویستە کورد خۆی لە کۆتاییهێنان بە داعش و شکستەکانی بکاتە خاوەن، چونکە دەوری سەرەکیی هەبووە لە شکاندنی ئەو گرووپەدا، بۆ نموونە هەرێمی کوردستان بە درێژاییی زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر بە تەواوی هێزەوە ڕووبەڕووی داعش بووەوە!

Latest from ئاسۆ کەریم