گرنگیی دیارکردنی سنووری قەوارەی هەرێمی کوردستان لەناو دەوڵەتی عێراقدا

هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

عێراق دەوڵەتێکی دەستکردە کە هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئێستا چ لە ناوخۆ و چ لەگەڵ دراوسێیەکانی، کێشەی سنووری هەبووە. لەم نێوه‌دا، ‌بە دڕێژاییی تەمەنی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق لە ١٩٢١ و دواتر لکاندنی باشووری کوردستان بەم دەوڵەتە لە ١٩٢٦دا، لەسەر دەستی حکوومەت و ڕژێمە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق، کورد ڕووبەڕووی جۆرەها چەوساندنەوە بووەتەوە. لاوازی یان بەهێزیی ئەم حکوومەتانە هیچ کاریگەر نەبووە لەسەر سیاسەتی لەناوبردنی کورد؛ تەنیا جیاوازی، بریتی بووە لەوەی کە لە کاتی لاوازیدا پرۆسەکە نەوەستاوە بەڵکوو هێدیتر بووەته‌وه‌. بۆیە ئەزموونی ڕابردووی دەوڵەتی عێراق گه‌واهیدەری ئەمەیە کە مانەوە لەگەڵ عێراقی بەهێز یان لاواز، مەلیکی یان کۆماری، تاکحزبی یان فرەحزبی، دیموکراسی یان دیکتاتۆری، ئیسلامی یان سیکۆلار، سوننەی دەسەڵاتدار یان شیعەی باڵادەست، تەنیا بریتی بووە لە نەهامەتی بۆ کورد.

لە مێژووی عێراقی مەلیکیدا لە نێوان ١٩٢١-١٩٥٨، واتە تەنیا لە ماوەی سی و حەوت ساڵدا، ٥٩ جار حکوومەتەکان هەڵوەشاونەتەوە و ٢٣ سەرۆکوەزیر دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، کە زۆربەیان پلەداری سەربازی بوونە. تەمەنی هەندێ لە حکوومەتەکان تەنیا یەک مانگ بووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بۆ بەرەوپێشچوونی وڵات، سەقامگیریی سیاسی و بەردەوامیی حکوومەت، مەرجی سەرەکیی گەشەسەندنی فرەڕەهەندە. بۆیە دەبینین عێراق هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە وڵاتیکی شکستخواردوو (Failed State) بووە. ئەگەرچی کورد بەشێک نەبووە لەم ناکارامەیی و ناسەقامگیرییە، بەڵام بە حوکمی ناوەندگەراییی سیاسی و بوونی کوردستان بە بەشێک لەم وڵاتە شکستخواردوە، دەرەنجامەکانی دەسەڵاتدارێتیی بەغدا ڕاستەوخۆ بەسەر کورددا شکاوەتەوە و بە بەروارد لەگەڵ ناوچەکانی تری عێراق، کورد زەرەرمەندی سەرەکیی ئەم دەوڵەتە شکستخواردووە بووە؛ چونکە سیاسەتی لەمپەرنانەوە لە بەردەم گەشەسەندنی ئابووری و که‌لتووریی کوردستان، بەشێک بووە لە پلانەکانی دەسەڵاتی بەغدا.

لە دوای ساڵی ١٩٥٨ تا ١٩٦٨، چوار کودەتای سەربازی ئەنجام دەدرێت. کودەتای سەربازی لە ساکارترین ڕوخساریدا، بریتییە لە هێنانەکایەوەی یاسایەکی کاتی کە دەسەڵاتی لەڕاددەبەدەر بە سوپا یان ئەنجامدەرانی کودەتا دەبەخشێت. ئەگەرچی لە ساڵی ١٩٥٨، سیستەمی سیاسیی عێراق لە مەلیکییەوە بۆ کۆماری دەگۆڕدرێت، بەڵام هەروەک سیستەمی مەلیکی، لە گۆڕەپانی سیاسیدا پلەدارانی سوپا دەبن بە کاراکتەری سەرەکی. لەم سەردەمەدا بە سەرهەڵدانی هەستی ناسیۆنالیستی لە نێوان هەر دوو لایەنی کوردی و عەرەبی، بەریه‌كکەوتنەکان زۆرتر دەبن. لە داوی ساڵی ١٩٦٨ەوە بەرە بەرە سیستەمی تاکحزبی پەیڕەو دەکرێت و، حزبی بەعس دەبێت بە کاراکتەری سەرەکی کە جەخت لەسەر ناوەندگەراییی بەهێز دەکاتەوە؛ بۆیە لێرەوە دەبینین کە دانی مافی خودموختاری لە هەر چوارچێوەیەکدا بێت لە دژی پەیڕەوی بەعسیزمە، کە دەبێت تاکە دەسەڵات بێت لە وڵاتدا. بۆیە یان دەبوایا حزبی بەعس پشت لە پەیڕەوی حزبەکەی بکات، یاخود پشت لە بەڵێنەکانی یازدەی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ بکات کە تێیدا بەڵێنی خودموختاری و دیاریکردنی سنووری کوردستانی عێراقی بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی دابوو. هەر بۆیەیش ڕێگەچارەی دووەمی هەڵبژارد؛ واتە پشتی لە بەڵێنەکانی کرد و پەیڕەوی لە پەیڕەی ناوخۆی حزبی بەعسی کرد.

ئەم واقعییەتەی عێراق بەردەوام دەبێت تا گۆڕێنی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣دا و هاتنەکایەوەی سیستەمی فرەحزبی و گرتنەبەری ڕێچکەی "دیموکراسیی تەوافوقی". لەگەڵ ئەمەیشدا دەبینین کە ئەم ڕێچکەیەیش بەدی نایه‌ت و هەر لە سەرەتاوە دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق ناتوانێت هەزمی بنەماکانی ئەم جۆرە دیموکراسییە بکات. هەر بۆیەیش دەبینین سەرهەڵدانی دروشمەکانی گەڕانەوە بۆ ناوەندگەرایی سەر هەڵدەدات و، بە دەرکردنی عەرەبی سوننە لە دەسەڵات دەست پێ دەکات و دواجار حکوومەت بەبێ وەزیرە کوردەکان پێک دەهێنرێ و حکوومەتێکی ناوەندی بەتەواوەتی سیمای شیعەبوون بەخۆوە دەگرێت. بە هۆی ئەوەی کە که‌لتووری سیاسیی نەتەوەکانی نیشتەجێی عێراق کەمترین هاوبەشییان لەگەڵ یەکتردا هەیە، هەر بۆیەیش دیموکراسیی تەوافوقییش سەرکەوتوو نابێت و سەرهەڵدانی داعش لە دەسکەوتەکانی ئەم دیموکراسییەی تەوافوقیی عێراق بوو.

خاڵی هاوبەشی هەر سێ قۆناغی مەلیکی، کۆماری و دیموکراسیی تەوافوقی بۆ کورد، بریتی بووە لە نەگونجان لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی. حەیدەر عەبادی کاتێک دەسەڵاتی گرتە دەست، ڕای گەیاند کە حکوومەتەکەی لە دە وەزارەت پێک دێت و تەنانەت پێش پێکهێنانی حکوومەتەکەیشی کۆمەڵێک مەرجی بۆ بەشداریکردنی لایەنەکان لەناو حکوومەتەکەیدا دیاری کرد. واتە ڕەگەزەکانی دەسەڵاتخوازی و تاکڕەوی پێش گرتنه‌ده‌ستی دەسەڵات لەم کەسایەتییەدا ڕەنگی دەدایەوە. بۆیە سەختە چاوەڕوان بکرێت حکوومەتی ئێستای عێراقیش بتوانێت ئەم ڕێچکە هزرییە بشکێنێت، ئەگەرچی تا ئێستا حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی ئەم ڕێچکەیەی نەگرتووتە بەر. بەڵام ئەوەی کە جێگەی گومان نییە، بریتییە لەوەی کە لە عێراق سەرۆکوەزیران دوایین بڕیاردەر نییە بەڵکوو زۆر کارەکتەری تر لە دەرەوەی دەسەڵات هەن کە دەکرێ ببنە هۆکاری ئەوه‌ی کە سەرۆکوەزیران بە خواستی خۆی یاخود بەبێ خواستی خۆی ناچار بێت باس لە بەهێزکردنی ناوەندگەرایی لە عێراقدا بکات. هەروەک چۆن مێژووی سیاسیی عێراق ئەوەی سەلماندووە کە، گۆڕێنی حکوومەتەکان هیچ دەسکەوتێکی بۆ کورد نەبووە.

دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستان، ئەوەی کە ئاشکرایە بریتییە لەوەی کە لەمەو بەدوا کێشەی سەرەکیی کورد لەگەڵ بەغدا کێشەی سنوور دەبێت. هەر بۆیەیش لەمەو بەدوا، باشترە ئەولەوییەتی سەرەکیی سەرکردایەتیی کورد، بریتی دەبێت لەوەی کە هەوڵ بدات سنوورەکانی کوردستانی عێراق دیار بکات، جا لە چوارچێوەی فیدراڵی، یان کۆنفیدراڵی، یان دەوڵەتی سەربەخۆ، یان هەر جۆرە قەوارەیەکی سیاسی بێت. چونکە لەمەو بەدوا گشت تاکێکی عێراقی دەزانێ کە هەر کاتێک دەرفەت برەخسێت، ئەگەری جیابوونەوەی کورد لە عێراق هەیە؛ بۆیە بە هەموو تواناکانییەوە هەوڵ دەدات کە دیموگرافیای ناوچە کوردییەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بگۆڕێت. ئەم کارەیش لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر زۆر بەڕوونی، بەتایبەتیش لە لایەن حەشدی شەعبی و پارێزگاری ئێستای کەرکووکەوە جێبەجێ دەکرێت.

هاتنی داعش ئەوەی سەلماند کە ئەگەر هەتا هەنووکەیش هەندێ پرەنسیپی هاوبەشی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان لە نێوان کورد و عەرەبدا بوونی هەبووبێت، بەڵام لە عێراقی دوای ڕووداوەکانی مووسڵ و هاوکاریکردنی ئەم شارە لەگەڵ ڕێکخراوی داعش، چیتر ئەم پرەنسیپانە بوونی نەماوە. ئایا کوردی ئێزدی، شەبەک، کاکەیی، شیعە و تورکمانی شیعە و کریستیان، لە کردەوەی داعش کە پشتگیریی زۆرێک لە هۆزەکانی عەرەبیان لەگەڵدا بوو خۆش دەبن؟ لە کاتێکدا گشت ئەم قەوارە که‌لتووری، ئایینی و نەتەوەیییانەی کە باس کران، نیشتەجێی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراقی عەره‌بی/سوننین. بۆیە لە ئەگەری هەر جۆرە گەڕانەوەی ئەم ئاوارانە بۆ ناوچەکانی خۆیان، ئەگەری بەهێزی سەرهەڵدانی جه‌نگ لە نێوان کۆمەڵە ئاماژەپێکراوەکان و عەرەبەکانی ئەم ناوچانە لە ئارادایە، کە دووبارە دەتوانێ بە زیانی هەرێمی کوردستان بشکێتەوە. بۆیە ئەم ئەگەرە و هەقیقەتی ئاوارەبوونی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە، پێویستە ببن بە بەڵگەی بەهێز لە بەپەلە دیاریکردنی سنوورەکانی هەرێم. بۆ بەهێزتربوونی ئەم بەڵگەیە، پێویستە تورکمان و کریستیانەکان لەگەڵ ئەم داواکارییەی هەرێمی کوردستاندا هاودەنگ بکرێن. بۆ بەدیهێنانی ئەم مەرجە، پێویستە کورد کەمترین ماوەی زەمەنی دیاری بکات. لە کاتی کۆتاییهاتنی کاتەکە و جێبەجێنەبوونی داواکارییەکە، پێویستە ئەم ناوچانە ببن بە بەشێک لە هەرێم و بە هیچ شێوەیەک پەنا بۆ درێژکردنی ماوەکە یان پێکهێنانی لێژنە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم پرسە نەبردرێت، چونکە ئەزموونی ڕێککەتننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ و ماددەی ١٤٠ی دەستووری هەمیشەییی عێراق، سەلماندوویانە کە ئەم جۆرە ڕێکارانە هیچ دەسکەوتێکی نابێت.

لە لایەکی ترەوە، عەرەبی سوننە داوای بەهەرێمبوونی ناوچەکانیان دەکەن و زۆرتر پێداگرن لەسەر ناسنامه‌ی سوننەبوونی خۆیان لە بری ناسنامه‌ی عێراقی. چونکە سوننە ناتوانێت ناسنامه‌ی عێراقێک هەڵبگرێت کە لە لایەن شیعەوە بەڕێوە ببردرێت. پێش سەرهەڵدانی داعش، هەڵگرتنی دروشمی "السنة شعارنا" یاخود "اما الاقلیم او التقسیم" لە لایەن عەرەبی سوننەوە، ڕەنگدانەوەی نەخشەی سیاسی-جوگرافیی عێراقی داهاتووە. بۆیە لە ئەگەری هاتنەدیی ئەم نەخشەیە، کێشەی سنوورەکانی هەرێم، لە بری بەغدا، ڕاستەوخۆ پەیوەست دەبێت بە هەرێمی سوننەوە. لەوانەیە حه‌نگی داعش  لەسەر سنوورەکانی هەرێم و دەرکردنی کوردەکان لەم ناوچانە، پلانێکی لە پێشتر داڕێژراو بێت. چونکە سوننە ناتوانێت بەبێ سەرچاوەی نەوت و گاز ڕکابەرێتیی هەرێم و بەغدا بکات و لە کاتێکدا کە سەرچاوەکانی نەوتی شیعە لە سنوورە جوگرافییەکانی سوننە دوورە؛ کەواتە بەدەستهێنانی کێڵگە نەوتییەکانی ناوچە جێناکۆکەکانی هەرێم، دەتوانن ئەم باڵا دەستییە بە داعش و دواتر هەرێمی سوننە ببەخشن. لێرەوە دەردەکەوێت کە ستراتیژیی هەنووکەییی هەرێم، پێویستە دیارکردنی سنوورەکان بێت، ئەگەرنا بەبەردەوامی دیاردەکانی داعش، ئاوارەبوون، دواکەوتنی قوتابخانەکان، دابەزینی توانای ئابووری، ناکارامەییی حکوومەت، دڵەڕاوکێی هاووڵاتی و دەیان پێشهاتی تری نەخوازراو بەرۆکی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە کە کاریگەریی نێگەتیڤیان لەسەر پرۆسەی گەشەسەندن و سەقامگیریی سیاسیی هەرێم دەبێت.