ڕێککەوتننامەی ئەدەنە، یان ناوچەی ئارام!

پەیڕەو ئەنوەر/ توێژەر

بەرایی
لە دوای بەهاری عەرەبییەوە، سووریا بووە بە یەکێک لە گەرمترین ناوچەکانی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. زلهێزەکانی وەک ئەمریکا و ڕووسیا لە لایەک و وڵاتانی هەرێمی وەک تورکیا، ئێران، سعوودیا و قەتەریش لە لایەکی ترەوە ململانێی لەسەر دەکەن و، هەوڵ دەدەن ستراتیژ و ناسنامەی سیاسی و هێژموونی خۆیان تێدا بسەپێنن. ئەمریکا زیاتر لە ڕێگەی ئەکتەرێکی وەک کوردەکانەوە ململانێکە بەڕێوە دەبات و هەوڵی ئەوە دەدات لە ڕێگەی پڕۆژەی ناوچەی ئارامەوە لە سووریا ئامادە بێت و، ڕۆڵی سیاسی و ستراتیژیی خۆی لەدەست نەدات. ڕووسیا و تورکیا کەمتر لەگەڵ ئەم سیاسەت و ستراتیژەی ئەمریکا هاوڕان و زیاتر هەوڵ دەدەن سووریا وەک دەوڵەتێکی ناوەندیی بەهێز بمێنێتەوە؛ بە جۆرێک دیمەشق و بەشار ئەسەد دەسەڵاتی تەواوی بەسەر خاک و سەروەری و بڕیار و سیاسەتی دەرەوەی سووریادا هەبێت. بەتایبەت تورکیا بە هیچ شێوەیەک نایەوێت کوردانی ڕۆژاوا وەک ئەکتەر و هێز لە سووریادا ڕۆڵ بگێڕن، یان هێزێکی وەک ئەمریکا پەیوەندیی لەگەڵ کورددا هەبێت و یارمەتی و کۆمەکی سەربازیی پێ بدات یان ناوچەی ئارامی بۆ دابین بکات، چونکە تورکیا ئەم پڕۆژەیە وەک گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئاسایش و سنوور و سەروەریی وڵاتەکەی دادەنێت.

ڕێککەوتننامەی ئەدەنە

ڕێککەوتننامەی ئەدەنە لە ساڵی ١٩٩٨ بە نێوانگیریی میسر و ئێران لە نێوان هەر یەک لە سووریا و تورکیا لە پارێزگه‌ی ئەدەنە واژوو کراوە بۆ ئەوەی ئەم دوو وڵاتە ڕووبەڕووی کاردانەوەی سەربازی نەبنەوە، چونکە سووریا پەکەکەی وەک هێزێکی سیاسی لە وڵاتەکەیدا داڵدە دابوو و تورکیایش پەکەکەی بە تیرۆریست دادەنا. ئامانجی ڕێککەوتننامەکە هاریکاریکردنی هەر دوو وڵات بوو بەیەکەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. ئەم ڕێککەوتننامەیە یەکێک بوو لە هەوڵەکانی تورکیا بۆ گوشارخستنە سەر سووریا تا پەکەکە و ئۆجەلان لەو وڵاتەکەی دەربکات و هەر بەپێی ڕێککەوتننامەکەیش تورکیا دەسەڵاتی ئەوەی پێ درا بە قووڵاییی ٥ کیلۆمەتر بە مەبەستی بنەبڕکردنی تیرۆر، بچێتە نێو خاکی سووریاوە. لە ئێستادا زیندووکردنەوەی ئەم ڕێککەوتننامەیە لە نێوان ڕووسیا، تورکیا و سووریا بەگەرمی باسی لێوه‌ دەکرێت؛ ئەمەیش وەک کاردانەوەیەک بۆ بێڕۆڵکردنی ئەمریکا و سنووردارکردنی جووڵەکانی ئەمریکا لە سووریا. ڤلادیمیر پووتین، سەرۆککۆماری ڕووسیای فیدڕاڵ و، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٩، بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی تورکیا باسیان لە زیندووکردنەوەی ئەم ڕێککەوتننامەیە کردووە. سەرەڕای ئەوەیش ئەردۆغان چەندین جار تیشکی خستۆته‌ سەر ئەوەی کە ئەو ڕێککەوتننامەیە هێشتا بەرکارە؛ ئەمەیش وەک پاساوێک بۆ چوونە نێو خاکی سووریا و مانەوەی هێزەکانی لەو وڵاتەدا. سووریایش بە هەمان شێوە، لە ڕێکەوتی ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩دا لە ڕێگەی بڵاوکراوەیەکی وەزارەتی دەرەوەیدا پابەندیی خۆی بەو ڕێککەتننامەیە دەربڕیوە، بەڵام بەو مەرجەی سنووری نێوان تورکیا و سووریا وەک جارانی لێ بکرێتەوە و تورکیایش پابەندی ڕێککەوتننامەکە بێت و لە خاکی سووریا بکشێتەوە.

ئامانجەکانی ڕووسیا و سووریا و تورکیا لە زیندووکردنەوەی ئەم ڕێککەوتننامەیە

یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی زیندووکردنەوەی ئەو ڕێککەوتننامەیە لە لایەن هەر یەک لە ڕووسیا، سووریا و تورکیا بۆ سنووردارکردنی ڕۆڵ و هێژموونی ئەمریکا و هاوبەشەکانییه‌تی لە سووریا و لەباربردنی پڕۆژەی ناوچەی ئارامە بە قووڵاییی ٣٢ کیلۆمەتر لەو وڵاتەدا. تورکیا و ڕووسیا وا هەست دەکەن، ئەمریکا لە ڕێگەی ناوچەی ئارامەوە سووریا بە شێوازێکی کرداری دابەش دەکات و لە ڕووی جیۆپۆلیتیک و جوگرافیای سیاسییەوە، دەیکات بە چەند یەکەیەکی جیاواز و دابڕاو لە یەکتری؛ ئەمەیش لە ڕووی جیۆسیاسییەوە ئەمریکا وەک زلهێزێک، بەسەر ڕووسیا و هاوبەشەکانیدا زاڵتر دەکات. لە لایەکی ترەوە، ڕووسیا و سووریا دەیانەوێت بە هۆی زیندووکردنەوەی ئەم ڕێککەوتننامەیەوە دووبارە سووریا بکەنەوە بە دەوڵەتێکی ناوەندیی بەهێز و خاوەن دەسەڵات و سەروەری؛ بە جۆرێک بەشار ئەسەد دەسەڵاتی تەواوی بەسەر هەموو جوگرافیا جیاواز و سنوورە جیاوازەکانی وڵاتەکەیدا هەبێت.

تورکیا دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم ڕێککەوتننامەیەوە زیاتر و وردتر چاودێریی باکووری سووریا بکات، چونکە بەپێی ناوەڕۆکی ڕێککەوتننامەکە ئەگەر سووریا نەتوانێت سنوور و ئاسایشی وڵاتەکەی بەتەواوی بپارێزێت، ئەوا تورکیا بۆی هەیە بە قووڵاییی ٥ کیلۆمەتر بچێتە نێو خاکی سووریاوە و ئەمەیش دەبێتە پاساوێکی گونجاو بۆ تورکیا تاکوو بەئاسانی و بەپێی ڕێککەوتن هێرش بکاتە سەر باکووری سووریا و کوردانی ڕۆژاوا و پەیەدە و هێزەکانی تر. لە لایەکی ترەوەیش تورکیا خەم و ترسی ناوچەی ئارامی نامێنێت بۆ کوردانی سووریا، چونکە زیندووکردنەوەی ئەم ڕێککەوتننامەیە بە جێگرەوەی ناوچەی ئارام دادەنێت و، بەمەیش تورکیا لەو دڵەڕاوکێ سیاسی و ئەمنی و جیۆپۆلیتیکییەی ڕزگاری دەبێت و تا ڕاددەیەکیش لەژێر هەڕەشەی ئەمریکا دەربازی دەبێت، کە زیاتر بژاردەی کوردی وەک گوشار لە دژی بەکار دەهێنێت و دەیەوێت جووڵە و بەرنامە سیاسی و جیۆسیاسییەکانی تورکیای پێ سنووردار بکات.

دەرەنجام
تورکیا بە هۆی ڕووداوەکانی سووریا و بوونی کوردەکان وەک هێزێکی سیاسی و سەربازی و چەکدار لەو وڵاتەدا، وەک جۆڵانە لە نێوان ئەمریکا و ڕووسیادا دەجووڵێت و یاری دەکات. هەر لە سەرەتای تێکچوونی دۆخی سووریاوە، تورکیا ترسێکی گەورەی لە ڕۆڵی کوردەکان هەبووە لە وڵاتەدا، چونکە هەر کیان و چوارچێوەیەکی سیاسی و سەربازی بۆ کورد لە سووریادا، یەکسانە بە تێکچوونی ئاسایش و سەقامگیریی ناوخۆیی لە دیدی تورکیاوە. تورکیا بەڕژدی هەوڵی ئەوە دەدات ئاوارە سوورییەکان بگەڕێنێتەوە و لە باکووری سووریادا نیشتەجێیان بکات تاکوو لە ڕێگەی ئەم دەستکاریکردنە دیمۆگرافییەوە هەم هاوسەنگیی هێزی سیاسی و هەمیش هاوسەنگیی هێزی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی لە باکووری سووریادا بە لای خۆیدا ڕابكێشێت و لە بەرژەوەندیی خۆی کۆتایی پێ بهێنێت. ئەم هەوڵانەی تورکیا وا ئاسان نین و پڕن لە مەترسیی سیاسی و ستراتیژی، بەتایبەت گۆڕینی هاوسەنگیی هێز و جوگرافیای هێز لە سووریادا، چونکە ئەمریکا وا بەئاسانی ڕێگە نادات هێژموون و هێزی لە سووریا سنووردار بکرێت و پڕۆژە و ڕێککەوتننامەی سیاسی و ئەمنیی تر لە بری ناوچەی ئارام لەو وڵاتەدا جێبەجێ بکرێت؛ بەتایبەت ئەگەر پڕۆژەیەک بە سوود و بەرژەوەندیی ڕووسیا و سووریا کۆتایی پێ بێت و هێزەکانی تر لاواز و بێکاریگەری بکات.