تورکیا لە بەردەم سەردەمێکی نوێدا

پەیڕەو ئەنوەر/ توێژەر

دەستپێک
ڕێکەوتی ٣١ی ئازاری ٢٠١٩ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە سەرتاسەری تورکیادا بەڕێوە دەچێت و ئەم هەڵبژاردنەیش بە یەکێک لە هەڵبژاردنە هەرە چارەنووسسازەکان دادەنرێت لەو وڵاتەدا، بەتایبەت بۆ پێگە و داهاتووی حزبی داد و گەشەپێدان و خودی ئەردۆغان. بەشێک لە چاودێران و شارەزایانیش بە جۆرێک لە ڕاپرسی و هەڵبژاردنێکی گرنگ و هەستیار لە تورکیادا دای دەنێن. حزبی فەرمانڕەوای وڵات "داد و گەشەپێدان/ئاک پارتی" لەگەڵ حزبی نەتەوەپەرستی تورکیا "مەهەپە"، هاوپەیمانێتییه‌كیان پێک هێناوە لەژێر ناوی "جەماوەر" و وەک بەرەیەک دەردەکەون و بانگەشەکانیان بەڕێوە دەبەن. لە بەرامبەردا حزبی دیموکراسیی گەلان "هەدەپە" لەگەڵ چەند حزب و لایەنێکی تری کوردی هاوپەیمانێتییه‌كیان پێک هێناوە و وەک بەرەیەک ڕکابەری هاوپەیمانیی "جەماوەر" دەکەن.

جگە لەم دوو بەرەیە کۆمەڵێک حزبی تری وەک حزبی سەعادەت، حزبی چاکە، حزبی نیشتمان، حزبی یەکێتیی گەورە، حزبی چەپی تورکیا، حزبی دیموکراتی چەپ، حزبی دیموکراتی سەربەخۆ و... بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا دەکەن. ئەم هەڵبژاردنە هەشتەمین هەڵبژاردنە لە دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی ٢٠١٤وە و بەپێی داتاکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، (٥٧٧٨٠٤٦١) (پەنجا و حەوت ملیۆن و حەوسەد و هەشتا هەزار و چوارسەد و شەست و یەک) هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە و، هەروەها بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە بەسەرکەوتوویی، (٧١٥١٩٤) سندووقی دەنگدان ئامادە کراوە.

ئاک پارتی و ئەردۆغان؛ تاقیکردنەوەیەکی سەخت

ئەردۆغان و حزبی داد و گەشەپێدان هەموو هەوڵ و هێزێکیان خستۆتە گەڕ تاوەکوو بتوانن پارێزگاری لە پێگە و دەسەڵات و قوڕساییی حزبەکە و ڕێژەی دەنگدەرانیان بکەن و بۆ ماوەیەکی تر لە دەسەڵات و حوکمڕانیدا بمێننەوە، بەڵام پڕۆسەکە وا ئاسان نییە و ئاک پارتی لە دوای ١٧ ساڵ حوکمڕانی و دەسەڵات، پێگە و قوڕسایییه‌كه‌ی بەرەو لاوازبوون و لێژی دەچێت؛ ئەمەیش بە هۆی کۆمەڵێک فاکتەری ناوخۆیی و دەرەکییەوە. لە ڕاستیدا تورکیای ئێستا بە هۆی کۆمەڵێک سیاسەتی هەڵە و سەرکێشیی ئەردۆغانەوە، ڕووبەڕووی چەندین هەڕەشە و مەترسیی ناوخۆیی و دەرەکی بۆتەوە.

بە شێوەیەکی گشتی ئاک پارتی لە بنەما و ستراتیژ و هێڵە گشتییەکانی خۆی لای داوە و لە ئامانجە بنەڕەتییەکانی دوور کەوتۆتەوە، بەتایبەت لە پرسەکانی وەک پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەی کورد، کارکردن بۆ بەئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا، باشترکردنی دۆخی ئابووری و لەناویشیدا چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری و هەڵاوسان و بەرزکردنەوەی بەهای لیرەی تورکی و ڕێزگرتن لە ئازادییە گشتییەکان و مافە مەدەنییەکان و درێژەدان بە بنەما تیۆری و سیاسییەکانی "ئەحمەد داودئۆغلۆ" کە پێداگریی لەسەر سفڕکردنەوەی کێشەکانی تورکیا لەگەڵ هێزە هەرێمی و ئەکتەرە ناوخۆیییەکانی دەکرد و، بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە تورکیا دەبێتەوە بە هێزێکی هەرێمیی کاریگەر و ڕۆڵێکی یەکجار گەورەیش لە سیسته‌می هەرێمیی ناوچەکە دەگێڕێت و، دەبێت بە هاوبەشێکی سەرەکیی ڕۆژاوا و، هه‌روه‌ها یەکێتیی ئەوروپا.

ئەردۆغان دوای سێ خول لە سەرۆکوەزیرانی و لە ئێستایشدا وەک سەرۆککۆمار هەوڵێکی زۆر دەدات تاوەکوو پێگە جەماوەرییەکەی لەدەست نەدات، بەڵام بە هۆی سیاسەتە هەڵە و سەرکێشییەکانییەوە زۆر ئەستەمە بتوانێت پارێزگاری لە پێگە و دەسەڵاتەکەی بکات، بەتایبەت دوای کودەتاکەی ١٥ی تەمموزی ساڵی ٢٠١٦ و گرتن و ڕاوەدوونانی ئەندامانی بزووتنەوەکەی "فەتحوڵڵا گولەن"ی کۆنە هاوخەبات و هاوسەنگەری و، داخستنی دەرسخانەکانیان و تێکچوونی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد و زیندانیکردنی هاوسەرۆک و سەرکردەکانی و، دوورخستنەوەی هاوڕێ و بەشێک لە سەرکردەکانی ناو ئاک پارتی، هاوشێوەی "ئەحمەد داودئۆغلۆ، عەبدوڵڵا گویڵ و عەلی بابا جان" و هتد.

سەرەڕای هەموو ئەمانەیش سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە دوای دروستبوونی داعشەوە سیاسەتێکی شەڕانگێزانە و دەستدرێژیکەرانە بووە، بەتایبەت دەستوەردانەکانی لە سووریا و داگیرکردنی کۆبانێ و عەفرین و هەڕەشەی هێرشکردن بۆ سەر شنگال و قەندیل و ململانێکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چوونە پاڵ بلۆکی ڕووسیا-چین-ئێران و پرسی کڕینی مووشەکی S400 لە ڕووسیا کە ئەمریکای بەتەواوی نیگەران کردووە و بەمەیش پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە دەباتە ئاستێکی خراپەوە، تەنانەت چاوەڕێی سزای ئابووریی نوێ دەکرێت لە لایەن ئەمریکاوە و بۆ سەر تورکیا؛ سەرەڕای خراپبوونی ڕۆژ دوای ڕۆژی پەیوەندییەکانی لەگەڵ خودی یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتە جیاوازەکانی ئەوروپا.

هەموو ئەو ڕووداو و هەڵە سیاسی و ستراتیژییانەی ئەردۆغان، کۆمەڵگەی تورکی بەگشتی و دەنگدەرانی ئاک پارتی بەتایبەتی ماندوو و بێزار کردووە، بەتایبەت خراپبوونی دۆخی ئابووری و دابەزینی بەهای لیرەی تورکی و ڕێژەی بێکاری کە لە کۆتاییی ساڵی ڕابردوودا دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بە جۆرێک کە لە ٩ ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە و؛ ئەمەیش دەرفەتی بەهێزبوون و مانەوەی ئەردۆغان و ئاک پارتیی لە تورکیادا زۆر لاواز کردووە.

لە لایەکی ترەوە ئەردۆغان ڕای گەیاندووە کە ئەم هەڵبژاردنە ئەوەندە گرنگ و چارەنووسسازە و، وەک مان و نەمانی ئەو و ئاک پارتییە. بەپێی ئەنجامی چەند ڕاپرسییەکیش "هاوپەیمانیی جەماوەر" (کە ئاک پارتی و مەهەپە لەخۆدەگرێت) ناتوانن ڕێژەی زیاتر لە %٥٠ی دەنگەکان بۆ خۆیان ببەن. ئەمەیش شکستێکی گەورەیە بۆ ئاک پارتی لە دوای ١٧ ساڵ لە حوکمڕانیدا؛ بەڵام پێدەچێت "مەهەپە" بە هۆی سیاسەت و گوتارە نەتەوەپەرست و ڕادیکاڵەکانی و دژایەتیکردنی کوردەوە سوودمەند بێت و بەشێک لە دەنگەکانی لایەنەکانی تر بۆ خۆی ببات.

دەرفەت و هەڕەشەکانی بەردەم هەدەپە

هەدەپە سەرەڕای دەستگیرکردنی هاوسەرۆک و بەشێک لە سەرکردە و ئەندامەکانی لە لایەن  دەسەڵاتەوە، لە چالاکی و بانگەشەی حزبەکەی بەردەوامە و دەیەوێت لەم هەڵبژاردنەدا کار لەسەر خاڵی لاوازی دەسەڵات و کەموکوڕی و گوتارە خراپەکانی ئاک پارتی و ئەردۆغان بکات؛ بەتایبەت بەشێک لە گوتاری ئەم دوایییەی ئەردۆغان لە هەڵمەتەکانیدا کە زیاتر نکۆڵیی لە ڕەتکردنەوەی کوردبوون و ناسنامەی کورد دەکرد لە تورکیادا. لە لایەکی ترەوە هەدەپە دەیەوێت وەک هێزێکی فرەنەتەوە و سەروونەتەوەیی، پەیام و بونیادی سیاسیی خۆی ئاڕاستە بکات و گرووپەکانی تری وەک عەلەوی، عەرەب، چەرکەس و لاز لە حزبەکەیدا جێ بکاتەوە و بەهاوبەشی بەشداری لە هەڵبژاردن و پڕۆسەی سیاسی لە تورکیادا بکەن.

لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا هەدەپە وەک هێزێکی کوردی، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک بەربەست و هەڕەشە و دەرفەت دەبێتەوە لەوانە: حزبی دەسەڵات خاوەن سەرچاوە و سەرمایەیه‌کی ماددی و مەعنەویی زۆرە و زیاتر دەتوانێت دامەزراوە سیاسی و یاسایییەکانی وڵات کۆنتڕۆڵ بکات و لە بەرژەوەندیی خۆیدا بەکاری بهێنێت و لە ناوچە کوردییەکانیش کوردەکان بۆ لای خۆی ڕاكێش بكات و بەشێک لە دەنگەکانی بۆ خۆی ببات و، سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ گواستنەوەی وێستگەکانی دەنگدان و دانانی سوپا و سەرباز لە بنکەکانی دەنگدان و سەرپەرشتیکردنی سندووقەکان و ئاڵوگۆڕکردنی شوێنی دەنگدەر و هەوڵدان بۆ ساختەکاری و دەستکاریکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و...؛ ئەمانە بەربەستی گەورەن لە بەردەم هەدەپە.

لە پاڵ ئەم هەڕەشانەی بەردەم هەدەپەیشدا چەند دەرفەتێکیش هەیە، دەکرێت سوودێکی بۆ ئەو حزبە هەبێت، گرنگترینیان: هاوپەیمانیی هەدەپەیە لەگەڵ حەوت حزبی تری کوردی و خۆڕێکخستنەوەیانە تاوەکوو زۆرترین دەنگ بۆ خۆیان ڕابکێشن. تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان حزبی گەلی کۆماری/جەهەپە و حزبی داد و گەشەپێدان، دەکرێت دەرفەتێک بێت تاوەکوو هەدەپە سوودی لێ ببینێت و لەم نێوەندەیشدا بەشێک لە دەنگەکانی ئەم دوو حزبە بۆ خۆی ببات، ئەگەر بە ڕێژەیەکی زۆر کەمیش بێت. پاڵپشتیکردنی یەکێتیی ئەوروپا و بەشێک لە ناوەندە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی ئەوروپا بۆ هەدەپە، دووبارە پاڵپشتییەکی مەعنەوی دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی ورەی ئەم حزبە و باشتر بەڕێوەبردنی ململانێ و کێبڕکێکانی لەگەڵ حزبی دەسەڵاتداردا.
کۆبەند
ئاک پارتی و ئەردۆغان هەر دەرەنجام و سەرکەوتن و شکستێک لەو هەڵبژاردنەدا بەدەست بهێنن، دواجار لە ڕووی سیاسەتی دەرەوە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە و قەیران دەبێتەوە، بەتایبەت لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، چونکە گۆڕانی دۆخی ناوخۆی تورکیا، گۆڕانێکی گەورە لە دید و تێڕوانینی ئەردۆغاندا بۆ گۆڕینی هەڵوێستەکانی لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیدا دروست ناکات. لە ئێستادا پەیوەندیی نێوان تورکیا و ئەمریکا بە هۆی کڕینی مووشەکی S400 لە ڕووسیاوە بەرەو خراپی دەچێت، سەرەڕای ناکۆکییان لەسەر پرسی سووریا و کورد لە سووریادا و، بەمەیش چاوەڕوان دەکرێت ئابووریی تورکیا بەرەو داڕمانی زیاتر و لاوازبوونی زیاتر بچێت و لەم هەڵبژاردنەیشدا دەنگدەر هێندەی تر بێئومێد و بێهیواتر بێت و پڕۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدانی، چیتر بەلاوە ئەوەندە پڕۆسەیەکی گرنگ و مانادار نەبێت.