پەیوەندییەکانی ئێران-عێراق و ئالنگارییەکانی بەردەمی

ئازاد وەڵەدبەگی، ماستەر لە یاسای گشتی

پێشەکی

لەناو وڵاتانی دراوسێی ئێران، بێ گومان عێراق یەک لەو وڵاتانەیە کە بە هۆی تایبەتمەندیی سیاسی، ئاسایشی، ئایینی، ئابووری و فەرهەنگییه‌وه‌ پێگەیەکی گرنگ و ستراتیژیی هەیە. بەپێی تێڕوانینێکی کۆن لەناو هەندێک لە سیاسەتوانە ئێرانییەکان، عێراق وڵاتێکی دروستکراوی دەستی کۆلۆنیالیزمی بریتانییە کە بۆ پاراستنی هاوسەنگیی هێز و کۆنترۆڵکردنی ئێران دروست کراوە. باڵادەستیی هێز و لایەنە سوننییەکان هەر لە سەرەتای دروستبوونی عێراق لە ساڵی ١٩٢١ هەتا ساڵی ٢٠٠٣ و، بەتایبەت ئایدیۆلۆژیی بەعس لە چوار دەیەی کۆتاییی حوکمڕانیی سوننە، بەردەوام مایەی نیگەرانی و سەرئێشەی ئاسایشی بووە بۆ ئێران. حزبی بەعس بە درێژاییی ساڵانی دەسەڵاتدارێتیی خۆی، بەردەوام هەڕەشە بووە لەسەر ناسیۆنالیزمی ئێرانی و دواتر هێژموونی شیعە لە ناوچەکە و، ئەمەیش وای کردووە کە سیاسەت و تێڕوانینی ئێرانییەکان بەرامبەر بە عێراق تێکەڵ بە گومان و بێمتمانەیی بێت.

لە لایەکی ترەوە، عێراق وەک یەکێک لە پاشماوەکانی دەوڵەتی عوسمانی، بووە میراتگری بەشێکی زۆر لە کێشە و ململانێکانی نێوان ئێران و عوسمانی بە درێژاییی پێنج سەدە، کە گرنگترینیان کیشەکانی ئاو و سنوورەکان، ململانێی مێژووییی شیعە-سوننە و ململانێی عەرەب-فارسە. دواتر ئەم کێشە کۆنانە، تێکەڵ بە ململانێکانی نێوان ئێران و عێراق بوون، بۆ بوونە هێزی هەرێمیی باڵادەست لە ناوچەی کەنداو. هەر بۆیە، پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ دراوسێ ڕۆژاوایییەکەی عوسمانی-عێراق، یەکێکە لە دەگمەنترین و نائاساییترین پەیوەندییەکانی دەرەوە، کە بریتی بووە لە پێکەوەژیانێکی سارد و جەنگ و ململانێی بەردەوام. لە ساڵی ١٩١٤وە، واتە لە کاتی جەنگی چاڵدێران لە نێوان "شا ئیسماعیلی سەفەوی" و "سوڵتان سەلیمی عوسمانی" تاکوو ئەمڕۆ، ٢٥ جەنگ لە نێوان هەر دوو وڵات ڕووی داوە، کە ٢٤ جەنگی لە سەردەمی ئێران-عوسمانی و دوا جەنگیش لە سەردەمی ئێران-عێراق ڕووی داوە. لە ساڵی ١٩٥٨ و سەردەمی بەدەسەڵاتگەیشتنی "عەبدولکەریم قاسم" هەتا ساڵی ٢٠٠٣، قۆناغی پڕ لە ناکۆکی و گرژیی نێوان هەر دوو وڵات بووە؛ بە جۆرێک کە درێژخایەنترین جەنگی سەدەی بیستەم کە جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق بوو (١٩٨٠-١٩٨٨)، لەم قۆناغەدا ڕووی داوە. لەم وتارەدا، هەوڵ دەدەین بەکورتی و پوختی تیشک بخەینە سەر پێشینەی مێژووییی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات و دۆخی ئەمڕۆی ئەو پەیوەندییە و ئەو ئالنگارییانەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە.  

پێشینەی پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق

پاش دروستبوونی دەوڵەتی عێراق، یەکەم خاڵی دەستپێکی پەیوەندییەکانی ئێران-عێراق، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٢٩، کە لەو کاتەدا شاندێکی نیازپاکی لە لایەن پاشای عێراق، فەیسەلی یەکەم، ڕەوانەی ئێران کرا و لەو کاتەوە تاکوو ئێستا چەندین ڕێککەوتنی دووقۆڵی (پەیمانی ساڵی ١٩٣٧ و پەیمانی ساڵی ١٩٧٥) و چەندقۆڵی (پەیمانی سەعدئاباد و پەیمانی بەغدا) لە نێوان هەر دوو وڵاتدا واژوو کراوە. بەم حاڵەیش پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو لا بە هۆی ململانێی هەرێمی، کێشەی شەتولعەرەب و ڕێڕەوە ئاوییەکانی دیکە، کێشەکانی سنوور، کێشەی کورد و دۆخی شیعەکانی عێراق بەزۆری قەیراناوی بووە، کە بە کوده‌تای عەبدولکەریم قاسم لە ساڵی ١٩٥٨ دۆخەکە ئاڵۆزتر بوو کە هەتا ڕووخانی قاسم ئەم ئاڵۆزییانە بەردەوام بوو. لە سەردەمی عارفەکان (عەبدولسەلام و عەبدولڕەحمان) بە هۆی میانڕەوبوونیان دۆخەکە هەندێک ئارامتر بووەوە، کە ئەم ئارامییە هەتا هاتنەسەرکاری بەعس بەردەوام بوو. پاش هاتنی بەعسییەکان لە ساڵی ١٩٦٨، دۆخەکە دیسان بەرەو ئاڵۆزی ملی نا و سەرەنجام ڕێککەوتنی جەزایری ساڵی ١٩٧٥ هاتە ئاراوە، بەڵام مانگی هەنگوینی پەیوەندییەکانی ئێران-عێراق زۆری نەخایاند. پاش ڕووخانی ڕژێمی پەهلەوی لە ساڵی ١٩٧٩ و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، دۆخی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات قۆناغێکی دیکەی پڕ لە ئاڵۆزیی تاقی کردەوە، کە سەرەنجام لە ساڵی ١٩٨٠-١٩٨٨ جەنگێکی ترسناک لە نێوان هەر دوو وڵات ڕووی دا. لە ساڵی ٢٠٠٣ و پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس بە سەرۆکایەتیی هاوپەیمانان و باڵادەستبوونی لایەنە شیعەکان لە عێراق، بەرە بەرە پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات پێی نایە قۆناغێکی نوێ و سەردەمی پەیوەندیی زێڕینی نێوان هەر دوو وڵات دەستی پێ کرد.

پاش ساڵی ١٩٥٨ و ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتیی عێراق، شای ئێران هەستی بەوە کرد کە عێراق سەرەڕای لاوازبوونیشی لە چاو ئێرانی ئەوکات، بەڵام بەربەستێکی سەرەکییە لە بەردەم پرۆژەی ئیمپراتۆرییەکەی ئەو لە ناوچەی کەنداو؛ هەر بۆیە کۆنترۆڵکردنی عێراق و لاوازکردنی ڕۆڵی هەرێمیی ئەم وڵاتە، بووە بەشێک لە بەرنامەکانی کاری شا کە زۆر بەگەرموگوڕی کاری لەسەر دەکرد و، پرۆژەی پاڵپشتیکردنی شۆڕشی کوردیش لەو سەردەمە، بەشێک بووە لەو ستراتیژەی ڕژێمی شا.

پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق پاش ساڵی ٢٠٠٣

عێراق کە دەکەوێتە ڕۆژاوای ئێرانەوە، دەروازەی وشکانیی ئەو وڵاتەیە بۆ وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە، هەر بۆیە عێراق گرنگییەکی جیۆستراتیژیی هەیە بۆ ئێران. پاش ساڵی ٢٠٠٣ پەیوەندییەکانی هەر دوو لا بەهێزتر بوو، ئەویش لەژێر سێبەری حکوومەتی نوێ کە زۆرینەی شیعە سەرۆکایەتیی دەکرد و، ئێران یەکەمین وڵاتی دراوسێ بوو کە دانی بە عێراقی نوێدا نا و، لە ئەیلوولی ٢٠٠٤ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەر دوو وڵات دەستی پێ کردەوە. بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەر دوو لا، ئیبراهیم جەعفەری، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق، سەردانی تارانی کرد و ڕێککەوتنێکی ئاسایشیی هاوبەش لە نێوان هەر دوو وڵات بۆ پاراستنی سنوورەکان و هاوکاریکردنی عێراق بۆ ڕاهێنانی سوپای عێراق واژوو کرا. پاش هاتنی نووری مالکی، ڕەوتی ئەرێنیی پەیوەندییەکانی هەر دوو لا بەردەوام بوو، بە جۆرێک کە مەحموود ئەحمەدینه‌ژاد، سەرۆککۆماری ئەو کاتی ئێران، سەردانی بەغدادی کرد؛ کە ئەمەیش بە یەکەمین سەردانی سەرۆکێکی ئێرانی دادەنرێت بۆ عێراق پاش شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩. ئەحمەدینه‌ژاد لەو سەردانەدا باسی لە گرێدانی ئاسایشی وڵاتەکەی کرد بە ئاسایشی عێراق و، گوتی کە ئاسایشی عێراق هەمان ئاسایشی ئێرانە. نووری مالکییش لە وەڵامدا گوتی، هیچ بەربەستێک لە بەردەم هاوکاریی نێوان هەر دوو وڵاتدا نییە. لەو کاتەوە تاکوو ئێستا سەرەڕای گوشارەکانی ئەمریکا، بەڵام پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران لە گەشەسەندنی بەردەوامدایە.

ئێران ئارەزوو و پاڵنەری بێسنووری هەیە بۆ دەستوەردان لە کاروباری عێراق، چونکە گۆڕانکارییەکانی عێراق کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر بەرژەوەندییە نیشتمانی و ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتە؛ ئەمەیش لەبەر کۆمەڵێک هۆکار کە پەیوەندیی بە هاوسەنگیی هێز و ململانێی نێودەوڵەتی و هەرێمییەوە هەیە لە یەکێک لە گرنگترین ناوچەکانی جیهان. هەر بۆیە، دۆسیەی عێراق بۆ ئێران، بەشێکی سەرەکییە لە سیاسەتی دەرەکیی گشتگیری ئێران، کە ئامانجی ئەوەیە دەست بەسەر هەموو فاکتەرەکانی هێزی ئابووری، سیاسی، سەربازی و تەکنیکیدا بگرێت؛ بە جۆرێک کە بتوانێت بەرژەوەندییە ستراتیژییە گەورەکانی خۆی بپارێزێت و لە هەمان کاتدا ببێتە هێزێکی هەرێمیی کاریگەر لە پرۆسەی هاوسەنگیی هەرێمی.

کارتەکانی ئێران لە هاوکیشەی عێراق جۆراوجۆرن، بۆ نموونە پەیوەندیی مێژووییی لەگەڵ دامودەزگەی ئایینی و حزبە سیاسییەکانی عێراق هەیە؛ هەر بۆیە دەبینین کە ئێران پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ساڵی ٢٠١٠ دەستڕۆیییەکی بەربڵاوی لە عێراقدا بەدەست هێناوە و، ڕۆڵی کاریگەری هەیە لە دانانی حکوومەتی عێراق، بە جۆرێک کە لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا گونجاو بێت. هەروا بوونی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق، بووەتە پاڵنەری ئێران بۆ ئەوەی هەوڵێکی زۆر بدات بۆ شکستپێهێنانی پرۆژەی ئەمریکی لە ناوچەکە و، لەم ڕووەوە ئێران تا ڕاددەیەک توانیویەتی ئەجێندای خۆی بباتە پێشەوە، ئەویش لە ڕێگەی کاریگەرییان لەسەر دانانی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٠ بەدواوە. پاش هاتنی هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ بۆ عێراق، ئەم هێزانە لە نزیک سنوورەکانی ئێران سەقامگیر بوون و باڵادەستیی ئەمریکییەکان لە عێراق نیگەرانیی ئاسایشیی لای ئێرانییەکان دروست کرد، هەر بۆیە ئێران لە ڕێگەی پەرەپێدانی دەستڕۆییی خۆی، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە دەدات.

لە دوا پەرەسەندنیشدا لەم بارەیەوە، سەرۆککۆماری ئێران، حەسەن ڕۆحانی، لە ١١-١٣ ئازاری/٢٠١٩ بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسان و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و مەرجەعی باڵای شیعە، ئایەتوڵڵا سیستانی، کۆ بووەوە. ئەمەیش بە یەکەمین دیداری ناوبراو لە پاش هاتنەسەرکاری لە ساڵی ٢٠١٣ دادەنرێ. خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە، کە ئەم دیدارە لە دۆخێکدا ئەنجام دەدرێت کە ئێران کەوتۆتە بەر سزاکانی ئەمریکا و، چاودێران ئەم سەردانەی ڕۆحانی بۆ سووڕانەوە لە سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا و دۆزینەوەی دەرفەتی نوێی ئابووری بۆ ئێران دەزانن. لە هەمان کاتدا لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە، ئێرانییەکان ئەم سەردانە وەک جۆرێک لە نمایشی دەسەڵات و دەستڕۆییی خۆیان بەرامبەر بە ئەمریکا پیشان دەدەن.

بەرپرسانی عێراق بە هەستکردن بە هەستیاریی دۆخەکە و نیگەرانییەکانی ئەمریکا لەم سەردانە، هەوڵ دەدەن جۆرێک لە هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران و ئەمریکا ڕابگرن و بە جۆرێک هەنگاو بنێن کە عێراق نەبێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێکانی نێوان ئێران و ئەمریکا.  

ئالنگارییەکانی بەردەم پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق

بەگشتی دەتوانین بڵێین کە ناوەڕۆکی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق، کاریگەرە بە کۆمەڵێک فاکتەری نزیککەرەوە و دوورخەرەوە. فاکتەرە دوورخەرەوەکان بریتین لە گوشارەکانی وڵاتانی عەرەبی، تورکیا، ئەمریکا و ئیسڕائیل و هێزە ناسیۆنالیستە عەرەبییەکانی ناوخۆی عێراق بۆ دوورکەوتنەوە لە ئێران، کێشە سنووری و ئاوییەکان، دژواربوونی دەستڕاگەیشتنی عێراق بە دەریا و ململانێی هەرێمیی نێوان هەر دوو وڵات. فاکتەرە نزیککەرەوەکان بریتین لە ئایینزای شیعە، پەیوەندییە فەرهەنگییە هاوبەشەکان، بەرژەوەندییە ئابووری و ئاسایشییەکان.

هەڵکەوتنی ئێران و عێراق لە ناوچەی هارتلەندی وزە و ناوچەی کەنداو، گرنگیی هەر دوو وڵاتی زیاتر کردووە. ئێران بە هۆی ئەوەی ژمارەی دانیشتووانی دوو هێنده‌ی عێراقە و پانتایییەکەی سێ هێندەی عێراقە و،  هێڵی کەنارەکانی ٥٦ جار لە عێراق زیاترە و بەسەر گەرووی هورموزدا زاڵە و سەرچاوەی هەموو ڕێڕەوە ئاوییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتە، هەر بۆیە بەرامبەر بە عێراق لە دۆخی باڵادەستیدایه‌. 

داهاتووی ستراتیژیی ئێران لە عێراق، لەژێر کاریگەریی هەندێک لە بگۆڕە ناوخۆیی و فاکتەرە دەرەکییەکاندایە. ستراتیژیی ئێرانی لە عێراق، کارلێکێکی زۆری لەگەڵ ستراتیژیی جیهانیی ئەمریکی هەیە، بەتایبەت کە ئەمڕۆ عێراق خاڵی بەیەکگەیشتنی هەر دوو پرۆژەی هەرێمیی ئێران و پرۆژەی جیهانیی ئەمریکایە. پرۆژەی ئەمریکی کە بە کەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ناسراوە، لە کەنداوەوە بۆ دەریای قەزوین درێژ دەبێتەوە و ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە چەسپاندنی هێژموونی ئەمریکا لە جیهان. سیاسەتی عێراقی سەبارەت بە ئێران، دەتوانێت بە دوو ئاراستەدا هەنگاو بنێت: یەکەم، بەردەوامیی دۆخی ئێستا و باڵادەستیی ئێران بەسەر زۆرینەی دامودەزگەکانی دەوڵەت لە عێراق و، دووەم بریتییە لە گەشەپێدانی دامودەزگەکانی عێراق و دروستکردنی جۆرێک لە هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و گرتنەبەری سیاسەتێکی هاوسەنگ لە پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی عێراق.

تێڕوانینی کلاسیکی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق، ئەم پەیوەندییانە لەسەر بنەمای تێڕوانینێکی ئاسایشی و هەڕەشەی بەرامبەر و بێمتمانەیی پێناسە دەکات. لەم ڕوانگەیەوە، عێراق ڕکابەرێکی ستراتیژی و هەڕەشەیەکی ستراتیژییە بۆ ئێران و بەم جۆرەیش دەمێنێتەوە. لە دیدگەی بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئێران، گۆڕینی عێراق بە دراوسێیەکی جێی متمانە، بەستراوەتەوە بە بوونی حکوومەتێکی هاوسەنگ لە بەغدا کە یەکەم، هەوڵ بدات چارەسەری گرفتەکانی نێوان هەر دوو وڵات بکات و، دووەم  ئاگاداری ڕۆڵی ئێران بێت لە هاوکێشە هەرێمییەکان و، سێیەم هەوڵ بدات کە پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی بەرامبەر و دراوسێتیی باش و ڕکابەریی سازێنەر و هاوکاری پێناسە بکاتەوە. کۆمەڵێک لە ئالنگارییەکانی بەردەم پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات بریتین لەم خاڵانەی خوارەوە:

١) ململانێی دەوڵەتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی لە عێراق: بە هۆی بۆشاییی ئاسایشیی پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس، عێراق بووەتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ پەرەپێدانی دەستڕۆیییان لەم وڵاتە، وەک: ئێران، عەرەبستان، تورکیا و ئەمریکا.

٢) بوونی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق: هاتنی هێزە ئەمریکییەکان پاش ساڵی ٢٠٠٣ و ئامادەیییان لە نزیک سنوورەکانی ئێران، جۆرێک لە مەترسیی ئاسایشی بۆ ئێران دروست دەکات و دەبێتە هۆی نیگەرانیی ئاسایشی بۆ ئەم وڵاتە؛ جگە لەمەیش بوونی ئەمریکییەکان لە عێراق خۆی لە خۆیدا بەربەستە لە بەردەم پەرەسەندنی دەستڕۆییی ئێران لەم وڵاتە و گرفت لە بەردەم پرۆژەکانی ئەو وڵاتەدا دروست دەکات.

٣) بوونی گرووپە توندڕەوەکان: پاش ساڵی ٢٠٠٣ و بە هۆی دروستبوونی بۆشاییی ئاسایشی لە عێراق، زەمینەیەکی لەبار بۆ گەشەکردنی گرووپە توندڕەوەکان لە عێراق هاتە ئاراوە و، بووە هۆی ئەوەی ئەم گرووپانە بتوانن بگەنە ئەڵقەی یەکەمی جوگرافیای سیاسیی ئێران، کە ئەمەیش دەتوانێ دەرەنجامی نەرێنیی بۆ ئێران بەدواوە بێت. تێڕوانینێکی خێرا بۆ ئەم وەرچەرخانانە پیشاندەری ئەوەیە، کە یەکێک لە گرنگترین  فاکتەرەکانی گۆڕانکاری لە هاوکێشەکانی دەسەڵات لە کۆمەڵەی ئاسایشیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانکارییە لە هاوکێشە ئایدیۆلۆژییەکان.

٤) گرووپە ناسیۆنالیستە عەرەبەکان: ناسیۆنالیزمی عەرەبی کە بە درێژاییی نۆ دەیەی ڕابردوو لە عێراق هەمیشە فاکتەرێکی کێشەساز بووە بۆ ئێران، چ لە دژایەتیکردنی ئێران وەک دەوڵەتێکی نادۆست و چ لە ختۆکەدانی عەرەبە ناسیۆنالیستە ئێرانییەکان، کە ئەمەیش هەموو کات بەربەست بووە لە بەردەم پرۆژەی پەرەسەندووخوازانەی ئێرانی، چ لەژێر پەردەی ناسیۆنالیزمی فارسی بێت و چ لەژێر ناوی ئایدیۆلۆژیی شیعە بێت. هەرچەندە ئەمڕۆ ئەو گرووپانە لە عێراقدا لە دەسەڵات نین، بەڵام هەوڵەکانیان بۆ دووبارە گەیشتنەوە بە دەسەڵات کۆتایی نەهاتووە.

ئەنجام

هەروەک بینیمان، مێژووی پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق مێژووێکی پڕ لە هەوراز و نشێو و ململانێ و تەنانەت جەنگیش بووە. هەر بۆیە، تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەم پەیوەندییە، ناسەقامگیرییە لە دۆخی پەیوەندییەکاندا. مێژووی پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق، کاریگەرە بە ململانێکانی شیعە-سوننە و عەرەب-فارس و ململانێ هەرێمییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە ناوچەی کەنداو و پاشان ململانێ لەسەر سنوورە هاوبەشەکان و، ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکانیش بوونە ڕەگەزێکی گرنگ لە دیاریکردنی ئاستی ئەم پەیوەندییانە. ئەمڕۆ ململانێی نێوان ئێران-ئەمریکایش بووەتە فاکتەرێکی دیار لە ڕەوتی پەیوەندییەکانی ئێران-عێراق. بە سەرنجدان لە مێژووی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات دەتوانین بڵێین، پاش ساڵی ٢٠٠٣ و باڵادەستیی هێز و لایەنە شیعەکان لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی عێراق، ئەم دوو وڵاتە لە قۆناغی زێڕینی پەیوەندییەکانی خۆیاندان، بەڵام ئەم پرۆسەیەیش بێ ئاستەنگ و گرێوگۆڵ نییە. هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت هەندێ هێز و لایەنی ناوخۆییی عێراقیش، هەوڵ دەدەن ئاستەنگ لە بەردەم ئەم پەیوەندییانەدا دروست بکەن. هاوسەنگی لە نێوان فاکتەرە نزیککەرەوەکانی هەر دوو وڵات و فاکتەرە دوورخەرەوەکان و ئالنگارییەکان، ئاییندەی ئەم پەیوەندییانە دیاری دەکەن. بە هۆی جیاوازیی پێکهاتەی دەسەڵات لە ئێران و عێراق لە ڕووی سیاسی، ئابووری، ئایینی و فەرهەنگی و ناوەڕۆکی پەیوەندییە ڕوو لە گۆڕانەکانی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە، هەمیشە پوتانسیه‌لی ململانێ لە نێوان هەر دوو وڵات لە ئارادایە. ئەم پەیوەندییانە کاتێک دەتوانێ هاوسەنگیی خۆی بەدەست بهێنێت، کە هەر دوو وڵات هەست بکەن کە هیچ کامیان هەڕەشە نین لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ئەوی تریان.