تاوانی ئەنفال لەبەر ڕۆشناییی یاسای نێودەوڵەتیی گشتیدا (بەشی یەکەم)

ئازاد وەڵەدبەگی، ماستەر لە یاسای گشتی

پێشەکی

تاوانی ئەنفال، یەکێکە لە قێزەونترین و نامرۆڤانەترین تاوانەکانی ڕژێمی بەعس کە وەک تیرۆریزمی دەوڵەت لە مێژووی هاوچەرخ دژ بە نەتەوەیەکی ستەمدیدە لە ساڵی ١٩٨٨ ئەنجامی داوە. ڕژێمی بەعس، بۆ پێدانی ڕوخسار و پاساوێکی ئایینی، ناوی "سوورەتی ئەنفال"ی لەسەر ئەم ئۆپەراسیۆنە دانا و ئامانج لەم ناولێنانەیش بەخشینی جۆرێک لە پیرۆزی بووە بەم جەنگە، کە بە دڕندانەترین شێوە لە بەرامبەر بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەنجام درا. ئەم پرۆسە تاوانکارییە لە هەشت قۆناغ لە چەندین ناوچەی جیاوازی کوردستانی باشوور ڕووی داوە، کە تێیدا دەیان هەزار کەس لە دانیشتووانی سڤیل و بێتاوان بوونە قوربانی، کە تاکوو ئێستا نە حکوومەتی هەرێم و نە حکوومەتی عێراق نەیانتوانیوە وەک پێویست ئەرکی سەرشانی خۆیان جێبەجێ بکەن بەرامبەر بە قوربانیان و پاشماوەکانی ئەم کارەساتە و، برینەکانی هەر بە ساڕێژنەکراوی ماوەتەوە.

تێگەیشتنی باشتر لە تاوانی ئەنفال پێویستی بە زانینی وردی ڕەوتی مێژووییی ڕووداوەکان و دۆخی پەیوەندییەکانی ئەوکاتی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و ڕژێمی عێراق هەیە. تایبەتمەندیی دیاری ئەم تاوانانە ئەوەیە، کە بەرپرسانی هەرە باڵای ڕژێمی ئەوسای عێراق لە نێوان ساڵانی ١٩٨٧-١٩٨٨ دەستیان لەم تاوانەدا هەبووە. هەروا ڕەهەندەکانی ئەم تاوانە ئەوەندە بەرفراوان بوو، کە حکوومەتی عێراق هەموو توانا و ئیمکانیاتی سەربازی، پۆلیس، ئاسایش و کارگێڕیی خۆی خستە خزمەت جێبەجێکردنی ئەم تاوانە، بۆ ئەوەی شوێنەواری ژیان لە هەموو ئەو ناوچانە لەناو ببات کە کەوتبوونە بەر ئەم شاڵاوە.

د. کەنداڵ نه‌زان لە وتارێکدا دەربارەی شاڵاوەکانی ئەنفال دەنووسێت: "لەم ڕووداوەدا بنیاتەکانی ژیان لە کوردستانی عێراق سەرەوژێر بوون. پاش ئەم هیستریا شێتانەیە کە بە جینۆسایدی کوردەکان کۆتایی هات، %٩٠ گوندەکانی کوردستان و پتر لە %٢٠ شار و شارۆچکەکانی کوردستان لەسەر نەخشە سڕانەوە. گوندەکان پتر لە ١٥ ملیۆن مینیان لێ چاندرا. نزیکەی ١.٥ ملیۆن کورد لە گوندەکان بۆ کەمپە زۆرەملێیەکان ڕاگوازران و نزیکەی %١٠ دانیشتووانی کوردی کوردستانی عێراق قەڵاچۆ کران."

هەروا بەپێی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ دەربارەی عێراق، لە درێژەی شاڵاوەکانی ئەنفال و پاش و پێش ئەم شاڵاوانەیش ٣٨٣٩ گوند و شارۆچکە، ١٧٥٧ قوتابخانە، ٢٤٥٧ مزگەوت و پەرستگە و ٢٧١ نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی کاوڵ کران و لەناو بران و ٢١٩٨٢٨ خیزان ڕاگوازران.

تاوانی ئەنفال، بێ گومان دەچێتە خانەی جینۆسایدی نەتەوەی کورد کە وەک پەڵەیەکی ڕەش بۆ هەمیشە بە ناوچاوانی حکوومەتی عێراق دەمێنێتەوە. لەم زنجیرە وتارەدا، هەوڵ دەدەین ڕۆشنایی بخەینە سەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەم تاوانە، لەبەر ڕۆشناییی ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتیی گشتی.

چەمکی ئەنفال

لە ڕووە ئایینیەکەیەوە، ئەنفال ناوی سوورەتی هەشتەمی قورئانە کە سەبارەت بە جەنگی بەدر دابەزیوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی غەنیمە (دەستکەوت) لە نێوان جەنگاوەرانی موسوڵمان و، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو دەستکەوتانە هی خودا و پێغەمبەرن و با جەنگاوەرانی موسوڵمان بەیەکسانی لە نێوان خۆیاندا دابەشی بکەن. تەرخانکردنی سوورەتێک بۆ ئەم بابەتە نیشانەی ئەوەیە، کە غەنیمە لەو سەردەمەدا گرنگیی خۆی هەبووە. زیاتر لە خوێندنەوەیەک لە زەینییەتی بەعسییەکاندا هەیە بۆ چەمکی ئەنفال و ئەم بابەتە ڕەهەندی هزری، ئابووری، سیاسی، کەلتووری، ژینگەیی و کۆمەڵایەتیی هەیە. ئەنفال وشەیەکی عەرەبییە، کە کۆی وشەی "نفل"ە و بە واتای دەستکەوت و غەنیمە یا تاڵانی دێت و دوو لێکدانەوەی بۆ دەکرێت بەم جۆرەی خوارەوە:

١) لە ڕووی زمانەوانییەوە: بە واتای غەنیمە و دەستکەوت دێت و لە پێش هاتنی ئایینی ئیسلام، عەرەبەکان وشەی ئەنفالیان بە واتای دەستکەوت و تاڵانی جەنگ بەکار هێناوە.

٢) لە ڕووی زاراوەیییەوە: ئەنفال واتای زیادەی دەستکەوت دەگەیەنێت؛ واتە ئەو دەستکەوت و ماڵ و سامانەی کە بە هۆی جەنگەوە بەدەست دێت. پێش ئایینی ئیسلام ئەنفال جگە لە سامان و ماڵ و چەک و دارایی، ئافرەتیشی دەگرتەوە.

ئەنفال بریتییە لەو ئۆپەراسیۆنەی کە دژی موشریک و بێباوەڕان ئەنجام دراوە، هەر بۆیە ناولێنانی ئەم ئۆپەراسیۆنە دژ بە نەتەوەیەک کە زۆرینەی موسوڵمانە، جێی پرسیار و هەڵوەستەلەسەرکردنە؛ چونکە سوورەتی ئەنفال باس لە جەنگ و جیهاد دەکات دژ بە موشریک و بێباوەڕان.

بەم جۆرە دەردەکەوێت، ئەنفال بریتییە لە بەخشینی ماڵ و سامانی کۆکراوەی جەنگ بە هەندێک لە سەربازان و جەنگاوەران کە دیل و دەستگیرکراوانیشی دەگرتەوە، بەڵام ئەوەی ڕژێمی بەعس لەژێر ناوی ئەنفال ئەنجامی دا، بریتی بوو لە کوشتن و لەناوبردن و بێسەروشوێنکردنی نەتەوەیەک بە جەستە و کەلتوورەکەیەوە؛ لە پاڵ ئەمەیشدا بە تاڵانبردنی ماڵ و سامانی ئەو نەتەوەیە و بەسووتماککردنی خاک و ژینگەکەیشی دەگرتەوە. هەروەک دەزانین ئایدیۆلۆژیی بەعس بۆ خۆی ئایدیۆلۆژییەکی نائایینی و سیکۆلار بووە، بەڵام لێرەدا بۆ ڕەوایەتیدان بە کردارە دڕندانە و نامرۆڤانەکەی خۆی، دەیەوێت لەژێر پەردەی ئایین تاوانەکەی خۆی پەردەپۆش بکات و، لانی کەم لە بەردەم کۆمەڵگە ئیسلامییەکان وای پیشان بدات کە گەلی کورد لە ئایین هەڵگەڕاونەتەوە و ئەمانیش ئەرکی سەرشانیانە لەناوی ببەن. 

قۆناغەکانی تاوانی ئەنفال لە کوردستانی باشوور

تاوانی ئەنفال، یەکێکە لەو تاوانە گەورانەی کە ڕژێمی عێراق بەپێی نەخشە و پلانێکی تۆکمە بە هەشت قۆناغ لە ساڵی ١٩٨٨ لە بەشێکی زۆری ناوچە جیاوازەکانی کوردستانی باشوور جێبەجێی کردووە. هەندێک لە توێژەران وەک د. جەبار قادر بۆ ئەم تاوانە، پرۆسەکانی ئەنفالی بەکار هێناوە، ئەویش بە هۆی ئەوەی کە ئەم تاوانە بە چەندین قۆناغی زەمەنیی جیاواز و لە چەندین ناوچەی جیاوازی کوردستان ئەنجام دراون، کە لێرەدا بەکورتی ئەو قۆناغانە دەخەینە ڕوو:

١) ئەنفالی یەکەم لە ٢٣/٢-١٩/٣/١٩٨٨ ناوچەی سەرگەڵوو و بەرگەڵوو: لەو سەردەمەدا، بارەگای سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ناوچەی دۆڵی جافایەتی، سەرگەڵوو، بەرگەڵوو، یاخسەمەر و هەڵەدن و... بوو و، خەڵکێکی زۆری سڤیلیش لە گوندەکانی ئەو ناوچەیە دەژیان و ناوچەکە ١٥٠ گوندی لەخۆ دەگرت. لە شەوی ٢٣/شوبات هێزەکانی ڕژێمی عێراق هێرشێکی بەربڵاویان بۆ ناوچەکە دەست پێ کرد و هێزەکانی پێشمەرگەیش نزیکەی ٣ هەفتە بەرگرییان کرد و ٢٥٠ کەس لەم هێرشانەدا شەهید بوون و پاشان خەڵکی سڤیل بەرەو سنوورەکانی ئێران بەڕێ کەوتن. لە مانگی نیسان ژمارەیەک لە پەناخوازان لە نزیک سنوورەکانی ئێران دەستگیر کران و، ژمارەیەک لەو خەڵکانەیش کە پاش لێبووردنی گشتیی ڕژێم گەڕابوونەوە دەستگیر کران و ڕەوانەی کوشتارگەکانی باشووری عێراق کران. هێزەکانی عێراق، بە سەرکردایەتیی سوڵتان هاشم ئەحمەد ئەم تاوانەیان ئەنجام داوە و ئەمەیش لە لایەن دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق پشتڕاست کراوەتەوە.

٢) ئەنفالی دووەم لە ٢٢/٣-١/٤/١٩٨٨ ناوچەی قەرەداغ: لە ٢٢ی ئازار هێزەکانی ڕژێم هێرشەکانی خۆیان بۆ گوندەکانی تەکیە و بەڵەکجاڕ و سەیوسێنان لە ناوچەی قەرەداغ دەست پێ کرد و، خەڵکی ناوچەکە بە پیادە بەرەو شاخەکانی دەوروبەر هەڵهاتن کە لە ڕێڕەوی هەڵاتنی خەڵک بەرەو سلێمانی و کۆمەڵگەکانی نەسر و زەڕایەن و شاخی زەردە و ناوچەی گەرمیان، بەشێکی زۆری ئەو خەڵکە لە لایەن هێزەکانی ڕژێم و جاشەکان دەستگیر کران و لەوێوە بەرەو کەمپی دوبز و پاشان باشووری عێراق گوازرانەوە. لەم هێرشەدا، هەموو گوندەکانی ناوچەی قەرەداغ لەگەڵ خاک یەکسان کران. ئەم شاڵاوە بە سەرکردایەتیی لیوا ڕوکن ئەیاد خەلیل زەکی، سەرۆکی فەیلەقی دوو ناسراو بە هێزەکانی یەرمووک، ئەنجام دراوە.

٣) ئەنفالی سێیەم لە ٧/٤-٢٠/٤/١٩٨٨ ناوچەی گەرمیان: ئەو بەشە لە خەڵک و هێزی پێشمەرگە کە بەرەو ناوچەی گەرمیان بەڕێ کەوتبوون، لە هەفتەی دووەمی مانگی نیسان لە هەشت لاوە کەوتنە بەر هێرشی سوپای عێراق و خەڵکیان ئابڵووقە دا و گوندەکانی ناوچەکەیان کاوڵ کرد. ئەم قۆناغەی ئەنفال، ناوچەکانی خورماتوو، قادرکەرەم، سەنگاو، دەربەندیخان و چەمچەمالی گرتەوە و بەپێچەوانەی دوو قۆناغەکەی دیکەی ئەنفال کە ئامانجی سەرەکی هێزی پێشمەرگە بوو، ئەم جارە خەڵکی سڤیل، پتر بوونە ئامانجی هێرشەکە. هێزە عێراقییەکان، هەرچی خەڵکی سڤیل دەکەوتە بەردەستیان دەیانگواستەوە بۆ کەمپەکانی تۆپزاوا، تکریت و نوگرەسەلمان و ناوچەکەیان بەتەواوی لە دانیشتووانەکەی چۆڵ کرد و هەموو گوندەکانیان تەخت کرد. لە ئەنجامی ڕەفتاری دڕندانەی سەربازانی عێراقی و جاشەکان، بە دەیان کەس لە تاو برسێتی و ئازار و ئەشکەنجە شەهید بوون و هەزاران کەس بۆ کەمپە زۆرەملێیەکان گواسترانەوە. ئەم قۆناغەی ئەنفال بە سەختترین و دڕندانەترین قۆناغی ئەنفال دادەنرێت، کە زۆرترین خەڵکی تێدا بێسەروشوێن کرا و لە ڕووی جوگرافییشەوە بەربڵاوترین ناوچەی گرتەوە و، زیاترین گوندی تێدا ڕووخێندرا و زیاترین سامانی هاووڵاتیان تێیدا بەتاڵان برا.

٤) ئەنفالی چوارەم لە ٣/٥-٨/٥/١٩٨٨ دۆڵی زێ: ئەو بەشە لە خەڵک و هێزی پێشمەرگە کە لە دەست هێزەکانی ڕژێم قوتاریان ببوو، بەرەو کەنارەکانی ڕووباری زێی بچووک لە جووڵەدا بوون و هێزەکانی ڕژێم لە ناوچەکانی گۆگتەپە، چەمچەماڵ، ئاغجەلەر، تەقتەق، کۆیە، خەلەکان، دووکان، تیلەکۆ و عەسکەر هێرشیان کردنە سەر و بە فڕۆکەیش بۆمبی کیمیایییان بەسەر ناوچەکەدا باراند و، پاشان ڕژێم لێبووردنێکی گشتیی درۆینەکەیان ڕاگەیاند و بە فریواندنی خەڵک توانییان کەسانێکی زۆر دەستگیر بکەن، کە پاشان ژنان و پیاوانیان لێکجیا کردەوە و بەرەو کەمپەکانی هەرمۆتە و تەقتەق گواستیانەوە. لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا پتر لە سێسەد کەس بوونە قوربانی و شەهید بوون.  

٥) ئەنفالی پێنجەم و شەشەم و حەوتەم لە ١٥/٥- ٢٦/٨/١٩٨٨ ناوچەکانی شەقڵاوە و ڕواندز: ئەم قۆناغەی ئەنفال لە ناوچەکانی شەقڵاوە، ڕواندز، هیران، نازەنین، بالیسان، سماقووڵی، چوارقوڕنە، ڕانیە، چیای قەندیل، چیای باواجی، دیبەگە و پردێ جێبەجێ کرا. هێزەکانی ڕژێم بۆ خۆیان وشەی پاکسازی (تطهیر)یان بۆ کردارەکانی کاوڵکردن و سووتاندن و کۆمەڵکوژی بەکار دەهێنا و، عەلی حەسەن مەجید پێداگریی لەسەر بەکارهێنانی بەربڵاوی چەکی کیمیاییی دەکردەوە دژ بە هاووڵاتیانی کورد. ئەو خەڵکانەی کە لەم ناوچانەدا دەستگیر دەکران بەرەو کەمپەکانی تۆپزاوا، تکریت، دوبز، نوگرەسەلمان، قەڵای دهۆک و سەلامیە دەگوازرانەوە. ئەم کەمپانە کەمترین پێداویستییەکانی ژیانیان تێدا نەبوو و ژمارەیەکی زۆری خەڵک بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لە پیر و منداڵ و ئافرەت لەم کەمپانەدا جێگیر دەکران و کەمترین بنەما مرۆیییەکانی تێیدا ڕەچاو نەدەکرا.

٦) ئەنفالی هەشتەم لە ٢٥/٨-٦/٩/١٩٨٨ لە ناوچەی بادینان: ڕۆژی ٢٦/ئاب/١٩٨٨ هێزەکانی عێراق لە ناوچەی زیرەشکان چەکی کیمیایییان بەسەر بارەگای پێشمەرگەکانی پارتیدا باراند و، ڕۆژی دواتر هێرشی بەربڵاوی فڕۆکەکانی سوپای عێراق بۆ ناوچەکە بەردەوام بوو و چەکی کیمیایییان بەسەر خەڵکیشدا باراند. هێرشەکان بۆ ناوچەی بادینان، کانی ماسی، بێگۆڤا، مانگیش، تووکا، بیرجینی، تلاکرۆ، بەکرەقەرە، ورمیلی، بلیجان، ڕۆسی، شاخی گارە، بالووکە و... گرتەوە. بە هۆی ئەم هێرشانە ٤٣٠٠ کەس کە هەوڵیان دابوو بەرەو تورکیا هەڵبێن شەهید کران و، ژمارەیەکی زۆری خەڵکیش کە بە سێزدە هەزار کەس مەزەندە دەکران نەیانتوانی بگەنە سنوورەکانی تورکیا و لە لایەن ڕژێمەوە دەستگیر کران و بۆ قەڵای دهۆک گواسترانەوە و لەوێیشەوە بۆ کەمپەکانی باشووری عێراق ڕاگوازران و پاشان بێسەروشوێن کران. فەیلەقی پێنج بە سەرکردایەتیی فەریق ڕوکن یوونس زەرب سەرپەرشتیی ئەم شاڵاوەی لە ئەستۆ بوو.  

دوای شاڵاوەکانی ئەنفال، یەکەم کەس کە بە شێوەیەکی جددی و ئاکادیمی تاوانی ئەنفالی بە جینۆسایدی گەلی کورد لە قەڵەم دا، نووسەری عێراقی کەنعان مەکیە بوو، کە لە ساڵی ١٩٩٢ و لە گۆڤاری harpar ئەم بابەتەی باس کرد و تێیدا دەڵێت: "ئەنفال کردەوەیەکی سیستماتیککراو بوو کە لە لایەن ڕژێمی عێراقەوە بەرامبەر بە کورد کرا."

هەر هەشت قۆناغەکەی تاوانی ئەنفال لە لایەن دادگەی باڵای تاوانی عێراق بە تاوانی جەنگ، تاوانی دژەمرۆیی و جینۆساید ناسراون. هەروا سەبارەت بە هەر هەشت قۆناغەكەى شاڵاوەكانى ئەنفال، لە ڕاپۆرتێكى دیکەی شارەزايانى نێودەوڵەتيدا هاتووە: "٢٤٥١ گوند ڕووخێنراون و لە سەرزەوى سڕاونەتەوە، نزيكەى ١٣٤٤ قوتابخانە تێك دراون و ڕووخێنراون، ٢٠٢٧ مزگەوت تێك دراون و ڕووخێنراون، ١٨٢ هەزار هاووڵاتى كوژراون يان لەسێدارە دراون يان بێسەروشوێن كراون، سەدان خێزان ئاوارەى توركيا و ئێران بوون، دەست بەسەر هەموو سەروەت و سامانى هاووڵاتيان بەتايبەت بەرهەمە كشتوكاڵییەكانياندا گيراوە و، ژينگەى سروشتییان وێران کراوە و ڕەز و باخەكانيان سووتێنراوە و، دەست گیراوە بەسەر تەواوى سامانى ئاژەڵى هاووڵاتياندا و، سياسەتى سووتاندنى خاك، مينڕێژكردنى ناوچەكان بەکار هێنراوە بۆ ئەوەى ڕێگری لە گەڕانەوەی هاووڵاتیان بكرێت.

لەم شاڵاوانەدا، چەندین جۆر تاوانی جۆراوجۆر ئەنجام دراون کە سەلمێنەری ئەوەن کە ئەم تاوانە دەچێتە خانەی جینۆساید، کە لە بڕیارەکانی دادگەی تایبەت بە ئەنفال پشتی پێ بەستراوە وەک: كوشتنى بەكۆمەڵ، ڕاگواستن، برسيكردن، تينووكردن، زيندانيكردن، تۆقاندن، ئازارى دەروونى و جەستەيى، جياكردنەوەى پیاو لە ژن لە یەکتر و ڕێگریکردن لە نزيكبوونەوە و مومارەسەى سێكسى لە نێوانیاندا. هەروا بۆ پشتڕاستكردنەوەى تاوانى دژەمرۆیى، پشت بە بەڵگەى كوشتن بەبێ هۆ و بەبێ دادگەییکردن، گواستنەوەى بەزۆرەملێ، زيندانیكردن و بێبەشكردن، ئەشكەنجەدان، دەستدرێژيكردنە سەر ئافرەتان، چەوساندنەوە، بێسەروشوێنكردنى بەزۆر بەستراوە. جگە لەمەیش بۆ سەلماندنى ئەنجامدانى تاوانى جەنگ، پشت بە بەڵگەى هێرش و پەلامار بۆ سەر گوندەكان و تێكدانیان، ڕووخاندن و تێكدانى قوتابخانە و شوێنە ئايینيەكان، دەركردنى بڕياری ڕاگواستنى گوندنشينەكان بەستراوە. 
هەروا ئەگەر سەیری ماوەی شاڵاوەکانی ئەنفال بکەین، دەبینین کە لە ماوەی ٢٣/٢/١٩٨٨ هەتا ٢٦/٨/١٩٨٨ و بەپێی پلانێکی تۆکمەی پیشوەخت ئەنجام دراوە و لە لایەن حکوومەتی ئەوسای عێراقەوە ئامادەکاریی باشی بۆ کردووە.