تاوانی ئەنفال لەبەر ڕۆشناییی یاسای نێودەوڵەتیی گشتیدا (بەشی دووەم)

ئازاد وەڵەدبەگی، ماستەر لە یاسای گشتی

چەمک و پێناسەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان

لەم بەشەدا هەوڵ دەدەین باس لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان بکەین، کە لە یاسای نێودەوڵەتیدا هاتوون و پاشان نموونەکانی ئەو تاوانانە بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی و پشتئەستوور بە بڕیاری دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق سەبارەت بە کەیسی ئەنفال دەخەینە ڕوو، چونکە لە بڕیاری دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق تایبەت بە کەیسی ئەنفال، ئاماژە بە هەر سێ جۆری تاوانەکانی جەنگ، تاوانی دژەمرۆیی و تاوانی جینۆساید کراوە و بەرپرسانی باڵای ڕژێمی بەعس لە کەیسی ئەنفال لەسەر هەر سێ تاوانەکە ئیدانە کراون و حوکم دراون.

تاوانی نێودەوڵەتی، بریتییە لەو کردارەی کە پێشێلکردنی ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتی بێت، بە جۆرێک کە زیان بەو بەرژەوەندییانە بگەیەنێت کە ئەم یاسایە دەیپارێزێت و سیفەتی تاوان بدرێتە پاڵی و، ئەنجامدەرانی شایانی سزا بن. تاوانە نێودەوڵەتییەکان بەو جۆرەی کە لە پەیڕەوی دادگەی نێودەوڵەتیی تاواندا (ICC) هاتووە چوار تاوانە، کە بریتین لە: تاوانەکانی جەنگ، تاوانی دژەمرۆیی، تاوانی جینۆساید و تاوانی دوژمنکاری. پێناسەکردنی ئەمەی چوارەمیان مشتومڕێکی زۆری لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لێ کەوتۆتەوە و لە دەقی پەیڕەوەکەیشدا هێشتا پێناسەی بۆ نەکراوە و بۆ داهاتوو بەجێ هێڵراوە، هەر بۆیە ئێمەیش خۆ لە باسکردنی دەبوێرین و ئاماژە بە سێ تاوانەکەی تر دەکەین:

١) تاوانەکانی جەنگ: لە سەردەمە کۆنەکان و هەتا کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدەیەم جەنگ لە دەرەوەی بازنەی یاساوە بوو، بە جۆرێک کە هیچ یاسا و ڕێسایەک نەبوو کە هەڵسوکەوت و ڕەفتاری جەنگاوەران ڕێک بخات. بۆیە، جەنگەکانی ئەو سەردەمە بەوپەڕی هۆڤیگەری و بە دڕندانەترین شێواز ئەنجام دەدران و هەموو ڕێگەیەک بۆ ملکەچپێکردنی دوژمن دەگیرایە بەر. لە سەرەتای نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕێکخستنی یاسای جەنگ سەری هەڵدا و، ئەم هەوڵانە هەتا ئێستایش بۆ گەشەپێدان و هەموارکردنی یاساکانی تایبەت بە جەنگ بەردەوامە.

یەکەم هەوڵ بە گرێدانی ڕێککەوتننامەی جنێڤ لە ساڵی ١٨٦٤ بۆ باشترکردنی دۆخی بریندار و نەخۆشەکانی گۆڕەپانی جەنگ هاتە ئاراوە؛ پاشان ڕێککەوتنەکانی لاهای یەکەم لە ١٨٩٩ و لاهای دووەم لە ١٩٠٧ گرێ دران و ئه‌وجا چوار ڕێککەوتنەکەی جنێڤ لە ١٩٤٩ گرێ دران کە بریتین لە: یەکەم/ تایبەتە بە پاراستنی بریندار و نەخۆشەکانی هێزە چەکدارەکان لە گۆڕەپانی جەنگ، دووەم/ باشترکردنی دۆخی بریندار و نەخۆشەکان و خنکاوەکانی هێزە چەکدارەکان لە دەریاکان، سێیەم/ دەربارەی چۆنێتیی مامەڵەکردنە لەگەڵ دیلەکانی جەنگ و چوارەم و کۆتایی، تایبەتە بە کەسانی سڤیل لە کاتی جەنگدا.

سەبارەت بە پێناسەی تاوانەکانی جەنگ، یاسازان "دی فابر" بەم جۆرە پێناسەی دەکات: "ئەو تاوانانەی کە دژ بە یاسا و نەریتەکانی جەنگ ئەنجام دەدرێن." هەروا لە پەیڕەوی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی تایبەت بە ڕواندا هاتووە: "بیرۆکەی تاوانەکانی جەنگ بەرفراوانە، بە جۆرێک کە هەموو پێشێلکارییەکی ترسناک بۆ ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆڤدۆستانە لەخۆ دەگرێت، کە دەبێتە هۆی بەرپرسیارێتیی سزایی بۆ ئەنجامدەرانی بەبێ لەبەرچاوگرتنی سروشتی جەنگەکە، کە نێودەوڵەتی بێت یان نانێودەوڵەتی." هەروا هەمان پێناسە لە لایەن دادگەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە یۆگسلاڤیا لە کێشەی تادیک (TADIC) خراوەتە ڕوو و، لە بەندی هەشتەمی پەیڕەوی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوانیشدا هاتووە. هەروا ئەو بابەتانەی کە لە ڕێککەوتننامەی جنێڤی ساڵی ١٩٤٩ وەک تاوانەکانی جەنگ باس کراون، لە بەندی (٨)ی پەیڕەوی دادگەی نێودەوڵەتی تاوان و بەندی (١٣)ی دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراقیشدا ڕەنگیان داوەتەوە.

تاوانەکانی جەنگ، یەکێکە لەو چوار تاوانەی کە لە لایەن دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی بە تاوان دانراوە و، دەکرێ بەپێی ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتی بخرێتە بەردەم دادگە ناوخۆیی یان نێودەوڵەتییەکان و، ئەنجامدەرانی سزا بدرێن. ئەم تاوانانە، دەکرێت لە لایەن هێزە چەکدارەکان دژ بە هێزی چەکداری دوژمن یان کەسانی سڤیل (چ خودی یان دوژمن) ئەنجام بدرێن؛ هەروا دەکرێت کەسانی سڤیل ئەم تاوانە دژ بە کەسانی سەربازی یان سڤیلی دوژمنیش ئەنجام بدەن.  

ئەگەر ئەو تاوانانەی کە لە شاڵاوەکانی ئەنفال ئەنجام دراون لەگەڵ ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکانی جنێڤ و پەیڕەوی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان  بەراوردیان بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە تاوانەکانی جەنگ بەڕوونی لەم شاڵاوانەدا ئەنجام دراون. بۆ نموونە لە ئەنفالی یەک لە ناوچەی سەرگەڵوو و بەرگەڵوو، هاووڵاتیان لە کاتی نیوەشەو کە لەخەودا بوونە و هیچ دەرفەتێکیان بۆ بەرگریكردن لەخۆ نەبووە، کەوتوونەتە بەر هێرشی هێزە عێراقییەکان، کە ئەمەیش نیشانەی خووی دڕندانەی ئەو ڕژێمەیە. جگە لەمەیش بە مەبەستی دروستکردنی نائارامی و پشێوی لە ناوچەکە، حکوومەتی عێراق ده‌ستی كردووه‌ بە کۆچاندنی زۆرەملێی دانیشتووانی ناوچەکە. لە ئەنفالی دوو دژ بە دانیشتووانی ناوچەی قەردەاغ، گوندەکانی ناوچەکە لە لایەن هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە لەگەڵ خاک یەکسان کراون و، پاشان دوای هاووڵاتیان کەوتوون و لە ڕێڕەی هەڵاتندا هاووڵاتیان کەوتوونەتە بەر هێرشی هێزەکانی عێراقی، کە نموونەی ئەم تاوانانەیش لە تەیمووری ڕۆژهەڵات ڕوویان داوە. هەروا لە ئەنفالی سێ لە ناوچەی گەرمیان پاش کردارە سەربازییەکان، جیاکردنەوەی ڕەگەزیی هاووڵاتیانی دەستگیرکراو ئەنجام دراوە و ژنان بە زۆرەملێ بۆ شوێنیکی دیکە گواستراونەتەوە؛ نموونەی ئەم تاوانە لە هێرشی سربەکان بۆ سەر شاری "سرێبرێنیتسا"یش ئەنجام دراوە. ئەگەر ئەم حاڵەتانە لەگەڵ پێناسەی تاوانەکانی جەنگ لە یاسای نێودەوڵەتی بەراورد بکەین، دەگەینە ئەو ئەنجامە کە تاوانەکانی جەنگ لە شاڵاوەکانی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨ لە کوردستانی باشوور بەئاشکرایی ڕوویان داوە، کە ئەم ڕاستییەیش لە بڕیاری دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٧ بەڕوونی دانی پێدا نراوە. 

٢) تاوانە دژەمرۆیییەکان: ئەم تاوانە، لە چاو تاوانەکانی جەنگ چەمکێکی نوێباوە و واتا و پێناسەی جۆراجۆری لە لایەن شارەزایانی یاسایی و دادگە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆ کراوە، بەڵام ئەم چەمکەیش هەروەک چەمکەکانی دیکەی یاسای نێودەوڵەتی، چەندین قۆناغی گەشەکردنی بڕیوە هەتا گەیشتووەتە سەردەمی دانانی پەیڕەوی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان لە ساڵی ١٩٩٨، کە دەتوانین بڵێین لەم کاتەدا پێناسەیەکی تێر و تەواوی بۆ کراوە و لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدا نراوە. بەپێی بەندی (٧/ب ١) لە پەیڕەوی ئەم دادگەیە، تاوانی دژەمرۆیی بریتییە لە هەر یەک لەو کردارانەی خوارەوە کە لە چوارچێوەی هێرشێکی بەربڵاو و سیسته‌ماتیک دژ بە هەر کۆمەڵێک لە دانیشتووانی سڤیل ئەنجام دەدرێن: کوشتنی بەئەنقەست، لەناوبردن، بەکۆیلەکردن، دوورخستنەوەی دانیشتووان یان ڕاگواستنی زۆرەملێی دانیشتووان، بەندکردن یان بێبەشکردنی توند لە هەر جۆرە ئازادییەکی جەستەیی بە جۆرێک کە پێچەوانەی ڕێسا سەرەکییەکانی یاسای نێودەوڵەتی بێت، ئەشکەنجەدان، دەستدرێژی یان کۆیلایەتیی سێکسی و...، کە لە بەندی (٧)ی ئەم تاوانانە بەوردی باس کراون.

ئەم تاوانانە، بۆی هەیە لە لایەن بەرپرسانی پلە باڵای وڵات لە کاتی جەنگە نێودەوڵەتی یان ناوخۆیییەکان ئەنجام بدرێن. هەروا ئەم تاوانانە، بەو مەرجە بە تاوانی دژەمرۆیی لە قەڵەم دەدرێن، ئەگەر لە چوارچێوەی هێرشێکی بەربڵاو و سیسته‌ماتیک دژ بە کۆمەڵێک لە دانیشتووانی سڤیل و بە زانینەوە ئەنجام بدرێن. بەندی (٧) لە پەیڕەوی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان، هێرشی بەربڵاو و سیسته‌ماتیک لە کاتی جەنگ و ئاشتیدا دەگرێتەوە.

شیاوی باسە، ناوەڕۆکی بەندی (٧) لە پەیڕەوی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان دەقاودەق لە بەندی (١٢)ی یاسای دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق ڕەنگی داوەتەوە. ئەگەر سەرنجی ئەو تاوانانە بدەین کە وەک تاوانی دژەمرۆیی لە قەڵەم دەدرێن، بۆمان دەردەکەوێت کە بەشێکی زۆری ئەو تاوانانە وەک کوشتنی بەئەنقەست، ڕاگواستنی زۆرەملێی دانیشتووان، بەندکردن و بێبەشکردن لە هەر جۆرە ئازادییەکی جەستەیی، ئەشکەنجەدان، دەستدرێژیی سێکسی، بێسەروشوێنکردنی تاکەکان و...، دژ بە دانیشتووانی سڤیلی کوردستانی باشوور لە کاتی شاڵاوەکانی ئەنفال بە شێوەی بەربڵاو و سیسته‌ماتیک ئەنجام دراون، کە بەڵگەنامەکان و وتەی دادخوازان و شایەدەکان لە دادگەی ئەنفال ئەم ڕاستییانە دەسەلمێنن. هەر بۆیە، دەبینین دواجار دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق لە کەیسی ئەنفال، بەشێک لە بەرپرسان و تۆمەتبارانی کەیسی ئەنفال بە تاوانی دژەمرۆیی ئیدانە دەکات و حوکمیان دەدات.    

٣) تاوانی جینۆساید: جینۆساید تاوانێکی کۆن و چەمکێکی نوێیە. تاوانی جینۆساید، یەکێکە لە مەترسیدارترینی تاوانەکان کە هەڕەشە لە مرۆڤ و بەنرخترین مافی مرۆڤ دەکات کە مافی ژیانە؛ هەر بۆیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگییەکی زۆری بەم تاوانە داوە، بەتایبەت پاش جەنگی جیهانیی دووەم و، ئەم بابەتە ئیدی بە بابەتێکی ناوخۆیی سەیر ناکرێت کە دەوڵەتێک دژ بە گرووپ یان کەمینەیەک ئەنجامی دەدات، بەڵکوو پرسێکی نێودەوڵەتییە کە سەرجەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بایەخی پێ دەدات.

زاراوەی جینۆساید  (Genocide)تا بەر لە ساڵی ١٩٤٤ بەم ناو و واتایە بوونی نەبووە. لە ڕووی زمانەوانییەوە، لە دوو وشەی گریکی Genos بە واتای ڕەگەز و بنەچە و، وشەی لاتینی Caeder بە واتای کوشتن و فەوتاندن پێک هاتووە. بە لێکدانی هەر دوو وشەکە، Genocide بە واتای "فەوتاندنی بنەچە" دروست دەبێت. لەبەر ئەوەی ئەم تاوانە پێشێلکردنێکی بەربڵاو و ترسناکی مافی مرۆڤە و هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات، هەر بۆیە بە تاوانێکی دڕندانە و دژەمرۆڤانە لە قەڵەم دراوە. بۆ یەکەم جار، ڕافایل لیمکین لە ساڵی ١٩٤٤ پاش کوشتارگەکانی جەنگی جیهانیی دووەم ئەم زاراوەیەی بۆ ئاماژەکردن بە لەناوبردنی گرووپە ئایینی و نەتەوەیییەکان و ئەوانی تر بەکار هێنا. بەو حاڵەیش کاتێک کە دادگەی نۆرمبێرگ لە ٨/ئاب/١٩٤٥ پێک هات، لە پەیڕەوەکەیدا هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەم تاوانە نەکرابوو، بەڵام بۆ یەکەم جار لە بڕیارێکی دادگەی ناوبراو لە ٣٠/٩ و ١/١٠/١٩٤٦ ئاماژە بە لەناوبردنی گرووپەکان کرابوو. هەوڵەکانی لیمکین و پاڵپشتیی کاریگەری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و گوشاری میدیاکانی ئەو سەردەمە، وای کرد تا کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڕیاری ژمارە (٩٦) لە ١١/١٢/١٩٤٦ بە زۆرینەی دەنگ جەخت لەسەر گرنگیی ڕووبەڕووبوونەوەی جینۆساید بکاتەوە. پاش ئەم بڕیارە، کۆمەڵەی گشتی لە بڕیارێکی تردا داوای لە ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد تا ڕێککەوتنێک بۆ پێناسەکردنی جینۆساید و دادگەییکردنی ئەنجامدەرانی ڕێک بخات. ئەوە بوو کۆمیتەیەک بۆ ئەم مەبەستە لە لایەن ئەنجومەنی ناوبراو پێک هات و لیمکین بووە ئەندامی ئەم کۆمیتەیە و، پاشان ڕەشنووسی ئەم ڕێککەوتنە لە لایەن کۆمیتەکەوە ئامادە کرا و پێشکەش بە کۆمەڵەی گشتی کرا و، سەرەنجام لە ٩/١٢/١٩٤٨ ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی تاوانی جینۆساید و سزادانی ئەنجامدەرانی بە زۆرینەی دەنگ و بە هەندێک گۆڕانکاری لە لایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانه‌وه‌ پەسند کرا و ڕێککەوتنەکە لە ١٢/١/١٩٥١ەوە بەرکارە.

بەپێی بەندی (٢)ی ئەو ڕێککەوتنە، پێناسەی جینۆساید بریتییە لە هەر یەک لەم کردارانەی خوارەوە کە بە مەبەستی لەناوبردنی هەموو یان بەشێک لە گرووپێکی نەتەوەیی، ئیتنیکی، ڕەگەزی یان ئایینی ئەنجام بدرێت:

ئا) کوشتنی ئەندامانی ئەم گرووپە.

ب) پێگەیاندنی زیانی جەستەیی یان ڕۆحیی ترسناک بە ئەندامانی ئەم گرووپە.

ج) ملکەچکردنی بەئەنقەستی گرووپەکە لە دۆخێکی ژیانی وەها کە ببێتە هۆی لەنابردنی ماددیی هەموو یان بەشێک لەو گرووپە.

د) سەپاندنی ڕێوشوێنی وەها کە ببێتە هۆی ڕێگریکردن لە زاوزێ لەناو گرووپەکە.

ه) گواستنەوەی زۆرەملێی منداڵانی گرووپەکە بۆ ناو گرووپێکی تر.

جگە لەمەیش پێناسەی جینۆساید بەو جۆرەی کە لە ڕێککەوتننامەی ئاماژەپێکراودا هاتووە، لە بەندی (٢)ی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتیی ڕواندا و بەندی (٤) لە دادگەی تاوانی نێودەوڵەتیی یۆگسلاڤیا و بەندی (٤)ی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتیی ICC و بەندی (١١) لە یاسای دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق دەقاودەق جێگیر کراوە.

دەتوانین پێناسەی تاوانی جینۆساید لە دوو بەشی تاوانی فیزیکی و تاوانی بایۆلۆژی پۆلێن بکەین. کوشتنی ئەندامانی گرووپەکە، پێگەیاندنی زیانی جەستەیی یان ڕۆحیی ترسناک بە ئەندامانی ئەم گرووپە و ملکەچکردنی بەئەنقەستی گرووپەکە لە دۆخێکی ژیانی وەها کە ببێتە هۆی لەنابردنی ماددیی هەموو یان بەشێک لەو گرووپە، دەچێتە خانەی تاوانە فیزیکییەکان. هەروا سەپاندنی ڕێوشوێنێکی وەها کە ببێتە هۆی ڕێگریکردن لە زاوزێ لەناو گرووپەکە و، گواستنەوەی زۆرەملێی منداڵانی گرووپەکە بۆ ناو گرووپێکی تر، دەچێتە ڕیزی تاوانە بایۆلۆژییەکان. هەروا مەرج نییە لەناوبردنی هەموو یان بەشێک لەو گرووپە بەتەواوەتی بەدی بێت، بەڵکوو تەنیا دەستپێکردنی یەک لەو کردارانەی کە لە بەندی (٢)ی ڕێککەوتنەکەدا هاتووە، بەسە بۆ ئەوەی بە تاوانی جینۆساید لە قەڵەم بدرێت؛ جگە لەمەیش گرنگ نییە تاوانەکە لە کاتی جەنگدا بێت یان لە کاتی ئاشتی و، لە هەردوو حاڵەتەکە هەر بە جینۆساید دادەنرێت.

هەروەک دەزانین لە تاوانی جینۆساید، مەرجە دژ بە گرووپێکی نەتەوەیی، ئیتنیکی، ئایینی و ڕەگەزی ئەنجام بدرێت، کە بێ گومان کورد وەک گرووپێکی نەتەوەیی لە عێراق ئامانجی شاڵاوەکانی ئەنفال بوون. ئەگەر سەرنج بدەین لە پێناسەی تاوانی جینۆساید کوشتنی ئەندامانی گرووپەکە وەک یەکێک لە نموونەکانی جینۆساید لە قەڵەم دەدرێت، کە لە هەر هەشت قۆناغی ئەنفال بە دەیان هەزار ‌هاووڵاتیی گرووپی نەتەوەییی کورد کوژراون. هەروا بڕگەکانی (ب) و (ج) لە بەندی (٢)ی ڕێککەوتننامەکە، بەتەواوی لەسەر هەموو قۆناغەکانی تاوانی ئەنفالدا دەچەسپیت، کە بریتین لە پێگەیاندنی زیانی جەستەیی و ڕۆحیی ترسناک یان ملکەچکردنی بەئەنقەستی ئەو گرووپە لە دۆخێکی ژیانی وەها کە ببێتە هۆی لەناوچوونیان.

هەروا لە شاڵاوەکانی ئەنفال هەروەک لە بەڵگەنامەکان و وتەی دادخواز و شایەدەکان بەڕوونی دەردەکەوێت، ژنان و پیاوان لە یەکتر جیا دەکرانەوە، کە ئەمەیش بەکردەوە ڕێگریکردن بووە لە زاوزێی ئەندامانی ئەو گرووپە، کە ئەم حاڵەتەیش بڕگەی (د) لە بەندی (٢)ی ڕێککەوتننامەکەی لەسەر دەچەسپێت. سەبارەت بە بڕگەی (ه) لە هەمان بەند، گواستنەوەی زۆرەملێی منداڵانی گرووپەکە بۆ ناو گرووپەکانی دیکە، ئەمەیش بەڕوونی لە کاتی شاڵاوەکانی ئەنفال ڕووی داوە. هەر بۆیە، تاوانی جینۆساید بە هەموو ڕەهەند و بڕگەکانی پێناسەکەی بەو جۆرەی کە لە بەندی (٢)ی ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی تاوانی جینۆسایدی ساڵی ١٩٤٨ و، بەندی (٤)ی پەیڕەوی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی و بەندی (١١)ی یاسای دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراقدا هاتووە لە شاڵاوەکانی ئەنفال بەدی دەکرێت و، لەسەر ئەم بنەمایەیش بەرپرسانی ڕژێمی بەعس لە لایەن دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق بە تاوانی جینۆساید حوکم دران.