تورکیا لە نێوان بەرداشى ئەمریکا و ڕووسیا

بێستون عومەر نورى/ مامۆستا لە کۆلێژى زانستە سیاسییەکان/ زانکۆى سەڵاحەددین

دەسپێک

تورکیا دواى  2002  و هاتنەسەر دەسەڵاتى حزبی داد و گەشەپێدان، بە بەرنامەیەکى تۆکمە و ستراتیژییەتێکى باش توانییان وەرچەرخانێک لە تورکیا دروست بکەن لەسەر ئاستە جیاوازەکان، وەک: سیاسى – دیپلۆماسى، ئابوورى، ئاسایش – سەربازى، که‌لتوورى. ئەمە لەسەر ئاستى ناوخۆیى و، لەسەر ئاستى دەرەکییش بە هەمان شێوە، گۆڕانکارییان دروست کرد و بە شێوەیەکى قۆناغبەندی گەشەیان بە پرۆسەى سیاسى دا لە تورکیا و، توانییان تورکیا بە ئاراستەیەکى دروست ببەن؛ ئەمەیش بە هۆى ئەوەى پابەندبوون بە بەرنامەکەیان.

تێکۆشانى تورکیا بۆ بوون بە دەوڵەتى سەنتەر

دەوڵەتان لە ڕووى پێگە و هێز و دەسەڵاتەوە، دابەش دەبن بۆ سێ جۆر: یەکەمیان پێیان دەگوترێت دەوڵەتانى "پاشکۆ"؛ ئەم دەوڵەتانە تواناى پارێزگاریکردنیان نییە لە ئاسایشى نیشتمانیى خۆیان بەبێ پاڵپشتیى وڵاتانى بێگانە، هەروەها لەسەر ئاستى دەرەکى تواناى پاریزگاریکردنیان نییە لە بەرژەوەندییە زیندووەکانیان، بۆ نموونە وەک عێراق. دووەمیان پێیان دەگوترێت دەوڵەتى "سەنتەر"؛ بە شێوەیەک تواناى پاریزگاریکردنیان هەیە لە ئاسایشى نیشتمانیى خۆیان و جێبەجێکردن و پاراستنى بەرژەوەندییە زیندووەکانیان لەسەر ئاستى دەرەکى، بۆ نموونە ئەمریکا، بریتانیا و... . بەڵام جۆرى سێیەمیان ئەم دەوڵەتانە دەگرێتەوه‌ کە دەکەوێتە نێوان دەوڵەتى سەنتەر و دەوڵەتى پاشکۆ و، پێیان دەگوترێت "دەوڵەتى گوازراوە"، کە تواناى پاراستى ئاسایشى نیشتمانیى خۆیان هەیە لە ناوخۆدا بەڵام؛ ناتوانن پارێزگارى لە بەرژەوەندییە باڵاکانیان بکەن لەسەر ئاستى دەرەکى، بۆ نموونە ئێران، تورکیا.

لەم ڕوانگەیەوە، لەژێر تیۆریى "قووڵاییى ستراتیژى"ی "ئەحمەد داودئۆغلۆ" و پابەندبوونى تورکیا بە بنەماکانى ئەم تیۆرییە، وەرچەرخانێکى مێژووییى له‌و وڵاته‌ دروست بوو؛ بە شێوەیەک تورکیا چووە ناو قۆناغێکى جیاواز لە قۆناغەکانى پێشووترى، چونکە تورکیا هەوڵى ئەوەى دەدا ڕۆڵى هەرێمایەتى ببینێت و قۆناغى دوورەپەرێزى ببڕێت. بۆیە بانگەشەى ئەوەى دەکرد کە سەردەمى دوورەپەرێزى بەسەر چوو و ئیتر تورکیا دەوڵەتی جێبەجێکارى سیاسەتى هیچ وڵاتێک نییە و،  تواناى پاراستنى بەرژەوەندییەکانی خۆی هه‌یه‌  لەسەر ئاستى دەرەکى. ئەم هۆکارەیش بووە هۆى ئەوەى کە تورکیا پابەند نەبێت بە داواکارییەکانى ئەمریکا لە هەر یەکە لە جه‌نگى دژى عێراق 2003 و جه‌نگى دژى داعش لە ساڵى 2014. هەرچەندە دواجار ڕەزامەندى دەدات بەڵام لە سەرەتادا ڕەزامەندى ناداتە ئەمریکا؛ ئەگەرچى ئەندامێکى کارای هاوپەیمانیى ناتۆیە. ئامانجى تورکیا لەم جۆرە یاریکردنە، پێشاندانى ئەوە بوو کە تورکیا خاوەن دەسەڵات و سەروەریى خۆیەتى و پاشکۆى هیچ دەوڵەتێک نییە.

لەسەر ئەم بنەمایانە، تورکیا ڕۆڵى هەرێمایەتى زیاد دەکات و قۆناغبەندى بۆ پرۆسەى ڕۆڵگێڕانى هەرێمایەتیى خۆى دادەرێژێت و لە  قۆناغى دوورەپەرێزى دەردەچێت و، بە قۆناغى نێوەندگیرى  تێ دەپەڕێت و، دەچێتە ناو قۆناغی دەستێوەردان. ئەمەیش لە پێناو گەیشتنە بە دەوڵەتى "سەنتەر" و لەم ڕوانگەیەوە بانگەشەى چەمکێک دەکات بە ناوى "براگەورەیى". ئەمەیش بە ناوى ئەوەى کە خۆى براگەورایەتیى ناوچەکە دەکات و زیاتر بەرامبەر ئەو دەوڵەتانەى کە لە ڕووى که‌لتوور و زمانەوە لە تورکیا نزیکن؛ هەروەها هەوڵى پێکهینانى جیهانێکى ئیسلامیى سوننى دەدا لە بەرامبەر ئەو جیهانە ئیسلامییە شیعییەى کە ئێران بانگەشەى بۆ دەکات. بۆیە بۆ بەستنى ڕێکكەوتننایەک بە ناوى "شام جین" لە بوارى ئابووریدا، تێ دەکۆشێت.

تورکیا بە هەموو پێوەرکان تا ساڵى 2012 زیاتر خاوەنى "هێزێ نەرم" بوو، ئەمەیش بووە هۆکارى ئەوەى کە تورکیا پابەندى بنەماى "سفرکردنەوەى کێشەکان" بێت کە یەکێک بوو لە بنەماکانى سیاسەتى دەرەوەى تورکیا؛ بەڵام دواى 2012 ڕۆڵى تورکیا زیاتر بە ئاراستەى "هێزى ڕەق" دەچێت و کار لەسەر دەستێوەردان دەکات چونکە ڕۆڵى کەسایەتى لە سیاسەتى تورکیا زیاتر زەق دەبێتەوە. دەتوانین بڵێین ڕۆڵى "ئەردۆغان" بەتەواوى بەسەر سیاسەتى تورکیا لەسەر ئاستى نیوخۆیى و دەرەکیدا زل دەبێت. بۆیە تورکیا بە ئاراستەى گەڕانەوە دەچێت و  سیاسەتى نەمانى کێشە لەگەڵ وڵاتان کۆتایى پێ دێت، تا دەگاتە ئەو قۆناغەى هەموو میکانیزمێکى یاسایى و نایاسایى دەگرێتە بەر لە پێناو مانەوەى خودى خۆى لە دەسەڵات و، جێبەجێکردنى هزرەکانى لە سیاسەتى دەرەوە و ناوخۆدا؛ ئەمەیش تەنیا بۆ ئەوەیە کە بیسەلمێنێت تورکیا دەوڵەتى سەنتەرە.

پووکانەوەى ڕۆڵى تورکیا لە نێوان هێژموونى ڕووسیا و ئەمریکا

دواى هەموو هەوڵەکانى تورکیا بۆ گەیشتن بە قۆناغێک کە بریتییە لە "دەوڵەتى سەنتەر"، بەڵام تورکیا ڕوبەڕووى کێشەیەکى گەورە دەبێتەوە کە بریتییە لەوەى ناتوانێت سەربەخۆیانە سیاسەت بکات؛ ناتوانێت بەرژەوەندییە باڵاکانى لە دەرەوە بپارێزێت، بەتایبەت لە کاتێک کە فڕۆکەیەکى ڕووسى لە لایەن هێزەکانى تورکیاوە دەخرێتە خوارەوە، تورکیا ڕووبەڕووى هەڕەشەکانى ڕووسیا دەبێتەوە و تا گەیشتە ئەو قۆناغەى بەشێک لە پسپۆرانى بوارى سەربازیى ڕووسى، دوو ئەگەریان خستە بەردەم "پووتین"ى سەرۆکى ڕووسیا: یەکەمیان هەڕەشەى بەکارهێنانی کاتیۆشاى هەڵگرى چەکى ناوکى، دووەمیان پاڵپشتیکردنى کوردەکان و شیعەکانى تورکیا بۆ ئەوەى تورکیا بە ئاراستەى جه‌نگێکى مەزهەبى و تائیفیی نێوخۆیى بڕوات و تورکیا دابەش بکەن. ئەمەیش بووە هۆى ئەوەى "ئەردۆغان" داواى لێبووردن لە ڕووسیا بکات؛ بەڵام لە بەرامبەردا پەیوەندیى لەگەڵ ئەمریکا بە ئاقارێکى نادیاردا دەڕوات و جۆریک لە ساردیی دورست بووە لە نیوانیاندا؛ چونکە ئەمریکا لە سیاسەتەکانى تورکیا ڕازی نییە و "ئەردۆغان" هەوڵى ئەوە دەدات بە ئاراستەیەکى پێچەوانەى ئەمریکا سیاسەت بکات. ئەمەیش واى کرد ئەمریکا دوو ئەگەر بخاتە بەردەم تورکیا: یەکەمیان، تورکیا ڕووبه‌ڕووى کوده‌تاى ناوخۆ بووه‌وە و هەرچەندە سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام ئەمەیش ئەگەرێک بوو پێشانى "ئەردۆغان"ى دا، لە ئەگەرى جێبەجێنەکردنى سیاسەتەکانى ئەمریکا ئەوا کودەتا ئەگەرێکە لە بەردەمیان. دووەمیان، گەمارۆى ئابوورى لە پرسى "قەشە ئەندرسۆن"، تورکیا هەوڵى دا خۆى وەک "دەوڵەتى سەنتەر" نیشان بدات، بەڵام تواناى ڕووبەڕووبوونەوەى ئاستەنگەکانى نەبوو، بۆیە تەنیا بە ئاماژەدانێکى سەرۆکى ئەمریکا، "ترامپ"، تورکیا ڕووبەڕووى دابەزینى ئاستى ئابوورى بووه‌وە و، لێرەدا تورکیا نەیتوانى بەرژەوەندییەکانى خۆى بپارێزێت و بە داواکارییەکانى ئەمریکا ڕازى بوو؛ بەبێ ئەوەى ئەمریکا داواکارییەکانى تورکیا جێبەجێ بکات کە بریتى بوو لە ڕادەستکردنى "فه‌تحوڵڵا گیولەن" لە بەرامبەر "قەشە ئەندرسون".

تورکیا لە نێوان دوو هەڵبژاردەى زۆر قورسدایە 

 لە نێوان ڕووسیا و ئەمریکا، تورکیا بە ئاراستەى جیاواز هەنگاو دەنێت و هەوڵى ئەوە دەدات خۆى وەک یاریکەرێکى بەهێز لە نێوان هەر دوو جەمسەردا نیشان بدات؛ بەڵام لە بەرامبەر ئەو یاریکردنە، ڕووبه‌ڕووى کۆمەڵێک ئاستەنگ دەبێتەوە، بە شێوەیەک تووشى بەریەککەوتنى بەرژەوەندییەکانى هەر یەکە لە ڕووسیا و ئەمریکا  دەبێتەوە لە ناوچەکە.

بۆیە هەر دوو زلهێز بە دواى ئەوەن تورکیا ببێتە جێبەجێکارى سیاسەتەکانیان. لەم نێوەندەدا ڕووسیا ئامادەیە بەرگریى ئاسمانى S 400 بفرۆشێتە تورکیا، کە گرێبەستێکە لە ساڵى 2017 بە بەهاى (2،5) ملیار دۆلار واژوو کراوە؛ ئەمەیش لە پێناو ئەوەیە تورکیا لە پەیمانى ناتۆ دوور بخاتەوە و بە ئاراستەى "وارشۆ"ى ببات. بەڵام لەبەر ئەوەى تورکیا ئەندامى ناتۆیە و سیاسەتەکانى زیاتر بە ئاراستەى ئەمریکا بووە، بۆیە لە بەرامبەردا ئەمریکا ئەوەى قبووڵ نییە چەک لە ڕووسیا بکڕێت و، تورکیا داواى ئەوە دەکات کە ئەمریکا F35ی پێ بفرۆشێت؛ بەڵام ئەمریکا بەئاسانى ئەم فڕۆكانە ڕادەستى تورکیا ناکات، چونکە متمانەى بە تورکیا نەماوە. هەر لەم ڕووەوە وەزیرى بەرگریى ئەمریکا "پاتریک شاناهان" ئاماژە بەوە دەکات، کە لەگەڵ تورکیا چەند دانوستانێکیان کردووە، بەڵام هیچ ئەنجامێکى نەبووە. بۆیە تورکیا تا ئیستا نەیتوانیوە خۆى لەم گێژاوه‌ی دووجەمسەرییە دەرباز بکات و هەنگاوێکى دروست بنێت، بۆیە زیاتر هەوڵى درێژەدان بەم قۆناغە دەدات بۆ ئەوەى زیاتر هەڵویستى ئەمریکاى بۆ یەکلا ببێتەوە و گه‌رەنتیى زیاترى لە ئەمریکا دەوێت.

ئەگەرەکانى بەردەم تورکیا

لێرەدا تورکیا دوو ئەگەرى لە بەردەمە: یەکەمیان ئەگەر تورکیا سیاسەتەکانى بە ئاراستەى ئەمریکا نەبێت، لێرەدا چى ڕوو دەدات؟ بێ گومان بۆ وەڵامى ئەم پرسیارە پێویستمان بە گەڕانەوەیە بۆ مێژوو. بە درێژاییى مێژووى تورکیا، سیاسەتەکانى بە ئاراستەى ئەمریکا بووە. لێرەدا "ئەردۆغان" ئەگەر ئەم سیاسەتە بە ئاراستەى ڕووسیا بگۆڕێت، ئەوا ڕووبه‌ڕووى مەترسییەکى زۆر گەورە دەبێتەوە، چونکە ئێران لە دواى شۆڕشى ساڵى 1979 ئاراستەى سیاسەتەکانیان زیاتر نزیکبوونەوە بووە لەگەڵ ڕووسیا؛ بەڵام دواجار بینیمان ڕووسیا زۆر بەئاشکرا ئێران پشتگوێ دەخات و، تەنانەت بە هاوپەیمانى خۆیشى هەژمار ناکات لە پارێزگاریکردن لە " بەشار ئەسەد" و ڕژێمەکەى، کە ئەمەیش زۆر جێگه‌ى سەرسوڕمان بوو بۆ ئێران. لێرەدا چارەنووسى تورکیا هەمان چارەنووسى ئێران دەبێت و تووشى داڕمانى ئابوورى دەبێت و، لە لایەن ڕووسیاوه‌ پشتگوێ دەخرێت. ئەمەیش دەبێتە هۆى ئەوەى چارەنووسى "ئەردۆغان" لە هەڵبژاردنى داهاتوو نادیار بێت و، ئەو خەونەى کە "ئەردۆغان" هەوڵى بۆ دەدا  لە چوارچێوەى حزبى داد و گەشەپێدان نایەتە دى و ئیتر سەردەمه‌كه‌ى کۆتاییى پێ دێت. تورکیایش ڕووبه‌ڕووى بارودۆخێکى ئاڵۆز دەبێتەوە چونکە ئەمریکا لە ئەگەرى کڕینى S 400 لە لایەن تورکیاوه‌، ئەوا لە ڕێگەى یاساى  CAATSA كه‌ "بریتییە لە یاساى سەپاندنى سزا بەسەر دوژمنانى ئەمریکا"، سزاى تورکیا دەدات. ئەم یاسایە لە  2ى ئابى 2017 ڕەزامەندیى لەسەر درا. ئه‌مریكا ئەم سزایەی بەسەر هەر یەکە لە ئێران، ڕووسیا و کۆریاى باکووردا سەپاندووە.

ئەگەرى دووەم، بریتییە لە پاشگەزبوونەوەى ئەردۆغان لەو گرێبەستەى کە لەگەڵ ڕووسیا کردوویەتى بۆ کڕینى S 400، بەڵام "ئەردۆغان" تا ئیستا بانگەشەى ئەوە دەکات کە بە هیچ شێوەیەک پاشگەز نابینەوە و لە ئەگەرى پاشگەزبوونەوەیدا، تا ڕاددەیەک متمانەى خۆى بەرامبەر بە ڕووسیا لەدەست دەدات و تا ڕاددەیەکیش بەرامبەر ئەمریکا متمانەى بۆ دەگەڕێتەوە. بەڵام تورکیا بۆى دەرکەوت کە ئەوەى ئەمریکا دەیەوێت دەچێتە بوارى جێبەجێکردن، نەک ئەوەى تورکیا دەیەوێت. لێرەدا چارەنووسى "ئەردۆغان" کەمێک ڕوونتر دەبێت و، ئەگەرى سەرکەوتنى زیاتر دەبێت له هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیی داهاتووى تورکیا، چونکە هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى تورکیا ئاماژەیەک بوو بۆ "ئەردۆغان" کە لە شارەوانییەوە دەستی پێ کرد و، لە شارەوانییەوەیش کۆتاییت دێت، بۆیە تورکیا لەم ئەگەرەدا ناتوانێت بگات بە دەوڵەتى سەنتەر. کەواتە تورکیا لە نێوان بەرداشى ڕووسیا و ئەمریکادایە؛ هەر ئەگەرێکیان هەڵبژێرێت تووشى ئاستەنگ دەبێتەوە، بەڵام لە ئەگەرى دووەم، ئاستەنگەکان کەمترن.