هەژاری لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا

هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

پوختە

هەژاری پێناسەی جیاواز هەڵدەگرێت. تێڕوانینی هەر کەس و نەتەوەیەک، بەپێی کات و شوێن و بارودۆخ، بۆ هەژاری جیاوازە (١). هەژاریی سەرچاوە مرۆڤییەکان، هەژاریی سەرچاوە سروشتییەکان، هەژاری لە ژێرخانی ئابووری، کۆمەڵگه‌ی هەژار و مرۆڤی هەژار، ئەو چەمکانەن کە ڕۆژانە بەر گوێمان دەکەوێت. دەکرێت بڵێین توندترین جۆری هەژاری، ناتوانایی لە دابینکردنی خوراک و پەناگەیە. ئەم وتارە تێشک دەخاتە سەر لایەنی هەژاری لە ڕووی دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا. لەم بابەتەدا هەوڵ دراوە ئەوە بخرێتە ڕوو، کە چۆن هەژاری بابەتێکی فرەڕەهەندە و خودی هەژارییش لە دەرەنجامی هۆکاری فرەڕەهەنده‌وه‌یه‌.

مەبەست لەم وتارە بریتیی نییە لە خستنەڕووی ئاماری ورد لەبارەی ئاستی هەژاری لە ئێراندا. ئەویش لەبەر یەک هۆکار؛ ئێران وڵاتێکە کە ئاماری فەرمی و ورد سەبارەت بە هەژاری بڵاو ناکاتەوە. بە وردبوونەوە لە ئامارە بەردەستەکانیش، بۆ نموونە ئاماری فەرمیی بێکاری و هەڵسەنگاندنی ئەم ئامارە لەگەڵ بۆچوونی بەرپرسان و لێکۆڵەرەوان سەبارەت بە ئاستی بێکاری لە ئێراندا، جیاوازە. تەنانەت زۆر جار ئەو ئامارەی کە لە لایەن بانکی ناوەندیی ئێرانەوە بڵاو دەکرێتەوە، جیاوازە لەو ئامارەی کە هەندێ جار لە لایەن دەستەی ئاماری ئێران "ئاماژەی" پێ دەکرێت. لە ماڵپەری فەرمیی ناوەندی ئاماری ئێران، گشت داتا ئامارییەکانی وەک ڕێژەی دانیشتووان، ڕێژەی بێکاری و ڕێژەی خوێندەواری بەجیا پۆلێن کراون، بەڵام باس لە ڕێژەی هەژاری ناکرێت (٢). ئەوەی کە لەبەردەستە، لێکۆڵینەوەی سەنتەره‌کانی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە ئاکادیمییەکانە.

چەمکی هەژاری

هەژاری بە زمانێکی سادە، واتە کەسێک یان خێزانێک نەتوانێت پێدوایستییە سەرەتایییەکانی ژیانی ڕۆژانە دابین بکات. ئەم پێداویستییانە بریتین لە: خۆراک، ئاوی پاک، پۆشاک، خانوو، تەندروستی و پەروەردە. هاوکات لەگەڵ پێشڤەچوونی تەکنه‌لۆژی، پێداویستییەکانی تریش زیاد دەبن وەک: بەکارهێنانی تەله‌ڤزیۆن، مۆبایل و ئامرازەکانی گواستنەوە. دیاریکردنی ئاستی هەژاری بە هۆی جیاوازیی که‌لتوور، ئاستی داهات، ئاستی خەرجی، بەهای دراو لە بازاڕی جیهانیدا و ئاستی پێشکەوتنی ئابووری، سیستەمی بیرۆکراسی، سیستەمی تەندروستی و پەروەردەیی لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە. بەڵام لەگەڵ ئەمەیشدا هەندێ پێوەر لەسەر ئاستی جیهانی قبووڵکراون. بەپێی پێوەری بانکی جیهانی، هەر کەسێک کە ڕۆژانە کەمتر لە  ١.٩٠$ (١ دۆلار و ٩٠ سەنت) به‌ده‌ست بهێنێت، بە هەژار هەژمار دەکرێت. لە ڕاستیدا ئەم پێوانەیە، پێوانەیەکی ورد و دروست نییە. لە لایەکی ترەوە، هەندێ جار پێوانەی ڕێژەی بەکارهێنانی کالۆری (وزەی خۆراک) لە لایەن یەک کەس لە ڕۆژێکدا بەکار دەهێنرێت. ئەم پێوانەیەیش بەتەنیا ناکرێت پشتی پێ ببەسترێت، چونکە پێدوایستییەکانی وەک خانوو و خزمەتگوزاریی تەندروستی و پەروەردەیی ڕەچاو ناکات. هەندێ جار پێوانه‌ی "یەکسانکردنی توانای کڕین" (purchasing power parity/PPP) بەکار دێت، کە جەخت دەکاته‌ سەر ڕێژەی داهات و تێچوونەکان، ئەویش بە پشتبەستن بە نرخی کاڵا لە بازاڕی ناۆخۆیی و بەراوردکردنی بەهای دراوی ناۆخۆ بە بەهای دروای جیهانی (بە شێوەیەکی سەرەکی دۆلاری ئەمریکی) (٣).

دەکرێت هەژاری بگاتە ئاستی هەژاریی سەخت (extreme poverty)؛ واتە هەژارییەک کە نەك تەنیا تاک لە دەست بێپارەیی و ناتوانایی لە دابینکردنی پێدوایستییەکانی ژیان دەناڵێنێت، بەڵکوو هیچ بژاردە و هەلێکیشی نییە کە ئەم واقعە بگۆڕێت.

دیاریکردنی ئاستی هەژاری لە ئێران

بەپێی دەستنیشانکردنی حکوومەتی ئێران، هەر خێزانێکی پێنج کەسی ئەگەر مانگانە کەمتر لە ١،٨٠٠،٠٠٠ تمەن (٦٠٠ دۆلاری ئەمریکی) (ئێستا ئه‌م 1800000 تمه‌نه‌ له‌ ئێران، ده‌كاته‌ نزیكه‌ی 120 دۆلاری ئه‌مریكی) داهاتی هەبێت بە هەژار هەژمار دەکرێت. ئەگەر ئەم داهاتە بگاتە ٤٠٠،٠٠٠ تمەن، ئەم خیزانە لەژێر هێڵی هەژاری هەژمار دەکرێت و دەچێتە خانەی هەژاریی ڕەها (Absolut Poverty) (٤).

بەپێی ناوەندی ئاماری ئێران، ڕێژەی شارنشینی لەم وڵاتەدا لە ساڵی ٢٠١١ کە دوایین ئامارە، (٪٧١.٤) بووە (٥). لە هەمان کاتدا ئاستی هەژاری لە پارێزگه‌کانی ئێراندا لە پارێزگه‌یەک بۆ پارێزگه‌یەکی تر جیاوازە. بە گەڕان لەناو ئینترنێت و لەناو ڕاپۆرتە ڕۆژنامەڤانییەکاندا، داتای سەرسوڕهێنەر دەبینین وەک: بوونی ڕێژەی ٪٤٠، ٪٥٠ و ٪٧٠ دانیشتووانی کە لە دۆخی هەژاریدا دەژین. ئەگەر زیادەگۆیی لەم ژمارانەدا بێت، بەڵام بڵاونەکردنەوەی داتای فەرمی لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە بە مانای بەرزیی ئاستی هەژاری لەم وڵاتەدا دێت. هێڵکاریی خوارەوە ئاستی هەژاری لە نێوان ٣٠ ساڵ لە ئێراندا دەخاتە ڕوو.


بەپێی هێڵکاریی سەرەوە، لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ئاستی هەژاری لە ساڵی ١٩٨٤دا کە نزیکەی ٪٣٤ بووە، لە کۆتاییی ساڵی ٢٠١٣ بۆ ٪٥ دابەزیوە و لە ساڵی ٢٠١٤ بە هاتنەسەرکاری ڕۆحانی، ڕێژەی هەژاری بەرز بووەتەوە (٦). ڕاستییه‌كه‌ی دابەزینی ئاستی هەژاری لەم ماوەیەدا بۆ کۆمەڵێک هۆکار دەگەڕێتەوە:

١. کۆتاییهاتنی جه‌نگی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق (١٩٨٠-١٩٨٨).

٢. کۆتاییهاتنی جه‌نگی ئێران، هاوکات بوو لەگەڵ گرتنەبەری ئابووریی بازاڕی ئازاد کە بۆ ئەم مەبەستەیش ئێران لەگەڵ بانکی جیهانی و سندووقی نێودەوڵەتیی دراو دەستی بە دانوساندن کرد.

٣. سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی ئێران نەوتە؛ بەرزبوونەوەی بەهای نەوت کاریگەری دەخاتە سەر نزمبوونەوەی ڕێژەی هەژاری.

٤ ، گرتنەبەری سیاسەتی کەمکردنەوەی ژمارەی ئەندامانی خێزان کە لەوانەیە گرنگترین هۆکار بێت. دوای کۆتاییهاتنی جه‌نگی ئێران و عێراق دروشمی "دختر یا پسر، دو بچە کافیست" (کوڕ یان کچ، دوو منداڵ بەسە)، دروشی هەرە باو بوو. بۆ ئەم مەبەستەیش حکوومەتی ئێران دەستی بە هەڵمەتی پەروەردەکردنی بەرفراوان و هاوکات سزادان کرد؛ سزای وەک بڕینی کۆپۆنی شیری منداڵ.

سەرەڕای ئەم ئامارە، ئابووریناسانی ئێران باس لە بوونی ڕێژەی ٪٤٠ی دانیشتووان دەکەن (واتە سەروی ٣٠ میلیۆن کەس) کە لە هێڵی هەژاریدا دەژین. ئەگەرچی بەپێی گوتەی بەرپرسانی کاروباری کۆمەڵایەتیی ئێران، تەنیا ١٢ میلیۆن هەژار لە وڵاتدا هه‌ن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم ١٢ میلیۆن کەسە، ژمارەی ئەو کەسانەیە کە لە لایەن هەر دوو ڕێکخراوی "کۆمیتەی ئیمداد" و "سازمانی بێهزیستی"یه‌وه‌ یارمەتی دەدرێن (٧). هاوکات بەپێی یاسا کە پێویست بوو حکوومەت لە نیوەی یەکەمی هەر ساڵ ڕاپۆرتی هەژاری پێشكه‌ش بكات، بەڵام لە ساڵی ١٣٨٤ەوە تا هاتنەسەرکاری حکوومەتی ڕۆحانی، ئەم کارە لە ئێران ئەنجام نەدراوە (٨)؛ لەگەڵ ئەمەیشدا هێشتا ڕوون نییە ڕێژەی هەژاری چەندە.

هۆکارەکانی هەژاری لە ئێران

هەژاری دیاردەیەکی فرەفاکتەرە. گشت فاکتەرەکانیش پێکەوەگرێدراون؛ ناکرێت باس لە یەکێک لە فاکتەرەکان بکرێت و ئەوانی تر پشتگوی بخرێن. سەرەڕای ئەمەیش، دەکرێت تیشک بخرێتە سەر هەندێ فاکتەر وەک سەرەداوێک بۆ خستنەڕووی فاکتەرکانی تر. لە خوارەوە ئاماژە بە فاکتەرگەلێک دەدەین کە مەرج نییە فاکتەری سەرەکی بن، بەڵام گرنگن.

یەکەم: گەمارۆی نێودەوڵەتی

حەسەن ڕۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران، لە کاتی دەستبەکاربوونی، ڕای گەیاند کە هۆکاری هەژاری لە ئێراندا دەگەڕێتەوە بۆ گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان (٩). ئەمە دەکرێت بە یەکێک لە هۆکارەکان هەژمار بکرێت. بەڵام خودی ئەم گەمارۆدانە دەرهاوێشتەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران بووە. چاوخشاندنێک بە مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەر لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامییەوە تا هەنووکە، دەبینین کە ئێران یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کە زۆر بەکەمی لەگەڵ سیستەمی باوی جیهانیدا دەگونجێت. دروشمی هەناردەکردنی شۆڕش بۆ دەرەوە (کە مەبەست لێی هێژموونی شیعەگەرایی بوو)، دامەزراندنی ڕێکخراوە چەکدارییەکانی وەک هێزی بەدەر و حزبوڵڵای لوبنانی و پارەدارکردنی چەندین ڕێکخراوی تری چەکداری لە وڵاتانی وەک یەمەن و فەڵەستین و، هەروەها هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی خستە ناو پەراوێزێکی نێودەوڵەتی و گەمارۆی ئابوورییەوە. ئەم گەمارۆدانەیش دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی نێودەوڵەتیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی تردا. نەبوونی بازرگانییش واتە کەمبوونەوەی هەلی کار و بەرزبوونەوەی ئاستی بێکاری و، دەرنجامیش واتە سەرهەڵدانی هەژاری. دواجار باجی دەرنجامە نەرێنییەکانی گەمارۆ ئابوورییەکان، گەلی ئەم وڵاتە دەداتەوە.

دووەم: ڕێژەی بێکاری

بێکاری لە ئێران، لە ئاستێکی بەرزدایە. بەپێی داتای ناوەندی ئاماری ئێران لە ساڵی ٢٠١٦دا، ڕێژەی (٪١٢.٧)ی ئەو کەسانەی کە توانای کارکردنیان هەبووە (دەستی کار)، بێکار بوونە (١٠). لە ڕاستیدا دەکرێت ڕێژەکە لەمە بەرزتر بێت، ئەگەر بێت و لێکدانەوەیەکی وردی شێوازی دەستنیشانکردنی ڕێژەی بێکاری بکەن. بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران (١١) تەمەنی دەستی کار لە ١٠ ساڵی بەرەو سەرەوە هەژمار کراوە، کە لە زۆربەی وڵاتاندا ئەم تەمەنە لە ١٥ ساڵ بەرەو سەرەوە دەست پێ دەکات. بەپێی هەمان ڕاپۆرت هەر کەس کە هەفتانە تەنیا یەک کاتژمێریش کار بکات، بە بێکار هەژمار ناکرێت. هاوکات هەر کەسێک کە لە دامەزراوەی سوپادا بێت (سەرباز) بە بەکار هەژمار کراوە. هاوکات پێویستە ئەمەیش ڕەچاو بکرێت کە ڕێژەی بێکاری لە پارێزگه‌یەک بۆ پارێزگه‌یه‌كی تر جیاوازە. لە ئێران لە هەندێ پارێزگه‌دا (بۆ نموونە کوهکیلویە و بۆیر ئەحمەد) دەگاتە نزیکەی ١٨٪ (١٢)؛ ئەمە و سەرەڕای جیاوازی لە نێوان شار و گوند.

سێیەم: نایەکسانی لە دابەشکردنی داهات

ئێران بە دەست نایەکسانی لە دابەشکردنی داهاتدا دەناڵێنێت. ئەم نایەکسانییەیش لە نێوان شار و گوند جیاوازە. تەنانەت لە نێوان خودی شارەکانیشدا جیاوازە. داهات لە گوندەکان کەمترە بە بەراورد لەگەڵ شارەکاندا. ئەمەیش بووە هۆی کۆچی گوندنشینان بۆ شار. زۆر جاریش چونکە لە خودی شاردا، دۆزینەوەی هەلی کارکردن سەختە، ئەمەیش بارگرانی لەسەر شار زیاد دەکات و دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاستی هەژاری لە خودی شاردا. لە ئێران، ئاستی هەژاری لە شارە سنوورییەکاندا بەرزترە بە بەراورد لەگەڵ شارەکانی تردا (١٣)؛ ئەمەیش بە مانای جیاوازیی ڕوانینی حکوومەتی مەرکەزی لە هەمبەر کەمە نەتەوەکانی تردا دێت، چونکە زۆربەی شار و پارێزگه سنوورییەکان، لەو نەتەوانە پێک دێن کە فارس نین، تەنیا پارێزگه‌کانی خوراسان نەبێت. لە لایەکی تریشەوە، ئەم جیاوازییە بە مانای کەڵەکەبوونی سەرمایە لە شارە ناوەندەکاندا دێت، بەبێ دابەشکردنێکی دادپەروەرانە لە سەرتاسەری وڵاتدا.

چوارم: هۆکاری که‌لتووری-ئایینی

یەکێک لە هۆکارەکانی هەژاری لە ئێران، هۆکاری که‌لتووری-ئایینیە. ئەم هۆکارە کە بە هەژاریی که‌لتووری ناو دەبردرێت، داتای ئەوتۆ لەبەردەست نییە، بەڵام دەکرێت تیشکی بخەینە سەر. ئێران خاوەن کۆمەڵگه‌ و دەسەڵاتێکی ئایینییە. دەسەڵاتی شیعەی دوازدە ئیمامی، حوکمی ئەم وڵاتە دەکات. حیجاب لە ئێران، بەزۆرییە. ئەم حیجابە تێچوون هەڵدەگرێت. خێزانی هەژار کە توانای دابینکردنی خۆراک و پەناگەی نییە، ناچارە حیجاب بكات. دامەزراوەگەلی وەک "کۆمیتە مبارزە با مفاسد اخلاقی" (کۆمیتەی نەهێشتنی بەدڕەوشتی)، دامەزراوەی "خواهران زینب" (خوشکەکانی زەینەب)، "کمیتە امر بە معروف و نهی از منکر" (کۆمیتەی بانگێشت بۆ چاکە و دوورکەتنەوە لە خراپە) و دەیان دامەزراوی تر ئەرکی چاودێریی هاووڵاتیانیان لە ڕووی پۆشین و هەڵسوکەتەوە لە ئەستۆدایە. خودی ئەم دامەزراوانەیش تێچوونیان پێویستە. لە لایەکی ترەوە، پرۆگرامی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن لە ئێران، بەگشتی پرۆگرامی ئایینین و هەوڵی چاندنی ئایدیۆلۆژیی نوخبەی حاکم لە مێشک و دەروونی هاووڵاتیان دەدەن. تەرکیزکردنە سەر حیجاب، بەشی سەرەکیی ئەم پرۆگرامانە پێک دێنن. لە شەقامی شارەکانی ئێراندا دەیان تابلۆی بانگهێشتکردنی حیجاب دەبینرێت؛ گشت تابلۆکان لە لایەن حکوومەتەوە دابین کراون. زیندووکردنەوەی یادە ئایینییەکانی تایبەت بە شیعە وەک ئایدیۆلۆژیی دژ بە بۆچوونەکانی تر، تێچوونی تری دەوێت. گشت ئەم تێچوونانە لە داهاتی تاک و بوودجەی نەتەوەیی دابین دەکرێت. هاوکات سەردانی مەلا و شێخ و مەزارگە ئایینییەکان و بەخشینی پارە بۆ دوعاکردن و نوشتووكردن و بەراوردکردنی هیوایەتەکان، بەشێک لە که‌لتووری ئێران بەتایبەتیش لە لایەن خودی چینی هەژارەوە پێک دێنێت. 

لەپاڵ گشت ئەم فاکتەرانەدا دەتوانین چەندین فاکتەری تر زیاد بکەن، وەک فاکتەرگەلی: بەرزیی ژمارەی دانیشتووان، ناکاراییی سیستەمی ئابووری، ناکاراییی سیستەمی بیرۆکراسی، پشتبەستن بە نەوت وەک سەرچاوەی سەرەکیی داهات، تۆپۆگرافیی وڵات، جۆری پێکهاتەی خێزان و چڕیی دابەشبوونی دانیشتووان.

دەرنجام

هەروەک لەم بابەتە دیاری کرا، هەژاری دیاردەیەکی فرەڕەهندە؛ فاکتەرە سیاسی، که‌لتووری، ئابووری، یاسایی، بیرۆکراسی و سروشتییەکان، پێکەوه‌ کاریگەری لەسەر سەرهەڵدانی هەژاری دروست دەکەن. لێکۆڵینەوە لەسەر بابەتی هەژاری لە ئێران، بە هۆی بەردەستنەبوونی ئاماری وردەوە کارێکی سەختە. نەبوونی ئامار، بۆ ناشەفافییەتی سیاسەتی حکوومەتی ئێران دەگەڕێتەوە. بەپێی پێوەری نێودەوڵەتیی شەفافییەت، ئێران لە ڕووی شەفافییەتەوە لە نێوان ١٦٨ وڵات پلەی ١٣٠یەمی وەک یەکێک لە ناشەفافترین وڵاتانی جیهانی بەدەست هێناوە (١٤). نەبوونی ئاماری ورد، دەبێتە هۆی ناتوانایی لە داڕشتنی سیاسەتێکی دروست بۆ بەره‌نگاربوونەوەی هەژاری؛ هاوکات ڕێگرە لە هەمبەر خوێندنەوەی زانستییانەی ئەم دیاردەیە و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست.

لە ئێران ڕێژەی هەژاری، لە ئاستێکی بەرزدایە. بەپێی داتا و توێژنیەوە بەردەستەکان، سەختە ئێران بتوانێت بۆ داهاتووێکی نزیک، بەره‌نگاری ئەم دیاردەیە ببێتەوە. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ئاستی هەژاری لەوه‌ی کە هەیشە، بەرزتر ببێتەوە. ناسەقامگیریی ناوچەیی و سیاسەتی دەرەوەی ئێران، چارەسەرکردنی ئەم دیاردە-حاڵەته‌ قورستر دەکات.

 

سەرچاوەکان