پرسى ئافرەت بە نمایشى شانۆیى چارەسەر ناکرێ

ئارى ڕەفیق / ماستەر لە کۆمەڵناسى

تێڕوانین لە سەرچیغى ئەو گرفت و دیاردانەى کە جۆرێک لە دەنگدانەوەى بەرفراوان لەسەر ئاستى ڕاى گشتى دروست دەکەن و پاشان چاولێکەرى و شوێنپێهەڵگرتنى یەکترى لە دەربڕینى پشتیوانى یاخود ئیدانەکردن بە فۆرمێکى عاتیفییانە، نە بازنەى دیاردەکە بەرتەسک دەکاتەوە، نە یارمەتیدەریش دەبێ لە بیرکردنەوەى نوخبەى کۆمەڵگەکە بۆ دەستکاریکردنى ڕەگ و ڕیشەى سەرهەڵدانى کێشەکان و چارەسەرکردنى.

پێیشم وایە یەکێک لە گرفتە گەورەکان لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان کە وای کردووە نەتوانرێ دەستکاریى ڕەگى قووڵى کێشە گەورەکان بکرێت، بریتییە لەو فۆرمى هەڵوێستوەرگرتنە سەرپێیییە بێئەنجامەى کە لە زانستى کۆمەڵناسیدا پێى دەگوترێ کۆڕەفتار" ) السلوک الجماعي – (collective behavior؛ بەڵام بە دیوە باشەکەیدا ڕەفتارى سەرتاپاگیر – کۆڕەفتار کاتێک لە بەدیهێنانى ئامانج نزیکمان دەکاتەوە، ئەگەر هات و هەمووان بەرچاومان ڕوون بوو لەوەى کە چارەسەرى ڕیشەى کێشەکە لە کوێیە و نەخشەڕێى گۆڕانکاریى هاوکێشەکە کامەیە؟

بۆ نموونە 28 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ زۆرینەى کۆمەڵگە بەیەکەوە کۆک بوون لەسەر گۆڕینى سیستەمى سیاسیى ئەوکات، بەڵام بە میکانیزمى پێکهێنانى ڕێکخستنى هێزى پێشمەرگەى ناوشار و پاشان دەستنیشانکردنى ئەو پێگە و مۆڵگە مەترسیدارانەى کە پێویستى دەکرد هەڵبتەکێنرێن و، پاشان دابەشکردنى ڕۆڵ و هێڵە ئامانجدارە جوگرافییەکان لە نێوان حزبە سیاسییەکاندا. لە ئەنجامدا وای کرد ئەوەى ویسترا، توانرا ئەو ئامانجە ڕیشەیییانەى مەبەست بوون بهێنرێنە دى؛ بەڵام ئەم ئەنجامە باشانە بە شێوەیەکى عەفەوى بەدی نەهاتن، بەڵکوو بە ئەجێندایەکى فرەڕەهەندى سیاسى و خۆڕێکستنەوەى ناوخۆى کۆمەڵایەتى توانرا ئەوەى ویسترا بێتە دى.

جا بۆیە ئەم هەڵوێستە خێرا و کورتمەودایانەى لە ڕێگەى سۆسیال میدیاوە دەرکى پێ دەکەین، ئەو ئەنجامەى بۆ دەرخستووین کە هەم گۆڕانى کۆمەڵایەتى هەم ڕیفۆرمى کۆمەڵایەتى، بە خۆنمایشکردنى میدیایى و سۆسیال میدیایى بەدی نایەن؛ ئەم فۆرمە لە خۆنواندن، لە ئەدەبیاتى کۆمەڵناسیدا پێی دەگوترێ خۆنمایشکردنى کۆمەڵایەتى.

تیۆریى نمایشى شانۆیى لەبارەى "خۆنمایشکردنى کۆمەڵایەتی"یەوە چیمان پێ دەڵێ؟

"تیۆریى نمایشى شانۆیى" بە یەکێک لە تیۆرییە مۆدێرنەکانى زانستى کۆمەڵناسى دادەنرێت، چونکە لە ناوەڕاستى سەدەى بیستەم دامەزراوە. ئەم تیۆریە پێی وایە ئێمە ئەکتەرین؛ بە هۆى ئەوەى کە ئێمە ئەکتەرین،  لە دەرگەیەک دەچینە ناو ئەو ژیانەى کە خۆى شانۆیەکى گەورەیە و لە دەرگەیەکى تر لێى دەردەچین. ئەو کاتەى لەسەر تەختەى شانۆ ڕۆڵ دەگێڕین، کەسەکانى تر هەڵت دەسەنگێنن و ئەوانى تریش ئێمە هەڵدەسەنگێنن. ئەگەر ئەو هەڵسەنگاندنە پۆزەتیڤ یاخود نێگەتیڤ بێت، پشت بە سروشتى ئەو نمایشە دەبەستێت کە لەسەر تەختەى شانۆ دەینوێنین.

تیۆریى نمایشى شانۆیى ڕێک ئەو ڕۆڵانە شی دەکاتەوە کە تاک لە ژیانى کۆمەڵایەتیى ڕۆژانەیدا دەیگێڕى. بە گەڕانەوە بۆ زۆرێک لەو هەڵمەتە سەرتاپاگیرییە میدیایییانەى لە ڕابردوودا بە شێوەیەکى سەرپێیى بینیومانن، بۆمان ڕوون بووه‌تەوە کە ئەم فۆرمە لە هەڵوێستوەرگرتن جگە لە چاولێکەرى و جگە لە زاڵبوونى سۆز و هەستى کۆمەڵگە لە ئاست ڕووداوێکى کۆمەڵایەتیدا، جۆرێک لە "خۆنمایشکردنی کۆمەڵایەتی"یشى تێدا دەردەکەوێ. بەڵگەیشمان بۆ ئەم باوەرهێنانە ئەوەیە ئەگەر زۆرینەى کۆمەڵگە لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى "فەیسبووک" وا دەردەکەون کە دژى کوشتنى ژنانن، هەموو پاساوێکیش بۆ کوشتنیان بەتوندى ڕەت دەکەنەوە، لێرەدا پرسیارێکى جەوهەری دەخەینە بەر دیدى خوێنەر:

 بۆچى لە دەرەوەى سۆسیال میدیا و لە سەرزەمینى واقعدا لە ئاست کۆى ڕووداوەکانى "ژنکوژی"دا زۆرینەى کۆمەڵگە بێدەنگیى هەڵبژاردووە؟! لە کاتێکدا لە هەر دوازدە مانگى ساڵێکدا نزیک لە 50 ڕووداوى کوشتنى ژنان و نزیک لە 120 ڕووداوى خۆکوشتن و خۆسووتاندنى ژنان لەبەر بێدادى و ستەمى کۆمەڵایەتى، دەبن بە قوربانیى کەلتوورێکى "ژنشکێن" و "ژنکوژ"، کە هەر زۆرینەى ئەم کۆمەڵگەیەیشن لەسەر هێژموونى نۆرم و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانى کۆکن.

بۆ نموونە و بەرچاوڕوونى:

- گەیشتوومەتە ئەو باوەڕەى کە زۆرینەى کۆمەڵگە کۆکن لەسەر کوشتنى کچان و ژنان بە پاساوى شوشتنەوەى شەرەف و نامووس. ئەوەتا لە ماوەى ساڵەکانى (2015 - 2016 – 2017 - 2018) لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان (194) ئافرەتى بە نەتەوە کورد و بە ئایین موسوڵمان بە شێوەیەکى وەحشیگەرانە و بەئەنقەست کوژراون؛ کوا هەڵوێست و کاردانەوەى سەرتاپاگیرى ئەو کۆمەڵگەیەى کە تەنیا بۆ خۆنمایشکردنى کۆمەڵایەتى بۆ ماوەى شەو و ڕۆژێک دژ بە ژنکوژى دەوەستنەوە؟!

- ئەگەر زۆرینەى کۆمەڵگە کۆک نەبن لەسەر خۆکوشتن و خۆسووتاندنى کچان و ژنانى کورد لە ماوەى چوار ساڵى ڕابردوودا، چۆن دەکرێ (724) کچ و ژنى هاوزمان و هاونیشتیمانى و هاوئایین و هاوئایینزا و هاوخاک و هاونەتەوەکەت ژیانى خۆیان بە "پاڵنەرى کەلتوورى" لەسەر زەوى بسڕنەوە و هەروا ئاسانیش تێ بپەڕێ، بێ ئەوەى هیچ کەس کەمپەینێک، خۆپیشاندانێک، مانگرتنێک بۆ وەستاندنى ڕژانى ئەم هەموو خوێنە ڕێک بخات؟!

ئەم نمایشکردنە کۆمەڵایەتییە تەنیا لە بازنەى فەزاى زۆرینەى بەشە سادەکەى کۆمەڵگەدا ناسووڕێتەوە، بەڵکوو زۆرینەى دامەزراوەکانى زانستى و ئیدارى و یاسایى و ئایینى و میدیایى و ڕێکخراوەیییەکانیش بە پرەنسیپ و بەسیسته‌ماتیکى نەهاتوون نەک تەنها پرۆژەى دوورمەودایان هەبێ، بەڵکوو بیریش ناکەنەوە لە یارمەتیدانى ئەو دامەزراوانەى کە بۆ چارەسەرى گرفت و دیاردە کۆمەڵایەتییە مەترسیدارەکان بە دنیایەک ئاستەنگەوە کار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیوە ناشیرینەکانى نۆرم و داب و نەریتە ناشیرینە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن. 

لە دەرەوەى نمایشى کۆمەڵایەتی، چی بکەن باشە؟

- کۆمەڵگە (مەبەستم ڕاى گشتییە لە دەرەوەى دامەزراوەکان):

ساڵانێکە کۆمەڵێک میکانیزمى سواو و بێکاریگەر و پاسیڤ پەنایان بۆ دەبردرێ بۆ ئیدانەکردن و داواکردنى مافەکان و ڕەتکردنەوەى بێدادى، لەوانە: "دەرکردنى بەیاننامە و یاداشتنامە، سازدانى کۆنگرەى ڕۆژنامەوانى، ڕێپێوان، دروستکردنى کەمپەین، هاش و هوشى شەوانەى فەیسبووک". بە دیدى من هیچ یەکێک لەم میکانیزمە مەدەنییانە لێرەوە بچووکترین کاریگەرى لەسەر گۆڕینى هاوکێشەى ڕووداوەکان دانانێ. ئێستا کاتى پەنابردنە بۆ "مانگرتن لە خواردن و خواردنەوە". هەر ئەم میکانیزمەیش بوو لە ساڵى 1992 لە ڕێگەى مانگرتنى سەرتاسەرییەوە لە بەردەم ئۆفیسەکانى UN  توانرا هێڵى 36 دیاری بکرێ تا بە بڕیارى ئەوکاتى نەتەوە یەکگرتووەکان نەکەوینە ژێر هەڕەشەى ڕژێمى بەعس، بە دروشمى "مان دەگرین، مان دەگرین، تاکوو وەڵام وەردەگرین"؛ وەڵامەکەیش وەرگیرا و ئامانجەکانى خۆیان پێکا.

لە بەشێکى وتارەکانى ڕابردوویشماندا بۆ ڕێکخستنەوەى دامەزراوەکان و ڕووبەڕووبوونەوەى ئاریشە کۆمەڵایەتییەکان باسمان لە ڕۆڵ و ئەرک و بەخۆداچوونەوەى دامەزراوەکان کردووە، بەڵام لەبەر ئەوەى نە پێداچوونەوە بە ئەداى دامەزراوەکان دەکرێ، نە هەڵسەنگاندن و چاودێریى لێپرسینەوەیش وجوودى هەیە، هەروەها نە ئەوانەیشى بەرپرسیارێتییان لە دامەزراوەکاندا هەیە، زۆرینەیان نە دەخوێننەوە، نە گوێ دەگرن؛ لەبەر ئەوە ناچار دەبین لە شەنوکەوکردنى هەر دیاردە و گرفتێکى کۆمەڵایەتیدا پەنجە لەسەر برینى نەخۆشییەکاندا دابنێین کە هەندێک جار خودى دامەزراوەکان خۆیانن، لەوانە:

- وەزارەتەکان:

لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا سەرقاڵى داڕشتنى پرۆژەیەکى گرنگ بووین بە ناوى "سیاسەتى یەکسانیى جێندەرى لەسەر ئاستى دامەزراوەکانى وەزارەتى ناوخۆ". لە ماوەى کارکردنێکى چڕوپڕى چەند ڕۆژیدا توانیمان پرۆژەیەکى زۆر باش ئامادە بکەین. ناوەرۆکى پڕۆژەکە لە یەک خاڵدا کۆ بکەینەوە بریتییە لە:

"گێڕانەوەى ئەو ماف و ئەرکانەى کە تا ئێستا نەتوانراوە ڕەگەزى ئافرەت لێیان سوودمەند بێت، هەر لە پێگەکانى ناوەندى بڕیارەوە تا دەگاتە ڕووبەڕووبوونەوەى هەراسانکردنى سێکسى و ئیدارى و، هەروەها مافەکانى بەرزکردنەوەى سکاڵا بە میكانیزمێکى خێرا" و کۆمەڵێک ماف و ئەرکى دیکە. لە سەرەتاى داڕشتنى ڕەشنووسى پڕۆژەکەوە، دیدى ئێمە وا بوو کە گرنگە ئەم سیاسەتى جێندەرییە بکرێتە سیاسەتى "حکوومەتى هەرێمى کوردستان" لەم بارەیەوە، تا بتوانین پرسى چەسپاندنى یەکسانى لە کارکردنى ڕێکخراوەیی و میدیایییەوە بگوازینەوە بۆ قۆناغى "بەدامەزراوەییکردن"؛ هەر لەسەر ئاستى سەرۆکایەتیى هەرێمەوە تا دەگاتە بچووکترین پێگەى ئیدارى لە گوندێکى بچووکی دوورەدەستیشدا.

- زانکۆ:

لەگەڵ ئەوەى لە بەشێکى زانکۆکان یه‌كه‌یەک بە ناوى "جێندەرناسى" کراوەتەوە، بەڵام بە هیچ جۆرێک نەیانتوانیوە ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرن کە بارودۆخى کۆمەڵایەتى پێویستییەتى و دەیخوازێ؛ بۆیە پێویست دەکات لە هەر کۆلیژێک، نەک تەنیا لەسەر ئاستى سەرۆکایەتیى زانکۆکان بەتەنیا، ناوەندێکى تایبەت بە هۆشیاریى جێندەرى بکرێتەوە. ئەم ناوەندانە ببن بە بەشێک لە جموجۆڵ و هەڵمەتەکانى ڕووبەڕووبوونەوەى توندوتیژیى جیهانى لە 25/11ى هەموو ساڵێکدا. هەروەها لە توێژینەوەکانى دەرچوونى قوتابیاندا هەڵبژاردنى گەرمترین گرفت و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان، بکرێ بە مەرج لە دەستنیشانکردنى ناونیشانەکانى توێژینەوەکاندا.

ئەم مەرجە بۆ ئەتروحەکانى خوێندنى باڵا (ماستەر و دکتۆرا) پەیڕەو بکرێ. لەگەڵ ئەوانەیشدا ئەنجامدانى کۆنفرانسى ساڵانەى زانکۆکان بۆ تاوتوێکردنى ڕەوشى کۆمەڵایەتى بە دیدێکى زانستییانە و لە کۆمەڵێک ڕوانگەى جۆربەجۆرەوە، وا دەکات پرۆژەى چەسپاندنى یەکسانیى جێندەرى ببێتە بەشێک لە خەمى دامەزراوە زانستییەکان کە تا ئێستا خەمێکى ڕووکەشی و نمایشکارانەیان لێ خواردووە. 

- گوتاربێژى ئایینى:

ئەوانەى دەچن بۆ مزگەوت، گوتاربێژان وەک جێنشینى پەیامبەر دەبینن؛ بەو مانایەى گوتاربێژى ئایینى دەتوانێ کاریگەریى هەبێ لە گۆڕینى فیکرى نوێژکەرانى ئامادەبووى مزگەوت. جا بۆیە گوتاربێژانى ئایینى ئەگەر نییەتیان وابێ ببن بە بەشێک لە چارەسەرکردنى دۆخى کۆمەڵایەتى، له‌ هەر مانگێکدا چوار خوتبەى تێدا پێشکەش دەکرێ، با دوو خوتبەى بۆ ڕوونکردنەوەى ئەرک و ماف و بەرپرسیارێتیى ڕەگەزەکان لەناو خێزان و دەرەوەى خێزان تەرخان بکرێ. بەڵام بەو فۆرمە سواوە نا کە ساڵانێکى زۆرە زۆرینەى گوتارەکان بۆ ڕەگەزى ژن ئاراستە کراون، کە گوایە ژن خودا بۆ خزمەتى ڕەگەزى پیاو خوڵقاندوویەتى، ئه‌ویش بە هێنانەوەى یەک دیوى ئایەت و فەرموودەکان کە باس لە ئەرکى ژن دەکات بەرامبەر بە ڕەگەزى پیاو، بێئەوەى فۆکەس بخرێتە سەر ئەو ئایەت و فەرموودانەى کە  ڕێز و پێگەى ئافرەتى تێدا شی کراوەتەوە و ئەرکى پیاویشى لە بەرامبەردا دیاری کردووە.

- دامەزراوەى پۆلیس:

گلەیی و ڕەخنەیەکى جددى هەیە لەسەر دەزگه‌ى پۆلیس لە هەرێمى کوردستان. بەشێک لەو ڕەخنانە لە جێگەى خۆیانن، بەتایبەت لە خەمساردیى ئەو دەزگه‌یانە لە دەستگیرنەکردنى ئەو تۆمەتبارانەى کە لە لایەن دادگه‌کانەوە فەرمانى گرتنیان بۆ دەرچووە و بەڵام دەستگیر نەکراون و نەخراونەتە بەردەم لێپرسینەوەى یاسایى. لە کۆمەڵگەیەکیشدا کە سەروەریى یاساى تێدا دەبینرێ، دەزگه‌ى پۆلیس وەک بەهێزترین دەزگه‌ بۆ جێبەجێکردنى پرەنسیپەکانى سەرەوەربوونى یاساکان دەردەکەوێ؛ دەزگه‌ى پۆلیسى کوردستانیش سەرتاپا پێویستیى بە پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن هەیە.

ئەوانەى یاساکان جێبەحێ دەکەن و ئەوانەیشى هۆشیاریى کۆمەڵایەتى بڵاو دەکەنەوە، تەنیا بریتیى نین لەم دامەزراوانەى سەرەوە، بەڵام ئەم چەند دامەزراوەیە ئەگەر بخرێنە ناو پلانى سیاسەتى ڕێکخستنەوەى بارودۆخى کۆمەڵایەتیمان، ئەوا کۆمەڵگە دەگوازرێتەوە بۆ قۆناغێکى نوێى باشتر لە ئێستا.