تارماییی باڵندە ئاسنینەکانی کۆشکی سپی لە کەنداو و دەوروبەری ئێران

قەرەنی قادری

نەوت و بانک بەڕواڵەت دوو ئاڵقەی بەهێزی کۆماری ئیسلامین بۆ حوکمڕانیی سیاسی و ئابووری لە ئێراندا، بەڵام دوای دەرچوونی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ناسراو بە "برجام" (به‌رجام)، هەروەها بەتیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران لە لایەن ئەمریکاوە، ده‌ركه‌وت کە نەوت و بانکی ئێران دوو ئاڵقەی لاوازی کۆماری ئیسلامین.

هەم ئابووریی ئێران بەتەواوەتی گرێدراوی نەوتە، هەمیش سەرچاوەی داهاتی دراوی ئێرانە کە بە ڕێگەی بانکەکانییەوە بۆ ئێران دەگوازرێتەوە. ڕێک ئەو دوو ئاڵقەیە گەمارۆیەکی قورسی ناوچەیی و جیهانییان لەسەرە؛ بەتایبەت ئەگەر ئەمریکا بتوانێت بەتەواوەتی دەرگەی بازاڕی جیهانیی نەوت بە ڕووی ئێراندا دابخات، ئەوە بۆ کۆماری ئیسلامی زۆر زەحمەت دەبێت کە بتوانێت مەکینە جەنگییەکەی دژ بە ئەمریکا بەگەڕ بخات. جەنگی ئابووری، تا دێت خوێنی شادەمارەکانی بازرگانی و ئابووریی ئێران وشک دەکات.

لە پاڵ ئەوەیشدا جموجۆڵی هێزی سوپاییی ئەمریکا بە باڵندە ئاسنینەکانییەوە (فڕۆکەی جه‌نگیی بی ٥٢ و مووشکی ناوونیشاندۆزی تاماهاک) بۆ کەنداو و نزیک لە ئێران، هەروەها کەڵکوەرگرتنی ئەدەبیاتی جەنگی لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا بە دژی یەکتر، تا دێت دۆخەکە بەرەو لێدانی زەبری پچڕ پچڕ و لێرە و لەوێ دەبات.

لە پاڵ ئەمانەیش یەکێتیی ئەوروپا لە هەوڵی ئەوەدایە کە کێشەی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا بە ڕێگەی دانوستان چاره‌سه‌ر بكات، هەروەها بۆ هێورکردنی دۆخەکە ڕێگەچارەیەکی مامناوەندی بۆ ئەو دوو وڵاتە بدۆزێتەوە، تا بەو هۆیەوە بەر بە جەنگ لە ناوچەکەدا بگرێت، بەڵام بە ئاماژە بەوە کە ئەوروپا گوشاری ئەمریکایشی لەسەرە تا لە کۆماری ئیسلامی دوور بکەوێتەوە. لە پاڵ ئەمانەیشدا ئەمریکا ئەندامی ناتۆیە و ڕووسیایش ڕای گەیاندووە کە ناتوانێت دەوری ئاگركوژێنەوە بۆ کێشەی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی بگێڕێت.

گەرچی ترامپ باس لەوە دەکات کە حەزی لە جه‌نگ نییە و داوا دەکات کە لەگەڵ ئێرانییەکان لەسەر مێزی وتووێژ دانیشێت بۆ دەستەبەرکردنی ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ تاران، بەڵام خوێندنەوەی ترامپیش ئاسان نییە (سیاسەتی جیوەیی) کە ئاخۆ لە پاڵ پەیامی دانوستان، چەندە خەریکی گەرمکردنی مەکینەی کەرەسەکانی جه‌نگە؛ گەرچی ئەو پەیامەی ترامپ لە لایەن ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و، حەسەن ڕۆحانی، سەرۆککۆماری ئێرانەوە بەتوندی ڕەت کرایەوە و، بەڕواڵەت دەرگەی دانوستانیشیان لەگەڵ ئەمریکادا داخستووە.

چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا ئایەتوڵڵا خامنەیی سەرەڕای ئەوەی کە بێهیواییی سەبارەت بە ئەوروپییەکان پیشان دا، زۆر بەڕوونی باسی لە کێشەی کۆماری ئیسلامی و ئەمریکایشی کرد و ڕای گەیاند، "بڕیار نییە جەنگ ببێت و ئەمەیش ڕوو نادات، چونکە ئێمە بە دوای جه‌نگدا ناگەڕێین و ئەوانیش دەزانن (ئەمریکا) کە جه‌نگ لە بەرژەوەندیی ئەواندا نییە. تا ئەوان (ئەمریکا) نەبنە مرۆڤ، وتووێژیش لەگەڵ ئەوان وەکوو ژەهر وایە و وتووێژیش لەگەڵ حکوومەتی ئێستای ئەمریکا دوو جار ژەهرە. هەر بۆیە لە نێوان عاقڵمەندانی ئێمەدا کەس بە دوای وتووێژدا نییە، خەڵکیش وتووێژیان ناوێت، تەنیا لێرە و لەوێ هەندێک باسی لێوە دەکەن."

سەبارەت بە پەیامی ترامپ کە "چاوەڕوانی ئێرانییەکانە تا وتووێژ بکەن"، حەسەن ڕۆحانی، سەرۆککۆماری ئێرانیش گوتی: "ئێمە لەگەڵ وتووێژ و مەنتقداین، بەڵام ئەوەی کە دەڵێن ئێمە کۆماری ئیسلامی دێنینە سەر مێزی وتووێژ، ئەمە خەیاڵە. ئێمە ئامادەی وتووێژێکی ئاوا نین، تەنانەت ئەگەر تەواوی هێزەکانی جیهانیش دەست لەناو دەستی یەکتر بنێن!"

کۆی پەیامەکان هەر ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی وتووێژ لەگەڵ ئەمریکادا ناکات؛ تەنیا ڕێگەیەک کە گرتوویانەتە بەر "بەرگریکردن"ە. ئەوەیش بە پشتیوانیی ئەو بۆچوونەیە کە لە کۆتایییەکانی ساڵی ٢٠٢٠دا کۆتاییی تەمەنی حوکمڕانیی ترامپە لە کۆشکی سپی؛ واتە چاوەڕوانبوون بۆ ڕۆیشتنی ترامپ لە کۆشکی سپی، ئەویش بەو هیوایەی کە لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئەمریکادا دیموکراتەکان دەسەڵات بگرنە دەست. ئەوەیش لە كاتێکدایە کە گرانی لە ئێران لەوپەڕی خۆیدایە و بە ئەگەری گەلێک زۆرەوە ڕێژه‌ی بێکاری بە هۆی گەمارۆ قورسەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، بەرزتر دەبێتەوە و ناڕەزایەتیی خەڵکیش زیاتر لە جاران پەنگ دەخواتەوە. لە دۆخێکی وادا، ئاخۆ کۆمەڵگەی ئێران بەرگەی ئەو هەموو گوشارە دەگرێت و هەروا لە ئاست حوکمڕانانی تاران بێدەنگ و ناچالاک دەبێت؟

خاڵێکی تریش ئەوەیە کە ئەگەر هات و جارێکی تر ترامپ لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٠دا کە لە کۆتاییی ساڵدا بەڕێوە دەچێت، خۆی کاندید بکاتەوە و دەنگی پێویست بۆ بوونەوە بە سەرۆککۆمار مسۆگەر بکات، بێ گومان کۆشکی سپی هەر هەمان سیاسەتی بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی دەبێت.

ستراتیژیی سه‌ربازیی کۆماری ئیسلامی

ستراتیژیی سه‌ربازیی کۆماری ئیسلامی، بنەماکەی لەسەر بەرگرتن بە خەنیمەکانی لە دەرەوەی دوور و نزیکی جوگرافیای ئێرانە و هێزە نەیارەکانی خۆی لە خاکی سووریا، عێراق، لوبنان و یەمەن به‌ خۆیەوە سەرقاڵ دەکات، چونکە ئەو وڵاتانە بە قووڵاییی ستراتیژیی خۆی ناو دەبات. چێکردنی مووشەکی بالیستیکی لە لایەن سوپای پاسدارانەوە کە گۆیا تا ناو خاکی ئیسڕائیلی "بڕ دەکەن"،  بەشێکی گرینگی دکتۆرینی سه‌ربازیی کۆماری ئیسلامییە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ واتە بەرگریکردن لەو قووڵایییە ستراتیژییەیە کە تاران باسی لێوە دەکات. کاتی خۆی بەرپرسە سیاسی، سوپایی و ئەمنییەکانی ئێران بەئاشکرا باسیان لە جوگرافیای جهادی و بەرگریی کۆماری ئیسلامی دەکرد کە نزیکە لە سنوورەکانی ئیسڕائیل، بەڵام لەم قۆناغەدا خەریکە قووڵایییە ستراتیژییەکانی تاران بەرەو هەڵوەرین و بەرتەسکبوونەوە دەچن. ئەمەیش بەشێکە لە ستراتیژیی کۆشکی سپی و ئیسڕائیل.

لە هیڵی سەرەکیدا، ئێستا مەیدان بۆ ئەگەری جه‌نگی داهاتوو لە دەرەوەی دووری سنوورەکانی ئێران نابێت، بەڵکوو ئەرەنجی جەنگی (آرایش نظامی)ی هێزە سوپایییەکانی ئەمریکا لە نزیک سنوورەکانی ئێران دەبێت؛ تەنانەت باڵندە ئاسنینەکانی کۆشکی سپی دەتوانن زۆر خێرا سێرە لە ناوەندە سوپایی و بنکە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی لەناو خاکی ئەو وڵاتەدا بگرن.

"بەرگری"، "دانوستان" و "جەنگ"، سێ گرێن کە کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕوویان بۆتەوە و هەر خۆی دەبێ چارەسەرێک بۆ دۆخی خۆی بدۆزێتەوە. کۆماری ئیسلامی کە تووشی جه‌نگێکی قورسی ئابووری لەگەڵ ئەمریکا بووەته‌وه‌، ناتوانێت بەرگری بکات و بەرگەی دۆخە قورسەکە بگرێت. بە ئەگەری زۆرەوە دانوستانیش بەپێی مەرجەکانی ئەمریکا (ئەو دوازدە مەرجەی کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ ڕای گەیاندبوو) دەبێت؛ هەروەها جەنگ کە هەر ئێستا کەرەسە قورس، ئاڵۆز و ئەلیکترۆنییەکانی جەنگ بۆ کەنداو بەڕێوەن، خەریکی گەمارۆی کۆماری ئیسلامین و باڵندە ئاسنینەکانی کۆشکی سپییش ئامادەی جەنگن، چونکە ئەوان پەیامی گوشار، دانوستان و جەنگیان پێیە!

بۆ کوردستان بەگشتی و هەرێمی کوردستانیش بەتایبەتی، زۆر پێویستە کە خێرا بە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، هەرێمی کوردستان ڕێک بخەنەوە و ڕێگە نەدەن هیچ بۆشایییەکی سیاسی و یاسایی لە وڵاتدا دروست ببێت. دەرفەتەکان زۆرن، هاوکات هەڕەشەکانیش کەم نین!